ڕەگەزنامەی ئێراقی ؛ ڕەگەزنامەی مەرگ

Loading

د.ئەمین عوسمان

کاتێ باس لە ئەنفالکردنی یەزیدیەکان دەکرێت، مرۆڤ ناتوانێت یەک وشەش بەهێمنی بنوسێت. لەم هەرێمەدا، نەک تەنها سەلەفیەکان، بەڵکو بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسیاران تووشی قەیرانی عەقڵ بوون. ئەگەر تۆزێک عەقڵیشیان هەبێت، ئەوا ئەو تۆزەش بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکاردێنن.

لەم هەرێمەدا، هەموو هاوڵاتیەک هەڵگری رەگەزنامەیەکە کە ڕەنگە ببێتە هۆی کوشتنی. لە عیراقیشدا، لە 2003 وە، باسی (کوشتن لەسەر ڕەگەزنامە) دەکرێت، کەچی کەسێکیان ئاوڕنادەنەوە لەو ڕەگەزنامەیەی کەهەموو کەسێک هەڵیدەگرێت و ڕۆژانەش کاری پێدەکرێت.

بەداخەوە، لەوە دەچێت ئەو وتەیە ڕاست بێت کە دەڵێت:( لەم وڵاتەدا، تەنها سەروپێ فرۆش سوود لە مێشک دەبینێت). لەو ڕەگەزنامەیەدا (البطاقة الشخصية/هوية الأحوال المدنية). لەبڕگەی( ئاین و عەقیدە) بۆ برا یەزیدیەکان دەنوسرێت (یەزیدی) هەربۆیە ئەو ڕەگەزنامەیە، وەک ئامرازێکی کوشندە  لە ئەنفالکردنی برا یەزیدێکاندا بەکارهێنرا. بەو ڕەگەزنامەیە داعش کجانی یەزیدی لە خەڵک جیادەکردەوەو سەبیانی دەکرد. هەر ئەو ڕەگەزنامەیە ڕۆڵی بەشەرعیکردنی فروشتنی ئەو کچانەی بینی، چونکە ئەگەرلەبڕگەی ئایندا بنوسرایە (موسوڵمان) ئەوکات ئەو کڕین و فرۆشتنە حەڵال نەدەبوو. ئەو ڕەگەزنامەیە ڕۆڵی کەتەلۆکی کرێن و فرۆشتنی ئەو کاڵایانەی بینی کە پێیان دەگوترا کچانی یەزیدی.

ئەگەرچی هۆکارەکانی شکستی ئەنفالی یەزیدیەکان دران بە لیژنەیەک و بەحیساب کەمتەرخەمان دەدرێن بەدادگا. بەڵام وەک هەمیشە نە لیژەنە دیارەو نە ئەنجام؟! بەدوور لە حیزبایەتی و ناوچەگەرێتی، ئەگەر ئەو لیژنەیە، یەک تۆز زانستی بوایە، دەبوایە یەکسەر پێشنیاری گۆڕینی ( البطاقة الشخصية/هوية الأحوال المدنية ) بکردبایە. لانیکەم داوای لابردنی ناساندنی هاوڵاتی لەڕیگەی ئاینەوە بکردبایە. بەڵام وەک هەمیشە، لە کێشمەکێشمی حیزبەکاندا، بۆ ئەوەی پەرپرسێکی حیزبی ئیحراج نەبێت، ئەوا تاوانێکی تریش پەردەپۆش کرا.

