كۆمۆنه‌كانی پاریس دوای گولله‌بارناكردنیان له‌ تابوتدا ١٨٧١ Erschossene Kommunarden vom 28. Mai 1871 in Särgen

بۆ ئەوەى نەبینە فاشیست، وتارێک دژ بە ئەقڵیەتى ڕیسواگەرى  


Loading

ئەم نەوە نوێیە لە کوردستان لە سێ لایەنى سەرەکییەوە گیرۆدەیە، لەلایەک: بێکارى و دەستکورتى، کە بەرهەمى ئابوورییە نەوتخۆر و ڕانتخۆرەکەى سیستەمە ڕزیوە کارگێڕییەکەى کوردستانە. له‌لایەکى دیکەوە نەریتێکى دواکەوتووى خێڵەکى و کۆمەڵایەتی زاڵە کە هەموو ئاسۆکانى ژیانى ئازادانەى لەسەر داخستوون.  لەم ساڵانەى دوایشدا سەلەفییەتیش هێندەى تر دونیاى لێ بچووککردونەتەوە؛ دواجاریش، بڵاوبوونەوەى سینیزم و خۆپەرستى کە لە بێباکی و بەرخۆری و جوانکاریدا نغرۆى کردوون، بەپاڵ ئەمانەیشەوە سێکسیزمێکى شاراوە هەموو وزەى داهێنانیانى هەڵمژیووە.

ئالان بادیۆ

“هەواى تازە” بۆ ئەم نەوەیە بە ماناى گفتوگۆكردنیانه‌ بە زمانێکى نوێ و زەقکردنەوەى ستایلى نوێى ژیانە، کەشفکردنى فۆڕمەکانى دیکەى هاوڕێیەتى و هاوبەشێتییە، وێناکردنێکى دیکەیە بۆ ئەشق و جوانی کە بازاڕ دروستی ناکات و خۆی دەبێتەوە بە بەرەنگارى دژ بە بازاڕ، دواجار کەشفکردنى ئەگەرەکانى خەباتە دژ بە دۆخى باو. هەموو ئەمانەیش بە زمانى بادیۆ واتە (فاسدکردنى گەنجان)  کە ئەرکى فەلسەفەیە، بەڵام ئەرکێک کە دەرەنجامى سیاسیى لێ دەکەوێتەوە…ڕوونتر بدوێم؛ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم نەوە نوێیەدا، سیاسەت هەم وەک ئاوڕدانەوە لە خود و گرنگى بەخۆدان (ئەوەى بە جۆرێکى تر بەختیار ناوى دەنێت خود-ئەڤینى) و  هەم وەک شێوازى نوێى پێکەوەبوون و کارکردنى هاوبەش (گرنگیدان بەوانیتر)، هەم وەک خەبات بۆ دەرچوون لە هەواى بۆگەن و خنکێنەرى سیاسەتى فەرمى و داهێنانى دونیایەکى نوێ، زەرورەتێکى حاشاهەڵنەگرە.

ئەم مۆدێلەى سیاسەت (گرنگی-بەخۆدان)  لە بەرامبەر خۆپەرستى، هاوڕێیەتى لەبەرامبەر برایەتى و هیرارکییەتى حزبى، موخاتەبەى توێژە پەراوێزخراو و ستەملێکراوەکان بەرامبەر موجامەلەى چینە دەسەڵاتدارەکان ڕادەگرێت. سەرجەمى ئەمانەیش ماناى سیاسەتى نا-فەرمییە بەرامبەر سیاسەتى فەرمى.

ئەم پارادایمە نوێیەى سیاسەت گەڕانەوەى نییە بۆ ڕێکخستنى حزبى، هیرارکییەتى دەسەڵاتخوازانە، ئامانجە میتافیزیکییەکان، سەرکردەى مێژوویى؛ لەبرى ئەوە لە ژیانى ڕۆژانەدا، لە شێوازى هاوڕێیەتیدا، لە ئەشقدا، لە ئەدەبیاتدا مومارەسە دەکرێت. هەر هێزێکى چەپ بە گوێرەى پارادیمە کۆنەکە باس لە ڕێکخستنى سیاسى بکات، ئەوا هەرچى بەرهەمبهێنێت دواجار هەر سەرى لە ستالینیزمەوە دەردەچێت کە مۆدێلى زاڵى سیاسەتە لە کۆمەڵگەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. پێموایە لەبەر ئەمەیە بەختیار عه‌لی  بەگشتى سیاسەت ڕەتدەکاتەوە؛ بەڵام سیاسەت بەو مۆدێلەى باسمانکرد هەوایەکى تازەیە کە بەسەر شتەکاندا هەڵدەکات، بەو مەرجەى هاوکێشەکە پێچەوانە نەکرێتەوە؛ واتە ئەوە سیاسەت نییە کە خۆى هەواى تازەیە، بەڵکو هەر هەوایەکى تازە دۆخى مەنگ و چەقبەستووى ئێمە بجوڵێنێت خۆى سیاسەتە.

هێزێکى چەپ دەتوانێت بە بێ ڕێکخستنى حزبیش سیاسەت بکات، لە دەرەوەى میدیایش چەمک و گوتار و بنەما و ئامانجەکانى خۆى دووبارە بکاتەوە بۆ ئەوەى بیانچەسپێت. ڕۆژانێک داکۆکیم لەوە دەکرد؛ چەپ ببێتە گوتار ئینجا دەتوانێت لە ڕووى تیۆرییەوە هەژموون بکات. ئەو کاتە من بە پۆستمۆدێرنیست تۆمەتبار کرام، گوایە پەیوەندییە گوتارییەکان ئەنتاگۆنیزمى چینەکان دەشارنەوە، چونکە گوتارەکان فرە و پەرتوبڵاون، گەمە دەکەن و بەریەک دەکەون، دەچنە پەیوەندییەوە و جیا دەبنەوە، تەریب دەڕۆن و دژ دەوەستنەوە. بەڵام گوایە چینەکان بە زەقى بەریەکدەکەون و لێکدژییى سیستەمى سەرمایەداریى دەنوێننەوە! جگەلەوەى ئەم بانگەشە دیالەکتیکییە چینتەوەرییە بۆ ئەم سەردەمە کورت دەهێنێت، گوتاریش خۆى پانتاییەکى سپى نییە، بگرە یەکەمین هەنگاو بۆ هەژموون لە گوتارەوە دەست پێدەکات، وەک فوکۆ دەڵێت گوتار نەک تەنیا ئامرازى دەسەڵاتە، بەڵکو خۆى پانتایى دەسەڵاتە.

