فۆتۆ؛ Joram van Klaveren كه‌ ئه‌ستا بۆته‌ موسوڵمان

موسوڵمانبوون، وەکو بەزمێکی ئایدیۆلۆژی


Loading

د. ئیبراهیم مه‌لازاده‌

لەو سەردەمەی، کەبەسەردەمی گۆباڵ ناودەبرێت، ئاین گۆڕین یەکێکە لە دیاردە هەرەدیارەکانی کۆمەڵگا مرۆییەکانی ئەمڕۆ. ڕۆژانە خەڵك واز لەئاین دێنن، یاخود ئاینەکانیان دەگۆڕن بۆ ئاینێکی دیکە. ئەم دیاردەیە لەناو هەموو ئاینەکاندا دیار و زەقە، بەتایبەتیش لەکۆمەڵگه‌ ڕۆژئاواییەکان، بەحوکمی ئەوەی خەڵك ئازادن لەوەی (بێ – ئاین)  بن یا بچنە سەر هەر ئاینێك کە به‌دڵیان بێت. تائێرە، من بە دیاردەیەکی تەندروستی دەیبینم و ئاینداری و ئاینگۆڕین و بێئاینیش، بەشێکە لە تایبەتیەکانی مرۆڤ. بەڵام ئەوەی تەندروست نییە ئەو هەڵاوهۆریایەی کە هەر لەگەڵ ئەوەی کەسێکی ڕۆژئاوایی ڕایگەیاند کە بۆتە موسوڵمان، لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕۆژنامەکان فووی تێدەکرێت و وەکو پڕوپاگەندەیەك بەکار دەهێندرێت. پرسیاریش ئەوەیە ئایا ئەوە دیاردەیەکی تەندروستە، یاخود کۆمەڵێك سەرەداوی دیکەی هەن و پێویستی لەسەر ڕاوەستانە؟!

بەڵام بەر لەوەی بچمە ناو باسکردنی خودی ئەم دیاردەیەی سەرەوە، دەمەوێت ئاماژە بەدیاردەی (خۆبەکەمزانین بەرامبەر ڕۆژئاواییەکان)  بکەم، کە زۆر بەزەقی، وەکو ئافاتێك، لەکوردستان و لەتەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێیەمیش بەرچاو دەکەوێت و ڕۆژانە دەیبینین. ئەمەش لەخودی خۆیدا زۆر نیگەرانکەر و ترسناکە. بۆیە، هەر ئەو خۆبەکەمزانینە، دەکەم بە چوارچێوەیەك، بۆ ناسینەوەی هەموو دیاردەکانی دیکە، لەوانەش ئەو فووتێکردنەی کە لەلایەن هەندێك لە موسوڵمانەکانەوە دەیبینین، هەر جارێك کە ڕۆژئاواییەك، هەر باکگراوندێکی هەبێت، ڕایدەگەیەنێت کە بۆتە موسوڵمان.

دیارە دیاردەی خۆبەکەم زانین، هۆکاری سایکۆلۆژی زۆری هەن، بەڵام چونکە زۆرینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش موسوڵمانن، بەشی شێریان لەو خۆبەکەمزانینە بەر دەکەوێت. ئینجا، ئەوانە موسوڵمانی پابەند بەئیسلام یا ئیسلامی بن، یا چەپ، یا ناسیۆنالیست، یا هەڵگری هەر ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە بن، بەگشتی لەبەرامبەر ڕۆژئاواییەکان هەست بە خۆبەکەمزانین دەکەن. هەر لەچوارچێوەی ئەو خۆبەکەم زانینەشدا، کە دەنگۆی موسوڵمانبوونی کەسێك لە ڕۆژئاوا بڵاودەبێتەوە، هەندێك لە موسوڵمانەکان شاگەشکە دەبن و وەکو ئەوە وایە هەنگوینییان لەکلۆرەداران دیتبیتەوە. لەو ڕوانگەیەشەوە، گرنگە بەدوای هۆکارەکاندا بگەڕێین و بزانین خەڵك بۆ هێندە کەیفخۆش دەبن؟! ئایا هۆکارەکە هەر لەخۆشی زۆربوونی موسوڵمانانە، یاخود هۆکاری دیکەی هەن؟!

لەچوارچێوەی خۆبەکەمزانیندا، ڕەهەندێكی دیکەش هەیە، ئەویش زۆرجاران وەکو نموونەش ده‌یهێنینه‌وه‌ و دەڵێن؛ ئەها ئەگەر ئیسلام ڕاست نەبێت چۆن ڕۆژئاواییەك دەبێتە موسوڵمان؟ ئەمەش بەو مانایە دێت کە لەبنەڕەتدا ئەو باوەڕبوونەی ئەو جۆرە موسوڵمانانە، باوەڕبوونێکی ناسەقامگیر و لەرزۆکە. بەموسوڵمانبوونی ڕۆژئاواییەك، زیاتر متمانەی بەدینەکەی خۆی دەبێت و دەیکات بە جەمسەری سەقامگیری باوەڕی خۆی. بۆیە، کە ڕۆژئاواییەك دەبێتە موسوڵمان، هەر لەسەر بنەمای خۆبەکەمزانین، موسوڵمانبوونی ئەو ڕۆژئاواییانە لای ئەو بابایانە، دەبێتە بەڵگەیەك بۆ ڕاستی و دروست ئیسلام و هەناسەیەکی خۆش هەڵدەمژن، تاماوەیەك نانی پێوە دەخۆن. بۆیە، ئەم دڵخۆشبوونە، بێجگە لەوەی کە خەڵكێك دێتە ڕیزی گروپی ئەوان، بەشێکیشە لەنەبوونی متمانە بەخۆیان و بەئاینەکەشییان. کەواتە موسوڵمانبوونی ڕۆژئاواییەك، ئەو باڵانسە سایکۆلۆژیە بۆئەوانە دروست دەکات.

دیارە ئەو جۆرە کەسانە،  بێئاگان لەوەی کە ڕۆژئاواییەکانیش مرۆڤن و نەموسوڵمانبوونیان بەڵگەیە بۆ ڕاستی و دروستی ئیسلام، نە موسوڵمان -نەبوونیشیان بەڵگەیە لەسەر خراپی و ناڕاستی ئیسلام. ئەمە، بابەتێكی تەواو جیاواز و لێکدوورە. ئەوەتا ڕۆژانە خەڵك دەبنە مەسیحی و دەچنە سەر ئاینه‌كانی دیکەش. زۆرێك لە ڕۆژئاواییەكان دەبنە بودایی و سیخ و هیندۆز و سۆفی و تاد…بەڵام هیچ ڕوونادات و ناشبێتە هه‌واڵی  یەکەمی سەر ڕووپەڕی ئەو دیندارانەی سەر بەو دینانەن.

ئەوەتا زۆرێکیش لەو موسوڵمانانەی دەچنە ئەوروپا، بۆ ئیقامە وەرگرتن نەك هەر دینەکەیان دەگۆڕن، هەندێکیان خۆیان بە هۆمۆسێکسواڵ و بەشتی دیکەش دەناسێنن، بەڵام مەسیحییەکان نەبایان دێت و نەباران. ئەوان، بەبەرنامە هەوڵ دەدەن خەڵك ببێتە مەسیحی و خۆشیان سەغڵەت ناکەن. بەڵام کە کابرایەکی هۆڵەندی بەحیساب بۆتە موسوڵمان، دەبێتە خەبەری یەکەمی ڕۆژنامە عەرەبی و کوردییەکان. ئەو خەڵکەش بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بۆ مۆتیڤ و هۆکارەکانی ئەو جۆرە کەسانە بخەنە ڕوو، بەئاسانی و بەمستە ئاوێك دەکەونە مەلەوانی.

