بۆچی ئەم پرۆژەیە؟
دەوڵەتی کوردستانی خەونی زۆرینەی گەلی کوردستانەو پەیوەستە بە چارەنوسو خەونو خواستی خەڵکی کوردستان. ئەوەش بەشداریکردنو بەشداریپێکردنی زۆرینەی جەماوەری کوردستان دەخوازێت. بەڵام بەداخەوە، خەریکە ئەم پرسە لە جەوهەرو مەغزای خۆی دادەماڵدرێتو بێ ماهییەتو ناوەڕۆک دەکرێتو دەکرێتە کارتێکی سیاسی هەم بۆ هەژموون پەیداکردنەوەی لایەنێک یان چەند لایەنێک، هەمیش بۆ داپۆشینی قەیرانە سیاسییو ئیدارییو ئابورییو داراییەکان. ئەم پرۆژەیە هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی هەیبەتو چارەنوسی پرسی ریفراندۆمو دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لەرێگای بەنیشتیمانییکردنی ئەم پرسە. تەقەلایەکیشە بۆئەوەی هەموو لایەنە کوردستانییەکان خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو پرسەو سنورێک بۆ بەکاڵاکردنو بازرگانی پێوەکردنی ئەم پرسە نیشتیمانییە دابنێن.
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە شێوازی دامەزراندنی هەر دەوڵەتێك یەکێک لەو فاکتەرە سەرەکییانەیە، کە تاڕادەیەک، چارەنوسو دواڕۆژی ئەو دەوڵەتە دیاریدەکات. ئەم فاکتەرە بەتایبەتی لە حاڵەتی کوردستاندا زۆر گرنگو باڵکێشە، چونکە هەنگاوێکی لەم جۆرە ڕووبەڕووی چەندان تەحەداو ئاستەنگی ناوخۆییو دەرەکی دەکاتەوە. پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە یەکێک لە بنەماکانی سەرکەوتنو خۆڕاگری هەر دەوڵەتێک پەیوەستە بەوەی کە ئەو دەوڵەتە تا چ ڕادەیەک لە پشتیوانیو بەشداریو ڕەزامەندی زۆرینەی خەڵکەکەی بەهرەمەندە. بۆیە ئێمە پێمانوایە ڕیفراندۆم، کە بەجەماوەرییکردنی پرسی سەربەخۆیی لێدەکەوێتەوە، پێشمەرجی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانییە.
بۆچی ڕێفراندۆم؟
بەجەماوەریکردنو هەمەلایەنکردنی بڕیاردان لە چارەی خۆنوسین یەکێکە لە پێشمەرجەکانی سەرکەوتنی پڕۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانو کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوی یەکەمە لەسەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆمو دامەزراندنی دەوڵەت. دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی ناکرێت سەرکردەیەک، پێگەکەی هەرچییەک بێت، وەک مژدە ڕایبگەیەنێت. ئێمە پێمانوایە دەبێت خەڵکی کوردستان لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێکی سەرتاسەریەوە بڕیاری خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بە جیهان ڕابگەیەنێت. لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
- لە ڕیفراندۆمدا خودی گەلی کوردستان کارەکتەری سەرەکی دەبن لە پڕۆسەی دامەزراندنو ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان.
- لە ڕیفراندۆمدا هەموو خەڵکی کوردستان مافی بەشداریکردنو دەنگدانیان هەیەو هەموو لایەنە سیاسییو کۆمەڵایەتیو نەتەوەییو ئاینییەکان وەک یەک دەتوانن بەشداری تێدابکەن، بۆیە پڕۆسەیەکی ئاوا هەر خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە مسۆگەرکردنی كۆدهنگی سهرجهم هێزو لایهنهكانی کوردستان بۆ دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەکە.
- ڕیفراندۆم دەکرێت بکرێتە بنەمایەک بۆ لێکنزیکردنەوەو ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانیی بهجۆرێك كه هەموو لایەک بە گشتیێو بێ دوودڵی پشتیوانی لە پڕۆژهی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانیی بکەن.
- ڕیفراندۆم چاکترین ئامرازە بۆ زامنکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتییو ڕای گشتی جیهانی چونکە وەک بەشێک لە پراکتیزەکردنی دیموکراسی دەبینرێتو دادەنرێت. پێچەوانەکەی، ڕاگەیاندنی دەوڵەت بە مژدە، نەک هەر پشتیوانی نێودەوڵەتی لێناکەوێتەوە بەڵکو وەک پراکتیزەکردنی دیکتاتۆرییەتو بڕیارێکی تاکلایەنانە وێنادەکرێت.
- ئەزمونی کوردستان لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕیفراندۆمە نافەرمییەی کە هاوشانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ بەڕێوەچوو، کە تێیدا ٩٨% خەڵکی کوردستان بۆ جیابوونەوە دەنگیاندا، ئەوەمان پێدەڵێت کە سەرکەوتنی پڕۆسەکە لە گەڕانەوەیە بۆ ڕیفراندۆم.
- ڕیفراندۆم داخوازی کوردستانیان لە داخوازییەکی تاکە کەسی، حزبی، ئایدیۆلۆجی دەگوازێتەوە بۆ داخوازییەکی جەماوەریو شەرعیەتی ناوخۆییو پێدەداتو بواری شەرعییەت بەدەستهێنانی نێودەوڵەتیش زیاتر دەکات.
- ڕیفراندۆم هەر کۆڵەکەی سەرەکی دابینکردنی سەرکەوتنی پڕۆسەکە نیە، بەڵکو زامنکەری پێداویستییەکانی بەرگریکردن لە دەوڵەتەکەشە چونکە بەشداریکردن و بەشداریپێکردنی جەماوەری کوردستان بە هەموو گروپە سیاسی و نەتەوەیی و ئاینییەکان و کەلتورییەکان و ڕۆشبیرانی کوردستان، زامنی ئەو هێزە دەکات کە لە ئەگەرەکانی هەر هێرشێکی دەرەکی بیپارێزێت.
- ئەزمونی وڵاتە تازە دامەزراوەکان، وەک تەیموری ڕۆژهەڵاتو کۆسۆڤۆو باشوری سودان ئەو ڕاستییە پشتڕاستدەکەنەوە کە ئەم سەردەمە سەردەمی ڕیفراندۆمو گەڕانەوەیە بۆ خەڵک لەجیاتی بەکارهێنانی هێز. ئەوەشمان پێدەڵێت کە ڕیفراندۆم باشترین شێوازە بۆ مسۆگەرکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتیو دانپێنان.
- ڕیفراندۆم باشترین هەل دەڕەخسێنێت بۆ تێکەڵکردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە چاودێرکردن و تەنانەت بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمەکە، ئەگەر گونجاو بێت. ئەمەش زەمانەتی پشتیوانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات کە بۆ پڕۆسەیەکی ئاوا چارەنوسساز زۆر گرنگە.
وەک گوتمان ڕیفراندۆم کلیلی بەجەماوەریکردنی پڕۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانییە، بەڵام بۆ بەجەماوەریکردنی پڕۆسەکە و بەشداریکرنو بەشداریپێکردنی کۆمەڵگای کوردستانی دەبێت لانیکەم لە دوو ئاستدا لە پرسەکە نزیکببینەوە. یەکەم، ئاستی هێزو لایەنە سیاسیو مەدەنییەکانە، دووەم ئاستی جەماوەر. هەوڵدەدەین لە خوارەوە پڕۆسەو میکانیزمەکان لەسەر هەردوو ئاستدا دیاریبکەین.
میکانیزمەکانی ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی
بۆ ئەم مەبەستە ئێمە پێشنیازی دامەزراندنی ئەنجومەنێکی کاتیی دەکەین کە بڕیاردەرو جێبەجێکەری پڕۆسەو میکانیزمەکانو ئەرکەکانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمو دامەزراندنی دەوڵەتەکەی بکەوێتە ئەستۆ. بۆئەوەی بەشداریکردنی هێزو لایەنە سیاسیو ئاراستە فکریو پێکهاتە ئایینیو نەتەوەییەکانی کوردستان بەشێوەیەکی کاریگەرو هاوبەشانە زامنبکرێت، واچاکە دابەشبوونو قورسایی هێزەکان لە پەرلەمانی کوردستان بکرێتە پێوەرو قەبارەی نوێنەرایەتی هێزو لایەنەکان لە ئەنجومەنە کاتییەکەدا.
ئەنجومەنەکە بەدیلی پەرلەمان نابێتو سروشتێکی کاتیی دەبێتو کۆمەڵێک ئامانجو ئەرکی پێدەسپێردرێت، لەگەڵ بەدیهێنانی ئەرکو ئامانجەکاندا ئەنجومەنەکە هەڵدەوەشێتەوە. لەسەرەتا ئێمە پێشنیازدەکەین کە ئەنجومەنە کاتییەکە بەمشێوەیەی خوارەوە دابمەزرێت:
- قەبارەی، واتە ژمارەی ئەندامانی، بەشدار لە ئەنجومەنەکە بۆ هەر حزبو لایەنو گروپێک بەڕێژەی نیوەی (یان هەر بڕێکی دیکە کە لایەنەکان لەسەری پێکدێن) کورسییەکانی ئەو لایەنە لە پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
- پەرلەمانی کوردستان لە ١٠٠ کورسی بۆ پارتە سیاسییەکانی کوردستانو ١١ کورسی کۆتای کەمینەکان پێکدێت. بۆیە دەکرێت ئەنجومەنەکە ڕەنگدانەوەی ئەو دابەشکردنە بێتو هەر حزبێک لە ئەنجومەنەکەدا بە نیوەی ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەماندا نوێنەری لە ئەنجومەنەکە هەبێت.
