ماناکانی مەرگ و مەرگی فاریناز

Loading

ماناکانی مەرگ و مەرگی فاریناز.

مەرگ بۆ خۆیی و لە خۆیدا بێمانایە، مەرگ و ناولێنانی مەرگ لەناو ھەلومەرج و کۆنتێکست و پەیوەندی ھێزەکاندا ، ھەموو مەرگێک بۆ ئـێمەیەو ماناو ئـاست و دەلالەتەکانی بۆ ئـێمەیە. مەرگ ڕووداوێکیشە بەپلەی ئـیمتیاز بۆ ئـێمە. ناونان و ناولێنانی مەرگێک پێشوەخت یەکلاکراوەتە بەجەبرو ناچاری و پێویستی ناوەکی،مەرگی خانمێکی کوردی مەھابادی جیاوازە لە مەرگی خانمێک لە تاراندا.

ناسیۆنالیزم خەیاڵ و ھێماو ڕەمزو زمانی ھێماییە بەشتەکانەوە نوسراوە. سروشت بە بوون و پەیوەندییەک دەدات کە پڕیدەکات لە ئـیمکان و شیمانەی دەرکەوتن بەپێی ھەلومەرجێکی تایبەت. شەرەف و ناموس و کەرامەت و شکۆی ئـینسانێک وەک ئـینسانێکی ڕووت و قوت،  کە تەنیا لە دۆخی مرۆڤ بوونیدا بێت چ مانایەکی نییە. ڕوداوێک بۆ ئـێمەو بەرکەوتنی لە گەڵ ئـێمە گرنگترە تاوەک بۆ خۆی. ڕووداوێک بارگاوییە بە زۆر ئـاراستەی جیاواز و مانا و بەرھەمھێنانی ماناوە.

ئـافرەتێک کە لە ھۆتێلێکی چەند نھۆمییەوە خۆی فڕێدەداتە خوارەوە تەنیا لە بەرئـەوە نییە کەمەترسییەک بۆ سەر جەستەو ڕۆحی بوونی ھەیە وەک ژنێک، ژنێک بارگاویی و بارکراوە بە ھێماو سروشت و زمانی نەتەوەیەک لە کوێدا؟ لەشارێکدا کە پڕە لەبەرزبوونەوەو ھەڵبەزو دابەزی کوردایوتی. سابڵاغ شوێنێک نییە وەک ھەر شوێنێکی تر ڕووداوەکانی وەک ھەر شوێنێکی یر بەسەردا تێپەڕێت، بەڵکو ڕووداوێک لە مەھابادا بارگاویی و پڕە لە ماناو بەرھەمھێنانی مانای تایبەت بەوشارەو بە سەرمایەو حیکایەتەکانی ئـەو شارە.

شەھیدبوونی ئـافرەتێک بەم مەرگە تراژیدییە ئـەگەر لە تاران و لە ئـەسفەھان و لە ھەر شارێکی دیکەدا ڕویدابایە ئـەم سروشت و ماناو دەلالەتەی نەدەبوو. سابلاخ بە حیکایەت و سەرمایەی مەعنەوی و ڕەمزی ناسیۆنالیستانەی وەک کۆمارو و شۆڕش و یاخیبووەکانی دیکەی ئـەم شارە جیاوازە لە ھەر جێگەیەکی تردا.

فەریناز ؛ چرکە ساتی پێش بەربوونەوەی / 07.05.2015
فەریناز ؛ چرکە ساتی پێش بەربوونەوەی / 07.05.2015

چاوەڕوانی ڕووداوێک لەم شارە ھەمان چاوەڕوانی نییە لە شارێکی تر بەم ماناو دەلالەتەوە، وێنەگەلێک لەسەر مەھاباد ھەیە کە پێش ھەر خەیاڵکردنێکی لابەلای وەک بەرگری لە ژیان و ئـازادی و دیموکراسی و تەواوی ئـەو بەھانانەی دیکە کە بەزۆر ڕوودا ناچنەوە سەر کورد بوون.  کوردبوون لە مەھاباددا جیاوازە، حیکایەتی کۆمارو کوردایەتی بۆ مەھابادییەکان و لە خەیاڵی مەھابادییەکاندا جیاوازە لە ھەر پانتاییەکی جوگرافی کوردی.

ئـەوخانمە شەھیدە ڕاستە ژنە و بەرگری لە کەرامەت و شەرەفی خۆی کردوەە، بەڵام لە شارێکی دیکەی وەک تاراندا ڕوویدابایە ھەرگیز مەرج نەبوو مەرگی خۆی بەمشێوەیە ھەڵبژێرێت، یان ھەرگیز بەو دەرئـەنجامە نەدەکەوتەوە کەئـێستا لە سابڵاخ و تەواوی ڕۆژھەڵات کەوتۆتەڕوو. ھەر ناوێکی تر جگە لە کوردبوون و بەرگری لە شەرەف و شکۆ و کبریایی کوردی لە ڕێگەی جەستەیەوە ئـاستی دیکە وەرناگرێت.

ئـەمە بەرگری ژنێکی فیمینیست نییە، ئـەمە ھەوڵی ھەڵھاتن و دەربازبوونی چەپێک نییە کەھەرگیز شەرەف و کەرامەت ئـەم ئـاستەی مانای نییە. ئـەم ئـاست و ڕەھەندو جوگرافیای مانا تەنیا دەکەوێتە ناو ماکینەکانی مانای کوردبوونەوە! ئـەم مەرگە مەرگی ئـافرەتێک-کوردبوونێکە لە ناو شارێکی کوردی بە پلە ئـمتیاز. مەرگێک جگە لە قوربانییەکی ناسیۆنالیستانە،  ئیدی  داتاشینی ھەر مانایەکی دیکەی ئـیدۆلۆژی کڵۆڵ  بەسەریدا   دەستەپاچە دەکەوێتەوە.

ڕاپەڕینی خەڵکی مەهاباد لەدوای بەربوونەوەی فاریناز لەڕۆژی 07.05.15
ڕاپەڕینی خەڵکی مەهاباد لەدوای بەربوونەوەی فاریناز لەڕۆژی 07.05.15