
Created: 1860date
نامه‌كه‌ت گه‌یشت
له خواره‌وه به لێوی سوور
مۆر كرابوو
وشه‌كان بۆنی هه‌ناسه‌تیان ده‌دا
له نێو دێڕه‌كان منداڵم بینی
پێیان له فاریزه و خاڵ هه‌ڵده‌كه‌وت
بازیان به‌سه‌ر (كه‌وانه‌دا) ده‌دا
له بۆشاییه سپییه‌كاندا به ئازادی له‌گه‌ڵ هه‌وا ڕایان ده‌كرد
به‌خته‌وه‌ربووم گه‌ڵایه‌كی زه‌ردم
له نێو په‌ڕه‌كاندا بینی
لێره له هێڵی دواوه‌ی شه‌ڕ
سه‌ربازگه بیابانێكه تینوی ڕه‌نگ،
چهكبهشانێكی نیگاركێش جارێك وتی
ئاماده‌یه ڕۆحی بكات به قوربانی بارانێكی ڕه‌نگاوڕه‌نگ،
ئێمه داوای ئه‌سته‌م له واقیعێكی برینگ ده‌كه‌ین.
شه‌وان له هۆڵدا خه‌وم نییه
له‌به‌ر مۆته‌كه‌ی نوستوان بێت
یان پرخه‌یان،
پهرستارێ به دزییه‌وه حه‌پم ده‌داتێ،
هه‌تاو گه‌رمه، له دڵی بوركانێك ده‌كا
جا ئیتر ئه‌وه هه‌رچییه‌ك بێ
هه‌ندێك ده‌ڵێن دۆزه‌خ
به‌ڵام خۆم گومانم هه‌یه…
هه‌فته‌ی پێشوو لای نیوه‌ڕۆ
فیشه‌كم به خۆره‌وه نا، ئه‌و زلحیزه لێمان بووه به كه‌ڵه‌گا.
له دووره‌وه ڕه‌وه كوله زیكهیانه
له چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه‌دان ده‌بین به دره‌ختێكی سیس و
شایی بۆ لاشه‌مان ده‌كه‌ن.
پێت نه‌وتم منداڵه‌كان چیم پێ ده‌ڵێن؟
ده‌زانم هه‌مووی ساڵێك نابێت
به‌ڵام ئه‌و زهڕنهقووتانه
خێراتر له چه‌قه‌نه‌ی جادوگه‌رێك
گه‌وره ده‌بن.
برینی په‌نجه‌كانم وه‌ك هه‌ناسه لێم ده‌ئاڵێن،
ئه‌م قه‌ڵه‌مه گاشه‌به‌رده و
وه‌كو سیزف پاڵی ده‌نێم،
به منداڵه‌كان مه‌ڵێ باوكیان چوو بۆ جه‌نگ
نه‌وه‌ك سواری زرێپۆشی پلاستیك بن و
جۆگه‌له بارانێك به‌ره‌و ئێره‌یان بێنێ
بڵێ باوكیان…
بڵێ باوكیان…
گوێی بۆ دایكیان ڕانه‌دێرا
پێیان بڵێ، پیاوه‌كان به شهڕهلهقێ وازی ده‌كه‌ن
په‌سنی ماسولكه‌یان ده‌كه‌ن
به بۆكسێن سه‌ما ده‌كه‌ن
پێیان بڵێ، له قسه‌ی گه‌وره ده‌رنه‌چن
مه‌گه‌ر گه‌وره هونهركوژ بێ
مه‌گه‌ر گه‌وره خولیای چه‌ك بێ
مه‌گه‌ر گه‌وره باوكیان بێ…
شه‌وان وێنای قژت ده‌كه‌م
درێژ وه‌ك ڕۆژگاری سه‌نگه‌ر
تۆ دووری و دوژمن نزیك،
تامی كێكم بیر چۆته‌وه
چڵك ژێر نینۆكمی ته‌نیوه،
ئه‌وه‌نده برنجیان دامێ
گه‌ده‌م بوو به ترشخانه
برنج ده‌كا به ساكێ و
له‌گه‌ڵ هیچبووندا ده‌یخۆمه‌وه…

ده‌بێت ددان به شتێك‌دا بنێم ئازیز
جگه‌ره لێره هاوده‌ممه
ئه‌وه‌نده‌ی لێوم به‌و ژه‌هره‌وه ناوه
لێوم به لێوت نه‌ناوه
لێم ببوره، ده‌ستبه‌تاڵی پیاو وڕ ده‌كا
هه‌ندێ جار به خۆم ده‌ڵێم هیچ
حیكمهتێ له ئاگربه‌ستدا نییه
وهڕسكردنی جه‌نگاوه‌ر نه‌بێ
تامه‌زرۆی بكا بۆ ده‌ستكردن به ته‌قه‌كردن…
چه‌ند ڕۆژێكی كه‌مم ماوه
ده‌منێرنه هێڵی پێشه‌وه
(زۆر به جۆشم، ده‌ست له فیشه‌ك ناپارێزم
ئه‌م كینه‌یه هه‌ر بارووت له چاره‌ی دێ
ئه‌م خۆشه‌ویستییه هه‌ر به ده‌ستڕێژ سه‌رخۆش ده‌بێ
ئه‌م چاوه‌ڕوانییه هه‌ر به خوێن كۆتایی دێ)
وڕێنه ده‌كه‌م، ده‌زانم
به‌ڵام لێره هه‌قیقه‌ت دڕنده‌یه‌كه به دوای نێچیردا وێڵه.
نایشارمه‌وه، مرۆڤه‌كه‌ی ناخم هێشتا ماوه
گه‌رچی ده‌زانێ ده‌ڕۆمه به‌رده‌می دوژمن
جار نا جارێك فوویه‌ك به‌م ڕۆحه كزهمدا ده‌كا و ده‌ڵێ:
ڕه‌نگه له‌وێ ژیان جیاواز بێ
ڕه‌نگه له‌وێ كات زوو تێپه‌ڕێ
ڕه‌نگه ئه‌وێ جاڕسبوونی لێ نه‌بێ
كێ ده‌زانێ، ڕه‌نگه له‌وێ
یه‌زدان میهره‌بانتر بێ.

ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته به‌نوسه‌ر خۆی.