لە پەنجاو شەستەکاندا، پارتى لە دۆخى ناپەروەردەییەوە گوازرایەوە بۆ دۆخى پەروەردەى دەستى بەعس، هەرچى گۆڕانە لە دۆخى ناپەروەردەییەوە گوازرایەوە بۆ دۆخى پەروەردەى دەستى پارتى، لە ئێراق تیورەکانى بەعس پێشئەوەى بەعس بیکاتە پراکتیک پارتى کردى. بۆ نمونه: پارتى لە پەنجاکان لە ڕێگەى شوعییەکانەوە ئاشنای تیۆرەکانى بەعس و (میشیل ئه فلەق و سەڵاحەدین بیطار – شبلی العیسمی) بوو، ئەمەش بۆ ئەوەبوو تەکنیکەکانى بەعس شارەزا بێت و ڕووبەڕووى بەعس و بەعسیزم بێتەوە، بەڵام پارتى ئەم ئاشنابوونەى بەعسى کردە كولتور لەناو خۆیدا و ڕووبەڕووى هەموو دەنگ و جیاوازییەکانى ناو خۆى بووەوە و هەموانى لەناو برد.
گۆڕان دەیویست ڕووبەڕووى پارتى بێتەوە، بهڵام بهبێ دۆخێکى پەروەردەى جیاواز لە پارتى کە بتوانیت تەواوى ( ئۆرگانەکان و کۆمەڵگەى) پێ پەروەردە بکەیت، ئهو كارهی پێ ناكرێت. گۆڕان پەروەردەى نەبوو بۆیە بەهەمان پەروەردە و کەلتورى پارتى ڕووبەڕووى پارتى بوویەوە، ئەمەش کارئەکتەرەکان دەگۆڕێت، بەڵام هەمان دەرئەنجام دەداتە دەستەوە. بەعس ڕووخا بەڵام خاڵە گرنگەکە بۆ ئێمە ئەوەیە کولتورەکەى زیندووە، بەعسیزم لەناو هێزە کوردییەکاندا زیندووە، دەکرێت ئێستاش پارتى بڕوخێنین بەڵام کولتورەکەى ناڕوخێت، کە ناڕوخێت هەر هێزێک و هەر بەرەیەک و هەر لایەنێک دەسەڵات بگرنە دەست هەمان شت بەرهەم دەهێننەوە.
با تۆزێک ووردتر لەم هاوکێشەیە بڕوانین: (سڵاڤۆی ژیژەک) لە کتێبی (سەرەتا وەکو تراژیدیا دواتر وەکو کۆمیدیا) دەڵێت: کاتێک قەناعەت بە مریشکێ بکەیت بە پێی خۆى بڕواتە بۆ کوشتارگە، چ پێویست دەکات ئێمە بیکوژین و دایپڵۆسێنین… بهههمان لۆجیك قسهبكهین؛ زۆربەى لایەنگرو ئەندامان و سەرکردایەتى گۆڕان چونکە لەناو دۆخێکى پەروەردەیدا نین بۆیە ناتوانن کۆمەڵگەش بخەنە ناو دۆخێکەوە، کە بزانیت چۆن ڕزگارى خۆى بونیاد بنێت، چۆن بەرەو بەرەنگارى و هەڵویست وەرگرتن بڕوات. بۆیە زۆربەى جار لە کۆمەڵگەى کوردى ئەوانەى بانگەشەى دژە پارتى دەکەن، لەناو تۆڕێکن کە (بەناڕاستەوخۆ) لە خزمەتى کولتورى پارتایەتین، واتە پێیانوایە دژن، بەڵام ڕێک شتێک دەکەن کە تاکتیکى پارتى و کولتورەکەیە بۆ خۆکوشتنى دژ، بۆ خۆکوشتنى خۆ، بۆ بەرهەمهێنانەوەى هەمان کولتور، بۆ ڕۆیشتنێکى قەناعەتپێکەرانە وەکو مریشکەکە بۆ کوشتارگە.
