شانۆنامەی پادشا دەمرێت - ئیۆجین ئیۆنسکۆ
شانۆنامەی پادشا دەمرێت - ئیۆجین ئیۆنسکۆ

ڕاڤەکاریی بۆ ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ و شانۆنامەی پادشا دەمرێت


Loading

ڕاڤەکاریی  بۆ ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ و شانۆنامەی پادشا دەمرێت

جیاوازی و لێکچوونەکانیان

زاهیر عەبەڕەش

تۆڵستۆی و ئیۆجین ئیۆنسکۆ
تۆڵستۆی و ئیۆجین ئیۆنسکۆ

پیاوێکی مردوو کە لە مردنی خۆی دەترسێت.

دەمەوێت شیکاری بۆ ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ و شانۆنامەی پادشا دەمرێت بکەم، جیاوازی و لێکچوونەکانیان، چونکێکە لە دونیای ئەدەبدا ئەم دوو دەقە دیدی نووسەرانیان بۆ مەرگ گۆڕی. کاتێک مرۆڤ لە مردن نزیک دەبێتەوە چی ڕوودەدات؟ دەشێت مانا و ترسناکی لە بوونی کۆتاییەوە لەدایک بێت، ئێمە ڕووبەڕووی چ تاقیکردنەوەیەک دەبینەوە؟ هیچ کەسێک ئەو هیوایە ناخوازێت کە مەرگی ئازیزانی ببینێت. تۆڵستۆی و  ئیۆجین ئیۆنسکۆ ئەم تێمایە لە دوو بەرهەمی ئەدەبیدا شەن و کەو دەکەن، هەرچەندە یوجین ئیۆنێسکۆ حەفتاو پێنج ساڵ دوای تۆڵستۆی تێکستەکەی دەنووسێت. ڕەنگە ئەمە شتێک بێت کە یوجین ئیۆنێسکۆ بیری لێدەکردەوە کاتێک شانۆنامەی پادشا دەمرێت لە ساڵی ١٩٦١ دا دەنووسێت زۆر نەخۆش بوو،  هەستی بە  مردنی خۆی کردبوو، لەناکاو گەیشتە ئەو تێگەیشتنەی کە لە ڕاستیدا هەرگیز فێری  تێگەیشتن لە مردن نەبووە، لە کۆتادا بەرهەمی نەخۆشییەکەی ئەم تێکستەبوو. ئاسترین لیندگرێن وتەنی بۆ ئەوەی ژیانمان خۆش بووێت دەبێت ببین بە هاوڕێی مەرگ.

سەرتا باسی ڕۆمانەکە دەکەین چونکێ بەر لە دەقەکەی ئۆژین یۆنسکۆ نووسراوە، چونکێ شانۆنامەکەش لە ژێر کاریگەری ڕۆمانەکەدا نووسراوە.

ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ

ڕۆمانی، مردنی ئیڤان ئیلیچ (Ivan Ilitjs död) کورتە ڕۆمانێکە لە ساڵی ١٨٨٦چاپکراوە، لە نووسینی نووسەری ڕووسی لیۆ تۆڵستۆی. بە یەکێك لە باشترین کورتە ڕۆمانەکانی ئەدەبی جیهانی دادەنێن، کاریگەرترین دەقە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ مردن. لە ڕاستیدا پێش خوێندنەوەی ئەم تێکستە شانۆیی (مردنی پاشا) ی یۆژین یۆنسکۆم خوێندبووە و شیکاریم بۆ کردووە، پاشان کە ئەم دەقەم خوێندەوە لێکچوونێکی زۆر هەیە لە نێوانیان، یۆنسکۆ لە ژێر کاریگەری ئەم دەقەدا تێکستی مردنی پادشای نووسیووە، ، وەرگێرانە سویدیەکەی ساڵی ١٩٢٨ و نوسخە کوردیەکەی ساڵی ٢٠١١ دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی بڵاو کردۆتەوە و وەرگێڕانی بۆ کوردی ئەمین گەردیگلانی.

ئەم کورتە ڕۆمانە بەیەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی دادەنرێت کە باس لە مانای ژیان و مردن و مەیلی مرۆڤ بۆ ژیان بەپێی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا دەکات. چیرۆکەکە بەو شێوەیە دەست پێدەکات کە پاڵەوانەکە پێشتر مردووە. چیرۆکەکە باس لەوە دەکات کە چۆن ئیڤان ئیلیچ، دادوەرێکی تەمەن ٤٥ ساڵ لە ڕووسیا لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە. ئیڤان کە ژیانێکی بەڕواڵەت ڕێک و پێک دەژی، سەرەڕای پەیوەندییە کارەساتبارەکانی لەگەڵ هاوسەرەکەی، لەکاتی هەڵواسینی پەردەی پەنجەرەی خانووە نوێکەیاندا دەکەوێتە خوارەوە. دوای یەک دوو هەفتە دەست دەکات بە هەستکردن بە تامێکی نامۆ لە دەمیدا و ئازارێک لە جەستەیدا. هیچ پزیشکێک ناتوانێت دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بکات، بەڵام زۆری نەخایاند ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئیڤان لە دۆخی مردندایە.

بەشی دووەمی ڕۆمانەکە باس لەو ئەشکەنجە و بیرکردنەوە ئازار بەخشانە دەکات کە ئیڤان پێیدا تێدەپەڕێت لەسەر وەختی سەرمەریگدا.

سەرەتای دەستپێکردنی ڕۆمانەکە بە خوێندنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی ئیڤان ئیلیچ  (Ivan Ilitjs) دەست پێدەکات. یەکێک لە هاوەڵەکانی ئیڤان لە دادگا لە کاتی پشوودا، لە ڕۆژنامەیەکدا هەواڵی مردنی ئیڤان بۆ هاوڕێکانی خۆی دەخوێنێتەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی ڕۆمانەکە تۆڵستۆی تۆڵستۆی ڕاستەوخۆ تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی کاردانەوەی خۆپەرستانەی هاوڕێ و هاوکارەکانی ئیڤان. هەرلەوێدا باسی ئەوە دەکەن کێ شوێنی ئیڤان بگرێتەوە، چۆن پلەی پیشەییان بەرز بکەنەوە، ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر مووچەکەیان یان پیشەکەیان دەبێت؟ چۆن بچن بۆ پرسەکەی، بەم شێوەیە مردنەکە وەک دەرفەتێک بۆ قازانجی خۆیان دەبینن نەک خەمی مردنی ئیڤانی هاوڕێیان.

چیرۆکەکە لە کۆتاییەوە دەست پێدەکات، لەو کاتەوەی کە ئیڤان دەمرێت پاشان تیشک دەخاتە سەر ژیانی ڕابوردووی، لە بەشی یەکەمدا بەشێوەیەکی ڕووکەشی ژیانی کارەکتەرەکان وێنا دەکات پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ وێناکردنی ژیان و نەخۆشی ئیڤان.

تۆڵستۆی کاردانەوەی کارەکتەرەکانی دەوروبەری پاڵەوان بەکاردەهێنێت بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگایەک کە مرۆڤەکان زیاتر خەمی پلەو پایە، ستاتۆس، پارە و پیشەیان هەیە نەک  میهرەبانی و مرۆڤایەتی. مرۆڤەکان خۆیان لە بیرکردنەوە یان قسەکردن لەسەر مردنی خۆیان و پرسیارە جەوهەریەکەی ژیان  بەدوور دەگرن، لەبری ئەوە بەردەوامن لە جەختکردنە  لەسەر باسی  کار و پارە و ژیانی ڕۆژانە.  هاوکار و هاوڕێکانی ئیڤان بیر لەوە دەکەنەوە ئەوە ئیڤانی هاوڕیانە مردووە نەک خۆیان.

تۆڵستۆی مردنی خۆی لە ڕوانگەی زیندووەکانەوە وێنا دەکات. بە پێچەوانەی ڕێزبەندی کاتی لە پیشدا پاڵەوان مردووە ئەوجا باسی ژیانی دەکرێت، تۆڵستۆی ئەو کاتە بێمانا وبەتاڵ و ئەبسوردەمان لە ژینگەیەکی بیرۆکراتیی و بەرژەوەند خوازیدا بۆ باس دەکات، کە پێشتر مردووەکە سەر بەو ژینگەیە بووە، هەڵوێستی هاوڕێکانی ئیڤان ئیلیچ بەرامبەر بە مردنی، شێوازی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ مردووەکە، بەو هێڵە کاتییانەی لە ڕۆمانەکەدا بەکارهێنراون، زەق دەبێتەوە. هەروەها پێناسەی کاتمان بۆ دەکات، لەبەر ئەوە لەم شیکارییەدا لە ڕوانگەی کات و هێماکانەوە شیکاری بۆ ئەم دەقە دەکەم.

لە بەشەکانی پاشتردا تۆڵستۆی زانیاریمان پێدەدات کە ئیڤان ئیلیچ دادوەرێکی سەرکەوتوو بووە  و بەپێی پێوەرەکانی کۆمەڵگا ژیانێکی ئاسوودە ژیاوەو رێزێکی زۆری هەبووە، زۆریش حەزی بە یاری کاغەزێن کردووە،   ئیڤان خاوەنی دوو منداڵە،  کچێک و کوڕێک.  پراسکۆڤیا فێدرۆنۆڤا (Praskovya Fyodorovna) ی ژنی پشتیوانێکی گرنگ بوو بۆ ئەو. ژیانی هاوسەرگیرییان تاڕادەیەک بە خۆشی دەست پێدەکات بەڵام لە کۆتاییدا سارد و پڕ لە ململانێ دەبێت. کاتێک ئیڤان نەخۆش دەکەوێت پراسکۆڤیای زۆرجار توڕەیی دەردەبڕێت چونکێ خەمی کرداری و عەمەلی نیشان دەدات نەک بەزەیی. تۆڵستۆی ڕۆڵی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ وێناکردنی ئەوەی کە چۆن ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە مرۆڤییەکان هەبێت. هاوڕێکانی هەست بە ناخۆشی دەکەن نەک لەبەر لە دەستدانی هاوڕێکەیان بەڵکو لەبەر ئەوەی بڕیاریان دابوو کە شەوێ کۆ ببنەوە و یاری کاغەزێن بکەن. تۆڵستۆی لە وەسفکردنی هەڵوێستی زیندووەکان بەرامبەر بە مردن لە ڕێگەی مەرگیشەوە بەرامبەر بە ژیان، سەرنجی تایبەت بۆ شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کاتدا ڕادەکێشێت:

لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا، لە دوای مردنی ئیڤان ئیلیچ، بە هەمان شێوەیە وێنای پراسکۆڤایا دەکات کە بەردەوام مژوڵی بابەتە کردارییەکانە، لەوانە دارایی و ئەو خانەنشینییەی کە چۆن دوای مردنی هاوسەرەکەی وەریبگرێت. ئەمەش ڕەخنەی تۆڵستۆی لە کۆمەڵگا بەهێزتر دەکات کە زۆرجار پێگەی دەرەکی و بەرژەوەندی خۆ لە پێش خەمی ڕاستەقینەدا دادەنرێت.

ئیڤان لە بەشی سێی ڕۆمانەکە ئیڤان دەگوازێتەوە بۆ شاری شاری پترۆزبۆرگ، لەوێ لە دادگا کار دەکات پارەو پولێکی باش کۆدەکاتەوە و خانوویەک دەکڕێت، لە ماڵە نوێیەکەی خەریکی ڕازاندنەوەی ماڵەکەیانە، لە کاتی هەڵواسینی پەردەی پەنجەرەکاندا دەکەوێت و کەلـلەکەی دەیماڵێت بە قەراغی کورسیەکەدا بریندار دەبێت و تووشی ئازارێکی زۆر دەبێت و ئەوەش دەبێت هۆی ئەوەی تووشی نەخۆشیەکی کوشندەی بکات و هەر بەو هۆیەوە دەمرێت. بەڵام کەس نایەوێت دەربارەی ئیڤان ئیلیچ لە ترسی مردن بزانێت، تەنانەت ژنەکەی خۆیشی. کەس نییە، جگە لە خزمەتکارێکی بێ پارە گراسیم کە ئاگاداری دەبێت.

گیراسیم کوڕێکی  کە سادە بوو بە بێ پاداشت، وەک خزمەتکارێک لە ماڵی ئیڤان، بە دڵسۆزی یاوەری ئەو پیاوە ی دەکرد، چاودێری دەکرد هەندێکجار بە درێژایی شەو تا بەیانی و هاوغەمی ئازارەکانی ئیڤان بوو،  بە شێوەیەکی سروشتی، زۆر بە ڕێز و ئارامییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەخۆشەکە، پێش ساتەوەختی مردنیشی  تەنانەت لەگەڵ مردنەکەشیدا دەکرد. لای ئەو ئەمە ویستی خودایەو مەرگ چاوەڕێی هەموومان دەکات.

ئیڤان یادەوەرییەکانی ژیانی ڕابردووی لەسەرەمەرگدا وەک مۆتەکەیەک بەردەوام بەدواوەیەتی . کەمێک پێش ساتەوەختی مردن، ئیڤان ئیلیچ لە هەستێکی قوڵدایە بەوەی کە ژیان چییە ؟ تەنها کاتێک ئیڤان تێدەگات کە بەڕاستی دەمرێت، دەست دەکات بە بیرکردنەوە لەوەی کە چۆن ژیاوە و بەڕاستی چی گرنگ بووە؟

مردن حەتمیە و هەموو مرۆڤەکان دەبێت ڕووبەڕووی مردن ببنەوە. مانای ژیان،  ژیانێکی باش و پڕ مانادار مانای چییە؟ تۆڵستۆی ڕەخنە لە ژیانێک دەگرێت کە بە پێگە و سەرکەوتنی دەرەکی بەڕێوەدەچێت، ئازار و بەزەیی چاودێری ڕاستەقینەی مرۆڤ دەتوانێت تەنانەت گەورەترین ئازاریش کەم بکاتەوە.

دەست دەکات بە پرسیارکردن لە هەموو ژیانی خۆی. پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا بەڕاستی ژیانێکی دروستی ژیاوە یان تەنها هەوڵی بەدەستهێنانی پێگە و پارە و ڕێزی کۆمەڵایەتی داوە. زۆربەی کەسانی دەوروبەری خۆیان لە قسەکردن بە ئاشکرا لەسەر مردنەکەی بەدوور دەگرن، ئەمەش وای لێدەکات تەنیا بێت. تاکە کەسێک کە بەزەیی ڕاستەقینە نیشان دەدات، خزمەتکار گراسیم کە بەبێ پارە هاوکاری دەکات. تۆڵستۆی پێشنیاری ئەوە دەکات کە ژیانێک کە تەنها لەسەر بنەمای پیشە و پارە و شکۆمەندی کۆمەڵایەتی دامەزراوە، مەترسی ئەوەی هەیە کە هەست بە بەتاڵی بکەیت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی مردن،  تەنها کاتێک ئیڤان ئیلیچ ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە، درک بە بەهای خۆشەویستی و ڕاستگۆیی و بەزەیی دەکات.

هەرچەندە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ چیرۆکێکی ڕیبازی ئەبسورد نییە، بەڵام گەلێک تایبەتمەندی هەن کە دەتوانرێت وەک ئەبسورد هەستیان پێبکرێت وسەیر بکرێت، بەو مانایەی کە نیشان دەدەن مرۆڤ چۆن لەگەڵ مانای ژیان و حەتمیەتی مردندا ململانێ دەکات. بەڵام ڕۆمانەکە زۆر پێش ئەوەی بێمانایی ببێتە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی نووسراوە و بە ئەبسورد حسێب ناکرێت.

ئیڤان ئیلیچ وا ژیاوە کە مردن تەنها کاریگەری لەسەر کەسانی تر هەبێت، ئێمە هەرگیز مەرگی خۆمان نابینین، مەرگ پەیوەندی بە کەسانی دیکەوە هەیە نەک خۆمان، کارەکتەرەکانی دەورو بەری هەوڵدەدەن خۆیان قەناعەت پێبکەن کە مردنی خۆیان بیر لێناکانەوە، هەرچەندە لە ڕاستیدا دەزانن کە ئەوە ڕاست نییە.

ڕێک ئەم بیرکردنەوە خۆ فریودەرەیە کە تۆڵستۆی ڕەخنەی لێدەگرێت: مرۆڤ بەزەحمەت مردنی خۆی قبوڵ دەکات و خۆی لە پشت ئەو تێڕوانینە دەشارێتەوە کە مردن هەمیشە کاریگەری لەسەر کەسێکی دیکە هەیە.