ئەوەى گوتارى هەبێت بەشێک لە دەسەڵاتى بۆخۆى بردووە. کەواتە مەسەلەکە قسە نییە، بەڵکو گوتارە. مەسەلەکەیش دووبارەکردنەوەى میکانیکیى چەمکەکان و زاراوەکان و ئامانجەکان نییە، دووبارەکردنەوەى هەمان قسە نییە کە لەسەر دۆخێک، لەسەر حیزبێک، لەسەر هێزێک کراوە، بەڵکو مەسەلەکە جەختکردنەوەیە لەسەر حزورى خۆت وەک گوتار، دیارە بۆ ئێمەومانان گوتارێکى بەرەنگار. زۆر گرنگە لەم گوتارەدا چەپ لەسەر هەندێ شت هیچ قسەیەکى نەبێت، بێدەنگ بێت، بۆ ئەوەى لە شوێنێکى دیکەدا ئیش بکات، هیچ نەبێ بۆ ئەوەى پۆتێنشیەڵەکانى گووتن بپارێزێت، هەر بەو جۆرەى کە ئاگامبێن پێیوایە؛ دەبێت پۆتێنشیەڵەکانى کردن بپارێزرێت. پاراستنى پۆتێنشیەڵى کردن لە وتە بەناوبەنگەکەى “بارتلبى“ـدا بەرجەستە دەبێت کە تاکە وتەیشە لە زارى بێتە دەرێ: “وام پێباشترە نەیکەم”. سەرجەمى ڕادیکاڵیزمى بارتلبى، کارەکتەرە قەشەنگ و مەزنەکەى هێرمان میلڤایل، وا لەو ڕستەیەدا، ڕستەیەکى سەرەتانیى کە تەواوى دەوروبەرەکەى دەگۆڕێت. بەڵام بارتلبى تەنیا پۆتێنشیەڵى کردن ناپارێزیت، بەڵکو پۆتێنشیەڵى وتنیش دەپارێزێت. ئەو وەک واى پێباشترە نەیکات، بەڵام وایشى پێباشترە نەیڵیت. دۆلۆز پێیوایە ئەم ڕستەیەى بارتلبى هاوکێشەکەیە کە بارتلبى بەردەوام پەخشى دەکاتەو؛ بەڵام لە چ ڕێگەیەکەوە؟ لە ڕێگەى بێدەنگییەوە، لە ڕێگەى خودى نەوتن یان زیاد-نەوتنەوە، لە ڕێگەى بێباکییەوە بەرامبەر وتن. بارتلبى ڕادیکاڵیزمەکەى خۆى لە ڕێگەى نەکردن و نەوتنەوە بڵاودەکاتەوە، بەڵام ئەو ڕادیکاڵیزمە خۆى هیچ نییە جگە لە خودى ئەم نەکردن و نەگووتنە؛ سەرجەمى هەواى شوێنى کارەکە و ژیانى کەسەکانى دەوروبەریشى بەو ڕستەیە و بێدەنگییەکانى دواترى خۆى، دەگۆڕێت، دەتوانین ئەم هەڵوێستەى بارتلبى ناوبنێین: ئابووریى قسەکردن.

ئەو شتانەى کە پێویستە گوتارى چەپ لەبەرامبەریاندا بێدەنگ بێت پەیوەستە بە توانایەوە بۆ دیاریکردنى ئەو ناوکۆیى و هەلومەرجەى کە هەیە، پەیوەستە بە بێدەنگییەوە بەرامبەر ئەو شتانەى کە هەمووان حەز دەکەن قسەى لەسەر بکەن. بۆ نموونە لە دواى ڕاپەڕینەوە ئەم هێزە کوردییانەى ئێمە هێدى هێدى جەوهەرى خۆیان دەرخست، “ڕەهەندییەکان” شتانێکى زۆریان لەبارەیانەوە گوت. ئەم هێزانە بەردەوام بە قەیران و قەیرانسازیدا ڕۆیشتوون، لەو کاتەوە تا ئێستا شتانێکى زۆر لە جەوهەر و کردار و ڕەفتار و کەسایەتى و سیمبولەکانیان نەگۆڕاوە. ئەوەى لەسەریان وتراوە و نووسراوە، بە دیاریکراویش ئەوەى نوسەرێکى وەک “بەختیار عەلى” لە سەریان گووتویەتى هێشتایش دروستە و پێویستیش نییە بە بەردەوامى بیرى خەڵکى بخرێتەوە. ڕاستییەکەى ئەوەیە کۆمەڵگەکەمان دەیەوێت بێ یادەوەرى بژى، بەڵام بەردەوام شتەکانى یاد بهێنرێتەوە، ڕێک ئەوانەیش داواى ئەمە دەکەن کە خۆیان ستایشى یادەوەرى دەکەن.

ئەم قەیران و دۆخەى کە لە ئێستادا ڕوویداوە و بەرهەمى سیاسەتى بنەماڵەیى و حزبپەرستانەى پارتى و یەکێتییە، شتێکى نوێ نییە. هەر مرۆڤێکى هۆشیار دەیزانى بەرەنجامى لۆژیکیى سیاسەتەکەیان بەم ئاستە دەگات، دیارە هێشتا دەتوانین پێشبینیى خراپتریش بکەین، دەتوانین وێناى ئەوەى بکەین پارتى و یەکێتى دڕندەتر و داپڵۆسێنەرتر دەبن، خەڵک زیاتر هەژار بخەن و دزیى زیاتر لە خەڵک و خاک بکەن، دەتوانین وێنایان بکەین کە نەک تەنیا بازرگانى بە نەوت بەڵکو بە تلیاکیشەوە بکەن. ئەمانە پێشتر وتراون و پێویست نییە هەمیشە بووترێنەوە، شتێکى ئەوتۆ لە جەوهەرى ئەم هێزانە نەگۆڕاوە تا قسەیەکى نوێى لەسەر بکرێت.

