خەیاڵی نێو ئاوێنە شکاوەکە

ھۆزار ئەحمەد

679
ھۆزار ئەحمەد

“ھەنگاوەکانم بەچڕی ھەڵدەگرم، فەرشە سوورەکە، دەدرەوشێتەوە، وەک ڕۆشنایی مینا خۆی دەنوێنێت، لەژێر قاچەکانمدا، خەڵکەکە بەڕیز ھەردوولای فەرشەکەیان دەورەداوە، ڕووناکی ھۆڵەکە، تەنیا خۆشحاڵیەکان نمایشدەکات، نێوانی ھەنگاوەکانم و تاجەکە کورتر دەبێتەوە. ئەم ئەفسوونه‌ دەبێت کێ بێت؟

– ئای ئەوە منم من، خاوەنی ھەنگاوەکان!”

لەگەڵ زەنگی تەلەفۆنەکە، یاداشتەکەم لەناو پەڕگەی سەر مێزەکە دانا.

– “بەڵێ؟” وەڵامدایەوە.

-“جەنابی پشکنەر، ئاوێنەیەکی شکاو بە ماکێک خوێنەوە، لە ژووری تەرمەکە دۆزرایەوە، کە ھەمان (دی ئێن ئەی) تەرمەکەیە.” …پەیوەندییەکە پچڕا.

ئەو ساتانەم لە دۆزینەوەی بەختەوەری نەدەچوو، ھاوشێوەی پیشەوەرێک، خووم گرتبوو، بە ئامانجێکه‌وه‌. ئامانجی من بیانووی دۆزینەوەی ڕاستی  بوو، خووی پیشەوەریش، پیشەکەی بوو. ڕوونبوو، کە کارەکانم ڕەوایەتیدانە بە غەم و دۆزینەوەی مەتەڵی تر لەھەناوی غەمدا. تاوانبار کێیە؟ ئاخر ناسینی شوناسی تاوانبار چ گرەنتی ڕوونەدانی ڕووداوێکی ھاوشێوەی ھەیە، خۆ ھەردەم زیاتر لە ڕێگایەک ھەیە تەنانەت بۆ یەک جۆر تاوانیش، ئەی تاوان چی لێ بەسەردێت، کاتێ تاوانبار شوناسی بەدیار دەکەوێت؟!

ئێ، خۆ ھەرنا سەرچاوەکە دەدۆزرێتەوە، ئەوکات بەلای ھەمووانەوە شوناسی تاوانبار ڕوون دەبێت … ئەو بیرۆکە دژیەکانە وەک کرم لە مێشکمدا گینگڵیاندەدا. وەک ڕۆتینێ لێکۆڵەر دەستم ڕەھا کرد بۆ سیگار و چەرخ، لەگەڵ داگیرسانی سیگارێکدا، بەرلەوەی دەستبکەم بە خوێندنەوەی یاداشتەکە، لە بەر خۆمەوە، ئەوکات گووتم؛ بەڵێ ئەوە گرنگە کە تاوانبار چۆنی کرد، نەوەک بۆ وایکرد، ئەوە سروشتی پێشەی منە.

 

“زەنگی دەرگاکە ڕامدەچڵەکێنێت، سەرم لەنێو پێخەفەکەدا، بە قورسی بەرز دەبێتەوە، بیرکردنەوەم یەک ڕێگای ھەیە ئەویش ڕاکردنە، وەک ڕاکردنە ڕۆتینییەکانی بەیانیان و ڕاکردنەکانی دوای ھەر ڕاچڵەکانێ. خۆرەتاو سەری دەرھێناوە و دیار نییە، شەبەنگی دیوارەکە دەبریسکێتەوە، بوار به‌ ئاوێنه‌كه‌ دەدات ڕۆڵ ببینێت، ئاوێنەکە لە ھەرشتێکی تری ئەو ماڵە بێدەنگتر و ڕاستەقینەترە، ھەنگاوە گورجەکانم لەبەردەم ئاوێنەکەدا دەوەستێت، ئاوێنەکە وەک ھەر سپێدەیەکی تری نێوان ھیوا و ڕاچڵەکان گەڕاندمییەوە سه‌ر خەیاڵ و کوشتن.”

سەرم ھەڵبڕی، لە یادداشتەکەدا خەیاڵ و کوشتن، ئاخۆ چ پەیوەندییەکیان بە تەرمی ژوورەکەوە ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا سروشتی لێکۆڵینەوەم پەیوەست نەبوو بە خەیاڵەوە، بەردەوام بووم لە خوێندنەوە.