بەداخەوە بەودەچێت خەڵکی ئەم هەرێمە خۆشە کرابێتن. بەر لە (ئەنفالی یەزیدیەکان) و دوای ئەوەش بەرپرسیاران بەچەپڵەو ماستاوکردن پێشوازیدەکرێن. وەک بڵێیت هیچ ڕووینەدابێت! لەم هەرێمەدا، خەڵک فێری ئەوەبوون، کە بۆ سەرۆک چەپڵە لێ بدەن. ئیتر گرنگ نیە کێ سەرۆک بێت، سەرکەوتوو بێت یان شکستخواردوو، گەندەڵ بێت یان دەستپاک، ڕۆشنبیربێت یان نەخوێنەوار!  گرنگ  ئەوەیە سەرۆکەو دەبێ چەپڵەی بۆ لێبدرێت. لەم هەرێمەدا ژمارەی ئەو لاپەڕانەی کەپەردەپۆش کراون، خۆی دەدات لەدەفتەرێک ! بەڵام، مێژووهەمووئەو لاپەڕانە دەنوسێنەتەوە، ناوی خاوەن قەرزو قەرزاران لەبیر ناچن. ئەو لاپەڕانە، با کۆنیش بن بەڵام نافەوتێن، وەک تورکمان ئەلێت( یاز دیوارە، قاڵسن بەهارە).

ژنانی یەزیدی لەترسی ئیسلامەیە توندڕەوەکان و بەسەبایاکردن ئاوارەبوون.
ژنانی یەزیدی لەترسی ئیسلامەیە توندڕەوەکان و بەسەبایاکردن ئاوارەبوون.

بگەڕێینەوە سەر باسەکەمان. زۆر شت  لەم کۆمەڵگایەدا، بوون بەبەشێکی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان، کەچی لەنەبوونی هەستی بەرپرسیارێتی بەرپرسیاران، نەک هەوڵی گۆڕینیان نادەن، بەڵکو هەرباسیشی ناکەن. یەکێک لەوشتانە ئەو ڕەگەزنامەیە کەهەمووان هەڵیدەگرین. ئەو ڕەگەزنامەیە، سەرەڕای ئەوەی کە لەروی شێوە و قەبارەوە ناشرین و گەورەیە، ئەوا لەناوەڕۆکدا، ڕەگەزنامەیەکی ڕەگەزپەرستەو، زۆرێک لەبرگەکانی بێ مانایە.

 

مێژوی ڕەگەزنامەی عیراقی:

لەناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابوردودا، لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی عیراق، دوای یەکەمین سەرژمێری دانیشتوان، پەرتوکێک پەیدا بوو، بەناوی ( دفتر النفوس). پاشان یاسای ژمارە 59 ی ساڵی 1955 دەرچوو، بەفەرمی ئەو پەرتوکەی بە دفتر النفوس ناساند. دەفتەر نفوس دوو ڕەنگ بوو، ڕەنگێک بۆ مێ و ڕەنگێک بۆ نێر! لەچەندین لاپەڕە پێک دەهات. پاشان یاسای ژمارە 65 ی ساڵی 1972 دەرچو، دەفتەر نفوس کرا بە ( هوية الأحوال المدنية)  پاشان کرا بە ( البطاقة الشخصية)، ئەوەی ئیستا کاری پێ دەکرێت.

 

لەڕووی شێوەوە:

ئەم ڕەگەزنامەیە بەڕێزانم  ڕەگەزنامەی  مەرگە، لەڕووی قەبارەوە، لەگەڵ ژیانی مۆدێرندا نایەتەوە. چونکە لە دونیای ئەمرۆدا، هەموو ئەو جۆرە ناسنامانە، قەبارەیەکی ستانداردی هەیەو بریتیە لە کارتێک، کەجێی دەبێتەوە لەجزدانی پارەدا. لەڕووی شێوەوە، جۆرەها تێکیستی شیوازی کۆن و ژمارە ومۆرو ئیمزای سەر لێتێکدەری تیایە.