لەگەڵ ئەوەیشدا کە وا دەڵێم بەو مانایە نییە هیچ شتێک نەڵێین و وا بزانین هەموو شتێک دەربارەى هەموو شتێک وتراوە. بە بڕواى من گرنگە قسە لەسەر قسە لێنەکراوەکان بکەین (بۆ نموونە فاشیزم)، گرنگە بیر لە بیرلێنەکراوەکان بکەینەوە (بۆ نموونە سەرمایەداریى نەوتى)، گرنگە شیکاریى وردى ڕەگەزە جێگیر و بزۆزەکانى نێو مێژووى خۆمان بکەینەوە (بۆ نموونە بونیادەکان، گوتارەکان، زمان) پێویستە بیر لە ڕەهەندە شاراوەکانى ناسیۆنالیزم، ئایین، خێڵ، کوردایەتى، دابەشبوونەکان، گەشەکردنى سەلەفییەت بکەینەوە (بۆ نموونە تووندوتیژى وەک سێکس، یان سێکسیزمى تووندوتیژى)، گرنگە پێداچوونەوە بکەین بە چەمکى جەوهەر، ئامانج، شۆڕش، بەرەنگارى، چەپ، سیاسەت، کولتور، دووبارە هەڵیانبسەنگێنینەوە.  لەگەڵیشیدا ماناکانى حزب، سەرکردە، دیکتاتۆریەت، تۆتالیتاریزم، یەکپارچەخوازى، سەرکوت دیاریى بکەینەوە.

گرنگە سەرنج لەو دیاردە و ڕەگەز و کەرەستە نوێیانە بدەین کە لەم ساڵانەى دواییدا بە سایەى جیهانگیرى سەرمایەدارییەوە، بەخێرایى هاتوونەتە نێو کۆمەڵگەى ئێمەوە (بۆ نموونە خۆپەرستى، تاکگەرایى، بازاڕ و مۆڵ)، دەبێت ئەو گۆڕانکارییانە ببینین کە بەسەر شێوازى پەیوەندى و پێکەوەبوونى ئێمەدا هێناویانن و ئیمکان و نا ئیمکانەکانیان بدۆزینەوە (بۆ نموونە فەزاى مەجازى), دواجار گرنگە بیر لەو لەزرین و هەژان و ڕووداوە دەگمەنانە بکەینەوە کە لەدواى ڕاپەڕینەوە، بێ قسەکردنى جددى، بە دنیاى ئێمەدا گوزەریان کردووە (بۆ نموونە 17ى شوبات)..

ئەمانە بەشێکى کەمن لە ئەرکى فیکر لەمڕۆى کۆمەڵگەى کوردیدا. بەختیار لاى خۆیەوە هەوڵیداوە کەمتازۆر ئیش لەسەر بەشێک لەمانە بکات و هەندێ ڕەهەندى گرنگ ڕوون بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا بەشێک لە تێزەکانى ئەم دواییانەى کەموکورت ماونەتەوە کە هیچ ڕێگایەکى دیکەى لەپێش نییە ئەوە نەبێت یان کەمێک کامڵیان بکات (ئەگەر کامڵبوونێک بوونى هەبێ) و وێنایەکى گشتى و ئۆرگانیکی لەنێوان تێزەکانیدا پیشان بدات، یانیش ئاوا کەموکورت جێیانبهڵێت و تەنیا ببنە مایەى “بەدحاڵیبوونێکى نا-ئەنقەست” و “شێواندنێکى ئەنقەست”. پێویستە بەختیار عەلى، پشت ئەستوور بە سەرچاوەى فیکرى و تیۆریى ئاشکرا، بە ڕوونى هەڵوێستى خۆى لەسەر مەسەلەى سیاسەت و ماناکانى سیاسەتیش دیاریى بکات. بۆ نموونە ئێمە ئەوەندە تێدەگەین کە کاک بەختیار پەرلەمانتاریزمى ناوێت و ئومێدێکى زۆریشى بەوە نییە شۆڕش پاکژ و بێگەرد بێت، ئەى کەواتە، ئەگەر بیەوێت سیاسەت بە تەواوەتى ڕەت نەکاتەوە، چ مۆدێلێکى دیکە بۆ سیاسەت پێشنیار دەکات؟

قسەیەکى گشتى کە (تەقریبەن تووتیئاسا) لەبارەى وتارەکەى بەختیارەوە وترا ئەوەبوو کە ئەم وتارە ڕەشبینانە و نائومێدکەرە. نائومێدە لە گۆڕان و خەبات و ڕزگارى. ئەگەرچى دروستە کە بەگشتى ڕوانینەکانى بەختیار ئومێدى زۆر و مزگێنى گەورەیان تێدا نییە، لاموایە ئەمە لەبرى ئەوەى خاڵێکى نەرێنى بێت، خاڵێکى ئەرێنییە، چونکە نیشانەى حزورى فیکرە. فیکر مزگێنى گەورە نادات، ئەوە بە خەڵک ناڵێت کە ئەیانەوێت بیبیستن، پتر فەنتازیایان دەشێوێنێت، هەواڵە ناخۆشەکانیان پێدەدات. وێڕاى ئەمەیش بەشبەحاڵى خۆم لەم وتارەدا وەک هەموو بەرهەمەکانى دیکەى بەختیار، هیچ پەیامێکى ئاشکرا و شاراوەى لەو جۆرەم نەبینى کە بڵێت: “هیچ نەگۆڕاوە و هیچ ناگۆڕێت”، “فاشیزم هات بڕۆن بۆ ماڵەوە”، “یەکێتى و پارتى هەر دەسەڵاتدارن و دانیشن بەخێر”، “مەحاڵە لە سیستەم دەرچین”. کتێبى “سێوى سێیەم” هەوڵێکى تیۆریی ڕادیکاڵە بۆ پیشاندانى ئیمکانەکانى دەرچوون لە سیستەم و هەر لەم کتێبەیشەوە وشەى “سیستەم” بەو چڕوپڕییە هاتە نێو ئێمەوە. هەرکەس نکوڵى لەم هەقیقەتە بکات مەرامێکى دیکەى هەیە. کاتێک بەختیار بەوە تۆمەتبار بکرێت کە ڕەشبینە و بێ ئومێدە لەوەى لە سیستەم دەرچین، ئەوا یان ئەم کتێبەى نەخوێندۆتەوە، یانیش بە مەبەست دەیەوێت ئەم کارەى بەختیار فەرامۆش بکات. بەو حاڵەیش من پێموایە دەبوو بەختیار لە کارەکانى دواتریدا، بە ڕاستکردنەوە و دەستکارییەوە، تێزەکانى نێو کتێبى “سێوى سێیەم”ى پەرەپێبدایە و فراوانترى بکردنایە، واتە پرسیارە سەرەکییەکەى خۆى “ئایا دەشێت لە سیستەم دەربچین”؟

