دیمه‌نێكی فیلمه‌كه‌

فرانکنشتاین ئەو شاکارەی لە نووسەرەکەی زیاتر ناوبانگی هەیە


Loading

هەرگیز پێشتر بەنیازی نووسین سەیری هیچ فیلمێک ناکەم، بەڵکو ئەوە فیلمەکەیە دواتر بڕیارم پێدەدات کە پێویستە لەبارەیەوە قسەیەکم هەبێت. فیلمی ماری شێڵی کە بەرهەمی ساڵی ٢٠١٧یە، دیوێکی تاریک و قورسی دۆخ و ژیانی ژنان بەدەست دەسەڵاتی پیاوانە و نێرسالاری نیشان دەدات، هەست دەکەی فیلمەکە ڕوانینێکی ڕەخنەییانەیە بۆ دۆخی ژن لەو سەردەمەدا. هەروەها بەردەوامی، هەستانەوە و ئاستەنگی سەر ڕێی ژنە نووسەرەکان ئاوەڵا دەکات. ئەوەی بۆ من گرنگە ئاماژەی پێبدەم لەبارەی ئەو فیلمەوە ئەوەیە ستافێکی ژنانە ئیشیان تێدا کردووە؛ بەرهەمهێنان، سیناریۆ و دەرهێنەری فیلمەکە هەر سێکیان ژنن. بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە پێکهاتوون لە دوو ژن و پیاوێک، هەروەها سیناریۆکەی ژنێک بەناوی ئێما جێنیسن نووسیویەتی، دەرهێنەرەکەی ژنێکی سعودیە بەناوی هەیفا مەنسور، هەیفا ئەمە یەکەم فیلمیەتی بە زمانی ئینگلیزی، کارەکانی پێشتری بەزمانی عەرەبی بوون. بەناوبانگترین فیلمی ساڵی ٢٠١٢ بەناوی ”وەجدە”یە، کە یەکەم فیلمە لە سعودیە دەرهێنەرەکەی ژن بێت.

لە فیلمی ‘ماری شێڵی’دا هەست بەقووڵی و بەهێزی کارەکتەری ماری دەکەیت، هەست بە بوێری لە بڕیاردانەکانی دەکەیت. کاتێک خۆی بڕیارێک دەدا، ئەوا بەرپرسیارییەتی بڕیاردانەکەش لەئەستۆ دەگرێت. Elle Fanning ی ئەکتەر زۆر جوان ئەم ڕۆڵە بەرجەستە دەکات. ماری بەگشتی لە دیمەنەکاندا بەباوەڕبەخۆبوونەوە دەردەکەوێت و جەخت لەوە دەکاتەوە ڕۆژێ دەتوانێ بنووسێ و ببێت بە نووسەرێکی باش. ئەمەش وای لەو کرد ئەو قەڵەمەدارینەی لە سەرەتای فیلمەکەدا لەنێو دەستیدا یاری پێدەکات، تێبینی و ئایدیاکانی نێو هۆشی پێدەنووسێ دواتر لە دەسپێکی نووسینی شاکارەکەیدا بەکاریبێنێ و تا دوا خاڵی ڕۆمانەکەی نەوەستێت. هەڵبەت ستایلی نووسینی ماری سەرنجڕاکێشە ئەو لەو جۆرە نووسەرانەیە کاتێ قەڵەمەکەی بەدەستەوە گرت تاکو بەتەواوی نووسینەکەی بەکۆتا نەهێنێ وازناهێنێ، ئەمەش نووسینی ئایدیاکانە لەنێو هۆشدا پێش خستنە سەر کاغەز.

