هاشمی کەریمی، دڵێکی ڕۆشنی کوردبوون


کتێب

Loading

 هاشمی کەریمی، دڵێکی ڕۆشنی کوردبوون

ئیسماعیل حەمەئەمین

 

هاشمی کەریمی لە یادەوەرییەکانیدا (گەشتێک لە ئاربابای بانەوە بۆ باواجی کۆیە) بە دڵێکی پڕ لە کوردبوونەوە، ئاوڕ لە ڕابوڕدووی کورد دەداتەوە، هەر لەسەرەتای کتێبەکەیدا کە لە تاڕواگەی لەندەنی خۆیدا نووسیویەتی، زۆر خاکەڕاییانە، پێشمەرگانە، ڕۆژهەڵاتیانە دەڵێت؛ ”ئەم کتێبە  تەنها بیرەوەرەرییەکی شەخسییە…”  

کەریمی هاشمی هیچ خۆمەزندەکردنێکی گەورەی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا کە هەمووان دەزانین پێگەی هاشمی کەریمی وەک نووسەر و پێشمەرگەیەک چەندە گرنگ بووە. ئەو کۆی ئەم کتێبە جوانەی کە ڕاڤەیەکی مێژوویی ژیانکراوی خۆیەتی بە شرۆڤە لە قەڵەم نادات، بەڵکو لای ئەم پێشمەرگە شاعیرە: ”تەنها  بیرەوەرییەکی کەسییە…”

خانەوادەی هاشمی کەریمی، دوایی کۆچی دوایی لە لەندەن، شەرەفی ئەوەیان پێ بەخشیم، ئەم کتێبەم پێشکەش بکەن؛ یەکێکە لەو دیاریانەی شانازی پێوە دەکەم.

هاشمی کەریمی، گەشتێک لە ئاربابای بانەوە بۆ باواجی کۆیە، چاپ و بڵاکراوەی ئەرزان ،سوێد ٢٠٢٤
هاشمی کەریمی، گەشتێک لە ئاربابای بانەوە بۆ باواجی کۆیە، چاپ و بڵاکراوەی ئەرزان ،سوێد ٢٠٢٤

لەم کتێبەدا هاشمی کەریمی لەسەرخۆ و زەنگیانەچنی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. ئەو وەک ڕۆماننووسێکی بە سەلیقە، پەنجە دەخاتە سەر ڕووداوەکان، نەک لە چوارچێوە گشتییەکەیدا، بەڵکو هەڵوێستە دەکات لەسەر ئەو وێستگە سەیر و سەمەرانەی کە مێژوونووسان بەسەریدا تێدەپەڕن، وەک ڕۆمانووسێک لە ڕووداوە گەورەکاندا بە دووی وردەکارییەکانی ئازار و کارەسات و کوشتن و بڕی کورد و مرۆڤە لە ناوچەکەدا. لای ئەو تەنها کوشتاری کورد جێگەی ئاماژە نییە، بەڵکو کوشتنی بەکۆمەڵی ئازەرییەکان بەدەست ڕژێمی ڕەزا شای پەهلەوی. ئەو کوشتن و بڕینە بێ وێنەییەی لە کۆماری ئازربایانجان ئەنجامدرا، وەهای کرد کە (پێشەوا قازی موحەمەد) بە خۆڕادەستکردنی خۆی و براکانی و لەسێدارەدانی، ڕێگربێت لە دووبارە بوونەوەی لە مهاباد.

لە لاپەڕە  سی و حەوتدا  دا ئاماژە بەوە دەکات، کە سەرهەنگێکی جەللادی کورد بەناوی (سەرهەنگ زەنگەنە)؛ منداڵانی حزبی دیموکراتی ئازەرباینجانی فڕێداوەتە تەنوورەوە… بەمەش هاشمی کەریمی (کوردبوون) دەخاتە سەروو ناسیونالیزمی کوێرەوە، ئاماژە بەو جاش و جەلادە کوردانە دەدات لە سووپای ڕەزاشا دا، بۆ فیتنەنانەوە لە نێوان کورد و ئازاریدا، کوشتاری بێ وێنەیان ئەنجامداوە. ئەم جەللادە لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا سێ هەزار ئازەریی لەناوبردووە…

لە لاپەڕە سی نۆدا، باس لەوە دەکات کە ڕەزا شا دوای لە سێدارەدانی پێشەوا چۆتە مهاباد، کەس نەچۆتە پێشوازی، بەتەنێ بەلای گۆڕەپانەکەدا تێدەپەڕێت، دوایی کە دەگەڕێنەوە، لەو شوێنە دارێکیان چەقاندووە، وەک ئەوەی مهابادییەکان بڵێن؛ ئێمە لە سێدارەدانی پێشەوامان لە یاد نەکردووە…

ئەم یادەوەرییانە بەڕای هەژارانەی من، ڕۆمانی ڕۆماننووسێکی بەسەلیقەیە، ڕۆمانی ڕۆحی کوردە، ڕۆحی کوردبوونە. ڕۆحێک لەم یادەوەرییانەدا قوتابخانەیەکە بۆ کوردبوونێک کۆی مانا وجودیی و ئیستاتیکی و مرۆڤدۆستی و هەژاردۆستی، لەخۆدا کۆکردۆتەوە.           

 ئێستا کە ئەم کتێبە دەخونێمەوە، حەسرەتێک لە دڵمدایە، بەوەی بۆچی ئەو ساڵانەی لە لەندەن دەژیام بەدیداری ئەم ڕۆشنبیرە گەورەیە شاد نەبووم.   

ڕۆحی هاشمی کەریمی نووسەر و پێشمەرگە هەمیشە درەوشاوە و شاد بێت.

کتێب: گەشتێک لە ئاربابای بانەوە بۆ باواجی کۆیە

نووسەر: هاشمی کەریمی

لە بڵاوکراەەکانی چاپەمەنی ئەرزان – سوێد ٢٠٢٤

                                                                                        www.arzan.se                        

بیروڕاكانی بابه‌ت و شێوازی نوسین و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. ‌