بەڵام لێرهدا یەک جیاوازى هەیە، ئەم جیاوازییە دەکرێت کەمێک گەشبین بێت، پارتى بە (زانینەوە) بۆ سەپاندنى هەژموونى دەسەڵات بەعسیزمى بەکارهێنا (تاوهكو ئێستاش)، بەڵام بزووتنەوەى گۆڕان بە (نەزانییەوە) کەوتۆتە ناو ئەو گەمەیەوە. واتە پارتى خۆى بەعسیزمى هێناوە ناو خۆى، بەڵام بزووتنەوەى گۆڕان بەعسیزمی هێنراوەتە ناوى بێئەوەى ئاگاداربێت چۆن؟ پارتى ئیمکانى نییە باش بێت و ئیشیش لەسەر ئەوە ناکات، بەڵام ئیمکانى هەیە چاکەکان خراپ بکات و بەردەوامیش ئیش لەسەر ئەوە دەکات، واتە گەورەترین چەکى فاشیزم بەرانبەر نەیارەکانى ئەوەیە بیانخاتە دۆخێکى ڕاسیزمەوە، تا بڵێت ئەها ئەوانیش لە من خراپترن، ئێ پارتیش هەر ئەمە دەکات و تا ڕادەیەکى زۆریش سەرکەوتوو بووە!
با بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە تەنیا دوو نمونەیەک وەربگرین:
یهكهم) تەماشاکەن: چونکە دۆخى پەروەردەیی نییە، ئەو مەکینە زەبەلاحەى گۆڕانخوازان و لایەنگران چۆن کەوتوونەتە ناو ئەو تەڵەیەوە، چۆن دۆخى (ڕاسیزم) بەرهەمدەهێنن، چۆن لە جیاتى قەناعەت و ئەرگومێنت کەوتوونەتە تەشهیر و جوێندان بە هەموو نووسەرانی ڕەخنەگر و لایەنە جیاوازەکان و تەنانەت خودى گۆڕانخوازێکى ڕەخنەگر. ئەمانە ڕاستەوخۆ ڕاستە دژی پارتین، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ هەڵگرى پرۆژەی پارتایەتى و کولتورەکەین. بە ڕاستەوخۆ لەگەڵ گۆڕانن، بەڵام بەناڕاستەخۆ دژى بزووتنەوەکە و کەلتورى گۆڕانکارین.
دەبێت ئهوه بگوتریت؛ ئەم مەکینە زەبەلاحە لەوەوە سەرچاوە گرتووە وەکو تاک ئاگادارى دۆخى تاکتیکى سیاسی فاشیزم نین، وەکو دەستەجەمعیش کە خەتابارى گەورە بزووتنەوەکەیە نەیتوانیوە پەروەردەیان تێدا بچێنێت. هەندێک جار ئەمانە لەخۆشەویستى زۆریانە بۆ بزوتنەوەکەیە، چونکە قبوڵی ئەوە ناکەن هەموو خەونەکانیان بەم بزووتنەوەیە گرێدراوە ئێستا ئەو خەونە بەر ڕەخنە دەکەوێت، بەڵام دەبێت بزانرێت هەندێک جار خۆشەویستى کوێرانە هەم دابڕانە لە ئەقڵانییەت هەم دەرگا کردنەوەیە لەبەردەم فاشیزم کە بە کەیفى خۆى یاریت پێ بکات.
دووههم) تەماشاکەن: چۆن ئەکتەرە دیارەکانى ئەم بزووتنەوەیە چۆن لە دەسەڵات و فاشیزم زیاتر (ترس) بەرهەم دەهێنن، ترس هاوشێوەى (ڕاسیزم) یەکێکی ترە لە تەکنیکە جیاوازەکانى فاشیزم تا کۆمەڵگە و ڕۆحە زیندووەکانى کۆمەڵگەى پێ ئیفلیج بکات. ئەم بزوتنەوەیە لە جیاتى ئەوەى ئومێد ببەخشێت بە کۆمەڵگە و کۆمەڵگەش بخاتە دۆخێکى پەروەردەییەوە پەیوەستی بکات بە خۆیەوە، کەچى لە دەسەڵات زیاتر ترس بەرهەم دەهێنێت، لە دەسەڵات زیاتر کۆمەڵگە بەرەو مەرگ ئاڕاستە دەکات، هیچ دۆخێکى ڕزگار پیشانى هیچ لایەک نادات، بەڵکو دۆخى مەرگ نیشاندەدات، ئەمەش ئەوەیە دەیەویت بڵێت دەسەڵات مەرگ بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش گەیاندنى دروشمی دەسەڵاتە بە کۆمەڵگە، واتە بووەتە ڕاگەیاندکارێک کە خیتابى پارتى بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت، ئەى ئیشى تۆ وەکو ڕزگاریکەرێک چییە؟ ئەمە بەرهەمهێنانەوەى کولتورەکەیە بەناڕاستەوخۆ.
