نوسه‌ر؛ هاوار موحه‌مه‌د

(نـ)ـەوشیروان (مـ)ستەفا (ئــە)مین، یانزە تێز دەربارەى خیانەت


Loading

  1. “نما” كورتكراوەى هەر سێ پیتەكەى سەرەتاى ناوى باوكییەتى: (ن)ـەوشیروان (م)ستەفا (ا/ ئــە)مین، كەواتە دووپاتكردنەوەیەك هەیە؛ كوڕ باوك دووپات دەكاتەوە. بەڵام لەبەرئەوەى هەر تایبەتمەندییەك تایبەتمەندیى ناوە، كەواتە نما بە تەواوەتى نەوشیروان مستەفا ئەمین نییە، چونكە ئەم ناوەى دووەمیان ناوى تایبەت Proper Nameـە، واتە كۆمەڵێك خەسڵەت و سیفەت دەگەیەنێت كە كەسێكیان بە تایبەتى پێدەناسرێتەوە ئەگەر ناوى خۆیشى نەڵێت.

    ناوى تایبەت ئەو سیفەتانە دەگەیەنێت كە وا لە كەسێك دەكات بناسرێتەوە تەنانەت ئەگەر خودى ناوەكەیش گۆ نەكرێت و نەوترێت، بۆیە ناوى تایبەت پتر ئاماژەیە بە ستایلێك. هەمووان خاوەنى ناوى تایبەت نین، بۆ نموونە؛ سەعدى پیرە و فازڵ میرانى هەرچۆن بە ناوەكانیاندا بیانناسینەوە، دواجار گوزاشت نین لە ناوێكى تایبەت، وەك ئەوەى بۆ نموونە لە دەنگ و ڕووخسار و نیگاى تیژ و خەندەى جددیى و مكوڕى و تەپڵەكى جگەرە و مێزى دانیشتن و پاشانیش لە گردى زەرگەتەدا وەك تایبەتمەندیى نەوشیروان مستەفا هەستى پێدەكەین. نما ناوى تایبەت نییە، جا چ باوكى دووپات بكاتەوە، یان نەیكاتەوە، بۆیە ناتوانێت ببێت بە ناوێكى ترى تایبەت وەك باوكى؛ نما ناوە بۆ كوڕێك كە تەنیا دەتوانێت دەستكاریى ناوى تایبەتى باوكى بكات، پڕى بكات لە كەلێن، یان تەنانەت هەڵیبوەشێنێتەوە.

  1. هەموو تێرمەكانى وەكو: باوكى نەتەوە، باوكى ڕۆحى، باوكى هەژاران، باوكى میللەت و هیتر لە لۆژیكى خێزانەوە وەرگیراون كە بۆ كۆمەڵگەیەكى نەریتیى وەك ئێمە بوونى كوڕیش دەخوازێت. بوونى باوك گەرچى پێشمەرجى بوونى كوڕە، بەڵام تەنیا بوونى كوڕ دەتوانێت پێشمەرجەكەى خۆى، كە بوونى باوكە، بسەلمێنێت یان بیكات بە واقیع. بوونى كچ یان نەبۆتە سەلمێنەرى هیچ باوكایەتییەك، یانیش تەنیا لەوێدا باوكایەتى باوكى سەلماندووە كە كچ خەرمانەى دەورى كوڕ بووبێت. كچ یان هیچ شتێك ناسەلمێنێت، بۆیە دەبێت بسڕدرێتەوە (بەشێوەى ڕەمزى و واقیعى)، یانیش تەنیا دەتوانێت ببێت بە بەشێك لە كوڕ، بۆ نموونە بەشێوەى خزمەتكار و كەیبانووى ماڵ؛ واتە بەشدار بێت لە بەرهەمهێنانەوەى كوڕدا. بەم پێیە حزوورى باوك چەندە پاتریاركییانەیە هێندەیش نێرسالارانەیە، چونكە تەنیا لە ڕێگەى كوڕەوە دەشێت نەسل بەردەوام بێت كە بریتییە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەى باوك: بەرهەمهێنانەوەى باوك لە ڕێگەى كوڕەوە، كۆپیكردنى باوك لە كوڕدا. بەڵام هەر لەم بەرهەمهێنانەوەیەدا ئیمكانى نا-بەرهەمهێنانەوە و كۆپیى خراپ سەرهەڵدەدەن.