کارتی پێناسەی کەسی ئەڵمانی وەک نمونە، دەتوانیت لەجیاتی پاسپۆرت سەفەری پێبکەیت
کارتی پێناسەی کەسی ئەڵمانی وەک نمونە، دەتوانیت لەجیاتی پاسپۆرت سەفەری پێبکەیت

زۆر جاریش بەدەست و خەتێکی ناشرین پڕکراوەتەوە و ئیمزایەکی گەورەی فەرمانبەرێکی پێوەیە، کە هیچ پەیوەندیەکی نیە بە کەسایەتی تۆوە. ئەم ڕەگەزنامەیە بەرواری تەواوبوونی نییە، ئەو رەسمەی دایدەنێن، ڕەنگە هی منداڵی بێت یان دەساڵ زیاتر کۆن بێت، بۆیە سیمای ئێستای هەڵگرەکەی پێوە نابێت. ئەمانە ڕەنگدانەوەی عەقڵی بیروکراتی سەدەی پێشووە. بەهەرحاڵ ئەمانە لەڕووی شیوەوە.

 

دەفتەر نفوسی ئێراقی ؛ ئاین و لەقەب !
دەفتەر نفوسی ئێراقی ؛ ئاین و لەقەب !

 

بەڵام کارەستەکە لە ناوەڕۆکدایە:

 

1. مەسەلەی لەقەب:

لەکۆمەڵگای دەرەبەگیدا، لەقەب و ناوی عەشیرەت ڕۆڵی خۆی هەبوو. بەڵام لەم سەردەمەدا، نازانم بۆچی دەبێت مرۆڤ بەخێڵ یان بەعەشرەت پێناسە بکرێت؟ مەسەلەکە نکۆڵیکردن نییە لەپەیوەندی تاک و عەشیرەتەکەی، ئەو دیاردەیە بوونی هەیەوە کەس ئینکاری ناکات. بەڵام ئەم ڕەگەزنامەیە، بۆ بەکارهێنانە لەدەزگا ڕەسمیەکاندا، نەک لەدیوەخانی عەشیرەتەکان. مەسەلەکە ئەوەیە کە لەژیانی مەدەنیدا، لەنێو دام و دەزگاکاندا، چی پێویست دەکات کەهاوڵاتیەک بەعەشرەتەکەیەوە پێناسە بکرێت؟ مەگەر بەرامبەر یاسا هەموو تاکەکانی کۆمەڵ یەکسان نین؟.

نازانم بۆ دەبێت لە ڕەگەزنامەدا بوترێت ئەمە بارزانیە یان تاڵەبانیە؟ مەبەستەکە چیە؟

هەموان چاک دەزانین، لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا، هاتوچۆ لەنێوان ناوچەی زەردو سەوزدا بۆ کەسانی ئەو دوو عەشرەتە ئاستەم بوو. ئەمە پەرەپێدان و زیندووکردنەوەی هەستی خێڵەکیە. کەدەبوایە لەگەڵ تەواو وونی دەرەبەگایەتیدا لەناوبچێت. ئەم بیرکردنەوەیە بەندە بە عەقڵی خێڵەکی بەرپرسیارانی عیراق و هەرێمەوە، بۆیە هەر وەک خۆی ماوەتەوە. باشە ئەوکەسانەی کە ئاغاو شێخ نەبوون یان بێ عەشیرەتن، ئەوان وەک سەردەمی دەرەبەگایەتی دەبێ بە (مسکێن) لەقەڵەم بدرێن؟؟..

لەم سەردەمەدا، بەداخەوە، لەوکاتەی کەگەنجێکی یابان شانازی بەدروستکردنی تەکنەلۆجیایەکی نوێوە دەکات، بەشێک لەگەنجانی ئەم وڵاتە (مەدەنیە) شانازی بە عەشرەت و سەرۆک هۆزەکانیانەوە دەکەن! بەڕەچاوگرتنی لایەنە زیانبەخشەکانی ئەم لەقەبە، دەکرێت لاببرێت و لەجیاتی ئەوە ناوی چواری بەکاربێت، ناوی باپیرە، یان باپیرە گەورە لەجیاتی فامیلی نەیم  و ناوی بنەماڵەو خێزانە گەورەکە بێت.

لە وڵاتانی تردا ناوی فامیلی هەیەو زۆرجار (ناوی پاپیر) بەلەقەب دادەنرێت. بڕگەی لەقەب لەڕەگەزنامەدا، هەم ڕەگەزپەرستانەیە، کە هاوڵاتیان جیادەکاتەوە، بەخاوەن عەشرەت و بێ عەشرەت، هەم بووە بە ئامرازێک بۆ کوشتن بەتایبەت لە شەڕی مەزهەبی ناوچەکانی عیراقدا، تائێستاش چەندین عەشرەتی عەرەبی لەلایەن داعشەوە ئەنفالکران، وەک ئەوەی بەسەر عەشیرەتی (البونمر)دا هات. هەر کەسێک لەو رەگەزنامەی  مەرگەدا،  لەقەبی (البونمر)بوایە، ئەوا گوللەباران دەکران.

 

2. مەسەلەی ئاین و عەقیدەت:

ئەمە کرۆکی کارەساتەکەیە. بۆچی دەبێت ئاینی ئینسانێک لە رەگەزنامەکەیدا ڕابگەینرێت؟  یەعنی لە دام و دەزگاکاندا، لە یاسادا، فەرقی بەینی موسوڵمانێکو مەسیحیەکو یەزیدیەک دەبێت چی بێت؟. ڕەنگە بڵێن لە دادگای باری کەسایەتی جیاوازی هەیە، ڕاستە بەڵام هەرکەس کاری بەو شوێنانە بێت، ئەوا بەئاسانی، بەیەک پرسیار مەسەلەکە حەلدەکرێت، دەڵی موسوڵمانم و تەواو. بەڵام بۆ باقی شوێنەکان، ئیسلام بیت یان مەسیحی، بەپێی یاسا هاوڵاتی یەکسانن. پاشان وەک لەسەرەتاوە باسم کرد، دەرخستنی ئەم ئاینە لە ڕەگەزنامەدا، بووە بە هۆی کوشتاری سەدان هەزار مرۆڤ. ئەوە کافی نیە بۆ ئەوەی تۆسقاڵێک ئەقڵ بەکاربێنن و بڵین: کەوابوو، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە بڕگەی ئاین لە ڕەگەزنامەدا لابەرین. کارەساتی گەورەتر لەوەدایە، کە پەرپرسیارانی ئەم سەردەمەی عیراق بەمەش ڕازی نین، ئەوەتا وەزیری دادی عیراق، پرۆژە یاسای ئەحوالی شەخسی جەعفەری ئامادەکردوەو ناردویەتی بۆ پەرلەمان، دەیەوێت مەزهەبەکەش بنوسرێت واتە شیعە یان سوننە. ئەمجار ڕەنگە سوننەکانیش بێنە جواب و بلێن، ئیمەی سوننە چوار مەزهەبمان هەیە ( حەنەفی، شافعی، حەنبەلی و مالیکی) دەبێت ئەوانەشی تیا بێت. ڕەگەزنامە دەبێت پێناسەیەکی مەدەنیانەی هاوڵاتی بێت، نەک سەر بەچی عەشرەتێکە یان ئیمانی بەچی هەیە. کارەساتی ئەم ئەحوال مەدەنیە، ئەوەیە کە هەردوو بابەتەکی گرتۆتە خۆ، هەم خێڵەکی و هەم ئاینیش.

 

3. برگە سەیرو سەمەرو بێ تامەکانی تری ڕەگەزنامە یان ئەحوال مەدەنی:

A. بڕگەی ڕەگەز: نێر یان مێ.ئافەرین بۆ ئەو ئەقڵەی کەئەم ڕەگەزنامەیەی داڕشتوە، ئەمە داهێنانە.! یەعنی ئەگەر هەڵگری ڕەگەزنامە، بچیت بۆ دادگا، یان لە بازگەیەکدا، کارمەندی دادگا یان بازگە نازانی ئەو کەسە نێرە یان مێیە؟ یان ئەبێت سەیرێکی بیتاقەکە بکات ئەمجار دەزانێت. ئەمە هیچ شتێک نیە بێجگەلە بێ ئەقلی ئیداری.