ئێواره‌ی دوانزه‌ی مارس 2017 له‌ماڵی كولتوری و مۆزه‌خانه‌ی (بورگ هاوس) له‌ هامستێد – له‌نده‌ن، دیداری ڕۆمانه‌كه‌ی (به‌ختیار عه‌لی) نوسه‌ر بوو به‌زمانی ئینگلیزی. ڕۆمانی (من له‌شه‌وگاری شار ڕامام)‌

وتارى “لەم ساتەوەختە مێژووییە گرنگەدا” ئەوەندەى دیاگنۆسبوو ئەوەندە حوکم و حەسمى مەسەلەیەک نەبوو. ئێمە خۆمان لە مەسەلەى دیاگنۆس گێل کردووە و وا دەزانین بە حوکم ڕزگار دەبین. بەڵام بە بێ دیاگنۆس و دەستنیشانکردنى وردى شتەکان، بە بێ بینینى شێوازى ئیشکردنى دەسەڵات و سیستەم، بە بی بینینى ڕەهەندەکانى پشتەوەى ناسیۆنالیزم، بە بێ دیاریکردنى مێژووى نزیک و بگرە دوورى شێوازى ئیشکردنى میکانیزم و ماشێنە فاشیستییەکان، بە بێ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ململانێ ساختەکان، ئینجا بە بێ بینینى درزەکان و هێڵەکانى هەڵهاتن و هیتر، ناتوانین حوکمى دروستیش بدەین.

لاى ئاڵتۆسێر فەلسەفە پێویستە تەفسیرى دنیا بکات بۆ ئەوەى بتوانێت بشیگۆڕێت، بۆ فۆکۆیش فەلسەفە پێش هەموو شتێک دیاگنۆسکردنە. مەگەر “هۆمۆساکەر” و “دۆخى ئاوارتە”ى ئاگامبێن شتێکى ترن جگە لە دیاگنۆس؟ دیاگنۆس بۆ خۆى کردەیەکى بێلایەن نییە، لەنێو دیاگنۆسدا حوکمى شاراوە و بگرە ئاشکرایش هەیە. شێوازى دیاگنۆسکردن دیارە کە دەیەوێت چ حوکمێک بدات. کاتێک ئاگامبێن باس لە هۆمۆساکەر دەکات و بوونى مێژوویى و هاوچەرخى هۆمۆساکەر و دۆخى کەمپ دیاریى دەکات، ئەمە بۆ ئەوەیە ڕەتیشى بکاتەوە. ئەمەیە گرنگى دوولایەنەى دیاگنۆسکردن. ئێستا ئەو بۆچوونە بڵاودەکرێتەوە ئەگەر هەر پۆستێکى فەیسبووکیش بنووسیت و لە خوارەوە نەنووسیت تاکە ڕێگاچارەى ڕزگارى کۆمۆنیزمە ئیدى تۆ بەدیلت نەخستۆتەڕوو، کەوایە بۆرژوازیت. ئەمە یەکێکە لە دەردە گەشەکردووەکانى فاشیزمى نێو فەزاى مەجازى. بە هەرحاڵ، ئومێد و نائومێدى دوو دۆخى دەروونى تەواو سوبێکتیڤ نین، هەر بەو جۆرەى کە تەواو ئوبێکتیڤیش نین.

تاریکى هەرچەندە ڕەشیش بێت ئەبێت بووترێت، بەڵام ئەبێت ڕێک لەم تاریکییەدا بەدواى تیشکەهێڵ و خاڵى ڕووناکدا بگەڕێین. ئەرکى ڕۆشنبیر و بیرمەند چاوبڕینە لە تاریکایى شەو بۆ گەڕان بەدواى ئیمکانى ڕووناکیدا، نەک بە ئاسۆیەکى ڕووناک سەرمەست ببێت. مەرج نییە ڕوناکى گەورە ببینین، بەڵام گرنگ ئەوەیە بەدواى تیشکێکدا بگەڕێین کە دڕ بە شەو بدات و درزێک لەنێو پەکپارچەیى تاریکییەکەیدا دروست بکات. با بە وشەیتر ئایدیاکە دەرببڕین. دۆخى ئوبێکتى دەشێت زۆر نائومێدکەر بێت، بەڵام ئەوەى نائومێدى کامڵ دەکات نائومێدى سوبێکتیڤە. بە دیوێکى دیکەیشدا، گەر دۆخە ئوبێکتییەکە تەواو نائومێدکەر بێت و سوبێکتیش ئومێدى زۆر گەورە هەڵبچنێت، ئەمە تەنیا گەمژەییە.

دیسانیش بە دیوێکى تردا، گەر دۆخە ئوبێکتییەکە ئیمکان و ئاسۆى تێدا بێت و سوبێکت حزورى نەبێت کەواتە دەبێت بزانین ئەوە چییە سوبێکتى پەک خستووە. بە کورتى مەسەلەى سوبێکت و ئوبێکتیش زۆر جێگیر نییە و پەیوەندییەکى پێچاوپێچیان لەگەڵ یەکدا هەیە نەک ڕاستەوانە و پێچەوانە. ئێستا کە وەحشییەتى سەرمایەداری بۆ ئاستێکى مەترسیدار هەڵکشاوە، بۆچى ئەو سوبێکتە حزورى نییە کە دەبێت بەر بەم وەحشیەتە بگرێت؟ ئەم پرسیارە لە ناوەڕاستى سەدەى بیستەمەوە لە گوێى چەپە ئەرسۆدۆکسەکاندا زۆر خۆشەویست نییە. هەڵچنینى ئومێدى گەورە لەسەر سوبێکتى شۆڕشگێڕ، یان گرەوکردن لەسەر ئاسۆى گەش و ڕووناک، لەسەر پاشەڕۆژ و داهاتوویەکى بەختەوەرانە، بە بێ بینینى دروستى تاریکییەکانى ئێستا، تەنیا خەیاڵپڵاوییە.

ئاگامبێن

ئاسۆ مەرج نییە هەمیشە دیار بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە بەدواى نیشانەکانیدا بگەڕێین. ڕوانین لە ئێستا لەوێدا گرنگە چاودێریى نیشانەکان، ئاماژەکان، ئاسۆکان بکەین، جارى وایش هەیە ئاسۆ لەناکاو دەردەکەوێت، لە ڕووداوێکى پێشبینینەکراو و چاوەڕواننەکراودا، لە نێو مێژوو خۆیدا نا، بەڵکو لە نێو کەلێنى مێژوودا. ئەمە دەرفەت و هەلێکە کە جارى واهەیە “نائاگایى مێژوو” (ئەگەر ئەم دەربڕینە بگونجێت) دەیخاتە بەردەممان و بۆ ساتێک ئەدرەوشێتەوە، شتێک دەگۆڕێت، دابڕانێک لەگەڵ پێش خۆى دروست دەکات و ئیدى دەڕوات، بەڵام زایەڵە و زەمین لەرزە لەدواى خۆى جێدەهێڵێت. ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان “ڕووداو”ە، بە مانا دێریدایى، دۆلۆزى و بگرە بادیۆییەکەیشی. ئومێد ئاوا جۆرێکە لە شەڕى عەساب و کۆششى بەردەوام بۆ دۆزینەوەى ئاسۆ، لە جێیەکى دیکەیشدا وتوومە مەرج نییە ئاسۆ هەمیشە دیار بێت، ئاسۆ دەبێت بە بێ مژدەى درۆنانە بدۆزرێتەوە. “مژدە” جۆرێکە لە ژێست، ژێستیش زۆرجار زەبرى خۆى لەسەر واقیع دروست دەکات، کەواتە پێویستى بەوە نییە درۆزنانە بێت؛ ژێستەکان خۆیان نە ڕاستن نە درۆ، جارى وا هەیە دەبنە واقیع و زۆرجاریش دەکەون و شکست دێنن. بگرە بەشێکى زۆرى ژێستە ڕاستەقینەکانیش هەرەس دێنن، یان بە قەولى هەڵوێستگەراکان ”ژێستە هەرە ڕادیکاڵەکانیش ساڕێژ دەکرێنەوە”.

ساڕێژکردنەوە هاوماناى لەمەترسیخستنە، هەر بەو جۆرەى کە برینێک یان دەردێک لە مەترسى دەخەیت. بۆ نموونە سەرمایەداریى دەتوانێت مژدەى جیهانێکى باشتر بگۆڕێت بۆ مژدەى کاڵایەکى نوێ کە دەشێت ژیانمان بگۆڕێت. ئومێدیش هەر بەو جۆرەیە، مەرج نییە ئەوەى ئومێدى هەبێت ڕادیکاڵ بێت و ئەوەیشى لە دۆخێکدا بێ ئومێد بێت پاسیڤ بێت. ئەم تێگەیشتنە یەکدیوو و سەتحییانە بۆ خۆى دژ بە ڕادیکاڵیزمە، ڕادیکاڵیزمیش بە دەقیقى هاوماناى شۆڕش نییە، بەڵکو هاوماناى بەرەنگارییە هەر لە نێو زمان و ئەکتى بچووکى ڕۆژانەوە هەتا دەگات بە ئاستە گەورە و یونیڤێرسالەکان. لەلایەکى دیکەیشەوە، نائومێدى لە ترۆپکى خۆیدا پەیوەست نییە بەو دۆخە “خراپ”ـەوە کە لە ئارادایە؛ ئەوەى دۆخى خراپ “خراپتر” دەکات غیابى ئاسۆ و نەبوونى نیشانەى دەرچوون و تێپەڕاندنە، بەڵام خراپترین ئەوەیە کە وازبهێنین و چیتر بەدواى ئاسۆ و ئیمکاندا نەگەڕێین.

ئەمە بازنەى نائومێدى دادەخات. هێشتا دەتوانین کێشەکە تا دوایین سنوورى خۆى ڕابکێشین و بپرسین: ئاخۆ دەشێت “نائومێدى” خۆى نەبێتەوە بە تیرێکى ڕادیکاڵ بۆ سەر دڵى دۆخە نائومێدکەرەکە؟ ئایا تا لە دۆخێکیش تەواو بێ ئومێد نەبین بوێرى ئەوەمان دەبێت بیگۆڕین؟ ڕیفۆرمیستەکان پێیانوایە دۆخى ئێستا “هەڵە و کەموکورتى” هەیە، بۆیە دەتوانین باشتر و کامڵترى بکەین. لە ڕاستیدا بۆ چەپ یان کەسێک کە بانگەشەى گۆڕینى دۆخێک بکات، دەبێت نائومێدیى بگەیەنێتە ترۆپکى خۆى، بە ڕوونى بڵێت کە هیچ ئەگەرێکى باشبوون، ڕیفۆرمکردن نەماوە، هەموو شتێک بە بنبەست گەیشتووە، هیچ ڕێگایەکتان لەپێش نەماوە، ئۆپۆزسیۆن و ئەوەى خۆیشى بە ئۆپۆزسیۆنى چەپ دەزانێت هەموویان شکستیان هێناوە.

كاریكاتێر ماركس له‌سه‌ر شانی كرێكاران ..

مارکس خۆى لە نامەیەکیدا کە لە ساڵى  1843دا بۆ ڕۆگى ناردووە، دەنووسێت: ”… ئەگەر نامەوێت لەمە بێ ئومێدبم، ئەوا تەنیا لەبەرئەوەیە کە ئەم دۆخە نائومێدکەرە پڕم دەکات لە هیوا”. ئاگامبێن لە چەند چاوپێکەوتنێکیدا ئەم قسەیەى مارکس بە نموونە دێنێتەوە و باس لەوە دەکات کە ڕەشبینى و گەشبینیى خۆیان پەیوەندییەکى ئەوتۆیان بە فیکرەوە نییە، بەڵام لە ئاستێکى قووڵتردا فیکرى ڕادیکاڵ هەمیشە پشتیوانیى لە هەڵوێستە هەرە نائومێدکەرەکان دەکات دژ بە ئومێدە وەهمییەکان، لێرەدا وتەیەکى سیمۆن ڤایل دێنێتەوە کە دەڵێت: ”ئەو کەسانەم خۆشناوێت وا دڵیان پڕە لە ئومێدى بەتاڵ”. بەم مانایە نائومێدى جوڵێنەرى فیکرە کە بەلاى ئاگامبێنەوە تەنیا یەک ماناى هەیە: “بوێرى”؛ بۆیە ئاگامبێن لە ڕستەیەکى زۆر سەرنجڕاکێشدا دەڵێت: ”بەلاى منەوە بیرکردنەوە تەنیا بوێرییە بۆ بێهیوایی”.  

پێموایە نائومێدیى بەختیار لەم جۆرەیە، ئەوەى کە دەیەوێت “خەڵک” بێتەوە سەر شانۆ، بۆ نێو سیاسەت و ناڕەزایەتى، خەڵکیش نایەتەوە سەر شانۆ هەتا لە سەرجەمى نوێنەرەکانى نائومێد نەبێت، خەڵکى سیاسى نابنەوە هەتا لە فەزاى سیاسییە باوەکە خۆیان ڕزگار نەکەن، هاتنە دەرەوە لەو فەزا سیاسییە بۆ خۆى کردەیەکى سیاسییە. هەروەها نائومێدى جۆرێکە لە تەکتیکى ئیستیفزایش (provocation) ئیتسفزاز کەرەستەیەکى بەرەنگارییە و پێشتریش هەندێ لە بزووتنەوە یاخی و دژەباوەکانى نیوەى دووەمى سەدەى بیست بەکاریان هێناوە. تەکنیکەکە سادەیە، تووڕەکردن و وروژاندن، جۆشپێدان و پاڵنانى سوبێکت بە ئاراستەیەکى پێچەوانەدا، وەکو کێشانى تۆپێکى چکۆلەیە بە دیوارێکدا کە بەرەوڕووى خۆت هەڵدەگەڕێتەوە. “تۆ ئازاد نیت”، “تۆ کۆیلەیت”، “تۆ ناتوانى لە دەستى گەورەکانت خۆت ڕزگاربکەیت”، “تۆ لەنێو کاڵادا نغرۆیت”، “تۆ دیسپلینکراویت” و ..هتد. ئەم جۆرە تەکنیکە بۆ ئەوە نییە بڵێین تۆ ئازاد نیت ئیتر هەر ئازاد مەبە و قەدەرتە تا ئەبەد ئازاد نەبیت؛ بەڵکو تاقکردنەوەیەکى هێزى سوبێکتە بۆ یاخیبوون: یەکەم، لەوەى کە پێیى دەڵێت تۆ ئازاد نیت. دووەم، لەوەى کە نەیهێشتووە ئازاد بێت. ئیستیفزاز تەکنیکێکى ئێجگار گەورە نییە کە بە تەنیا ئیش بکات، بەڵکو تەنیا یەکێکە لە تەکنیکەکانى بەرەنگارى کە دەشێت لە هەندێ شوێن و کاتدا کاریگەریى خۆى دابنێت، لەبەرئەمەیە بۆدریار لە نووسینەکانیدا هەمیشە وەک کەرەستەیەکى بریندارکردن پەناى بۆ دەبات، بەڵام بەدحاڵیبوونى زۆریشى لە نووسینەکانى ئەو فەیلەسوفە دروست کردووە.

بە دیوێکى دیکەدا، توندوتیژیش شاکەرەستەى گۆڕانکارى نییە، دەشێت سەدان ساڵ تووندوتیژى هەبێت و هیچیش نەگۆڕێت جگە لە تەکنیک و گوتارە هەڵگرەکانى خودى توندوتیژى. بەڵام کردنى تووندوتیژى بە کەرەستەى گۆڕان ئەو مەترسییەیش بەدواى خۆیدا دەهێنێت کە دەشێت هەموو شتێک بگۆڕێت تەنیا توندوتیژى خۆى بە جێگیرى بمێنێتەوە.

بەدەربڕینێکى تر؛ کاتێک توندوتیژى وەک ئامرازى هەرە سەرەکى گۆڕان بەکاردەهێنرێت، دەشێت هەر توندوتیژیش بکرێتە ئامرازى هەرە سەرەکى جێگیرکردن و هێشتنەوەى دۆخى دواى گۆڕانکارى و درێژەدان بە بارودۆخی هه‌بوو. ئەمە بە تایبەتى بۆ دەوڵەتە تۆتالیتار و بەشۆڕشهاتووەکان دروستە. لە ڕاستیدا سەرمایەدارییش بە تەواوەتى دەستى لە توندوتیژى نەبۆتەوە، بەڵام کەرەستەى زۆروزەبەندى دیکەیشى هەیە بۆ خۆ-هێشتنەوە. پێماندەڵێن؛ توندوتیژى بۆ چەپ کەرەستەیەکى ڕەوایە و لە کۆنتێکستى دیاریکراو و تایبەتى ئەوتۆدا بەکاردەهێنرێت کە بچێتە خزمەتى ئامانجە باڵاکانى شۆڕش و گۆڕانکارییەوە…هەڵبەت کە من هاوڕاى ئەوەم لە ڕووى تیۆرییەوە توندوتیژى بە یەکجار ڕاست و چەوتى بەسەردا نەهێنرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا لە هەندێ کۆنتێکستى زۆر دیاریکراودا بە بێ ئەوەى ببێتە لادان و سەربکێشێ بۆ توندوتیژى بەردەوام، تووندوتیژى بەکاربهێنرێت. بەڵام ئەم کۆنتێسکت و بارودۆخانە چۆن دیاریى دەکرێن و کێ دیارییان دەکات؟ (ئایا کوشتنى دڕندانەى ترۆتسکى لەلایەن “هاوڕێ ستالین”ـەوە لە پێناو چ ئامانجێکدا بوو؟)

 

ڕووسیا – سۆڤیه‌تی جاران – سه‌ربازگه‌ ترسناكه‌كانی ستالین – ناسراو به‌ گولاگ – كاتی مردوو ناشتنی برسیه‌ك  ١٩٣٦ – Ati – magazine

 