بەڵام لە لایەکەی ترەوە مەرگی ئەوانی تر دەبینین، ئیڤانیش هەرگیز مەرگی خۆی نابینێت، بەڵکو لە هەستی مردندا دەژی،  کاتێک خۆی تووشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت، وەک شتێکی ناعەقڵانی و نزیکە لە بێمانایی ئەزموون دەکات کە ئەو کەسەیە کە دەبێ بمرێت. خەڵکی دەوروبەری ئیڤان بەردەوامن لە ژیانی ڕۆژانەیان، وا خۆیان نیشان دەدەن کە نزیکە وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەداوە. ئەوان زیاتر خەمی پیشە و میرات و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانیانن نەک ئازارەکانی. ئەمەش هەستی بێ مانا و نامۆبوون دروست دەکات.

ئیڤان کاتێک ئاوڕ لە ژیانی خۆی دەداتەوە، تێدەگات کە بە پلەی یەکەم بەپێی ئایدیالی سەرکەوتن و پێگەی کۆمەڵگا ژیاوە. لەخۆی دەپرسێت ئایا هەموو ژیانی مانای ڕاستەقینەی هەبووە؟ ئەم قەیرانە وجودییە ​​ئەو پرسیارانەمان بیردەخاتەوە کە دواتر لە ئەبسوردیزمدا گرنگ بوون.

جیاوازییە چارەنووسسازەکە ئەوەیە کە تۆڵستۆی ڕێگەیەکی دەربازبوون لە قەیرانەکە پێشکەش دەکات. بەرەو کۆتایی، ئیڤان ئیلیچ بە قبوڵکردنی مردن و درککردن بە بەهای خۆشەویستی و مرۆڤایەتی و ژیانێکی ڕاستەقینە، فۆرمێکی ئاشتەوایی دەدۆزێتەوە.

لە بێمانایی کلاسیکدا  بۆ نموونە لە یوجین ئیۆنێسکۆ یان ساموێل بێکێتدا  بە گشتی چارەسەرێکی لەو شێوەیە نییە. مرۆڤ لە جیهانێکدا دەژی کە مانایەکی ڕوونی نییە و دەبێت خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم وەدیهاتنەدا بکات.

مەرگی ئیڤان ئیلیچ ڕۆمانێکی بێمانا نییە، بەڵام پرسیاری وجودی لەخۆدەگرێت کە دواتر بوونە ناوەندی لە ئەبسوردیزمدا، بەرییەککەوتنی مرۆڤ لەگەڵ مردن، هەستکردن بە بێ مانایی، ڕووکەشبوونی کۆمەڵگا وتەنیایی لە کۆتایی ژیاندا، گرنگترین جیاوازی ئەوەیە کە تۆڵستۆی ڕێگە بە پاڵەوان دەدات مانا و ئارامی ناوەوە بدۆزێتەوە، لە کاتێکدا بەرهەمەکانی ڕێبازی ئەبسورد زۆرجار کەسەکە بەبێ وەڵامێکی ڕوون یان ئاشتەوایی کۆتایی بەجێدەهێڵن

کات لە ڕۆمانەکەدا

تێڕوانین بۆ کات لە کورتە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ دا  زۆر گرنگە بۆ ئەوەی تۆڵستۆی چۆن ژیان و مردنی کارەکتەری سەرەکی وێنا دەکات. ڕۆمانەکە هەردوو کاتی (کرۆنۆلۆژی واتە بە پێی کات ڕێکخراوە) و  (کاتی دەروونی) بەکاردەهێنێت. گۆڕانکارییەک لە نێوان کاتی دەرەکی (ڕووداوەکانی ژیان) و کاتی ناوەکی، دەروونی (بیرەوەری و بیرکردنەوەکان) چییە؟

یەکەم کاتی کرۆنۆلۆژی : پێکهاتەیەکی گێڕانەوەکەی (چیرۆکەکە بە مردن دەست پێدەکات و دواتر دەگەڕێتەوە) چیرۆکەکە بە شێوەیەکی نائاسایی دوای مردنی ئیڤان ئیلیچ دەست پێدەکات، کاتێک هاوکارەکانی هەواڵی کۆچی دوایییان پێدەگات. پاشان پڵۆتەکە دەگەڕێتەوە بۆ کات و باس لە ژیان و ژیانی پیشەیی و چۆنیەتی نەخۆشکەوتنی دەکات. بەرەو کۆتایی چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوا ڕۆژەکانی پێش مردنی.، واتە ڕۆژ و هەفتەو مانگ و ساڵەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی بەدوای یەکدا دێن.

دووەم کاتی دەروونی: کاتێک ئیڤان بە سەختی نەخۆش دەکەوێت، تێڕوانینی بۆ کات دەگۆڕێت. ڕۆژەکان هەست بە درێژیی و ئازار دەکەن بەهۆی ئەو ئازارەوە،  بەردەوام بیر لە ژیانی خۆی دەکاتەوە و هەڵبژاردنەکانی دەکۆڵێتەوە. یادەوەرییەکانی منداڵی و گەنجی فەزایەکی زۆریان پێدەدرێت، بەو پێیەی هەوڵدەدات لەوە تێبگات کە ئایا ژیانی هیچ مانایەکی ڕاستەقینەی هەبووە یان نا. لێرەدا ئەوە کاتژمێر نییە کە چیرۆکەکە کۆنترۆڵ دەکات، بەڵکو بیرکردنەوە و هەستەکانی ئیڤان ئیلیچ.

گرنگی کات. تۆڵستۆی کات بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن ڕوانگەی مرۆڤ لە بەرامبەر مردندا دەگۆڕێت، پێش نەخۆشییەکە ئیڤان کات وەک شتێکی پڕ لە کار و پیشە و سەرکەوتنی کۆمەڵایەتی ئەزموون دەکات.

کاتێک ئیڤان نەخۆش دەکەوێت، تێدەگات کە کاتێکی بێسنووری بۆ نەماوەو کات تەواو دەبێت لە وە بە ئاگا دەبێت هەر ڕۆژێکی نوێ بەو مانایەیە کە خەریکە لە مردن نزیک دەبێتەوە. بۆیە چیتر بیر لە پلانی داهاتوو و پیشەکەی ناکاتەوە، بەڵکو بیر لەوە دەکاتەوە کە چەند کاتێکی کەمی ماوە، ئیڤان مردنەکەی قبوڵ دەکات و فۆرمێک لە ئاشتی دەدۆزێتەوە.

بۆنموونە،  پێشتر بیری لەوە دەکردەوە: ساڵی داهاتوو ڕەنگە پلەبەرزکردنەوەکەی بۆ بێت، مووچەکەی چەند زیاد دەبێت و دەتوانێت ساڵی داهاتوو چەند پاشەکەوت بکات، بەڵام ئێستا بیردەکاتەوە چەند ڕۆژم ماوە بژیم؟ بۆیە کات زۆر بەنرختر و ترسناکتر دەبێت.

ئەو کاتەشی گۆڕانکارییەکی ناوەوەی بەسەردا دێت، واز لە شەڕی مەرگ دەهێنێت، قبووڵی دەکات کە بڕیارە بمرێت، هەست بە بەزەیی بۆ خێزانەکەی دەکات لەبری ئەوەی تەنها بیر لە ئازارەکانی خۆی بکاتەوە و هەر ئەم گەشەسەندنی ناوەوەیە کە لە کاتەکانی دەرەوە گرنگتر دەبێت.

لە کۆتاییدا ئیڤان ئەوەندە لە مردن نزیک دەبێتەوە کە بیرکردنەوە لە ڕۆژ و کاتژمێر و بەروار دەهێنێت، گرنگ ئەوەیە چەندێک دەژی، بەڵکو چۆن ڕووبەڕووی مردنەکەی دەبێتەوە. جۆرێک لە ئاشتی دەدۆزێتەوە ئەمە بەو مانایە نییە کە تەندروست دەبێت یان واز لە ئازارەکان دێنێت. بەڵکو ئارامی ناوەوە دەدۆزێتەوە. واز لە ترسی مردن دێنێت چونکە قبوڵ دەکات. بەم شێوەیە تۆڵستۆی نیشان دەدات کە ئەزموونی مرۆڤ لە کاتدا تەنها بە ڕۆژ و ساڵ ناپێورێت، بەڵکو لە چۆنیەتی تێگەیشتن و بەهادان بە ژیانماندا دەپێورێت. ئەمە یەکێکە لە پەیامە گرنگەکانی تۆڵستۆی ئەوەی مانا بە ژیان دەبەخشێت، ئەوە نییە کە چەند دەژین، بەڵکو چۆن دەژین و چۆن پەیوەندیمان لەگەڵ مرۆڤەکانی تر و بە مردنی خۆمانەوە هەیە.

کات لە ساتی مردنی ئیڤان ئیلیچ

ماوەی بیست و یەک ساڵ تێدەپەڕێت دوای هاوسەرگیرییەکەی ئیلیچ، کات لە رۆمانەکەدا ژیانی پاڵەوانەکە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو پێکدەهێنێت هەروەها بێمانای  ژیانیش. حیکایەتخوانی ناو ڕۆمانەکە بە وردی بەرواری ڕووداوەکانی دیاری ناکات بەڵکو تیشک دەخاتە ئەو  شتانەی تەنیا لە بۆچوونی ئیڤان دا گرنگە.

بەشی سێیەم زیاتر جەخت لەسەر باوەڕی پاڵەوان دەکات کە کۆنترۆڵی بەسەر کاتدا هەیە، کە بە بۆچوون ئەو چۆن دەبێت ژیان بەو شێوەیە بەڕیوە بچێت کە ئەو دەیەوێت .  بە ئاسانی، بە خۆشی و شایستەیی.

ئیڤان بەردەوام خەریکی کۆنترۆڵکردنی کاتەکانیێتی، کە نابێت هیچ شتێک تێکی ​​بدات، کاتژمێر نۆ هەڵدەستێت لە خەو، قاوە دەخواردەوە، کاغەزەکانی دەخوێندەوە، پاشان یەکپۆشییەکەی لەبەر دەکات و دەچێتە دادگا. بەتەواوی کاتەکانی خۆی ڕێکخستووە. ڕۆتینی ڕۆژانە کە لەلایەن ئیڤان ئیلیچەوە دامەزرابوو، بە شێوەیەکی سروشتی نانخواردنی نیوەڕۆ و خواردنی کەمی پاشنیوەڕۆ و ئێوارەخوانی ئێوارەی لەخۆگرتبوو. حیکایەتخوان باسی ئەم کاتانەی ڕۆژ دەکات (ئەو کاتەی کە ژەمەکان دیاری دەکات) و ئەو چالاکییانەی پەیوەستن پێیانەوە. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ئیڤان بە تەنیا لە کاتێکی ڕێکخراو و ڕۆتینیدا دەژی کە هیچ بوارێک بۆ گەشەکردنی ڕۆحی یان دروستکردنی پەیوەندی قووڵ و ڕاستگۆیانە لەگەڵ مرۆڤەکاندا ناهێڵێتەوە، بەڵام  ئازار و گەشەسەندنی هەستکردن بە ناڕەحەتی دەبێتە هۆی تێکچوون لە کاتدا. لەوێدا کات دەبێتە شتێکی تر و گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

کات لە ڕۆمانی مردنی ئیڤان ئیلیچ ئامرازێکی گرنگە بۆ بیرۆکەکانی تێکستەکە، بەشێوەیەکی زۆر هۆشیارانەی هەمەچەشن کات و  پەیوەندی پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە کاتەوە وێنا دەکات و ئەزموونی ژیان و مردنی خۆی باس دەکات و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. بۆیە وەک پۆلێنێکی فەلسەفی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەستراوەتەوە بە بیرکردنەوە لە مانای بوونی مرۆڤ. سەردەمی ئیڤان ئیلیچ- کە سەرەتا وەک مردوو پێشکەش دەکرێت، پاشان دەگۆڕدرێت بە بۆ ژیانی و بەیوەندی ئیڤان ئیلیچ بەکاتی دەرەکی و ناوەکی.

هەر لە سەرەتا و لە لاپەڕەی یەکەمدا پێمان دەڵێت کە هاوڕێکانی کاتیان نییە بۆ بەشداریکردن لە پرسەکەدا، یەکێکی تریان دەڵێت بەشداری کردن لە کاتێکی وەرزکەر و ناخۆشە.

مردن وەک پچڕانێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بۆ بەسەربردنی کاتەخۆشەکان، هاوڕێکانی هەست بە ناخۆشی دەکەن، نەک لەبەر لە دەستدانی هاوڕێکەیان بەڵکو لەبەر ئەوەی بڕێاریان دابوو کە شەوێ کۆ ببنەوە و یاری کاغەزێن بکەن

تۆڵستۆی وەسفی ژیانی ڕۆژانەی پاڵەوانەکە بە ڕێکوپێکی و بە خێرایییەکی ئاسایی دەکات ، ساڵ بەدوای ساڵدا دێت بە شێوەیەکی تاڕادەیەک نەریتی تا ساتەوەختی  پەیدابوونی قەیرانە وجودیەکە، لە دوای نەخۆشییەکەی ئیڤانەوەیە  پێوانەکردنی کات دەگۆڕدرێت، خێرایی گێرانەوەکە دەگۆڕێت و خاو دەبێتەوە و سەرنج دەخرێتە سەر بیرکردنەوە و هەستی پاڵەوان و ئەزموونی بابەتیی کات کە لە کرۆنۆلۆژیای ئاسایی گرنگتر دەبێت. تیشک دەخرێتە سەر گەشەسەندنی ناوەوەی و قەیرانی بوونگەرایی. قۆناغی کۆتایی زۆر وردتر وێنا دەکرێت.

ئەو شتانە دەگێڕدرێتەوە کە لە ماوەی چەند دەیەک لە ژیانی پاڵەوانەکەدا ڕوویانداوە، پوختەی ڕووداوەکان دەگێڕیتەوە، زۆرجار بازدانی کاتیی بەرچاو بەکاردەهێنێت. لە درێژایی گێرانەوەکەدا خوێنەر دەزانێت کە ئیڤان ئیلیچ لە چەند شوێنێکدا بۆ ماوەی جەند ساڵ کاریکردووە، لە چ شوێنێکی تر پەلی باڵای هەبووە و ڕۆژنە چۆن کاتەکانی دابەشکردووە. لە بەشێکی تریدا بیست ساڵە هاوسەرگیری کردووە، بە هیچ شێوەیەک باس لە بێمانایی ژیان ناکات لەو بەشانەدا، وێنەی پیاوێک دروست دەکات تا ڕادەیەک بەدوای ئامانجی بەرژەوەندی بەدوای خۆیدا دەگەڕێت. کۆنترۆڵی بەسەر کاتدا هەیە.

هەستکردن بە ناڕەحەتی دەبێتە هۆی تێکچوونی کات:

لە بەسەرنجی بۆ ڕێکخستنی کاتی ناجێگیر ڕادەکێشێت:  لە دیمەنەکانی بەشی چوارەم بەدواوە  داهاتوو پێمان دەڵێت کە  “لە کاتی نانخواردنی ئێوارەدا” ئیڤان تووشی توڕەیی بووە یان “بەهۆی ئازارەکەوە هەموو شەوەکە نەخەوتووە”

لە شوێنێکی دیکەدا ئاگادارمان دەکاتەوە جارێکی دیکە “کەمێک دواکەوت بۆ نانخواردنی ئێوارە”، “هەندێک بابەتی گرنگی دواخست”، و لەبری ئەوەی یاوەری میوانەکانی بکات تا درەنگانی شەو، ” بەڵام چووە ژوورەکەی خۆی. ئەمانە هەمووی ئەنگیزە و هۆکارە بۆ تێکچوونی کات.

کاتێک ئیڤان بە سەختی نەخۆش دەکەوێت، ئەزموونی کاتەکەی دەگۆڕێت. هەرچەندە دەتوانێت سەیری کاتژمێرەکە بکات، بەڵام دەزانێت کە ئیتر هیچ شتێکی گرنگ لەبارەی واقیعەکەیەوە ناڵێت. بۆ ئەو هەموو شتێک لە دەوری ئازارەکە، ترسەکە و چاوەڕوانی مردن دەسوڕێتەوە. بۆیە چیتر ژیانی بە پێی کاتژمێرەکەی دەستی ناڕوات لەسەر کاتژمێرەکەی دەستی میقات ناکرێت. تۆڵستۆی دەیەوێت بڵێت، کاتژمێر هێشتا کاتی ئاسایی دەپێوێت، بەڵام بۆ ئیڤان مانای خۆی لەدەستداوە. ئێستا ژیانی بە نەخۆشی و ئەزموونی ناوەوەی کات بەڕێوەدەچێت نەک بە کاتژمێر و خولەک، کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە، کاتی دەروونی گرنگتر دەبێت لە کاتی کرۆنۆلۆژی

کاتە ئۆبجەکتیڤیەکان Objektiv دەرەکی

کاتە ئۆبجەکتیڤیەکان بابەتییەکان ئەو کاتەیە کە هەموو کەسێک دەتوانێت بیپێوێت. بۆ هەموو کەسێک وەک یەکە نموونە:  کاتژمێر سێی  پاشنیوەڕۆیە، سەعاتێک شەست خولەکە و ساڵێک ٣٦٥ ڕۆژە. کاتەکان بە هەمان ڕێژە بەرەو پێشەوە دەڕوات، بەبێ گوێدانە هەستکردنمان و لە چ بار و دۆخێکدا بژین.

کاتە سەبجەکتیڤیەکان Subjektiv ناوەکی

کاتە سەبجەکتیڤیەکان ئەوەیە کە چۆن ئەزموونی کات دەکەین چۆن کات بەسەر دەبەین و چۆن کاتەکان تێدەپەڕن تۆ دەتوانێت هەست بە جیاوازی بکات بەپێی هەستەکانت و بارودۆخەکەت.

بۆ نموونە: لە ویستگەیەکدا وەستان لە ژێر باران چاوەڕێی پاس بکەیت، ئەگەر پێنج خولەک بێت هەست دەکەیت نیو کاتژمێرە.  لەگەڵ باشترین هاوڕێکانت سێ کاتژمێر کۆدەبیتەوە بەڵام هەست دەکەیت نیو کاتژمێرە. کاتێک ئازارێکی زۆرت هەیە یان دەترسیت، لە هەر خولەکێکدا هەست بە درێژیی زۆر دەکەیت، هەرخولەکێک دەبێت بە سەعاتێک. کاتژمێر لە هەموو ئەم بارودۆخانەدا هەمان کات پیشان دەدات، بەڵام ئەزموونی کات جیاوازە.

لە سەرەتای چیرۆکەکەدا کاتە ئوبجەکتیڤیەکان زاڵە. ئیڤان ئیلیچ ژیانێکی ئاسایی دەژی کە ساڵەکان تێیدا تێدەپەڕن، دەخوێنێت، کار دەکات، هاوسەرگیری دەکات و دەبێت بە خاوەنی پیشە،  چیرۆکەکە بە ڕێکوپێکی ڕووداوەکان بەدوایدا دەچێت.

کاتێک نەخۆش دەکەوێت کاتە سەبجەکتیڤیەکان گرنگتر دەبێت. چیتر بیر لە ساڵنامە و کاتژمێر ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە ئازارەکانی و ترسی خۆی دەکاتەوە. لە شەوێکدا دەتوانێت هەست بە بێکۆتایی کات بکات و بیرکردنەوەکانی لەبارەی ژیان و مردنەوە شوێنی زیاتر لە ژماردنی کاتە ئاساییەکان دەگرێتەوە.

کاتێک لیزا، کچی ئیڤان ئیلیچ، کە نایەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ باوکە نەخۆشەکەیدا بمێنێتەوە، بێ تاقەتی نیشان دەدات و سەیری کاتژمێرەکەی دەکات دەڵێت کاتی ئەوە هاتوو بڕۆین بۆ بینینی نمایشەکە، ئیڤانی  نەخۆشی تێڕوانینی خۆی بۆ کات دەگۆڕێت و پەیوەستیشی دەکاتەوە بە خێزانەکەیەوە کات  بەقوڵی دەبێتە ناوەکی (سوبژێکتیڤ) گێڕەرەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیڤان دەست دەکات بە بەراوردکردنی ئێستا لەگەڵ ڕابردوودا: “لە ڕابردوودا بەرگەی شکستەکانی گرتبوو، بەڵام ئێستا هەموو شتێک شکستە.

ڕابردەوو وەک “ژیان و ڕووناکی” لەکاتێکدا ئێستا وەک “مەرگ وتاریکی” هەڵدەسەنگێنێت. هەروەها ئیڤان ئیلیچ دەست دەکات بە بیرکردنەوە لە داهاتوو، واتە بیر لە تێپەڕبوونی کات دەکاتەوە، لەسەر کۆتایی ژیان، ژیانێک کە هەبووبەڵام لە لەناکاو دەخلیسکێتە ناو ئەو تونێلە ڕەشەوە کە خۆی باسی دەکات.

تۆڵستۆی بەتایبەت لە بەشی هەشتەم و نۆیەمدا، باسی سووڕی ئەبەدی کات دەکات و جەخت لەسەر ئەو  ئازارە  دووبارەبوونەوەیە دەکاتەوە کە پاڵەوان ئەزموونی دەکاتەوە، وەک ئەوەی ئیڤان لە کاتدا گیری خواردبێت، و چۆن وردە وردە کۆنترۆڵی بەسەریدا لەدەست دەدات. ئەم دووبارە بوونەوەیە پاڵەوان دەهاڕێت.

هەموو ڕۆژێک وەک یەک دەردەکەوێت،  لە خەو هەڵدەستێت، ئازاری هەیە، سەردانی پزیشک دەکات ئازاری هەیە، هەوڵی پشوودان دەدات، ئازار دەچێژێت و چاوەڕێ دەکات هیچ شتێک ناگۆڕێت. کات لای پاڵەوان تەنها بە بازنەیی دەڕوات لەبری ئەوەی بەرەو پێشەوە بێت. هەمان شت دووبارە و سێبارە ڕوودەدات و ئیدی وەک زیندانییەک خۆی دەبینێت کە چاوەروانی ڕۆژی لە سێدارەدانی بێت. کات تەنها جەستەو شکڵی ئیڤان ناگۆڕێت بەڵکو چۆن دەست دەنێتە بینی و بەرەو کیسە ڕەشەکە دەینێرێت. تەنها چاوەڕێی هێرشی داهاتووی ئازار یان ڕۆژی جەفای دواتر دەکات.

ئیدی لەمەو دوا،  جگە لە ئازارەکەی هەست بە گەشتێکی تەنیا دەکات، گەشتێک لەگەڵ مردندا، تێبینی دەکات کە بەڕاستی کەس تێناگات کە بە چیدا تێدەپەڕێت. خێزان و پزیشکەکان باسی نەخۆشیەکەی دەکەن، بەڵام باسی ئەوە ناکەن کە لە ڕاستیدا بڕیارە بمرێت، درک بەوە دەکات کە مردن شتێکە لە بنەڕەتدا دەبێت بە تەنیا ڕووبەڕووی ببێتەوە.

تۆڵستۆی باسی ئەوە دەکات  نەخۆشییەکە نەک هەر بە قەیرانێکی فیزیکی نا بەڵکو بە قەیرانێکی بوونییش وەسفی دەکات. ئیڤان ئیلیچ نەک تەنها تەندروستی خۆی لەدەست دەدات  ژیانی ڕۆژانە و ئەو پەیوەندییانە و هەستی کۆنترۆڵکردنیش لەدەست دەدات کە پێشتر پێکهاتەی ژیانی پێبەخشیبوو.

لە بەشی دەیەمدا ئیڤان وردە وردە لە جوڵە دەکەوێت، ئەگەر جاروبار لەناو ماڵکەی دەجوڵا ئێستا تەنانەت ناشتوانێت لە ژوورەکەیدا بجوڵێتەوە، (دەمووچاوی دەنێت بە دیوارەکەوە و جوڵەی تەواو سنووردار دەبێت،) نەک هەر کات بەڵکو شوێنیش دەگۆڕێت، ئیتر ئیڤان پەیوەندی بە ئۆفیسی کارکردن و ئەو شوێنانەنەی کە کاتی تێدا بەسەر بردووە نامێنێت.  بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن هەموو جیهانەکەی وردە وردە بچووک دەبێتەوە و دەگۆڕێت بۆ فەزای مردن.

سێ ڕۆژەکە

بەشی یانزەهەم بە تووڕەبوونەکەی ئیڤان کۆتایی دێت کە هاوار دەکات: بیکە بەخاتری خوا، لێمگەڕێ با بەدردی خۆمەوە سەربنێمەوە، ئیدی هیچ ئارامییەکی نامێنێت، پاژی دوانزەهەمیش حیکایەتخوان باسی ئەوە دەکات، لە ڕۆمانەکەوە ” دوای ئەوە هاوار و ناڵەی پڕئازار و بۆ ماوەی سێ ڕؤژبەردەوام بوو، ناڵەو قیژەی تەواوی ماڵەکەی پڕکردبوو، سێ ڕۆژ بێوەستان ئیڤان هاواری کردووە، سێ ڕۆژ ئازار ومردنی ترسناک، ئیڤان لەو کاتەوە کە ژنەکەی خۆی دەرکرد لە ژوورەکە بۆی دەرکەوت کە مردنی یەکجارییە، وا چاکە دەست لە هەموو هیواکان بەربدات” .  بیرکردنەوەیەکی بەم شێوەیە بە مانای خۆبەدەستەوەدان بوو بۆ دۆخێکی تاریکی دەروونی مرۆڤ. تۆڵستۆی ژنەکەی ئیڤان لەوێدا وەک حیکایەتخوان دادەنێت باسی ئەو سێ ڕۆژە دەکات کە کات بۆی نەمابوو لە ناو کیسە ڕەشەکەدا خەباتی دەکرد هێزێکی نەبینراو و بەرگە نەگیراو فشاری هێناو خستیە ناو چاڵەکەوە، مرۆڤ هەرچەند خەبات بکات لێی دەرباز نابێت.

لە ڕۆمانەکەوە ” سێ ڕۆژی تەواو لە هەمبەر ئەو هێزە نادیارەدا خۆڕاگریی کرد کە دەیویست فڕیی بداتە ناو چاڵەکەوە، ڕاست وەکو مەحکوم بەمەرگێک کە بەدەست جەلادەوە خۆی ڕادەپسکێنی و لێشی ڕوونە ئەو هەوڵ وڕاپسکانە بێ هوودەیە. سات لە دوای سات لەو شتە تۆقێنەر و بەسامەنزیک و نزیکتر دەبووە”

ئەو سێ ڕۆژە شتێکە کە خەڵکی تر دەیبینن، بەڵام لە دوا جار هێزێکی نەبینراو هەیە کە کە بێدەنگی دەکات، ئەو هێزەش قبوڵکردنە. سێ ڕۆژی ئینتیمی، واتە سێ ڕۆژی، قوڵ لە بیرکردنەوە، سێ رۆژ لە ئەزمون کردن لە دواجاردا قبوڵ کردنی ئەوەی کە بڕیارە بەمرێت.

سێ ڕۆژ کە لە ڕۆمانەکەدا لە بەشی دوانزەهەمدا چەند جارێک دوو بارە دەبێتەوە، دەشێت تۆڵستۆی بە مانایەکی مێتافۆرێک بەکاری بهێنێت، بەشێوەیەکی ڕەمزی لێکدانەوەی بۆ بکات، لە ئایینی مەسیحیدا و هەروەها لە بیروباوەڕ و ئەفسانە جۆراوجۆرەکانیشدا، سێ ڕۆژ لە کایەی تاریکیدا هێمای پرۆسەی گۆڕانکارییە. ڕۆژێ پێش مردنی ئیڤان ئیلیچ تەنها سێ ڕۆژی ڕۆژمێری نییە، سێ ڕۆژی ئۆبجەکتیڤی نیە، تۆڵستۆی وەک هێما بەکاریان دەهێنێت.

کاتێک دەڵێین کە سێ ڕۆژەکە مانای مێتافۆرییان هەیە، مەبەست ئەوەیە کە نوێنەرایەتی گەشتێکی ناوەوە دەکەن. تاریکی واتای ئازار و مردنە، لە کاتێکدا سێ ڕۆژەکە هێمای ئەو پرۆسەیەن کە ئیڤان ئیلیچ لە ترس و ئینکارییەوە دەڕواتە تێڕوانین و قبوڵکردن. هەر لەبەر ئەمەشە وێناکردنی تۆڵستۆی بە ئایینی مەسیحی و ئەفسانەی تری گۆڕانکارییەوە دەبەستێتەوە.

تۆڵستۆی بە هێمایەکی کۆن و ئایینی و ئەفسانەییەوە دەیانبەستێتەوە، مرۆڤ دەچێتە ناو تاریکی(ئازار، مردن، ئاژاوە) پاشان گۆڕانکاری ناوەوەی بەسەردا دێت مرۆڤ وەک کەسێکی گۆڕاو دێیتە دەرەوە. یان لە ئایینی مەسیحیدا، بۆ ژیانێکی نوێ دێتەوە، پرسیار ئەوەیە بۆچی سێ ڕۆژ بە تایبەتی؟ لە ئایینی مەسیحیدا ڕوونترە هاوتەریبە لەگەڵ  مردن و زیندووبوونەوەی عیسا. لە ئاینی مەسیحیدا عیسا دەمرێت، پاشان  لە کایەی مردووەکاندایە و لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵدەستێتەوە. بۆیە سێ ڕۆژ بوونەتە هێمای گواستنەوە لە مردنەوە بۆ ژیانی نوێ.

هەروەها مۆتیڤی هاوشێوە لە زۆرێک لە ئەفسانەکاندا دەبینرێت، پاڵەوانێک یان خودایەک دادەبەزێت بۆ ناو تاریکی یان جیهانی ژێرزەوی، تاقیکردنەوەیەکی بەسەردا دێت و بە گۆڕانکاری دەگەڕێتەوە.

ئەمە چۆن پەیوەندی بە مردنی ئیڤان ئیلیچەوە هەیە؟ لە ماوەی سێ ڕۆژەدا، ئیڤان ئیلیچ ئازارێکی زۆر دەچێژێت،  دژی مردن لە ناو ئەو کیسە ڕەشەدا دەجەنگێت. پاشان تێدەگات کە بە هەڵە ژیاوە و دەست دەکات بە  بەزەیی بۆ خێزانەکەی واز لە شەڕی مەرگ دەهێنێت و قبوڵ دەکات.

ئەوە ئەم گۆڕانکارییە ناوەکییەیە کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات. بەم پێیە سێ ڕۆژەکە هێمای گۆڕینی ڕۆحی ئەون. لە ڕووی جەستەییەوە تەندروست نابێت و زیندوو نابێتەوە، بەڵکو وەک مرۆڤێک تەنها پێش مردنی دەگۆڕێت.

لێرەدا پەیوەندییەکی هێمادار لە نێوان مردنی ئیڤان ئیلیچ و چیرۆکی ئەفسانەی ئینجیلی یونا یان وەک لای موسڵمانەکان پێی دەڵێن حەزرەتی یونس ڕوون دەکەیەنەوە. ئەو یونسی کوڕی مەتایە و ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر حەزرەتی ئیبراهیم. هەریەکە چیرۆکێکی هەیە بەڵام لە هەردوو دینەکە چیرۆکە هاوبەشەکە ئەوەیە، حەزرەتی یونس یان یونا، دەکەوێتە ناو دەریاوە و ماسیەک قوتی دەدات لە سکی ماسیەک دەمێنێتەوە، لە ئینجیلدا ماوەی سێ ڕۆژ دەمێنێتەوە و لای موسڵمانەکان تا خەڵکی نەینەوا دەبن بە موسڵمان دەمێێتەوە. چیرۆکی یۆنا ــ یونس ، یەکێکە لە پڕماناترین چیرۆکەکان بۆ هەر مرۆڤێک کە هەست بە “تەنگانە” و “بێ ئومێدی” دەکات. ئەم چیرۆکە کورتە بەڵام زۆر قووڵە.

کتێبی ئینجیلدا بەو شێوەیە باس کراوە کە یونا پێغەمبەرێک بووە و لە لایەن خوداوە  کە ئەرکێکی پێدەسپێرن کە بچێتە شاری نەینەوا و خەڵکی ئەوێ ئاگادار بکاتەوە چونکە خراپەکاری زۆریان کردبوو، بەڵام یونا نەیدەویست ئەو کارە بکات. بە کەشتییەکەوە بەرەو ئاراستەیەکی تر هەڵهات. پاشان زریانێکی گەورە هات. دەریاوانەکان تێگەیشتن کە زریانەکە پەیوەندی بە یونسەوە هەیە و فڕێیاندایە ناو دەریاکە پاشان ماسیەکی گەورە قوتی دا، یونا سێ ڕۆژ  لە سکی ماسیەکەدا بوو. لەوێ دوعای کرد و لە خودا پاڕایەوە و تەوبەی کرد. دوای سێ ڕۆژ ماسییەکە تفی کردەوەو کەوتە سەر وشکانی. پاشان یونا چووە نەینەوا و ئەرکەکەی جێبەجێ کرد.بە شێوەیەکی ڕەمزی چیرۆکی یونا بە واتای،  دابەزین بۆ ناو تاریکی، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت و بۆ گۆڕین و دەستکەوتنی سەرەتایەکی نوێ. یونس ماسییەکی گەورە قوتی دەدات سێ ڕۆژ لە تاریکی و لە حاڵەتێکی مەرگاویدایە دەبێت و پاشان دیسان دێتەوە دەرەوە.  بە هەمان شێوە مەسیحیش سێ ڕۆژ لە ژێر خاکدا دەمێنێتەوە. جیاوازییەکە ئەوەیە، کە ئیڤان ئیلیچ لە ڕووی جەستەییەوە زیندوو نابێتەوە و، بەڵکو لە ناوەوە بە ئاگا دێتەوە و هەست بە خۆشەویستی بۆ دەوروبەرەکەی دەکات قبوڵی مەرگ دەکات، لەبری بیرکردنەوە لە پلە و پایەو ژیانێکی مادی. بیر لە خۆشەویستی خێزان و بەزەیی و میهرەبانی دەکاتەوە.

لە ڕۆمانەکەوە، لە دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکەوە، لە سەر زمانی ژنەکەیەوە بۆمان دەگێڕێتەوە ” بمرم بارودۆخەکە باشتر دەبێت، حەزی دەکرد ئەو قسانە بکات. بەلام توانای قسەکردنی نەبوو و زمانی شکابوو، بیریکردەوە ” بەڵام بۆ دەبێت بەزمان بیدرکێنم؟ دەبێت بە عەمەلی بیکەم” بە ئاماژە هاوسەرەکەی حاڵی کرد کە ڤلۆدیا بنێرێتە دەرێ، زۆر بە زەحمەت گوتی

ـــ زۆرم خەمی ئەوە… بۆ تۆش زۆر بە پەرۆشم.. هەوڵیدا بڵێ (لێم ببوورە) بەڵام گوتی:

ــ بیبە دەرێ

لەدڵی خۆیدا گوتی: بەڵێ هەموو شتەکان ڕاست و دروست نەبوون، بەڵام گرنگ نییە دەکرێ باش ببێ.

شەبەقێکی دەدی. هەوڵی دا گوشار بۆ مێشکی خۆی بێنێ و فکرەکانی کۆبکاتەوە (ئازارەکە لە کوێێە؟)

” بەڵێ، ئەوەتا لێرەیە”

ترسی چی؟ کامە مەرگ؟ ترسێک لە گۆڕێدا نەبوو

چونکە هیچ مەرگێک بوونی نەبوو.

بەجێی مەرگ ڕووناکی هەبوو.

لە ناکاو بە دەنگێکی بەرز گوتی

ــ کەوایە ئەوەیە چ چێژێکە ئۆقرە گرتن، چ خۆشییەکە

لێرەدا نووسەر باسی دوا ساتەکانی ئیڤان ئیلیچ دەکات و وەک ئەزموونێکی عیرفانیی یان ڕۆحی لێکدەداتەوە.

ژیان لە ئێستادا،  لە ڕۆمانەکەی تۆڵستۆیدا وەک حاڵەتی ڕۆحی پاڵەوان (هۆشیاری بەئاگابوو)، وەک حاڵەتێکی ڕۆشنگەر و ئامادەبوونی بەدیقەتمان پێشەکش دەکات، کە تێگەیشتن بەسەریدا زاڵ بوو، چونکێ ئیڤان دەستی بە گوێگرتن کرد بۆ یەکەمجار لە کاتی گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆحدا ئەم حاڵەتە ئەزموون دەکات، کە وەک ساتێکی بێدەنگی ناوەکی، تەرکیزکردن وەسف دەکرێت، ئەو بێدەنگ بوونە سەرەتای دروست بوونی هوشیاری گوێگرتنە

هەوڵیدا  ئەو ترسە کۆنەی لە مردن  هەیبوو وەربگرێتەوە، بەڵام نەیتوانی بیدۆزێتەوە. ئەوەش بە مانای ئەوەی کە ترسی لە مەرگ نەماوە، بەڵام خودی مەرگ هەرماوە، بەڵام ترسەکە وون بوو. ئەمەش شێوازێکی ڕەمزییە بۆ ئەوەی بڵێین مەرگ دەسەڵاتی بەسەریدا نەماوە، چونکێ ئیدی ترس نەماوە. هەر ئەم ڕزگارییە ناوەکییە کە تۆڵستۆی دەیەوێت وێنای بکات.

لە کۆتا ساتی ڕۆمانەکە گۆڕینی ناوەوەی ئیڤان ئیلیچ نیشان دەدات، کە بەداخ بوو بۆیان، بەزەیی بە منداڵاکان و خێزانەکەیدا دێتەوە. یەکەمجارە بە پلەی یەکەم بیر لە ئازارەکانی خۆی ناکاتەوە، بەڵکو بیر لە ئازارەکانی ئەوان دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە کە دەبوو بەجۆرێک مامەڵە بکات کە  نەدەبوایە ببێت بە ئازار بۆیان. چیتر نایەوێت لە پێناو خۆیدا دەست بە ژیانەوە بگرێت. دەیەوێت ئازارەکانی خێزانەکەی کەم بکاتەوە.

لێرەدا تێدەگات کە خەباتی دژی مردنەکەی ئازارەکان گەورەتر دەکات، چ بۆ خۆی و چ بۆ ئەو کەسانەی خۆشیان دەوێت. بە قبوڵکردنی مردن دەتوانێت هەم ئەوان و هەم خۆی ئازاد بکات، بۆی دەردەکەوێت کە چارەسەر بەرەنگاربوونەوەی مردن نییە، بەڵکو قبوڵکردنیەتی.

لە ڕۆمانەکەوە

“ئیڤا ئیلیچ خۆی بانگەوازی مردن دەکات،: مردن؟ لە کوێیە؟

مردن؟ لە کوێیە؟

ئێستا بەدوای ئەو مردنەدا دەگەڕێت کە پێشتر ئەوەندە لێی دەترسا، لەبری مردن ڕووناکی هەبوو”

لەو کاتەی کە دەڵێت مەرگ نەما، هەرچەند لە ڕاستیدا دوای چەند ساتێکی کە دەمرێت، بەڵام  ئەوەی نامێنێت ترسی مردنە، بە درێژایی ڕۆمانەکە ئیڤان شەڕی مردنی کردووە لە دوا ساتیدا بیری لەوە کردۆتەوە، لە ڕووە سایکۆلۆژیەکەوە دەتوانین بڵێین مەرگ دەسەڵاتی بەسەر ئێمەدا هەیە تا ئەو کاتەی لێی بترسین،  کاتێک ئیڤان واز لە ترس دەهێنێت، دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات. ئەمەش مانا عیرفانییەکەیەتی کە تۆڵستۆی ڕۆحێکی عیرفانی هەبوو، مەبەست ئەوەیە کە لە ساتەوەختی مردندا ئیڤان ئیلیچ ئەزموونێکی عیرفانیی بێ کات، مانای قووڵی هەیە. مردن کە پێشتر تاریکی بووە، لەبری ئەوە دەبێتە ڕووناکی. بۆیە مردنی نەک تەنها دەبێتە کۆتایی، بەڵکو دەبێتە رزگاری ناوەوە و گۆڕانکاری. تۆڵستۆی مەرج نییە بانگەشەی ئەوە بکات کە ئیڤان ئیلیچ بەڕاستی وەحییەکی ئایینی هەیە، نەخێر بەڵکو ئەو لێکدانەوەی ئەدەبی بۆ کۆتاییەکە دەکات و چەمکەکانی عیرفان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە  باسی چی دەکات.

مانای عیرفان بە تێکڕایی کاری کەسێکە دەیەوێ خۆی بناسێ؛  بۆ هاتووە؟ بۆ کوێ دەچێ؟ دەبێ چی بکا؟ هەرچەندە تۆڵستۆی باوەرذار بوو بەڵام بەمانای ئەوە نییە بانگەشەی دینی دەکات. تەنانەت بەبێ لێکدانەوەیەکی ئایینی، ڕووناکی دەتوانێت هێمای تێگەیشتن بێت. جاران ئیڤان بۆ پێگە و پیشە و ئەوەی خەڵکی دیکە بیری لێدەکەنەوە ژیاوە.، بەڵام ساتە وەختی مردنی، دوای بینینی ڕوناکی ئیدی تێدەگات کە بەڕاستی چی گرنگە،  خۆشەویستی، بەزەیی و ڕەسەنایەتی، بەو شێوەیە ڕووناکی دەبێت  بەعەقڵ، ئەم بیرۆکەیەش لەلای چەند فەیلەسوفێکی ڕواقیەکان هەیە، چونکەی ڕواقیەکان (Stoikerna ) پێیان وایە مرۆڤ دەبێت بەپێی عەقڵ بژی و ئەوەی کە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات وا باشە قبوڵی بکات. بە بڕوای ڕواقیەکان ، بەو پێیەی مردن شتێکە کە کەس ناتوانێت خۆی لێی بەدوور بگرێت، بە دیدی ئەوان بێمانایە کە هەموو ووزە و هێزمان لە هەوڵی ڕزگاربوون خەرج بکەین. گرنگ ئەوەیە چۆن پەیوەندی پێوە بکەین.

سێنیکای فەیلەسوف Seneca کە یەکێکە لە فەیلەسوفە رواقیەکان، پێیان وابوو کە ئێمە ناتوانین کۆنتڕۆڵی مردن بکەین، چونکێ هەموومان دەمرین ، مەرگ کارێکی حەتمییە،  ئەوان باوەڕیان وابوو کە ئێمە مردن هەڵنابژێرین ئەوەی بەسەرمان دێت، بەڵکو دەتوانین هەڵوێستی خۆمان بەرامبەر مەرگ وەربگرین. هەر ئەم بیرۆکەیە کە گەشەسەندنی ئیڤان ئیلیچ لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا دەهێنێتەوە

ئەگزیستانسیالیستەکان ( الوجودیە) پێیان وابوو مرۆڤ کاتێک ئازادتر دەبێت کە مەرجەکانی ژیان قبوڵ بکات لەبری ئەوەی لێیان ڕابکات، ئەوەش دیدێکی فەلسەفی بونگەرایی پاڵەوانەکەیە. پێدەچێت تۆڵستۆی بیەوێت پێمانبڵێت ئەوە مردن نییە کە گەورەترین کێشەی مرۆڤە، بەڵکو ئەوە ترسی مردن و ژیانێکی ناڕاستەقینە و دروستکراوە کە کیشەی مرۆڤەکانە. تۆڵستۆی لەوەش زیاتر دەڕوات. بۆ ئەو قبوڵکردنی مردن بەس نییە. هەروەها ئیڤان لە ڕێگەی خۆشەویستی و بەزەیی و گۆڕانکارییەکی ڕۆحی مانا دەدۆزێتەوە. هەر بۆیە ڕۆمانەکە بە “ڕووناکی” کۆتایی دێت، کە زۆر کەس وەک نیشانەی ئاشتەوایی ڕۆحی یان ئایینی لێکدەدەنەوە.

ئەمە یەکێکە لەو بڕگانەی کە زۆرترین مشتومڕی لەسەر ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئیلیچ دا هەیە، و دەتوانرێت بە چەندین شێوەی فەلسەفی لێی تێبگەین. تۆڵستۆی وەڵامێکی سادە ناداتەوە، بەڵکو ڕێگە بە خوێنەر دەدات لێکی بداتەوە کە “ڕووناکی” مانای چییە.

ڕاڤەکاری  شانۆنامەی پادشا دەمرێت

(ئەم دەقە شانۆییە بەرێز عەلی کەریم وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە دەزگای چاپ و بەخشی سەردەم بڵاوکراوەتەوە).

       ئەوەی شانۆی یوجین ئیۆنێسکۆ ئەوەندە سەرنجڕاکێش دەکات ئەو ئەتمۆسفیرە گاڵتەجاڕی و کۆمێد و ئەبسوردەیە کە تا ڕادەیەک هەمیشە پرسیارە ئاینی و بوونگەراییەکان دەشارێتەوە.  تاڕادەیەک شانۆنامەکانی سەرەتا باس لە مرۆڤە نامۆکان و دۆخە سەیر و سەمەرەکاندا دەکات ، بەڵام لە ڕووکەشدا باسی حەسرەتی مرۆڤ دەکات بۆ مانا و ڕاستی. یەکێک لەو دەربڕینانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆر جار بەکاری دەهێنین کە دەڵێت  “کاتم نییە یان زۆر بێ کاتم”، ئەگەر لە ژیاندا هەندێک جار مرۆڤ خۆی بڕیار لەسەر کات بدات، بەڵام کاتی واش هەیە کە ئیدی کات بڕیار دەدات و ڕۆڵی تۆ تەواو دەبێت ئەویش ساتی مردنە. لەم جیهانە پڕ لە نادڵنیاییەدا مردن لە کات و شوێندا هەیە، سات و شوێنێکی حاشاهەڵنەگرە و کە دەبێت هەموومان بە دڵنیاییەکی تەواوەوە ڕووبەڕووی ببینەوە،  لەبەر ئەوە دەمەوێت باسی ئەو ساتە بکەم. کە (پاشا دەمرێت) کە یەکێکە لە گرنگترین شانۆنامەکانی یۆژین یۆنسکۆ.

هەموو مرۆڤەکان دەزانن کە دەمرن، ئەم درک کردنەش دڵەڕاوکێ دروست دەکات.

بوون و ژیان زۆرجار مانایەکی ڕوونی نییە، مردنیش ئەم بێماناییە ڕوونتر دەکاتەوە. ترس و تەنیایی زۆرێک لە کارەکتەرەکانی هەوڵ دەدەن لە بیری مردن ڕزگاریان بێت بەڵام شکست دەهێنن. پرسیارێکی بوونگەرایی یۆژین یۆنێسکۆ لێکۆڵینەوە  لەوە دەکات ژیان مانای چییە؟ کاتێک مرۆڤ دەزانێت ژیان سنووردارە.

ڕوونترین نموونە شانۆنامەی  پاشا دەمرێت، کە تێیدا شا بیرانژێ وردە وردە ناچار دەبێت قبووڵی بکات کە بڕیارە دەمرێت. تەواوی شانۆنامەکە باس لە خەباتی مرۆڤ دەکات بەرامبەر بە حەتمیەتە.

ئیۆنێسکۆ لە ڕێگەی دوو شانۆنامەکەیەوە لە ڕەشبینییەکی قووڵەوە دەچێتە بەرخۆدانێکی بێدەنگ و لە هەمان کاتدا یەکلاکەرەوە و هەبوونی دەنگدانەوەیەکی بەهێز . بەرهەمەکانی، وەک دووبارە خوێندنەوە و پێداچوونەوەیان ئەمڕۆ دەیسەلمێنێت، ئەوە نیشان دەدەن کە ئەدەب و هونەر ناتوانن لەگەڵ کاتدا پەیوەندیی خۆیان لەدەست بدەن؛ بەڵکو لە هەموو سەردەمێکدا لایەنی نوێی ئازار و خەونەکانی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن. نموونەی شانۆنامەی کۆرسییەکان، لە جیهانێکدا کە پڕ بووە لە کورسی بەتاڵ و ڕیتۆرێکی کون، بەرەنگاربوونەوەی بێمانایی بە چەسپاندن بە مرۆڤایەتییەوە وەک کردەوەیەکی قارەمانانە دەمێنێتەوە.

(ئێستا کە ڕاستی مردن بەسەرمەوەیە بەیان بووە، دەستبەرداری هەموو پلەو پایە و  حەسرەت و وابەستەبوونێک دەبم، لەگەڵ نەمانی ئەم جەستەیەم لە  گۆشت و خوێنە، وەک وەهمێکی زوو تێپەڕ دەیناسینەوە).

شانۆنامەی پاشا دەمرێت هاوشیوەی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی تۆڵستۆیە بە ناوی (مەرگی ئیڤان ئیلیچ) زۆریش لە نووسەران سەرنجیان لەو بارەیەوە هەیە کە شانۆنامەکە لەو ڕۆمانەوە سەرچاوەی گرتووە. لە شوێنێکی تردا لە لاپەڕەی دەنگەکان و سپی مێدیا شیکاریەکەکم بۆ ئەو ڕۆمانە کردووە. هەروەها دەمەوێت جیاوازیەکان و شتەهاوبەشیەکانی ئەو دوو دەقە بخەمەڕوو.

لە شرۆڤەی ڕۆمانی (مەرگی ئیڤان ئیلیچ)ی تۆڵستۆی، ئەم چیرۆکە نائاساییە ڕەنگدانەوەیە لەسەر مردن و نەخۆشی، ئازاری جەستەیی و ئازاری ڕۆحی، لەسەر مانای ژیان، پەیوەندییەکانی مرۆڤ، لەسەر ئەوەی چی گرنگە و چی زیادە. هەروەها بوونی مرۆڤ لە ناو کاتدا چۆن مامەڵە دەکات.

دەکرێت  شانۆنامەی (پاشا دەمرێت ) ی یۆژین یۆنسکۆ تەواوکەرێکی نایابی ئەو چیرۆکەی تۆڵستۆی بێت، هەرچەندە ڕۆحیترە، بەڵام زیاتر زاڵترە. لێرەدا مردن پاڵەوانی ڕاستەقینەیە. لە تۆڵستۆی پاڵەواندا مردن نییە، بەڵکو ژیانە. ژیانێک کە ئازار دەچێژێت، ژیانێک کە کۆتایی دێت؛ ئایا ژیان مانای هەبوو یان نا، ئایا شایانی ئەو هەموو ئازار  و ڕەنجە بوو، ئایا دەکرا باشتر بژیین، پەشیمانی لەوەی کە کرا کە نەدەبوو بکرێت و بۆ ئەوەی نەکرا کە دەبوو بکرێت.

لەم بەرهەمەی ئیۆنێسکۆدا، مردن لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەخرێتەڕوو؛ ڕەهەندی تایبەتی خۆی هەیە، هیچ چارەسەرێکی دینی ناخاتە ڕوو کە پێمان بڵێت کە دەمریت لەو دونیا زیندوو دەبینەوە، ، قۆناغەکە هەر لەم جیهانەدا دەمێنێتەوە. دیوەکەی ترمان نیشان نادات کە چاوەڕێی دابەشکردنی پاداشت یان سزا بین، هیچ ژیانێکی دوای ئەمە نییە، ڕۆژی حوکمدان، بەهەشت، دۆزەخ، زیندووبوونەوە و  ژیانی هەتاهەتاییمان بۆ باس ناکات .

مردن بۆ خۆی ئەزموونێکە، نهێنی کۆتاییهێنان بە ئازارەکانە و لێرەدا ئاماژە بە ئازارە ڕۆحییەکان دەکەین نەک جەستەییەکان، لە وازهێنان لە خۆهەڵواسین بە ژیانەوە. ئەمانە بڕگەکانی کۆتایی چیرۆکی (ئیڤان ئیلیچ)ن.

ڤیکتۆر فێرناندێز دەنووسێت”  ڕەنگە یۆنسکۆ ئاگاداری کتیىی پیرۆزی مردووەکانی تبت یان کتێبی دەوڵەتە مامناوەندەکان (باردۆ تۆدۆل) بێت، ئەو کتێبە تێڕوانینی بوداییەکان بۆ مردن دەبینێت،  چونکی ئەو لێکچوون لە نێوان شانۆنامەکە و تێڕوانینی بوداییەکان بۆ مردن دەبینێت، شانۆنامەی پاشا دەمرێت هاوبەشی لەگەڵ فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتیدا هەیە”.

کتێبی مردووەکانی تبت چییە؟لە ڕاستیدا پێی دەوترێت  (باردۆ تۆدۆل Bardo Thödol).لە ئایینی بودایی تبتدا باس لەوە دەکات چی ڕوودەدات کاتێک مرۆڤ دەمرێت. بیرۆکەیەکی ناوەندی ئەوەیە کە مرۆڤی مردوو بە( باردۆس )ی جۆراوجۆردا تێدەپەڕێت، واتە دۆخی مامناوەند لە نێوان مردن و بوونێکی نوێدا.

لەم حاڵەتانەدا کەسەکە ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخانە دەبێتەوە: ترسەکانیان، ئارەزووەکانیان، وەهمەکانیان و ئاگایی خۆیان. شتە چارەنووسسازەکە ئەوە نییە کە خودا حوکم لەسەر کەسەکە بدات، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا دەتوانێت واز لە ئیگۆی خۆی بهێنێت و واقیع قبوڵ بکات.

ئەم دیدە دینی فەلسەفییە بە هاوشێوەی شانۆنامەکەی پاشا دەمرێت ـ ی یۆنسکۆ. هەر لە سەرەتاوە  پاشا دەزانێت کە بڕیارە دەمرێت. لە درێژەی شانۆنامەکەدا بە قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێت:

– ئینکاری مردن دەکات.

– توڕە دەبێت.

ـ هەوڵی دانوستان دەدات.

ـ نائومێدی دەستی بەسەردا گرتووە.

– دواجار قبوڵ دەکات واز لە ژیان لێبهێنێت.

هەموو ئەم گۆڕانکاریانە لەسەر زمانی پاسەواندا بە خەڵکەکە ڕادەگەیەنرێت. ئەمە  تەواو هاوشێوەی ڕێبازی بوداییە لە ڕێگەی مردنەوە. ئەوەی گرنگە پرۆسەی ناوەوەیە نەک ئەوەی دوای مردن ڕوودەدات.

یەکێک لە بیرۆکە سەرەکییەکانی شانۆنامەکە ئەوەیە کە پاشا بە تووندی دەستی بە شانشین و کورسیەکەی، بە دەسەڵاتەکەی، جەستەی و بە ژیانیەوە دەگرێت، کاتێکیش واز لەم هەموو ئەم شتانە و لە شەڕ دێنێت، ئەو دەمە دەتوانێت بە ئارامی بمرێت. ئەوەش ئایینی بودایمان بیردەخاتەوە، کە دەڵێت:  ئازار کاتێک سەرهەڵدەدات کە خۆمان بە شتگەلێکەوە دەلکێنین کە ڕاگوزەرن.

کاتێک ڤیکتۆر فێرناندێزی ڕەخنەگر دەڵێت دەشێت یۆنسکۆ ئاگاداری کتێبی مردووەکانی تبتی وەک کلیلی لێکدانەوە بەکارهێنابێت و لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، دەشێت ئەوە تەنها گریمانەبێت. مەرج نییە بڵێین ئیۆنێسکۆ بیرۆکەکانی لەوێوە وەرگرتووە، بەڵکو وێناکردنی مردن لە شانۆنامەکەدا، وەک پرۆسەیەک کە مرۆڤ دەبێت وردە وردە دەستبەرداری ئیگۆ و کۆنترۆڵی خۆی بێت، ئەمەش فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی بیردەخاتەوە. خوێندنەوەیەکی مومکین و سەرنجڕاکێشە، بەڵام لێکدانەوەیەکی مەسیحی یان بوونگەرایی یاخود ئیسلامی هەمان دەرئەنجام نایەتە دی، بەڵام هەموو لەسەر ئەوە کۆکن کە ڕۆمانی ئیڤان ئیلیچ سەرچاوەی ئیلهامێتی.

ڕەخنەگەری زۆرمان هەیە کە  ئەم ژانرە شانۆییە بە بوونگەرایی یان نیهیلیزمی بێدینەوە دەبەستینەوە، بە بۆشایی و نائومێدی و دڵ تێکهەڵدانەوە دەبەستنەوە، ڕەنگە ئەم شانۆنامەیە (پاشا دەمرێت) زۆر دووربێت لەم ڕەوتانانەی کە بە ڕەشبینی وجودییەوە نەهلەستیەوە نقومبووبێت. دەقی پاشا دەمرێت ئەو هەستەت پێنابەخشێت وەک دەقی سۆپرانی سەڕوتاوە و یان تێکستەکانی بێکت، یان لە زۆربەی نووسەرانی تر، تەنانەت لە تێکستەکانی تری یۆنسکۆ خۆشی.

تەنانەت دیمەنی کۆتایی هەستی خوێنەر و بینەر دەجوڵێنێت ئارامییەکی دەرونی یان خۆشییەکی بێدەنگ بەئاگا دەهێنێتەوە. نەک هیوا، چونکە هیوا شتێکە کە ئاراستەی داهاتوو دەکرێت. هیوا نیە لەبەرچی ؟ جیاوازی هەیە نێوان هیوا و هەستی خۆشی بێدەنگ، هیوا واتە چاوەڕوانی شتێک کە هێشتا ڕووی نەداوە. بۆ نموونە، هیوادارم چاک ببمەوە، هەمیشە هیوا بەرەو داهاتوو ئاراستە دەکرێت، بەڵام لە کۆتایی پاشا دەمرێت و داهاتوو نییە و چاک نابێتەوە و  پاش چەند ساتێکی تر دەمرێت. چیتر ناتوانێت ئومێد بە هیچ شتێک بخوازێت. بەڵام کاتێک پاشا دواجار مردنەکەی قبوڵ دەکات، واز لە شەڕکردن لەگەڵ مەرگدا دەهێنێت، هێمنی باڵ دەکێشێت بەسەر دۆخەکەدا، ترسەکە کەم دەبێتەوە، هەستێک دروست دەکات کە لەسەر بنەمای شتێکی باشتر نییە کە دواتر بێت، بەڵکو ئاشتییە لە ئێستادا. خۆشی بێدەنگ، هەموو شتێک چارەسەر نابێت، بەڵام ئەو چیتر لە ململانێدا نیە لەگەڵ واقیعدا.

یۆنسکۆ بەمەرگی پادشا بیرکردنەوەیەکی فەلسەفەیەکی دادەڕێژێت، چونکێ یۆنسکۆ وێنای ئەوە دەکات کاتێک مرۆڤ واز لە شەڕی حەتمی دەهێنێت، دەتوانێت ئاشتییەکی چاوەڕواننەکراو ئەزموون بکات، کەواتە خۆشی لەبەر ئەوە نایەت کە داهاتوو باشتر دەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو هەوڵدانە کۆتایی دێت.

ئەگەر لە دیدێکی دینییەوە سەیری بکەین لەوانەیە بڵێت کە هێشتا هیوا هەیە، بەو پێیەی هیوا تەنها پەیوەندی بە داهاتووی زەمینییەوە نییە بەڵکو پەیوەندی لەگەڵ خودا و ژیانی هەتاهەتاییشدا هەیە.

بەڵام بەو پێیەی ئیۆنێسکۆ هیچ ژیانێکی دوای مردن لە شانۆنامەکەدا نیشان نادات ڕەنگە ئاستەم بێت بە دیدێکی مەسیحیانەو یەکتاپەرستی بخوێندرێتەوە، چونکی دیمەنی کۆتایی بە مانا مەسیحییەکەی هیوا نییە، بەڵکو باس لە ئاشتەوایی ناوەوە دەکات لەگەڵ ئەوەی لێرە و ئێستا ڕوودەدات.  یۆنێسکۆ زیاتر باس لەوە ناکات کە شانۆنامەکە نوێنەرایەتی چی دەکات بەڵێنێک نییە بۆ داهاتوو، بەڵکو ساتێکی ئارامییە کاتێک پاڵەوانەکە واز لە بەرەنگاربوونەوەی مردن دەهێنێت.

ئەگەر بە وردی مرۆڤ ئەو شانۆنامەیە بخوێنێتەوە لێیی حاڵی بیت یان بیبینێت کاردانەوەی بیرکردنەوەی مەرگ لە فکرو جەستەی خۆتدا خەیاڵ دەکەیت، ڕەنگە یەکێک لەو  تێکستانەیەدوای خوێندنەوەی یان بینینی نمایشەکە هەر هەموومانی پەڕتەوازە کردبێت و هەرکەسەی لە خەیاڵدانێکدا بێت یان تێفکرینێکی جیوازدا بێت بۆ شیکاری مەرگ، هەرچەندە ئێمە هەر هەموومان لەبەر دەم یەک نمایشی چیرۆکی مەرگ بین. 

هەروەها کارەکتەرەکان هێما و ئاماژەن هەریەکەیان نوێنەرایەتی بارودۆخێکی مردنی خۆمان دەکات،. درەنگ یان زوو هەموومان ڕۆڵی پاڵەوان بیرانژێر دەگێڕین وەک پاڵەوانی شانۆنامەکەی “پاشا دەمرێت”مان بەسەردا دێت.  کەواتە بەهیوای ئەوەی حیکمەتی شاژن مارگارێتامان لە نزیکەوە هەبێت بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە بڕینی تەلی دڕکاویەکانی قاچمان و شکاندنی ئەو بەربەستانەی کە رێی لێگرتووین بۆ ئەو شوێنە کە ڕەنگە بیدۆزینەوە ڕەنگە نیرڤانا؟ ڕەنگە بەهەشت بێت؟ ڕەنگە گەڕانەوەی هەمیشەیی سامسارا؟(١) ڕەنگە هیچ نەبێت؟ لەبەر ئەوە یۆنسکۆ کۆتاییەکی کراوەمان بۆ جێدەهێڵێت،  چەندین ئەگەری جیاواز دەخاتە ڕوو، بەڵام هیچیان پشتڕاست ناکاتەوە.

کارەکتەرەکان:

بیرانژێر: گرنگترین کەسایەتی ڕەمزی شانۆنامەکەیە، ئەو نوێنەرایەتی تەنها پاشایەک ناکات، بەڵکو هەموو مرۆڤێک.  ئەو لەبری هەموومان لەوێیە کە دەبێت درەنگ یان زوو ڕووبەڕووی مردن ببینەوە.

پاشا، ئیگۆ، خود، ناوەندی گەردوونە. ئێمە هەموومان ناوەندی گەردوونین بۆ خۆمان، بیرانژێر هەر یەکێک لە ئێمەیە. هەموومان لە ژیانی خۆماندا حوکمڕانی دەکەین، کەم تا زۆر دەسەڵاتمان هەیە، وە هەموومان، هەرچەندە ژیانمان جۆراوجۆر بووبێت، لە کۆتاییدا هەمان کرداری کۆتایی ئەنجام دەدەین. بێگومان کاتێک لە چوارچێوەی ئەم بەرهەمەدا باسی مردن دەکەین، مەبەستم لە مردنی مرۆڤ خۆیەتی، نەک مردنی ئەوانی دیکە، چ نزیک بێت یان دوور، مردنی مرۆڤ خۆی ناوازەیە و تەواو کەسێتییە و شەخشیە. مردنی ئەوانی تر چیرۆکێکی ترە، کاتێک مرۆڤ خۆی دەمرێت، پرۆسەی مەرگ کارکردنی دەوروونی جەستەیی بەسەر تۆدا دێت، دەنا ئێمە هەرگیز بە ئاگا نین دوای مردنمان، بەڵکو لە ڕێگەی مردنی ئەوانی تروە ئاگاییمان هەیە.

ئەو پیاوەی سەرەتا ئینکاری مردن دەکات، ڕەتیدەکاتەوە قبوڵی بکات کە بمرێت. هیوادارە، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دەیەوێت کۆنترۆڵی خۆی بپارێزێت. پاشاندا دەترسێت لە درێژی شانۆنامەکەدا تێگەیشتنی لا دروست دەبێت ، لە دواجاردا قبوڵی دەکات کە ژیان کۆتایی دێت، ئەمەش هێمایە کە مرۆڤەکان زۆرجار کاردانەوەیان دەبێت کاتێک ڕووبەڕووی واقیعی مردن دەبنەوە،  بیرانژێرر لاواز و سەرلێشێواو و دابەش بووە، مرۆڤێکە کە بناغەیەکی تۆکمەی نییە کە ڕەنگدانەوەی هەستی نادڵنیایی و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی مرۆڤی هاوچەرخە.

کارەکتەرەکە دوا سەفەری بوونگەرایی مرۆڤ نیشان دەدات،  بیرانژێر هێمای خودی مرۆڤە کە دژی مردنی خۆی دەجەنگێت، و لە کۆتاییدا دەبێت قبوڵی بکات

شاژن مارگرێتا: هاوسەری یەکەمی پاشا، لەگەڵ هاتنی هاوسەرە جوان و شۆخەکەی دووەمی پاشادا، پێگەی هەستیاری خۆی لە دەست دەدات، بەڵام کۆتایدا ئەودەبێت ڕێبەرو حەکیم و یارمەتی پاشا دەدات کە بەربەستەکانی مردن ببڕێت و بەئارامی بمرێت. مارگرێتا واتە ڕوونی و ڕاستی و دیسیپلین و قبوڵکردنی حەتمی مردن.

لە شانۆنامەکەدا یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە هێمادارەکانی شانۆنامەکە، تاڕادەیەک پێچەوانەی شاژنی دووەم ماریا کاردەکات، ئەو ڕاستی و ڕیالیزمی دەکات،  نوێنەرایەتی واقیعی سارد و ڕوون دەکات،  ئینکاری مردن ناکات هەموو شتێک وەک خۆی دەبینێت،  بە هیوا پاشا فریو نادات. مارگرێتا لە ڕێگەی شێوازی مامەڵەکردنیەوە نیشان دەدرێت کە  بەردەوام دژایەتی شاژنە ماریا دەکات،  هیوا و وەهمەکان ڕەتدەکاتەوە،  فشار دەخاتە سەر پاشا بۆ ئەوەی درک بە ڕاستییەکان بکا،  لەگەڵ لاوازبوونی پاشادا زیاتر باڵادەست دەبێت، ئەو کارەکتەرە بەو شیوەیە وێنا دەکرێت نەک لە ڕێگەی هەستەکانەوە، بەڵکو لە ڕێگەی کردەوە و زمانێکەوە کە ڕەق و ڕوون و نەگۆڕە. مارگریتا ئەو بەشەی واقیعە کە ناتوانرێت لێی دوور بکەوێتەوە. ڕەنگە ئەو جەوهەری ئەو دیدە ی هیوم بەرجەستە بکات کە دەڵێت ” لەڕاستیدا ئێمە ناتوانین بوونی ئەوانیتر تاقی بکەینەوە” . خۆ ئەگەر بەشێوەیەکی دەروونشیکارییش لێکی بدەینەوە پسپۆڕێکی دەروونناس و ڕێبەری مردن کاری دەکرد.

شاژن ماریا: هاوسەری دووەمی پاشا. ماریا وەهمی مارایە. ئەو شاژنەیە کە سەردەمانێک  پاڵەوانەکەی دڵخۆش دەکرد بە خۆشیەکانی دونیا، ئێستاش ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری بێت. بۆ بیرانژێر، ئەو لە بارگرانییەک زیاتر نییە کە بە ژیانەوە دەیبەستێتەوە، بەربەستێک کە ڕێگری دەکات لە بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازە سروشتییەکەی خۆی.

کارەکتەری ماریا، شاژنی دووەم بۆ ناوی ماریا یە. لە ئیدیۆمی دینی بو بوزیدا، وەهمی مارا. مارا لە ئایینی بودادا کەسایەتییەکی هێمادارە کە نوێنەرایەتی وەسوەسە، ئارەزوو، وەهم دەکات کە ڕێگری لە ڕۆشنگەری دەکات. وەهمی مارا ئاماژەیە بۆ خۆشیەکانی ژیان. لەبەر ئەوە ماریا نوێنەرایەتی چێژەکانی ژیان دەکات.  چێژەکانی جەستە، هەستی و چێژە دونیاییەکان، بۆ نموونە سەرنجڕاکێشانی سێکسی، سامان، پێگە، ئاسوودەیی، یان شتی تر کە دەتوانێت مرۆڤ بە ئارەزووە مادییەکانەوە ببەستێتەوە.

ماریا، واتە خۆشەویستی، ژیان، گەنجی، هیوا، ئارەزوو و ڕەتکردنەوەی قبوڵکردنی ئەوەی کە ژیان کۆتایی دێت. بوونی ئەو وا دەکات پاشا بیەوێت بەردەوام بێت لە ژیان و ئینکاری مردن بکات. باوەڕی بەوە هەبێت کە دەتوانێت لە چارەنووسی خۆی ڕزگاری بێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ماری هێمای سەرنجڕاکێشی ژیانە. ماریا کەسایەتییەکی  “خراپ” نییە، بەڵام ئارەزووی مرۆڤ بۆ بەردەوامبوون لە ژیان و خۆشەویستی و چێژوەرگرتن بەرجەستە دەکات. لە بەرامبەردا مارگریت نوێنەرایەتی ئەو درککردنە دەکات کە مردن حەتمییە و دەبێت قبوڵ بکرێت.

لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە دەتوانرێت بڵێین ئیۆنێسکۆ ڕێگە بە دوو شاژنەکە دەدات نوێنەرایەتی دوو لایەنی مرۆڤ بکەن، یەکەم ماریا نوێنەرایەتی ئارەزوو، هیوا، ئیرادە بۆ ژیان، ئەو وەهمەی کە ژیان دەتوانێت بەردەوام بێت. دووەم مارگریات، نوێنەرایەتی ڕاستی و ماڵئاوایی و مردن و قبوڵکردن.

هەر بۆیە دەتوانرێت ماری بە “وەهمەکەی مارا” لێکبدرێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی ئیۆنێسکۆ بە ئاشکرا سیمبۆلیزمی بودایی بەکاردەهێنێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەرکەکەی لە دراماکەدا ڕۆڵی مارا وەک ئەو کەسە دەهێنێتەوە یاد کە مرۆڤ بە بوونی دونیایەوە دەبەستێتەوە. لێکدانەوەیەکە نەک شتێک کە لە شانۆنامەکەوە باسی بودایییەت بکات.

ئەگەر بە کورتی پوختەی جیاوازیەکانی هەردوو شاژن بزانین ئەوەیە کە : شاژنە ماریا واتە  واتە ژیان و خۆشەویستی و هیوا، ئەو  دەیەوێت پاشا باوەڕی بەوە هەبێت کە ژیان دەتوانێت بەردەوام بێت. بەڵام شاژنە مارگرێتا واتای ڕاستی و مردن،  ئەو نیشان دەدات کە دەبێت قبووڵی بکات کە دەمرێت.  ئەو دوانە پێکەوە هێمای ململانێی مرۆڤن لە نێوان وەهم (ویستی بژی) و واقیع (دەبێت بمرێت).

پزیشک:  و نەشتەرگەر، جەلاد و بەکتریاناس و ئەستێرەناسی شانشینی مەملەکەت. ئەم کارەکتەرە نوێنەرایەتی حیکمەت، زانست دەکات، بە درێژایی ژیانمان زانست و حیکمەتمان بەکار هێناوە ئێستاش لە ساتەکانی کۆتاییدا، یارمەتیمان دەدات نیشانەکان ببینین و لێکدانەوەیان بۆ دەکات، بەڵام ئەرکەکەی لەو شوێنە کۆتایی دێت کە ژیانی ماددی کۆتایی دێت، لەوە زیاتر ناڕوات.

لە دەقەکەدا، کارەکتەری پزیشک یەکێکە لە کارەکتەرە ڕەمزییەکانی شانۆنامەکە. ئەو تەنیا بە مانای ئاسایی پزیشک نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی چەند بیرۆکەیەک دەکات، ئەو هێمای زانست و ڕاستی بابەتییە. پزیشکی بێ بەزەیی و  بێ ڕازاندنەوە بارودۆخی پاشا هەڵدەسەنگێنێت،  دەستنیشانی مردنی پاشا دەکات و پابەند دەبێت بە ڕاستییەکانەوە، ئەو هێمای واقیعی بابەتییانەیە کە لە ژێر کاریگەریی بیرکردنەوەی ئاواتخوازانەدا نییە. هێمای حەتمی بوونی کات و مردنە، ئەو هەر لە سەرەتاوە دەزانێت کە ناتوانرێت ڕێگری لە مردنی پاشا بکرێت، تاڕادەیەک وەک نێردراوی چارەنووس مامەڵە دەکات و بەردەوام ئەوەمان بیردەخاتەوە کە مرۆڤ ناتوانێت شکست بەکات بهێنێت. هێمای  عەقڵە بەبێ هەست، بە پێچەوانەی ماری کە هاندەری هیوا و زەوقی ژیانە، پزیشک سارد و عەقڵانییە. نوێنەرایەتی لۆژیک و ڕێکوپێکی و ڕاستی بێبەزەیی دەکات. هەروەها نوێنەرایەتی دادوەر یان خزمەتکاری مردنیشە، ئەو تەنها پزیشکێکی ئاسایی نیە، بەڵکو زۆر لەوە زیاتریشە، دادوەر، قەشە و تەنانەت مەرگ خۆی دەکات، ئەو ڕێنمایی  پاشا دەکات بەرەو ئەو تێگەیشتنەی کە کۆتایی نزیکە و پشتگیری لە کارەکانی مارگریت دەکات بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی قبوڵ بکات.

ژولێت: لە دەقەکەدا ژولێت خزمەتکار، پاککەرەوە و پەرستارە  کەسایەتییەکی ڕەمزی گرنگە، هەرچەندە ڕۆڵێکی کەمتری هەیە لە چاو ماریا و مارگریتادا، ئەو نوێنەرایەتی کەسی سادە و ڕۆژانە دەکات، کەسێک کە دەسەڵات و پێگەیەکی نییە. بە پێچەوانەی پاشا و شاژنەکانەوە وەستاوە. نوێنەرایەتی هەموو بازنەی کۆمەڵایەتیەکانە، ناسیاو، ڕەعیەت، هاوڕێ و دوژمن. سەرقاڵی بابەتە پراکتیکییەکانی ژیانی ڕۆژانەیە کە بەردەوام دەبێت بکرێت، سەڕەڕای مردنی پاشاش، لە ڕێگەی کردارە بچووک و کۆنکرێتییەکانەوە خەمی پاشا نیشان دەدات. ئەو نوێنەرایەتی گەرمی مرۆڤ و ژیانی ڕۆژانە دەکات، نەک بیرۆکەی گەورە یان بنەما فەلسەفیەکان. ژولێت لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی ئاساییە، ئەوە نیشان دەدات کە مردن تەنها پاشاکان ناگرێتەوە، هەموو کەسێک دەگرێتەوە. لە جیهانی ئیۆنێسکۆدا هەموو مرۆڤەکان لە بەرامبەر مردندا یەکسانن، بەبێ گوێدانە پێگەی کۆمەڵایەتی.

دەتوانرێت ژولێت وەک “هێمای ژیانی ڕۆژانە” سەیر بکرێت. ئەو خەمی پرسیارە فەلسەفییە گەورەکانی نییە بەڵکو خەمی کردەوەی کۆنکرێتییە، خەمی شتە بینراوە بچوکەکانێتی . ئیۆنێسکۆ لە ڕێگەی ئەوەوە نیشانمان دەدات کە ژیان لە کردارە سادەکانی مرۆڤ پێکدێت، کارەکانی ژولێت جەوهەری ئەو گۆرانییەیە کە ” سترانبێژی یانەی شەوان جولێت گیکۆ، لە گۆرانیەکدا دەڵێت .( مرۆڤ بریتیە لەو شتانەی ئەنجامی دەدات)  ئەم ڕاستیە ڕووکەشیە جەوهەری فەلسەفەی بوونگەراییە. سارتەریش دەڵێت ( جەوهەری بوونگەرایی مرۆڤە لە پراکتیکدا).

گرنگیدان بە کەسێک، پاککردنەوە، کارکردن و بوون. هەروەها ئەوەمان بیردەخاتەوە کە لە بەرامبەر مردندا، پاشا چیتر تەنها فەرمانڕەوا نییە، بەڵکو مرۆڤێکە کە وەک هەموو کەسێک پێویستی بە یارمەتی و چاودێری هەیە. ئەو کارەکتەرەیە کە دراماکە لە واقیعی مرۆیی و ڕۆژانەدا زەمینەسازی دەکات. ئەمەش وا دەکات کە هاوسەنگییەکی گرنگ بێت بۆ هێمای بوونگەرایی شانۆنامەکە.

پاسەوان: ئەو نوێنەرایەتی ڕێکخستن و دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە دەکات کە پاشا دەپارێزێت، لە سەرووی هەموو شتێکەوە هێمای ئەو دەسەڵاتە سیاسی و سەربازییە کە خەریکە گرنگی خۆی لەدەست دەدات لەگەڵ نزیکبوونەوەی مردنی پاشا یاساکان جێبەجێ دەکات. ئەوەی ڕوودەدات ڕادەگەیەنێت و هەوڵدەدات ڕێوڕەسم و دیسیپلین بپارێزێت. هێمای دامودەزگاکانی کۆمەڵگا و ئەو نەزمەیە کە دەوری دەسەڵاتی داوە. کاتێک پاشا دەمرێت، ڕۆڵی پاسەوان بێمانا دەبێت. نە سەرباز و نە چەک و نە پاسەوان ناتوانن پاشا لە مردن بپارێزن. ئیۆنێسکۆ نیشانمان دەدات کە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی لە بەرامبەر چارەنووسی کۆتایی مرۆڤدا بێدەسەڵاتە. ئەو بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تەنانەت لە کاتێکدا کە شانشین خەریکە دەڕووخێت و هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە. ئەوە نیشان دەدات کە چۆن زۆرجار مرۆڤەکان بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی ڕۆتین و ڕۆڵەکان، هەرچەندە دۆخەکە مانای خۆی لەدەستداوە.

ئەو نوێنەرایەتی ئەو پێکهاتانە دەکات کە دەسەڵات بە پاشا دەدەن، سوپا، دەوڵەت و ڕێکخستن. بەڵام پەیامی ئیۆنێسکۆ ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەک و هیچ دەسەڵاتێکی دونیا ناتوانێت مرۆڤ لە مردن بپارێزێت. کاتێک پادشا دەمرێت، ڕۆڵی پاسەوان  مانای خۆی لەدەست دەدات، ئەمەش تەوەری بوونگەرایی شانۆنامەکە بەهێزتر دەکات، مردن هەموو مرۆڤەکان یەکسان دەکات و هەموو پلەبەندییەکانی مرۆڤ هەڵدەوەشێنێتەوە.

چەمکی مردن:

      ڕەنگە ئەم دەقە  باشترین شانۆنامە بێت کە  لەسەر مردن کە تا ئێستا نووسرابێت.

تەنها دوو شت دەخەمەڕوو: ناتەبایی نێوان مردن و ئیگۆسەنتەریزم. کە مردن مامۆستای ژیانە. ئیگۆسەنتەریزم ئەوەیە کە خود هەست دەکات وەک ناوەندی ڕەهای گەردوونە، بە بڕوای من ئەو حاڵەتە ئاساییەیە کە خۆمان تێیدا دەبینینەوە. وەک هەموومان دەزانین کە مردن نوێنەرایەتی خراپەکاری دەکات، لەناوچوونی تەواو و شکستی کۆتایی.

ڕاستییەک هەیە کە دەڵێیت تەنیا دابڕان لە ئیگۆ دەتوانێت ڕێگەمان پێبدات بە ئارامییەکی دیاریکراوەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، بۆ من  بە وشیاری، خۆشەویستی و سیمپاتی و چاوتێری دەتوانینی بەرامبەر ئیگۆی سەنتەر بینەوە بەڵام لە شانۆنامەکەدا یۆنسکۆ مردن ڕووبەڕوی ئیگۆسەنتەر دەکاتەوە.

بەڵام پرسیار ئەوەیە کەی ئێمەی مرۆڤ کەی دەگەینە درک پێکردنی ئەم حیکمەتەی کە ڕوووبەڕووی ئیگۆسەنتەر بینیەوە. 

ڕێگای ئایدیاڵی مردن ئەوەیە کە مرۆڤ خۆی لە هەموو شتێک داببڕێت، لە ناوەوە و دەرەوە، بۆ ئەوەی عەقڵ کەمترین حەسرەت و  وابەستەیی بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی لەو ساتەوەختە تایبەتەدا دەستی پێ بگرێت. ئەمەش لەلایەن نوێنەری زانست و دادپەروەرییەوە پشتڕاست دەکرێتەوە.

وەک گوتمان  دەقەکە جەخت لەسەر دوو شت دەکاتەوە، ناتەبایی نێوان مردن و ئیگۆسەنتەریزم، ئەگەر مردن مامۆستای هونەر بێت ژیاندا، ئەوا ئیگۆیزم واتا بیرکردنەوە تەنها لە خۆت، ژیانی مرۆڤ، دەسەڵات، خودی خۆت، بەڵام  مردن هەموو ئەمانە تێکدەشکێنێت. لەبەر ئەوە مرۆڤ ناتوانیت “ئیگۆسەنتەر” بیت کاتێک تێدەگەیت کە بڕیارە دەمریت. مەرگ مامۆستایە لە هونەری ژیاندا. مەرگ تاکە دژ و ڕکابەری ئیگۆسەنتەرە ودەنگێکی دژ بەوە، لەبەر ئەوەی کاتێک بەڕاستی لە مردن تێدەگەی دەست دەکەیت بە تێگەیشتن لەوەی لە ڕاستیدا بەهای ژیان چییە، تاڕادەیەکی زۆر مرۆڤ واز لە ژیانی ڕووکەش یان خۆپەرستانە دەهێنیت. هەر بۆیە مردن فێرمان دەکات کە چۆن بەڕاستی بژین. ئەم تێکستە وەڵامی جەوهەری پرسیاری وجودیمان دەداتەوە کە دەڵێت، ژیان چییە؟ من کێم؟

ئەو ئیدیۆمەی دەڵێت مەرگ مامۆستایە، لەبەر ئەوەی مردن فێرمان دەکات کە قەدری ژیان بزانین، درک بەوە بکەین کە دەسەڵات و سەروەت و سامان بەردەوام نابێت، تێبگەین کە هیچ کەسێک لە کەسێکی تر گرنگتر نییە، بەم مانایە مردن مامۆستایە نەک لەبەر ئەوەی مردن باشە نەخێر، بەڵکو لەبەر ئەوەی ناچارمان دەکات واقیع ببینین.

لە سەرەتای شانۆنامەکەدا، بیرانژێر زۆر ئیگۆسەنتەرییە، ئەمە بەو مانایە نییە کە خۆپەرستە، بەڵکو هەموو جیهانەکەی لە دەوری خۆی دەسوڕێتەوە، بۆ نموونە بیر لەوە دەکاتەوە  ودەڵێت نامەوێت بمرم، من پاشام و دەتوانم بڕیار لەسەر هەموو شتێک بدەم و دەبێت ڕێگەیەک هەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە مردن. ئەو پێی وایە دەسەڵات و ئیرادەی ئەو دەتوانێت واقیع بگۆڕێت. بەڵام مردن چی دەکات؟ مردن نیشانی دەدات کە ئەو هەموو توانایەی نییە، ناتوانێت کۆنتڕۆڵی کات بکات و وەک هەموو کەسێک مرۆڤە و بۆیە ئیگۆی ئەو دەڕەوێتەوە بەرەو لە ناوچوون دەڕوات، چ کاتێک ئیگۆی پاشا بەرەو کاڵ بوونەوە و نەمان و تێکچوون دەڕوات، ئەو کاتەی هەست بە تێگەیشت دەکات، ئەو کاتەی مرۆڤ دەبێت بە خاوەنی عەقڵ. لەبەر ئەوەیە یۆنسکۆ لە گەڕان بەدوای عەقڵدایە، بە حەسرەتی ژییریەوە بۆ نەمانی بێمانایی سیستەم.

مارگریتا ئەو کەسەیە کە هەمیشە ڕاستییەکان دەڵێت، هەوڵ نادات بە هیوای درۆ دڵنەوایی بدات، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئەو درککردنە ڕێبەرایەتی دەکات کە ئەو لە مردن گەورەتر نیە. هەر لەبەر ئەوەیە  زۆرێک مارگرێتا وەک ڕێبەری ڕۆحی لێکدەدەنەوە. ئەو یارمەتی بیرانژێر نادات زیاتر بژی بەڵکو یارمەتی دەدات لە ژیانی خۆی تێبگات بە قبوڵکردنی کۆتاییەکەی.

بە درێژایی شانۆنامەکە کارەکتەری پاڵەوان لە یاخیبوونەوە بۆ قبوڵکردن و لە دڵەڕاوکێیەوە بۆ بێدەسەڵاتی دەگۆڕێت، لەکاتێکدا خۆی بۆ شەڕێکی دۆڕاو ئامادە دەکات، بەو پێیەی مردنەکەی لە کۆتایی شانۆنامەکەدا نووسراوە، جگە لە “ئازارێکی گەورە لە دیارنەمانی خۆیدا” هیچی دیکەی بەجێناهێڵێت

دوای شەوێک لە ئاهەنگگێڕان، پاشای مەملەکەت  بیرانژێرر پێیوابوو خۆی چەقی گردوونە هەموو شتێک بەفەرمانی ئەو دەجوڵێتەوە، دەنانەت خۆر و مانگ باران و بەفەر بە فەرمانی ئەو دەبارێن. هەواڵی ئەوەی پێدەگات کە دوای نزیکەی سەعات و نیوێکی تر دەمرێت. بەم شێوەیە شایەتحاڵی دوا ساتەکانی ژیانی دەبێت شانبەشانی هاوسەری یەکەمی مارگرێتا  و هاوسەری دووەمی شاژن ماریا کە شاژن ماریا تەواو غەمبارەو جلی ڕەشی پۆشیووە. شاژن ماریا هەوڵ دەدات بە سۆزەوە مامەڵە لەگەڵ پاشا بیرانژێر  بکات و شاژن مارگڕیتا، ڕاستیەکی بۆ ڕوندەکاتەوە کە شا دەمرێت ئەمە چیرۆکەکەیە، مێژووی مردنێکە کە پێشبینی دەکرێت. هەمووان دەزانن، بەڵام ئەو ڕەتیدەکاتەوە باوەڕی پێبکات. ئەو پێی وایە کابوسێکە و گومانی هەیە کە ساتەکە نزیکە، ​​بۆیە بەردەوام دەبێت لە دەرکردنی فەرمان بە خۆبەزلزانینی کەسێک کە پێی وایە کۆنتڕۆڵی هەموو شتێک دەکات.

ئیۆنێسکۆ پێیوایە کە “خودا ناوی نییە و واقیعی خودایی زەحمەتە. بۆیە بۆ ئەو ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی ئاشکراکەر باس لە سروشتی مرۆڤ دەکات”. بیرانژێرر ناوێکە کە نووسەر لە بەرهەمەکانیدا بە پاڵەوانەکانی دیکە دەیدات، بۆیە بەڕاستی دەتوانرێت هەر کەسێک بێت.

ئەم دەقە  زۆرترین لێکدانەوەی بۆکراوە، ئەگەر دوو لێکدانەوەی جیاواز وەبگرین. خۆسێ لویس ئەلۆنسۆی ڕەخنەگر، شانۆنامەکەی وەک کارێکی ئیلاهیاتی دەبینی، بەمانای پەیوەندی مرۆڤ بەخوداوە ئەلۆنسۆ  ئەو دەرهێنەرەیە کە ساڵی ١٩٦٦ کاری دەرهێنانی بۆ ئەم تێکستە کرد، مەبەستی ئەوەیە کە پاشا دەمرێت لە ڕوانگەی ئایینیەوە باس لە بەریەککەوتنی مرۆڤە لەگەڵ مردن دەکات. بەڵام دیدێکی تری پێچەوانەی ئەمەش هەبوو دەنووسێت ئەگەر لەبارەی ئیلاهیات بێت ئەوە دەبوایە باسی خودا بکات، بەڵام بە هیچ شێوەیک ناوی خودا ناهێنرێت، بەڵکو ترسی مرۆڤ، تەنیایی مرۆڤ و مردنی مرۆڤە. ئەم دەقە سروشتی مرۆڤ ئاشکرا دەکات

خۆسێ لویس گۆمێز ساڵانێکی زۆر مامۆستا دراما بوو، شارەزایە لە یۆژین ئیۆنێسکۆ بەرهەمەکانی شانۆنامەی پاشا دەمرێت بەرهەمێک سەبارەت بە بوونی مرۆڤ.

درێژەی پێدەدات و دەڵێت دەقی  تیۆلۆژی و ئیلاهیات دەربارەی خودایە، بەڵام بەو پێیەی ئیۆنێسکۆ پێیوابووە کە خودا نهێنییەکە و ناتوانرێت وەسف بکرێت. لەبەر ئەوە ئیۆنێسکۆ ڕاستەوخۆ باسی خودا ناکات. هەر بۆیە شانۆنامەکە بە پلەی یەکەم باس لە سروشتی مرۆڤ دەکات، لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوونگەراییە لە بارودۆخی مرۆڤدا دەکۆڵێتەوە، بە تایبەت چۆن کاردانەوەمان هەیە بەرامبەر بە مردنی خۆمان”

لە شانۆنامە ، پاشای مردوو لەسەر تەختەکەی دەمێنێتەوە، هێواش هێواش نامێنێت و لەگەڵیدا دیوارەکان، دەرگاکان، هەموو ئەوەی ماددییە لەبەردەم تەم و مژاوی ڕووناکییەکی خۆڵەمێشیدا دەڕووخێت.

خانمی خاوەن شکۆ لەپڕ ون دەبێت. پاشا لەسەر تەختی شاهانە دانیشتووە، لە میانی ئەم دیمەنەدا وردە وردەو لەسەر خۆ دەرگا، پەنجەرە و دیوارەکانی عەرش نامێنن، تەکنیکی دیکۆرسازی ئەم دیمەنە ئەنجام دەدات، لە کۆتایدا هیچ نەماوە جگە لە ڕووناکییەکی خۆڵەمێشی، هەموو ئەو شتانەی لەوەو پێش بینراون لە چاو ون دەبن.

ئەوەش هێمایە بۆ تەنیایی مرۆڤ کە ڕووبەڕووی ئەم ساتەوەختە کۆتاییە دەبێتەوە.

بێمانایی بوون، ژیان زۆرجار مانایەکی ڕوونی نییە، مردنیش ئەم بێماناییە ڕوونتر دەکاتەوە. ترس و تەنیایی زۆرێک لە کارەکتەرەکانی هەوڵ دەدەن لە بیری مردن ڕزگاریان بێت بەڵام شکست دەهێنن. پرسیارێکی بوونگەرایی ئیۆنێسکۆ لێکۆڵینەوە دەکات کە ژیان مانای چییە کاتێک مرۆڤ دەزانێت ژیان سنووردارە.

کات لە دەقی شانۆیی پاشا دەمرێت:

لە دەقەکەدا، تێگەیشتن لە کات بەشێکی سەرەکییە لە تەوەری بوونگەرایی شانۆنامەکە. کات واقیعی نییە بەڵکو وەک هێمایەک بۆ ژیانی مرۆڤ و مردنی حەتمی کاردەکات. مەبەست ئەوەیە کە  کات چۆن تێڕوانینی مرۆڤ بۆ ژیان دەگۆڕێت کاتێک ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە. کات نابێتە تەنها شێوازێک بۆ پێوانەکردنی ڕووداوەکان، بەڵکو دەبێتە دەربڕینێک بۆ ئەزموونی ناوەوەی مرۆڤ لە مردن. تا بیرانژێر لە کۆتایی نزیک بێتەوە، ڕوونتر دەبێتەوە کە کات ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، بوەستێنرێت یان ناتوانێت بیرانژێر هەڵسێتەوە. بەم شێوەیە کات دەبێتە هێمای بوونی سنوورداری مرۆڤ و ئەزموونی گشتگیری ناچاربوون بە قبوڵکردنی مردن.

تەوەری بوونگەرایی ئەم دەقە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسیارە بنەڕەتیانە دەکات کە هەموو مرۆڤەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ژیان واتای چییە؟ بۆ دەبێت بمرین؟ چۆن پەیوەندیمان بە مردنمانەوە هەبێت؟  مانای ژیان چییە کاتێک ڕۆژێک کۆتایی دێت؟ گرنگترین پرسیاری بوونگەرایی دەقەکە ئەوەیە کەسێک پێش مردنی دوایین جار هەست بە چی دەکات؟

هاوشێوەیە ڕۆمانی مەرگی ئیڤان ئێلیچ، کاتی ئەم دەقەش کات لەسەر دوو ئاست کاردەکات.

یەکەم: کاتی کرۆنۆلۆژی یان کاتی دەرەکەی (کاتی ئۆبجەکتیڤی)، کە زەمەنی ئەم دەقە نیزیک بە چەند کاژمێرێکە، مردنی پادشا لەم ماوە کورتە ڕوودەدات.

دووەم: کاتی دەروونی یان ناوەکی (کاتی سوبجەکتیڤی) لەم ئاستەدا پادشا بیرانژێر هەموو شریتی عومری بە بەرچاویدا تێدەپەڕێت، هەوڵ دەدات کات بوەستێنێت، ڕەتیدەکاتەوە کە بڕیارە بمرێت، دانوستان لەگەڵ واقیعدا دەکات و لە کۆتاییدا مردن قبوڵ دەکات.

بۆیە لەم دەقەدا کاتی دەروونی زۆر گرنگتر دەبێت لە کاتەکانی کرۆنۆلۆگی.

لە لای ئیۆنێسکۆ کات هێمای ژیانی مرۆڤە: کەس ناتوانێت ڕێگری لە تێپەڕبوونی کات بکات، مەرگی شا بیرانژێر نزیک دەبێتەوە، هەرچەند دەسەڵات و سەروەت و سامانی هەبێت و تێکشکان و گلۆر بوونەوەیشی بەرەو خوار گوزارشتە لەوەی کە چۆن هەموو زیندەوەران بە تێپەڕبوونی کات تێکدەچن وکاتێک شانشینی بەرەو ڕوخان دەڕوات لە هەمان کاتدا پاشا لاوازتر دەبێت، دەبێتە هێمایەک کە جیهانەکەی بەرەو کۆتایی دەڕوات.

ئیۆنێسکۆ، مانا بە کات دەدات و کات بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکاتەوە کە مرۆڤ کاتێکی سنوورداری هەیە بۆ ژیان. بە پێچەوانەی دراما واقیعییەکانەوە، کات لێرەدا بە پلەی یەکەم شێوازێک نییە بۆ ڕێکخستنی ڕووداوەکان، بەڵکو شێوازێکە بۆ وێناکردنی ڕاگوزەری ژیان و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی، ئیۆنێسکۆ لە ڕێگەی ئەم تێڕوانینە نائاساییەوە بۆ کات نیشان دەدات کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت لە تێپەڕبوونی کات یان مردن ڕزگاری بێت، بەبێ گوێدانە دەسەڵات و پێگە.

کات دەبێتە هێما، لای ئیۆنێسکۆ کات هێمایە بۆ خودی ژیان، کاتێک کات بەرەو کۆتایی دەڕوات، بوونی مرۆڤیش خەریکە کۆتایی دێت، هەر بۆیە چەند جارێک لە شانۆنامەکەدا گوێمان لێدەبێت کە دەڵێت جیهان لەیەکتر دەترازێت، شانشینی دەڕوخێت، خۆر نامێنێت و سروشت دەگۆڕدرێت. ئەمەش مەرج نییە ئەمە بەو مانایە بێت کە بەڕاستی گەردوون بەرەو کۆتایی دەڕوات، نەخێر، بەڵکو ئەوە

دونیای پاشایە کە خەریکە کۆتایی دێت، چونکە هۆشیاری و تێگەیشتنەکەشی بۆ جیهان بەرەو نەمان دەچێت، چونکێ مردنی بە شێوەیەکی ڕەمزی بەقەد کۆتایی جیهان گەورە دەبێت.

لە دەقەکەدا لەگەڵ نزیکبوونەوەی پاشا لە مردن، هەموو شتێک لە دەوروبەری دەست دەکات بە داڕمان. لەمەوە ئیۆنێسکۆ وشیاری  پادشا دەبەستێتەوە بە جیهانەکەیەوە، کاتێک هۆشیاری پادشا بیرانژێر گۆڕانکاری بەسەر دێت لەگەڵیشیدا جیهانەکەی، دارو دەستەو عەرشەکەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەروەها بە پێچەوانەشەوە.

ئەمەش بیرۆکەی مارتن هایدگەرمان دەهێنێتەوە یاد کە پێی وایە بوونی مرۆڤ بە هۆشیاری لە مردنی مرۆڤ خۆی لە قاڵب دەدرێت. کاتێک مرۆڤ بەڕاستی ڕووبەڕووی مردنی دەبێتەوە، ئیتر کات نابێتە ڕیزبەندییەکی بێلایەن لە خولەک و کاتژمێرەکاندا، بەڵکو دەبێتە شتێکی سنووردار و جێگرەوەی نییە. هەر ساتێک مانایەکی نوێ وەردەگرێت.

کات خێراتر دەبێت:

       بیرۆکەیەکی گرنگ لە دەقەکەی ئیۆنێسکۆدا ئەوەیە کە کات بە یەکسانی ناڕوات، کاتێک مرۆڤ تێدەگات کە بڕیارە دەمرێت، وا دیارە کات خێراتر دەڕوات. بیرانژێر چەند جارێک دەڵێت : کە کاتم نییە ئەو دەیەوێت، کەمێک زیاتر بژی، هەوڵ بۆ دواخستنی مردن دەدات، بەڵام کات بێ وەستان بەردەوامە و کەس ناتوانێت ڕێگری لێبکات، ئەمەش بێدەسەڵاتی مرۆڤ لە بەرامبەر مردندا دەردەخات، لە واقیعدا زۆرجار مرۆڤەکان پێیان وایە کە کاتێکی زۆریان هەیە، بەڵام کاتێک مردن زۆر نزیک دەبێتەوەو دەبێتە شتێکی کۆنکرێتی، تەواوی ئەزموونی کات دەگۆڕێت، کات درێژتر نابێت، خولەک و سەعات و ڕۆژ وەکو خۆیەتی، بەڵکو خولەک و سەعات و ڕۆژ دەبێتە پێوەرێک بۆ ئەوەی مرۆڤ چەندە لە مردن نزیکە. بۆیە لە لای ئیۆنێسکۆدا کات ڕۆڵی خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە کارەکتەرێک، کارەکتەرێکی نوێ تر هاوشانی پاڵەوان گەمە دەکات، خۆی وەستاوە  و ناشبینرێت  بەڵام  ڕوداو  پو ڵۆتەکە بەرەو پێشەوە دەبات.

لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە، ئیۆنێسکۆ پێمان دەڵێت کە مرۆڤەکان لە نێو دژایەتییەکدا دەژین، ئێمە دەزانین کە دەمرین، بەڵام بەزۆری وەک ئەوەی کاتێکی بێ سنوورمان هەبێت دەژین، بەڵام سەروەختێک کە مردن دەبێتە ڕاستی و لەبەردەماندا قوت دەبێتەوە، تەواوی تێڕوانینمان بۆ کات دەگۆڕێت.

تێگەیشتن لە کات بەشێکی سەرەکییە لە تەوەری بوونگەرایی شانۆنامەکەدا، ئیۆنێسکۆ کات بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی نیشان بدات کە چۆن تێڕوانینی مرۆڤ بۆ ژیان دەگۆڕێت کاتێک ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە. کات نابێتە تەنها شێوازێک بۆ پێوانەکردنی ڕووداوەکان، بەڵکو دەبێتە دەربڕینێک بۆ ئەزموونی ناوەوەی مرۆڤ لە مردن. تا بیرانژێر لە کۆتایی نزیک بێتەوە، ڕوونتر دەبێتەوە کە کات ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، بوەستێنرێت یان ناتوانرێت بیگێرینەوە دواوە. بەم شێوەیە کات دەبێتە هێمای بوونی سنوورداری مرۆڤ و ئەزموونی گشتگیری ناچاربوون بە قبوڵکردنی مردن. بەڵام ئەوە بینەر یان خوێنەرە دەتوانێت کات لای خۆی بگەڕینێتەوە دواوە و لە شا بیرانژێر فێر بێت، ئەزموونی ئەو وەک وانەیەک ببینێت بگەڕێتەوە پێش مردنی شا بیرانژێر.

کات، لای هایدگەر، تەنها زنجیرەیەک لە ساتەکان نییە، بەڵکوو ڕەهەندێکی بنەڕەتییە کە بوونی مرۆڤ پێک دەهێنێت.  هایدێگەر لە کتێبی بوون و کاتدا چەمکی دازاین بەو شێوەیە پێناسە دەکات، دازاین ئەو بوونەوەرەیە (واتە مرۆڤ ) پرسیار لە بارەی بوون و خۆیەوە دەکات.  بوونەوەرێکە لە نێو کاتدا دەژی و لە هەمان کاتدا لە ڕابردوو و داهاتوو تێدەگات.

کاتیك پادشا بیرانژێر  لە شانۆ نامەکەدا و ئیڤان ئێلیچ لە ڕۆمانەکەدا مەرگ قبوڵ دەکەن، هەردوو نووسەری دەقەکە تۆڵستۆی و ئێۆنسکۆ دیدێکی گرنگی هایدگەر بۆ مەرگ بەیان دەکەن، چۆنکێ پادشا و ئیڤان دەگەنە ئەو ڕاستییەی کە مردن هی خۆمە، کەس ناتوانێت بۆم بمرێت، ئەوانی تر دەتوانن لە تەنیشت مەرگم دابنیشن و مەرگی من بینن،  بەڵام مردن خۆی دەبێت بە تەنیا تێیدا بژیم، بۆیە مردن کەسایەتیترین ئەزموونە. دوای ئەو هەموو تووڕەبوون و ئینکاریە، تێدەگەن کەس ناتوانێت جێگەی ئیڤان و بیرانژێر بگرنەوە، دەبێت خۆیان ڕووبەڕووی مردن ببنەوە.

لێرەدایە کە هایدگەر یارمەتیمان دەدات لە ئیۆنێسکۆ تێبگەین، هایدگەر پێی وایە هۆشیاری لە مردن دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات بە شێوەیەکی ڕەسەنتر بژین و مانایەکی زیاتر بە ژیان ببەخشێت.

بیرۆکەی دیاردەناسی لە دەقەکەدا:

ئیۆنێسکۆ دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە هەموو مرۆڤێک جیهانی خۆی لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت، کاتێک مرۆڤ دەمرێت تەنها جەستە نییە کۆتایی دێت. هەروەها هەموو ئەو جیهانەی کە ئەو کەسە ئەزموونی کردووە، هەر لە یادەوەری و پەیوەندی و هەست و ئەزموونەکانی  کۆتایی دێت.

دەتوانرێت سود لە بیرۆکەی هەردوو فەیلەسوف ئێدمۆند هوسێرل و مۆریس مێرلۆ-پۆنتی (Maurice Merleau-Ponty ـ  Edmund Husserl) وەربگیرێت، بیرۆکەکانیان یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی تێبگەین کە بۆچی دەتوانرێت شانۆنامەی پاشا دەمرێت وەک شانۆنامەیەک بخوێنرێتەوە کە باس لەوە دەکات کە چۆن جیهانی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی هۆشیارییەوە بوونی هەیە. گرنگترین پرسیاری ئەوان ئەوەبوو کە مرۆڤ چۆن ئەزموونی جیهان دەکات؟. بە پێی ئێدمۆند هوسێرل فەلسەفە نابێت بە پلەی یەکەم بپرسێت جیهان چییە، بەڵکوو دونیا چۆن دەردەکەوێ بۆ ئاگایی ئێمە.

لە شانۆنامەکەدا پادشا وردە وردە کۆنترۆڵی جەستەی خۆی لەدەست دەدات، لە کۆتایدا ناتوانێت بجوڵێت، لە کاتێکدا کە توانای جوڵەی نامێنێت. لەوکاتدا هەموو جیهانەکەی دەگۆڕێت. لێرەدا ڕوانگەی مێرلۆ-پۆنتی فریامان دەکەوێت کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاتێک جەستە دەگۆڕێت، شێوازی ئەزموونکردنی جیهانیشمان دەگۆڕێت

چۆن فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژیا ــ دیاردەناسی یارمەتی زیاترمان دەدات بۆ  تێگەیشتن و شیکاری لە دەقەکەدا. ئیۆنێسکۆ مردن وەک ڕووداوێکی بایۆلۆژی نیشان نادات، بەڵکو وەک گۆڕانکارییەک لە هەموو جیهانی مرۆڤدا نیشان دەدات

لەگەڵ هوسەرلدا،  دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی وا دیارە جیهانی پاشا هەڵدەوەشێت، کاتێک هۆشیارییەکەی پێشوی نامێنێت و گۆڕانی بەسەردا دێت، یاخود کاتیك مرۆڤ هوشیاری لە دەست دەدات، ئیدی کەس نامێنێت ئەو جیهانە ئەزموون بکات.

لەگەڵ مێرلۆ-پۆنتییشا  دەتوانین لەوە تێبگەین کە بۆچی جەستەی پاشا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت: کاتێک جەستە دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات، شێوازی بوونی لە جیهانیشدا دەگۆڕێت

هەردوو فەیلەسوفی دیاردە ناسی پێیان وایە جیهان هەمیشە لە ڕێگەی هۆشیارییەوە ئەزموون دەکرێت. ئێمە هەرگیز دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆمان بە “جیهانێک لە خۆیدا” نییە؛ ئێمە لە ڕێگەی ئەزموونەکانمانەوە جیهان دەناسین

لە شانۆنامەی پاشا دەمرێت، ئەم بیرۆکەیە بە شێوەیەکی دراماتیک دەخریتە ڕوو، وەک چۆن هۆشیاری بیرانژێر وردە وردە نامێنێت، ئەو جیهانەی کە بۆ ئەو هەیە، بە هەمان شێوە نامێنێت. لە هەمان کاتدا بیرێکی بوونگەرایی هەیە، لەوێدا  مردن تەنها مانای کۆتایی ژیان نییە، بەڵکو کۆتایی ئەو جیهانە ناوازەیەشە کە هەر مرۆڤێک لەناو خۆیدا هەڵیدەگرێت. بۆیە بۆ بیرانژێر هەست دەکات کە هەموو جیهان بەرەو کۆتایی دەڕوات، هەرچەندە بوونی جیهان بۆ خەڵکانی تر بەردەوامە.

بەڵێ. هوسەرل و مێرلۆ-پۆنتی هەوڵدەدەن باس لەوە بکەن کە مرۆڤەکان چۆن جیهان ئەزموون دەکەن،  تیۆری فەلسەفی سەبارەت بە ئەزموون و هۆشیاری پەرەپێدەدەن، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا ئیۆنێسکۆ شانۆنامەنووسە. ئیۆنێسکۆ ئەو پرسیارانە لەسەر شانۆ لە ڕێگەی هێما و دیالۆگ و شانۆوە دەخاتە ڕوو. ئەو تیۆرێکی فەلسەفی دروست ناکات، بەڵکو ڕێگە بە بینەر دەدات ئەزموون بکات کە چۆن جیهانی مرۆڤێک وردە وردە دەتوێتەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە مردن

بۆیە فەلسەفەی ئەوان دەتوانێ یارمەتیدەرمان بێت بۆ لێکدانەوەی شا دەمرێت، هەرچەندە ئیۆنێسکۆ شانۆگەرییەکی دیاردەناسیی بە مانا فەلسەفییە قوڵەکەی نەنووسیوە.

لێکچوونەکان جیاوازییەکان لە نێوان ڕۆمانی مردنی  ئیڤان ئیلیچ و شانۆنامەی پادشا دەمرێت:

شانۆنامەی مردنی پاشا لە نووسینی یوجین ئیۆنێسکۆ و مردنی ئیڤان ئیلیچ لە نووسینی لیۆ تۆڵستۆیە،  هەردووکیان باس لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانی مرۆڤ دەکەن، بەڵام بە شێوازی زۆر جیاواز چیرۆکی مردن دەگێڕنەوە،

هەردووکیان لە دەوری پاڵەوانێک دەسوڕێنەوە کە دەبێت مردنی خۆی قبوڵ بکات، مەرگی ئیڤان ئیلیچ کورتە ڕۆمانێکی واقیعییە، لە کاتێکدا مەرگی پاشا شانۆنامەیەکی سەر بەڕێبازی ئەبسوردە.

هەردوو پاڵەوانەکان بیرانژێر و ئیڤان ئێلیچ بە گەشتێکی ناوەوەدا تێدەپەڕن لە ئینکارییەوە تا پلەیەکی دیاریکراو لە قبوڵکردن. ئیڤان ئیلیچ دادوەرێکی ئاساییە؛ شا بیرانژێ پاشایەکی ڕەمزییە کە بە گشتی نوێنەرایەتی مرۆڤایەتی دەکات.

هەردوو دەقەکە، (پاشا دەمرێت) و( مەرگی ئیڤان ئێلیچ) بەدواداچوون بۆ مانای ژیان دەکەن، لە بارەی ئەوەی چی گرنگە کاتێک مردن نزیک دەبێتەوە. تۆڵستۆی سەرنجی لەسەر ئەخلاق و ویژدان و مرۆڤایەتییە. ئیۆنێسکۆ زیاتر سەرنجی لەسەر دڵەڕاوکێی بوونگەرایی و بێدەسەڵاتی مرۆڤ لە بەرامبەر مردندایە

هەردووکیان پێمان دەڵێن، کە چۆن کەسانی دەوروبەری کەسە مردووەکە بە شێوازی جیاواز کاردانەوەیان دەبێت. لە لای تۆڵستۆی ڕەهەندێکی ڕوونی ئایینی و ئەخلاقی هەیە، لە ئیۆنێسکۆدا پەیامەکە زیاتر فەلسەفییە و بۆ لێکدانەوە و شیکاری کراوەیە.

ڕوانگەی مردن:

لە دەقی (مردنی ئیڤان ئیلیچ)دا، مردن دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەشەسەندنی کەسایەتی و ڕۆحی. ئیڤان تێدەگات کە بۆ پێگە و سەرکەوتنی دەرەکی ژیاوە و بە قبوڵکردنی ڕاستییەکانی ژیانی خۆی جۆرێک لە ئارامی ناوەوە دەدۆزێتەوە. گەیشتن بەم بڕیارە ڕەهایە ئازادی دەهێنێت بۆ مەرگ.

لە دەقی (پاشا دەمرێت)دا مردن وەک بارودۆخێکی گشتگیر و  حەتمی خراوەتەڕوو. پاشا بە نائومێدیەوە دژی چارەنووسی خۆی دەجەنگێت و شانۆنامەکە نیشانمان دەدات کە مرۆڤ چۆن هەوڵدەدات دەست بە دەسەڵات و ناسنامە و کۆنترۆڵەوە بگرێت هەرچەندە هەموو شتێک دەبێت کۆتایی بێت.

بەرەو پێشچوونی پاڵەوانەکان:

ئیڤان ئیلیچ لە ڕێگەی خۆپشکنین و تێڕامانێکی خۆوە گەشە دەکات و لە ڕووی ئەخلاقییەوە دەگۆڕێت و پێش مردنی زیاتر هاوسۆز و بەبەزەیی دەبێت.

شا بیرانژێر و وردە وردە واز لە ژیانی خۆی و دەسەڵات و کورسیەکەی دەهێنێت و گەشتەکەی کەمتر ئەخلاقییە و زیاتر بوونگەراییە ـ وجودییە، مەبەست ئەوەیە نابێت بە کەسێکی باشتر یان خراپترلە ڕووی  ئەخلاقیەوە گۆڕانی بەسەردا نایەت، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە. ڕەنگە گەورەترین ئەو پرسیارە  بوونگەراییە بێت لە خۆمانی بکەین بڵێن ” من کێم کاتێک خاوەندارێتی هەموو شتێکم کردبێت، بەو سەروەت و موڵک و کورسیەوە دەناسرێم بەڵام نامێنێت” چۆن دەژیت لە کاتێکدا مردن حەتمییە، یاخود مردن مانای چییە؟

دوا ئەنجام

تۆڵستۆی دەیەوێت نیشان بدات کە ژیانێکی ڕەسەن و پڕ لە خۆشەویستی تەنانەت لە بەرامبەر مردنیشدا مانا دەبەخشێت. ئیۆنێسکۆ زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە مردن بەشێکە لە بارودۆخی مرۆڤ و کەس ناتوانێت لێی ڕزگاری بێت. بەڵام هەردوو بەرهەمەکە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن کە قبوڵکردن گرنگترە لە ئینکاری.

لێکچوونی سەرەکی ئەوەیە کە هەردوو بەرهەمەکە پیاوێک وێنا دەکەن کە بە ناچاری ڕووبەڕووی مردنی خۆی دەبێتەوە، لە دواجاردا وردە وردە مەرگی خۆی قبوڵ دەکات. جیاوازی سەرەکی ئەوەیە کە تۆڵستۆی چیرۆکێکی واقیعی بە پەیامێکی ئەخلاقی ڕوون و تا ڕادەیەکیش ئایینی بەکاردەهێنێت، لە کاتێکدا ئیۆنێسکۆ شانۆی بێمانا بەکاردەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسیارە بوونگەراییەکان سەبارەت بە ژیان و مردن و تەنیایی مرۆڤ

ئیۆنێسکۆ زیاتر ڕەشبینە، لە شانۆنامەی پاشا دەمرێت هیچ چارەسەرێکی فەلسەفی ڕوون نییە، شانۆنامەکە بە پلەی یەکەم ئەزموونی مردنی مرۆڤ نیشان دەدات، نەک ئەوەی کە ئەم ئەزموونە بە مەرج ببێتە هۆی ژیانێکی باشتر یان مانادارتر

پەراوێز:

(١) نیرڤانا (بودایی)، ئازادبوون لە ئازار و لەدایکبوونەوە. نەک بەهەشت، بەڵکو حاڵەتێکە کە ئارەزوو و نەزانی تێیدا وەستاوە.

ــ بەهەشت (مەسیحیەت و ئیسلام)، هاوبەشیکردن لەگەڵ خودا دوای مردن.

ــ سامسارا (هیندۆسی و بودایی)، خولی لەدایکبوون و مردن و دووبارە لەدایکبوونەوە.

ــ هیچ،  کە مردن کۆتاییە و هیچ هۆشیارییەک بەردەوام نییە.

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.