له پاش ژیان و مردن، چ شتێکی تر هێنده‌ی خیانه‌ت جێی خۆی له بیری مرۆڤایه‌تیدا کردوه‌ته‌وه؟ خیانه‌ت له خۆشه‌ویست بێت یان له هاوڕێ، یاخود له وڵات(سیاسی و سه‌ربازی)، هه‌موو ڕووی گڕێبه‌ستێکن که ده‌پچڕێ و له‌گه‌ڵیشیدا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ جیهاندا ده‌پچڕێ چونکە باوه‌ڕمان درزی تێده‌که‌وێ. بۆیه ده‌کرێ بڵێین که خیانه‌ت ئه‌و بوونه‌وه‌ره هاوره‌گه‌زه‌یه که نێر‌و مێی لێ جودا ناکرێته‌وه. برایه‌کی درۆیه، دوو ڕوی دراوێکه که ئه‌مدیو و ئه‌ودیوی به‌کار ده‌برێ. نه‌وتنی ڕاستی ده‌کاته شاردنه‌وه‌ی مه‌به‌ستێک، ئه‌میش له‌سه‌ر جۆری ئه‌و ڕاستییه وه‌ستاوه که ده‌بێ یان نابێ بیدرکێنی. ئه‌و بۆچوونه‌ش زۆر ته‌واو نییه که دڵێین له نێوان دوو که‌سه یان دوو لاییه، به‌ڵکو وه‌ک نووسه‌ری سۆسیۆلۆژی سیباستیان شێر Sébastien Schehr ده‌ڵی کارێکی سێ لاییه له نێوان خیانتکار و خاینلێکراو و سوود وه‌رگر.
خیانه‌ت له پێش هه‌موو شتێکدا سه‌رهه‌ڵدانی نهێنی و ده‌رکه‌وتنی ڕاستییه‌کانه، لادانی ده‌ماکه‌کانه، کۆتایی پارچه شانۆگه‌رییه‌که که هه‌میشه به تراژێدییه‌ک کۆتایی دێت. ئه‌و گوتاره دووزمانه‌یه که له ناوه‌ڕۆکیدا ترشی و تاڵیی هه‌ڵگرتووه و هاتو چۆیه‌که له نێوان ڕابردوو و ئێستا، ڕابردووی نه‌هێنی و شاردنه‌وه و ئێستای سه‌رهه‌ڵدانی هه‌قیقه‌ته‌کان. دوو وێنه‌یه یه‌کیان پڕ به‌ها و پله‌به‌رزیی و پایه‌دارییه، ئه‌وی تریشیان شۆڕبوونه‌وه‌یه تا قاتی خوارووی خواره‌وه‌ی ده‌روون و ڕه‌وشت. ڕۆڵێکی دوو فاقه‌یه که تاقه که‌سێک یان وڵاتێک و گروپ و لایه‌نێک پێی هه‌لده‌ستن و بێ لێکه‌وتنه‌وه‌ی کاره‌سات نایه‌ته‌دی. بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێکیش بچێته خانه‌ی خیانه‌تکار پێویسته گه‌وره‌ترین زانیاری له‌سه‌ر به‌رامه‌به‌ره‌که‌ی هه‌بێ و ته‌واو شاره‌زای بێت.
خه‌یانه‌ت چییه؟ له کێ ده‌کرێ؟ بۆ ئه‌وه‌نده له‌و وشه‌یه ده‌ترسین؟ بۆ ده‌یان وشه‌ی تری نزیکی بۆ ده‌دۆزینه‌وه‌و نامانه‌وێ ناوی بهێنین؟ بۆ مێژووی سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌ده‌بی کۆن و نوێ ئه‌وه‌نده پێوه‌ی سه‌رقاڵبوونه و هێشتا له‌سه‌ری ئه‌ڕۆن؟
خیانه‌ت و کۆمه‌ڵێ وشه‌یتر که به‌ده‌وریشییه‌وه‌ن- درۆ، غه‌در، داوێن پیسی، دڵپیسی، ناپاکیی، موزه‌یه‌فی، دووڕوویی، جێهێشتن، وازلێهێنان، پشتتێكردن، هه‌ڵخه‌ڵه‌تان، فێڵ، فڕیودان، ته‌ڵه‌که‌بازیی، ته‌ڵه‌نانه‌وه، سیخوڕی… هه‌موو ئه‌مانه نزیکبوونه‌وه‌یه له واتای ڕاستی و ترسیشه له ددان پێداهێنانی ئه‌و راستییه. په‌ندێکی ئه‌مریکیه‌کان ده‌ڵێ: ”خیانه‌ت هه‌رگیز سه‌رناکه‌وێ، چونکو که سه‌رکه‌وت ناوێکی تری لێده‌نێین”.
ئه‌گه‌ر دیسان بپرسین: ئه‌و هۆیانه چین که هانی که‌سێک ده‌دات بچێته خانه‌ی خاینه‌وه؟ به زۆره‌ملێ، له ترسا، له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی، به ته‌واوی مه‌یل و هه‌وه‌س، له‌به‌ر چێژی چالاکییه‌ک که ده‌چێته ژێر ناوی به‌سه‌رهات (مغامرة)،adventure، aventure ؟
خه‌یانه‌ت چرکه‌یه‌کی ڕابردووشه که ئێستای که‌س و خێزان و وڵات جێله‌ق ده‌کات. په‌یماننامه‌یه‌که دیوێکی سوێندی وه‌فادارییه بۆ لایه‌ک و دیوێکیشی دابرانه له‌گه‌ڵ جیهان وله‌وه‌ش ترسناکتر نه‌بوونی شوناسی که‌سایه‌تییه و ئا لێره‌شدا کۆتایی به که‌سایه‌تی په‌یمانبه‌ست دێت. ئه‌م گرێبه‌سته به پێچه‌وانه‌ی زۆرینه‌ی بیروڕاکان پله‌یه‌کی به‌رزی هۆش و وێژدان ئیمزای کردووه و خافڵنه‌بوونی نییه له ئاکامی کردار، وه‌لێ ئه‌مه ڕێگر نییه به‌رامبه‌ر به ونبوونی شوناس، که‌سی خیانه‌تکار ده‌چێته خانه‌ی نازناوێک یان کورتده‌کرێته‌وه بۆ جفره‌یه‌ک و ژماره‌یه‌ک، بگره هه‌ندێ جار ئه‌و که‌سایه‌تیه ده‌شکێندرێته‌وه و له قاڵبێکی ئاماده‌کراو به پیی ئه‌رک و راسپاره‌ی داهاتووی دروستده‌کرێته‌وه، له‌وانه‌شه بکرێته پاڵه‌وانێک. هه‌موو ئه‌م گریمانانه له‌سه‌ر جۆری ئه‌رک و ئه‌و لایه‌نه وه‌ستاوه که کێ فه‌رمان به کێ ده‌دات، چی هانی که‌س ده‌دات له خۆی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه؟ دیاره له ناواخنی هه‌موو چیرۆکێکی خیانه‌تدا پیلانێک هه‌یه، له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کردنی ئه‌و پیلانه بڕێک ڕاستی له کێس ده‌چێ و بڕێکی دی به ناوی ڕاستییه‌وه جێی ئه‌وانه ده‌گه‌رنه‌وه. لێره‌دا هاودژیی ئه‌م دووفاقیه دێته ئاراوه کاتێ وێنه‌یه‌کی گه‌ش و پرشنگدار له کرداری هه‌ڵگری شوناسی نوێ‌دا ده‌رئه‌که‌وێ، نموونه‌ی جیمس بۆند له‌وه تێده‌په‌ڕێ وه‌ک سیخۆڕیک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێ، ئه‌مدیوه‌ی جیمس بۆند ئه‌و پاڵه‌وانه‌یه که له جفره‌یه‌ک دروستکراوه نه‌ک له خوێن و گۆشت و ئیسک. هه‌ر بۆیه ده‌بێته هه‌ڵگری کۆدێکی ئیرۆتیکی و بێ کرداری(action) سه‌روی هێزی مرۆڤ بۆمان وێنا ناکرێ. ئه‌مه‌شه که وا ده‌کات کرداری دراماتیکی له سه‌ر شانۆی کلاسیکه‌وه بگوازێته‌وه ئه‌ودیو شاشه‌کانی سینه‌ما چونکو کرداری به‌رفراوان له‌وێوه موحاڵ نییه.
هیچ کاتێ خیانه‌ت به ناوی ئه‌سڵییه‌وه ئه‌نجام نه‌دراوه. وه‌ک هه‌موو تێکۆشانێکی ژێرزه‌مینیش ناوی چالاکیی بۆ دا‌هێنراوه تاکو نه‌ناسرێته‌وه، تا چالاکوانه‌که (که‌س بێت یان لایه‌ن) پێی جوداکرێته‌وه. ده‌ستنیشانکردنی که‌س و لایه‌ن بۆ کردارێکی خیانه‌تکار لێکۆڵینه‌وه و تێڕامانی له‌پشته، بڕیارێکی هه‌نووکه‌یی کت‌وپڕ نییه. له‌گه‌ڵ به مۆدێڕنبوونی سه‌رده‌مه‌کانیش جفره‌و ژماره‌ی تایبه‌تی خۆی بۆ دیاریکراوه که خه‌رمانه‌یه‌کی پرشنگداری به‌ده‌وره‌وه‌یه وا له‌و که‌سانه ده‌کات که به هه‌ڵپه‌ن بۆ پله و پایه و سامان به ئاسانیی به‌ره‌و تیشکه‌کانی بچن، ئه‌و جوانترین ته‌ڵه‌ی ره‌نگاوره‌نگه که تیپی ئه‌و که‌سانه به‌ره‌و خۆی ڕاده‌کێشێ و له خه‌رمانه‌ی پاڵه‌وانێکدا پیناسه ده‌کرێن. ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌یه که ئه‌و که‌سانه لاوازن بۆیه ده‌که‌ونه داوه‌وه. ئه‌و که‌سانه لاوازنین، بگره به‌هێزشن، توانای فریودانی خه‌ڵک و لایه‌نی پڕ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه، و وه‌ک پێشه‌یه‌ک ماوه‌ی زۆریان له مه‌شقکردندا به‌سه‌ر بردووه، مۆتیڤی(هۆی هانده‌ر) ئه‌وه‌شی خستووه‌ته به‌رچاوی کاتێ ته‌ماشای به‌رزایی کردووه له‌وانه‌شه چاک زانیبێتی شۆڕبوونه‌وه‌شی له‌دوایه.
با له سه‌ره‌تای به‌شه‌رییه‌ته‌وه بێێنه‌وه سه‌ر ئه‌م زاراوه‌یه. له‌و کاته‌وه‌ی قابیل هابیلی برا‌ی کوشت. هه‌ردوو برا له ته‌ک ئه‌وه‌ی وه‌ک دوو فیگه‌ری خراپه و باشه ناسراون، له بۆچوونی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌وه و به پێی هه‌ندێ پسپۆڕی ئه‌و بوارانه، قابیل به‌ره‌ی شه‌یتانی هه‌ڵبژارد و هابیلی برا‌ی کوشت که له به‌ره‌ی خوا بوو، به‌و شێوه‌یه نه‌وه‌ی قابیل سه‌رزه‌مینه‌کانن ئه‌وانن که خۆشه‌ویستی خۆیان له پێش خۆشه‌ویستی خوا وه‌به‌رچاو گرت، نه‌وه‌ی هابیلیش ئه‌وانه‌نن که له‌به‌ر خۆشه‌ویستی خوا خۆیان ڕه‌تدایه‌وه و مه‌له‌کوتی خوایان برده‌وه. قابیل شکۆداری خۆی هه‌ڵبژراد، هابیل شکۆداری خوا. به پێی پسپۆری ئه‌ده‌بی رۆبێرت کۆپ(Robert Kopp) قابیل دامزرێنه‌ری مه‌مله‌که‌تی زه‌مینه چونکو جوتیار بووه، هابیل دامه‌زرێنه‌ری مه‌مله‌که‌تی خوایه چونکو شوان بووه و فیگه‌ری حاجییه‌کی ره‌وه‌ندی هه‌بووه. له‌و روانگه‌یه‌وه قابیل ده‌بێته شوناسی هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا وێران و ته‌فرو تونا بوون، وه‌ک بابل، پۆمپێ، سمود وعاد. ڕۆژئاوا پێویستی به‌وه بوو زوو بگاته سه‌ده‌ی هه‌شده تاکو کۆمه‌ڵێ لێکدانه‌وه‌ی ئاینیی له باره‌ی ئه‌فسانه‌کان و مێژووش بگۆڕێ. به هاتنی لۆرد بایرۆن و نووسینی ده‌قی ”قابیل” و چاپکردنی له ساڵی 1821 فیگه‌ری قابیل ره‌هه‌ندێکی تری له خۆی گرت. له‌م هه‌ڵبه‌سته دراماتییکیه قابیل و ئیبلیس خوا به‌وه تاوانبار ده‌که‌ن که تاقه سه‌رچاوه‌ی خراپه‌یه له‌سه‌ر زه‌وی. به‌و پێیه‌ش قابیل ده‌گۆڕێ بۆ یه‌که‌م فیگه‌ری رۆمانتیکی تراژێدیاییه‌کی شکسپیریی.
له دوای قابیل زه‌قترین نموونه یه‌هودایه، که پشتی کرده مه‌سیح و ئه‌می بۆ دوژمنه‌کانی ئاشکراکرد، ئه‌وه له پاش قابیل که نیشانه‌ی چاره‌نووسی له‌سه‌ر نێوچه‌وانی مرۆڤایه‌تی پێ خه‌تم کرد. یه‌هودا ئه‌و فیگه‌ره‌یه که له‌وانه‌یه نه‌وه‌ی ماسونییه‌کانیش له مێژووی خیانه‌تکاری هه‌ڵبێن.
گرنگه بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی که وشه‌ی خیانه‌ت وشه‌یه‌کی نه‌رمئامێزه (مطاطي) ده‌یان واتا و هه‌لوێست ده‌گرێته خۆی. له کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و سه‌ربازییه‌وه به پێی یاسای وڵات و ته‌ماشاکردنیان بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه یاسا ده‌پێکێ. له ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زه‌قتره. حوکمی زیندان، یاخود کوشتنی که‌سێک و گروپێک له‌سه‌ر پله‌ی بچووکی و گه‌وره‌یی تاوانه‌که‌ی ئه‌نجامده‌درێ. له‌م سه‌رده‌مه نوێیانه له خیانه‌تی ”ئاساییه‌وه” تاکو ”خیانه‌تی گه‌وره” و بۆ خیانه‌ت ”دژ به مرۆڤایه‌تی” هه‌ر واتایه‌کییان چه‌ندین شیکردنه‌وه له خۆی هه‌ڵده‌گرێ.
له مێژوودی کۆن و نوێی سیاسی و سه‌ربازییدا نموونه‌کان ئێجگار زۆرن، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وانه‌یان لێ ده‌ستنێشان ده‌کین که له مێژوودا زۆرتر ناسروان. له مێژووی کۆندا باشترین نموونه له سه‌رده‌می رۆما یۆلیۆس قه‌یسه‌ره(ژولیوس سێزار، یان کایزه‌رJules César) کاتێ خۆی کرده دیکتاتۆری ره‌ها به‌سه‌ر ڕۆما هاودژه‌کانی پیلانی کوشتنیان کێشا، ده‌بوو هه‌ر له بینای سێنا ئه‌نجامیده‌ن و کۆی ده‌ستی هه‌موویان کوشتنه‌که‌یان گرته ئه‌ستۆ تا تاقه که‌سێک تاوانبار نه‌کرێ، ده‌ستی دوا که‌سی ئه‌وانه‌ش بروتوس بوو که قه‌یسه‌ر له مه‌قامی کوڕی داینابوو. کاتێ بروتوس خه‌نجه‌ره‌که‌ی لێدا قه‌یسه‌ر پێش مردنی به‌م ڕسته نه‌مره دوا وته‌ی له‌گه‌ڵدا کرد و ناوبانگی بروتوس له جه‌نگاوه‌رێکی نه‌به‌زه‌وه گۆڕا بۆ فیگه‌رێکی سامناکی خیانه‌تکار. دیاره له‌و سه‌رده‌مه‌دا قه‌یسه‌ر ئه‌و ڕسته‌ییه‌ی به زمانی گرێکی کۆن پێوتووه که زمانی پایه‌دار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان بوو: ”تۆش کوڕم!”kaï sù, tèknon . ئه‌م ڕسته‌ییه‌ی قه‌یسه‌ر پێداگرتنه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دڵنیابوو خاین هه‌ن و خیانه‌تی لیده‌که‌ن، به وشه‌ی ”تۆش” واته تۆش وه‌ک ئه‌وانی دی خیانه‌تت لێکردم، یاخود چاوڕێبووم که ”تۆش” هه‌ر خه‌نجه‌ره‌که‌م لێده‌ی. سه‌یری ئه‌م کوشتنه به کۆمه‌ڵه‌ش له‌ودایه که قه‌یسه‌ر له به‌ر پێی په‌یکه‌ری دوژمنه‌که‌ی”پۆمپێ” کوشتنه‌که‌ی ئه‌نجامدرا. له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه که بروتوس دوای ئه‌و خیانه‌ته وتویه‌تی من ئه‌وم نه‌کوشت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕقم لێ‌بوو، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆمام له‌و خوشتر ده‌ویست. ئه‌م قسه‌ییه‌ی بروتوس ده‌مانباته سه‌ر لایه‌کی تری مه‌سه‌له‌ی خیانه‌ت و بپرسین ده‌کرێ به ناوی خوشه‌ویستییه‌وه خیانه‌ت بکرێ؟ ئایا قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و وڵات هانده‌رێکه بۆ خیانه‌تکردن له ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌ها؟ یاخود به شێویه‌کی دی بپرسین: خیانه‌تی ئیجابی هه‌یه وه‌ک چۆن بێگومان ڕووه سه‌لبییه‌که‌ی به باشیی ئاشنایه‌تییمان له‌گه‌ڵدا هه‌یه؟ له نێوان نه‌فره‌تلێکردن و ستایش‌کردن که‌سی خیانه‌تکار چ وێنه‌یه‌کی هه‌یه؟
له‌م به‌شانه‌ی داهاتوو به چه‌ند نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی مێژوو و ئه‌ده‌ب و سینه‌ما ڕووه هه‌مه‌ره‌نگه‌کانی خیانه‌تکار ده‌خه‌ینه ڕوو.
ئه‌گه‌ر هه‌موو وێنه‌کانی نێو مێژوو بهێنینه‌وه به‌رچاو ئه‌وه پارچه‌یه‌کی درێژی خیانه‌تمان به‌رده‌ست ده‌که‌وێ به‌رامبه‌ر به کورته پارچه‌ییه‌کی دڵسۆزیی له گه‌وڕه‌پانی ژیاندا. ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ی بوونه به خیانه‌تکار، ئه‌و که‌سه سادانه‌شی بوونه به پاڵه‌وان، هه‌موو ئه‌مه ڕوانگه‌یه‌که که به پێی کات و شوێن گۆڕاوه و ده‌شگۆڕێ.
له مێژووی ئینگلترا، چه‌ند که‌سێک به ڕاست، یان به پیلانگێڕان له دژیان، به تاوانی خیانه‌تکار تاوانبارکراون. به‌ناوبانگترینیان، له سه‌رده‌می حوکمڕانی هنری هه‌شت Henri VIII پاشای ئینگلترا بووه، یه‌کێکیان دووه‌م ژنی بووه به ناوی ئان بولێن Anne Boleyn که دایکی شازاده ئیلیزابێتی یه‌کش بووه. ئان بۆلێن به جووتبوون له‌گه‌ڵ براکه‌ی تاوانبار ده‌کرێ و سه‌ری ده‌په‌ڕێنن. ئه‌وی تریان تۆماس مۆڕ Thomas More که باڵوێز بووه و پاشان قونسڵی شه‌خسی پاشا بووه و به توومه‌تی خیانه‌تی گه‌وره سه‌ری ئه‌میش ده‌په‌ڕینن، گوایه که به‌ره‌و سه‌کۆی حو‌کمدانه‌یان بردوه داوای له جه‌لاده‌که‌ی کردووه یارمه‌تیدات سه‌رکه‌وێ، وتویه‌تی: ”تکایه یارمه‌تیمده تا سه‌رکه‌وم، بۆ دابه‌زینش خه‌می خۆم ده‌خۆم…”.
هه‌روه‌ها له نێوان شازاده‌کانی ئینگلترا، ماری ستیوارت که به ناوی شازاده ماری یه‌کی ئیکۆس ناسراوه Marie Ire d’Écosse به ناوبانگترین فیگه‌ری خیانه‌تکاره که له‌لایه‌ن کچی مامه‌که‌ی شازاده‌ی ئینگلترا ئیلزابێتی یه‌ک(کچی ئان بۆڵین و هنه‌ری هه‌شت)، به تاوانی پیلان دژی شازاده ئیلیزابێت، به خیانه‌تی گه‌وره تاوانبار ده‌کرێ و حوکمی کوشتنی درا.
له مێژووی پادشایه‌تی فه‌ره‌نسا به‌ناوبانگترین پرۆسه‌ی حوکمدان به خیانه‌تی گه‌وره ئه‌وه‌ی لویسی شانزه و ژنه‌که‌ی ماری ئه‌نتوانێتهLouis XVI ، Marie-Antoinette که سه‌ری هه‌ردوکیان به گیوتین بڕا. له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌ش پرۆسه‌ی دریفوس L’affaire Dreyfus که ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی دایه‌وه نموونه‌یه‌که له‌سه‌ر بۆچوونی خه‌ڵک سه‌باره‌ت به خیانه‌ت. له نێوان دریفوس و مه‌حکومکردنی به توومه‌تی ”خیانه‌تی گه‌وره” دژ به فه‌ره‌نسا له‌سه‌رده‌می
کۆماری سێ، تاڵێکی باریک هه‌بوو. ئه‌گه‌ر هه‌وڵ و هیمه‌تی براکه‌ی و لایه‌نگرانی له نووسه‌ر و رووناکبیرانی سه‌رده‌می خۆی وه‌ک ئیم‌یل زۆلا و گوتاره به ناوبانگه‌که‌ی بۆ سه‌رۆکی کۆماری فه‌ره‌نسا، له رۆژنامه‌ی ئۆرۆر L’Aurore ”من مه‌حکوم ده‌که‌م…” « J’accuse… ! » نه‌بوونایه ئه‌و پیلانه‌ی دژی دریفوس کرا ده‌ربازبوونی لێی نه‌بوو. بێئه‌وه‌ی سه‌ماکه‌ری به‌ناوگی وه‌ک ”ماتا هاری”مان Mata Hari له یادچێ که به تاوانی سیخوڕی بۆ ئه‌ڵمانیا له ساڵی 1917 به ره‌میکردن کوژرا و به‌یانه‌ییه‌کی که بردیان بۆ ئه‌نجامدانی حوکمه‌که‌ی وتوویه‌تی: ”ئه‌م فه‌ره‌نسییانه چ نه‌ریتێکی سه‌یریان هه‌یه ئاوا له‌به‌ره‌به‌یاندا حوکم جێبه‌جێده‌که‌ن…”
له کاتی جه‌نگی جیهانی دووهه‌م کۆمه‌ڵێ خه‌ڵک به تاوانی ”خیانه‌تی گه‌وره” haute trahison حوکم دران، به‌ناوبانگترینیان ئه‌وه‌ی ماریشاڵ ”رۆمڵ”ه که له ساڵی 1944 ده‌رئه‌نجام سه‌رنه‌گرتنی کودیتا دژی هیتله‌ر، ئه‌م دواییه فه‌رمانی خۆکوشتن به ئۆفیسه‌رێکدا بۆ رۆمڵ ده‌نێرێ، داوای لێده‌کات که خۆی بکوژێ تاکو ژنه‌که‌ی و کوڕه‌که‌ی به‌ر یاسای ”به‌رپرسیارێتی که‌سوکار” Sippenhaftung نه‌که‌وێ.