دەمەوێت تێزەکە نەختێ درێژتریش بکەمەوە. لە سیاقى مێژوویى و کۆمەڵایەتى و سیاسى ئێمەدا کە تووندوتیژى، هەر لە ئاستى بچووکەوە هەتا ئاستى بەرز، ئامرازێکى خۆشەویست و دڵخوازە و زەمینەى بەپیتى هەمیشەیى بۆ تەشەنەسەندنى زیاترى هەیە، ئایا تووندوتیژى دەشێت لە چوارچێوەى بەکارهێنانێکى تایبەت و سنووردار, ڕەوا و بێ گوناهدا بمێنێتەوە؟ ئەم پرسیارانە پێویستیان بە وەڵام و بەدواداچوونى جددى هەیە، بەڵام لێرەدا دەتوانم تەنیا ئەوەندە بڵێم تیۆریزەکردنى تووندوتیژى بە پاساو و بیانووى جۆراوجۆر، بە بێ ڕەچاوکردنى ئەو زەمینە هەمەلایەنە گونجاوانەى کە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا هەیە بۆ سادیزم و چێژوەرگرتن لە تووندوتیژى، بۆ درێژەدان بە تووندوتیژى و چارەسەرکردنى تووندوتیژى بە تووندوتیژى، بۆ تووندوتیژى فاشیستى و ئۆرگازمى تووندوتیژى، بە بێ ڕەچاوکردنى ئەم سیاقەى کە تووندوتیژى لە هەموو شتێک خێراتر تێیدا گەشە دەکات، ئەوا ئەمە هەڵەیەکى فیکرى و ئەخلاقى ئێجگار گەورە و نابەرپرسانەیە. ئەوەى داعش دەیکات تەنیا بەکارهێنانى توندوتیژى نییە، بەڵکو داهێنانە لە تووندوتیژیدا، هەوڵە بۆ گەیاندنى تووندوتیژى بە دوایین ڕادە و ترسناکترین ڕادەى خۆى، هەوڵە بۆ ڕەحەتبوون بە تووندوتیژى، هەر لەبەرئەمەیش داعش تا ئەوڕادەیە سێکس و تووندوتیژى تێکەڵ بەیەکتر کردووە. بە زمانى لاکان بدوێین، ئەمە هەوڵە بۆ گرتنى ڕیاڵ. ئەم تووندوتیژییە سێکسیستییەى داعش بێزەمینە و باکگراوندى مێژوویى، بێ ئامادەسازیى کۆمەڵایەتى و سیاسى و دەروونى نیە، بەڵام ئارەزووى فاشیستیشە بۆ تووندوتیژى. چ هێزێک دەتوانێت تووندوتیژى شاکەرەستەى بێت و خۆیشى پاکژ بهێڵێتەوە؟ باشە پاکژ نا، بەڵام چ هێزێک دەتوانێت جڵەوى تووندوتیژى بکات و تەنیا و تەنیا بیخاتە خزمەت ئامانجێکى مرۆیى باڵاوە و ئەگەریش لێرە و لەوێ کەسێک زێدەڕەوى بکات، یان لەڕێ دەرچوونێک هەبێت هەر زوو کۆنترۆڵى بکات و بیهێنێتەوە سەر ڕاستەڕێ؟

فیلیکس گواتارى دەیگوت یەکێک لە هۆکارەکانى گەشەکردنى فاشیزم ئەوەیە هەندی گروپ و هێز هەبن بە دەروون و میزاجێکى ئاسوودەوە وا بزانن بە ڕەهایى دوور لە فاشیزمن. بە تایبەتیش گروپە خەباتکارەکان وا دەزانن کە خەباتیان کرد ئیدى ئۆتۆماتیکى ئەوان نەک فاشیست نین بەڵکو تەواو دژ بە فاشیزمن. لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا بانگەشەى دژە فاشیستییە.

لێرەدا بە زەقى دەیڵێم کە مەرج نییە لە فەزایەکى فاشیستیدا هەمووان فاشیست بن، بەڵام هەمووان ئەگەرى “بەفاشیستبوون”ـیان هەیە ئەگەر بێتوو بەشێوەیەکى جددى بەشێک لە خەباتى خۆیان ئاراستەى خودى فاشیزم نەکەن. خەباتیش دژ بە فاشیزم بەوە نابێت یەکسەر بڵێیت لیبراڵیزم فاشیستە، کەواتە ئۆتۆماتیکى مارکسیزم فاشیست نییە، ڕاست فاشیستە، بە ڕەهایى چەپ فاشیست نییە. من وەکو کەسێکى چەپ لێرەدا دانى پێدا دەنێم چەندە لە فاشیزمى ڕاست دەترسم و دژى دەوەستمەوە، هێندەیش ترسم لە فاشیزمى چەپ هەیە و دژى دەوەستمەوە. فاشیزم لە ئاستى ماکرۆدا سیفەتى دەوڵەتە و دەشێت دەوڵەتێک بە تەواوى فاشیست بێت و دواتریش ڕووبەڕووى چارەنووسى خۆى ببێتەوە. بەڵام فاشیزم لە ئاستى میکرۆدا خاسیەتى گروپە چکۆلەکان و مەزهەبەکان و گوتارە وردەکانە کە بە زۆرى لەنێو خۆیاندا بەریەک دەکەون. خەبات چونکە بە ناوى ستەملێکراوان و چەوسێنراوانەیە، یان لەپێناو دۆزێکى ڕەوادایە، جارى وا هەیە لە زێدەڕەویدا (بە ئاگا و بێ ئاگا) سەریکێشاوە بۆ فاشیزم.

لەمڕۆدا لە کوردستاندا فیکرى چەپ بەشێوەیەکى پەرتوبڵاو و بێ شیرازە، لە ئاستى زاراوە و قسەدا و بە تایبەتیش لەنێو بەشێکى کەم لە نەوەى گەنجدا، بە کاڵوکرچى گەشەى کردووە. گەنج وزەیەکە دەبێت هەمیشە ئومێدمان پێى هەبێت، بەڵام قۆستنەوە و بەکارهێنانى ئەم وزەیە بە ئاقارێکى فاشیستیدا و ڕێک بە ناوى چەپیشەوە، سەرەنجام بۆ خۆى دەبێتە نائومێدییەکى دیکە بۆ گەنجان. گەنج لە ئێستاى کوردستاندا وزەیەکى زۆر پڕ جموجوڵ نییە، زانکۆ کە بەشى هەرە زۆرى وزەى گەنجى تێدا کۆبۆتەوە بۆتە دەزگایەکى پاسیڤ و بێ مەترسى، بەشێکى زۆرى گەنج لەنێو کولتوورى بەرخۆى، خۆپەرستى، نێرگەلەکێشان، سناپ چات، لەشجوانى، جوانکاری و گاڵتەجاڕیی ناڕادیکاڵدا غەرق بوون. لەگەڵ ئەمەیشدا هێشتا لەمانە نائومێدنین، چونکە هێشتا هەر ماتەوزەن، پۆتێنشیەڵى نووستوون و دەشێت لە ساتێکى پێشبینینەکراودا وزەیان بتەقێتەوە و سەرنجیان لەسەر مۆبایلەکان و ئینستاگرامەکەیان لاببەن و ئاراستەى جێگایەکى دیکەى بکەن، دەستەکانیان لە کیبۆردى چات هەڵبگرن و بیکەنە کەرەستەى نووسینى بەیاننامە و ناڕەزایەتى و بەردتەقاندن، بەڵام نابێت زۆریش خۆشخەیاڵ بین.

بەشێکى دیکەى گەنجان ڕێگاى کۆچ و جێهێشتنیان گرتۆتەبەر و دەیانەوێت بە هەر نرخێک بووە لەم کۆمەڵگەیە دەرباز ببن، بەمەیش بەشێک لە وزەى گەنج فیرار دەکات و دەڕوات. ئەم کۆچە هێشتا دەیتوانى پۆزەتیڤ بێت ئەگەر لە وڵاتى دووەم ببوایەتەوە بە کەرەستەى بەرەنگارى، هەم دژ بە سیستەمى جیهانى و هەم دژ بە دەسەڵاتى لۆکاڵییش لە نیشتمان. بەڵام لە جیاتى ئەوەى هەڵەکان لە وڵاتى دووەم بقۆزرێنەوە و پەنابەران ببنە سوبێکتى بەرەنگار، هەر زوو یان لەگەڵ کۆمەڵگە نوێیەکەیاندا ئاوێزان دەبن و دەتوێنەوە، لەگەڵ ئەواندا خۆیان هاوشوناس دەکەن و سیفەتى غەریبەیى لە خۆیان دادەماڵن، یانیش دەبنەوە نیشتمانپەروەر و ناسیۆنالیستەکەى جاران و فرمێسک بۆ خاکى باوباپیرانیان دەڕێژن و لە کۆبوونەوەیەکى وەک ئەوەى “کۆڵن”ى ئەڵمانیایشدا هەزارانیان کۆدەبنەوە بۆ پشتگیریکردن لە ڕیفراندۆمەکەى کوردستان. کەچى لەو هەزاران کەسە دە وەرگێڕى باشیان تێدا هەڵناکەوێ بۆ وەرگێڕانى بەرهەمى نووسەرە کوردەکان بۆ سەر زمانە ڕۆژئاواییەکان (بەشێک لەم گەنجانە هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەى وڵات جێ بهێڵن، ژینگەکەى پیس دەکەن، خاک بە نەفرەت دەکەن، خۆیان بە ئاو و ئاگردا دەدەن، بەڵام کە دەچنە ئەوێ ئینجا هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەى کوردایەتى و نیشتمانپەروەرى خۆیان دووپات بکەنەوە).

بەشێکى دیکەى گەنجان لەم دواییانەدا ئەوانەن کە بە پەرتوبڵاوى و بێ خوێندنەوە و قووڵبوونەوەى تیۆرى و بە بێ بەرچاوڕوونى پێویست خۆیان بە چەپ و مارکسیست لە قەڵەمدەدەن. دیارە چەپبوون پێویستى بەوە نییە ببیتە مشکى نێو کتێب، بەڵام ئەگەر ببیتە مشکى نێو کتێب و چەپیش بیت ئەوا دەتوانیت تێز و تیۆرەکان ڕوونتر ببینیت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو گەنجانەى کە دەیانەوێت لەسەر چەپ حیساب بن و نایشیانەوێ بخوێننەوە، یان دەرفەتى ئەوەیان نییە خۆیان قووڵ ببنەوە، یان کار و هەلومەرجى ژیان ڕێیان نادات خۆیان بەدواداچوون بکەن، ئەوا هیچ نەبێت ڕووبەڕووى ئەو بەرپرسیارێتییە دەبنەوە کە نەبنە باشکاتب و مورید، نەبنە ماشێنى جنێودان و تۆمەتبارکردن، نەبنە ڕۆبۆتى قسەکردن و ڕسواکردن. ئەوان دەتوانن لە ژیانیاندا چەپ بن، لە ڕوانینیان و هاوسۆزى و ڕیزبەندیى جیهاندا چەپ بن. چەپبوون پێویستى بە زانینى شتى زۆر نییە، تەنیا شێوازى ڕوانینە لە جیهان. ژیل دۆلۆز چەپ و ڕاست زۆر بە سادەیى، بەڵام زۆر بەقووڵى دیاریى دەکات.

لاى دۆلۆز چەپبوون شێوازى حزب و دەوڵەت و حوکمڕانى نییە، بەڵکو ستایلى ژیانە و بوونە لە بەرەنگاریدا. چەپ بوون پەیوەنديى بە دەسەڵات و سەنتەرەوە نییە، بەڵکو پەیوەندى بە ئاسۆ و ڕیزبەندیى جیهانەوە هەیە. چەپ لەوسەرەوە، لە جیهانەوە دەست پێدەکات، ئەوەى پێش هەموو شتێک دەیبینیت جیهانە، پاشان کیشوەرەکەت، پاشان وڵاتەکەت، پاشان شارەکەت و ئینجا خۆت و ماڵەکەت. ڕاست بە پێچەوانەوە، تاکگەرایە و ڕیزبەندییەکەى لە خودەوە دەست پێدەکات: یەکەمجار خۆت و ماڵەکەت، ئینجا شارەکەت، وڵاتەکەت، کیشوەرەکەت، جیهان. ئەمە ماناى چەپ و ڕاستە، ئەوەى کە چى بەلامانەوە لە پێش هەمووانەوە گرنگە. ئیدى هەر ئامانج و ستراتیژ و تەکنیکێکى دیکەى چەپ بۆ گۆڕینى جیهان یان بەشێکى جیهان، یان دۆخ و فەزایەکى جیهان، بۆ خۆى پێویستە بە لەبەرچاوگرتنى ئەم دوو جۆرە هێڵە بڕوات بەڕێوە. گەر لە باکورى کورستان و لە بۆرما، لە ڕۆژهەڵاتى کورستان و لە سۆماڵ، یان لە هەر شوێنێکى دیکە مرۆڤەکان بەدەست دەسەڵاتەکانەوە گیرۆدەببن و بچەوسێنرێنەوە، سیستەمى جیهانى ڕێگە بدات و خۆى پارێزگاری لە دۆخى چەوساندنەوە بکات، ئەوا ئەرکى چەپ ئەوەیە بێتە دەنگ، دۆزەکە بە هى خۆى بزانێ، داکۆکى لێ بکات، دژ بە سیستەم و دەسەڵاتەکان بجوڵێتەوە، ناڕەزایەتى جۆشبدات, وا بکات هاوار و قیژەکان ببیسترێن و لە ڕابردوویشەوە بێنەوە، واتە بە قەولى بنیامین، مێژووى چەوساندنەوە بکاتەوە بە گژى حاکماندا.

ماویه‌تی – بۆ به‌شی چواره‌م

بۆ به‌شه‌كانی پێشوو ؛ فه‌رموون؛

 http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فه‌لسه‌فی/سندوق/the-left-and-fashism/

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.