ماری شێڵی و ماری ۆڵستنکرافتی دایكی

بۆ ژنێکی گەنج لەو سەردەمەدا ئەمە خاڵێکی گرنگ و بەهێزە، ڕەنگە لێرەدا ماری کاریگەری دایکی لەسەر بووبێت، چونکە دایکی (ماری ۆڵستنکرافت (Mary Wollstonecraftژنە فێمێنست و فەیلەسوفێکی گرنگ بووە لە سەردەمەکەی خۆیدا ئەو نووسەری کتێبی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنانە ’’A Vindication of the Rights of Woman’’. کتێبێکی گرنگی پەروەردەیی و فێرکارییە سەبارەت بە مافەکانی ژنان. یەکەم ژنە فەیلەسوف بووە لەسەردەمی خۆیدا ڕەخنەی جان جاک ڕۆسۆی فەیلەسوفی فەڕەنسی کردووە لەسەر هەندێک لە دونیابینییەکانی کە دژە ژنبوون. ۆڵستنکرافتی دایکی ماری شێڵی بە چەند هەفتەیەک دوای لەدایکبوونی ماری دەمرێت. بەڵام ماری لەگەڵ ئایدیاکانی دایکیدا دەژیت. هەروەها باوکی ماری ویلیام گۆدوین ”William Godwin” فەیلەسوفی سیاسی بووە، کاریگەرییەکی ئیلهامبەخشی بەسەر ماریدا هەیە. کاتێك یەکێ لە پەیامەکانی باوکی بۆ مارییە و دەڵێ ”بەدوای دەنگی خۆتدا بگەڕێ و بیدۆزەوە” ئەمە دەبێت بە ئیلهامێکی گرنگ و کاریگەر بۆ دەسپێکی نووسینی ڕۆمانەکەی ماری.

 

چیرۆکی فیلمەکە بەگشتی لەوێوە قوڵدەبێتەوە کە ماری لە سکۆتلەند پێرسی شێڵی دەبینێ کە شاعیرێکی گەنجە، ماری دەکەوێتە خۆشەویستی ئەو شاعیرەوە، لەکاتێکدا پێرسی هاوژین و منداڵیشی هەیە ئەمەش لەلایەن ئەوانیترەوە دەبێتە ڕێگرییەکی گەورە بۆ پێکەوەبوونی ماری و پێرسی بۆیە دواتر بڕیاردەدەن ڕابکەن و پێکەوە بژین. بەڵام ئەوەی فیلمەکە لەسەری بەردەوام دەبێت لایەنە ڕۆمانسی و دونیا فەنتازییەکە نییە، کە پێرسی بۆ ماری دروست کردووە پێش ئەوەی بەیەکەوە بژین بەڵکو ئەو دونیایە لەڕووی مۆراڵیەوە چەند نزمە و زۆرینەی شاعیر و نووسەرەکان بەو شێوەیەن بەرانبەر بە ژن و هاوژینەکانیان پێشتر جیهانێکی ئایدیالیان بۆ دروست دەکەن، بەڵام کاتێ دێنە ناو واقعی ژیانەکەوە ماسکی ئەو جیهانە زوو دەکەوێ و ژیانێکی پڕ لە کێشە و توندوتیژی، بێباکی و نابەرپرسیارانەیە هەروەها بەناوی ئازادی لە خۆشەویستیدا لە دەرەوەی هاوسەرگیری پەیوەندی دروست دەکەن. دەرهێنەر لە دیمەنەکاندا دەیەوێت جەخت لەوە بکاتەوە دونیا ڕۆمانسی و فەنتەزییەکانی پیاوان بەگشتی و پیاوانی نووسەر و شاعیر بەتایبەتی زۆر ڕووکەشی و کورت خایەنن.

بەگشتی ڕۆمانەکان چەند جۆرێک ژانر لەخۆدەگرن، یەکێ لەو ژانرە گرنگانەی لە جیهاندا خواستی خوێنەرێکی زۆری لەسەرە ژانری خەیاڵی زانستییە. ئەم ژانرە لەلایەن ماری شێڵی داهێنراوە واتا ژنێک ئافرێنەریەتی، هەرچەندە خەیاڵی زانستی ژانرێکی ئاڵۆزە و ئاسان نییە، ڕەنگە بەهۆی ئاڵۆزیەکەیەوە بێت پەیوەندییەکی نزیک هەبێت لە نێوان ژانری خەیاڵی زانستی و ژندا، یاخود دەشێ ژیانی ژنان لە دونیای زاڵی پیاوسالاری بەڕادەی ئەم ژانرە ئاڵۆز بێت. هەروەها نزیکی ژنان لە دونیای خەیاڵفراوانی، فەلەکناسی و پێشبینی، پەنهانی(Mystery)…هتد

سەرەڕای هەموو ئەمانە ناتوانین بڵێین نووسەری خەیاڵی زانستی لە کۆمەڵگە دابڕاوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەڵقوڵاوی ژینگە و کۆمەڵگەکەی خۆیەتی. فرانکنشتاین یەکێکە لەو شاکارانەی ناوبانگی وەک کتێب و ڕۆمان زیاترە لە ناوبانگی نووسەرەکەی، ڕەنگە زۆرێکمان بزانین یاخود لەبارەی فرانکنشتاینمان بیستبێت، بەڵام ئەوانە کەمن لەبارەی نووسەرەکەیەوە زانیاریان هەیە، کە لە سەدەی نۆزدە لە ساڵی ١٨١٨ کچێکی گەنجی ١٨ ساڵ ئەم شاکارەی نووسیوە بەناوی ماری شێڵی. ئەمەش مانای ئەوەمان پێدەدات ڕۆمانەکە بەناوبانگترە لە نووسەرەکەی، گومانی تێدانییە یەکێ لە هۆکارەکان پەیوەندی بەوەوە هەیە نووسەرەکەی ژنێکی گەنجە، ڕەنگە هەندێ لە ڕۆمانی پیاوە نووسەرەکانیش هەبێت خودی ڕۆمانەکە بەناوبانگتر و ناسراوترە لە نووسەرەکەی، بەڵام لە نموونەی وەک ماریدا هۆکارە سەرەکییەکە ژنبوونە، چونکە لەو سەردەمەدا بەگشتی نووسەرە پیاوەکان زاڵبوون بەسەر جیهانی چاپکردن و نووسین و ئەدەبدا، هەموو لایەنەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان قۆرغکردووە. ژنان نەیان توانیوە بەئاسانی کتێب چاپ بکەن و نووسین بەناوی خۆیانەوە بڵاوبکەنەوە، ئەم کولتوری قۆرغکردنە وایکرد کە هەندێ لە چاپخانەکان باوەڕ بە ماری نەکەن، چونکە ئەو کچێکە و تەنیا هەژدە ساڵ تەمەنیەتی چۆن دەتوانێت شاکارێکی ئاوا بنووسێت، تەنانەت هەندێک کەس بەمە تۆمەتباری دەکەن هاوسەرەکەی ئەم ڕۆمانەی نووسیبێت نەک ماری خۆی. بەگشتی کولتورێک لە جیهاندا زاڵە کە دژە گەنج و دژە ژنە، (ئەم کولتورە هێشتاش بەڕێژەیەکی زۆر لە کوردستان بەردەوامی هەیە) هەربۆیە بەزەحمەت بۆیان قبوڵ دەکرێ، کە دانبنێن بە بەرهەمەکانی گەنجان و ژنان، چونکە پێیانوایە قبوڵکردنی ئەمە لە ئەزموون و پێگە و دەنگی ئەوان کەم دەکاتەوە!

ماری بە یەکێ لە خاوەنی چاپخانەکان کە گومانی لێی هەیە دەڵێ؛ چۆن پرسیار لەبارەی توانستی ژنێکەوە دەکەی لە کاتێکدا من ئەزموونی لەدەستدانم کردووە، ئەزموونی خیانەت و مەرگم کردووە، من توانیومە منداڵم ببێت دەشتوانم قەڵەم بەدەستەوە بگرم. لەبەرئەوەی هیچ چاپخانەیەک ئامادەی ئەوە نەبووە ئەم ڕۆمانە بەناوی کچێکی گەنجەوە چاپ بکات، هەربۆیە ماری ناچار دەبێت کە چاپی یەکەمی ڕۆمانەکەی بەناوی هاوژینەکەی ”پێرسی” بڵاوبکاتەوە. کاتێک کتێبەکە بەباشی ناسرا لە چاپەکانی تر ئینجا ناوی خۆی خستە سەر ڕۆمانەکە! لە سەردەمەکانی پێشوودا زۆرینەی پیاوەکان نووسەری سێبەر و هونەرمەندی سێبەری بەرهەکانی ژنان بوون، واتا تەنیا ناوی پیاوەکان لەسەر کتێبەکانیان یاخود ئیشە هونەرییەکانیان بوون بەبێ ئەوەی نووسینەکە یاخود ئیشە هونەرییەکە هی خودی پیاوەکە بێت. ئەمەش بیرکردنەوە و دەسەڵاتێکی پیاوانەیە دەرخستنی دەسەڵاتی پیاوسالارییە تەنیا بۆ پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ژنە لەبەرهەم و تواناکانی خۆی، جۆرێکە لە جیاکاری جێندەری هەوڵدان بۆ ونکردنی دەنگی ژن لەنێو ئەدەب و هونەر و زماندا، بەو واتایەی نووسین و ئەدەب و هونەر تەنیا لەژێر دەسەڵاتی پیاوانە بووە لەخزمەتی خواست و گێرانەوەکانی ئەواندا بووە، تەنانەت لەم سەردەمانەدا نووسین و ئیشە هونەییەکانی ژنان زۆر کەم خوێندراوەتەوە و سەیرکراون گەر بەناوی ژنەکەش بڵاوبکرابوایەوە، چونکە ژن ئۆبژێکتێکی پەراوێزخراو بووە و هەمیشە بەکەمتر لە پیاوان سەیرکراوە. هەربۆیە بایەخ بە بیرو هۆش، وتە و بۆچوون و بەرهەمەکانی ژن نەدەدرا، هەربۆیە هەمیشە مێژووی ژن پشتگوێخراوە، ئەو ژنانەی بەهێز و توانا و ڕۆشنبیری خۆیان هاتبێتنە هەر کایەیەک لە کایەکان یاخود هەر بوارێکەوە متمانە و باوەڕیان پێنەکراوە و ڕێزیان لێ نەگیراوە. لەبەرئەوە نموونەی ئەم جۆرە فیلمانە بەرچاوڕوونی ئەوەت پێدەدات بۆچی ژنانی نووسەر و فەیلەسوف و هونەرمەند بەرانبەر بە ڕێژەی پیاوان کەمترن، چونکە ڕاستییەکە ئەوەیە بوون بە نووسەر و هونەرمەند لەو سەردەمانەدا سەخت بووە، بۆیە ژنان شەڕی مانەوەیان کردووە لەو هەموو ڕێگری و بەربەستە دژوارانەی هاتۆتە ڕێگەیان.

فرانکنشتاین وەک فیلم بەچەندین شێوە دەرهێنانی سینەمایی بۆ کراوە، وەک ڕۆمانیش بیرۆکەی چیرۆکی ڕۆمانەکە وەک مێتافۆر بەکارهێنراوە لەنێو تێوریی سیاسی، هەروەها بواری پزیشیکی و زۆر بواری تر. هەرچەندە ئەمە یەکەم فیلمە لەسەر نووسەری ڕۆمانەکە، واتا ئەم فیلمە نیشاندانی لەدایکبوونی ڕۆمانی فرانکنشتاینە لەگەڵ خستنەڕووی ژیان و گوزەرانی ژنە نووسەرەکەی، فیلمەکە بەتەواوی لەسەر ژیانی نووسەرەکەیەتی ئەو کەشەی شاکارەکەی تێدانووسراوە هەروەها چۆنییەتی بەرهەمهێنای ئەو شاکارە و هۆکارە پاڵنەرەکانی بۆ نووسین، نەک نیشاندان و باسکردنی خودی شاکارەکە، لایەنە ترس و سامناکیەکەی فرانکنشتاین بە لێڕوانەر بگەیەنێ. لەبەرئەوەی ئەم ڕۆمانە هەڵقوڵاوی ئەزموون و ناکامڵێتی مرۆڤە، بۆیە دەرهێنەر بە قۆناغ زۆر هۆکاری کاریگەری ئافراندنی ئەم شاکارە نیشان دەدات، سەرەکیترینیان پەیوەندی ماری شێڵی و هاوژینەکەیەتی، مردنی منداڵە ساواکەی هەروەها ئەو ژیانە تەنیا و زەحمەتەی تێیدایە، ئەمانە هەمووی بە سینەماتۆگرافییەکی باش لە فیلمەکەدا نیشانی لێڕوانەر دەدرێ و بەڕوونی پێت دەڵێت؛ ئەزموونەکانی خودی ماری ئەم شاکارەی ئافراندووە، نەک تەنیا خەیاڵێکی پەتی دوور لە ژیانی واقعی خۆی.

کاتێک ماری ڕەشنووسی ڕۆمانەکەی دەدات بە هاوژینەکەی ‘پێرسی’ ئەو زۆری بەلاوە گرنگ دەبێت، بەڵام پێشنیاری بۆ ماری ئەوەیە لەبری ئەم (دڕندە) بوونەوەرە تەنیا و نامۆ و سامناکە بیکات بە فریشتەیەک هیوا و ئومێدی تێدابێت و پەیامێک بێت بۆ مرۆڤایەتی! بەڵام ماری پێی وایە ئەم بوونەوەرە پەیامێکی ڕوونە بۆ مرۆڤایەتی. چونکە ژیانی هیچ کەسێک کامڵ نییە هەربۆیە ئەو لەنێو ڕۆمانەکەیدا سەختی ژیانی کرد بە وشە و خستییە سەر کاغەز.

ڕەنگە زۆرێک ڕەخنە لە ماری بگرن کە زمانی نووسینەکانی ژنانە نییە، بەو مانایەی ڕاستەوخۆ باس لە خودی ژن و ئازارەکانی ناکات، بەڵام ئەو لەڕێگەی گێڕانەوەی ئەدەبییەوە وەک ژنێک ژیان و ئەرک، بێمافی و ئازارەکانی خۆی بەرجەستەکردووە. دەشێ ئەم ڕەخنانە زۆر بەهێزنەبن، چونکە فرانکنیشتاین وەک سیمبولێک بەتەواوی ئەزموونی ئازارەکانی مارییە وەک ژنێک، ئەو بونەوەرێکی نامۆ دەخوڵقێنی بەڕێی ئەوەوە هەموو تەنیایی و نەهامەتی و لەدەستدانەکانی خۆی دەردەبڕێت. بۆیە مەرج نییە زمان و نووسینی ژنانە زمانێکی زۆر ڕاستەوخۆ بێت، بەڵکو دەکرێ سیمبولی بێت، هەر بەو جۆرەش خودی خۆی و ژیانی خۆی لە ڕۆمانەکەیدا نووسیوەتەوە. ئەم نووسینەش بۆ هەتا هەتایە بە نەمری دەمێنیتەوە. لە کۆتایدا، ئەم داهێنانە ئەدەبییە بەهێزی ژن و پشت بەستن بە خۆی لە کار، داهێنان و نووسینەکانیدا دەکاتە پەیامی هەڵسانەوە و تەسلیم نەبوون بەو واقیعەی بەسەر ژندا سەپێنراوە.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.