“پارتی دەیەوێت لە سلێمانی بێت، بەڵام نایەوێت سلێمانی لەهەناوی پارتیدا بێت

Loading

سەبارەت بە ئیشكالكردنی كێشەی نێوان سلێمانی و پارتی،  بە “مۆڵەت و كرێدی” چوونە ژوورەوە بۆ سلێمانی!

 

“نە پێكەنین، نە گریان بەڵكو تێگەیشتن” .سپینوزا

 

1

“پارتی دەیەوێت لە سلێمانی بێت، بەڵام ، نایەوێت سلێمانی لە هەناوی پارتیدا بێت”

سلێمانی بە تەنیا سنورێکی جوگرافی دیاریكراو نییە. سلێمانی هەرگیز ناكاتە ناوەندی شاری سلێمانی. سلێمانی خەیاڵدان و خەیاڵكردنە، سلێمانی زمانە، فكرە، ڕوانینە، پەیوەندی كۆمەڵایەتی جیاوازە. بیناكردنی خەیاڵە. سلێمانی شێوە زارە. سلێمانی لە پەیوەندییەكاندا دیەردەكەوێت كە چۆن چۆنی سلێمانی و سلێمانیزادەو سلێمانیگەرایە. سلێمانی ئەو كاتەی دەكەوێتە ناو مامەڵەكردن و ئاڵوێرەوە جۆرێك، فۆرمێك یان چەندین فۆرم لە سلێمانی بوونی خۆی مانێڤست دەكات.

سەدام حوسین و بارزانی ١٩٧٠
سەدام حوسین و بارزانی   ڕێکەوتنی ١٩٧٠

سلێمانی لە ناو پەیوەندی و ململانێیدا لەگەڵ هەولێرو دهۆكدا دەكاتە ناوەندی سلێمانی و شارەزوورو گەرمیان و چوارتاو سیوەیل و شارباژێرو پێنجوێن. بەڵام كە وردتربوویەوە، پەوەندییەكە كەوتە نێوان سلێمانی و هەڵەبجە، سلێمانی و گەرمیان، سلێمانی كەركوك، سلێمانی و هەورامان، ئەوكاتە سلێمانی تەنیا دەكاتە ناوەندی شارو چوارتا و قەڵاچۆلان. ئەگەر پەیوەندییەكە كەوتە نێوان سلێمانی و و دوكان و شارەزوو، ئەو كاتە سلێمانی تەنیا دەكاتە ئەوانەی لە چوارتاوە درێژبوونەتەوە.

ئەگەر ململانێ و كێشمەكێشەو ڕەمزی و سیمبۆلی و كولتوری و كۆمەڵایەتییەكان كەوتە ناو سلێمانییەوە، ئەو كاتە سلێمانی دەكاتە سەرشەقام و توی مەلیك و سابونكەران و مەڵكەندی و خانەقا. سلێمانی لە ناو شەڕو پەیوەندییە پڕ لە ململانێ و كێشمەكێش و بەیەككەوتنەكاندا دەكرێت بیگرین و مامەڵەیەكی بڕێك كۆنترێتی تری لە گەڵ بكەین. سلێمانی لە گەڵ ئەو هێزانەدا گشتێكی بەرجەستەبوو و خەیاڵدانێكی گەورەتر ە كە بكاتە ناوەندی شارو گەرمیان و هەڵەبجەو هەورامان و بڕێكیش كەركوك، كە بەر هێزێك دەكەوێت لە هەولێرو بادینان. بەڵام نابێت لە بیرمان بچێت سلێمانی لە هەناوی خۆیدا پڕ لە كێشەكێشی هێزە لۆكاڵییەكانی هەناوی خۆی و مۆنۆپۆڵكردن و لە خۆگرتن و ئیحتیواكردن.

بۆچی سلێمانی و لە ناو چی “گوتارێكدا” بووە بە دەزگاو خەیاڵ و هەیمەنە و هەژموون بە سەر گەرمیان و شارەزوور و برێكیش بتوین و پشدەردا، ئەمەیان بابەتێكی دیكەو ئیشكالێكی دیكەو پەیوەندی و بەریەككەوتنی هێزی دیكەیەو خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت. لێرەدا ئێمە قسەوباسمان لە سەر سلێمانیە وەك چیرۆك و زمان و سەرمایەو حیكایەت و زمان و شێوەزارو گەمەو شۆخیكردن و نوكتە گێڕانەوەو قسەی خۆشە.

واتە ستایڵێكی ژیان و ژیانكردن” لە ناو هابیتوس و كۆدەزگای خۆ جیاكردنەوە پارێزگاری لە خۆكردندا. ئەو كۆ دەزگایانەی هەمیشە “مەودایەك” لە نێوان خودی سلێمانی و غەیرە سلێمانیدا دەهێڵێتەوەو وەك “شوناس و ناسنامە” بەرگری لێدەكات.

2

گۆران
گۆران لەدایکبووی لەناوچەی هەورامان، وەک ڕەمزیکی سلێمانی

سلێمانی دەبێت ڕابەرایەتی بكات نەك ڕابەرایەتی بكرێت. دەبێت ئاوێنەی ئەم ڕابەرایەتیكردنە لە كۆمەڵێك سیمبۆل، هێما، نیشانە، زمان، چیرۆك، شێوازو ستایلی جل و بەرگ، خواردن و خواردنەوەدا دەركەوێت. واتە “گوتارێكە، دەبێت دەركەوتەی هەبێت.

سلێمانی هەمیشە لە ناو هێزەكاندا بۆ “نوێنەرایەتی و نوێنەرەكانی خۆی دەگەڕێت”. ئەم نوێنەرایەتی و نوێنەرایەتیكردنە هێندە گوتارو دەزگا گوتارییەكانە، هێندە كەس و تاك نییە. گەرمیانییەك دەتونێت لە ناو “گوتاری سلێمانییدا” نوێنەرایەتی سلێمانی و خەیاڵ و خەیاڵدانی سلێمانی بكات. واتە “مۆڵەت و ڕوخسەت و كرێدی ” نوێنەرایەتیكردن و مانێڤستبوونی سلێمانی پێدراوە لە لایەن گوتارەكەوە.

هەڵەبجەییەك، هەورامییەك، شارەزوورییەك بە هەمانشێوە. بەڵام ، دەشكرێت و هەرواشە كەسێكی سلێمانی / گەرمیان/ شارەزوور، هەڵەبجە… بخرێتە دەرەوەی گوتاری سلێمانی. واتە ئەگەر بە چەندین پشت لە دایكبووی ناو جەرگەی سلێمانیش بێت، دەرێت هەندێك “سەرنج و لە سەر وەستانی لە سەر هەبێت” بەڵام بە میكانیزمی شاراوەو هەناوی و زیمنی . كە تەنیا بە میتۆدێكی سۆسیۆلۆژییانەی پەردەهەڵماڵین كاركردنی ئەم گوتارە لە سەر جەستەی “دەركاروێك لە سلێمانی” بدۆزینەوە. بەڵام ئەوەی كە زۆر بەرچاو فاكتە، سلێمانییەكانی ناو “زۆربەی هێزەكان ئەگەر چی لە ناو پەیوەندی و ململانێ و كێشمەكێشی ئیدۆلۆژیشدا بن، دەسبەرداری یەك نابن بە حوكمی ئەو جەبرو ستراكتور و “هابیتوس”ەی كە پاڵنەرو خولقێنەری ڕەفتارو هەڵسوكەوت و مامەڵەیە. كەواتە “مۆڵەت و كرێدی و كارتی ( بوون بە سلێمانی)  و (چوونە ژوورەوە بۆ سلێمانی)  لە ناو گوتارێكدایە كە ئاستی دەركەوتن و مانێڤستبوونی زۆرە. بەمشێوەیە سلێمانی فۆرمی جیاوازی پەیوەندییەكان و سەرمایەو كاپیتاڵ و ململانێ و هاوپەیمانی بەستن و پەیوەندی هێزەكانە.

3

ئامادەیی سلێمانی لە ناو پارتیدا، لە هەناوی پارتدیا، وەك گوتاری زاڵ و هەژمونكار، وەك ئاستی ڕابەرایەتیكردن و بەشداری پراتیكیانە لە ناو پارتیدا تەنیا و تەنیا لە دامەزراندنی پارتی و شۆڕی ئەیلولدا ئامادەیە. سلێمانی لە مەكتەبی سیاسی پارتیدا ڕابەرایەتی دەكات. سلێمانی لە ڕێگەی “پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە لە گەڵ ماڵباتی بارزانی” لەو سەروبەندەدا، سلێمانی نەك هەر ئامادەیە، بەڵكو بەشێكە لە كردەی ڕابەرایەتیكردن و دیاریكدن و نەخشەكێشان و نەخشاندنی گوتاری پارتی.

تەنانەت جیابوونەوەی مەكتەبی سیاسیش بەو ئاستە گەورەیە لە شەستەكاندا ناكاتە پچڕانی پەیوەندی نێوان پارتی و سلێمانی . لە شۆڕی ئەیلولدا، خێزانێكی سلێمانی نابینین كەسێكی پلە یەك و دوو، یان كەسێكی نزیكی بەشێك نەبووبێت لە شۆڕشی ئەیلول و خەیاڵی شۆڕشی ئەیلول. تەنانەت ئەو چەند نەوەو یاخی و هەڵگەڕاەوەو ناڕەزاو دەنگە بەرزە، باوكیان یان باپیریان بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندییان بە شۆڕشی ئەیلولەوە هەبووە. لە پاش شۆڕی ئەیلول ، و ووردە ووردە سلێمانی هەست بە پاشەكشە دەكات لە ناو پارتیدا، هەست دەكات لە ڕابەرایەتی دەكەوێت.

خۆپیشاندانی دەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لەدژی حزبەکانی باشوور لەسلێمانی و دەورووبەری / ئاڵای هەموویان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داگیرا!
خۆپیشاندانی دەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لەدژی حزبەکانی باشوور لەسلێمانی و دەورووبەری / ئاڵای هەموویان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داگیرا!

ئەگەرچی ڕابەری سەربازی و كەسانێك لە مەكتەبی سیاسی و تەنانەت سكرتێری پارتیشدا بوونیان هەیە كە خەڵكی سلێمانین، بەڵام ڕابەرایەتیكردن، زاڵێتی گوتاری سلێمانی، مۆڵەت و سەرمایەو كرێدی سلێمانی لە ناو پارتیدا لە پاشەكشە دایە. ڕەمزو هێماو نیشانەو نوێنەرایەتییە گوتارییەكان لە پاشەكشەدان. لەو نێویاندا ڕناكبیران و كایەو سەرمایەی ڕوناكبیری پاشەكشەی كردو چوونە ناو ” گوتاری چەپەوە”. سلێمانی هەمیشە بۆ ئەو دەزگاو میكانیزمانە دەگەرێت كە ئاوێنەیەك بێت بۆ خۆ بینینەوەو مانێڤستبوون. بە تایبەتر گوتاری ڕوناكبیری، یان دسەڵات و سەرمایەو مۆڵەتی ڕوناكبیری، ڕوناكبیرو ڕونابیرەكانی سلێمانیە لە هەركوێ بووبێتن، سلێمانی لەوێ بوو. واتە زیاد لە هەر ئاستێكی دیكەی ئامادەیی / نا ئامادەیی سلێمانی لە ناو هەر هێزێكدا زیاتر و زیاتر لە ڕێگەی گوتاری ڕوناكبرییەوە بووە. لە شۆڕی ئەیلولدا سلێمانی لە ڕێگەی “كایەی ڕوناكبیرییەوە” بە چڕی لە هەناوی سلێمانیدا بووە، بەڵام لە پاش شۆڕی ئەیلول پاشەكشە دەست پێدەكات. دەچنە ناو هێزی دیكەو گوتاری ترەوە.

4

ئێستا كیِشەكە زۆر گەورەترە، سلێمانی تەواو دڵنیا بووە لەوەی نوێنەرایەتی و نوێنەر و چیرۆكیان لە ناو پارتیدا نییە. سلێمانی ڕابەرایەتی لە دەستداوە. سلێمانی هەیمەنەی لە دەستداوە و لە ڕێگەی هێزی دیكەوە مۆڵەتی بەخشیووە بە نوێنەرەكانی. سلێمانی بەر ئەوە كەوتووە كە لە ئێستادا سلێمانی هێندەی “خەمی دەنگ و كۆكردنەوەی دەنگە بۆ پارتی”، چارەكێكی ئەوە ڕابەرایەتی و زاڵبوون و ئاڕاستەكردن نییە.سلێمانی بۆ ئێستای پارتی پرسێكی ئیداری و هەڵبژاردنە نەك ڕابەرایەتیكردن و نەخشە بۆ كێشان و لە پێشەوەبوون. ئەمەش لە ناو پرۆسێسوسەكانی پاشەكشەكردن و پاشەكشە پێكردنی ” گوتاری سلێمانییە” لە هەناوی پارتیدا.

 

مامەڵەی ئێستای پارتی لە گەڵ سلێمانیدا، مامەڵەی هێزێكە دەیەوێت لە سلێمانی بێت نەك سلێمانی لە هەناویدا بێت. سلێمانی نایەوێت جیابكرێتەوە، سلێمانی دەیەوێت خۆی كارێكتەری جیاكردنەوە شوناس پێدان و ناسنامە پێبەخشین بێت.بەڵام سلێمانی تێگەیشتووە لەوەی بوونی لە ناو پارتیدا بەمشێوەیە پەراوێزییە نەك سەنتەرو بە سەنتەر بوون و سێنترالیزاسیۆن. تەماشای ئێستای هابیتوسێك لە ناوی پارتیدا، هابیتوسێك هەیە سلێمانی دەكات بە ئەویدیكەی پارتی.

زاڵبوونی هەیمەنەی گوتاری بادینانی- هەولێری لە ناو پارتیداو كاركردنە شاراوەیو ئاشكراكانی ” هاوپەیمانێتی گوتاری بادینانی-هەولێری ” لە ناو پارتیدا فاكتەری پاشەكشەپێكردن بووە بە گوتارو بوون و ئامادەیبوونی  سلێمانی.

ئەو شوێنە هەستیار و بڕیاردەرانەی كە دەبێت سلێمانی یان تێیدا هەژموونكار بێت، یاخود بەشداری ڕاستەقینە لە نەخشەكێشان و پراتیككردنیدا، سلێمانی نایبینێت. سلێمانی بەر “پۆتۆنسیالێتی و پراتیكبووەكانیش ” دەكات كە گوتاری زاڵ كێیەو چۆن خۆی بەرهەمدێنێتەوەو چۆنیش سلێمانی بە “پەراوێز ” دەكات. كەواتە كێشەیەك هەیە بونیادییە، ئەم كێشەیە دەبێت بكرێت بە ئیشكال و پرۆبلیماتیك.

تەواو

 مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی .
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی .