ئازادجوندیانی،وەك نا-شۆك!


Loading

بۆ ناتوانین،بزانین ئازاد جوندیانی چی دەوێت؟!

ئازاد جوندیانی،كۆنە! ،تەمەنی ئەو بەهێندەی تەمەنی كورد گەورەیە. ئازاد جوندیانی، جۆرێكە لە ئه‌فسانه‌،هیچ سەردەمێكی كورد نییە ئازاد جوندیانی تێدا نەبووبێت. ئەو،جەنگاوەرە لەشەڕی چاڵدێران، شاسوارە لەسوارەی حەمیدیە، لە شەست و شەشدای باڵی مەكتەبی سیاسیدا هەیە، لە ئاشبەتاڵی مەلا مستەفادا هەیە و تادواتر …ئەو،كەشفە!

كەواتە بەدڵنییاییەوە مێژوو دووبارە دەبێتەوە. دووبارە بوونەوەی مێژوو بەتەنها دووبارە بوونەوەی هەندێك ڕووداو وقەیرانی مێژووی نییە،بەڵكو واتای دووبارەبوونەوەی جۆری ژیانكردنیش دەگەیەنێت،كەواتە كە ژیانكردن كەشف بوو مردنیش كەشفە.
ئەو دیدگایه‌ تووشی عەبەس و ڕەشبینیەكی گەورەمان دەكات،  ۆ دەربازبوون لەو دیگایە، پێویستە باوەڕ بە(هیگڵ)بهێنین و  بەشێكی مێژوو بەنادیاری بهێڵینەوە.  واتە، وەك چۆن(هیگڵ) پێیوابوو؛ مێژوو هەمیشە شتی نوێی تێدایە، كە كەس ناتوانێت پێشبینی بكات،  ئەگەر وانەبێت ئەو جۆرە لەسیاسی كۆن و پاتاڵ هەموون تووشی ڕەشبینی دەكات.

ئەو . ئازاد جوندیانی،   تەنانەت بۆ حیزبەكەی خۆشی شۆك نەبوو،چونكە هێندە نییە حیزبی كوردی باوەڕی بەجەماوەری بوون نەماوە، چونكە ئەوەی بۆ حیزبی كوردی گرنگە (مانەوەیەكی شكڵی)  یە،واتە تەنها ئامادەگیەكی شكڵی هەبێت تەواو،چونكە حیزبی كوردی یاریزان نییە،بەڵكو یاری پێكراوە.  ئەوەی لەدەرەوەی حیزبە كوردیەكان ئەنجامەكان یەكلایدەكاتەوە دەوڵەتانی ناوچەكە و جیهانن.
بەڵام چۆن ئێمە لەم ئەفسانە خۆمان ڕزگار بكەین؟!  بۆ ڕزگاربوون لەم ئەفسانەیە پێویستمان بە (سلاڤۆی  ژیژاك)ە.  (ژیژاك)لەیەكێك لەخوێندنەوەكانیدا بۆ فیلمێك* (بۆ بینی سەرنجەكانی ژیژاك،كلیك لەسەر لینكی فیلمەبكە لەخوارەوە)، كەباس لەژیانی مەسیح دەكات،كەشفێكی گەورەی بێباوەڕی دەكات لەئاینی مەسیحیدا. ئەو پێیوایە؛ مەسیحیەت گەورەترین فۆڕمی بێ باوەڕییە،  بۆیە پێیوایە بۆ  (بوون  بە بێباوەڕ)  دەبێت بەئاینی مەسیحیەتدا تێپەڕین!  سەرنجەكانی ژیژاك دەكرێت  لەزۆر لایەنەوە لێی بڕوانین،  كەهەوڵدەدەم لەدەرفەتی تردا بگەڕێمەوە سەری.

 

بەڵام ئەوەی بۆ ئەم بابەتە گرنگە ئەو لایەنەی سەرنجەكانی ژیژاكە دەربارەی بێ باوەڕی. (  سڵاڤۆی ژیژاك ) پێوایە ؛ مەسیحیەت گەورەترین فۆڕی بێباوەڕییە، بۆئەوەی ببین بە (بێباوەڕ) دەبێت بەمەسیحیەتدا تێپەڕین! ژیژاك،لەڕێگەی دەرونشیكارییەوە ڕامی نیگایەكی مەسیح دەكات پێش مردن. مەسیح،تەنانەت بەخاچەكەشەوە باوەڕی بەبوونی خودا هەیە، لەمەنەلۆگدایە لەگەڵ خودا، بەڵام دوای هاواری ؛ باوكە[خودایە]بۆ بەتەنها بەجێتهێشتم …هەموو شتێك ئاوەژوو دەبێتەوە.

سەرەتا مەسیح بەسەر خاچەكەشەوە یەقینی هەیە، كە خودا دێت بەهانایەوە، بۆیە پێش هاواری (باوكە -خودا،  بۆ بەتەنها بەجێتهێشتم )  داوا لەخودا دەكات، ئەو كەسانە ببەخشێت،كەبەردی لێ دەهاوێژن . واتە مەسیح هێشتا بێ ئومێد نەبووە لەخودا، بێئومێد نەبوونی مەسیح لەخودا،وه‌ها دەكات هێشتا باوەڕ بەوەبكەین ؛  كەخودا هەیە،بەڵام دواتر مەسیح لەچاوەڕوانی ڕزگاریدا دەمرێت و خودا هەرگیز نایەت. لەوێدا ژیژاك سەرنجێگی زۆر گرنگ دەخاتەڕوو،دەڵێت: بەدڵنیاییەوە ناتوانین بزانین، كە(خودا) چی لە ئێمە دەوێت، چونكە خودا بوونی نییە!

بەمانایەكی تر،  ئومێد بەخودا لای مەسیح، هاوشێوەی ئومێدی مرۆڤی ئێمەیە بە حیزب و سیاسی كورد لەباشور. مرۆڤی ئێمە دەبێت باوەڕی بەحیزب و سیاسی كوردی نەمێنێت ئەو كات دەتوانێت گۆڕانكاری بكات، وەگەرنا لەچاوەڕوانی گۆڕانكاریدا هاوشێوەی مەسیح سەردەنێنەوە.

كەواتە:ناتوانین بزانین(ئازاد جوندیانی)چی دەوێت،چونكە ئازاد جوندیانی بوونی نییە!

 

https://youtu.be/C16eiQH06RE

 

 

 

په‌راوێز؛ 

تێبینی؛  هەڵگورد جوندیانی، برای (ئازاد جوندیانی) لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند، ئەمشەو 10-2-2017، براكەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لەڕێگەی ئیمەیڵ ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، جێگرانی سكرتێری گشتیی یەكێتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كردووە.

لە پۆستەكەیدا هەڵگورد جوندیانی باسی هیچ هۆكارێكی دەستلەكاركێشانەوەی براكەی نەكردووە. پێشتر ئازاد جوندیانی جگە لە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانیش بوو.

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
             ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی