پاوڵ روبن، پرۆمیتۆیسی جەڕەبابەکراو -١٦١٢ Der gefesselte Prometheus, Peter Paul Rubens, 1612, Philadelphia Museum of Art

لەدایکبوونی مرۆڤ، لەدایکبوونی زۆڵی خواوەندەکان


بەشی سێهەم

Loading

لە دایکبوونی مرۆڤ

دونیای پێش لەدایکبوونی مرۆڤ، دونیایەکی ئامادەکراوە بە لەشفرۆش و زۆڵ و قۆڵبڕ و خوێنڕێژ و دز و ساختەچی. دونیای خواوەندەکان هیچیتر نەبووە جگە لە دونیای ئەو خواوەند و بونەوەرە جۆراوجۆرانە نەبێت کە خەریکی پەڕڵەدانان بوون بۆ یەکتری؛ کوڕ لەگەڵ دایکدا دەخەوێت و باوک دەخەسەێنێت، برا خوشکی خۆی دەهێنێت و چاو دەبڕێتە خوشکێکی تر و سکی کچەزاکەی خۆی پڕ دەکات، خواوەندەکان لە پشت ژنە خواوەندەکانیانەوە لەگەڵ حۆری و مرۆڤەکاندا دەخەون…هتد. ئیدی  دونیایەک لە زۆڵ و ساختەچی بە ئاسمان و زەوی و دونیای ڕووناکی وتاریکی و سەر زەوی و ژێرزەوی  و ژیان و مردندا وەردەبن، و دونیای پێش مرۆڤ پڕ دەکەن لە سکەنداڵەکانیان. لەو چرکەساتەوە خواوەندە و سکەنداڵ، خواوەند و حەیاچوون، خواوەند و زۆڵەکان،  دوو وشەن لەیەکتری جوادا ناکرێنەوە. 

مرۆڤ پێشئەوەی لە خۆڵەمێشی `تیتانەکان` دروستبێت، یان لە قوڕی ئەم دایکە زەوی  `گایا` دروست بێت، یاخود خوا لە قوڕ دروستی بکات و فووی ڕۆحی تێدا بکات، لە دونیایەک ژیاوە کە پڕی بووە لە فیتنە و گەندەڵی و خیانەت و ناشرینی. مۆڕاڵی خواوەندەکان بە ژیانی ناو بەهەشتەکانی خواوەندە تەنهاکانیشەوە، هیچیتر نەبووە جگە لە خراپەکاری نەبێت. سەیر لەوە دایە کە مرۆڤیش مانای `خراپە و چاکە`ی خواکان دەدۆزێتەوە، ئەوا خواکان مرۆڤ  فڕێدەدەنە سەر زەوی. لەوێش وازی لێ ناهێنن نەخۆشی و کارەسات و مردن و خیانەت و کوشتن و تەماعی، وەک دیاری پێدەبەخشن.

بەپێی تیۆگینی هیسۆد، هەروەها قەسیدەکانی هۆمیرۆس، پاشان میتافۆرسەکانی ئۆڤید؛ زۆیس خوای خواوەندەکانی ئۆلۆمپ، سێ جار هەوڵدەدا مرۆڤ بەدڵی خۆی دروستبکات، بەڵام هەر سێ جارەکە شکست دێنێت؛ سەرەتا مرۆڤ لە زەمەنی کرۆنۆسی (خوای زەمەن – کات) باوکی زۆیس، لەگەڵ خواوەندەکاندا دەژیا. مرۆڤ لە خاکەوە لەدایکبوون بەبێئەوەی هیچ جوتبوونێک ئەوانی هێنابێتە دونیاوە، ڕەگەزی مرۆڤیش تەنها نێر بووە و هێشتا مێینە نەهاتۆتە دونیای مرۆڤەوە. ئەم نێرەمرۆڤانە لە خاکەوە لەدایکدەبن بەبێ پیتاندن و وەک هیسۆد دەڵێت “ دوور لە هەموو هیلاکی و ئازار“ ژیان بەسەردەبەن. بەڵام لەگەڵ کەوتنی تیتانەکان، وەک ڕودیگە سافرانسکی دەڵێت“نەوە ئاڵتونیەکەی ڕەگەزی مرۆڤ لەناودەچێت“[1]  لەگەڵیدا `نەوە زیوینیەکە`ی مرۆڤ  نایەوێت کڕنوش بۆ زۆیس بەرن و قوربانی بۆ بکەن، هەربۆیە هەموویان بەدەستی زۆیس لەناودەچن. نەوەی سێهەمی مرۆڤ پیاوە جەنگاوەر و دڕەکانن، ئەمانە زەمەنی خۆیان شکۆمەند دەکەن و قوربانی دەکەن و ملکەچی زۆیس و خواوەندەکانی ئۆلۆمپن، بەڵام بەهۆی ڕق و کینەیان لەیەکتری، یەکتری قڕان دەکەن و ئەم نەوەیەش یەکتری لەناودەبەن، بەمجۆرە پڕۆژەی  پێکەوە ژیانی مرۆڤ  و خواوەندەکان شکست دێنێت.

بەپێی تیۆگینی هیسۆد   `پڕۆمیتۆیس – Prometheus  ` سەرکەوتوو دەبێت لە خەڵقکردنی مرۆڤ لە خۆڵەمێشی تیتانەکان. سووتانی تیتانەکان و خۆڵەمێشەکەیان دەبێتە ئەو قوڕەی مرۆڤی پێ دەخوڵقێنرێت. بێگومان لێرەدا مرۆڤ تەنها بەرامبەرە بە ڕەگەزی نێرینە. چ لە چیرۆکی خواوەندەکانی یۆنان و چ لە چیرۆکەکانی ناو سفری خەڵقکردن (تەورات) و چ لە کتێبی پیرۆزی ئینجیل و چ لە قورئاندا، مرۆڤ یەکسان بووە بە ڕەگەزی نێرینە. نێر یەکەمین مرۆڤە کە خواوەندەکان و خودا تەنهاکان لەسەر زەوی و لە بەهەشتەکاندا دەیخوڵقێنن. لەم خەیاڵزەدییە بۆ خەڵقبوونی گەردوون و مرۆڤ، مێینە نەک هەر دەرکراوە، بەڵکو `هەبوونی نییە` و لە دەرەوەی  هەبوونە[2]. ئەمەش زادەی ئەو بیرکردنەوە نێرگەراییە کە  ئاینەکان بۆ وێنەی خواکان هەیانە. لەم گۆشەنیگایەوە لەدایکبوونی مرۆڤ، لەدایکبوونێکی نێرە لە غیابی مێینەدا، لەدایکیبوونی خوای تاک و تەنها چ لای کریست و چ لای ئیسلام، لەدایکبوونی نێرە، خوا لە ئاینە تاکپەرستیەکاندا نێرە و بە نێر لە زماندا وەسفدەکرێت.

بەدیوێکی تردا، بە هەمان شێوەی خواکان، لەدایکبوونی مرۆڤ، لەدایکبوونی زۆڵە، چونکە نە دایکی هەیە و نە باوک و نە مێینیەیەک هەیە  بتوانێت مرۆڤ بهێنێتە دونیاوە. نە لە پڕۆسەی جوتبوون و پیتاندنی نێر و مێینەوە هاتۆتە دونیایەوە. مرۆڤ زۆڵێکی نێرینەیە و لە خۆڵەمێشی جەستەی سووتاوی خواوەندە دێرینە دۆڕاوەکان `تیتانەکان` خوڵقێنراوە. لێرەوە `زۆڵ – باستارد – Bastard` وشەیەکە لەڕوانگە میتۆلۆژیەکەیەوە ڕەهەندەکی نێرینەی هەیە. لەم گۆشەنیگایەوە باستارد لە خەیاڵگەی مرۆڤایەتیدا، لە چیرۆکی خەڵقبوون و ژیانیدا، نێرێکە بێ بوونی مێینە لەدایکبووە، نێرێکە بە تەنها لە گەردووندا خوڵقاوە و تەنها لەگەڵ جەستەی خۆیدا دەژی. باستارد لەگەڵ  گەڵوگوونی خۆیدا لەدایکبووە بێ بوونی مێیینە، هەربۆیە نێر نەیتوانیوە نێر بێت بە مانا جێندەرییەکەی، چونکە هێشتا مێینەی لەبەرامبەردا نییە وەک ئاوێنەی خۆدۆزەرەوەی جێندەری خۆی، لەڕێگەیەوە ڕەگەزی خۆی بدۆزێتەوە. نێر لەسەرەتای خەڵقبوونیەوە لەناو شیعر و ئایندا، لە تیۆگینی هیسۆد و داستانەکانی هۆمیرۆسەوە، بونەوەرێکی بێ پێناسە و ڕەگەزە تاوەکو مێینە پەیدا دەبێت و لەگەڵیدا ژیان دەکات. مرۆڤ ڕەگەزی خۆی دەدۆزێتەوە لە ڕێگەی پەیدابوونی مێینەوە، چ لەبەهەشتەکانی خواوەندەوە بێت کە خوا مێینە `حەوا`  بۆ نێر `ئادەم` دەخوڵقێنێت یان لە ڕێگەی خواوەندەکانی ئۆلۆمپەوە بێت، مێینە دەبێتە هۆی ئەوەی نێرینە خۆی بدۆزێتەوە و دوایش لەگەڵ خواکاندا بکەوێتە ململانێیەوە. سەیر لەوەدایە ئەوەی دەمێنێتەوە خواکانی ئاینە یەکتاپەرستیەکانن کە هەر بە نێریی دەمێننەوە و لە تەنهایی نێرینەدا ڕۆڵی چاودێر و پاسەوانی مرۆڤ دەبینین.