B. بڕگەکانی شێوە( مواسەفات): ئەمەش داهێنانێکی ترە. هەموو دانیشتوانی عیراق وەک لە ڕەگەزنامەکاندا دەنوسرێت ڕەنگیان گەنمیەو، چاویان نەرجسیەو قژیان ڕەشە، بالای زۆربەیان 160 سم. بەمەرجێک قەت بینیوتانە لە دایەرەی نفوس پێوەری باڵا هەبێت؟!.

پاشان بەپێی ڕەگەزنامەکان، باڵای خەڵکی عیراق رێژەی نەگۆرە، لەو رۆژەی کە ڕەگەزنامەکەی بۆ دەردەکەن باڵای ناگۆرێت. لەڕاستیدا، هەندێک شت مایەی پێکەنینە، بەڵام بۆ خۆی مەئساتە.

لەهەموی گرنگتر بڕگەی جۆری خۆینە ( فصيلة الدم) کەهەردەم بە بەتاڵی بە جێی دێڵن.! بەکورتی بیتاقەی ئەحوال مەدەنی، نە بیتاقەیە، نە ئەحوالیکی دروستەو نە مەدەنیە.

بەڕاستی هەرچەند سەیری بیتاقەی ئەحوال مەدەنیەکەی خۆم دەکەم شەرم دەکەم، بە شەرمی دەزانم هەویەیەک هەڵگرم کە لێی نوسراوە موسوڵمانم و لە برا یەزیدی و مەسیحی و زەردەشتی وبێ ئاینەکان جیام دەکاتەوە. بەشەرمی دەزانم ڕەگەزنامەیەک هەڵگرم کە دەڵی من ئەسڵم شیخە یان ئاغایە، هاوڵا تیەکی تریش مسکێنە.

گۆڕینی ئەم بیتاقەیە، ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت کارێکی ئاسانەو بودجەشی ناوێت. دەکرێت بەسود وەرگرتن لە وڵاتانی پێشکەوتوو، بەپرۆژەیاسایەک لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکەوە کاری بۆ بکریت و ئەم ڕەگەزنامەی مەرگە، لەکۆڵی ئەم خەڵکە بکەنەوە. ڕەگەزنامەیەکی مۆدێرن دروست کەن،  کە لەچەند دێرێکدا، پێناسەی مەدەنیانەی هاوڵاتی دەکات.

بۆ هەر موسوڵمانێکی بەڕێز، کە ئاینی ئیسلامی نەکردووە بە ئامرازێکی سیاسی و تیجارەت بەدینەکەیەوە ناکات، لابردنی بڕگەی ئاین لەو ڕەگەزنامیەدا کارێکی باشەو لە قازانجێتی. چونکە کەس نایەوێت دووبەرەکی لەنێوان موسوڵمانان و خەڵکی تریشدا دروست ببێت. هەموو کەسێکیش ئەوە دەزانێت، تا لەژیاندا بێت ئەو ڕەگەزنامەیە لەموسوڵمان بوونی نە زیاد دەکات نەکەمی دەکاتەوە. موسوڵمان بوون و ئیماندارێتی بەهەویە نیە. ئەوکاتەی دەمرێت و دەیخەنە ژێر گڵەوە، ئەو ڕەگەزنامەیە لە سوئال و جوابی قەبردا بەکار نایەت. واتە نە لەم دونیا نە لەو دونیاش، ڕەگەزنامە هیچ رۆلێکی نیە لە ئیماندارێتیدا. بۆ کاروباری شەخسی و دادگاش، دەکرێ سوود لە تۆماری فەرمی نوسینگەی نفوس بکرێت بۆ نمونە سورەت قەید، کە هەموو زانیاریەکی تیایە، لەوانەش ئاین. سەبارەت بە ئیسلامیەکان، ئەوانیش ئەگەر ڕاستگۆبن لەگەڵ شیعاراتەکانیاندا، نابێت لەگۆڕینی ئەو رەگەزنامەیەدا ڕێگری بکەن، چونکە لەسەردەمی پێغەمبەرەوە تا کۆتایی حوکمی خیلافەتی عوسمانی، شتێک نەبوو کە ناوی ڕەگەزنامە بێت. هیچ سەلەفێکی ساڵحیش ئەحوال مەدەنی یان سورەت قەیدی نەبووە. ئاینی ئیسلامیش بەبێ ئەو ڕەگەزنامەیە هەر بەردەوام بووە.

بەنسبەت پەرپرسیارانی ئەمڕۆی عیراق و هەرێم، ڕەنگە گۆڕینی ئەم ڕەگەزنامەی مەرگە، لەقازانجیاندا نەبێت. چونکە ئەگەر بیتاقەیەکی مەدەنی دروست بکرێت بۆ هاوڵاتیان، ئیتر کێ بکەن بە سووتەمنی شەڕی مەزهەبی، ئەگەر هەستی خێڵەکی وعەشیرەت سست بکەنەوە، ئیتر چۆن دەنگی فڵانە هۆز یان عەشرەت زامن دەکرێت. لەهەمان کاتدا پرۆژەیاسایەکی لەم جۆرە، بۆ ئەوان، هیچ قازانجێکی مادی تیا بەدی ناکرێت.

بەڵام، سەرەڕای ئەمانە، لەو بڕوایەدام کە لانی کەم لە کوردستاندا، چەندین ئەندام پەرڵەمانی بەڕیزو خاوەن ئیرادەمان هەیە، کەدەتوانن، ئەم ئەرکە بکەن بەئەرکی خۆیان و لەپەرلەمانی کوردستان و عیراقیشدا، وەک پرۆژە یاسایەک پێشکەشیبکەن. لەهەمان کاتدا، ڕێکخراوە مەدەنیەکان لەوانەش (دابڕان) دەکرێت لەم بوارەدا ڕۆڵی کاریگەر ببینن، بە بەڕیخستنی کەمپینی تایبەت بە گۆرێنی ئەم ڕەگەزنامەی مەرگە. لانی کەم لەبەر خاتری یەزیدیەکان، لەبەر ئەوەی ئامرازێکی کوشندە بوو لەئەنفالکردنیاندا. بۆ ئەوەی هیچ نەبێت لەو ڕێگەیەوە، تێکڕا بەئەندام پەرلەمانە بەرێزەکان وکۆمەڵگای مەدەنیەوە، پەیامێک بگەیەنین بەبراو خۆشکە یەزیدیەکانمان، بڵێین: داوای لێبوردنتان لێ دەکەین، بەڵی داوای لێبوردنتان لێدەکەین، ئێوە کەسوکاری ئێمەن، ئەو ڕەگەزنامەیەی ئێوەی پێ ئەنفالکران، ئەو ڕەگەزنامەیەی کچانی ئێوەی لەبازارەکانی موسڵ و ڕەقەدا پێ هەڕاجکران، پاشماوەی کۆن بوو. هەر ڕەگەزنامەیەکیش ئێوە لەئێمە جیابکاتەوە، فرێی دەدەینە زبڵدانی مێژووەوە.

 

د.ئەمین عوسمان

7.5.2015

کولتور مەگەزین:   ئەم بابەتەی  دکتۆر ئەمین  بەباتێکی گرنگە ، هیوادارین خوێنەرانی  ئەم نوسینە بەشداربن لەسەرنج و قسەکردن لەسەر یاسای باری کەسێتی ، کەبەتەواوەتی  حوکمی ئاینی ئیسلامەوی  تێدا ڕەنگیداوەتەوە!  بەتایبەت ئێستا کاتی گۆڕینی ئەم بەها کۆنین و کۆنزەرڤاتیڤانە هاتووە،  لەدەستوری داهاتووی هەرێمدا.

سەرچاوە : ماڵپەڕی (دەنگەکان ) هاوڕێمان.