گەڕەلاوژێی مافیاکان

Loading

وەک چۆن سیستمێکی حوکمڕانی پاکژو دیمکراسی بەبێ بوونی کۆمەڵگەیەکی زیندوو و هۆشیار بە مافە سەرەتایی بنچینەییەکان بوونی نیە، ئاوەهاش سیستمێکی حوکمڕانی مافیاگەری و نادادپەروەر و دیکتاتۆر بەبێ کۆمەڵگەیەکی هەلاهەلا و کۆنترۆکراو و ژێردەستە بوونی نیە. ئەوەی مافیاکانی حوکمڕانی لەکۆی سیستم و بەرپرسیارییەتییەکانی دیکە جیادەکاتەوە ئەو تۆڕە وەحشیگەری و نائەخلاقییەیە کە لە تەونێکی نائینسانی و ئاژەڵییدا کۆی سەرچاوە دارایی و سیاسی و کارگێریی و ژیارییەکانی کۆمەڵگە تەونڕێژ و  پەنهانگیر و داگیردەکات.

ئەم شکستە ئەخلاقییە ترسناکە، لە شکستی سیاسییەوە دەستپێدەکات تاشکستی حکومڕانی و پەرلەمانی و ئابوری و شارستانی و فەرهەنگی، ئەوانەی پێنوایە حیزبەکانی کوردستان حیزبگەلێکن و لە ململانێی سیاسیدان، کاڵفامن بەوەی کە ئەمانە بێجگە لەبەرپاکردنی هەڕاجخانەیەکی مافیاگەرانەو بەدئەخلاقانە هیچی دیکەیان بەرپا نەکردووە. هەر لەگەڕەلاوژێ و ستمەکاریی ئابورییەوە تادەگاتە ستەمی حیزبی و حکومڕانی و یاسایی و تا دواترپکی نادودوەری کۆمەڵایەتی و مرۆیی.

لەگەڕەلاوژێییەکی لەوجۆرەدا؛ حیزبی حکومڕان دەبێتە هێزێکی دڕندەو حاکمی موتڵەق و ستەمکاری و دیکتاتۆر، ئۆپۆزسیۆن دەبێتە هەزار پارچەی ترسنۆک و بێ دەسەڵات و سەرلێشێواو، حیزبە مەزهەبی و ئاینییەکان دەبنە واعیز و مەلای مردوو، ئەوانی دیکەش دەبن شەریکە دز و شەریکی مافیا و شەریکی ستەمکاریی.

ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێ بێجگە لەگەڕەلاوژێکی نائەخلاقی و نامرۆیی و ناشارستانی هیچی دیکە نیە، کۆمەڵگایەک کە سەرلەبەری جومگە زیندووەکانی پەکخراوە یان داگیرکراوە یان گلارکراوە بۆ بەرهەمهێنانی بێشومار کردەگەلی هەمەجی و نادادپەروەرانە و نائەخلاقیانە؛ ئیتر هەر ئومێدێک بەم سیستم و حکومڕانییە بێجگە لە گەمژەییەکی کاڵفامانە هیچی دیکەی لێ سەوز نابێت.

بالدین؛ پڕۆژه‌ی (هونه‌ر و زمان) Balidin Ahmed; Art and Languauge
بالدین؛ پڕۆژه‌ی (هونه‌ر و زمان)
Balidin Ahmed; Art and Languauge

گەڕەلاوژێی حیزبی

ئەوە گەمژەکانن پێیانوایە یان لەو باوەڕەدان ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکی وەک کوردستاندا دەگوزەرێ سیاسەتە یان کێبرکێی ئاستە جیاجیاکانی ستراتیژە سیاسییە لێکدژ و ناکۆکەکانە، شتیک نییە بە ناوی ناکۆکی ململانێ و عەقلانییەتی سیاسی و هزرگەرایی تیۆری و کڵێشەسازی و ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، ئەوەی لەناو ئە مێگەلە حیزبییە بنەماڵە مشەخۆرو پیاوکوژانەوە بەرهەمهاتووە؛ بێجگە لە قۆرخکردن و پاوانکردنی پانتاییەکی بەرفراوانی دزی و راوڕوت و تاڵانخۆری لەئاستێکی باڵای هەمەجییەتدا؛ هیچی دیکە نیە.

