دیواربه‌ندی (ئه‌نفال ) له‌ شاری سله‌یمانی - كاری هونه‌رمه‌ند عوسمان ئه‌حمه‌د

دۆکۆمێنتکردنی ئەنفال لەنێو ئیشە هونەرییەکانی (عوسمان ئەحمەد) دا


Loading

 
 

داخۆ هونەری کوردی توانیویەتی گۆزارشت لە ئەنفال بکات؟ ئایا هونەری کوردی چۆن ئیشی لەسەر ئەنفال کردووە؟ ئایا ئەنفال بووە بە کێشەیەکی هزری، بووە بە تێمێک لەنێو هونەری کوردیدا؟ داخۆ کورد توانیویەتی لە ڕێگەی هونەرەوە ئەنفال و جینۆسایدی خۆی بە جیهان بناسێنێت؟

بەداخەوە، بەشێوەیەکی گشتی هونەری کوردی نەی توانیوە گۆزارشت لە ئەنفال بکات و لە ئاست مەزنی ڕووداوەکەدا بێت. ئاخر هونەرمەندانی کورد بەزۆری تەنیا ساڵانە لەکاتی یادی ئەنفالدا بەپەلە ئیشێکی کرچوکاڵیان بۆ ئەنفال کردووە، ئەویش کاتێک لەو یادانەی کە لەلایەن حیزبەوە ڕێکخراون، داوایان لێکراوە. بۆیە ئەنفال نەبووە بە کێشەیەکی هزری و هونەری بۆ هونەرمەندانی کورد، هەروەها ئەنفال نەبووە بە تێمێک لەنێو هونەری کوردیدا، یان هونەرێک دروستنەبووە کە بتوانین بڵێین ئەمە هونەری ئەنفالە. لەبەرئەوە ئەنفال ئەگەر لەلایەن هونەرمەندانی کورد ئیشیشی لەبارەوە کرا بێت، ئەوا سنووری لۆکالێتی تێنەپەڕاندوە. بۆیە کورد لە ڕێگەی هونەر (سەرجەم ژانرەکان)ەوە نەی توانیوە ئەنفال وەک جینۆساید بە دەرەوەی خۆی بناسێنێت. تەنانەت نەی توانیوە لەنێو خۆشدا، کۆیادەوەرییەکی هاوبەش لەنێو کورداندا چێ بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، کەمینەیەک لە هونەرمەندان هەوڵیان داوە ئەنفال وەک تێمێک (کێشەیەک) لەنێو ئیشە هونەرییەکانیاندا بەکاربهێنن. یەکێک لەو هونەرمەندانە عوسمان ئەحمەدە، جیاواز لە هونەرمەندانی دیکە، بۆ ئەو ئەنفال بریتییە لە تێمی سەرەکی ئیشە هونەرییەکانی. ئەگەر هونەرمەندانی دیکە تەنیا ئیشێک یان چەند ئیشێکیان لەبارەی ئەنفالەوە کردبێت، ئەویش کاتێک بۆ یادی ئەنفال داوایان لێکراوە، ئەوا عوسمان ئەحمەد، ئیشکردن لەمەڕ ئەنفالی کردووە بە پڕۆژەی هونەری خۆی و بەردەوام ئیشی لەسەر دەکات. هەر لەو کاتەوەی کە پێشمەرگە دەبێت و خۆی ئەزموونی ئەنفال دەکات تا خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە هونەردا سەبارەت بە ئەنفال و تاکو هەنووکەش. بۆیە ئەنفال نزیکەی لەنێو سەرجەم ئیشەکانی عوسمان ئەحمەددا خۆی پەرچاندووە، لەبەرئەوە دەشێ ناوی هونەرمەندی ئەنفال لەو بنێم. لەنێو جیهانی هونەردا لکە هونەرێک هەیە پێی دەگۆترێ هونەری جەنگ و جینۆساید یان هونەری هۆڵۆکۆست هەیە، ئیشەکانی عوسمان ئەحمەدیش سەبارەت بە ئەنفال سەر بەم جۆرە هونەرەن. بۆیە دەتوانم بڵێم هونەرەکەی هونەری جەنگ، جینۆساید و ئەنفالە.

