بێ بەهاكردنی بەهاكان یاخود بە بەهاكردنی بێبەهایی !

Loading

 

بێبەهاكردنی كوردایەتی بە نمونە

یەكەم:

بەهاكان لە كوێوە دێن ؟

بەهاکان بۆ لە خۆیاندا هیچ بەهایەكیان نییە، هێزێكی زاڵ و بە دەسەڵات ژە ناو گەمە گوتارییەكانیدا بێبەهایی و شتێكی بێبەها دەكات بە بوونێكی بەهایی و بە بەها. حەقیقەت ئەو بێبەهایەیە كە ماكینە سۆسیۆ- سیاسییەكان لە ناو گوتاردا دەیكەن بە پێودانگ و پڕەنسیپ بۆ زاڵكردنی گوتارێك. ئەوەی هێزی لایە، ئەوە توانای ناونان و ناولێنانی شتەكانی هەیە، واتە بە هۆی زالبوون و هەیمەنەو سەدان میكانیزمی شاراوەوە ( بێبەهاییەك لە خۆیدا) دەكات بە بەها. بەهاكان بوونێكی جەوهەرو نەگۆڕو جێگیرو دامەزراو نین، بەهاكان لە ناو پەیوەندی هێزەكاندا، لە ناو بەركەوتن و لێكخشاندنی هێزەكاندا مانا وەردەگرن. هەر هێزێك لە سەرەوە بوو، هەر هێزێك زاڵبوو، بەهای ناو لێنراو و مانای بەرهەمهێنراوی ئەو هێزە دەبێت بە گوتارێكی میتا- فیزیكی سەپێنراو چ بە فشار بێت یان خۆ ویستانەو بوونی ئارەزوویەك لای دەستەو تاقمی ژێر دەست.مانا بۆ خۆی مانای نییە، مانا لە ناو پەیوەندی و ململانێ و بەریەككەوتنی هێزەكاندا مانایەكی هەیە.

ئەگەر بەهاكان بەرهەم و خولقێنراوی هێزەكان بن، ئەگەر بەهای باو باڵادەست دراو بەرهەمی هێزێكی زاڵ بێت؟ ئەم بەهایانە لە پێناو چی و بۆچی؟. هێزەكان بە ئیمانانسی لە بەركەوتن و ململانێدان، لە ناو ئەم ململانێدا دەست دەبرێت بۆ زۆرێك لەو سەرچاوەو سەرمایەو چیرۆك و حیكایەتانەی شەرعییەت و ڕەوایەتی بە شۆڕكردنەوەو فراوانكردنی دەسەڵات و هەیمەنەو زاڵبوون، كەواتە ستراتیژێك هەیە، هێزەكان ستراتیژیان هەیە، ستراتیژی هەیمەنەو زاڵبوون و باڵا دەستی، ئەم پڕۆسێسیوشە تەنیا بە سەپاندن و فشارو لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆڕكردنەوە نابێت، بەڵكو دەبێت ئامادەگی و پۆتئنسیالیتێ و هەلومەرج بخولقێنرێت، بەو ئاستەی خواست و ئیرادەیەك لە خوارەوە بخولقێت، هەیمەنەو زاڵبوون و سەیتەرە لە ناو بەهاكاندا وەك ناچاری و پێویستی و حەتمی وەرگرن.

چوونە ناوەوەی خۆپیشاندەرانی بۆ ناچەی سەوزی بەغدا لە 01.05.2016
چوونە ناوەوەی خۆپیشاندەران بۆ ناچەی سەوزی بەغدا لە 01.05.2016

واتە تاوەکو لە خوارەوە ئارەزوویەك نەبێت بۆ عاشقبوون و ئالوودەبوون بە دەسەڵات بەسەركردن و مومارەسەو پراتیككردنی دەسەڵات، دەسەڵات ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی قایم بكات، لەوێشەوە بێبەهایی بكات بە بەهاو بەها بكات بە بێبەهایی، سەرهەڵدان و گەشەو هەیمەنەی بەهایەك پەیوەندییەكی نەپچڕاوی ئیمانانتی و ئۆنتۆلۆژی بە ئەو هێزەوە هەیە كە زاڵە.مەرج نییە هێزێك یاخود تەواوی هیزەكان كاریان خولقاندنی بەهای نوێ بێت، بەڵكو پێداگیری و جەختكەرەوەن لە سەر كۆمەڵێك بەهای پێشوەخت و بۆ ماوە، ئەمەش لە ناسینەوەی بەهایەكەوە دێت كە چ زیانێكی بۆ هێزە نوێیەكە نییە، یاخود بە سودی هێزە نوێتە براوەكە دەگەڕێتەوە.

 

 

دووەم:

بەهاكان دەیانەوێت چی بڵێن و چی بشارنەوە ؟

ناسینی بەهایەك یان بێبەهاییەك، مەعریفەمان بەرانبەر شتێكی بەهادار یان شتێكی بێبەها، دەبێت لە ناسینی هێزەكەوە بێت. واتە بەركەوتنێكی مەعریفی لە گەڵ ئەو گوتارو پێچ وپەناو شەرعییەت و سەرمایەو چیرۆك و حیكایەتانەوە بێت كە هێزێك ( گوتارێكی بەهایی و مۆرالی چەسپاندووە. نابێت پرسیار بكەین بەهسیەك لە خۆیدا چییە، نا، چون بەهایەك لە خۆیدا بێبەهایە، پرسیارەكە پرسیاركردن و بە پرسهێنانی ماهییەتی شتێك، پەیوەندییەك نییە، پرسیار لە ماهییەت و چییەتی شتێك، بەهایەك، ۆەیوەندییەك….. سەربە میراتی فكرو فەژسەفەی پێش ( نیتچەیە). بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە كە : كێ داكۆكیكارە لە هەقیقەت و بەهایەك، وە بۆچی؟.گوتارێكی ماركسیستی سەروكاری لە گەڵ جۆرێك لە بەهادا هەیە، لیبرالیزم و نیو لیبرالیزم لەگەڵ جۆرێكی دیكە لە بەها، ناسیۆنالیزم لە گەڵ جۆرێكی دیكە لە بەها، مەزهەب و ئاینێك لە گەڵ جۆرێكی دیكە لە بەها.

 

نمونەیەك

ئەوەی لە پەرلەمانی بەغدا* ڕوویدا، دەبێت بخرێتە ناو گوتارێكەوە، گوتارێك كەم ئامانج دیاری بكات و كەمیش شەرعییەت بە ئەكت و كردەی هەڵهاتن بدات. پەرلەمانتارە كوردەكان بەر زەبروزەنگ كەوتن، هەڵهاتن… بەڵام دەبێت هەموویان لە سەر چیرۆكێك ڕێبكەون : ئەمە پەلاماردان و بێحورمەتییە بەرانبەر كورد، ئێمە لە سەر كورد وامان لێهات، ئامادەین وەك پێشمەرگە شەهید ببین لە پێناو كوردو كوردستان!
هێندە بەس نییە كە بزانین ئەم حیكایەتانە درۆو دەلەسەن، چونكە پەرلەمانتاری عەرەب هەبوو زیاتر تێیان هەڵدا. دەبێت ڕووت و قوتی خۆیان بشارنەوە، بیشەرعینن بە حیكایەتی دیكەی وەك كوردو كوردستان و كوردایەتی. دەبێت لامان ڕوون بێت ئەوەی بەسەریاندا هات حەتمی بوو وەك بەرئەنخامی ئەوەی ( پەرلەمانتارە كوردەكانیش بەشێكن لەو نوخبە ئەرستۆكراتییەی ناوچەی سەوز و پەرلەمانی عێراق).

بەڵام بۆ شاردنەوەو پەردەپۆشكردنی ئەمە، دەبێت میكانیزم و گەمەو یاساو ڕێسای جیاواز بدۆزنەوەو بیخوڵـقێنن [ كوردایەتی]. بۆچی ؟ فریودانی خەڵك لەوەی ئەمان بەشێك نین لەو چەتەییە، سواڵی بەزەیی و سۆزی نەتەوە بەرانبەریان تا ( تاوانی چەتەیی و شەوكوتی) بەلاڕێدا ببردرێت، شەرعییەتی هەڵهاتنیان لە ڕێگەی كوردایەتییەوە، كەواتە دەبێت ئێمە بۆ ناسینەوەی بەهاو بەرهەمهێنانەوەی بەها لە لایەن هێزەكانەوە، شتی دیكە بدوێنین : گوتار، كۆنتێكست، زمان، هەلومەرج، بەهاو مۆراڵی باو، بەیار و دوژمن.

ئا لێرەدا دەبێت لەوەش تێبگەین، كەداكۆكی و پێداگیری و گووتنەوەو دەیان جار دووبارەكردنەوەی ( یەكگرتووی فراكسیۆنە كوردییەكان، پێكەوە پاراستی یەكڕیزی و بەرژەوەندی باڵای بەتەوەی كورد….جگە لە پەردەپۆشكردنی پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش و یەكانگیری  نوخبەی پەرلەمانتارەكان، هیچی دیكە نین.

دەبێت بزانین سەرباری جیاوازی هێزە سیاسییەكانیان، ئەوان وەك نوخبەیەكی خاوەن بەرژەوەندی و سەرمایەو سوودو قازانج و بەرژەوەندی خۆیان یەكڕیز و یەكگرتوون، بەڵام دەبێت فۆرمی دیكەی پێببەخش. لێرەشدا چەندین كەناڵی میدیایی لە خزمەتیاندایەو زەواجێك لە نێوانیاندایە.

 

تەواو

  • لەڕۆژی 01.05.2016   خۆپیشاندەرانی تورە خۆیانکرد بەناوچەی سەوزی  بەغدا و پەڕلەمانیان داگیر کردو کۆی پەڕلەمنتاران و فراکسیۆنەکان بەکوردیشەوە لەوی دەرکران !