
Master of the Joseph Sequence – Joseph and the Wife of Puthiphar
با،
دوور لە ئومێد
پەپكەی خواردبوو ..
لە دەنگی خرینگە زیاتر نەدەبیسترا ..
بە قووڵایی بیر ،
له بەر سێبەری بێدادیدا
دەدرەوشایەوە ..
لە ژێر چ سرووتێكی هەڵوەدادا بووی ؟
لە تافی چ شادییەكی بەلەنجە ؟
بیرت لەوە كردەوە ،
براكانت بخەیتە بیر یوسف!
*
یوسف!
تۆ لە هەموویان جوانتر بووی ..
لە هەموویان خۆشەویستتر ..
خۆر و مانگ و ئەستێرەی ئاسمانان
بۆ باڵات دەنووشتانەوە..
ئیرەییت بە چییان برد ؟
یوسف
براكانت بۆ خستە بیر و
وتت گورگ خواردنی ؟!
*
ئێمە كۆمەڵێك مردوو بووین ،
ماندوو
لە زەماوەندی ستەم گەڕابووینەوە
پاڵمان بە دیوارێكی ڕووخاو دا بوو ،
تۆمان دی لە بێدەنگیی سپێدەیەكی ئارایشتكراودا
كراسە بەخوێن كراوەكانیانت بە دەستەوە بوو
لە دوور ڕا ،
بە چەند ئاڵایەكی تەسلیمبوون دەچوون
بە ڕیتمی هاواریان پێدەكەنی ..

Joseph and Potiphar’s Wife
, Joseph leaving, by Orazio Gentileschi
یوسف
براكانت بۆ خستە بیر و
وتت گورگ خواردنی ؟!
*
نەخشەی تەمەنت هەمووی
بە قوربانی ،
تاخچەیەكی پەمۆیی
كۆشكی عەزیزی میسرێ كرد ..
ئەشكەوتێكی چۆل بوو ،
تەنیا دەنگی خۆتت لێ دەبیست ..
بە تەنیا خۆت تیا دەدی ..
(زولەیخا ) ئەو تریفە بە خەرمانە نەبوو یوسف !
مەوداكان ،
لە ساتێكی هێدمەگرتوودا ببینێ ..
بۆ براكانت خستە بیرەوە و
وتت گورگ خواردنی ؟!
*
زامی بەفر
تارمایی شكۆفە
كوانووی سارد ..
لە كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵیدا
تاوتوێی هاوارە دوایی نەهاتووەكانی
بن بیریان دەكرد ..
با ،
نهێنی بۆ دیوان لێ دەدزین ..
ئاڵۆز بوو ،
لەخۆنووسانێكی ئاڵۆز
ژوانی ناوەختی
یوسف و بیر ..
*

Peter von Cornelis – Joseph Reveals Himself to His Brothers [c.1816-17]
هەتاوی كوژاوە،
نم نم
بەسەر جەستەی برایاندا
دەڕژایە خوار ..
“زولەیخا خەونێكە
لە ئەندێشەی مناڵانەمدا ..“
وەهای گوت یوسف .
*
كۆمەڵی مردووان،
هێشتا بە پاڵ دیوارەوەن ..
جەستەی كەڵەكە بووی براكان
لە ( بیر ) ی بێ هاوار … بێ بانگ
شێتایەتی سرووشت ..
خەوی ئەبەدی ..
یوسف لە كۆشك ،
درەختێكە بە تاریكی تەرز داوێ .
كانوونی یەكەمی- 2016

ڕێنوس و خاڵبهندی تایبهته به نوسهر خۆی.