باڵاترین ناوەندی بڕیار و بیرکردنەوە و داکۆکیکردن لە خەڵک و کۆمەڵگەو دەستور و دادگاییکردن و لێپێچینەوە لە وەزیر و بەرپرسە دزو تاڵانخۆرەکانی نیشتمان لەلایەن بنەماڵەیەکی هەلفوتی خێڵەکی و حیزبییەوە نەک هەر پەکخراوە بگرە ئێستا پەرلەمان بێجگە لەئاودەستخانەیەکی گەورە بۆ بەتاڵکردنەوەی قێزەوەنییەکانی حیزب هیچی دیکە نیە. حیزبەکانیش بێجگە لە کۆمەڵێک شەریکە مافیای بێدەنگ و بێ هەڵوێست و مەڕ هیچی دیکە نین.

بەپێی سەرجەم راپۆرتە جیھانییەکان و زۆرێک لە کەناڵە جیھانی و پرۆفیشناڵەکان و کەناڵە نێوخۆییە ئەھلی و ئازادەکان بە شایەتی کۆمەڵگەیەکی ٥ ملیۆنی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار گەورەترین و مافیاترین ھێزی بە قاچاغبرنی نەوتن لەناوچەکەدا. ھەر کەسێکیش ئەم رەخنە و راستیانەی پێ قبوڵناکرێت دەتوانێت بڕوانێتە راپۆرتەکانی کەناڵی, KNN, BBC  NRT ، جەزیرەو لڤین، راپۆرتەکانی رێکخراوە جیھانییەکان لەبارەی گەندەڵیەوە.

گەندەڵی تەنھا راوڕوتی دارایی نییە، بەڵکە خولقاندنی سیستمێکی یاساییە بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و شەرعیەتدان بەبڕینەوەی بودجەیەکی خەیاڵی بۆخۆت و شاردنەوەی سەرلەبەری نھێنییەکانی دارایی، بریتییە لەشاردنەوەی بودجە و خەرجییەکان، برتییە لەوەی حیزب خاوەنی ھەزاران ئەندامی موچەخۆری خەیاڵییە و دنیایەک پڕۆژەی کارتۆنی و وەھمی ریزدەکات بۆ سفرکردنەوەی بودجە و نھێنییەکان. لەڕاستیدا من ئەم دیاردەیەم ناو ناوە دیکتاتۆریەتی گەندەڵی.

لەژێر دەسەڵات و ھەمەجیەتی حیزبگەراییدا کۆمەڵگە وەک کیانێکی سەربەخۆو زیندوو وجودی نامێنێت، سڕینەوەی کۆمەڵگە یەکێکە لەمەھامە ھەرە گرنگ و بنچینەییەکانی دەسەڵاتە موتڵەق و دیکتاتۆر و دیماگۆجەکان، ئەم پڕۆسەی سڕینەوەیە تەنھا بریتییە نییە لەسڕینەوەی شوناس و زیندوێتی کۆمەڵگە وەک رووبەرێکی بەرھەمھێن و کاریگەرو پەیوەندیدار، نەخێر ئەم پڕۆسەیە بریتییە لەگۆڕینی شوناس و مەھامی کۆمەڵگە لەسەربەخۆییەوە بۆ وابەستەیی و پاشکۆیی، لەروبەرێکی زیندووەوە بۆ پانتاییەکی مردوو، لەکۆمەڵگەیەکی خۆژێنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرو موحتاج و موچەخۆر، گۆڕینی کۆمەڵگە لەپێکھاتەیەکی فرە جومگە و فرە رەنگەوە بۆ کوتلەیەکی کۆنکرێتی بێقسە و بێدەنگ و خامۆش.

گەڕەلاوژێی لەشکرییی

نکۆڵی لەوە ناکرێت کە پێشمەرگە هێزێکی گەورەی جیهانییە ئێستاکەو سەرلەبەری وڵاتانی جیهان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر تیرۆر و لەشکری رۆژانە باس لە رۆڵ و کاریگەری ئەم هێزە دەکەن، بەڵام لەکوردستان ئەم هێزە دابەش بووە بەسەر چەند حیزبێکی نەخۆش و مافیای و تاڵنچیدا و خودی پێشمەرگە بە گیرفانی بەتاڵ و بەهەزاران خەمی دارایی و کۆمەڵایەتی و بژێوییەوە لە جەنگێکی گەورەدایە؛ ئەمە حەقیقەتێکەو نکۆڵی لێناکرێت، تەنها چڵکاوخۆرەکانی حیزب دەتوانن نکۆڵی لەم فاکتانە بکەن.

پێشمەرگە لەنێوان کۆمەڵێک بەرداشی ترسناکی کۆمەڵێک ستراتیژی مافیاگەریی حیزبەکان و دەوڵەتانی ناوچەکەدا لەبەردەم مەترسی گەورەدان، مەرتسی ژیان و نائومێدی و وەهم و درۆی گەورەی سەرکردە و بەرپرسە مافیاکان و تێکرای ئەو عەقڵیەتە نەخۆشەی کە سەرلەبەری سەرچاوە دارایی و سیاسی و سامانی نیشتیمانیان داگیرکردووە و ئەم هێزە لەشکرییەش کە گەورەترین سەرمایەی رەمزی و شارستانی نیشتیمانە لە ترۆپکی نەهامەتی و نەداریی خۆیدا دەژی.

گەڕەلاوژێی ئابوری و چەوسانەوەی ئابوری

پاش تاڵانکردنی کۆی سەرچاوە ئابوری و داراییەکانی نیشتیمان لەلایەن دەستەیەکی مافیاگەری حیزب لەهەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و هەردوو بنەماڵەی حیزب و سەردەستەی چەتەکانی نەوت و بودجەی نیشتیمان، ئەوەی ئێستاکە دەگوزەرێت شەڕە لەسەر ئەو کەلاکە ئابورییەی کە ناوی نیشتمانە. ئەوەی لە کوردستاندا دەگوزەرێت لەهەر وڵاتێکی دیکەی دنیادا روویبدایە ئێستا سەرلەبەری ئەو مافیانەی حیزب یا لە تەنەکەخۆڵ و زبڵخانەکاندا دەبوون یان لەناو بەندیخانەکاندا و لەبەردەم بەتی سێدارەدا دەبوون.

چەوسانەوەی ئابوری لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا، چەوسانەوەیەکی ناشرین و بێئەندازە قێزەوەنە، لەسەردەمی دیکتاتۆرەکاندا دەسەڵات بەھەموو ھەژموونی خۆی و دنیابینی خۆییەوە مرۆڤەکان لەڕێی چەوسانەوەی سیاسی و فەرھەنگی و ئابورییەوە وێرانبکات، ھەرچەندە دەسەڵاتە نامۆدێرن و جاھیلەکانیش بەھەمان ئاڕاستە کاردەکەن بەڵام خراپترو وێرانتر دەکارن مرۆڤەکان لەخراپترین چەوسانەوەدا ژیان و گوزەرانیان وێرانبکەن، لەراستیدا چەوسانەوە ھەر چەوسانەوەیە، ئەو چەوسانەوەیەی کە دیکتاتۆرەکان ئەنجامی دەدەن ھیچ جیاوازییەکی نیە لەگەڵ ئەو چەوسانەوە ئابورییەی کە حکومەتە نادیموکرات و ناعادیلەکان ئەنجامیدەدەن.

لەڕاستیدا ئەوەی مافیاکان کاری لەسەر دەکەن بۆ بەرپاکردنی سیستمێکی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن بێجگەلە لەکۆیلەکردن و دەستەمۆکردن و لەپەلوپۆخستنی کۆمەڵگە بە وەحشیگریترین شێوە و بەرنامەی دۆزەخی هیچی دیکە نین.

جیاوازی گەورە ھەیە لەنێوان مافیا و حیزبدا، کە رەنگە ھەمومان ئەو جیاوازییە بزانیین، بەڵام مەترسیدارترین ساتەوەخت ئەوکاتانەیە کە حیزب دەبێت بە مافیا..یان کاتێک حیزب دەقاودەق وەک مافیاکان رەفتار دەکەن، مافیاکان ئیشایان چییە؟

کوشتنی ئینسان بە نھێنی، سوتاندنی موڵک و ماڵی نەیارەکانیان، دزینی پارەو موڵک و ماڵی گشتی، رفاندن و ونکردنی ئەو کەسانەی دەبنە رێگر لەبەردەم مەرامەکانیان، ھاوکات مافیاکان کۆمەڵە بازرگان و مشەخۆرێکن کە لەسەر کۆمەڵگەو خەڵک دەژین وەک ستەمکارو ھێزێکی کوشندە. مافیای مۆدێرن لەئاستێکی ترسناکدا ئەو پرۆسەی تاڵانخۆریی و راوڕوتە گەورەیە بەرپادەکات، مافیاگەری حکومڕانی، مافیاگەری حیزبی، مافیاگەری لەئاستی چەواشەکاریی و لەئاستی وەهمی و لەئاستی سیاسی و سەرۆکایەتیدا.