  1. وریا ڕه‌ش (ڕه‌زاقی وه‌ستا وه‌هاب) گه‌نجێكی شۆڕشگێڕی دژی فاشیزمی به‌عس، ‌به‌ فه‌رمانی نه‌وشیروان و به‌ده‌ستی جه‌بار فه‌رمان به‌ته‌ور له‌شاخ و له‌هه‌شتاكناندا ده‌كوژرێت!

    گەر باوك كوڕ لەسەر شێوەى خۆى بەرهەمبهێنێتەوە، كەواتە شوناس دووبارە دەبێتەوە و بازنەكە بەردەوام دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەمە مەحاڵە ڕووبدات، چونكە كوڕ ناتوانێت تەنیا باوكایەتى باوك بسەلمێنێت و دەست لە كوڕێتیى خۆى هەڵبگرێت. كوڕ لە یەك كاتدا هەم باوكایەتى باوك دەسەلمێنێت و هەم كوڕێتیى كوڕ. ئیمانوێل لێڤیناس ئەمە بە ڕزگاركردنى باوك لە خۆى دادەنێت. كوڕ وەك “ئەویترێك” شوناسى داخراوى باوك دەشكێنێت و دەیكاتەوە، بەم جۆرە باوك لە خۆى ڕزگار دەكات. ئەوەى لێڤیناس ناوى دەنێت ڕزگاركردن جێگرتنەوەى كردەى بەناوبانگى كوشتنى باوكە. باوك تەنیا بەو شوناسەوە باوكە باوكى كوڕێكى ڕەسەنى وەك خۆى بێت، ئەسڵزادە بێت و سەر بە توخم و تۆوەكەى بێت. كاتێك شوناسى باوك شەق دەبات ئیدى كوڕ ئامادەى ئەوەیە بۆ جێگاگرتنەوەى باوك، باوكى بكوژێت و وەك سیمبۆلیش بیپەرستێت. ئەم كردەى لادانەى باوك لەسەر عەرش لاى لێڤیناس بەم جۆرە ڕوونادات، چونكە نایەوێت كوڕ، یان “برا گەورە” جێگاى باوك بگرێتەوە و ببێتەوە بە باوكێكى تر، باوكى دووەم و سێیەم و هیتر؛ كوڕ تەنیا لەوێدا بۆ لێڤیناس گرنگە كە باوك بەرهەم نەهێنێتەوە و لەبرى باوكایەتى، ئیمكانى برایەتى دابمەزرێنێت. ئەى ئاخۆ برایەتیش خۆى هەمان فۆڕمى ئاڵۆزترى دووپاتبوونەوە و باوكایەتى نییە؟

 

