١
پشیله‌كه به ژێر قاچمدا ده‌ڕوات بۆ لای په‌نجه‌ره‌كه
دڵنیام هه‌تاوی له من خۆشترده‌وێت
دایكم ناوی ناوه زه‌رده

ئه‌و ناوه‌ی بۆ منداڵێك هه‌ڵگرتبوو
هه‌رگیز سكی پێی پڕ نه‌بوو،
من و زه‌رده و دایكم
پیاومان له ژینمان وه‌ده‌ر ناوه
زه‌رده هه‌تاوی هه‌یه
من زه‌رده‌م هه‌یه
دایكیشم هه‌ردووكمان
٢
له پۆلدا وه‌نه‌وز ده‌ده‌م
مامۆستای مێژوو كراسێكی سوور و
ته‌نووره‌یه‌كی ڕه‌شی له‌به‌ردایه …
تێناگه‌م بۆچی ئه‌وه‌نده وابه‌سته‌ین
به ڕابوردوو؟
كورسییه‌كه‌م وه‌ك تۆپێك وایه له ناو ده‌ریادا و
باڵم لێوه ئاڵاندووه
نوقم نه‌بم،
مامۆستاكه لێم ده‌پرسێ له‌و شه‌ڕه‌دا
چه‌ند كه‌س كوژرا؟
منیش ده‌ڵێم به قه‌د سووریی كراسه‌كه‌ی
٣
فرۆشیاره‌كه دزه نیگام تێده‌بڕێ
وا ده‌زانێ بێخهبهرم
بێ‌ئاگا له‌وه‌ی نیگاكانی من خێراترن، نه‌رمترن،
سووكترن، وه‌كو په‌ڕێك به‌ده‌م هه‌واوه بفڕێت،
شامپۆ و كرێمی ده‌ست و ستیانێك ده‌كڕم
بۆ كه‌سی تر نا، بۆ خۆم
٤
كاژمێر سێی به‌یانییه
خه‌وێك ڕایچڵه‌كاندم
سه‌رم ئێشێ
ده‌ست ده‌كێشم بۆ حه‌په‌كان
به وشكی قووتیان ده‌ده‌م
هه‌رچه‌نده دایكم ئامۆژگاری كردم وا نه‌كه‌م
به‌ڵام مێشكم وه‌ك دووكانی به‌قاڵی وایه و
په‌رداخێك ئاو به ئاسانی تیایدا ون ده‌بێت …
باشتر وایه ده‌ڕابه‌ی مێشكم دابدهمهوه