کۆمەڵگەى کوردى لە دواى ساڵى ١٩٩١ لە دۆخێکدابوو دەتوانی چۆنت ویستبا بەو شێوەى ببەیت، وەکو زەوییەکى بەتاڵ بووە، چۆنت بویستبا دەتوانی بەو شێوەیە دروستىبکەیت، ئەو کات ئاسانتربوو بۆ هەر حزبێک، بزووتنەوەیەک بۆ ئیشکردن، بەڵام ئیستا کارەکە زۆر زۆر قورسە. فاشیزمى کوردى باڵەخانەیەکى وێرانی بونیادناوە، ئێستا دەبێت ئەو باڵەخانەیە یان وێران بکەیت، یان لە لە لایەکى تر بە دابڕان لەو باڵەخانەیە دروستکردن دەست پێبکەیتەوە. مێژووى ئەم باڵەخانەیە و حزبى کوردى (گێلى و خیانەتکارو نەفامی) تێدا زاڵە و زاڵ بووە. ئەمە پەروەردەکەیە کە ئەوانە (بەس ناکوژن بەس دزى ناکەن) بەڵکو خەسڵەتى مرۆڤایەتیشیان لەناو ئێمە نەهێشتووە. بۆیە دەبێت ئەوەى ئەرکى (بەرەنگارى) بەرانبەر ئەم دۆخە دەگریتە بەر زۆر هۆشیار بێت، ئەگەر هۆشیار و بلیمەتى لەناو ئەو لایەنە نەبێت بە نەزانینەوە دەبێتە پارچەیەک لەو باڵەخانە وێرانە.
بزووتنەوەى گۆڕان لەبەرانبەر ئەو فاشیزمهى دروست بووە، دەبا یەکەمجار دۆخى پەروەردەیی تاک، بەتاک و لایەنگر و كۆمهڵگه دەستپێبکردایە، نەک بەو شێوە بایە ئەوەى پارتى نییە دەبێتە گۆڕان، ئەمە تەکبیرە چارەسەر نییە، چونکە ئێمە لەناو فاشیزم و بنکەیەکى کۆمەڵایەتى زۆر دواکەتووەوە هاتووین، لەگەڵ خۆمان تایبەتمەندى کەلتورى (بەعس، پارتایەتى، خیڵەکى، مێگەل، عەشرەت و گێلى، خیانەتکارمان) مان هێناوە، ناکرێت بەم هەموو تایبەتمەندیەوە جیاوازى و گۆڕانکارى دروست بکرێت. ناکرێت بێ پەروەردە ئەم هەموو تایبەتمەندیە لە تاک و لە كۆمهڵگهدا هەیە بیگوازیتەوە ناو خۆت، ناکرێت بێ ئیشکردن لەسەر ئەم تایبەتمەندیانە و مەرگى ئەمانە بونیادێکى باشتر لە فاشیزمى پارتى و یەکێتى بونیاد بونرێت.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە هەمان دۆخى باشوردابوو، خیانەتکارى و نائومێدى و جاشایەتى و کەلتورى خێڵەکى و دواکەتووى لەناو باکوردا تەواو باڵا دەست بوو، ئەو بە دروشیم ئەوە دەستی پێکرد: پەروەردەنەکردن ئەوپەڕى بێشەرەفییە لاى ئێمە. ئۆجەلان ژنێکى باکور کە نەیدەتوانى بچێتە سەردانى دراوسێکەى بە دۆخى پەروەردەیی کردییە جەنگاوەرێکى سپارتایی. بۆیە دەبێت ئێمەش زۆر هەستیار بین بەرامبەر ئەم دۆخە، ئەگەر هەستیار نەبین و دۆخى پەروەردەیی بۆ تەواوى کایەکان نەگەڕێنینەوە و شەڕی بست بە بست لەگەڵ جەهالەتدا لەم کۆمەڵگەیە نەکەین، ئەوا دیسان بەڵایەکى تر بەسەر خۆماندا دەهێنین، با بە هەموومان سنوورێک بۆ ئەم کەلتورە دابنێین، سنورێک بۆ پەککەوتەبوونمان و داب و نەریتە خیڵەکییەکان و بێ هێزەکانمان دابنێین، ئەم فاشیزمەى هەموو لایەکى گرتۆتەوە هەمووانى کردۆتە مێگەل و بودەڵە. هەمووان خۆیان بەموفەکیر دەزانن و بەڵام چونکە تایبەتمەندییەکانیان لە ناو خۆیاندا نەکوشتووە دواجار یان خزمەت بە فاشیزمى کۆن دەگەیەنن، یان بێ ئاگا خەریکى دروستکردنى فاشیزمێکى نوێن.