تابلۆی هونه‌رمه‌ند ئۆگین دیلاكروا - ئازادی ڕابه‌ڕایه‌تی گه‌ل ده‌كات ١٨٣٠ - سه‌رده‌می ناسیونالیزم له‌ئه‌وروپا

کۆتایى گەمە، لە پێش ڕیفراندۆمەوە بۆ پاش ڕیفراندۆم


Loading

 

یەکەم: کۆنتێکست:

 

یەک: لە سەدەى نۆزدە و بیستدا سێ کوچکەیەک هەبوو: ئیمپریالیزم، ناسیۆنالیزم، ئینتەرناسیۆنالیزم. ئیمپریالیزم پرۆژەى داگیرکارى دەوڵەتانى زلهێزى وڵاتانى جیهانى یەکەم بوو، ناسیۆنالیزم لە وڵاتانى جیهانى سێیەمدا گەشەى کرد کە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازیى نیشتمانى بوو، هەر کاتێکيش دەگەیشت بە سەرکەوتن، نەتەوەى سەردەست خۆیان دەسەپاند و کۆى پانتاییە جوگرافییەکەیان لە چوارچێوەى دەستووریى و سەروەریى تۆکمەدا کۆدەکرەوە، ئینتەرناسیۆنالیش پرۆژەى وڵاتانى جیهانى دووەم بوو کە خەباتى دەکرد چین و نەتەوە چەوساوە و ژێردەستەکان لە چوارچێوەى خەباتێکى جیهانیدا, دژ بە پرۆژە ئیمپریالیستییە گەورەکان, کۆبکاتەوە. دیارە لە نەزمى نوێى جیهانیدا ئەم سێکوچکەیە لاواز بووە. جیهانگیرى بووە واقیعێکى سەروو-دەوڵەتى، کە هەم ئیپمرپالیزمى گۆڕى بۆ جۆرێک ئیمپراتۆریەت، هەم سنوورى دەوڵەتانى تێپەڕاند و هەمیش ئینتەرناسیۆنالیشى پەرتوبڵاو کردەوە. جیهانگیرى بە پێچەوانەى ئینتەرناسیۆنالەوە، لۆکاڵەکانى لە دۆخێکى جیهانیدا نەتواندەوە، بەڵکو خۆى بۆ سەر ئاستى لۆکاڵەکان وردکردەوە. لەم لۆژیکەدا، جیهانى-لۆکاڵى، یان گشت-بەش، جێگیریى خۆیان لەدەستدا. ئیدى هەر نەتەوەیەکى ژێر دەست، هەر گروپ و وردە شوناسێکیش دەتوانێت زەق ببێتەوە و داواى دانپێدانان بکات، تەنانەت لەسەر ئاستى خێڵ و شێوەزمان (دیالێکت)ـێکیش. بەمانایەکیتر، کاتێک شوناسە گەورەکان شکست دەهێنن، شوناسە بچووکەکان خۆیان زەق دەکەنەوە. بۆ نموونە کورد لە چوارچێوەى عێراقدا لە ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدراڵى چوو، پاشانیش بەرەو داواى سەربەخۆیى. لەچوارچێوەى کوردستانیشدا ناوچەیەکى وەکو “هەورامان” جاروبار دەیەوێت باس لە ئۆتۆنۆمى بکات. لەم ساڵانەى دواییدا لەسەر ئاستى ئایین، کاکەیى و ئێزیدى و زەردەشتى و مەسیحى و هیتر، داواى دانپێدانانیان دەکرد. زەقبوونەوەى شوناسە ئێتنیکى و مەزهەبى و کۆمەڵایەتییەکان، بە ماناى بەهێزبوونى هەستى ناسیۆنالیستى و ئینتیماى نەتەوەیى نییە، بەڵکو بە ماناى شکستى دەوڵەت-نەتەوەیە کە بڕیاربوو هەموو ئەم جیاوازییانە کۆبکاتەوە، بەڵام لەبرى ئەوەى کۆیان بکاتەوە، سەرکوتیکردن، ئێستایش جیهانگیرى دۆخێکى ڕەخساندووە کە ئەم سەرکوتکراوانە بێنەوە سەرێ (ئەم باسە ڕەهەندى دیکەى نێگەتیڤ و پۆزەتیڤى هەیە، بەڵام لێرەدا دەرفەتى ئەوەمان نییە).

 

تابلۆی هونه‌رمه‌ند ئۆگین دیلاكروا – ئازادی ڕابه‌ڕایه‌تی گه‌ل ده‌كات ١٨٣٠ – سه‌رده‌می ناسیونالیزم له‌ئه‌وروپا

 

دوو: لە جیهاندا نزیکەى 200 دەوڵەتى نەتەوە هەیە، لە کاتێکدا 800 زمانى نەتەوەیى هەیە، ئەمەیش واتاى ئەوەیە دەوڵەتان لەسەر بنەماى فرە نەتەوەیى پێکهاتوون نەک تاک نەتەوەیى. عێراق یەکێکە لەو دەوڵەتانە. عێراق وەک دەوڵەت-نەتەوەیەک، چوارچێوەیەکى سەروەرى بوو بۆ کۆکردنەوەى چەندین نەتەوە و زمان و مەزهەبى جۆراو جۆر. بە گوێرەى پرۆژەکانى سەدەى بیستەم دەبوو دەوڵەت، یەکێتیى زمانى و کولتوورى، لە ڕێگەى دەستوور و پەروەردە و تۆلێرانسەوە, ئەگەر ئەمە سەرینەگرت لە ڕێگەى هێزەوە, بسەپێنێت. عێراق بۆ ئەم ئامانجە، بەردەوام بە دۆخى نالەباردا تێپەڕیوە، تاوەکو دەگات بە هەڵوەشانەوەى دەوڵەتە قەومى-سوونییەکەى بەعس لە 2003دا. لەو کاتەیشەوە تاوەکو ئێستا عێراق چوارچێوەکانى خۆى بۆ دروست ناکرێتەوە. “عروبە” بنچینەى عێراقى پێش 2003 بوو، “مەزهەب” بنچینەى عێراقى پاش 2003ــیە. عێراقى ئێستا مەزهەبییە و چیتر لە دابەشبوونەکانى ناوچەکەیش ناسیۆنالیستیى پەتیى نین، بەڵکو مەزهەبین. ئایدیۆلۆژیاى عروبە لە بەرامبەر مەزهەبدا شکستى هێنا، ئەمە شکستى دەوڵەت نەتەوەیش بوو. شکستى ناسیۆنالیزم بە ماناى نەمان و مردنى هەست و ئینتیماى نەتەوە نییە، بەڵکو بە ماناى تێکچوونى ئەو چوارچێوە دەستوورییەیە کە دەیتوانى زیاتر لە نەتەوە و مەزهەب و زمانێک کۆبکاتەوە و خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت. هەر لەم کۆنێکستەدا بوو کە “بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە نەتەوەییەکان” سەریانهەڵدا و کوردیش یەکێک بوو لەوانە. ئێستا کە دەوڵەت-نەتەوە، لایەنیکەم لە ڕۆژهەڵاتى ناوەستدا، شکستى هێناوە، واتاى ئەوەیە بزووتنەوەى ڕزگاریخوازیى نەتەوەیش ئەو سەنگ و قورساییەى نامێنێت کە هەیبوو.

سێ: کاتێک دەڵێین دەوڵەتى نەتەوە شکستى هێناوە، واتاى ئەوەیە دۆخى جەنگ لەناوخۆدا زاڵ دەبێت. سەدەى بیست کە سەدەى دیاریکردنى سنوورەکانى قەڵەمڕەوى و سەروەرى دەوڵەتەکان بوو، جەنگە دەرەکییەکانیشى بەخۆیەوە بینى. دەوڵەتانى دراوسێ لەگەڵ یەکدیدا دەکەوتنە جەنگەوە و بگرە جارى واهەیە لە سنوورى جەنگى دوو دەوڵەتیش تێدەپەڕى. لەم دۆخەدا ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانیش بە زەبروزەنگ کپ دەکرانەوە، یان هەندێکیان لە ڕێگەى کودەتاوە دەسەڵاتەکانیان دەگۆڕدران. بەڵام لە کۆتاییەکانى سەدەى بیست و سەرەتاى سەدەى بیست و یەکدا، سەقامگیرى ناوخۆ تێکدەچێت و جەنگە ناوخۆییەکان زەق دەبنەوە، لە کاتێکدا جەنگى دەرەوەیش (بە زۆرى) چیدى لەنێوان دوو دەوڵەتدا نییە، بەڵکو لەنێوان دەوڵەت و هێزێکى نا-دەوڵەتیدایە کە زۆرجار بە هەق و ناهەق بە تیرۆریست لە قەڵەم دەدرێن. زاڵبوونى دۆخى جەنگ لە ناوخۆ دەرەنجامى شکستى کارگێڕى و سەربازى و پەروەردەیى و ئاشتیى کۆمەڵایەتییە، ئەمەیش هیچ دەلالەتێکى نییە جگە لە شکستى دەوڵەت- نەتەوە. زاڵبوونى دۆخى جەنگ مانایەکى زۆر سەرەکیى هەیە، ئەویش گۆڕانى بارى دەوڵەتە لە دەوڵەتى یاساوە بۆ دەوڵەتى ئاساییش ]ئەمن[. لە دەوڵەتى ئەمندا دۆخى ئاوارتە زاڵ دەبێت و بەردەوامیش درێژ دەکرێتەوە، بە قەولى بنیامین، خۆى دەبێتە ڕێسا.

 

چوار: بە گرتنەوەى شارى ڕەققە، وەک بڵێى پێماننایە نێو قۆناغى پۆست-داعشەوە. “پۆست” بە ماناى “دابڕان” نییە، بەڵکو بە ماناى ئەوەیە خۆى نامێنێت بەڵام سێبەر و کاریگەرییەکانى هەر دەمێنێت بەسەر ئاراستەى ڕووداوەکانەوە. قۆناغى داعش قۆناغى کۆبوونەوەى هێزە جیهانییەکان و خێراکردنى پرۆژە گەورەکان بوو. کۆبوونەوەى هێز، واتە بەشێکى زۆرى هێزەکانى دنیا لەم ناوچەیەدا کۆبوونەوە و کردیانە گۆڕەپانى جەنگ و ململانێى خۆیان. زۆربەى هەرە زۆرى وڵاتە گەورەکان ڕۆڵیان هەبوو لە عێراقى دواى سەدام حسێن، بەهارى عەرەبى، جەنگى ناوخۆى سوریا، جەنگ دژى داعشدا. هەندێک توێژەر کۆبوونەوەى ئەم هێزانە وەک ئامادەکاریى دەبینن بۆ جەنگى گەورەتر. هەرچۆن هەبێت، واتاى ئەوەیە زیاتر لە یاریکەرێک لەم ناوچەیەدا هەیە کە خەریکى پرۆژەکانى خۆیانن و پێناچێت هیچیان پرۆژەى ناسیۆنالیستى پەتیى بن. ئێران پرۆژەى هیلالى شیعى درێژە پێدەدات و هەنگاوى گەورەى هەڵناوە؛ ئەمریکا بە قەرزارکردنى ئەم وڵاتانەى لەمەڕ خۆمان دەیەوێت پرۆژەى نیولیبراڵیزم درێژ بکاتەوە و بازاڕى چەک گەرم بکات؛ ڕوسیا خەونى ئیمپراتۆریەتێکى هەیە کە بە قەولى “ئەلیکساندەر دیۆگین” نا-ئیمپریالیستییە؛ تورکیا خەون بە سوڵتان سلێمانەوە دەبینێت، بۆ ئەمەیش هەوڵدەدات ئەوروپا بە لێشاوى پەنابەر بترسێنێت و کوردەکان سەرکوت بکات؛ سعودییەیش دەیەوێت سوونەکان کۆبکاتەوە و لە یەمەن ئێران تێکبشکێنێت؛ لەولایشەوە یەهودییەکان نەخشەى ئیسرائیلى گەورەیان لەسەر مێزەکەیان داناوە. ئەم پرۆژانە ناسیۆنالیستى نین، بەڵکو دوو دیوویان هەیە: لە ئاستى نێودەوڵەتیدا ئیپمراتۆرین، لە ئاستى هەرێمیدا مەزهەبین. داعش زەقبوونەوە و بەرکەوتنى ئەم پرۆژانەى خێرا کرد. ئێستا کە خەریکە دەگەینە قۆناغى پۆست-داعش، هەریەک لەم پرۆژانە هەوڵ دەدات خۆى بچەسپێنێت.

 

 

دووەم: تێکست:

 

یەک: لە دواى ڕوخانى بەعسەوە، کوردى باشوور و، لە سەرهەڵدانى شۆڕشى سوریایشەوە (کە دواتر شەڕى ناوخۆى لێکەوتەوە) کوردەکانى ڕۆژئاڤا، وەک گەمەکەرێکى هەرێمى لە ڕووداوەکاندا دەرکەوتن. کوردستانى باشوور هەر لە سەرەتاوە خۆى کردە بەشدار لە بونیاتنانەوەى عێراقدا کە گوایە دەبێتە عێراقێکى دیموکراسى، چونکە چاوەڕوان دەکرا بەرنامەى ئەمریکى عێراق بەڕێوە ببات. دواتر بینیمان عێراقێکى ناسەقامگیر و بێ ئاساییش هاتە ئاراوە کە لە ڕادەبەدەر مەزهەبى بوو. نەتەوەپەرستە سووننەکان کە زیاتر لە هەشتا ساڵ حوکمى عێراقیان دەکرد، دەسەڵاتیان لەدەستچوو، شیعەکان، بە کۆنە قینەوە، کەوتنە قەرەبووکردنەوەى ساڵانى ڕابردوویان. کورد دەیویست خۆى لەو ململانێیە بپارێزێت، بەڵام زیاتریش لە شیعەکانەوە نزیک بوون، چونکە بەرژەوەندى ئابوورى و دەسەڵاتخوازییان لەگەڵ یەکتردا هەبوو. کاتێک دەرکەوت عێراق زیاتر بەرنامەى ئێرانى بەڕێوەى دەبات نەک ئەمریکى، کورد لەبەرامبەردا لە ئەمریکا نزیک بوویەوە، بە ئومێدى ئەوەى پێگەیەکى بەهێزى بۆ دابین بکات. لەئاستى پەیوەندیى هەرێمیشدا پارتى دیموکرات پاڵى دا بە تورکیاوە و یەکێتیى نیشتمانیش بە ئێرانەوە. ئەوەیشى هەرهەموویانى، بە بەرنامەى خۆیانەوە، پێکەوە کۆدەکردەوە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان بوو. بە درێژایى ئەو ساڵانەى پێشوو کوردى باشوور وەک نوێنەرى ناسیۆنالیزمى کوردى خۆى ناساند، بە بێ ئەوەى خاوەنى هیچ پرۆژەیەکى جددى نەتەوەیى یان نیشتمانى یان سیاسی بێت. عێراقى نوێى لاوازى نەکردە دەرفەت بۆ قایمکردنى پێگەى کورد و بەرەوپێشبردنى دۆزەکەى، بەڵکو کردى بە هەل بۆ چەسپاندنى زیاتر دەسەڵاتى حزبى، وەرگرتنى پۆست، فرۆشتنى نەوت (بە یاسایى و نا-یاسایى، لەگەڵ عێراق یان بە بێ عێراق)، تاکڕەویى ناوخۆ. لە ئاستى ناوخۆش، دەسەڵاتدارانى باشوور هیچ بەرنامەیەکى نیشتمانییان نەبوو بۆ یەکخستنى کارگێڕى، دروستکردنى سوپاى نیشتمانى، بەهێزکردنى دامەزراوەکان، کەمکردنەوەى جیاوازیى چینایەتى و دابینکردنى لایەنى هەرە کەمى عەدالەت، کەمکردنەوەى کەلێنى نێوان دەسەڵات و خەڵک. خەمى سەرەکییان دەستەبەرکردنى ئاساییشى حزبەکانیان، سەرکوتکردنى ناڕەزایەتى, هێنانى کۆمپانیا نەوتییەکان، پرۆژەى بارزگانى و سەرمایەداریى (زۆربەیان بە نا-یاسایى) بوو. ئەم لۆژیکە دواجار گەیشت بە داخستنى پەرلەمان و شکستى چاکسازى.