بەپێچەوانەی خوا تاک و تەنهاکان، خواوەندەکانی یۆنان خاوەنی جێندەری خۆیانن، هەربۆیە لە گەمەی خۆشەویستی و ئەشق و خیانەت و دروستکردنی زۆڵەکاندان. ئەوان سیفەتەکانی خۆیان `ڕەگەزی نێر و مێ` نابەخشن بە مرۆڤ و مرۆڤ بە نێری لەدایک دەبێت، نێرێک کە بێ بوونی مێینە خاوەنی هیچ ڕەگەزێکی سێکسی نییە. جینالۆجیای تیتانەکان و خواوەندەکانی ئۆلۆمپ ئەوەمان پێدەڵێت؛ کە گەڵوگوونی خواوەندە نێرنەکان و مرۆڤە نێرەکان هەمیشە بۆتە مایەی سەر ئێشە و گرفتی ئەبەدیی بۆیان. خواوەندەکانی ئۆڵمپ و تەنانەت تیتانەکان خاوەنی سێکوالیەتی خۆیانن و  بەرهەمێنەری باستاردەکانن، زۆڵەکانن کە لێرە و لەوێ کە وەک خواەەند و نیمچە خواوەند لەنێوان زەوی و ئاسمان و گەردووندا دەژین.  بەڵام خودا تەنهاکانی ئاینە یەکتاپەرستیەکان، تەنها خۆیانن وەک `باستاردێکی نێرینەی غەمبار` ژیان بەسەر دەبەن.  ئەم ڕەهەندە زۆڵییە، باستاردییە، جێگەی سەرنجە چ بۆ ڕوانین لە تەنهایی مرۆڤ و خواکان، چ بۆ تێگەیشتن لە شوێنای مرۆڤ وەک باستاردێکی تەنها لە ناو خێڵە مۆدێرنەکاندا، کە جیهانی ئێستای کۆمەڵگەی پیشەسازییە… بێگومان لە بەشەکانی داهاتوودا گفتوگۆی ئەم بابەتە دەکەین.

بەڵام با گەڕێینەوە بۆ چیرۆکی لەدایکبوونی مرۆڤ لەسەر ئەم زەویە کە پڕۆمیتۆیس دەیخوڵقێنێت.  پڕۆمیتۆیس Prometheus  لە ڕەگەزدا لە تیتانەکان بووە، بەڵام خۆی و براکەی `ئیپیمیتۆیس – Epimetheus `  لە جەنگی تیتانەکاندا دەچنە بەرەی زۆیس و خواکانی ئۆلۆمپەوە، بە مانای لە بەرەی منداڵەکانن لە دژی باوکیان، لە بەرەی زۆیسن لە دژی  `کرۆنۆس` و تیتانەکانی دیکە. بەمجۆرە ئەم دوو برایە لە دوای شەڕی دەساڵەی تیتانەکان لە دونیای خواوەندەکاندا بە ئازادی دەژین. بەڵام ئەم ئازادییە بەردەوام نابێت چونکە چیرۆکی لەدایکبوونی مرۆڤ دەبێتە هۆی دروستبوونی فیتنە و شەڕ و پێکدادان لەنێوان خواوەندەکاندا، هەم ئیپیمیتیۆس و هەم پڕۆمیتۆیس تووشی گرفتی گەورە دەبن.

