له هۆڵێكدا گردبووینه‌وه و سه‌مامان كرد

پێڵاومان داكه‌ندبوو، زه‌وی ختووكه‌ی پێی ده‌داین
مه‌ی به‌ر لێومان نه‌كه‌وتبوو
مۆسیقا جه‌سته‌ی مه‌ست كردبووین
خۆشییه‌ك له هه‌وادا بوو پێستمانی شه‌یدا كردبوو
لێمان ده‌ئاڵا، هه‌ڵمان ده‌مژی
وه‌ها گه‌ش بوو به چاولێكنانیش ده‌ماندی
كچێك هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی بوو
پیاوێك ده‌خولایه‌وه
كوڕێك ده‌له‌رییه‌وه
ژنێك لاسایی باڵنده‌ی ده‌كرده‌وه
تۆش عه‌زییه‌كی سپی خهتخهتت له‌به‌ردابوو
له جیهانێك دابڕابووین و له ناو یه‌كێكی تردا
وه‌ك میزه‌ڵدان خۆمان دابوویه ده‌ست جووڵه‌وه
جووڵه‌ی خۆشی، چێژ و غه‌م
جووڵه‌ی سه‌رشێت، بێگانه‌یی و ته‌نیایی
له نێوان جووتێك گواره‌ی ئاڵتوونییه‌وه
بزه‌یه‌كم ده‌بینی ئاشنا به ڕۆح
ئاشنا به دڵ
چه‌ند ده‌ستێكی بێشوناسم ده‌بینی
بانگهێشتیان ده‌كردم بۆ ئازادیی
مۆسیقا هه‌وره‌بروسكه بوو ڕایدهچڵهكاندم
هۆڵه‌كه گه‌ردوون بوو ئێمه‌ش ئه‌ستێره
(له ناو هارمۆنییه‌تی بێنهزمدا شه‌پۆل ده‌ده‌ین)

مانگم ئه‌و بوو
خۆرم ئه‌و بوو
نزیكترین ئه‌ستێره‌م بوو
ئه‌و هێزێك بوو ڕایدهكێشام، دهیههژانم
دهیلاوانم و له ژێر بارانێكی میهره‌باندا
جێمی ده‌هێشت
ئه‌و لێره‌بوو و دیار نه‌ده‌ما
ئه‌و ده‌ڕۆشت و ناومی دێنا
منیش دوای ده‌نگی كه‌وتبووم
له‌م جیهانه ده‌چمه ده‌رێ و له ده‌ره‌وه
وه‌ك ئه‌وه‌ی بێدارییه‌كی جودا به‌رقه‌رار بێ
هاژه‌ی ئۆتۆمبێلم دێته به‌رگوێ
هۆڕێنی شۆفێری پاسه‌كان
ده‌نگی نه‌وره‌سێك له ئاسمان
دوورێتی ئه‌ستێره خه‌واڵووه‌كان
كزێتی گڵۆپی جاده‌كان
جوێندانی سه‌رخۆشێك به مێژوو
شاگه‌شكه‌بوونی ده‌نگێك به گه‌نجێتی
ئه‌ویش له ته‌نیشتمدا ڕێ ده‌كا
به هه‌مان هێز كێشم ده‌كا
له‌و جیهانه‌ی پێشتر بێت یان ئه‌میان
ده‌زانم چه‌ند دێڕه شیعرێكه
له ناو هۆڵ و له كاتی سه‌مادا بێت
له‌سه‌ر جاده و له ژێر گڵۆپهكاندا بێت
دێمه‌وه لای

وه‌ك په‌روانه‌ی دێوانه‌ی تیشك
وه‌ك هه‌ڵكشانی ده‌ریایه‌ك بۆ لای كه‌نار
وه‌ك شاعیرێك بۆ لای شیعر
دێمه‌وه لای
جیهانه‌كان ته‌نها وشه و ته‌نها ناون
مێشكم واقیع دهقرمێنێ
ئه‌و پاسه نه‌فره‌تییه هه‌ر ناگا
ئه‌م شه‌وه چاوی ناچێته خه‌و
ئه‌م شیعره كۆتایی لێ بزر بووه و
له نێوان چه‌ندین جیهاندا هه‌وڵ ده‌دا
به ئه‌و بگا