لە ڕۆژئاڤا دۆخەکە جۆرێکى دیکە بوو. ئەوان لە جەنگى ناوخۆى سوریادا، هەر زوو هەوڵیاندا گەمەى ستراتیژى بکەن، لەمەیشدا ئەزموونى پەکەکە ڕۆڵى سەرەکى هەبوو. ڕۆژئاوا هەر لە بنەڕەتەوە گوتارى ناسیۆنالیزمى کردە ئامانجى دووەم. ئامانجى یەکەم دروستکردنى فۆڕمێکى حوکمڕانى و بەڕێوەبردن بوو کە بتوانێت هەم لە ناوخۆدا تۆکمەبێت و هەم لە ڕووداوە هەرێمییەکاندا نەخشى هەبێت. بۆ ئەوەى بتوانێت ئەمە بکات دەبوو بیزانیایە چۆن لە جوگرافیادا بجوڵێتەوە. بۆ ئەوەى پۆلێنیش نەکرێت، نە خۆیان لەسەر پەکەکە ساغ کردەوە، نە لەسەر دەسەڵاتى سوریا، نە لەسەر داعش، نە لەسەر هیچ هێزێکى ناوچەکە. لە ناوچەکانى خۆیاندا، سوپاى لە خەڵکى دروست کرد و پەیتا پەیتا پێشڕەوییکرد؛ ڕۆحیەتى دەستەجەمعى، بە جۆرێک تاکڕەوى و بڕیارى سەنتراڵیشەوە، پەرەپێدا. بە مانایەکى تر، یەپەگە لە سەرووى خەڵکەوە خۆى نەسەپاند، بەڵکو لە ناو خەڵکەوە کارى کرد. ژن لە سیاسەت و بەڕێوەبردن و جەنگدا بووە کارەکتەرێکى سەرەکى. لە جەنگیشدا دژ بە داعش و هێزەکانى دیکە، هەوڵیدا ڕاستەوخۆ زیان لە بەرژەوەندى ستراتیژیى زلهێزەکان نەدات. کاتێک پەلامارى کۆبانێ درا، ڕۆژئاڤا بەرەنگارییەکى هاوشێوەى تەڕوادەى کرد، بەبێ ئەوەى دواجار داگیر بکرێت. ئەو بەرەنگارییە جوامێرانەیە بووە هۆى بەدەستهێنانى پشتیوانیى نێودەوڵەتى بۆ ڕۆژئاڤا، بەم جۆرە سەرەتا لە هێلى ناتۆ نزیک بوویەوە و توانى کۆمەک و چەک بەدەستبهێنێت، دواتریش ئەمریکا کردییە هاوپەیمانێکى خۆى لەناوچەکەدا, یەکەکانى سوپاى سوریاى دیموکراتیشى بەجۆرێک داڕشتەوە کە لایەنیکەم تا تەواوبوونى جەنگ دژى داعش، دەستەبەرى بەردەوامى ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییە بکات (هەڵبەت دەشیت لە هەر ئان و ساتێکدا ئەمریکا پشت بکاتە ڕۆژئاڤایش، بە تایبەتى ئێستا کە ڕەقە کۆنترۆڵکراوەتەوە، مەترسى داهاتووى سوریا لەنێوان دەوڵەتى سوریا و کوردەکاندا دەبێت، چونکە بێگومان دەوڵەت دەیەوێت هەموو خاکەکەى پێش سەرهەڵدانى جەنگ بەدەستبهێنێتەوە). لەپاڵ ئەمانەیشەوە، ڕۆژئاڤا لەجیاتى ئەوەى دەوڵەت لەنێو دەوڵەتدا ڕابگەیەنێت، سیستەمى کانتۆنى ڕاگەیاند، واتە لە جیاتى سەربەخۆیى، پەیڕەوى لە “خۆ-سەریى دیموکراتى” کرد. بە بڕواى مایکڵ هارت، فەیلەسوفى دیارى چەپى نوێ، گرنگترین گۆڕانێک کە لە کوردستاندا هاتبێتە ئاراوە گۆڕانى ئامانجى خەباتى کورد بوو لە ڕۆژئاڤا، لە ڕزگاریخوازیى نیشتمانییەوە بۆ “خۆ-سەریى دیموکراتى”.