 دەبا لە سروشتی ئەم دوو برا تیتانە وردبینەوە، یەکەمیان کە ناوی پڕۆمیتۆیسە Prometheus مانای ` دووربین بیرکەرەوە یان پێشبینیکارە` و دووهەمیان `ئیپیمیتیۆیس` Epimetheus مانای `دوابیرکەرەوە – یاخود دوابینە`. بەپێی تیۆگینی هیسۆد بێت، هەروەها بەپێی دیالۆگە سوکراتیەکانی پلاتۆن` پڕاتاگۆراس`[3] بێت؛  کاتێک ئیپیمیتۆیس ئەرکی  بەخشینی سیفەتی چاکە و باشی پێ دەسپێرێت، پێشبینی نییە بۆ کارەکەی و هەمووی بێ پلان و بیرکردنەوە بەسەر بونەوەراندا دابەشدەکات، هەر لە پێستە و فەرووی گەرم  بۆئەوەی لەشی خۆیان لە سەرما و گەرما بپارێزن، هەر لە باڵ و  قۆچ  و چڕنوک و چەمۆڵە و کەڵبەی تیژ بۆ بەرگریی لەخۆکردن و ڕاوکردن، هەر لە خێرایی و توانای خۆشاردنەوە و مەلەکردن…هتد. ئاوەها هەرچی سیفەتی باش هەیە دابەشیدەکات بەسەر بونەوەراندا، بەڵام ئیپیمیتۆیس دووربین نییە و درەنگ و دوابینە، بیر لەوە ناکەتەوە کە چەند توانا و بەخشینێکی باش بۆ مرۆڤ بهێڵێتەوە. هەربۆیە کاتێک پڕۆمیتیۆسی برای ئاوڕدەداتەوە ، دەبینێت  `مرۆڤ` بە ڕووتی و بێ هیچ سیفەت و توانایەک بە لاوازی ماوەتەوە. ئەو مرۆڤەی کە پرۆمیتۆیس خەڵقیکردووە، لەبەر کورتبینی براکەی، بە ڕووتی فڕێدراوە بۆ سەر زەوی  و لە دونیای دەوروبەری دەڕوانێت، بێ هیچ جلوبەرگێک، یان پێستێکی فەروو یان پێڵاوێک یان ژیریی و دەستڕەنگینیەک، بە ڕووتی و تەنها ماوەتەوە؛“کاتێک پرۆمیتۆیس سەیری دابەشکردنەکەی کرد بینی هەموو ئاژەڵەکان بە جوانی هەموو شتێکیان پێ بەخشراوە، تەنها مرۆڤ بەتەنها و بە ڕووتی و بێ پێڵاو، بێ جێگەو ڕێگە و بێ چەک لەو ناوەدا ماوەتەوە[4]“8

دونیای خواوەندەکان سەیرە، `ئیپیمیتیۆیس – Epimetheus ` فەرامۆشکردن و لەبیرکردن و نەزانی سیفەتێتی، بەمەرجێک ژیری و چالاکی و پێشبینی سیفەتی براکەی دیکەی `پرۆمیتۆیس`ە. ئەوەی لەنێوان `ژیری` و `نەزانی` دا بە ڕووتی و هەژاری ماوەیەوە تەنها مرۆڤ بوو…

من پێموایە؛  ئەم چرکەساتەی مانەوەی یەکەمین مرۆڤ بەڕووتی لە نێوان ئەم دوو خواوەندەدا، چرکەساتێکە مێژووی مرۆڤ دیاریی دەکات. ئەمە چرکەساتی لەدایکبوونی دوو کولتورە لە هەناوی خوداوەندپەرستیەوە لەدایکدەبێت، بێگومان لە هەناوی ئاینە یەکتاپەرستیەکانەوە هەمان کولتور دووبارە خۆی نمایشدەکات.  ئەم خەیاڵەی وەستانی مرۆڤ بەڕووتی لە نێوان خواوەندەکاندا،  لە هەناوی  شیعریی دوو شاعیرەوە ` هیسۆد و هۆمێرۆس` وە لەدایکدەبن. هەمووشیان لەو چرکەساتەوە دەستپێدەکەن، کە مرۆڤ لەنێوان ئەم دوو خواوەندەدا  بەڕووتی و بێ هیچ پشت و پەنایەک وەستاوە. نیگەرانی  لەدایکبونی مرۆڤ  لەو چرکەساتەوە دەستپێدەکات کە  خۆی لە نێوان دوو خواوەنددا دەبینێت پڕۆمیرۆیس و ئیپیمیتۆیس، خواوەندی   `کورتبینی و پێشبینی` لە گەردووندا. ئاوەها نیگەرانی مرۆڤ  لەنێوان `فەرامۆشی و خەمخۆریی` لەنێوان `پلاندانان و گەڕەڵاوژەدا`  لەنێوان `ژیری و نەزانین` دا خۆی درێژدەکاتەو. ئەم چرکەساتی وەستانە بەڕووتی، چرکەساتی نیگەرانیەکی بوونگەرانەرایە لە  مانەوەیدا  لە نێوان دوو سیفەتی خواوەندە تیتانەکان `کورتبینی و پێشبینی` کە دەبێتە زەویی کولتوری مرۆڤ و تاوەکو ئەمڕۆش ئەم دوو کولتورە لە هەناوی شارستانیەتەکاندا خۆیان دووبارە دەکەنەوە.

 

1623 Dirck van Baburen, Prometheus Being Chained by Vulcan Rijksmuseum, Amsterdam. تابلۆی زەیتی نیگارکێش دیریک ڤان بابورن ١٦٢٣؛  پرۆمیتۆیس لەلایەن بورکان و ئەسینا وە بە زنجیر دەبەسترێتەوە. ئەمستردام
1623 Dirck van Baburen, Prometheus Being Chained by Vulcan Rijksmuseum, Amsterdam.
تابلۆی زەیتی نیگارکێش دیریک ڤان بابورن ١٦٢٣؛  پرۆمیتۆیس لەلایەن بورکان و ئەسینا وە بە زنجیر دەبەسترێتەوە. ئەمستردام

ئەم دوو کولتورە، کولتوری حیکمەت و ژیرییە، و ئەویتریان  کولتوری فەرامۆشی و نەزانییە. هەروەها ئەم دوو تیتانە، ئەم دوو خواوەندە ` نەزانی و ژیریی` هەر جارەی یەکێکیان سواری سەری مرۆڤ دەبن و هەر جارەی یەکێکیان چارەنوس و ژیانی بە لایەکدا وەردەچەرخێنێن. ئێمە زۆرجار پڕۆمیتۆیسانە و زۆرجاریش ئیپیمیتیۆیسانە دەژین. تەنانەت شارستانیەکان بێبەری نین لە زاڵبوونی کولتورێک لەم دووانە بەسەریدا، یەکەمیان `شارستانی پڕۆمیتۆیس`ە و ئەویتریان زاڵبوونی `شارستانی ئیپیمیتیۆیس` کە لە هەناوی هۆشمەندی گشتی و بە زمانی `کاڕڵ گۆستاف یۆنگ` قسەبکەین؛ لە هەناوی `نەستی کۆمەکی`  کۆمەڵگەکاندا ڕۆنیشتووە و جوڵێنەری هۆشمەندی کۆلێکتیڤیەتی.[5]

من پێموایە `شارستانیەتی پڕۆمیتۆیسی` خودی کۆمەڵگەی مۆدێرنە کە پڕە  ئەقڵانیەت و هەموو ژیانی خۆی ماتماتیکیانە پێوانە دەکات و نەخشەی نیو سەدە بۆ خۆی دادەنێت، بێگومان هەژموونی ئەو زاڵە بەسەر کۆی ئەم گۆی زەوییە. ئەویتر لە دەرەوەی ئەم شارستانیەتە پڕۆمیتۆیسیە دەژی، لەنێو `شارستانیەتی ئیپیمیتیۆیسی` ژیان بەسەردەبات، ژیانی  خۆی لەوەدا دەبینیێتەوە کە هەڵەکانی دووبارە بکاتەوە و خۆی دەداتە دەست شتەکان بۆ ڕۆژی خۆی، نەک بۆ مامەڵەی دواڕۆژ. لەم شارستانیەتە ئیپیمیتیۆسیەوە ژیری و لۆجیک لە ژیانی گشتی و تایبەت ون و نادیارە. مرۆی نێو ئەم کولتورە بۆ ئەوە دەژی کە هەیە و ڕۆژانە بیردەکاتەوە نەک دواڕۆژانە.

لێرەوە شارستانیەتەک هەیە پێشبینە و شارستانیەتەک هەیە دوابینە، هەربۆیە شارستانیەتە پڕۆمیتۆسیەکان هەمیشە چارەنوسی شارستانیەتە ئیپیمیتیۆیسەکانیان لە ژێر دەستدایە و باڵادەستن بەسەریاندا. بەمجۆرە لەدایکبوونی مرۆڤ لەم چرکەساتەی ڕاوەستانی بەڕووتی لەنێوان دوو خواوەندا، چرکەساتی لەدایکبوونی دووجۆر شارستانیەتە؛ کە ئەمیان کیشوەرەکانی پڕۆمیتۆیسە و ئەویتریان کیشوەرەکانی ئیپیمیتیۆیس.  لەنێوان ئەم دوو جۆرە شارستانیەتە دونیایەک شێوازی دەسەڵات و بەڕێوبردنی کۆمەڵگە و  جەنگ و کوشتار و قەیرانی ئابووری و کارەسات خۆی ڕادەکێشێت. لە نێوان ئەم دوو شارستانیەتە دوو دونیای جیاواز هەمیشە لەبەریەکەوتن و ململانێدان.

مرۆڤ بەمجۆرە بە ڕووتی و بێبەشکراو لە هەموو سیفەتێک لە بەرامبەر ئەم دوو خواوەندە `پڕۆمیتۆیس و `ئیپیمیتیۆیس` وەستا، بێدەسەڵات و بێ توانا و بێ هیچ سیفەتێک کە بتوانێت وەک بونەوەرانی دیکە لەسەر ئەم زەوییە پێی بژی. ئەم چرکەساتە زۆر ناخەیەنێت کە پڕۆمیتۆیس بڕیاڕدەدات ئەوەی براکەی لەبیری کردووە بیدات بە مرۆڤ، ئەو پێی ببەخشێت. هەربۆیە پڕۆمیسۆیس، کە پێشتر بە یارمەتی `ئەسینا` خواوەندی ژیری و شارستانێتی و جەنگ و پاکیزەیی، یەکەمین مرۆڤ دەخوڵقێنێت؛ سەرەتا لەشی پاشان قاچی بۆ دروستدەکات، پاشان قۆڵ و دەستەکانی، کە تەواو دەبێت بەیارمەتی خواوەندی مێینەی ئۆلۆمپ `ئەسینا` هەناسە و ڕۆحی بەبەردا دەکرێت. 

لە کتێبی ئاینە یەکتاپەرستیەکاندا ` تەورات، ئینجیل، قورئان` کە چەندەها سەدە دوای تیۆگینی هیسۆد و داستانەکانی هۆمیرۆس و ئۆڤیدەوە هاتن؛  چیرۆکی ئەم `فووە` دەگۆڕێت، کە لە لایەن خواوەندەوە نییە، بەڵکو لەلایەن خوای تاک و تەنهایەوەیە. هەردووکیان، هەم گێڕانەوە یۆنانیەکە و هەم گێڕانەوە موسایی  و کریستیانی و ئیسلامییەکە، لەوەدا یەکدەگرنەوە؛ کە مرۆڤ وەک گۆزەیەک لە قوڕ دروستبووە و خواش وەک گۆزەکارێک کاری لەسەر کردووە و فووی ڕۆحی پێدا کردووە. لێرەوە لەدایکبوونی مرۆڤ لە قوڕەوە پابەندە بەهەناسەی خواکانەوە، ئاوەها فووەکەی ئەسینا ڕۆح دەکاتە ئەو بونەوەرەی  کە ناوی مرۆڤە.

     

Constantin Hansen Prometheus Crating man 1845. کۆنستانتین هانسن، پڕۆمیتۆس مرۆڤ دەخوڵقێنێت، ١٨٤٥

Constantin Hansen Prometheus Crating man 1845.

کۆنستانتین هانسن، پڕۆمیتۆس مرۆڤ دەخوڵقێنێت، ١٨٤٥

 مرۆڤ لەلایەن باوکە خوڵقێنەرەکەیەوە `پرۆمیتۆیس` لەدایکدەبێت و دێتە سەر زەوی، زۆیسی مەزن کە ئەم مەخلوقە لاوازە دەبینێت گاڵتەی پێدێت و دەڵێت؛ دەبێت ئەمە چ بونەوەرێکی لاواز بێت کە نە چوار قاچی هەیە بۆ غاردان و نە چەمۆڵە و کەڵبە بۆ ڕاوکردن نە باڵ بۆ فڕین. نە دەتوانێ لە ئاودا بژی و نە  هێز و توانای هەیە لەسەر ئەم زەویە بمێنێتەوە… زۆیس بە گاڵتەوە بە پڕۆمیتۆیسی گووت؛ با مرۆڤ بمێنێتەوە بزانین دەزانێت قوربانیمان بۆ بکات…  لێرەوە بە پێی `تیۆگینی هیسۆد` پڕۆمیتۆیس بەپێچەوانەی برا جمەکە تیتانەکەی`ئیپیمیتیۆیس`،  لەلای خواوەندەی ژیریی و نەخشەکێشان و پاکیزەیی `ئەسینا` فێری ماتماتیک و نەخشەکێشان و ژیری و دەستڕەنگینی و بیرکردنەوە بوو. پێدەچێت لە شانسی مرۆڤ بووبێت کە ئیپیمیتۆیسی برای گەمژە بووبێت و هەموو سیفەتە باشەکانی بەخشی بێت بە بونەوەرانی دیکە و هیچیتری بۆ مرۆڤ نەهێشتبێتەوە.

پڕۆمیتۆیس، مرۆڤە خوڵقێنراوەکەی خۆی دەبینێت، نەک تەنها بێ لانە و جێگە و سیفەت و ژیرییە، بەڵکو بۆتە جێگەی گاڵتەپێکردنی خواوەندی گەورە زۆیس. هەربۆیە پرۆمیتۆیس بەرەو شاخی ئۆلمپ هەڵدەکشێت و دەچێت لە وەستاگەرییەکەی برای زۆیس،  `هێفێستیۆس – Hephaestus` ، ئاگر دەدزێت و لە خواوەندی ژیری `ئەسینا` هونەرەکانی پیشە و حیکمەت و دەیبەخشێت بە مرۆڤ. پاشان دەیەوێت مرۆڤ فێری هونەرەکانی سیاسەت و فێڵکردن بکات، بۆ ئەمە گرەوێک لەگەڵ زۆیس دەکات، بەوەی؛  گایەکی گەورە دەکاتە قوربانی بۆی، گۆشتەنەرمەکەی دەخاتە ناو ورگی گایەکەوە، ئێسقانەکانیشی بە بەز و چەوری دادەپۆشێت و دەیخاتە ناو پێستەی گایەکە. زۆیس خۆی لەبەردەم پێستەیەکی گەورە و قەڵەو  ئاخنراودا دەبینێت کە بۆنی چەوری لێ بەرزدەبێتەوە، هەروەها ورگە گایەک  بۆنی ڕیخ و ناوسکی بۆگەنی لێ دێت. زۆیس  بێ دوودڵی دەستدەخاتە سەر پێستەکە و وادەزانێت گۆشتی قوربانیەکە لەوێدایە، بەڵام دوایی بۆی دەردەکەوێت کە ئێسقانی گایە و بە چەوری داپۆشراوە و گۆشتەکە لەناو ورگە گایەکەدایە. زۆیس بە تووڕەییەوە زەوی جێدەهێڵێت و دەبینێت چۆن پڕۆمیتۆیس لەبەر خاتری  ئەوەی مرۆڤ فێری سیاسەت بکات، ئەوی، گەورە خواکانی ئۆلۆمپی کردە قەشمەر و گاڵتەجاڕ[6].

پرۆمیتۆیس لەبەر دوو سەرکێشی سزادەدرێت؛ دزینی ئاگر بۆ مرۆڤ و گاڵتەکردن بە خواوەند لە پێناو  مرۆڤدا. هەربۆیە سزایەکی قورس دەدرێت بەوەی بە بەردێکی زەبەلاحی کێوی سەختی قەوقاز   دەبەسترێتەوە، هەموو ڕۆژێک زۆیس داڵێکی بۆ دەنێرێت بۆئەوەی  تا ئێوارە جگەری بخوات. ئێوارەش دووبارە جگەری دروستدەبێتەوە و لە ڕۆژی دووهەمدا هەمان داڵ دێت و دەستدەکات بە خواردن و پچڕاندنی گۆشتی پڕۆمیتۆیس تا ئێوارە. بەمجۆرە پڕۆمیتۆیس لە پێناوی لەدایکبووەکەی کە مرۆڤە، سزادەدرێت تا ئەو کاتەی هێرکولس کە نیوە خوادەندە و نیوە مرۆڤە دێت و داڵەکە دەکوژێت و پڕۆمیتۆیس ڕزگار دەکات.

 

پاوڵ روبن، پرۆمیتۆیسی جەڕەبابەکراو -١٦١٢ Der gefesselte Prometheus, Peter Paul Rubens, 1612, Philadelphia Museum of Art
پاوڵ روبن، پرۆمیتۆیسی جەڕەبابەکراو -١٦١٢ Der gefesselte Prometheus, Peter Paul Rubens, 1612, Philadelphia Museum of Art

 

لێرەوە چرکەساتی دزینی ئاگر بۆ مرۆڤ، چرکەساتی دوژمنایەتی ئەبەدی خواوەندەکان و مرۆڤە، تێدا خواوەندەکانی تر؛ نیمچە خواوەندەکان، پەیامبەرەکان، قەشەکان، مەلاکان، حاخامەکان، پەرتسگارییەکان و مونخەکان، دێنە نێوان مرۆڤی ئازاد و خوایەکی زۆردارەوە. مرۆڤ لە زەمەنی پڕۆمیتۆیسەوە نایەوێت قوربانی بکات بۆ خواوەندەکان، نایەوێت کۆیلەی زۆیس و خواکانی ئۆلۆمپ بێت. دێت و لادی و شار و مەملەکەتەکان دروستدەکات، داهێنان دەکات، سوپا پێکدێنێت. مرۆڤ بە ئەقڵ و ژیری و سیاسەت و نەخشەدانان ئاژەڵ و بونەوارنی دیکە  دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. مرۆڤ کوڕەکەی  پڕۆمیتۆیس، بووە خاوەنی زمان و ئەقڵ و ژیری و لێکدانەوە، ئازایەتی، لەهەمانکاتیشدا ئەم مەخلوقە بووە دوژمنی زۆیس و بەشێک لە خواەوەندەکان. بەڵام سەیر لەوەدایە دە ئەوەندەش هەندێک لەخواوەندەکان هاتنە پاڵی و بوونە یارمەتیدەری و لەگەڵیدا کەوتنە گفتوگۆ… بەڵام  نابێت ئەوەشمان لەبیرچێت کە لە تەورات و ئینجیل و قورئاندا، بەهەمان شێوە دروستکەری مرۆڤ خواوەندێکی تەنهایە وەک پڕۆمیتۆیس، بەڵام خوا تاک و تەنهاکان ئاگری بۆ نادزن، بەڵکو بەهەشتی پێ دەبەخشن. ئەویش وەک مرۆڤەکەی پڕۆمیتۆیس تەنهایە و دوایی مێیینە وەک هۆکارێکی نەگبەتی دەبێتە هاوسەری و دوایش دەبێتە دوژمنی خوا و خوا دەریدەکات لەبەهەشتی خۆی. لەو ڕۆژەوە خوا و مرۆڤەکان لە ململانێیی ئازادی و کۆیلەبووندان.

ئاوەها لەگەڵ لەدایکبوونی مرۆڤ سەرەتای مردن و لاوازی خواوەندەکان دەستیپێکرد، بێگومان تراژیدیای لەقبوونی دەسەڵاتی خوای تاک و تەنهاش `مردنی خوا` وەک `فردریک نیتچە` بانگەشەی بۆکرد  تاوەکو ئەمڕۆ بەهەمان میتۆد لە ئازادبوونی مرۆڤدا و چەمکی مرۆڤی ئازادا خۆی بەرجەستە دەکات. لەو زەمەنەوە تاوەکو ئێستا شەڕی خوا تاک و تەنها و خواوەندەکان و نوێنەرەکانیان لە دژی مرۆڤی ئازاد  دەستیپێکردووە؛ شەڕی نێوان خوایەک دەیەوێت بتکاتە کوێلە و شەڕی مرۆڤ کە دەیەوێت ئازاد بێت لەهەموو ملکەچیەک بۆ هێزەکانی ئاسمان و نوێنەرەکانی لەسەر زەوی..[7] 

شەڕی ملکەچیی کوڕ و کچەکان بۆ خوا و شەڕی ئازادبوون و پشت بەستن بە ژیریی و توانا و هەڵگەڕانەوە لە خوا و خواوەندەکان. شەڕی خوا و شەڕی مردنی خوا، بە گوزاشی نیتچە، دەمێکە دەستپێکردووە… لەو ڕۆژەوە، لە چرکەساتی وەرگرتنی سیفەتەکانی خواوەندوە؛ لە ژیرییەوە بیگرە تاوەکو سیاسەت و فێڵ و ئەندازیاری و نەخشەکێشان، مرۆڤ وەک خواوەندێک لەسەر زەوی لەگەڵ خوادا لەشەڕدایە و دەیەوێت خوایەک بکوژێت کە دەمێکە زەوی بۆ چۆڵ کردووە.

ماویەتی بۆ بەشی چوارەم

 

 

 

تێبینی: ئەم سێ بەشەی ئەم لێکۆڵینەوەیە، سێ بەشن لە چاپتەرێکی کتێبێکی هزریی و کولتورناسییە، لەگەڵ چەندەها تابلۆی  جۆراوجۆری کلاسیک،  لەداهاتوودا گەر دەرفەت و  زەمەن  یار بێت، چاپدەبێت.

 

بۆ بەشە بڵاوکراوەکانی ئەم بابەتە کرتە بکەنە سەر ئەم بەستەرە 

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فهلسهفی/سندوق/خواوەندە-زۆڵەکانی-ئاسمان-و-زەوی-bastardism/

 سەرچاوە و پەراوێزەکانی بەشی سێهەم

 

[1] Rüdiger Safranski, Das Böse oder das Drama der Freiheit, Fischer Verlag 2015, S20.

[2]  لێردا من لە جیاتی `بوونی نییە` هەبوون بەکاردێنم. `هەبوو – زایندە Seinde  ` بەچەمکی هایدگەر جیاوازە لە بوون – Sein  چونکە بوون ئەنتۆلۆژییە و هەبوون ئۆنتیکیە. بۆ زیاتر بگەڕێنەوە بۆ کتێبی ` بوون و کات` هایدگەر بە کوردی، وەرگێڕانی د.موحەمەد کەمال یان سەرچاوە ئەڵمانییە ئۆرگینالەکە یاخود ئینگلیزیەکە. 

[3] Platos complete Works, editied by Jhon M. Cooper, Hacket Publishing 1997, p 756 – 758  or  320d – 322a.

[4]  بڕوانە، پلاتۆن، هەموو کارەکان، پرۆتاگۆراس بەشی ٣٢٠ – ٣٢٢ د . زمانی ئینگلیزی.

[5] C. G. Jung, Der Mensch und seine Symbole, Walter Verlag 1999.

[6]  ئەم ڕووداوە بە `فێڵی میکۆن` ناسراوە لە میتۆلۆژیادا. میکۆن شارێکی کۆنی یۆناییە بەپێی قەسیدەیەی کلیماخۆس کە هیسۆد ئامژەی پێ دەدا، زۆیس لەوێ گرەوەکەی لەگەڵ پڕۆمیتۆیس و لەبەرچاوی  مرۆڤدا دەدۆڕێنێت. هەروەها بڕوانە لە کلیلە وشەی؛  The trick at Mecone or Mekone

[7]  Hesiod, Theogony 510-616

[8]  بورکان –  هەمان ناوی خواوەندی ئاگر و ئاسنگەری `هێفێستیۆس ` بە یۆنانی.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