ئه‌گه‌ر بڕوانیننه دیوێکی مانگرتن و تێکۆشانی نیلسن ماندیلاش پرۆسه‌ی گرتنه‌که‌ی ئه‌ویش به هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه دژ به ده‌وڵه‌ت و خیانه‌ت له خشته‌درا و به‌شه زۆره‌که‌ی ته‌مه‌نی له‌و بیست‌و حه‌وت ساڵه‌ی زیندانا به‌سه‌ر به‌رد، پێش ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رۆک وڵاتی ئه‌فریقای باشوور.
له هونه‌ردا ده‌یان تابلۆ شوێنه‌واری خیانه‌تیان کێشاوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه زۆر زه‌حمه‌ته له پانتایی تابلۆیه‌کدا مێژووی خیانه‌ت به‌رجه‌سته بێت، زۆربه‌ی کاتیش وێنه‌کان ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆکانن که پێشتر بیسراون و له چوارچێوه‌ی تابلۆکاندا جێیانکراوه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه له تابلۆیه‌کی وه‌ک ”7ی کانونی یه‌کی1815، ره‌میکردنی ماڕیشاڵ نێی” décembre 1815, L’Exécution du maréchal Ney 7 که به‌رهه‌مێکی هونه‌رمه‌ندی فه‌ره‌نسی ژان- لیۆ ژیرۆمه Jean-Léon Gérôme، ماریشاڵ نێی که به ئازایه‌تییه‌کی ده‌گمه‌ن ناسرابوو و ناپلیۆنی یه‌ک به ”نه‌به‌زی نه‌به‌زه‌کان” ناوی نابوو، له‌م وێنه‌یه‌دا پاڵه‌وان و خیانه‌تکارمان له‌لا تێکه‌ڵده‌بێ، کامه‌یان ئه‌و پاڵه‌وانه‌یه که ناپلیۆن ناویلێنا و کامه‌یان ئه‌و خاینه‌یه که لویسی هه‌شده فه‌رمانی ره‌میکردنی ده‌رکرد؟ ئه‌گه‌ر مێژووه‌کی ڕوونکردنه‌وه نه‌بێ له پشتی ئه‌م تابلۆیه ده‌کرێ به هه‌ردوو دیوی پاڵه‌وان و خاین ته‌ماشای بکه‌ین. ئه‌مه‌شه هاودژی وێنه‌کێشان له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب و سینه‌ماش. نیشاندانی کاره‌که له سینه‌ما و رۆمان و چیرۆک و شانۆگه‌ریدا ئاسانتره، چونکو ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر ده‌ست ده‌گرن به‌سه‌ر پانتایی کات و شویندا و به وردی که‌سایه‌تی و ڕووداوه‌کان وه‌سفده‌کرێن و له ڕێی گێڕه‌ره‌وه و یان چه‌ند که‌سایه‌تییه‌ک کرداره‌کان ئاشکرا ده‌کرێن.
به گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی کورت بۆ مێژوویی خیانه‌ت له ئه‌ده‌بدا ئه‌وه له داستان و ئه‌فسانه‌وه ده‌ستپێکه‌ین و تاکو ئه‌م سه‌رده‌مانه. نموونه‌ی هێلین ژنی مینیلاس پاشای سپارته‌کان، که له‌گه‌ڵ پارس کوڕی پریام پاشای ترواده‌کان حه‌ز له‌یه‌ک ده‌که‌ن و له فه‌ر‌سه‌تێکدا که هه‌ردوو ترواده‌کان و سپارته‌کان له ساتێکی ئاگربه‌ستدان و نیازی ڕیکه‌وتنیان هه‌یه، وه‌ختێ هێلین به ئاگاداریی پارس و بێ ئاگای هیکتۆری برا‌ی پارس، له عانی گه‌ڕانه‌وه‌دا به که‌شتییه‌که‌یان خۆی شاردۆته‌وه. ئه‌م هه‌ڵهاتنه‌ی هێلین وای لێده‌کات له مێژوودا ناوی به خاین ده‌رچێ و به هۆی سه‌ره‌کی شه‌ڕه‌کانی نێوان ترواده‌کان و گرێکه‌کان داده‌ندرێ. یاخود که ئولیس له پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه له گه‌شته ترسناکه‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه خیانه‌تی هاوڕێانی بۆ ده‌رئه‌که‌وێ که ویستویانه ژنه‌که‌ی بخوازنه‌وه و له‌بری ئه‌و ببنه پاشای دوورگه‌ی ئیتاک. ئه‌م خیانه‌تکردنه‌کاریگه‌ری کوشنده‌ی به‌سه‌ره ئولیسه‌وه ده‌بێ تا کۆتایی ژیانی و کوشتاری زۆری لێده‌که‌وێته‌وه. کۆمه‌ڵی خیانه‌تی تریش هه‌ن له‌ناو ده‌قی ئیلیاده و ئۆدیسای هۆمیرۆس، ئێمه ته‌نها نموونه سه‌ره‌کییه‌کانمان خستۆته به‌رچاو.
فیگه‌ره‌کانی خیانه‌ت له ئه‌ده‌بدا زۆرن. له نێوان ڕێالیزم، رۆمانتیزم و سیمبولیزم و تراژێدی، فیگه‌ری ئه‌ده‌بی وه‌ک له به‌رهه‌می هه‌موو کوڕه‌کانم، ئه‌نتوان بلۆێیه، عوته‌یل(ئۆتێلۆ)، هاملت، پاشا لیر، کۆنت مۆنت کریستۆ، شازاده‌ی کلێڤ، مه‌دام بۆڤاری، ئانا کارینینا، ژان باتیست له عه‌تر، ژان باتیست له که‌وتن… به‌رهه‌م دێ.
له چیرۆکێکی به‌ناوبانگی ئه‌لکسه‌نده‌ر دویمای باوکAlexandre Dumas père ، کۆمت مۆنت کریستۆ Le Comte de Monte-Cristo که‌سایه‌تی ئیدمۆند دانتێز گه‌وره‌ترین خیانه‌تی لێده‌کرێ و له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه پیلانی دژ ده‌گێرن و بوختانی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌که‌ن که سه‌ر به پۆناپاراته‌کانه. به‌و جۆره گه‌نجێتی له زیندانا بسه‌ر ده‌با، که ده‌رفه‌تی هه‌ڵهاتنیشی بۆ ده‌رخه‌سێ له‌به‌ر تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه په‌نا بۆ گۆڕینی ده‌مو چاو و شوناسی ده‌با و به‌ناوی کۆمت مۆنت کریستۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو ئه‌و خه‌ڵکه‌ی پێشوو ده‌یانناسی. به‌و جۆره، به زنجیره‌ی تۆڵه‌سه‌ننه‌وه‌کانی ئه‌نجامده‌دات. ئیدمۆند جاری یه‌که‌م ئه‌وانی تر خیانه‌تی لێده‌که‌ن کاتێ ده‌سه‌ڵاتی لیده‌سنن و ده‌زگیرانه‌که‌ی داگیرده‌که‌ن، له جاری دووه‌میشدا خۆی خیانه‌ت له خۆی ده‌کات که بۆ تۆڵه‌سه‌ننه‌وه ڕووکه‌ش و شوناسی ده‌گۆڕێ، ئه‌مه به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵمه‌ندبوونی ئه‌نجام ده‌دات، هه‌ر بۆیه چاوی له تۆڵه‌سه‌ننه‌وه زیاتر هیچ هه‌قیقه‌تێکی دی نابینێ و ده‌که‌وێته یاری ترسناکی کوشتنی ئه‌وانه‌ی غه‌دریان لێکردووه.
له‌لای ئا‌رته‌ر میله‌ر Arthur Miller له شانۆگه‌ری ”هه‌موو کوڕه‌کانم” All My Sons جۆ کیله‌ر وه‌ک نموونه‌یه‌کی دوای شه‌ڕی جیهانی باشترین خه‌سڵه‌ته‌کانی که‌سایه‌تی زه‌مینه‌ی ڕاستی ئه‌مریکی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هه‌ڵگرتووه که له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆی خیانه‌ت له کوڕی خۆشی ده‌کات و ده‌بێته هۆی مردنی کاتێ پارچه‌ی فڕۆکه‌ی خراپ و عه‌یبدار ده‌فڕۆشێ و کوڕه‌که‌ی له ناو ئه‌و جۆره فڕۆکه‌یه گیانی له‌ده‌ست ده‌دات که به هۆی کرداری ئه‌وه‌وه ئه‌مه‌ی به‌سه‌ر دێ.
له‌لای پۆل نیزانPaul Nizan فیگه‌ری ئایدۆلۆژی باوک له ڕۆما‌نێکه به ناوی ”ئه‌نتوان بلۆێیه” Antoine Bloyé، ئه‌م باوکه خوشه‌ویسته ده‌بێته هه‌ڵگری تۆوی خیانه‌ت له چینی کۆمه‌ڵایه‌تی کاتێ له چینه‌که‌ی خۆی هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌بێته بورژوایه‌ک هه‌رچی په‌یوه‌ندی به ڕیشه‌یه‌وه هه‌بوو هه‌ڵیده‌کێشێ. له ڕۆمانی داهاتوویدا ”ئه‌سپی ترواده” نیزان فیگه‌ری خیانه‌تکار ده‌خاته پاڵ ڕۆشنبیر کاتێ ده‌بێته هه‌ڵگری گوتارێکی نیهلیست و به وێنه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆشنبیر ده‌یخاته به‌رچاو.
ئه‌وه‌ی شوێن پێی رۆمانتیزم له دوی خۆی جێ‌هێشتووه بڕێکیان لێ هه‌ڵده‌بژێڕین وه‌ک ”ئانا کارنینا”ی تۆلستۆی و ”شازاده‌ی کلێڤ” La Princesse de Clèves، له نووسینی مه‌دام دو لافاێیت Madame de La Fayette ، ئانا و شازاده کلێڤ دوو ژنه پاڵه‌وانی سه‌رکوتکراو و مه‌حکوم به هه‌لو مه‌رجی ژیانیان په‌نا بۆ په‌یوه‌ندی ناشه‌رعی ده‌به‌ن. یه‌که‌میان به‌و ئێشقه گه‌وره‌ییه‌ی هه‌یبوو بۆ فڕۆنسکی هه‌ر ده‌بوو به خۆکۆشتنی کۆتایی بێت؛ شازاده کلێڤیش پاش ئه‌وه‌ی له‌لای مێرده‌که‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و و نمور ئاشکرا ده‌بێ، مێرده‌که‌ی له خه‌فه‌تدا ده‌مرێ، ئه‌ویش له تاواندا واز له نمور ده‌هێنێ و هه‌موو ژیانی به ڕه‌به‌نی به ته‌نیا ده‌باته‌سه‌ر. له نموونه ئه‌دبییه‌کانی خیانه‌تی ژن به زۆری، کاره‌ستاکه به خۆ کوشتنیان کۆتایی دێت.
هاملت به‌رامبه‌ر به خیانه‌تی مامی و دایکی گه‌وره‌ترین تراژێدی ئه‌ده‌بی جێ‌هێشتووه. له پاشا لیر خیانه‌تی کچه‌کانی لیر له باوکیان ده‌بێته ماییه‌ی شێتبوونی و ئاکامی کوشتنی کچه باشه‌که‌ی. دیاره زۆرینه‌ی شانۆگه‌رییه‌کانی شکسپیر له ده‌ورو خولی خیانه‌تدان که به پێی بڕێ تیوریناسانی ئه‌ده‌ب ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه که شكسپیر تێدا ژیاوه. مه‌دام بۆڤاری به جۆڕێک له جۆره‌کان خیانه‌ت له هه‌موو کۆمه‌ڵی سه‌رده‌می خۆی کردووه کاتێ پشت ده‌کاته داب و نه‌ریتیان و له پشت مێرده‌که‌یه‌وه ڕاده‌بوێرێ و به خۆکوشتنی کۆتایی دێت. ئه‌فسانه و داستانه‌کانی جیهان پڕن له‌و جۆره خیانه‌تانه چ له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی ڕاستی بونیاد نرابن یاخود ناحه‌ز و پیلانی ده‌ورو به‌ریان ئه‌وه‌ی بۆ ڕێکخستبن وه‌ک حاڵه‌تی عوته‌یل OTELOکه گومانی له ده‌یسده‌مونا ده‌یخاته هه‌ڵه و ده‌که‌وێته به‌رامبه‌ر تاقه ڕێگاچاره‌یه‌ک- کوشتنی خیانه‌تکارێک له گۆشه‌یه‌کی ته‌سکی گومانییه‌وه و دواجار خۆکوشتنی، له کاتێکدا هیچ خیانه‌تێک له ئارادا نه‌بووه. له یه‌که‌م رۆمانی نووسه‌ری ئه‌ڵمانی پاتریک زوسکیند Patrick Süskind”عه‌تر، مێژووی تاوانبارێک” Le Parfum, Histoire d’un meurtrier، که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی ژان باتیست وه‌ک سیمبولێک لووتی خیانه‌تی لێده‌کات، کاتێ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌رچی بۆنی دوناییه هه‌یه که‌چی ده‌سه‌لاتی به‌سه‌ر بۆنی له‌شی خۆی نییه، له نه‌بوونی بۆنی له‌شی له تاواندا په‌نا ده‌باته به‌ر کوشتنی کچانی گه‌نج تاکو له بۆنی له‌شیان عه‌ترێک بۆخۆی داهێنێ که‌س نه‌یبێ. ئه‌م جۆره عه‌تره‌ی ئه‌و پێیده‌گات خیانه‌تێکه له خودی خۆی. ئه‌گه‌ر ئه‌و ”ژان باتیست”ه له‌شی خۆی بووه ماییه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌وه ”ژان باتیست”ی ئه‌لبێر کامۆ له ”که‌وتن”دا La chute ته‌نها خۆی که‌وت، چونکو لێره‌دا ویژدانی خیانه‌تی لێکردوه نه‌ک که‌سێک و نه نامه و نه وشه‌یه‌ک. پشتگوێخستنی خۆکوژی کچێک ئه‌و حوکمه توند و تیژه به‌سه‌ریدا ده‌دات و ده‌یخاته نێو وڕێنه ئه‌گه‌رچی خۆی به‌هێز و به توانا نیشاندات، تا ڕاده‌یه‌ک به بێ ده‌نگییش حوکم به‌سه‌ر خۆیدا ده‌بڕێته‌وه وه‌ک بڵێی ته‌نها خۆی به شایسته‌ی ئه‌و حوکمه ببینێ. سزای قورس له‌لای ئه‌وه‌یه که خۆت حوکمی بێویژدانی خۆت بده‌ی نه‌ک ئه‌وانی دی.
دیاره سینه‌ما چه‌ند ره‌هه‌ندێکی خستۆته سه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌ی بابه‌تێکی ئاڵۆزی وه‌ک خیانه‌ت. له سینه‌مادا به ئه‌کته‌ر و دیکۆر و ئیکسسوار و به‌رگی ئه‌و کاته‌ی ڕووداوه‌که‌ی لێ ڕوویداوه وێنه‌کانی نێو رۆمان ده‌خاته به‌رچاومان. له سینه‌مای نوێ‌دا، فیلمی ”ژیانی ئه‌وانی تر” La Vie des autres ی ده‌رهێنه‌ری ئه‌ڵمانی فلۆران هاینکل ڤۆن دۆنێرسمارک Florian Henckel von Donnersmarckباشترین نموونه‌ی خیانه‌تی ئیجابیمان نیشان ده‌دات و وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌مان بۆ ده‌داته‌وه. خیانه‌تکردنی که‌سایه‌تی سه‌ره‌کیی فیلمه‌که ”ڤیسله‌ر” له رژێمێکی سه‌رکوتکه‌ری ئه‌ڵمانی رۆژهه‌ڵات لوتکه‌ی بردنه‌وه‌ی خوده به‌وه‌ی له کۆتاییدا ڤیسله‌ر باجی ئه‌و خیانه‌ته ده‌داته‌وه و به ژیانی ساده‌ی پیاوێکی پۆسته قایل ده‌بێ، وه‌لێ ویژدانی ئه‌زێتی نادات و دواجار که‌سێکیش هه‌ر هه‌یه پێزانینی بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی هه‌بێ با له دووریشه‌وه بێت و به له دڵه‌وه پێی بڵێ سوپاس گه‌ر تۆ نه‌بوایی ئێمه له زیندانا گیانمان له‌ده‌ستده‌دا.
له رژێمه تۆتالیتارییه‌کان وه‌ها باوه که خیانه‌ت په‌تایه‌که، به ئاسانی بڵاو ده‌بێته‌وه و هه‌موو که‌سێک ده‌گرێته‌وه تا وایلێدێ خودی خیانه‌ت ده‌بێته ئه‌و دراوه دوو ڕووه که ڕوویه‌کیان جه‌غت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن که بێباوه‌ڕی مه‌سله‌یه‌کی ڕه‌هایه، هه‌موو که‌سێک ته‌نانه‌ت نزیکترین که‌ست خیانه‌تت لێده‌که‌ن، نموونه‌یه‌ک که هێشتا گه‌رمبێت سه‌دام حوسێن و کچه‌کانی و مێرده‌کانیان جێی لێکدانه‌وه‌یه. ڕووه‌که‌ی تریان وه‌ها ده‌خرێته به‌رچاو که ”ئاساییه”. له رژێمێکی سه‌رکوتکه‌ر نموونه‌ی که‌سی خیانه‌تکار ئه‌و که‌سه دڵسۆزه‌یه که رژێم جێله‌ق ناکات. ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌تاییه ته‌نییای لێ ده‌رئه‌نجامه. که فیگه‌رێکی وه‌کو ”بیرانژێه” له‌لای نووسه‌ر ئیوجین یونیسکۆ Eugène Ionesco، له شانۆگه‌ری ”یه‌ک شاخ” (الخه‌رتیت) Rhinocérosخۆی ناداته ده‌سته‌وه و نایه‌وێ ببێته ئاژه‌لی یه‌ک شاخ وه‌ک هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ی دی پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو شاره‌که تووشی ئه‌م په‌تایه بوونه، ئه‌مه بۆخۆی لادانه له خیانه‌تی شه‌رعی گشتی ”مێگه‌ل”ی جه‌ماوه‌ر، ده‌شاکه‌ته‌وه هه‌مان ئه‌ودیوه‌ی ره‌تکردنه‌وه له‌لای که‌سایه‌تی ڤیسله‌ر له ”ژیانی ئه‌وانی تر”، چۆن ڤیسله‌ر به نه‌هیکردنی خۆی قایله نه‌ک به تێکه‌واننی ئه‌وانی تر، بیرانژێ‌ش به‌وه قایله که ده‌زگیرانه‌که‌شی له ده‌ستچێ و به تاق‌و ته‌نیا خۆی بمێنێته‌وه وه‌ک مرۆڤ و ئه‌و په‌تایه نه‌گرێ و نه‌چێته خانه‌ی ئاژه‌ڵ. خیانه‌تکردن له خود له هه‌موو خیانه‌ته‌کان قورستره. ئه‌و دیوه‌یه که مرۆڤ ناگاته‌وه به خۆی و له په‌راوێزی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه نه‌ک له په‌راوێزی ئه‌وانی تر.
ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێ، له مێژووه‌ی هه‌موو خیانه‌ته‌کانی دونیا نامه و په‌یامنیر گه‌وره‌ترین ڕۆڵیان له هێنانو بردنی زانیاریی ڕاستی و درۆ بینیوه. له‌م سه‌رده‌مه‌شدا شه‌ڕه کوشنده‌کانی مرۆڤایه‌تی بۆ به‌رپابوونی تاکه ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها له سیسته‌می ئینترنێت و توڕه‌کانی و ئه‌و ته‌له‌فوونه ده‌ستیانه‌ی وه‌ک چاوی هه‌ڵو به دواته‌وه‌ن، به‌رجه‌سته‌ن. نامه کۆی وشه‌کانه، په‌یامنێریش ئه‌گه‌ر ته‌نها په‌یامی قسه‌گه‌یاندنی هه‌بێ یان نامه هه‌ر ده‌کاته‌وه هه‌ڵگری قسه‌ی خێر یان شه‌ڕ. دواجار گرنگترین بیرۆکه له خیانه‌تدا جێی وشه‌یه، ئه‌مه که به ته‌نها ده‌ربڕینێکی ده‌بێته ماییه‌ی زیندانکردن و دوورخستنه‌وه و کوشتن. وشه ئه‌و هێزه کوشنده‌ییه‌ی پێیه که به ده‌ربڕینی دیوێکیان که‌سێک ده‌باته ئاسمان و به دیوه‌که‌ی تریشی فڕێیده‌داته ژێرزه‌مین. سیاسیه‌کی فه‌ره‌نسی کۆن به‌ناوی تالیران Talleyrand له باره‌ی وشه‌وه وتویه‌تی: ”به‌ڵی و نا، دوو کورترین و ئاسانترین وشه‌ن به‌سه‌ر زمانه‌وه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پێویستیان به وردبوونه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی زۆره”.
سه‌رچاوه‌کان:
– Magazine Littéraire, dossier: La trahison, N° 533, juillet-août 2013.
– Sébastien Schehr, Traîtres et trahisons de l’Antiquité à nos jours, Ed. Berg international, Paris, 2008.
– Les grands traitres de l’histoire, Philippe Valode, Ed. First, Paris, 2007.
ڕاپۆرتی نه‌وته‌وه یه‌کگرتوه‌کان – UN
ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی-Amnesty International
بابه‌تی: گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت