
سه‌رگه‌ردانییه‌كانت به من بده و
ئه‌م قه‌سیده له‌یادكراوه‌له‌گه‌ڵ خۆت ببه
بیبه له خوانێكی به مۆم ڕازاوه‌دا، به دیار ته‌نیاییته‌وه
لێی ڕامێنه،
چیرۆكی ئه‌وینێكی بۆ بگێڕه‌وه
تێدا، دوو چۆله‌كه‌ی دوو مه‌مله‌كه‌تی نامۆ،
له مۆزه‌خانه‌یه‌كدا پێكده‌گه‌ن و بۆ ساتێك
مێژوو فه‌رامۆشده‌كه‌ن…
له به‌ره‌به‌یانی دوای شه‌وێكی مه‌ست، له ناو چاوه پڕ نێرگزه‌كانی تۆدا
چی ده‌مێنێته‌وه جگه له یاده‌وه‌ری نووقمبوون له هه‌ناسه‌كانت؟
جگه له ته‌مه‌نایه‌ك به‌وه‌ی تۆ سروشێكی جاویدانی و
منیش نیگاركێشی گریه و خه‌نده‌ت؟
له كزه‌باكان ده‌سڵه‌مێمه‌وه…
ده‌ترسم گه‌رمایی شوێن په‌نجانت له‌سه‌ر باڵم بسڕنه‌وه،
یان وروده ئاهت له یاده‌وه‌ریم بتۆرێنن.
دووریت به‌سته‌ڵه‌كێكه و دامده‌چڵه‌كێنێ،
له دووریی… خۆم به دوور ده‌گرم،
نه‌وه‌ك نیگاكانت، قووڵ وه‌ك چاوانی یه‌زدان له ئاسماندا،
به‌سه‌ر پێڵووه‌كانمه‌وه ببن به شه‌خته.

هیچ پێكه‌نینێك ئه‌م جێبرینه‌ی بۆ ناشاردرێته‌وه،
هیچ خرۆشانێك ئه‌م زامه‌ی بۆ دانامركێته‌وه،
هیچ ڕێبوارێك ئه‌م وێڵبوونه به مه‌نزڵ ناگه‌یه‌نێت،
هیچ ڕیشۆله‌یه‌ك چیلكه‌ی هێلانه‌یه‌كی خه‌یاڵی بۆ كۆناكرێته‌وه…
جێم مه‌هێڵه كاروانسه‌رای خه‌ونه زیندووه‌كان
من گه‌رچی ڕۆحێكی ونبوو و دڵێكی له‌تكراو و جه‌سته‌یه‌كی نه‌ناسراو بم،
گه‌رچی ده‌نگێكی بزر و هاوارێكی نه‌بیستراو بم،
كونده‌په‌پویه‌كی خه‌وكوژ و شه‌وكژ بم،
بڵێسه‌یه‌كی گه‌ڕیده‌م،
چۆن ئه‌شق به خامۆشی شۆڕشی له گیانمدا هه‌ڵگیرساند
ئاوا به جیهاندا ڕه‌تده‌بم و ئه‌وه‌ی لێم جێده‌مێنێ
چۆڕێك شیعری ئاڵی سه‌رگه‌ردانه…

ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه.