كریكاتور؛ میدیای درۆزن ده‌ستی پیاووژان ده‌شواته‌وه‌ ... سه‌رچاوه‌؛ http://madardaily.com/2016/03/30/من-الإعلام-الكاذب-إلى-الإعلام-المغرض/

ميدياى كوردى و چه‌ند سه‌رنجێك


Loading

 ئێمه‌ له‌ناو میدیای ڕاسته‌قینه‌دا ناژین، به‌ڵكو  پێموایه‌ لناو زه‌لكاوێكی به‌ناو میدیادا ده‌ژین. ئه‌م ميديا نا-به‌رپرسياره‌ بۆته‌ به‌شێكی نه‌خۆش له‌جه‌سته‌ی  كۆمه‌ڵگه‌ى كورديدا. ئه‌و ڕۆڵه‌ نێگه‌تیڤه‌ی ميديا ده‌يگێڕێت، شه‌ڕى ناوخۆ و سه‌د ساڵی  ئيمپرياليه‌ت و ماشێنه‌كانى سيخوڕيى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ش،هێنده‌ نه‌يانتوانيوه‌  هۆشمه‌ندی  كۆمه‌ڵایه‌تی ژه‌هراوی بكه‌ن.

بۆ نمونه‌؛ ميدياى كوردى له‌برى ئه‌وه‌ى  ده‌روونناس و گه‌ردوونناس و كيمياگه‌ر و ئه‌ديب و مۆسيقار و ئارخیتێكتۆر و فیكر و …هتد، نیشانی كۆمه‌ڵگه‌ بدات و ڕۆڵیان به‌رچاو بكات، دێت  دیارده‌كانی  گه‌نده‌ڵی ده‌كاته‌ ئه‌كته‌ری سه‌ر شاشه‌كانی. دێت و  بووكه‌ڵه‌ و بازرگانى هونه‌ركوژ به‌رزده‌كاته‌وه‌ و ده‌يكاته‌ سوپه‌رستار.

ئه‌م ميديايه‌ مه‌رگهێنه‌ره‌، ئيراده‌ خه‌سێنه‌، تام تێكده‌ره‌، بێ چه‌شه‌یه‌ ‌، به‌رهه‌مى سياسه‌تى سياسيه‌ بيرتاريك و قاچاخچييه‌كانه‌، كه‌ خوازيارن له‌و ڕێگه‌يه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى سه‌رمه‌ست به‌ڕابواردن و كۆمه‌ڵگه‌ى ڕووكه‌شگه‌را و به‌رخۆر له‌دايكبێت.

ميديای ئێستای كوردی، به‌تایبه‌ت میدیای  بنیراو بیستراو،  نمايشگه‌ى چينى ده‌سه‌ڵاتخوازه‌‌، كارگه‌ى دابه‌شكارى چينايه‌تييه‌ و مه‌راقپێكه‌رى بينه‌رى كورده‌ و شكێنه‌رى شكۆى به‌هاكانى مرۆڤبوونييه‌تى.

ئه‌م  میدیایه‌  هه‌موو ساتێك تێمانده‌گه‌يه‌نێت، ئێمه‌ى چه‌نده‌  بێ ده‌سه‌ڵاتين، پله‌نزمين. ئه‌م ميديايه‌ نه‌ك بێئه‌وه‌ى به‌خۆمان بزانين، به‌ڵكو ده‌شزانين چۆن ژه‌هر ده‌خاته‌ خواردنى سه‌ر سفره‌كانمانه‌وه‌ و ئه‌قڵ بۆگه‌نده‌كات.

ستراتيژى ميدياى كوردى  پڕۆفيشناڵه‌ له‌بێحورمه‌تكردنى ئينساندا. ميدياكارى خۆباده‌ر و پێست لوس و ده‌نگ گڕ و ئاژاوه‌گێڕ، شوێنى به‌ ميدياكارى مه‌عريفى و ڕۆشنبير چۆڵكردووه‌. كام له‌ميدياكانى كوردى گه‌يشتووه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌ى په‌روه‌رده‌ى ميديايى و به‌رپرسيارى ئيتكى ڕۆژنامه‌وانى و ئازادى دوور له‌سێبه‌ر و هاوئاستى بپارێزێت و ماسكه‌كانى فڕێبدات. لايه‌نێكي دیكه‌ی  ده‌رهاويشته‌ ميكرۆبييه‌كانى ميدياى كوردى له‌وه‌دايه‌ ده‌بێته‌ قوتابخانه‌ى دووه‌مى منداڵ، قوتابخانه‌ى په‌روه‌رده‌كار، ده‌يه‌يیه‌كی تر، خه‌ستاخه‌نكانی ده‌روونیمان  بۆ پڕده‌كه‌ن له‌منداڵى نه‌خۆش، منداڵى بێ هيوا، منداڵى ويست و حه‌ز  مرێنراو و  بێ خه‌ون.

ئه‌و ده‌رده‌ى  ئه‌م میدیایه‌  هه‌ڵيده‌داته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌وه‌، ته‌مه‌نێكمان لێ خه‌رجده‌كات بۆ تيمار كردنی. كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ ميدياى كوردى بێ ڕۆحه‌ و كارگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى بينه‌رى زۆمبييه‌. ئه‌و پاره‌ زه‌به‌لاحه‌ى له‌سێكته‌رى ميدياييدا سه‌رفده‌كرێت، بهاتبايه‌ له‌بوارى په‌روه‌رده‌ و قووتى باشتركردنى ژيانى خه‌ڵك و گه‌شتوگوزار و كه‌رتى خزمه‌تگوزاريى خه‌رجكرابايه‌، ده‌بووينه‌ وڵات و هه‌رێمێكى نمونه‌يی.

ئێمه‌ خاوه‌ن كولتورێكى ڕۆشنبيرى ميديايى نين،  چونكه‌ كه‌ ميديا له‌مه‌عريفه‌ دابڕا،  ئه‌وا كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كاته‌ خوڵه‌مێش!

ئه‌م ميديايه‌ جه‌لادئاسا، ده‌ستى هه‌يه‌ له‌دروستكردنى مرۆڤى تۆقيوو، ئه‌و كه‌شو هه‌وايه‌ى كه‌ خوڵقاندوويه‌تى، تۆخكه‌ره‌وه‌ و ڕه‌نگڕێژكه‌رى به‌رنامه‌ى حيزبه‌كانه  به‌جیاوازی بۆچوون و ڕه‌نگه‌كانینانه‌وه‌‌‌. ئه‌و په‌يامه‌ى پێمانده‌دات ئه‌وه‌يه؛‌ داهاتووخواز نه‌بين و هه‌ميشه‌ له‌ترسى فه‌وتان و ڕووداودا بژين…ميدياى كوردى مێژووى تاريكه‌، هه‌ر له‌شه‌ڕى براكوژى پشتئاشانه‌وه‌ ڕاگه‌ياندنى بيستراوى كوردى كه‌ ڕاديۆيه‌، ترسناكترين سوڕى ئاژاوه‌گێڕى گێڕاوه‌  و ئێستاش هه‌مان ئه‌قڵیه‌ته‌ به‌ڵام به‌ڕه‌نگ و كه‌ناڵی جیاوازه‌وه‌. ئه‌م يارى ته‌پوتۆز دروستكردنه‌ ڕيشه‌ى كۆنتره‌  و  شۆڕده‌بێته‌وه‌ بۆ شه‌ڕى ناوخۆ و دواتريش زنجيره‌يه‌ك ڕووداويتر، ميديايه‌كى مه‌ده‌نى و شارستانى نه‌بووه‌، به‌تايبه‌ت له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئۆبژێكتى هاوڵاتى و نه‌ته‌وه‌دا. ڕاديۆى كوردى كه‌ره‌سته‌ى شۆڕش بووه‌ و، پاشان ئامانجه‌كه‌ له‌شۆڕشه‌وه‌ ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه‌  به‌رامبه‌ر هێزه‌ نيشتمانييه‌كان و هێزه‌ ناوخۆييه‌كان، ده‌بێته‌ شه‌يتانێكى سياسى و به‌ڵاگێڕ.

ميدياى كوردى تا ئاستێكى زۆر مێشك ته‌مه‌ڵكه‌ره‌ و جگه ‌له‌وه‌ى منداڵى حيزبه‌، له‌هه‌مانكاتيشدا  له‌و كاهينه‌ ئاموونييه‌ ده‌چێت، له‌پێناو سوود و نه‌فه‌وتانى ده‌سه‌ڵاتيدا هه‌موو جۆره‌ درۆ و چه‌واشه‌كارييه‌ك ده‌كات. ده‌سه‌ڵاتى چواره‌مى ميديا له‌وه‌دايه‌ سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بێت، كه‌چى به‌شى هه‌ره‌زۆرى ميدياى كوردى ئيلهام له‌باوكه‌كانى حيزبه‌وه‌ وه‌رده‌گرن.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.