میهره‌بانی فریشته‌ 1746 - تابلۆی جۆزێف هایمۆر. ‘The Angel of Mercy’, c.1746, by Joseph Highmore

سیروان عەبدوڵا موحەمەد؛ دایکم فاتیمە


Loading

سیروان عه‌بدوڵا محه‌مه‌د

بێئەوەی بیر لە هیچ شتێک بکاتەوە، سەرنجی ئەو نەخۆشەی دەدا، کە لەسەر قەرەوێڵەی ژووری بوژاندنه‌وه‌ ڕاکشابوو. گوێی بۆ دەنگی ناسازی ئه‌و ئامێری چاودێری دڵه‌ ڕاگرتبوو، کە لە نەخۆشەکە به‌سترابوو. سەرنجی ئەو دڵۆپە ئاوانەی دەدا کە لە کیسەی سێلاینه‌كه‌وه‌ ده‌تكانه‌ ناو قۆڵە چرچ و بێ گۆشتەکەی نەخۆشەکە. لەو ماسكی ئۆكسجینه‌ ڕامابوو کە هێندەی تر دەموچاوی نەخۆشەکەی قوپاندبوو. چه‌ند لەنەخۆشەکە وورد دەبۆوە، نەیدەتوانی لەوە بگات، چ هۆیەکە وا لەمرۆڤ دەکات هەرەس بێنێت، چ شتێکە هێندە کاریگەرە مرۆڤ دەخاتە کۆماوە؟

بێهودە هەوڵی دەدا باوڕ بەخۆی بێنێ، ئەو جەستە بێ جوڵەیە، ئەو نەخۆشە بێ هۆشەی لەبەردەمیدا ڕاکشاوە و ئەو هەموو ئامێرەی لێ بەستراوە، ئەو ژنە بێت کە ساڵانێک ئەمی بەکۆڵ گێڕاوە. ئەرێ بەڕاست، ئەمە فاتیمەیە، ئەمە ئەو دایکە میهرەبانەیە، وا بێ هەست و بێ جوڵە کەوتوە و خەریکە مەرگی خۆی قبوڵ دەکا. هەرچەند دەیویست باوەڕ بکات باوەڕی نەدەکرد. سەرنجی دایە قژە لولە سپیەکەی، هێندە خاوێن و جوان هاتە بەرچاوی، دەتووت ئێستە لە حەمام هاتۆتە دەر. هیچ له‌ قژی پیر‌ژنێكی نه‌وه‌د و سێ ساڵه‌ی نه‌ده‌كرد. خەندەیەک کەوتە سەر لێوی، ئەو ڕۆژەی بیر کەوتەوە کە هێندە، یاری بە قژی دایکی کردبوو، تا تووڕەی کردبوو

– هەتیو، بەسە دە داسەکنێ، لێم بووی بە برزوی باڵدار، بەسە بەس بێزارت کردم، قژت بەسەرمەوە نەهێشت، بەسە، دەنا لەکۆڵم دات دەگرم و لەم چەقی ڕێگەیەدا بەجێتدەهێڵم.

 

فەتاح هەشت ساڵان بوو، کە توشی نەخۆشیەکی سەیر هات. ئەو سەردەمە دکتۆرەکانی شار سەریان لە نەخۆشیەکەی دەرنەدەکرد، نە زانیان چیەتی و نە توانیان چارەی بکەن. هەژار و دەستکورت بوون، پارەی ئەوەشیان نەبوو بیبەنە بەغداد. فەتاح زوو ماندوو دەبوو، نەیدەتوانی بەڕێدا ڕێبکا. دە هەنگاو بڕۆشتایە هێندە ماندوو دەبوو، لاقەکانی بۆ هەڵنەدەهاتەوەو دەکەوت. دایکی ناچار دەبوو بیکاتە کۆڵی. بۆ هەر کوێەک بچوایە، فەتاح بە کۆڵیەوە بوو، تەنانەت بەکۆڵ دەیبرد بۆ قوتابخانە و هەر بەکۆڵیش دەیهێنایەوە. چوار دانە ساڵ ئەمە حاڵی بوو. هێندە لەکۆڵی دایکیدا بوو، ببوە بەشێک لە جەستەی فاتیمە. ڕێبکەوتایە جارێک فاتیمە فەتاحی بە کۆڵەوە نه‌بوایه‌، بە ئاستەم فاتیمەیان دەناسیەوە.