  1. بەختیار عەلى لە ڕۆمانى “دەریاس و لاشەكان”ـدا برایەتییش وەك درێژكراوەى باوكایەتى دەبینێت، دووبرا كە لە لۆژیكێكى ئاوێنەییدا یەكتر دووپات دەكەنەوە، دووبرا كە هەر یەك كەسن و دابەشبوون، دوو كەس كە لە یەك فۆڕمدا یەكترى دەنوێننەوە، دووبرا كە هەردووكیان یەك باوكى ڕۆحیى میللەت نماییندە دەكەن. ئەوان باوكایەتییان بۆ خۆیان وەرگرتووە و لەنێوان خۆیاندا دابەشیان كردووە، بۆیە بە هەردووكیشیان یەك باوكن. خولیاى ترسناك و خولیاى گەورە، ڕاستگۆیى و تەڵەكەبازى، دڵسۆزى و خۆپەرستى، تۆكمەیى و لاوازى؛ بە كورتى ئەو هەم باوكە و هەم بت، هەم هەژارێكە كە حەزى بچووك و هیچوپووچانەى بەرپرسەكانى ترى نییە و لە گەندەڵییەوە نەگلاوە، هەمیش وەك نەرسیسێكى گرگن كە بەدواى نەمریی خۆیدا دەگەڕێت و سڵ لە هیچ شتێك ناكاتەوە. بەڵام ئەم لۆژیكەى جمكەكان (دووانەكان) هەمیشە بە تەواوەتى لەنێوانیاندا ئیش ناكات، بەڵكو ڕەنگە سەربكێشێت بۆ شیزۆفرینیا و هەوڵى یەكتر سڕینەوەیش، ئیدى لە دابەشبوونێكدا كە هەر ئاوێنەییە و هەردوو جمكەكە كە هەر وەك یەكن و تەواو لەیەك دەچن، بەرەو براكوژى مل دەنێن؛ یانیش دواى براكوژى یەكترى لە ئامێزدەگرن و ساز و تەبا لە پەیوەندییە ئاوێنەییەكەیاندا شادومان دەبن، ڕۆڵەكان لەگەڵ یەكتریدا دەگۆڕنەوە و هەموو شتێك لەنێوان خۆیاندا دابەش دەكەن. ئەوان یەك باوكن كە بەدواى نەمریى خۆیدا وێڵە.

 

  1. “وەسێت” جۆرێكە لە درێژكردنەوەى ژیان و هاوكاتیش مەحكومكردنى ژیان، سێبەرى مردوویەكە بەسەر داهاتووەوە وەك هەوڵێك بۆ نەمرى، یان هیچ نەبێ بۆ ماوەیەكى دیكەى مانەوە. وەسێت قسە و بڕیار و ڕاسپاردەیەكە لە ناو گۆڕەوە، چونكە هەتا خاوەن وەسێت زیندوو بێت، وەسێت تەنیا دەبێتە ڕێنمایى و هیچ قورسایى و ژێستێكى ئەوتۆ لەسەر نەوەكان دروست ناكات. تەنیا مردن ڕاسپاردە و ڕێنماییەك دەكات بە وەسێت؛ بەم جۆرە وەسێت، دوایین وەسێتى پێش مەرگ، پەیامێكە لەناو گۆڕەوە، لە جیهانى مردووانەوە بۆ جیهانى زیندووان، لە ڕووى فۆنیمیشەوە وشەى (وصیة) لە زمانى عەرەبیدا لە وشەى (وسیط)وە نزیكە كە بە ماناى “نێوانگر، میانجیگەر” دێت، وەك بڵێى وەسێت نێوانگرى نێوان هەردوو دنیاكەیەوە: دنیاى سەرەوە و دنیاى ژێرەوە، جیهانى مردووان و جیهانى زیندووان. لەبەرئەمەیە دوایین پەیام هەمیشە دەبێتە وەسێتێك كە دەگۆڕێت بۆ جۆرێك فەرمان لە سەرەوە و دەبێتە كامڵترین پلان و واجب كە مردوو بە زیندووەكانى دەگەیەنێت. یەكەمین هەنگاوى ڕەمزی جێبەجێكردنى وەسێت پرسەیە و یەكەمین هەنگاوى كردەییش دروستكردنى مەزارە وەك شوێنێكى پیرۆز بۆ بەڵیندان و دووپاتكردنەوەى ڕێبازى مردووەكە، ئەمە یەكەمین ساتى خیانەتیشە، یان ساتى هاتنەوەى سەرجەم خیانەتەكانى پێشترە بۆ نێو خیانەتێكى نوێ.

 

  1. فرانتز كافكا، ماكس بروردى هاوڕێى، خۆشەویسترین و متمانەپێكراوترین كەسى خۆى، ڕادەسپێرێت كە

    كۆچكردوو (نه‌وشیروان موسته‌فا) له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ – وه‌ك سكرتێری پێسووی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی – لینینی كوردستان (ڕه‌نجده‌ران) له‌خودا ده‌پاڕێته‌وه‌!

    لە دواى مردنەكەى سەرجەم بەرهەمەكانى بۆ بسوتێنێت؛ ئەمە وەسێتە بەناوبانگەكەى كافكایە. دواى ئەوەى كافكا دەمرێت، ماكس برود كتێبەكانى كافكا ناسووتێنێت و خیانەت لە وەسێتەكەى كافكا دەكات. دوو گرێ لەم وەسێتە و خیانەتەكەیدا هەیە: لەلایەك كافكا بەرهەمەكانى بە كەسێك سپاردووە بیسووتێنێت كە زانیوویەتى چەندە بەرهەمەكانى بۆ گرنگ و خۆشەویستە، كەواتە كافكا تەنیا دوایین گەمەى سەیرى خۆى كردووە: سپاردنى ئەركى سووتانى كتێبەكانى بە كەسێك كە دەستى ناچێتە سووتاندنیان. بەم جۆرە وەسێتەكە خۆى تەنیا ئەو كاتە ماناى ڕاستەقینەى خۆى وەردەگرێت كە خیانەتى لێ بكرێت؛ هەڵگێڕانەوەى وەسێتەكە خودى وەسێتەكەیە. گەر وابێ ماكس برود بە تەواوەتى پەیوەست بووە بە ڕاسپاردەكەى كافكاوە ئەگەرچى خیانەتێكى گەورەیشى لێكردووە. لێرەدا وەفادارى تەنیا لە ڕێگەى خیانەتلێكردنەوە دێتە دى. لەلایەكیتر، گەر كافكا بە ڕاستى ویستبێتى بەرهەكانى بسووتێنرێت و ئەم كارەیشى تەنیا لە نزیكترین هاوڕێى خۆى ڕابینیبێت، وەك بڵیى بەرهەمەكان تەنیا شایەنى ئەوەن بە دەستى ئەو بسووتێنرێن، كەواتە ماكس برود خیانەتى لە وەسێتەكەى كافكا كردووە لە پێناو بەرهەمەكانیدا.

  1. “ئایا دەشیا كافكا بسووتێنرێت؟” ئەمە پرسیارە قووڵەكەى جۆرج باتاى بوو. سووتاندنى بەرهەمەكانى كافكا، گەرچى بە گوێرەى وەسێتى خۆیشى بێت، ئاخۆ خیانەت نەدەبوو لە خودى كافكا یان لە بەرهەمەكانى یان لە تەواوى فیكر و ئەدەبیاتى شارستانییەت؟ وەڵامى ئەوانەى كە زۆر عاشقى وەسێت و ڕێبازن و تێكستەكان بە حەرفى وەردەگرن (لەوانە ماركسیستە ئۆرسۆدۆكسەكان)، “بەڵێ”ـیە؛ بۆچى؟ چونكە كافكا خۆى وەهاى گوتووە. ئێستا گەر سووتاندنى كتێبەكان خیانەت بوونایە لە هەموو ئەدەبیات و مرۆڤایەتى، كەواتە بە سووتاندنیان ماكس برود خیانەتێكى گەورەى دەكرد و ئەم خیانەیش كافكا لێى بەرپرس دەبوو؛ ڕیشەى خیانەتەكە لە وەسێتەكەدا دەبوو، نەك لەو كەسەوە سەرچاوەى گرتبێت كە تەنیا ڕاسپاردە و فەرمان و پێشنیار جێبەجێ دەكات، چونكە وەسێتى دواى مردن شتێك لە فەرمانى باوكانەى هەر بۆ ئیزافە دەبێت، تەنانەت ئەگەر ڕاسپاردەى هاوڕێى نزیكیش بێت. ئێستا ئیتر كافكا خیانەتكارە گەورەكە بوو نەك ماكس. بەڵام ماكس برود لە ڕێگەى خیانەتكردن لە خیانەكەى كافكاوە، وەفاداریى خۆى بۆ كافكا یان بۆ بەرهەمەكانى ئەو و ئەدەبیاتى جیهانى دەسەلمێنێت. لۆژیكى خیانەت و وەفادارى لە هاوڕێیەتیدا بەمجۆرەیە: خیانەت لە وەفادارى و وەفادارى بۆ خیانەت. ئەمە ئەگەرى هەڵوەشانەوەى هەموو ڕێبازێكە.

  1. ڕێباز وەستاندن و لە قاڵبدانى بزووتنەوەیە؛ لە جووڵەخستنى ئەو جووڵەیە كە لە پانتاییەكى كراوەدا دروستبووە و لەگەڵ بزووانى خۆیدا دەیەوێت كۆمەڵگە و ساتى مێژووییش ببزووێنێت یان بجوڵێنێت. ڕێباز دامەزراندن و نیشتەجێكردنى ئەم جووڵەیە لە ڕێكخستن و دامەزراوە و پرۆگرامدا؛ ئاراستەكردنى جووڵەیە بۆ شوێنێك كە بزووانى بزووتنەوەكە تووشى خاوبوونەوە و وەستان دەكات، چونكە ڕێ لە ئازادیى جووڵەى جووڵانەوەكە دەگرێت. بەم جۆرە یەكەمین هەنگاوى مردنى هەر بزووتنەوەیەك ئەوەیە ببێت بە “ڕێباز”. بەڵام ڕێباز بە تەواوەتى داخراو نییە، یەك بكوژ یان یەك ڕزگاركەرى هەیە، واتە شتێك هەیە كە لە ڕێباز دەخزێت، ئەم شتە لە یەك كاتدا هەم ڕێباز دەكوژێت و هەمیش لە خۆى ڕزگارى دەكات. ئەویش خیانەتە لە ڕێباز.

  1. ڕێباز هەر لە خۆیدا هەڵگرى كرمى خیانەتە، هیچ خیانەتێك بوونى نییە گەر خیانەت نەبێت لە ڕێبازێك. پابەندبوون بە كۆمەڵێك پرەنسیپەوە یان كاكردن بە كراوەیى لەگەڵ كەسانێكیتردا بۆ ئامانجێكى دیاریكراو، بەر لەوەى ئەو پرەنسیپ و ئامانجانە لە ڕێباز یان قوتابخانە یان بەرنامەیەكدا كۆبكرێنەوە، هیچ خیانەتێك هەڵناگرێت، چونكە تاڕادەیەكى زۆر پابەندبوون خۆویستانە و خۆبەخشانەیە؛ بەڵام ڕێباز دەستبەجێ سنوورى خۆى دەكێشێت كە لادان لەو سنوورانە خۆیان دەبنە خیانەت، بەڵام لەبەرئەوەى لادان بە حەتمى هەیە و هیچ دووپاتبوونەوە و كۆپیبوونەوەیەكى دەقاودەق بوونى نییە، بۆیە خیانەت ڕێك لەنێو دڵى ڕێبازەكەدا گەراى خستووە. بەم جۆرە كوڕ كە درێژەپێدەرى ڕێبازە، بە حەتمى خیانەت لە باوكى دەكات.

  1. دوو جۆر خیانەت هەن: زڕە-خیانەت، كە پتر گزى چكۆلە و بوودەڵەیی ئەوانەیە كە بە تەواوى بانگەشەى پابەندبوون بە رێبازەكە دەكەن، هاوكات لەپێناو شتگەلێكى بێنرخ و نزمدا، بەرهەڵستیى سەرەتاى بزووتنەوە بە ڕێبازبووەكە بە پارەیەك دەفرۆشن كە هەرچەندە بۆ مامەڵەچییەكان زۆر بێت، هیشتا هەر كەم دێنێت؛ ئەمە خیانەتى ئەو كوڕانەیە كە لەپێناو برابەشیى و زۆركردنى سامانەكەدا خیانەت لە باوكیان دەكەن، واتە ڕێبازگەراكانى بزووتنەوەكەن كە لەپێناو دەستكەوتى ماددى و قازانجدا، یان لەپێناو بە بنەماڵەییكردنى بزووتنەوەیەكدا و دروستكردنى ڕابەر و سیمبولەكانیدا، ڕێك لە ڕێگەى بانگەشەكردن بۆ پەیوەستبوونى تەواو بە ڕێبازەكەوە، لە خودى بنەڕەتەكانى ڕێبازەكە لادەدەن. ئەم خیانەتە خیانەتە لە وەسێت بە گوێرەى خودى وەسێت، خیانەتە لە ڕێباز لە هەناوى خودى ڕێبازەكەوە؛ واتە بە گوێرەى ڕابوردووى گەشەكردنى ڕێبازەكە، یان باوكیى ڕۆحى ڕێبازەكە كە لە داڕشتنى بنچینەكانى ڕێبازەكەدا یان لە وەسێتەكەیدا دەرفەتى ئەم خیانەتەى هێشتۆتەوە، چ بە ئاگایى بێت یان بە نائاگایى. بەم جۆرە گەشەكردنى بەرایى ڕێباز هەرچەندەیش دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانە بووبێت، هێشتایش دەشێت لە قۆناغەكانى دواتردا دڵسۆزى و ڕاستگۆیى باوك هەڵبوەشێنێتەوە، چونكە باوك ناتوانێت لەسەر هەمان ئەزموون و تیاژیانى خۆى كوڕەكەى بەرهەم بهێنێتەوە.

دووەم جۆرى خیانەت، خیانەتە لە ڕێباز بە گوێرەى دەرەوەى ڕێبازەكە كە لە هەناوى ڕێبازەكەدا بوونى هەیە. دەرەوە ڕێباز نە خەتمایلەكانە و نە دوژمنانى ڕێبازەكە، بەڵكو خودى دەرەوەیە لەنێو ڕێبازەكەدا، واتە دەرەوەى ناوەوە و دەرەوەى دەرەوەیشە لە یەك كاتدا. ئەم جۆرە خیانەتە تەواو پارادۆكسیكاڵە، چونكە خیانەتكاران بۆ پابەندبوون بە ڕۆحى بەرایى بزووتنەوەكەوە ڕاسپاردەکانى سەرەتاى باوکەوە خیانەت لە ڕێبازەکە و وەسێتەکە و جێبەجێکارانى وەسێتەکە دەكەن؛ وەفادارى بۆ ڕاستگۆیى و سادەیى و بەڵێن و ڕۆحیى بەجۆشهاتووى خۆبەخشانەى سەرەتاكان، وا لەمانە دەكات كە وەك بزووتنەوەگەراى ڕێبازەكە دەربكەون. بەم جۆرە ئەم كوڕانە لەوانەن كە بۆ پابەندبوون بەو سەرەتایەوە و بە هەڵوێستەكانى خودى باوكەوە، خیانەت لە برایەتیەكەیان دەكەن، ئەمەیش خیانەتەكەیانە كە براكانى تر وەك خیانەت لە باوك تەفسیرى دەكەن. بەم جۆرە هەموو تێرمەكانى وەكو باوك، برا، وەسێت، ڕێباز، ئەسڵ، خیانەت، وەفادارى خۆیان ناڕوون و ئاڵۆزن، بەردەوام بۆ نێو یەكترى دەخزێن، بەسەرخۆیان و بەسەر یەكتریدا هەڵدەگەڕێنەوە. ئیدى فرەیى نوێنەرەكانى باوك، ئینشیقاقى ڕێبازەكە، تەخوین و دۆخى تر لە ڕێبازەكەدا دەردەكەون، كە سەراپایان وێنەى باوكە مردووەكەیش دەگۆڕن، جا یان ڕووە “ڕاستەقینە”كەى پیشان دەدەن كە پێشتر لەژێر ماسكدا شارابوویەوە، یانیش ڕووە “شێوێنراو”ەوەكەى پیشان دەدەن كە ئێستا بووە بەژێر ماسكى كوڕەكانییەوە.

  1. تا ئێستا ڕێبازەكان بە ناوى وەفادارییەوە بۆ باوك خیانەتیان لە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان كردووە، كاتى ئەوەیە بزووتنەوەكان بە خیانەتكردن لە ڕێبازەكان و باوكانى دامەزرێنەریان وەفاداریى خۆیانیان بۆ بسەلمێنن.

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار  :

كاتێك باستارده‌كان ده‌كوژرێن