بەکورتی؛ ئەو کابرایە یۆرام ڤان کلاڤێرن (Joram Van Klaveren)، کە پێشتر لە لە ٢٠١٠ تا ٢٠١٤ لە ڕیزی حیزبی ئازادی هۆڵەندی (PVV) بوو، کە حیزبێكی ڕاستڕەوی ڕەگەزپەرستە و لەلایەن زۆربەی هۆڵەندییەکان بێزراوە، سەرۆکەکەی خێرت ویڵدەرس (Geert Wilders) ڕۆژانە پەلاماری موسوڵمانەکانی هۆڵەندا و پەنابەران دەدات، داوا دەکات قورئان لەهۆڵەندا قەدەغەبکرێت، چونکە پێی وایە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کتێبی خەباتم یا جەنگەکانم (mein Kampf)ی ئەدۆڵف هیتلەردا نییە. پاشان ۆرام ڤان کلاڤێرن، کەوتە کێشە لەگەڵ سەرۆکەکەی، بۆیە حیزبێكی دیکەی پێك هێنا بەناوی بۆهۆڵەندا (For Netherlands)، بەڵام لە هەڵبژاردنی گشتی ٢٠١٧ی هۆڵەندادا، لەبەرامبەر خێرت ویڵدەرسدا شکستی هێنا و ئەمەش بووە داخێكی گەورە لەدڵی ئەو پیاوەدا، چونکە وایدەزانی سەرۆکەکەی پێشووی دەبەزێنێت. دیارە کە یۆرام لەتوندڕەویدا هیچی لە خێرت ویڵدەرس کەمتر نییە، چونکە هەر ئەو بوو تادوێنێ دەیگوت (ئیسلام درۆیەکی گەورەیە)، یا (قورئان ژەهرە). ئێستاش، جەنگەکە لەنێوان ئەوانەدا خۆشتر بووە، ئەوەتا هەر دوێنێ خێرت ویڵدەرس لەتویتێکدا، کەوێنەکەی لەخوارەوە داندراوە، دەڵێت: بۆ هەموو ئەوانەی هەڵگەڕاونەتەوە؛ باش بیخوێننەوە: (ئیسلام درۆیە، موحەمەد تاوانبارە و قورئان ژەهرە). لێرەوەڕا، دیارە کە یۆرام لەجەنگ دایە لەگەڵ سەرۆکەکەی پێشووی و ئیسلامبوونی خۆی کردووە بە چەکێك لەدژی سەرۆکەکەی خۆی. لەو دوڕیانەشدا دەگەینە ئەو ئەنجامانەی خوارەوە.

یەکەم: یۆرام، بەو هەڵوێستەی خۆی؛ خێرت ویڵدەرسی هاوڕێی گیانی بەگیانی دوێنێی خۆی تۆقاندووە. چونکە دەزانێت تەنها بەو ڕاگەیاندنە نەبێت نایتۆقێنێت. به‌م پێیه‌ش یۆرام، ئیسلام بۆخۆی دەکاتە قەڵغانێك لەدژی سەرۆکەکەی و بەکاریدێنێت.

دووەم: بەو موسوڵمانبوونەی، زۆرێك لە موسوڵمانە مەغریبی و تورکەکان لەهۆڵەندا لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە دەبنە پشتیوانی و بەرەی خۆی بەهێزتر دەکات. واتە نەك هەر ئیسلام بەکاردێنێت، بەڵکو موسوڵمانەکانیش دەکاتە قەڵغانێك بۆخۆی.

سێیەم: یۆرام، دەیەوێت بەجۆرێكی دیکە بگاتەوە پەرلەمان. ئەوجا ئەگەر بەتەنها موسوڵمانەکان لەهۆڵەندا دەنگی بۆ بدەن، ئەوا بەئاسانی دەچێتەوە پەرلەمان و شەڕی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ خێرت ویڵدەرسی هاوڕێی دوێنێ بەهێزترەوە دەست پێدەکات.

چوارەم: ئەو جۆرە توندڕەوانە، لەخودی خۆیاندا نەخۆشن. یان بەدوای شۆرەت و ناوبانگدا دەگەڕێن. بۆیە هێندەی قسە لەسەر کەسایەتییەکەیان دەکرێت، هێندە لەسەر بیروباوەڕەکەیان ناکرێت.

دوێنێ لەگەڵ برادەرێكی هۆڵەندی قسەم دەکرد و باسی ئەو بابەتەمان کرد، گوتی؛ (ئەوانە، وەکو سەرۆکەکەیان، مرۆڤی دەروون نەخۆشن، موڵکی هیچ ئایدیۆلۆژیایەك نین تانها هی خۆیان نەبێت، بۆیە هیچییان لەلایەن هۆڵەندییەکان بابەت نین).

پێنجەم: ئەو گروپەی خێرت ویڵدەرس لەلایەن زۆرینەی هۆڵەندییەکانەوە، گروپێکی بێزراون و حەز بە توندڕەوی ناکەن. وەها کەسێکی توندڕەوی وەکو یۆرام، لەپڕ لەوپەڕی توندڕەوییەوە، دەچێت خۆی بە موسوڵمان دەناسێنێت، ئەمە بۆ موسوڵمانەکان و بۆئیسلامیش خاڵێكی گەش نییە، چونکە یۆرام لەخودی خۆیدا کەسێکی بێزراو بووە لەناو هۆڵەندییەکان. بۆیە کە موسوڵمانەکان پێشوازی لەکەسێکی لەئەسڵدا ناشیرین دەکەن، ئەوە حەتمەن نابێتە خاڵێکی گەش بۆ ئیسلام و موسوڵمانەکان.

ته‌واو

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.