 

“لە ڕووخساری خەوەکەم ناچێت، پێستێکی فرە ئەسمەر، ھاوسۆز لەگەڵ شەوە کابوسییەکان، قژێکی زبر و ھاوسۆز لەگەڵ  لەچکەی سووتێنەر، چاوێکی بچووکی قاوەیی، ھاوسۆز لەگەڵ بڤەکان، دوو گوێی قووت و ڕەپ، ھاوسۆز لەگەڵ ئامۆژگاریەکان، دووبارە دڵۆپی ئەسرینەکان ھاتنەوە، وا یاغر یاغر لەگەڵ ئارەقە ساردەکانی گۆنام تێکەڵ دەبن، پێڵوەکانم، نیوه‌ دادەخرێن. بە میزاجێکی نائارامه‌وه‌ دادەنیشم، دەستەکانم دەخەمە سەر ئەژنۆم، سەریشم بۆ نێو دەستەکانم. دەگریم وەک خوویەکی کۆن، کۆنتر لەو ئامۆژگارییانەی بۆ گوناهی کچبوونمە. سینگم کوتەی دێت، وەک ھەمبانەی کوورەی ئاسنگەر، بیرمدەچێتەوە بۆ لای ئاوێنەکە، وەک ھاوڕێیەکی کۆن، کۆنتر لە تەنیاییم. دەنوومەوە ھەڵدەسمەوە، نان دەخۆم و دەخۆمەوە، قورئان دەخوێنمەوە و نوێژ دادەبەستم، وەک خوویەک بۆ ڕەزامەندی نزاکانی دایکم و شانازیەکانی باوکم، تا بۆمبکرێ چاوەکانم دادەخەم و خەیاڵدەکەم، بیر لە ھەر شتێکی دەرەوەی ئەو ماڵە دەکەمەوە، ھەموو شتێک دەمبات بۆ لای تاجەکە، بەڵام ھەندێك جار بێزاردەبم لە خەیاڵ، ئەو کاتەی وا ھەستدەکەم بێدارم.”

چووم بۆ لای ئاوێنەکە، لەسەرووی دەستشۆرەکە هه‌ڵواسرابوو، دوو شڵپ ئاوم کرد بە ڕووخسارمدا، لەئاوێنەکەدا، ھەر ئەو وەسفانەم بینی کە لەلایەن دەوروبەرمەوە بۆمدەکرا، ھەر ناشرین و خوێن شیرین … ئاخۆ ڕاستیان گوتووە؛ ئێمە بەتەواوی ئاوێنەی کۆمەڵگاین! ھەر بیرکردنەوەکانی ئەوانم دەبینی لەبارەی ڕووخسارمەوە، بەھۆی مژووڵیم بە پیشەکەمەوە، زۆر گرنگ نه‌بوو لام، بەڵام لەوە گەیشتبووم کە ئەو وێناندنانە، سەختن بۆ خەیاڵ، خەیاڵ ھەر چییەیک بێت، زادەی به‌رهه‌سته‌كانه‌، چونکە مرۆڤ بەخەیاڵیش ھەردەم دەیەوێت ببێت بە خۆپەرست و دۆنکیشۆت.

 

“زەنگەکە دووبارە لێدەداتەوە، تەزووی خەیاڵم دەپچڕێت، دایکم بە دەنگێکی نیوە بەرز دەڵێت، ماریا دەرگاکە بکەرەوە، كێلونی دەرگاکە ڕادەکێشم، چەند منداڵێک دەبینم بە جلی قوتابخانەوە، بەسەرمدا ھاوار دەکەن، نابووت، شێتە، غولە، ناشرین!…توڕەدەبم، بەردێک ھەڵدەگرم و دەیکێشم بە سەری یەکێکیاندا، خوێن فیچقە دەکات و دەکەوێت، ئەوانیتر ڕادەکەن و دەگرین، خەڵک کۆدەبنەوە و دەیبەن بۆ نەخۆشخانە. دایکم سەرزەنشتم دەکات، باوکم لێمدەدات، ھاوسێکان نەفرەتم لێدەکەن. منیش دەگریم، بەڵام بەبێدەنگی و کەمترینی ئەسرینەکانم دەبینرێت، بیرمە بۆ یەکەمجار بە بیانووی ناتەواوی لە قوتابخانە دەریانھێنام، ئەسرینەکانم بینرا. دەگەڕێمەوە ژوورەکەم، ئاوێنەکە بەدەستمەوە دەگرم و دەگریم، دووبارە دەنووم، ئەمە جیھانی من نییە، دەبێت بڕۆم بۆ لای تاجەکە، ھەمووشت لەوێیە، دووبارە خەون و تاج و خۆشحاڵی و ڕاچڵەکان وەک دەیان و سەدان جاریتر … ئاوێنەکە ئەمجارەیان لە پاڵمە.”

 

زەنگی دەرگای ژوورەکەم لێیدا، بەردەستی نوسینەگەکە بوو، ئەو قاوەیەی بۆ ھێنام کە دە خولەک پێش ئەو کات داوامکردبوو. لەگەڵ زەرفی نامەیەک، لەسەری نوسرابوو “لە تادڤانەوە بۆ لێکۆڵەر”، دوای سوپاسکردنی بەردەستەکە، دەرگاکەم داخست. فنجانی قاوەکەم لەسەر مێزەکە دانا، نامەکەم کردەوە چەند ڕستەیەک بە خەتێکی نیمچە ڕێک نوسربوو:

 

(بەڕێز لێکۆڵەر، وەک لاتان ئاشنام، بەھۆی شایه‌تی و لێدوان وەرگرتن، من ھاوڕێی نزیک و ھاوپۆلی ماریا بووم، ئەو یاداشتەی لەلاتە دڵنیام ئیستا گرێی زۆر مەتەڵی بۆ کردوونەتەوە، ئەمە دەبوو پێت بڵێم، ڕۆژی پێش ڕووداوەکە، ئەو یاداشتەی پێمدا، تەنیا سڵاوێکی کرد و گووتی بیپارێزە، من ھەر ئەو ڕۆژە خوێندبوومەوە، بۆ یەکەمجار ھەستم بە ئازارەکانی کرد، تا ئیستا زۆر سەراسیمە و حەیران ماوم، لەم دەربڕینانە، وەلێ دەستوخەتی ئەو نوسینانە، دڵنیام ھی ماریا بوون، بەحوکمی ئەوەی ھاوپۆڵی ئەو بووم. جەنابی لێکۆڵەر، نھێنیەکانی ماریا، لە نھێنی شێتێک نەدەچوو، ھەمووان ته‌واو ھەڵە بوون لەبارەی ماریاوه‌، وابزانم کێشەی ماریا ئەوەبوو بۆچوون و دیدی دەوروبەری وەک ڕووداوێکی قووڵ وەرگرتبوو، پێموایە ئه‌وه‌ش بەتەواوی پەیوەست بوو بەو ژینەگەیەوه‌ كه‌ ماریای تێدابوو)

 

ئەمە دوا دێڕی نامەکە بوو، کاغەزەکەم قه‌دکرد و خستمە نێو زەرفی نامەکەوه‌، ئەو کات “خەیاڵ و ئاوێنە شکاوەکە و شێتی” منی گەیاندە، ئەو باوەڕەی تاوانەکە خۆکوژی بووە، ئەستەمە وام گریمانە بکردایە، یەک کەس پاڵنەری ئەو خۆکوژیە بووە، بەڵام کێ و کامە دادوەر و دادگا دەتوانێت ھەموو کۆمەڵگا دادگایی بکات، لە وێناكردنی ماریادا؟ کێ دەتوانێت ڕه‌وایه‌تی ئه‌و وێنانه‌ بكشێنێته‌وه‌ كه‌ عه‌وام حوكمیان له‌سه‌رداوه‌ و دەبنە ھۆی بریندارکردن؟ یان ئەو جیاوازییە قووڵە نه‌هێڵێت کە ڕەگی داکوتاوە لە سروشتی ئەو بوونەوەره‌دا، یان ھەرنه‌بێت، کاڵی بکاتەوە؟! ئایا ئەمە خۆی پرسیارێک نییە لەبەردەم دادپەروەری دروستدا؟!

ئەوەی پێویست بوو، لەیادداشت و نامە و جانتاکەم، ده‌گه‌ڵ خۆمبرد، قاوەکەم بۆ نەخورایەوە. خۆم گەیاندە شوێنی ڕووداوەکە، شەش سه‌عات بەسەریدا تێپەڕیبوو. بەپێی لێکۆڵینەوەی پزیشکی داد، کاتژمێر ٩ی بەیانی ڕوویداوە. ئەنجامی ئەو بەشە، لێکۆڵینەوەكه‌ی پەیوەست بوو بە منه‌وه‌. له‌ لێکۆڵینەوەکەمدا، دەبوو بنوسم بۆ بەڕێوه‌بەرایەتی پۆلیس؛ ڕۆژی دووشەمە، بەیانییەکەی، كه‌ دەکاتە ڕێكه‌وتی ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٥ ز، لە گەڕەکی بەختەوەری پارێزگای ھەولێر، ھاوڵاتییەکی تەمەن ٢٤ ساڵ، لە ڕەگەزی مێ، بە ناوی “ماریا” بە پەتێک لە ژوورەکەی خۆی، خۆی خنکاندووە، کێشەی دەروونی ھەبووە.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین

You might also like More from author

Comments are closed.