- گروپە نەتەوەییو ئاینییەکانیش بەپێی کۆتاکەیان، مەگەر لایەنە سیاسییەکە یان گروپەکە یەک کورسی هەبێت ئەوکات بە نوێنەرێک لە ئەنجومەنەکە بەشداریدەکات.
- هەر لایەنێک بە بلۆکێک لە ئەنجومەنەکە بەشداریدەکات کە پێکهاتەی بلۆکەکەی دابەشدەکرێت بۆ سەر چوار بەش، بریتین لە:
- نوێنەرانی پەرلەمانیی لایەنەکە،
- نوێنەرانی مەکتەبی سیاسیی لایەنەکە،
- نوێنەرانی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری دانراو لەلایەن لایەنەکە،
- نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دانراو لەلایەن لایەنەکە.
بۆنمونە ئەگەر حزبێک بیست کورسی لە پەرلەمانی کوردستان هەبێت ئەوا دەبێت دە ئەندامی لە ئەنجومەنەکە هەبێت، بەمشێوەیە: سێ پەرلەمانتارو سێ ئەندامی مەکتەبی سیاسی کە لانیکەم یەکێکیان سکرتێر/سەرۆک یان جێگرەکەی وەیان هەردوکیان بێت. چوار ئەندامەکەی دیکەش دەبێت دووانیان ئەکادیمی یان یاسایی یان ڕۆشنبیر بن کە بڕوانامەی بەرزیان هەبێتو دووەکەی دیکەش نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بن کە لایەنە سیاسییەکە دیاریاندەکات، بەمەرجێک نوێنەرایەتی ژنان/ئافرەتان مسۆگەر بکرێت.
- بەشداریپێکردنی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان هێندە گرنگە کە ئێمە وەک مەرجێکی سەرەکی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دادەنێین چونکە ناوچانە دابڕاوەکان بەشێکی زۆر لە خاکو دانیشتوانی کوردستان پێکدێنن. چارەنوسیان هاوبەشە لەگەڵ کوردستانیانی هەرێمو ناکرێت لێکجیابکرێنەوە. بۆیە بەشداریپێکردنیان گرنگەو سەنگی خۆی دەبێت، بەتایبەتی لە کۆڕو کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان. بۆ ئەم مەبەستە ئێمە پێمانباشە:
- هەر قەزایەک (بێجگە لە قەزای ناوەندی کەرکوک کە واچاکە ٥ نوێنەری هەبێت) بە ٣ نوێنەر بەشداری ئەنجومەنە کاتییەکە بکات، واتە،
- هەر یەک لە قەزاکانی شەنگال، شێخان، مەخمور، داقوق، دوبز، دوزخورماتو و خانەقین دەبێت ٣ نوێنەریان هەبێت.
- دەشتی موسڵ دەکرێت بە دوو قەزا هەژمار بکرێتو ٦ ئەندامی هەبێت.
بەمشێوەیە ئەنجومەنە کاتییەکە ٨٨ بۆ ٩٢ ئەندامی دەبێت، کە تێیدا ٥٦ بۆ ٦٠ ئەندام نوێنەرایەتی هەرێمو ٣٢ ئەندامیش نوێنەرایەتی ناوچە دابڕاوەکان دەکەن. واچاکە لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی هەرێم پێکهاتە سیاسیو ئاینییو نەتەوەییەکانی ناوچەکان ڕەچاوبکرێت. نوێنەرایەتی قایمقام و سەرۆکی ئەنجومەنی قەزاکە بە چاکدەزانین.
ئامانج و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنە کاتییەکە
مەبەستی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەنجومەنە کاتییەکە ئەمانەی خوارەوەن:
- هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئیرادەی خەڵکو سازکردنیانو هاندانیان بۆ بەشداریکردنو پشتیوانیکردن لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمو دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانیی.
- دانانی بەرنامەو میکانیزمی جۆراوجۆر بۆ دروستکردنی کۆدەنگی خەڵکی کوردستان لە پەیوەند بەو پرسانە، لە هەموو ئاستەکان. دەبێت هەوڵبدات کۆدەنگی لایەنە سیاسیو ئاینییو نەتەوەییو کۆمەڵایەتیو مەدەنیی مسۆگەربکات.
- کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتیو نێونەتەوەیی لە سەرتاسەری جیهاندا. بۆ ئەم مەبەستە واچاکە:
- لیژنەیەکی کارامەو پڕۆفیشناڵو زمانزان پێکبهێنرێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی،
- پێکهێنانی لیژنەی فەرعی لە هەموو وڵاتە گەورەو بڕیار بەدەستەکانی جیهان کە دەکرێت هەم نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم هەم ڕەوەندی کوردیی لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەم ئەرکە کەڵکیان لێوەربگیردرێتو هەڵبسوڕێندرێن،
- بەسەرکردنەوەی دۆستە کۆنو تازەکانی کوردو کۆکردنەوەیان لە گروپی لۆبی لە وڵاتەکاندا،
- پێکهێنانی گروپێک لە ڕۆژنامەنوسان لە ناوەو دەرەوەی وڵات بۆ خستەڕووی پرسی ڕیفراندۆمو بەدەوڵەتبوونی کوردستان لە دیدی کوردستانیانەوە. گرنگی دەبێت بە چەند لایەنێک بدرێت. لەوانە:
- ڕەواییو شەرعیەتی مافی سەربەخۆیی بۆ کوردستانیان.
- ئیقناعکردنی سیاسەتمەدارنو ڕای گشتی جیهانی بەوەی کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی نەک خەتەر نیە لەسەر ئاشتی جیهانی بەڵکو هۆکارێکە بۆ گێڕانەوەی سەقامگیرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەو جیهاندا.
- جەختکردنەوە لەسەر ڕیفراندۆم و تێکەڵکردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
- دڵنیاکردنەوەی ڕای گشتی لەوەی کە پڕۆسەکە شەفافانەو دیموکراسیانە بەڕێوەدەچێت.
- جەختکردنەوەو سەلماندنی ئەوەی کە کوردستانێکی ئازاد بەتەواوی مافی تورکمانەکان، کرستیانەکان، ئێزیدییەکان، کاکەییەکان، شەبەکەکانو هەموو گروپە سیاسییو کۆمەڵایەتیو ئاینییەکان دەپارێزێت.
- دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاراستنو زامنکردنی مافی ژنان لە کوردستانی ئازادا.
- دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤو ئازادییە مەدەنییەکانو ئازادی ڕادەربڕینو ڕۆژنامەگەری.
- دەرکردنی هەرچی زووتری کۆمەڵێک یاساو ڕێساو میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی (v ، vi ، vii)، چونکە ناکرێت پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە قسەی گەورەو شیعارات مسۆگەربکرێت. ئەوان شتی بەرجەستە وەک یاسا و میکانیزمیان دەوێت.
- ئەنجومەنە کاتییەکە بە هاوئاهەنگیو بە سوودوەرگرتن لە دامەزراوەی دەزگای باڵای هەڵبژاردن لە کوردستانو هاوکاری وەزارەتە پەیوندارەکانەوە دەست بە پڕۆسەی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستانو ناوچە دابڕاوە تازە-ئازادکراوەکان دەکات.
- ئەنجومەنەکە ڕۆژێک بۆ سازدانی ڕیفراندۆم دیاریدەکاتو ئامادەکارییەکانی مسۆگەردەکات.
- ئەنجومەنەکە کۆمیتەیەک لە وەزیرەکانی پێشمەرگەو داراییو پلاندانانو ناوخۆ پێکدێنێت بۆ:
- دابینکردنی بودجەی پێویست بەشێوەیەکی شەفافانە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە.
- دابینکردنی میکانیزمو فەراهەمکردنی پێداویستییەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە.
- دابینکردنی ئاسایشی پڕۆسەکەو خۆئامادەکردن بۆ هەر ئەگەرێک، لەوانە: ئەگەری تەدەخولی سەربازی حکومەتی عێراقی. بۆ ئەو مەبەستە تەواوی هێزە چەکدارەکانی کوردستانو هێزی بەرگری میللی دەبێت لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن. دەبێت هەموو هێزەکان لەژێر یەک فەرماندەییدا ڕێکبخرێنو ئاراستەبکرێن.
ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمانو بەبێ لەخۆگرتنی ناوچە دابڕاوە تازە-ئازادکراوەکان هیچ مانایەکی نییەو نابێت. هەر هەوڵێک بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو دوو پێشمەرجە بێجگە لە مزایەدەیەکی سیاسی هیچی دیکە نییەو بێجگە لە بەیەکجاری دابڕینی ناوچە دابڕاوەکان هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە.
ئەم هەوڵەی ئێمە بەدڵنیاییەوە بێ کەموکوڕی نییە بەڵام دەکرێت ئەوەی لێرە خراوەتەڕوو وەک پڕۆژەیەکی، نەخشەڕێگایەکی، سەرەتایی بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی کوردستان تەماشابکرێت.