ئایا کاتی شۆڕشە؟

Loading

ڕای چەند ھاوڕێیەک لەسەر شۆڕش و کاتی ھەڵگیرساندنی شۆڕش لە ئێستادا تەواو سەرنجی ڕاکێشام کە پێویست بوو ھەڵوێستەی لەسەر بکەم. بەبڕوای من ھیچ چرکەساتێک شکنابەین بارتەقای ئێستای کۆمەڵگەی کوردی خاڵی بێت لە ڕۆحی شۆِرشگێڕی، سەرباری ئەوەی ئێستای ئێمە ئێستایەکە بۆ بێئومێدیەکی گەورە کە ئەستەمە بڕوا بەوە بکەین کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە دۆخێکی خراپدا دەژین و ئەم ئێستایەشیان قبوڵ نیە و کەچی خاڵین لە ھەر گیانێکی شۆڕشگێڕی.

لە پشتی ھەر شۆڕشێکەوە دنیابینیەکی نوێ ئامادەیە کەلای ئێمە بوونی نیە. کارەکتەرێک ئامادەیە کە نەفەسێکی درێژی ھەیە بۆ بەرگریکردن لە دید و تێڕوانین و جیھانبینیەکانی. ئایا ئەم دەرکەوتەیە دەبینن؟
لەپشتی ھەر شۆڕشێکەوە نەوەیەک ھەیە ئامادەیە خۆی دنیای خۆی بگۆڕێت نەک چاوەڕێی ئەوی تر بکات، لە پشتی ھەر شۆڕشێکەوە ڕۆشنبیرانێک ھەن وەک فۆکۆ و سارتەر و بۆڤوار خۆیان مایکەکان بەدەستەوە دەگرن و لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە،ئایا ئەم کەرەستە ڕۆشنبیرییە لە ئێستای ئێمەدا ئامادەیە؟ ئایا ئەم مەخلوقە لە دنیای ئێمەدا دەبینرێت؟
کێ ئەم شۆڕشە دەکات؟ زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەبەش بوون بەسەر حزبەکاندا، پارتیەک شک دەبەی یەک تۆز ویژدانی بجوڵێت بەرامبەر بەم ھەموو دزی و گەندەڵی و ڕۆژنامەنوسکوژە؟ سۆسیال دیموکراتەکان بەناوی قسەی گەورەوە بازرگانی گەورەن، گۆڕانخوازێک کۆپی پەیستی ھێزەکانی ترە؟

ئیسلامیت پێ بڵێم ژن وەک مەخلوقێکی سێکسی دەبینێت و ژنی دووەم و سێیەم دەھێنێت و بە گەنجەکانیش دەڵێ خۆشەویستی حەرامە؟ کێ ئەم شۆڕشە بکات عەزیزان؟ تۆ ئامادەی جیاواز بیت لەوی تر؟ خوێنی ئەوەت نیایە لەوی تر نەچیت؟ ھەرکات ئەمەت پێ کرا دەڵێم ڕۆحی شۆڕشگێڕیت تێدایە.

فۆتۆ؛ ئەی ژن تۆ له‌شۆڕشه‌كاندا نەبینراویت !
فۆتۆ؛ ئەی ژن تۆ له‌شۆڕشه‌كاندا نەبینراویت !

شۆڕش لە کەلاوەیەکدا ناکرێت کە ژمارەی مزگەوتەکانی لە ژمارەی باخچەی ساوایانی منداڵەکانمان زیاتر بێت. شۆڕش لە کۆمەڵگەیەکدا ناکرێت کە دایکی شەھید خۆشحاڵ بێت بەرپرسگەلێکی گەندەڵ لە ڕیزی پێشەوەی چلەی ماتەمینی کوڕە شەھیدەکەیاندا دانیشتبن و فرمێسکی درۆ ھەڵڕێژن.
تۆ دڵنیای لەوەی شۆڕش لە کۆمەڵگەیەکدا دەکرێت کە بەرپرسەکانی لە پەنجەی دەست تێناپەڕن و سەبەبکاری ئەم دۆخەن و کەچی چاوەڕێی مژدەکانیانین؟ تۆ کاتێک شۆڕشگێڕێکی تەندروستیت، کە پێکەنینت بە نوخبەیەک بێت لە ئۆتۆمبیلە گرانبەھاکانەوە، لە ڤێللاکانیانەوە دەیانەوێت ژیانی تۆ باش بکەن.

دەبێت قسەت ھەبێت بۆ بەڕێوەبردن، بۆ سەرمایە، مرۆڤ چەقی شتەکان بێت، دەبێت تەلەفزیۆنەکان بکوژێنیتەوە تا چاوەکانت بکرێنەوە، تۆ کاتێک دەتوانی شۆڕش بکەی کە بیست و چوار سەعات بەدیار فەیسبووکەوە دانەنیشیت، تا دەنگەدەنگ نەبەیتە سەر شەقام بڕوا بە خەمەکانت ناکەم. لە دوو گردبوونەوە لە شاری سلێمانی بۆ ئیدانەکردنی مەرگی وەداد حسێن ئامادە بووم، لە ھەردوو گردبوونەوەکە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن زیاتر بوون لە ئامادەبووان.
ئەگەر وەک ئەوەی لە ئێراندا ڕویدا تەنھا دەتەوێت گەندەڵ لابەری، چاوەڕێی توندڕەوێکیش بکە بێتە سەر کورسی، ئەگەر دەتەوێت وەک وڵاتانی عەرەبی شۆڕش بکەی، دەبێت چاوەڕێی خوێنی زیاتر بکەی. تۆ کۆمەڵگە بەچی دەزانیت ھەر خەریکی ژماردنی گەندەڵەکان بێت؟ ھەر کەس دێتە سەر کورسی لەویتر باشتر نابێت، مەزرای ئاژەلانی جۆرج ئوروێڵ بخوێنەوە گریانت دێت بەوەی ئەوەی نیەتی سەر کورسی ھەیە، لەوی تر باشتر نیە.
دەی وەرە سەر شەقام، چیت پێیە بۆ سبەی، تۆ جیاوازی لە مەلایەکی سەربەگۆبەند؟ سیاسییەکی برسی؟ کۆیلەیەکی داماو؟ تۆ جیاوازیت لە حزبەکان بۆ ژیانکردن و یاخیبوون و خەمی ھاوبەش، ئازادی ژن چییە؟ ئەی تۆ ئەم ھەموو درۆیەت نەبینی لە دوای ٢٠٠٩ وە لەم کۆمەڵگەیە کران؟ بەراستی ئەم ھەموو قسەیە بۆ گۆڕینی دنیا بۆ گۆڕینی ژیانی خۆیان بوو یان بۆ باشکردنی ژیانی تۆ؟ عەزیزم تۆ تا نەتوانیت بەرگری لە دەنگەکەی خۆت بکەی کە لە ھەڵبژاردن بەخشیت بە کاندیدێکی برسی پۆست وپارە، نیگەرانیەکانت بە پولێک ناکڕم.

ئایا تۆ لە بەرگەکەی بەرت و لە لەتەنانێک بۆ ژیان بەدوای ھیچی تردا ناگەڕێیت؟ ئایا تۆ تموحە تاکەکەسییەکانی خۆت کوشتووە تا بۆ خەڵک بمریت؟ تۆ تا ئێستاش خوشکەکەت کەسێکی خۆش بوێت تا ھاوسەرگیری لەگەڵ بکات وا دەزانی شەرەفت ڕۆیشتووە، باسی شۆڕشی چی دەکەی؟ ئاخر شۆڕش ھەم عەشقە ھەم ئازادی، ھەم کرانەوەیە ھەم گیانفیدایی، تاکی کورد لە ئێستادا زۆر لەوە بێ ئیرادەترە شۆڕش بکات.
تۆ تا ئێستاش لە سەھۆڵەکە سیاسیەک دەبینیت سێڵفی لەگەڵ دەگری،، شۆڕش بەکەسێک ناکرێت خۆی لە سیاسیەکان بە بچوکتر بزانێت. ئەوەی گۆرەویەکانی بە خوشکەکەی بشۆرێت، شۆڕشی پێ ناکرێت.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