وەک کات بەجێتهێشتم،
وەک شەو بەسەرمدا تێپەڕییت.
بیر لە پێڵاوەکانت دەکەمەوە،
کە چۆن بە دوودڵییەوە ڕێیان کرد.
شەستە بارانی بیرکردنەوە،
بەسەر کێڵگەی نیگەرانیمدا دادەکات.
ڕێگای بیرکردنەوەم لێ مەگرە،
بیرکردنەوە لە تۆ، هۆکاری زیندوومانەوەی منە.
یادەوەرییت مەنفایەک بوو،
تێیدا جێگیر نەبووم.
من، کە ئێستام لە ترسدا بێ،
ناترسم لە ئایندەدا چیم بەسەردێ!
کە ئەم هەموو بێئۆقرەییە بەسەرمدا ڕما بێ
چۆن ئەم کاژی مەراقە فڕێ بدەم؟! و دڵ
ئەم هەموو کەسە لە ژیان دەخۆن،
بۆیە هەست بە تەسکبوونەوەی ڕۆژەکانم دەکەم.
تکایە دابەشبن،
جێ پێی ئێوەیە دەچەقێتە بیناییم.
چاوەکانم دادەخەم،
تا جگە لە تۆ
کەسی تر نەبینم.
لە خۆمدا هەڵتدەکۆڵم
تا لە مندا ببیتە مێژوو.
یادەوەرییم مۆزەخانەیە،
تۆ بەنرخترینی تێیدا.
ناوت لە زمانمدا پێیگرت
کاتێک بانگت دەکەم،
بیرکردنەوە دەمبەزێنێت و دەگریم.
من ئەزانم ڕۆژەکان چەن پیرن
فێرم بکە گەنجانە بەنێویاندا تێبپەڕم.
تۆ نایبینیت چەند پیربوون دەستەکانم؟
نایبینیت هێندە کێشام بە ڕۆژەکانمدا
بەشی ئەوەم پێوە نەماوە بژییم.
هێندە شەو بەسەرمدا کەڵەکەی کردووە
ناتوانم سپێدەیەک بێدار ببمەوە.
پەنجەرەی ڕوو بە سپێدە بووم
تۆ بۆ هەمیشە ئاوا بووی.
وەک ددانێک کەوتی و
بۆشاییەکت بەجێ هێشت.
زمانم پڕ لە وشە بوو
گوێچکەکانت کەڕ کردبوون.
ناوت نیشتەجێی زمانم بوو
ڕۆیشتی و بوویت بە پەناهەندە.
بە هێواشی لە چاوەکانمەوە هاتی
بۆ هەمیشە لە یادەوەرییمدا مایتەوە.
قەرار وابێ کە تۆ نەیەیت،
باشتر وایە دەرگاکان قەت نەکرێنەوە.
پشتی دەرگای چاوەکانت
پڕبوون لە وێنەی تۆز لێ نیشتووی من
چاوەکانت داخست و
من بۆ هەمیشە لێت ونبووم.
گۆم بووم
بە خەیاڵی گەیشتن بە تۆ
بووم بە هەڵم.
نامەیەک بووم
لەم پۆستە بۆ ئەو پۆستە گواستمەوە و
نەگەیشتمە ماڵی تۆ.
گەر دەتەوێ ڕامبھێنی بە دیار نەبوونت،
ڕاهاتن بۆ شتگەلێکن کە نامانەوێ ڕووبدەن.
خوەشەکراوم بە ئازار
تۆیش چێژ لەوە دەبینیت ڕۆژەکانم دەماڵێنی و
لەسەری بنووی.
وەک ڕووبار ڕاکشاوم
ماندووێتییم لێدەڕوات.
بە زۆر بەردەوامی بە مانەوەم دەدەم
ئەمە خراپترین بوونە.
هەستەکەم زۆر زیاتر زیادەم.
ئەمەش ڕۆتینی مانەوەی منە.