عوسمان ئەحمەد بەشێوەیەکی ئەکادیمی و ورد ئیش لەمەڕ ئەنفال دەکات. ڕووداوەکانی ئەنفال، ئازار و نەهامەتییەکانی کورد، هەر لە ساتی دەستپێکی ئەنفال بە کیمیابارانکردن، پاشان هێرشی زەمینی و دەستگیرکردنی ئەوانەی کە بە زیندوویی ماونەتەوە و گواستنەوەیان بۆ کامپەکان وێنەی کێشاون. هەروەها دۆخی سەختی نێو کامپەکان، جیاکردنەوەی، پیاو و ژن، منداڵ و دایک، بەتەمەن و گەنج لە یەکدی، سامناکی نێو کامپەکان، ترس، برسێتی، مەرگ، ئازار، چاوەڕوانی … هتد بەوردی وێنەی کێشاوە و لە ڕێگەی هێڵکارییەکانییەوە بەجوانی پیشانی داون. عوسمان ئەحمەد بە شێوازی جیاوازی هونەری، بە کەرەسە و میدیۆمی جودا ئیشی لەسەر ئەنفال کردووە. لە ئیشەکانی سەرەتایدا پتر ڕەنگ، بۆیە و فڵچەی بەکارهێناوە، بەڵام دواتر بەتایبەتی لە تێزی دکتۆراکەیدا بە هێڵکاری و گرافیک ئیش دەکات. ئەمە دەبێت بە ستایلی سەرەکی ئیشکردنی، کە ستایلێکی زۆر گونجاوە لەگەڵ بابەتی ئیشەکانی کە ئەنفال و جینۆسایدی کوردە. هێڵکاری پتر ئەو ئامانجە دەپێکێت کە هونەرمەند دەیەوێ لە ڕێگەی ئیشەکانییەوە بیگەیەنێت.

عوسمان ئەحمەد لە ڕێگەی هێڵکاری و ئیشە هونەرییەکانییەوە دەیەوێ ئەنفال وەک جینۆسایدکردنی کورد دۆکۆمێنت بکات، هەروەک ئەمە لە ناونیشانی تێزی دکتۆراکەشی دەردەکەوێت. ئەو یادەوەری خۆی وەک شایەتحاڵێکی ئەنفال و یادەوەری دەربازبوانی ئەنفال، ئەوانەی کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردوون لە پڕۆژەی دکتۆراکەیدا دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەو لەبری زمان بەڕێی سکێچ و هێڵکاری چیرۆکەکان دەگێڕێتەوە. ئامانجی کڕۆکی جینۆساید بریتییە لە قڕکردن و لەناوبردنی تەواوەتی ئەو گروپەی کە جینۆساید دەکرێ، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێت دواتر چیرۆکی مەرگ و لەناوبردنیان بگێڕێتەوە. ئاخر بۆ ئەوەی ئەم گروپە بەتەواوی ناو و یادەوەرییان لەسەر زەوی بسڕدرێتەوە. بەڵام یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی یادکردنەوە و بە زیندوویی هێشتنەوەی قوربانییەکان ئەوەیە کە چیرۆکەکانیان بە چەندین ڕێگە و شێوازی جیاواز بگێڕدرێتەوە، یەکێک لە ڕێگەکان هونەرە. عوسمان ئەحمەد لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە ئەم ئیشە دەکات، یادی قوربانیانی ئەنفال دەکاتەوە، چیرۆکەکانیان دەگێڕێتەوە، ژیانیان دۆکۆمێنت دەکات، ئەزموونەکانیان هەنووکەیی دەکاتەوە، گەشتە بێکۆتایی و نەگەڕانەوە هەتاهەتایییەکەیان بە هێڵکاری دەنەخشێنێ.

له‌نێو ئیشەکانی عوسمان ئەحمەددا چەندین فیگور هەن، فیگوری مرۆڤ: پیاو، ژن، بەتەمەن، منداڵ، گەنج، ژنی دووگیان؛ هەریەکێک لەمانە چیرۆکی خۆیان بۆ گێڕانەوە هەیە. هەروەها فیگوری ئاژەڵیش لەنێو ئیشەکاندا هەن، بەتایبەتی سەگ، فیگوری سەگ بە دوو جۆر هەیە، لە لایەکەوە سەگ وەک ئاژەڵێکی ماڵی، وەک هاوژیانی مرۆڤ و گوندنشینانی کورد. ئەو کاتەی گوندنشینان ئەنفال دەکرێن و ڕاپێچ دەکرێن، سەگیش لەگەڵ ئەوان کولانەی لێ تێکدەچێ، ئاوارە دەبێت و لەگەڵ مرۆڤەکان ئەنفال دەکرێت. لە لایەکی دیکەشەوە، فیگوری سەگ لەنێو کامپەکاندا هەیە، بەتایبەتی کامپی نوگرە سەلمان، کە چیرۆکی سەگە ڕەشەکە بەناوبانگە و لەلایەن زۆر لە دەربازبوان (کامپەکان)ی ئەنفال باس دەکرێت، کە چۆن کاتێک کامپنشینەکان مردوون، لە برساندا یان لە ئازار، نەخۆشی و گەرما، لەناو کامپەکان نێژراون، سەگە (ڕەشەکە)کان لاشەکانیان لەژێر گڵ هەڵداوەتەوە و بە بەرچاوی ئەوانی دیکەوە لاشەکانیان خواردووە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە بۆ من، لە ئیشەکانی عوسمان ئەحمەدا، زۆر لە فیگورەکان کاتێک ڕاپێچ دەکرێن و دەبردرێن بۆ کامپەکان سەریان شۆڕ کردۆتەوە و ملیان کەچ کردووە، بۆ؟ ئەمە ئاماژەیە بۆ تەسلیمبوون بەڵام مرۆڤ چۆن تەسلیم دەبێت، ملکەچ دەبێت و ڕووەو مەرگی خۆی ڕەوت دەبەستێ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەگەڕێمەوە بۆ هانا ئارێنت، کە لە کتێبی ”بنەڕەتەکانی تۆتالیتاریانیزم”دا دەبێژێ، ڕژێمی تۆتالیتار هەوڵدەدا بەڕێی سێ هەنگاوەوە زاڵبوونی تەواو بەسەر مرۆڤاندا بەدەستبهێنێ:

 

یەکەم: کوشتنی کەسی یاسایی لەنێو مرۆڤدا؛ لەم هەنگاوەدا گروپێكی تایبەت لە خەڵك دیاری دەکرێن و پێناسە دەکرێن. پاشان دەخرێنە دەرەوەی یاسا و مافی هاووڵاتیبوونیان لێدەسەندرێتەوە.

 

دووەم: کوشتنی کەسی مۆڕاڵی لەنێو مرۆڤدا؛ لەم هەنگاوەدا هەموو هەڵبژاردن، کردارنواندن و بڕیاردانێکی سەربەخۆ لە کەسەکان دەسەندرێتەوە. لە ئەنجامدا، کەسەکان هیچ بەرگری و ناڕەزایەتییەکی ڕاستەقینەیان نامێنێ.

 

سێیەم: تێکشکاندنی تاکێتی و بێهاوتایی مرۆڤ؛ لەم هەنگاوەدا ڕژێمی تۆتالیتاری هەوڵدەدا تاکێتی، جودایی و تایبەتمەندیی تاکەکان لەناوبەرێ و سروشتی مرۆڤ بگۆڕێ. بۆیە ئارێنت دەبێژێ ئەوە قورسترین هەنگاوە بۆ ڕژێمی تۆتالیتار، ئاخر مرۆڤ بوونەوەرێکی تاك، دەگمەن، لەیەك جودان و خاوەنی سروشتی خۆیانن. بەڵام ڕژێمی تۆتالیتار بەڕێی تێرۆری هەمیشەیی و بەدامەزراوەییکراوەوە هەوڵدەدا ئەو ئامانجە بهێنێتەدی.

 

ئامانجی ڕژێمی تۆتالیتار لەم سێ هەنگاوەدا، دروستکردنی جۆرە مرۆڤێکە، پێشتر کاردانەوەکانی زانراو و پێشبینیکراوبن وەك سەگەکەی پاڤلۆڤ، ئەوکاتە خواردن بخوا، کە زەنگەکە لێدەدا، نەك ئەوکاتەی برسییەتی. دوای جێبەجێکردنی ئەم سێ هەنگاوە، ئەوەی جێدەهێڵرێ شتێکە لە خوار مرۆڤەوەیە، لە مرۆڤبوون خراوە. بۆیە دەتوانرێ بەتەواوی بەسەریدا زاڵببی و بەرەو مەرگ بەڕێی بکەی. ئەم سەر شۆڕکردنەوە و ملکەچکردنەی فیگورەکانی نێو ئیشەکانی عوسمان ئەحمەد بەم پرۆسەیەدا تێپەڕیون و لە مرۆڤبوون خراون، هەموو ئیرادەیەکی ئازاد، توانستی هەڵبژاردن و کردارنواندنێکیان لێ سەندراوەتەوە، بۆیە بەم شێوەیە ڕووەو مەرگی خۆیان ڕەوتیان بەستووە.

 

فیگورەکانی عوسمان ئەحمەد تەنیا فیگوری کوردی نین، ئەگەر لە سەرەتای ئیشەکانیشدا ئەم شوناسە کوردبوونە لەنێو ئیشەکانی دیار بدەن، بەڵام دواتر وردە وردە فیگورەکان زیاتر شوناسی مرۆڤبوون وەردەگرن، واتا عوسمان ئەحمەد دەیەوێ بەر لە هەموو شتێک ئەوان وەک مرۆڤ پیشان بدا کە ئەنفال و جینۆساید دەکرێن و وەک مرۆڤ ئازارەکانیان دیاردەهێنێ. بەمەش دەیەوێ ڕەهەندێکی جیهانی، گەردوونی (یونیڤێرساڵ) بە ئیشەکانی و لەم ڕێگەیەشەوە بە ئەنفال و جینۆسایدی کورد بدات.

 

ئیشەکانی عوسمان ئەحمەد ڕەهەندێکی جیهانییان وەرگرتووە، بۆیە دامەزراوە ئەکادیمییەکان وەک زانکۆ و سەنتەرەکانی توێژینەوە گرنگی بە ئیشەکانی دەدەن و بۆ کۆنفڕانسە جیهانییەکان سەبارەت بە جینۆساید بانگهێشتی دەکەن تاکو لە ڕێگەی هێڵکارییەوە باس لە ئەنفال و جینۆسایدی کورد بکات. بۆ نموونە لە ”کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی جینۆساید” لە برایتۆن ساڵی ٢٠٠٩، ”کۆنفڕانسی شارەزایانی جینۆساید” لە ئیتاڵیا، سینا ٢٠١٢، هەمان ڕێکخراوی شارەزایانی جینۆساید ساڵی ٢٠١٣ بۆ کۆنفڕانسەکانی خۆی لە یەریڤان (ئەرمینیا)، پۆلۆنیا و ئەڵمانیا بانگهێشتیان کردووە. هەروەها مۆزەخانە و گەلەرییە هونەرییە جیهانییەکان دەرگا بۆ ئیشەکان و هێڵکارییەکانی عوسمان ئەحمەد ئاوەڵا دەکەن. بۆ نموونە، تەیت گەلەری لە بەریتانیا ساڵی ٢٠٠٧ هێڵکارییەکانی عوسمان ئەحمەدی تێدا نمایشکراوە، کە گۆزاشت لە یادەوەری جەنگ و ئەنفال دەکەن. هەروەها مۆزەخانەی ئیمپریالی جەنگی بەریتانی هێڵکارییەکانی عوسمان ئەحمەدی تێدا نمایشکراوە و ئەرشیفکراون. ئەم مۆزەخانەیە تایبەتە بە هونەری جەنگە جیهانییەکان و هۆڵۆکۆست. عوسمان ئەحمەد توانیویەتی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد بەرێتە ئەم مۆزەخانە گرنگە و وەک هونەرمەندی جەنگ باسی لەبارەوە بکرێت. هەروەها عوسمان ئەحمەد ئەمساڵ کاندیدکراوە بۆ خەڵاتی باشترین هونەرمەندی جەنگ و جینۆساید کە لەلایەن ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لێکۆڵیارانی جینۆساید (IAGS)ەوە ئەم خەڵاتە دەبەخشرێت، لە ٩/٧/٢٠١٧ لە زانکۆی برسبۆنی ئوسترالیا بە بەشداری پتر لە ١٢٠ زانکۆی جیهانی. هەموو ئەمانە ڕەهەندێکی جیهانی و یۆنیڤێرساڵ بە ئیشەکان، هێڵکارییەکان و هونەرەکەی عوسمان ئەحمەد سەبارەت بە ئەنفال و جینۆسایدی کورد دەدەن.

ته‌واو

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین