ناپلیۆن به‌سه‌ر شاخی ئه‌لبی ئه‌ڵمانیادا هه‌ڵده‌گه‌رێت - هیگڵ ؛ ڕۆحی جیهان له‌سه‌ر ئه‌سپه‌ Napoleon Crossing the Alps, Jacques-Louis David 1801. Oil on canvas

قسەکردن لەسەر ڕیفراندۆم و شکاندنی شکۆی فیکر


Loading

زاموا محەمەد
1- من تێناگەم لە سەدەی بیستویەکدا، چۆنچۆنیی و بە چ ئەقڵیەتێکەوە، لای بنووسێکی خوێندەوار -بە قەولی خەڵک- و زمانزان “مانەوە لە پەراوێزدا خاسێتی بوویەکی بچووک یان ناتەواوە”؟ باسی میراتی پۆستمۆدێرن ناکەم -کە دڵنیام زۆرینە تەنها تایتڵەکانی ئەزبەر دەکەن-، بەڵام پرسیار لای من ئەوەیە کە ئایا سەنتراڵەکانی کورد ئەوەندە گرنگ و بایەخدارن کە ئێمە ڕوویان تێبکەین؟ ڕاستیەکەی پێویست ناکات بلیمەت و فەیلەسووفی زەمان بین تا ئەقڵمان بەوە بشکێت پووچترین سەنتەرەکان، پەڕپووتترین چەقەکان، ئەوانەن کە لە ئێستا و لە ڕابردووی کورد-دا دەردەکەون و دەرکەوتوون؛ با لە هیچکام لە تیۆرەکانی نیوەی دووەمی سەدەی بیستیش تێنەگەیشتبین، بەڵام تەنها سەیرکردنێکی سادەی ئیمپیریانەی مێژووی ئەم سەدەیەی کورد بەسە بۆ ئەوەی تا ماوین قێز لە سێنتراڵ بکەینەوە. با لە فیکری فەرەنسیش دووربکەوینەوە، مارکۆزە نەبوو کرێکارانی وەک هیوای ڕزگاربوون لە کەپیتاڵیزم ڕەدکردەوە و ئومێدی دا بە پەراوێزخراوان و حیساببۆنەکراوان؟ لەم سەدەیەدا، من لەم سەنتەرپەرستییە تێناگەم.
عەتا قەرەداغی لە “وتارە سیاسی”ەکەیدا شاری سلێمانیی -وەک خۆی دەڵێت بەپێی کۆمەڵناسی- بە شارێکی هەرزەکار زانیوە، پاشتر نووسیویەتی کە کورد تا نەبێت بە دەوڵەت ناتوانێت بەشداریی بونیادنانی مێژووی شارستانێتی بکات و لە پەراوێزی مێژوودا دەمێنێتەوە. چەند پرسیارێکی سادە: ناوچەی سلێمانی، بەشی ئەوە پەراوێز، بەرهەم، پەیوەندیی، مەدەنیەتی هەیە تا پێی بگوترێت شار؟ هەولێر و کەرکوک و دهۆک و هەڵەبجە شارن؟ لە چ سەردەمێکدا، بونیادنانی شارستانیەت و کولتور لای سەنتەرەکان بووە؟ ڕەنگە هیگڵیەکان تۆزێک ڕقیان لەم پرسیارە بێت: ئایا ئەوەی مێژووی بەڕێوەدەبرد ناپۆلیۆن بوو، ڕوحی جیهان بەسەر ئەسپەکەیەوە؟ وابزانم ڕوونە کە لە ئەڵمانیا و لە سەردەمی ڕۆشنگەرییدا، پاش بەرزبوونەوەی چینی بۆرژوا، ڕۆمانتیکەکان لەپاش ئەوانەوە ڕۆڵە مێژووییەکەیان گێڕا؛ ئایا ڕۆڵی مێژویی ڕۆمانتیکیزم -کە پەراوێزبوون- دەرەنجامی بەسەنتراڵبوونی بۆرژوا نەبوو؟ دەرەنجامی دەرکەوتنی ماف نەبوو وەکو مافێک تەنها بۆ بۆرژوا، دەرەنجامی یەکگەلی و خەونی یەکگرتوویی جیهان نەبوو تەنها لەپێناو بۆرژوادا؟ ڕۆمانتیکەکەکان بۆرژوا پەراوێزخراوەکان نەبوون؟ چۆن دەکرێت ئاگاداری فیکر و مێژوو بین و لامان وابێت کە پەراوێزەکان لە مێژوودا شارستانیەت بونیادنانێن؟
ساڵی ١٨٠٦ هێگڵ سه‌یری ناپلیۆن ده‌كات كه‌وه‌ك داگیركارێك له‌شاری (یێنا ) به‌سه‌ر ئه‌سپه‌كه‌وه‌یه‌تی ، له‌جیاتی بێزاری ده‌ڵێت : ڕۆحی جیهان له‌سه‌ر ئه‌سپه‌
Der Wletgeist zu Pferde
-هێڵكاری ماگازینی هاپه‌ر ١٨٢٥-بڵاویكردۆته‌وه‌
2- هەموو قسەکردنێک لەدەرەوەی تیۆر و زمانی تیۆریک، دەستپەڕکردنێکە بە زمان و هیچی تر. ئەمە بۆ زۆرینەی ئەو ئینشایانە ئاوەڵناوە کە لەم دەیەیەدا عولەما و ئودەباکانی کورد، ناشیۆنالیستەکان و پیاوە میللیی و تەقلیدیەکان نووسیان و ناویانلێنا “وتاری سیاسی”. بەرژەوەندیەکی پەنهان، قین و بوغزێک لە دڵدا، تێنەگەیشتن یان بەدحاڵیبوون لە تیۆریەک یان لە چرکەساتێکی مێژوویی، هەموو ئەمانە بە ڕێژەی کەم و زۆر تێکەڵ بکە و شتێکت بۆ دەردەچێت کە کورد ناوی ناوە وتاری سیاسی؛ شێوازێک لە نووسین کە تیایدا، بۆ نمونە، بۆت مەیسەر دەبێت کە دۆخێکی ئاڵۆزی وەک دۆخی ئێستای کورد، بە ئارکیتایپی نەقشبەندی و قادری بپێویت و تێز فڕێبدەیت لەپێناو ڕیفراندۆمدا.

 

3- شکۆی شار بەوە نەشکاوە کە چەند نووسەر و ڕۆژنامەنووسێک پشتگیری ڕیفراندۆم ناکەن. شکۆی هەموو کورد ئەو کاتە شکا کە بیریارێکی میوان لەبەردەم سیاسیەکانمان خۆیاندا، بە ئاشکرا و بە ڕوونی گاڵتەی بە حوکومڕانی ئێمە کرد. شکۆی شار ئەو کاتە دەشکێت کە سەرمایەدارێکی پووچ لێرە و لە ئەمریکا لەبری خوێندەوارەکانت قسە دەکات، ئەو کاتە دەشکێت کە گەشتیارێک دێتەوە و لەبەر گەمژەیی خەڵکەکەت و سیاسیەکانت ناتوانێت چارەکێک مەشرووب بکڕێت، شکۆی شار لە خەیار بەخشینەوەکەدا، لە حەڤدەی شوباتدا، لە… نازانم حەیاچوونەکانمان زۆرن.