 

بە بۆنی ئەو دیتۆڵەی ڕاڕەوەکەیان پێ پاک دەکردەوە، هێڵنجی هات. هەر لە منداڵییەوە بەم بۆنە تێکدەچوو. لەهەر شوێنێک بۆنی دیتۆڵ بهاتایە، خەستەخانەی وەبیر دەهاتەوە. ئێستاش لە خەستەخانەیە و بە دیار فاتمەی دایکیەوە، غەمبار و بێزارە. ئەو بۆنە نەعلەتی یە، ئەو ڕۆژە تاڵ و دژوارانەی بیر دەخاتەوە، کە نه‌شته‌رگه‌ری بڕبڕه‌ی پشتیان تێدا کرد.

 

تەمەنی دوانزە ساڵ بوو، دکتۆرە میسریەکە هاتە ئەم شارە، سێ دانە مانگ لە خەستەخانە هێشتیەوە. سێ مانگ بۆنی دیتۆڵ دەهات بەسەریدا، هەرجارێکیش بۆنی دەکرد، دەڕشایەوە. لەماوەی ئەو سێ مانگەدا نەیاندەزانی چەند جار ڕشاوەتەوە، هێندە ڕشابۆوە، سکی بە پشتیەوە نوسابوو، چاوەکانی بە قووڵا چوبوون. فاتیمە شەو و ڕۆژ خەریکی پاککردنەوەی چەرچەف و بەتانی خەستەخانە بوو. توێخێکی دەستی، بە شتنی پەڕۆ و چەرچەف و بەتانی ڕۆیی. سێ مانگ، سێ مانگی تاڵ و دژووار. ئه‌و سێ مانگه‌ ئاسه‌وارێكی وای له‌ جه‌سته‌ی فه‌تاح دا جێهێشت كه‌ تا مردن پشتی بۆ ڕاست نه‌كرێته‌وه‌ و كۆم بێت، تاكه‌ سوودێكی ئه‌م كۆمییه‌ی پشتی ئه‌وه‌بوو له‌كاتی شه‌ری ئێراق ئێرندا بۆ سه‌ربازی بانگنه‌كرا.

 

دەنگی ئامێری دڵەکە کەمێک گۆڕا، هەناوی کەوت. بەرزەپێ هەستا، خەریک بوو هاواری دکتۆر بکات، دەنگی ئامێرەکە لە خۆوە ئاسایی بۆوە. ئاهێکی پیدا هاتەوە. قومێک ئاوی خواردەوە و لەسەر کورسیەکەی بەرامبەر فاتیمە دانیشتەوە. خەمێکی قووڵی لە ڕوخساری فاتیمەی دایکیدا خوێندەوە. به‌ڵام هەستی بەوە دەکرد کە ناتوانێت بجوڵێت، بەڵام دەیزانی ئەوەی لە دیاری دانیشتووە، فەتاحی کوڕیەتی.

– فەتاح، کوڕە شیرینەکەم، دەهەستە، بڕۆرەوە ماڵەوە کەمێک بخەوە، دەی کوڕی خۆم خەمی منت نەبێت.

بەوەی فەتاح گوێی بە قسەکانی نەدا، ترسێک لێی نیشت. دەیزانی فەتاح گوێی لەم نییە. دەترسا نەوەک فەتاح ئیتر هەرگیز گوێی لەم نەبێ و بۆ ئەبەد بە دیارییەوە ئێشک بگرێ. دەترسا لە زۆر شت دەترسا. دەترسا نەوەک کوڕەکەی برسی بێت، ماندوو بێت، خەوی بێت. دەترسا، تەنانەت لەبۆنی ئەو دیتۆڵە نەعلەتیە دەترسا، دەترسا فەتاح بڕشێتەوە، خەمی پاککردنەوەی بوو. ئێستا ئەم وەک کۆتەرە دارێک کەوتوە و ناتوانێت بجوڵێتەوە. حەسرەتی بۆ گورج و گۆڵیەکەی جارانی دەخوارد. لە هەموو ژیانیدا ئەمە یەکەم جار بوو نەتوانێت دەست و قاچەکانی بجوڵێنێ. ئەو قاچانەی ڕۆژانە پێی دەچوە بازاڕ و پێویستی ناوماڵی دەکڕی.ئەودەستانەی خواردنی بۆ منداڵان ئامادە دەکرد و جلی بۆ دەشتن و ماڵی پاک دەکردەوە.دڵی پڕ بوو بوو، گریانی دەهات. بەزەیی بە بێ دەسەڵاتی خۆیدا دەهاتەوە.

 

هەرچەندە ئازاری نەمابوو، ماسولکەکانی خاو و ئارام بوون، بەڵام ترسی ئەوی هەبوو، تا ئەو کاتەی دڵی لە لێدان دەوەستێت، بەم جۆرە بمێنێتەوە. لەوە دەتسا ئیتر ببێتە بارێکی قورس بەسەر فەتاحەوە. فرمێسکێک بە لاجانگیدا هاتە خوارەوە. ئەو فرمێسکە فه‌تاحی ئەبلەق کرد. ئەو فرمێسکانەی هاتەوە یاد، کە فاتیمە لەدوای هەموو لێدانێکی سەعید، بە بێدەنگی هەڵیدەڕشتن.

سه‌عیدی باوكی شه‌ش ساڵه‌ مردوه‌، هه‌رچه‌نده‌ فاتیمه‌ به‌ ته‌مه‌ن گه‌وره‌تربوو له‌ سه‌عید، به‌ڵام سه‌عید پێشی كه‌وت.

– خوا هه‌قی منی لێ سه‌ند، ئاوا گه‌ڕوگولی كرد، ئه‌وسا بردیه‌وه‌.

كه‌ سه‌عید مرد فاتیمه‌بوو وای ده‌وت. فاتیمه‌ هه‌قی بوو وابڵێ، ئاخر سه‌عید زۆر زاڵمانه‌ لێی ده‌دا، ئه‌و بێ ویژدانه‌ تا شه‌قه‌كانی به‌ ئازارتربن، پێڵاوی بۆ له‌پێ ده‌كرد ئه‌وه‌سا ده‌یدایه‌ به‌ر شه‌ق.

كاتێك سه‌عید فاتمه‌ی هێنا، فاتمه‌ دایكی سێ منداڵ بوو، ژنی به‌سه‌ر هاتبوو و ته‌لاق درابوو. ئه‌و كاته‌ سه‌عید له‌دایه‌ره‌ی تاپۆ دامه‌زرابوو، ئه‌وراقی ڕۆژانه‌ی له‌ سجله‌كاندا تۆمار ده‌كرد. ساڵانێكی زۆر ئه‌مه‌ كاری بوو، كه‌س نه‌بوو له‌ شاردا سه‌عه‌ی سجل نه‌ناسێ،هه‌میشه‌ توڕه‌ و گرژ و مۆن بوو.

– سه‌عه‌، ئه‌م ڕووه‌ ترشاوه‌ت به‌ خه‌نده‌یه‌ك ڕوونكه‌ره‌وه‌ و ڕوویه‌كی خۆش بده‌ به‌و منداڵانه‌ت.

-فاته‌ی سه‌گباب، ده‌مت داخه‌، تۆ له‌ هیچ تێناگه‌ی.

 

نه‌یده‌توانی ڕوو خۆش بێت. نه‌یده‌توانی توڕه‌ نه‌بێت. ڕه‌شبین بوو، چۆن ڕه‌شبیین نه‌بێت، سه‌عیدێك زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌ ژێرزه‌مینه‌ تاریكه‌كه‌ی دائیره‌ی تاپۆ به‌سه‌ربه‌رێت. سه‌عیدێك له‌جیاتی شوشه‌ نایلۆنی ئه‌ستوور و لێڵ به‌ په‌نجه‌ره‌ی ماڵیه‌وه‌ بێت، چۆن ڕه‌شبین نابێت. پێم ناڵێیت، له‌په‌نجه‌ره‌یه‌كی به‌نایلۆن داپۆشراوه‌وه‌ سه‌یری دنیا بكه‌یت، پێم ناڵێیت چۆن دنیا ده‌یبینی؟،

سه‌عید نه‌یده‌وانی دنیا لێڵ و ڕه‌ش نه‌بینێت. خێزانی فاتیمه‌ جه‌رگیشیان ڕه‌ش داگه‌ڕابوو، هێنده‌ نان و چایان خواردبوو. چی تر هه‌بوو بیخۆن، جگه‌ له‌ نان و چا؟ ئه‌مان ته‌نیا هه‌ژاری گه‌ڕه‌ك نه‌بوون، زۆربه‌ی گه‌ڕه‌ك، حاڵی له‌حاڵی ئه‌مان باشتر نه‌بوو، ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی تێیدا ده‌ژیان هه‌موو هه‌ژار بوون، سێ ژه‌مه‌ش له‌ نان و چا زیاتر هیچی تر نه‌بوو بیخۆن. هێنده‌ نان و چا خورابوو له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا، گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان به‌ گه‌ڕه‌كی نان و چا ناوی ده‌ركردبوو.

هه‌ناسیه‌كی هه‌ڵكێشا، سه‌رنجی دایه‌وه‌ ئه‌و دڵۆپه‌ ئاوانه‌ی له‌ كیسه‌ی سێلاینه‌كه‌وه‌ ده‌تكانه‌ قۆڵه‌ چرچ و بێ گۆشته‌كه‌ی فاتیمه‌وه‌.

-ژیانت هه‌مووی چه‌رمه‌سه‌ری و زووخاو بوو، خۆشییت له‌ ژیانتدا نه‌دی. ئه‌وا ئێسته‌ش ژیانت په‌یوه‌سته‌ به‌ بوتڵێك ئۆكسجین و كیسه‌یه‌ك سلاینه‌وه‌. كێ ده‌ڵێ ئه‌مه‌ خۆشترین كاته‌كانی ژیانت نییه‌. له‌سه‌ر پشت لێی پاڵكه‌وتویت، ئامێره‌كان خزمه‌تت ده‌كه‌ن و ناهێڵن هیلاك بیت.

زه‌رده‌یه‌ك گرتی. كاتێك به‌هۆی ئامێره‌وه‌ درێژه‌ به‌ ژیان ده‌درێت، ژیان، زۆر پووچ و بێ مانا دێته‌ به‌رچاو.

ده‌نگی ئامێره‌كه‌ ناسازتر هاته‌ گوێی، ده‌تگووت له‌ناو مێشكی ئه‌مدا كار ده‌كا و ده‌نگده‌داته‌وه‌. هه‌ستا، به‌ڵام خێرا دانیشته‌وه‌، قومێك ئاوی خوارده‌وه‌، ده‌سه‌سڕه‌كه‌ی گیرفانی ده‌رهێنا بێ ئه‌وه‌ی به‌كاریبهێنێ خستیه‌وه‌ گیرفانی، سه‌یرێكی سه‌عاتی مۆبایله‌كه‌ی كرد، چاره‌كی ده‌ویست بۆ دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆ، تفێكی قوتدا، قۆڕه‌یه‌ك له‌ سكیه‌وه‌ هات. هێڵنجی دا.

دیسانه‌وه‌ بۆنی دیتۆڵه‌. ده‌ستی به‌ ده‌میه‌وه‌ گرت و هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵی هه‌ڵكێشا، چاوی نوقاندن و كردنیه‌وه‌. هه‌ر كه‌ چاوی كرده‌وه‌، واقی ووڕما ته‌مێكی سپی چڕ ژوره‌كه‌ی پڕ كردبوو، به‌ئاسته‌م تارمایی ئامێره‌كانی تیا ده‌بینی.

 

– كوا ئه‌ی كوا دایكم؟ كوا قه‌ره‌وێڵه‌كه‌؟ چی ڕویدا؟

 ده‌ستی به‌رزكرده‌وه‌ عینه‌كه‌كه‌ی داگرێت، كه‌ ده‌ستی خۆی بینی، ترسا، زۆریش ترسا.

– ئه‌مه‌ كه‌ی ده‌ستی پیاوێكی ته‌مه‌ن په‌جا و حه‌وت ساڵه‌…

 

ده‌ستی منداڵێكی ته‌مه‌ن ده‌ ساڵان بوو. سه‌ری دانه‌واند سه‌یری قاچه‌كانی خۆی كرد، ئه‌وانیش بچوك بوون. فه‌تاح وه‌ك شێت ده‌ستی به‌هه‌موو شوێنكی خۆیدا هێنا، لووتی، ده‌می، چاوه‌كانی، سه‌ری، هه‌موو گیانی، هه‌موی بچوك بووبونه‌وه‌. ئێستا فه‌تاح منداڵێكی ده‌ ساڵانه‌، ته‌نانه‌ت جله‌كانیشی گۆڕابوون، شه‌ڕواڵ و كراسێكی پینه‌كراوی له‌به‌ردابوو. نه‌یده‌زانی بۆ له‌و ژووره‌ ته‌ماویه‌دایه‌، چی ئه‌وی گه‌یاندۆته‌ ئێره‌. فه‌تاح هه‌رچه‌نده‌ زۆر ده‌ترسا، ئۆقره‌ی لێبڕابوو نه‌یده‌توانی له‌ شوێنی خۆی چاوه‌روان بێت و بزانێت چی ڕووده‌دا، هه‌ستا كه‌وته‌گه‌ڕان به‌ ژووره‌كه‌دا، بۆ هه‌ر لایه‌ك ده‌ڕۆیشت ژووره‌كه‌ به‌و لایه‌دا ده‌كشاو گه‌وره‌ ده‌بوو، نه‌ده‌گه‌یشته‌ دیواره‌كان، ده‌رگایه‌ك نه‌ده‌هاته‌ ڕێی. ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ری زۆر كرد، زۆر ماندوو بوبوو، هه‌ناسه‌بڕكێی پێكه‌وتبوو، ویستی كه‌مێك پشو بدات، له‌ شوێنی خۆی له‌سه‌ر ئه‌رزه‌كه‌ دانیشت. چاوه‌كانی نوقاند، بۆ ماوه‌یه‌ك ئاوا مایه‌وه‌، كه‌ چاوی كرده‌وه‌ زاتره‌ك بوو، سسته‌ره‌كه‌ بوو ڕای ده‌وه‌شاند.

– خاڵه‌ دیاره‌ زۆر ماندوی وا به‌دانیشتنه‌وه‌ خه‌وت لێ كه‌وتوه‌.

فه‌تاح له‌ شه‌رما جه‌سته‌ی گه‌رم داهات، ویستی شتێك بڵێت، نه‌یتوانی، زۆر هه‌وڵیدا هیچی بۆنه‌هات به‌ سسته‌ره‌كه‌ی بڵێت، تا سسته‌ره‌كه‌ش چوه‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌رگاكه‌ی لێداخسته‌وه‌ هه‌ر هه‌وڵی ده‌دا شتێك بڵێت، به‌ڵام بێ سوود بوو، هیچی بۆ نه‌وترا. سه‌رنجی دایكی دا، هه‌ر وه‌ك خۆی بوو، دوو ڕۆژ له‌مه‌وپێش چۆن له‌سه‌ر پشت پاڵیان خستبوو، هه‌روا بێ جووڵه‌ ڕاكشابوو، كۆمه‌ڵێك ئامێری لێ به‌سترابوو، ئامێری چاودێری دڵ، ماسكی ئۆكسجین، كیسه‌ی سێلاین، سه‌یری كرد كیسه‌ی سێلاینه‌كه‌ پڕه‌، بۆی ده‌ركه‌وت كاتێك ئه‌م خه‌و بردوێتیه‌وه‌، سسته‌ره‌كه‌ بۆی گۆڕیووه‌. هەستا قاچەکانی دایکی ماچ کردن و بە بەتانیەکە دای پۆشینەوە، بەرەو لای پەنجەرەکە ڕۆیشت، پەردەکەی لادا، ڕۆژێکی بەهاری خۆرەتاو بوو.

– ڕۆژێکی خۆشە بۆ مردن.

فاتیمەش هەر ئەوە ئاواتی بوو، ئاواتی بوو لە ڕۆژێکی بەهاری خۆرەتاوا بمرێت.

بە دەنگی کردنەوەی دەرگاکە ئاوڕی دایەوە، بەهاری خوشکی بوو، سەفەرتاسیەک خواردنی بۆ هێنابوو.

فاتیمه‌ ته‌نیا فه‌تاح و به‌هاری له‌ سه‌عید نه‌بوو بوو، فه‌تاح دوو برای تری هه‌بوون، ئه‌وان زوو له‌ترسی سه‌ربازی ئاواره‌ی ووڵاتانی كردن.

_ دایکم چۆنە، دەژی؟

_ مردن کۆتایی به‌ هەموو ئازارەکان دێنێت، مەترسە لێی.

سیروان عەبدوڵا محەمەد

٢٠١٨

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین