ڕاپەڕینی دێسمبەری ٢٠٢٠ - کوردستان - ڕانیە

لە ستایشی ڕووخاندندا


Loading

دیلان قادر

لە ستایشی ڕووخاندندا

دیلان قادر

با لە دادپەروەرییەوە دەستپێبکەین: لە هەر جێیەک دەزگایەک نەمایەوە گەندەڵی هەتاکو بینەقاقای نەهاتبێت، هەموو ئەو دەزگایانە شایستەی ئەوەن بڕوخێندرێن. لە هەر جێیەک گروپێکی سیاسی قۆرخی دەسەڵات و ئابووری و هێزی چەکداریان کرد، ئەو گرووپە قابیلن بە ڕووخاندن. لە هەر جێیەک حکومەت بوو بە ئامڕازێک بە دەستی چەند بنەماڵە و کەسانێکی مافیاییەوە، حکومەت مەحکومە بە ڕووخاندن. لە هەر کاتێکدا هیوا لە کۆمەڵگەیەکدا کورتکرایەوە بۆ وشەیەکی بێژیان، هیوا بوو بە هەناسەیەکی لە سینەدا قەتیسماو چونکە کۆمەڵگە چنگی لە ملی وزە و بەهرە گیرکردووە، با ئەو کۆمەڵگەیە ژێراوژوور بکرێتەوە.

هیچ یەکێک لەوانە تۆڵەسەندنەوە نین. کۆمەڵگەیەکی دژ بە نوێبوونەوە، سروشتی کۆمەڵگەیەکە مەحکومە بە مەرگ. حکومڕانیەتی ستەمکار هەموو شتێک دەکات بۆ مانەوەی، هەربۆیە مافی هەمووانە هەموو شتێک بکەن بۆ ڕووخاندنی. وەک هەر مافێکی تریش، مسۆگەرکردنی ئەو مافە ئەرکە.

 

با لە ڕاستییەکان بڕوانین: بینای نوێ لەسەر زەوییەکی فشەڵ بونیاد نانرێت. کۆمەڵگەی دادپەروەریش لە خاکێکی ژەهراوی بە خزمخزمێنە و حیزبپەرستی نایەتە بوون. ئازادی لە کاتێکدا مانادارە کە یاسا بێلایەن و سەروەربێت، بەدەر لەوە، ئازادی وشەیەکی گاڵتەجاڕانەیە دەسەڵاتداران بەهۆیەوە دەیانەوێت ڕووگیرمان بکەن و ڕووی خۆیان جوانتر. ئەوەی لە نەبوونی هەلی کاری یەکساندا، لە نەبوونی دونیابینییەکی ژیاندۆستدا، لە نەبوونی مافدا، باسی ئەوە دەکات دەزگای حکومی موڵکی گشتییە، لەوە تێنەگەیشتووە کاتێک شتێک نییە ناوی غەمی گشتی بێت، شتێکیش نابێت ناوی موڵکی گشتی بێت.

ئەمەش دەمانباتە سەر ئاکار: ئازارگەیاندن بەئەوانیتر نەکرێتە ئامانج و ژیانێکی شکۆمەند ڕێبەر بێت. ڕووخاندن فەلسەفە نەبێت، بەڵکو ئەو ئەرک و لێپرسراوێتیەی لە دوای ڕووخاندن دەگیرێتە ئەستۆ. لەیادمانی ئەوەی دوای ڕووخاندن کارێکی سەخت دەستپێدەکات، کارێکی جیاوازتر لەو هەڵچوونەی لە ڕووخاندندا هەستیپێدەکرێت، کارێک پشوودرێژی و خۆنەویستی دەوێت. ئەوەی دەیکەن دەیکەن چونکە دەتانەوێت ژیانی ڕۆژانە بەهادار و جوانتر بکەن. ئەوەی دەیڕووخێنن دەیڕووخێنن چونکە بۆگەنی کردووە. ئەوەی بونیادی دەنێن بونیادی دەنێن چونکە ژیانێکی شایستە فەراهەم دەکات، یان ڕاستتر، هەوڵدەدات فەراهەمی بکات، چونکە ململانێی نێوان ژیانی شایستە و ناشایستە هەتاهەتاییە.

دواجار پرسیاری ئەوەی بۆچی ڕووخاندن؟ چونکە سیستەمەکە وەها گەشەی کردووە قبووڵی چاکسازی ناکات، هەربۆیە دەبێت بڕووخێندرێت. چونکە هەوڵە کەسییەکان دڵۆپێک هیوان لەناو دەریایەک لە بێهیوایی. چونکە خۆڕێکخستن و کاری پێکەوەیی تاقە ڕێگای هێنانەدی سبەینێکی جیاوازە. چونکە پێویستە هەرچی جومگەبەدەستی دەسەڵات هەیە ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

هەربۆیە: با ئەوەی دژی تاک و هاوڵاتییە، ئەوەی سووک تەماشای دادپەروەری و ئازادی دەکات، چ لە ئێستادا بێت یان لە داهاتوودا، بڕووخێت. با بینا حکومی و حیزبییەکان کۆنتڕۆڵبکرێن. با دەروازە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵبکرێن. با مشتومڕی زۆر و درێژ دەربارەی داهاتوویەکی جیاوازتر لەگەڵ یەکتریدا بکرێن. سەرکەوتن مسۆگەر نییە. تاقە دڵنیاییەک هەبێت لە هەوڵداندایە. ئاکام هەرگیز مسۆگەر نییە و نادیارە، هەر ئەو نەزانراوی و نادیارییەشیەتی وادەکات ئەوانەی بە دڵێکی گەرم و بڕێک وریاییەوە بەرەو ڕووی دەڕۆن کەسانی خاوەن ڕوئیا و هیواخواز و گەنجانن.

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