 

Iraq 1963
In Qara Dagh, first left,Mohamed Saleh, second,Sheikh Mohamed Kasnazani, third, Sheikh Rauf sheikh Aref,seating Mahmud sheikh Sader, third, Sheikh Rauf sheikh Aref,seating Mahmud sheikh Sader – خه‌باتی ڕزگاریخوازی میلله‌تی كورد – ١٩٦٣

 

دوو: تێکستى باشوور جیاواز بوو. لە ماوەى 26 ساڵى ڕابردووى هێزەکانى باشووردا، دوو حزبى دەسەڵاتدار، هیچ کات دەرفەتى یەک ئیدارەیى و یەک ئیرادەییان نەدا. “یەکڕیزى” بەردەوام وەک دروشم حزورى هەبووە، هەر شتێکیش وەک دروشم بە زەقى حزورى هەبوو ماناى وایە ئامادەییەکى واقیعی نییە. تەنانەت لە وەختى حکومەتى بنکەفراوانیشدا و بگرە لە پەرلەمانى بەغدایشدا، ئەم یەکڕیزییە پڕبوو لە شلۆقى و دژیەکى. بۆ هەریەکێک لەم حزبانەى باشوور “یەکڕیزى” ئەوەیە هەمووان بچنە ڕیزى ئەو. بە هەرحاڵ لە سەردەمى دروستبوونى بزووتنەوەى گۆڕانەوە تا کاتى ڕیفراندۆم، دوو ڕەوت بە ڕوونى دەبینرا: ڕەوتێک لەسەر هەموو ئاستەکان محافەزەکار، داخراو، تەقلیدى کە سەرجەم پێگەکانی داگیر کردووە و بە جۆرێک نوێنەرایەتى سەرمایەداریى خێلەکیى نەوتى کوردى دەکات؛ ڕەوتێکى ئۆپۆزسیۆن کە نوێنەرایەتى چاکسازیى و گۆڕانکاریى مەدەنى و پەرلەمانى دەکات (بەبێ ئەوەى بوێرى هیچ هەنگاوێکى پراکتیکیى هەبێت). ئەم دابەشکارییە لە کۆبوونەوە و بڕیار و بانگەشەکانى ڕیفراندۆمیشدا هەر هەبوو، ئەگەرچى ڕەوتى دووەمیان هەڵوێستى ڕوونى نەبوو دەربارەى “بەڵێ” یان “نەخێر”. بەهۆى نەبوونى ئەم هەڵوێستە ڕوونەوە بوو کە بەرەیەک دروست دەبێت دەیەوێت خۆى ڕادیکاڵتر پیشان بدات، بۆ ئەمەیش یەکەمجار هێزى خۆى “لە نەخێرى گەورە”دا تاقى کردەوە، بەڵام شکستى هێنا. دواجار ڕیفراندۆم کرا و هەمووانیش دەیانزانى دۆخەکە مەترسیدارە، بەڵام کەس مەترسییەکانى بە جددى وەرنەگرت. چەند ڕۆژێک لەمەوپێش وتەبێژى یەکێتى نیشتمانى وتى “ئێمە وەهامان نەخەمڵاندبوو کە مەسەلەکە ئاوا سەخت دەکەوێتەوە”. لە کاتێکدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى حزبەکەیان لە وڵاتانى جیاواز لە ئاستى ئەم مەترسییانە بەردەوام ئاگاداریان کردبوونەوە. دواتر چى ڕوویدا؟ هەڵبەت کە پارتى و یەکێتیش زۆرباش دەیانزانى دەبێت بکشێنەوە، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە گرەوەکەیان لەسەر ئەو ناوچانە بوو کە پێیاندەوترێت “ناوچەى جێناکۆک”. خۆیشیان لە کۆبوونەوەکانى دواى ڕیفراندۆمدا و دواجار لە کۆبوونەوەى “دوکان”ـدا بەم بڕوایە گەیشتن. بەڵام دۆخەکە بەو جۆرە نەچووە پێش کە ئەوان چاوەڕوانى بوون.

ئەوەى ئەم گەمەیەى تێکدا هەندێک بەرگرى و شەڕ بوو لەلایەن چەند بەرپرسێکى یەکێتییەوە کە هەر زوو پارتى بە هاندان و ڕوماڵێکى بەفراوانى میدیا گەورەکانى، ئەمەى وەک هەل قۆستەوە و، هۆکارى پاشەکشە و بەدەستەوەدانى کەرکووکى بەسەر باڵێکى دیکەى یەکێتیدا شکاندەوە, بەمەیش خۆى لە دۆخەکە هێنایە دەرەوە. لە ڕاستیدا یەکێتى گەمەیەکى کوشندەى لەگەڵ پارتیدا کرد، بەڵام پارتیش گەمەیەکى زیرەکانەى لەگەڵ یەکێتیدا کرد. باڵى بنەماڵەى دەسەڵاتدارى ناو یەکێتى، لە پشتى پارتییەوە بڕیارێکى دیکەى دا و بە جۆرێک خۆی لە خنکان لەنێو گوشارەکانى دواى ڕیفراندۆم ڕزگارکرد؛ پارتیش بۆ ئەوەى شکستى کۆى سیاسەتەکانى خۆى لە کەرکووک و کوردستان و بە تایبەتیش دەرەنجامەکانى ڕیفراندۆم دابپۆشێ، هەموو شکستەکانى تەرجەمەى شکستێکى سەربازیى کرد. بە مانایەکى تر، پارتى هەموو شکستەکانى دەیان ساڵى ڕابردووى لە بوارەکانى کارگێڕى، سیاسى، دیبلۆماسى، ئابووریدا، لە یەک شکستى ئەم دواییانەدا کورت کردەوە: شکستى سەربازیى لە کەرکووک.  ئۆباڵى ئەم شکستە سەربازییەیشى بەسەرخۆى نەهێنا، بەڵکو گۆزەکەى لەسەرى یەکێتیدا شکاند. لە ڕوماڵە میدیاییە گەورەکەیشیدا سەرنجى لەسەر کشانەوەى هێزەکانى خۆى لە ناوچەکانى شەنگال و مەخمور لابرد و فۆکەسى زۆر گەورەى خستە سەر کەرکووک. یەکێتیش بۆ ئەوەى گزییەکەى خۆى ڕاست بکاتەوە و ڕووى خۆى لاى کورد و کەرکووکییەکان سپى بکاتەوە، تەقسیرى نەکردووە لەوەى کەرکووک و دوزخورماتوو وەکو شامى شەریف نیشان بدات، لە کاتێکدا هەمووان دەزانن کە دەیان ماڵ سووتێنراون و سەدان ئاڵاى حەشدى شەعبى هەڵکراون و مەترسیش لەسەر کۆى ئەو خەڵکانە هەیە کە ڕۆژێک وەک کوردێک، ناڕەزایەتییان دژ بە حەشد و سوپاى عێراق دەربڕیبێت، بە تایبەتیش ئەوانەى کە وەک چەکدارى خۆبەخش ئامادەى بەرگرى بوون.

 

ڕیفراندۆم له‌ئێراقدا

سێ: شکستى ڕیفراندۆم پێویستى بە فاڵگرتنەوە نەبوو، هیچ کەسیش پێویستى بە “شاسوار عەبدولواحید” نەبوو تا پێمان بڵێت “هۆ خەڵکینە، ئێوە نازانن، بەڵام من دەزانم شەڕە بەڕێوەیە و دواى ڕیفراندۆم نەهامەتى یەخەمان دەگرێت”. ئەوەى وا بزانێ شاسوار بە بلیمەتى خۆى لە غەیبەوە هاتۆتەوە و قسەکانى بە ڕاست گەڕاون، ئەوا ڕەنگە تەخەلوفى عەقڵى هەبێت. هەر کەسێکى تۆزێک ژیر دەیزانى ڕیفراندۆم لەم دۆخەى ئێستادا و بە بێ هیچ ئامادەسازییەک، نەک نابێتە دەستکەوت، بەڵکو دەرەنجامى مەترسدارى دەبێت و دەمانخاتە بەردەم هەڕەشە. چونکە گوتارى ناسیۆنالیزمى کوردى، زیاتر لەسەر “گوتارى مانەوە” کارى کردووە و هیچ کات “دەوڵەت” پرۆژە سەرەکییەکەى نەبووە. پرۆژە واتە کارکردن بە ئاراستەى ئامانج. ناسیۆنالیزمى کوردى هەرگیز بە ئاراستەى دەوڵەتدا کارى نەکردووە، ئەگەرچى وەک دروشم بەرزیشى کردبێتەوە (ڕۆژئاڤا پرۆژەیە، بە ئاراستەى شتێک کار دەکات، کە ئەویش دەوڵەت نییە، بەڵام ئەڵتەرناتیڤى دەوڵەتە).

ئەنجامدانى هەر کارێکى وەک ڕیفراندۆم پێویستى بە هەڵسەنگاندنى هەموو ئەگەرەکانە، ئینجا لە ژێر ڕۆشنایى ئەو ئەگەرانەدا دەشێت ڕێگاکان تاقى بکرێنەوە. باشترین ئەگەرى ئەم کارە ئەوەبوو کە دەشێت هەنگاوێکى گەورە لە دەوڵەتى سەربەخۆ نزیکمان بکاتەوە. دەوڵەتى سەربەخۆ مەحاڵ نییە، بەڵام لەم ڕۆژى دنیاى سەرمایەداریدا دەبێت بزانیت چۆن ئەم ئامانجە لەگەڵ تۆڕى بەرژەوەندیى زلهێزەکاندا گرێ بدەیت و هەوڵى دیبلۆماسى بخەیتە گەڕ؛ ئینجا چۆن ئامادەسازیى ناوخۆیى و بکەیت و نەخشەى دوورمەودا دابڕێژیت. خراپترین ئەگەریش ئەوانەبوو کە بینیمان: لەدەستدانى بەشێکى زۆر یان هەموو دەستکەوتەکان, لەوانە: داخستنى سنوورەکان، لەشکرکێشى بۆ سەر خاکى کوردستان، لەدەستدانى “ناوچە جێناکۆکەکان”، گەڕانەوەى سەروەریى حکومەتى ناوەند بۆ دەزگاکانى هەرێم، هەڵگیرسانى جەنگ و برسێتى و هیتر. لەنێوان ئەم دوو ئەگەرەیشدا دەیان ئەگەرى تر هەبوون کە پێویستبوو بخوێنرێنەوە.

چوار: ئێستا ئیتر بە نزیکەیى هەمووان جگە لە پارتى، دان بە شکستى ڕیفراندۆمدا دەنێن، هەندێکیشیان بۆ پاککردنەوەى ئەستۆى خۆیان و خۆ بێبەریکردن لە دەرەنجامەکانى، شکستەکە دەخەنە سەر پارتى، بۆ نموونە باڵى دەستڕۆیشتووى یەکێتى، لە دەیان بەیاننامەدا خۆیان بێبەرێکرد، هەروەها یەکگرتوو کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ گوتارى پارتیدا بووە، ئێستا دەیەوێت پاکانە بۆ خۆى بکات, بە تایبەت ئەبوبەکر عەلى کە بانگەشەکەرى سەرسەختى ڕیفراندۆم بوو، لە وتارێکى زۆر دوو ڕووانە و ڕیاکارانەدا، داواى لە بارزانى دەکات دەستبەردارى پۆستەکەى ببێت، چونکە ئیتر گەیم ئۆڤەر.. لە کاتێکدا، هەر بە لۆژیکى خۆى، پێویستە خۆیشى چاووڕووى دەرکەوتنى نەبێت و لە ماڵى خۆى دابنیشێت. لە ڕاستیدا ئەوەى کۆتایى هات تەنیا ڕیفراندۆم نەبوو بەڵکو گەمەیەکى گەورەتر بوو، یان کۆمەڵێک گەمەبوون لەنێو گەمەى گەورەتردا، بە جۆرێک وەک کۆمەڵێک بازنە لە بچووکەوە بۆ گەورەتر و بۆ گەورەتر لەنێو یەکتردا بوون. لەم قۆناغەدا هەندێک لە گەمەکان کۆتاییان هات، لەوانە گەمەى بەهارى عەرەبى، گەمەى دیموکراسیەت لە تورکیا، گەمەى داعش، گەمەى ڕوخانى ڕژێمى ئەسەد، گەمەى ڕیفراندۆمى کوردستان. کۆتایى ئەم گەمانە سەرەتاى قۆناغێکى دیکەیە کە ڕەنگە ترسناکتر و تاریکتریش بێت. ناونیشانى ئەم وتارەیش لە شانۆنامەیەکى “ساموێل بێکێت”ـەوە وەرگیراوە، کە گەمە کۆتایى دێت، بە بی ئەوەى هیچ ئاسۆیەک دیار بێت، بەمجۆرە کۆتایى گەمە کۆتایى گەمەیەکە، چونکە گەمەیەکى دیکە دەستپێدەکات. جا لەبەرئەوەى کۆتایى گەمەیەک، بە واتاى سەرەتاى گەمەیەکى دیکەیە، بۆیە تەنیا دەتوانین خۆمان ئامادەبکەینەوە بۆ گەڕى دواتر.

 

داخۆ ئەپۆکالیپس (قیامەت) کۆتایى بەم گەمەیە دەهێنێت یان ئەم گەمەیە خۆى دەگات بە ئەپۆکالیپس و قیامەت بەرپا دەکات؟ ئایا لە endgame ـەوە دەگەین بە lastgame؟ تەنیا یەک ڕەگەز هەیە بتوانێت مانایەکى دیکە بە کات بدات و ڕۆژژمێرێکى دیکە دابهێنێت، ئەویش “خەڵک” خۆیەتى. چیتر سیستەمى ئەمڕۆى دنیا هى ئەوە نیە چینێک، کاریزمایەک، حزبێک، بیگۆڕێت. چیدى پرۆلیتاریا، حزبى پێشڕەو، ڕابەرى مەزن، دۆزى ڕەوا دەرەقەتى ئەم نەزمە جیهانییەى ئەمڕۆ نایەن. بە گوتەى ئاگامبێن، تەنیا ئەو وەختەى کە ماوەتەوە ساتێکى مەسیحییە، ئەمەیش کاتى کۆتاییە نەک کۆتایى کات. لەم کۆتایى کاتەوە دەکرێت ڕۆژژمێرێکى دیکە دابهێنرێت و زەمەنێکى دیکە سەررێ بخرێت، ئەوەیشى دەتوانێت ئەم کارە بکات هیچ کەس نییە جگە لە “خەڵک”. خەڵکیش دالێکى بەتاڵە کە دەشێت زۆر گروپ و چین و توێژى هەمەجۆر و تەنانەت ئاژەڵیش تێیدا جێى ببێتەوە. خەڵک گشتێکى یەکڕەنگ نییە، بەڵکو هاوبەشییەکى هەمەڕەنگە؛ هاوبەندییەکى ئۆرگانیک نییە، بەڵکو جەستەیەکى بێ ئۆرگانە؛ گشت-بەش نییە، بەڵکو تاقانەییەکە لەم دووانە تێدەپەڕێت. ئێستا ئەمە زۆر ئەبستراکتە، کەوایە خەڵک چۆن کۆنکریت دەبێتەوە؟

 

 

  • لە ڕاستیدا لەم سەردەمى واقیعیى مەجازییەدا کۆنکریت بوونەوە و مەجازیبوونەوە هەمان ماناى جارانیان

    نییە، ڕەنگە فەزاى مەجازى خۆى دەرەنجامى کۆنکریتى هەبێت.

  • خەڵک زیاتر لە تەقینەوەیەکى نیمچە خۆڕسکەوە نزیکە نەک لە نەخشەوە. کەوایە کۆمەڵێک ڕەگەزى مرۆیى و نامرۆیى، سوبێکتیڤ و ئوبێکتیڤ، مێژوویى و ئێستایى، ئابووریى و سیاسى، ئێستاتیکى و تراژیدین, لە چرکەساتێکى مێژووییدا زەمینەى کۆبوونەوە و چڕبوونەوەیان دەڕەخسێت و شتێکى لێوە دەردەچێت کە دەستکارى سیستەم دەکات؛ ئەمە هیچ نییە جگە لە خەڵک.

  • خەڵک شتێک نییە پێشتر لە چوارچێوەیەکى پتەودا ڕێک بخرێت و تەواو پرۆژەیەکى ئامانجگەرا بێت، بەڵکو خەڵک زیاتر صیرورەیە کە دەشێت زیاتر لە چینێک و کۆمەڵێک و نەتەوەیەک و کێشەیەک بچینە نێوییەوە، ساتى دەرکەوتن و ناسینەوەیشى یەک شتن.

  • ناشتوانین تا ئەبەد چاوەڕوانى ئەوە بین بە شێوەى خۆڕسک خەڵک دەربکەوێت، چونکە نیمچە خۆرسکە نەک خۆڕسکى تەواو، نیوەکەى ترى نیمچە سیاسییە، پەیوەستە بە بەرەنگارى و حزورى ئێمەوە؛ لەمەدا دەتوانین بیر لە فۆڕمێکى حزبى ئاسۆیى بکەینەوە کە ئەبەدییەت ئامانجەکەى نەبێت؛ بەڵام لەمە گرنگتر گۆڕینى هەموو ئەو کەرەستە زۆرانەیە کە لەمڕۆدا سەرمایەداریى ڕەخساندوونى بۆ کەرەستەى بەرەنگارى، بە قەولى مارکس “سوڕاندنى چەکى سەرمایەدارى بەرەو ڕووى خۆى”. بە کورتى دروشمێکى گرنگ ئەمەیە: هەموو شتێک کەرەستەى بەرەنگارییە. ئەمە ڕێگا خۆش دەکات بۆ کۆبوونەوەى ڕەگەزەکانى خاڵى دووەمیش.

ئەگەر لە ڕوانگەى خۆمەوە سەبارەت بە ناوخۆى کوردستانیش بدوێم، پێداگرى لەسەر ئەوە ئەکەم کە پێویستمان بە گۆڕانکارییەکى ڕادیکاڵە، گۆڕانێکى لەم جۆرە لە هەناوى ئەو حزب و هێزانەوە نایەت وا ئێستا لە گۆڕەپانەکەدان، بەڵکو ڕێک لە شوێنێکى دیکەوە دێت کە لە دەرەوەى ئەوانە، واتە لە خودى “خەڵک”ـەوە. ئێستا وەختى ئەوەیە خەڵک بێتەوە سەر شانۆ, بەڵام خەڵکیش لەنێوخۆیدا فرە و دابەشبووە، بۆیە ئەمەیش زۆر ئاسان نییە، بە تایبەتیش لەنێو ئەم دۆخە فاشیزمە گشتگیرەدا کە لەم ناوچەیەدا هەیە، بەم جۆرە ئەرکى خەڵک سەختە، یەکەمجار ئەبێ دژ فاشیزم بێت بە گشتى، ئینجا دژ بە دەسەڵات و سیستەم، دژ بە هێزەکانى ناوخۆ و هێزەکانى دەرەوە، دژ بە کۆنزەرڤەتیڤ و ڕیفۆرمیست، دژ بە ئیسلامى و کۆمۆنیست، بوەستێتەوە دیسانیش ئەمە ئەستەمە، بەڵام یەک ساتەوەخت هەیە کە تێیدا مەحاڵ دەبێتە مومکین، سیاسەت ئەوەیە کە لەم سه‌یرورەیەدا ئەم کەلێنە دەتەقێنێتەوە و ئاراستەى مێژوو دەگۆڕێت.

ته‌واو

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین