((ئێمه ئه‌وه‌ین زیندان له خۆمان ده‌كه‌ینه گوڵستان،
كه زیندانمان گوڵستان بێ، گوڵستانمان ده‌بێ چی بێ …؟))
شه‌مسی ته‌ورێزی
1
/ ئێواره/ ڕه‌نگی/ ڕووباره/ شینه/ زه‌ردباوه‌كان/
/ ده‌داته‌وه/ … /
/ ترس/ به/ كڵاوێكی/ به‌ڵه‌كه‌وه/
/ سه‌ره‌تاتكێمان/ له‌گه‌ڵدا/ ده‌كا …/
/ هه‌ڵپه‌ی/ كارامه‌یی/ یاڵی/ به/ ئه‌سپه/ چه‌قیوه‌كانه‌وه/
/ نه‌هێشت./
گوڵاڵه‌سووره‌ی كانی مرادان
هانا بۆ عاشقان دێنن؛
تۆ مه‌نووه، ئه‌ستێره‌گه‌شبوونان بگه‌ڕێوه!
كه هاتییه‌وه ده‌بینی
چۆن دونیا
ده‌ست له‌به‌ر پشتی شه‌و ده‌نێ.
2
/ ته‌مه‌ن/ بایی/ ئه‌وه/ نه‌بوو/
/ په‌رژین/ به/ ده‌وری/ ئاوباران/ هه‌ڵچنین/
/ شووشه‌ی/ شه‌به‌نگی/ پاڵ/ چرا/
/ ئادگاری/ تێكشكاو/ ئه‌لهای/ مه‌رگ/ و/ هه‌تاو/
/ له/ یه‌ك/ كاتا …/
/ له/ یه‌ك/ كاتا/ ئه‌لهای/ مه‌رگ/ و/ هه‌تاو …/
بای واده،
له پاڵ پارده‌ی بیره‌وه‌رییه‌كاندایه.
بوولێڵم له كاژه‌كانی به‌نده‌ن داماڵی.
نه‌مهێشت گه‌ڵاكان
په‌یمان بشكێنن.
نه‌مهێشت لێڕه‌وار،
گلاراو … پێكوڕه،
له هاژه‌ی سه‌هه‌ندی
ئه‌م چه‌رخه غه‌دداره بخنكێ.
3
/ فرمێسكی/ ماندوو/
/ له/ بۆسه‌یه‌كی/ ئه‌فسانه‌ییدا/
/ كه‌نار/ به/ گوڵی/ هه‌ڵایساوه‌وه/
/ خه‌ملێنرا / بوو/
/ ئه‌ی / ئاهه‌نگی/ هه‌نسكاوی/
/ كه/ له/ پێش/ قافڵه‌ی/ باده‌نۆشانه‌وه/
/ بارت/ لێ/ خستووه! /
/ ده‌مه‌وێ/ باخچه/ خۆڵه‌مێشییه‌كانی/
/ ته‌نیاییت/ ببینم./
باده‌گێڕ
به په‌یمانه‌ی پیرۆزی
برینه‌كانمی دره‌وشانده‌وه.
بێ هاوتایه ئه‌زه‌ل، په‌ری دێم!
خۆت به‌نیازی
په‌یژه‌یه‌كی شكاوه‌وه مه‌سپێره!
بێ هاوتایه ئه‌زه‌ل.
4
/ پرسیار/ ته‌نگیان/ پێ/ هه‌ڵچنیوم …/
/ سه‌رابه/ ڕێ …/
/ چه‌ندی/ ڕۆیشتم/ نه‌گه‌یشتمه/ مرۆڤ/
/ چه‌ندی/ ڕۆیشتم/ نه‌گه‌یشتمه/ دڵم/
/ كه/ له/ نێوان/ شكان و/ نه‌شكاندایه./
له ڕێوه‌ڕه‌سمی ئاهه‌نگی مه‌رگی گوڵه‌مێخه‌كدا
وێستگه‌ی پاسی
شاره‌كانم بیركه‌وته‌وه …
له شۆسته‌ی باغه سیمكراوه‌كانی
ئه‌م به‌ر و ئه‌وبه‌ری ڕێگا
گۆڕه‌پانی نوێكردنه‌وه‌ی ناسنامه!
5
/ هه‌میشه/ ده‌یگوت/ نامه‌وێ/ ته‌نیا/ بم/
/ ئه‌و/ شانۆییه/ تا/ دێ/ ماندووترمان/ ده‌كا … /
تۆ بیرت لێ كردووه‌ته‌وه
چ له‌ناو هه‌نارێكی قه‌ڵه‌شتوودا،
ده‌گوزه‌رێ؟
بیرت لێ كردووه‌ته‌وه
له‌بن چیله‌مێوێكدا،
چ ژانێكی ئاسنین پێده‌كه‌نێ؟
6
/ خۆشه‌ویستیت/ به/ من/ نه‌ده‌شاردرایه‌وه/
/ له/ كۆڵ/ خۆمدا/ هاتبووم/
/ كورسییه‌كی / ته‌نیا/ له‌و/ لاوه/ كه‌وتبوو/
/ شانی/ بۆ/ هه‌ڵده‌ته‌كاندم/
/ ئه‌فسووس/ ئێستاش/
/ له/ ئاماژه‌كانی/ نه‌گه‌یشتم/
له‌رینه‌وه‌ی قامچی
جێوڕێیى خۆمم پیشان ده‌داته‌وه.
چه‌قی كاتژمێر ئینجانه.
7
/ بارانمان/ بۆنى/ خاكى/ پێوه/ نه‌ماوه/
/ جه‌سته/ شێوێنراوه‌كان/ بردوویانه/
/جۆگه‌لی/ بنار/ خه‌می/ حه‌وزه‌كانی / خۆیانه/
/ هه‌موومان/ چاوه‌ڕێی/ گه‌ڕانه‌وه‌ی/ جه‌نازه‌ی/
/ خوێناوی/ ڕووبار/ ده‌كه‌ین/ هه‌موومان …/
له كه‌په‌نه‌كی شوانێكدا نوستبووم
خه‌ونم به بارانه‌وه بینی
به‌دیار ئاگری باڵانوێنی كۆچه‌رییانه‌وه؛
زمانی شازادان فێربووم …
ئه‌رخه‌وان، زێڕئاژن …
ئه‌رخه‌وان، ده‌نگی با، وینگه‌ی به‌رد …
ئه‌رخه‌وان، شه‌یدایی خه‌ڵوه‌ت
ئه‌رخه‌وان، ئاڵا …
8
/ ئاسمان/ له/ حه‌زو/ ئه‌ڤینمان/ هه‌ڵدێ …/
/ سێبه‌ر/ شه‌فه‌قمان/ لێ/ ده‌تۆرێنێ/
/ نه/ ده‌رگا/ نه/ ئاراسته/ نه …/
بمانه‌وێ ده‌توانین له دڵۆپێك باراندا،
زستان ببینین.
بمانه‌وێ
له زه‌رده‌خه‌نه‌ی كه‌ويه به‌فرێكدا،
هاوين ببينين.
بمانه‌وێ ده‌توانین
له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌یه‌كی شكاوی (مه‌چكۆ)دا،
دونیا ببینین.
9
/ به/ خه‌ڵوه‌تی/ بێ/ نه‌واییدا/ ده‌ڕۆن/
/ كه‌س/ خۆی/ له/ هاوڕێكه‌ی/ ناكاته/ خاوه‌ن/
/ ئه‌م/ په‌نایه/ ئیتر/ ژیانی/ لێ/ نه‌ماوه …/
كه‌پكه‌شاخێكی زیز
له كه‌نارێكی شێتدا
چاوی بڕیبووه دارستان …
تارمایی مردن نه‌بوو،
خۆڵبارانی ته‌م بوو …
له هۆشیارییه‌كی مه‌ستدا،
له قۆزاخه‌ی گوڵێكی نه‌پشكووتوودا،
له بنكه‌ی ئه‌به‌دییه‌ت …
كه‌پكه شاخێكی زیز،
له‌كه‌نارێكی شێتدا
چاوی بڕیبووه دارستان.
10
/ هیوای/ ڕه‌ش/
/ ڕه‌ش/ تا/ تاریكی/
/ تاریكاییه‌كی/ شێت /
/ شێت/ تا/ هیوا./
من له‌نێوان دوو شووره‌ی دڕكاویدا
له‌نێوان دوو شووره
له‌به‌ر پڕشنگی نیگاكانت،
ئیمتیحانی وانه‌ی
مۆمی ده‌م بام دایه‌وه …
11
/ ئه‌و/ گوڵه‌ی/ له/ ده‌ستت/ گرتووه/
/ بڵێسه‌یه‌كه/
/ له/ حیله‌ی/ ئه‌سپ/ ئه‌چێ/
/ ده‌نگ/ ده‌داته‌وه/
/ ئایا/ بۆمان / هه‌یه/
/ خه‌م/ بۆ/ ڕه‌نگپه‌ڕیویی/ خۆمان/ بخۆین؟/
/ بۆمان/ هه‌یه/
/ ئه‌ندازه‌یه‌ك/ بۆ/ گۆڕستانه‌كانمان/ دابنێین؟/
بیره‌وه‌رییه‌كان
پێشزانییان فێركردم؛
هه‌موومان ده‌ڕۆین …
قه‌سیده خه‌ماوییه‌كانمان ده‌مێننه‌وه
كێشمانه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن.
12
/ ژه‌نگ/ ژه‌نگ/
/ له/ هاتی/ دا/ ژه‌نگ/
/ له/ قاتی/ دا/ ژه‌نگ/
شووشه‌یه‌كی به‌تاڵ،
له پیاده‌ڕۆییه‌كی بنبه‌ستدا كه‌وتبوو …
ڕێگر نه‌بوو، جه‌رده نه‌بوو …
بوونه‌وه‌رێكی ئه‌فسانه‌یی نه‌بوو
شووشه‌یه‌كی به‌تاڵ بوو
شه‌ڕی مان و نه‌مانیان له سه‌ر كرد!!
13
/ چرپه‌م/ بۆ/ نه‌خوێندرایه‌وه/
/ ئه‌م / جاره/
/ سروه/ له/ میحرابی/ پاییزدا/ هه‌ڵناكا/
/ خۆر/ له‌سه‌رمان/ پاڵتۆی/ هه‌ورانی/ پۆشیوه/
له ترافیك لایتی ئه‌وسه‌ری شه‌قامدا
دره‌ختێكیان ڕاقه‌ناند
شاعیرێكیان سارد كرده‌وه …
له ترافیك لایت،
دره‌ختان به‌رده‌ده‌نه‌وه
شاعیران سارد ده‌كه‌نه‌وه …
حوزه‌یرانی 2013