خانەوادەی ساتیر - ئالبرێخت دورەر - هێڵکاری \ گرافیک ١٥٠٥ During the Renaissance, satyrs began to appear in domestic scenes,[52][122] a trend exemplified by Albrecht Dürer's 1505 engraving The Satyr's Family
"Albrecht Dürer, Satyr Family, 1505, engraving on laid paper, sheet (trimmed to plate mark): 11.6 x 7.1 cm (4 9/16 x 2 13/16 in.), Rosenwald Collection, 1943.3.3562"

شەڕی خواوەند و مرۆڤەکان، زۆڵەکان لێرە و لەوێ


بەشی چوارەم و دوابەش

Loading

شەڕی خواوەند و مرۆڤەکان

 سەرەتا خواوەندەکان لەگەڵ مرۆڤەکاندا ژیاون بەڵام کاتێک مرۆڤەکان دژی خواوەندەکان وەستانەوە، هەراو هۆریا و شەڕوشۆڕیان وەهایکرد کە خواوەندەکان لەودیوو هەورەکانەوە خۆیان بشارنەوە. بۆ هیچ نا، تەنها بۆئەوەی خۆیان لە هەرای ئەم بونەوەرە نیگەران و تووڕەیە بشارنەوە کە ناوی `مرۆڤ`ە.

مرۆڤ لەسەر وێنەی باوکە خوڵقێنەرەکەی دروستبووە  کە خوایە، یان پڕۆمیتۆیسە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەڵگەڕاوەیەکە لە دەسەڵاتی خوای گەورەو خواوەندەکان. کۆی ئاینەکان وەک نوێنەری خواکان  لەو ڕۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ هەوڵی بەکۆیلەکردنی مرۆڤ دەدەن؛ مرۆڤ  لەژێر ناوی کافربوون دەکوژن، زیندانی دەکەن. بەناوی ژنە جادووگەرەوە دەیانسوتێنن، و موجاهیدی تووڕە و شمشێری دووفاقیان بۆ دەنێرن و لەسەدەی بیست و یەکیشدا نوێنەرەکانی خوا خۆیان بە کافرەکاندا دەتەقێننەوە و مرۆڤی دەرچوو لە ملکەچبوون بۆ  خوا دەکوژن. نوێنەرانی خوا و خواوەندەکان، حەیای مرۆڤی هەڵگەڕاوە لە خوا دەبەن و ڕووتی دەکەنەوە لەهەموو مۆڕاڵێک. نەک هەر ئەوە، بەڵکو تیرۆری نوێی خواکان لەسەر زەوی لەڕێگەی حکومەتە ئیسلامی و ئاینیەکان  وەک پاکستان و ئێران و ئەفغانستان و ئێراقی مەزهەبەکان و هیندستانی خواوەندەکان و میانماری بودیستەکان لەم جیهانەدا هاتۆتە بونیادی دەوڵەتی و حکومدارییەوە. دەوڵەتانی کەنداو بەناوی خواوە نەک حکومەت بەڵکو بانق و ئابووری خوایانە دادەمەزرێن و دەبنە فشار بۆ سەر کۆمەڵگەکانی درواسێ و هەموو دەنگێکی ئازاد بۆ دەرچوون لە ملکەچی خواکان، لە ژێر فشاری بانقە ئیسلامەیەکاندا کپ و خامۆش و تیرۆر دەکرێت… ئەمە و زۆریتر.

 ئیدی شەڕی خواوەندەکان لە زەمەنی ڕق هەڵگرتنی زۆیسەوە لە مرۆڤ، تاوەکو ئەمڕۆ کۆتایی نەهاتووە. ڕاستە لە شێوە و فۆرمدا گۆڕاوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا شەڕی یەک شتە؛ شەڕی مرۆڤی ئازادە لە دژی `کۆیلەبوون` بۆ خواوەندەکان. جگە لەم ململانێ پڕۆمیتۆیسییە، شەڕی خواوەنەکانیش لەسەر ئەم زەویە کۆتایی نەهاتووە و تا وەکو نوسینی ئەم وشانە  بەردەوامە؛  شەڕی خوای  موسوڵمانان و لەدژی خوای کریستەکان، شەڕی بەردەوامی  هیندۆسەکان و موسەڵمانەکان،  لە کۆتایی  چلەکاندا کە هیندستان لەتدەکات بەدوو دەوڵەتەوە؛ یەکێکیان هیندستان و پارچەکە جیابۆوەکەی پاکستان، ئەملا پیس و ئەولا پاک. هەروەها شەڕی خوای بودیەکان و موسوڵمانان، شەڕی خواوەندەکانی هیندوستان و ئاینە یەکتاپەرستیەکان، شەڕی نوێنەری خوا و مەزهەبەکان لەدژی یەکتر… ئاوەها، ئەم شەڕە لە ئاسمان و زەوی کۆتایی نەهاتووە.

 مرۆڤ لەسەر وێنەی سیفەتە خواییەکان خوڵقێنراوە، هەربۆیە دەیەوێت کۆیلەی هیچ خوایەک نەبێت. مرۆڤ بەپێی گێڕانەوە میتۆلۆژیی و ئاینە تاکپەرستییەکان لەسەر وێنەی خواوەندەکان دروستبووە، مرۆڤ قوڕێکی خواییە وەک لە کتێبە پیرۆزەکاندا هاتووە و شەڕی خوایەتی دەکات، ئەو دەیەوێت تەنها خۆی خوای خۆی بێت…مرۆڤ پڕێتی لە سیفەتی خوا و خواوەندەکان، بەرجەستەبوونی سیفەتەکانی خوایە. بێگومان  چ بە پێی میتۆلۆژیا بێت، چ بەپێی کتێبە پیرۆزەکان بێت، ئەوا مرۆڤ هیچیتر نییە جگە لە خوایەک نەبێت لە گۆشت و خوێن و فڕێدراوتە سەر زەوی.

بەڵام با جارێ لەسەر زەوی خواوەندە دێرینەکان بمێنینەوە و چیرۆکی پەیوەندی نێوان خواوەند و مرۆڤەکان لەبیرنەکەین. لە هەمانکاتیشدا ئەوە لەبیرنەکەین کە خواوەندەکان وەک لە بەشەکانی ئەم نوسینەدا ئاماژەمان پێدا؛ سیفەتی زۆڵیان هەیە، بەمانای باستاردن و  بەسەرێک دژی مرۆڤ جوڵانەوە و بەسەرێکی تر لەگەڵیدا تەبا بوون…

 لێرەوە، خواوەندەکان لە ئاسمانەوە دادەبەزنە سەر زەوی و لەگەڵ مرۆڤدا دەست تێکەڵ دەکەن؛ لەگەڵیاندا دەخەون، ئاشقیان دەبن، وەک چۆن پێرسفۆنێ Persephone یان بابڵێین؛ پێرسیفۆنیا و ئافرۆدیتا، وەک دوو خواوەندی مێینە بەجووتە ئاشقی ئەدۆنیسی گەنج دەبن و دەرئەنجام دەبنە هۆکاری کوژرانی ئەدۆنیس بەوەی کاتێک `ئارێس-  Ares` کە یەکێکە لە کوڕە  خواوەندە جەنگاوەرەکانی زۆیس، لەڕێگەی پێرسیفۆنیاوە ئەم پەیوەندیەی ئافرۆدیتا و ئەدۆنیسی بۆ ئاشکرا دەبێت، ئەویش خۆی دەکات بە بەرازیی کێویی و بە قۆچێک ئەدۆنیس دەکوژێت. ئەدۆنیس دەچێتە دونیای مردن، دونیای `هادێس` بۆئەبەد لای پێرسیفۆنیا دەمێنێتەوە. بەپێی `میتامارفۆسی ئۆڤید` و هەروەها `هۆمێرۆس` لە ئیلیادە، دەڵێت؛ کاتێک ئەدۆنیس بە شفرەی بەرازە کێیوییەکە بریندار دەبێت خوێنی دەچۆڕێت و درێژدەبێتەوە، ئیدی لە خوێنی ئەدۆنیسەوە بەهاران گوڵە ئەدۆنیسەکان `تۆقتۆقیلەکان`  دەپشکون، ئەو گوڵانەی کە تەنها بەهاران دەگەشێنەوە.[1]

 

تابلۆی زەیتی لەسەر کەنڤاس؛ ڤینۆس و ئەدۆنیس، لەلایەن نیگارکێشی فلامی `پێتەر پاول ڕوبنس ١٥٧٧- ١٦٤٠` ناوەڕاستی ١٦٣٠ یەکان. Venus and Adonis, Peter Paul Rubens (Flemish, Siegen 1577–1640 Antwerp), probably mid-1630s,Oil on canvas.
تابلۆی زەیتی لەسەر کەنڤاس؛ ڤینۆس و ئەدۆنیس، لەلایەن نیگارکێشی فلامی `پێتەر پاول ڕوبنس ١٥٧٧- ١٦٤٠` ناوەڕاستی ١٦٣٠ یەکان.
Venus and Adonis, Peter Paul Rubens (Flemish, Siegen 1577–1640 Antwerp), probably mid-1630s,Oil on canvas.

 

ئەوەی لەم چیرۆکەدا جێگەی سەرنجە، پابەندبوونی هێزی خواوەندەکانە بە `پێکهاتە زۆڵییەکەیانەوە` بێگومان ئێمە لێرەدا باس لە زەمەنێک دەکەین کە خەیاڵی مرۆڤ بۆ ڕاگیربوونی هاوسەنگی ئاسمان و زەوی لە ڕێگەی خواوەندەکانەوە بووە، ئەمانیش لە خەیاڵی مرۆڤدا هیچیتر نەبوون جگە لە چەند باستاردێک، چەند زۆڵێک، چەند ساختەچی و لەشفرۆشێک، کە باوکیان ونە و دانی پێدا نەناون، چونکە باوکیان لەهەمان کاتدا خاڵیانە، یا خود برا و خوشکیانە. وەک چۆن لە چیرۆکی لەدایکبوونی تیتانەکاندا گایا (زەوی)ی دایکە  لەگەڵ ئۆرانۆس (ئاسمان) کوڕی خۆیدا دەخەوێت و نەوەی دووهەمی تیتانەکان لەدایکدەبن کە `کرۆنۆس – زەمەن` دوایی خوشکی خۆی `ڕێها` دەکاتە ژنی خۆی و بەهەمان شێوەش منداڵەکانی لەنێوان خۆیاندا هاوژین و هاوسەرگیریی و ئەشقی یەکتر دەبن. ئیدی لە ئەوانەوە دونیایەک بونەوەری جۆراوجۆری خودایی و نیمچە خودا و دێو و دەعبای جۆراو جۆر لەدایکدەبن.         بەهەمان شێوە، `پێرسۆفۆنیا` ژنی هادێسی خوای مردن بوو، لەهەمانکاتیشدا هادێس خاڵی بوو دوایش مێردی. بەمەرجێک کاتی خۆی زۆیس بە فێڵ `پێرسیفۆنیا`  دەفڕێنت کە کچی خوشکی خۆیەتی `دیمیترا`یە. بێگومان پێشتر  لە `دیمیترا` منداڵی هەیە و لەگەڵ ئەویشدا خەوتووە و منداڵی لێ بووە. یەکێک لەو منداڵە خواوەندانە `دیۆنیزۆس – Dionysos` خواوەندی شەراب و گاڵتەوگەپ و سێکسە، یەکێکە لەو خودایانەی کە پەرستگاکانی جێگەی هونەرە باڵاکانی موزیک و سەما و کولتوری شەراب بووە و یۆنانیەکان شکۆداریان  کردووە و پەرستویانە و قوربانیان بۆ بەخشیووە. لە هەندێک گێڕانەوەی تردا دەڵێن؛ کە دیۆنیسۆس منداڵی خاڵ و خوشکەزا `زۆیس و پێرسیفۆنیا` بووە، کە دوایی زۆیس بەفێڵ دەیبەخشێت بە `هادێس`ی برای.

ئاوەها خواوەندەکان، هەم خۆیان باستاردن و هەم گەردوون لەسەر  پایەکانی  زۆڵیزم `باستاردیزم`  ڕاگیردەکەن. ئەوەی شەڕی یەکەمی خواوەندەکانە لەگەڵ مرۆڤ، ئەوەیە، کە مرۆڤی خوڵقێنراوی پڕۆمیتۆیس کە لەدایکدەبێت. یاساکان لەسەر زەوی دەگۆڕێت، یاساکانی خوێن و ژنهێنان و شووکردن و تابۆ و حەرام و حەڵاڵەکان دیاریدەکات، مەملەکەتەکان بینادەکات و دوای شەڕێکی زۆر لەگەڵ تەنیایی خۆیدا لەسەر زەوییە بە ئازارەکەی ژێر ئاسمانی خواوەندەکان، ناهێڵێت چیتر نێروبەرانی خواوەندەکان و گەڕەڵاوژەکانیان ببێتە یاسا و ڕێسای ژیانی.

لەو ساتەوە، شەڕی خوا و مرۆڤ دەستپێکردووە و زۆیس گەمەی دەسەڵات و کۆیلەکردنی مرۆڤەکەی پڕۆمیتۆیس دەکات و تەنانەت ئەویش ئاشقی مرۆڤ دەبێت و پاڵەوان و ئەشیقی دەبێت لێیان، کوڕ و کچی دەبێت لەمرۆڤەکان و زۆڵەکانی خۆی فڕێدەداتە سەر زەوی و دەیانکاتە پاشا و  ئاگای لێیان دەبێت، بەبێئەوەی بەتەواوەتی دانیان پێدا بنێت، ئاخر کێها باوکی بەدەسەڵات دان بە منداڵەکانیدا دەنێت کە لەدەرەوەی پەیوەندی دەسەڵاتی نەریتەکان لە دایکبوون، تەنها ئەوەندەی دوورا و دوور ژیانیان بۆ دابیندەکات و وەک زۆڵێک فڕیاندەداتە تەنیایی و وەحشەتی دونیایەوە.

لەم خاڵەوە پێموایە، کە خەیاڵی مرۆڤ لە `ئەنتیکا` دا بۆ ڕاگیرکردنی هاوسەنگی گەردوون تەنها لەیەک خاڵەوە سەرچاوە هەڵدەگرێت، بەوەی؛ تەنها باستاردەکانن، زۆڵەکانن ئەو هێزە لەبنەهاتووەیان هەیە بۆ دیاریکردنی چارەنوس و جوڵاندنی گەردوون و خەڵقکردنی دونیا. گەردوون لە درستبوونیەوە، لە ئاسمان و شەو ڕۆژەوە بیگرە تاوەکو بچوکترین بونەوەر لەم ڕوانگە میتۆلۆژیەوە لێی بڕوانین هیچیتر نین جگە لە `ئۆرانۆس`ی خوای ئاسمان، `هیلیۆس` خوای خۆر، `گایا` خوای زەوی، و `پۆسایدۆن` خوای ئۆقیانوسەکان، `ئافرۆدیتا`ی خوای جوانی کە لەگوونی بڕاوی باوک بەدەستی کوڕ، ئۆرانۆس بەدەستی کڕۆنوسی کوڕ، لەدایکبووە. لێرەوە جوانی هیچیتر نییە جگە لە گوونێکی خەسێنراوی باوکێک نەبێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی. جوانی هیچیتر نییە جگە لە شەڕی زۆڵەکان نەبێت لەسەر مێینە و دەسەڵات.

خوای جوانی `ئافرۆدیتا` بەپێی خەیاڵی هیسۆد و تیۆگینییەکەی، هیچیتر نین جگە لە گوونی باوکێک نەبێت لەگەڵ دایکیدا  خەوتووە و باستاردەکەی، زۆڵەکەی بە مەلاغان گوونی بڕیووە…

چیرۆکی خەڵقبوون لە خەیاڵگەی ئەنتیکادا هیچیتر نییە جگە لە چیرۆکی ئەو بەدئەخلاقانە نەبێت کە خەریکی لاقەکردنی خوشک و خوشکەزای یەکترن. وەک چۆن لەچیرۆکی ئەدۆنیسدا بینیمان دوو خواوەندی مێیینە ` پێرسیفۆنیا و ئافرۆدیتا` ئەدۆنیس نەک لاقە دەکەن بەڵکو دەبنە هۆی کوژرانی. لەم خاڵەوە سەرەتاکانی ئەم زۆرانبازییە هیچیتر نییە جگە لەهەراوهوریای گەردوونێک نەبێت، چەند خواوەندێکی زۆڵ و لەشفرۆش و گوناهەکار خوڵقاندوویانە. بێگومان ئەم بیرۆکەیە، بەڕای هەژارانەی من، لە دوایدا لە ئاینە یەکتاپەرستیەکاندا دەبێتە حکایەتی `گوناهی یەکەم` کە دوایی وەک میراتی بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە و بە `گوناهە میراتی` ناسراوە.

 

 

زۆڵەکان لێرە و لەوێ

پێویستە لێرەدا پێشئەوەی لەسەر زەوی ئەوروپای لاقەکراو باسی پێکهاتەی خێڵە خەیاڵبۆکراوەکان بکەین لە لایەن مرۆڤی ئەم کیشوەرەوە، پێش ئەوەی  باسی ئەو سێ زۆڵەی زۆیس بکەین، کە دوایی دەبنە سێ پاشای یۆنان “مینۆس، ڕادەمێنتیس، سارپیدۆن“  بکەین. دەبێت ئاوڕێک لە چەمکی (باستارد – زۆڵ – Bastrad) بدەینەوە کە بنەمای یەکەمی ئەم هەوڵدانە هزرییەی لەسەر بیناکراوە.

 

خانەوادەی ساتیر - ئالبرێخت دورەر - هێڵکاری \ گرافیک ١٥٠٥During the Renaissance, satyrs began to appear in domestic scenes,[52][122] a trend exemplified by Albrecht Dürer's 1505 engraving The Satyr's Family
خانەوادەی ساتیر – ئالبرێخت دورەر – هێڵکاری \ گرافیک ١٥٠٥ During the Renaissance, satyrs began to appear in domestic scenes,[52][122] a trend exemplified by Albrecht Dürer’s 1505 engraving The Satyr’s Family

بەڕای سلۆتەردایک و لە کتێبە گرنگەکەی `منداڵە ترسناکانی نوێکات١` زۆڵ، باستارد، تەنها لەدایکبوونی منداڵ نییە لە باوکێک کە نایەوێت ڕەواخوازی باوکایەتی پێببەخشێت و بەتەنیا جێیدەهێڵێت، نەخێر، بەڵکو خەڵکانێکن لە خێزانە گەورەکان نین و بێ ڕەگ و پشت پەنانن و دەیانەوێت شوێنایان هەبێت لە جیهاندا. پیتەر سلۆتەردایک پێیوایە؛ کولتورە باڵاکان هەڵگری ئەو  ئەکتەرە ئەنتی جینالۆجییەن کە دەیانەوێت ئازادبن لە دیکتاتۆرە جینالۆجیەکان. بەجۆرێک نەوەیەک پێدەگات کە دەیەوێت لە دەرەوەی ئەم جینالۆجییە شۆڕشی خۆی بکات، هونەر و جوڵەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی خۆی بەرهەمبهێنێت. تەنانەت لەسەر ئاستی کیشوەرەکان لێی بڕوانین ئەمریکا لە چاو ئەوروپاوە ئەو `باستاردە کۆلێکتیڤەیە`[1] کە لە کیشوەرە دێرینەکە جودا دەبێتەوە و تێکەڵەیەک لە نەتەوەی جۆراوجۆر و چینە جیاواز و پیشە جیاوازەکانی ئەوروپا بەرەو ئەمریکا کۆچدەکەن و لەوێ دوور لە جینالۆجیای ئەوروپی کولتور و دەوڵەت و شارستانیەتێکی هایبرید  `نێرموک – تێکەڵ` بەرهەمدەهێنن.

 شارستانیەتی ئەمریکی هایبریدە،  تێکەڵەیەکە و نێرەمووکی کولتوریییە، تەنها ئەوروپیی نییە و چیتر نایەوێت کۆپی کۆپی پیرە کیشوەری ئەوروپای کۆن بێت. ئەو شێوەژیان و زمان و نەریتە نوێیانە، نەریت و کولتوری کیشوری ئەو زۆڵانەن کە چیتر نایەنەوێت کۆپی ئەوروپیەکان بن، لەڕێگەی شۆڕشی یەک لەدوای یەک و دامەزراندنی دەستوور و زمانێکی نوێیەوە  کۆمەڵگەی ئەمریکی پێکدێنن کە  بۆ یەکمجارە لەدونیادا کیشوەرێک و دەوڵەتێک لەسەر بنەمای نەتەوە دانەمەزرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای هاوبەشی ئەو دەرکراو و پەراوێزخراو نامۆیانەن، کە لە ئەوروپا و چین و ئیسپانیا و ئەڵمانیا و ئیرلەندە و ئیتاڵیا و بەشوناسی تر  هاتوون و نەریت و کولتورێکی نوێ بۆ خۆیان دەدامەزرێنن، ئەمانە ئەو ` کۆمەڵە زۆڵانەن` کە کۆمەڵگەی ئەوروپی دەریان دەکەن و  دونیای تازە بۆ خۆیان دادەمزرێنن.

دەتوانین بە شێوەیەک لە شێوەکان جولەکەکان بەو باستاردانە بچوێنین کە ئەوروپا لە هەناوی خۆیانەوە فڕیاندەداتە دەرەوە و بەدرێژایی مێژوو کریست و کڵێسا وەک باستاردێک سەیری کردوون. کوشتنی جولەکە بەدرێژایی مێژوو کوشتنی زۆڵ – باستارد بووە کە لە درەختی جینالۆژی ئەوروپی دەرچووە، بۆ هیچ نا، چونکە نەریت و ئاین و سەب – کولتوری خۆی هەبووە.

باستارد  لە زنجیرە کۆپی جیناتی کولتوری پاتریارک و کولتوری باڵادەست دەردەچێت، مەحکومە بە ژیان وەک باستاردێکی تەنها و خوێنڕژێنراو. لەدواجاردا ئەوروپا باستاردەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ زەویەک لەدەرەوەی خۆی و لەم هیاتوسە مێژووییەوە، لەم دەلاقە مێژوویەدا لەلایەک ناسیونال – سۆسیالیزم لە ئاوسشڤیتز و هۆلۆکست قەڵاچۆیان دەکات، کە ئەمەش پرۆسەی ڕاکردن بەرەو ئۆرشەلیم و دروستکردنی زەویەکی نوێ بۆ جولەکە ڕەواخواز دەکات، لەلایەکی دیکەوە بریتانیەکان لە کوردستان و ئێراق و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوێندا فشارێکی خوێناوی دەخەنە سەر جولەکەکان بۆ ڕۆیشتن بەرەو زەویەک کە تێدا ئەم `باستاردە`  جێگەی خۆی بکاتەوە. بەمەش ئەوروپا جولەکەکانی خۆی، کە لە نەتەوە و زمانی خۆیانن؛ ئەڵمانن، بریتانین، فەڕەنسین، پۆڵۆڵۆنین…هتد. فڕێدەداتە ئەودیوو دەریاوە. زۆرنابات لەلایەن عەرەبەکانیشەوە دروشمی `فڕێدانی جولەکە بۆ ناو دەریا` دەستپێدەکات. ئاوەها باستاردەکان دەبێت بەجیاوازی نەتەوە و زمان و نەریت و کولتورەکانیان لەسەر زەویەک یەکبگرنەوە و کۆمەڵگەیەک دروستبکەن، تەواو لەگەڵ ئەو چەمکەی سلۆتەردایک یەکدەگرێتەوە؛ باستاردیی کۆلەکتیڤ.   

لێرەوە باستاردیزم، زۆڵیزم لە باری کۆمەڵایەتیەوە بەرەو کایە کولتورییەکان هەنگاو دەنێت و دەرچوونە لە دیکتاتۆرە جینالۆجیە دێرینەکان کە نەریت و ئاین و سیاسەت و هونەریان قۆرخکردووە و دەیانەوێت نەوەکانی داهاتوو کۆپی بکەنەوە. باستاردەکان چیتر نایەنەوێت وێنەی باوکیان بن و ڕەنگدانەوەی کولتوری شەرعی ئەوان بن.

 لەدواجاردا گروپێکی دیکەمان هەیە لە باستاردەکان کە لە ناو هەناوی کولتوردا کاردەکەن، ئەوانەش بەڕای سلۆتەردایک  هونەرنەمەندە مۆدێرنەکانن، ئاڤانگاردەکانن، دادئاییەکانن، ئیمپیریشتنەکانن `ڕوانینگیرەکان`، کوبیزمەکانن، ئەوانەی دەیانەوێت ڕەدووکەوتوی خۆیان هەبێت، موزیکی خۆیان هەبێت، مۆزەخانەی خۆیان هەبێت، یانە و نەریتی خۆیان هەبێت. بێگومان ئەمەش بۆ  شۆڕشگێڕ و ڕۆمانسیەکان، هیپییەکان و ڕەوتە نوێیەکانی سێکسوالیەت و فێمینستەکان و زۆریتریش ڕاستە. لەم دەرچوونە گەورانە لە درەختی باوکەکان، باستاردەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا گروپی ئەو زۆڵانەن کە چیتر نایەنەوێت دونیای پاتریارکەکان بەردەوام بێت لە کۆپیکردنەوەی جیناتی خۆی و زنجیرە جینالۆجیای خۆی، لە نەوەی داهاتوودا کۆپی بکاتەوە. ئەوان `کولتورێکی نوێ` بۆ خۆیان دادەمەزرێنن، دەلاقەیەک، هیاتوسێک، لە مێژوودا دروستدەکەن و لەو هیاتوسەدا زۆڵەکان لەدایکدەن.

بەڕای سلۆتەردایک لەو ماوە زەمەنیەی  گواستنەوە  لە سەدەی ناوەڕاستەوە بۆ مۆدێرنە “زەمەنی  ئالوودەبوونە بە  دیاردەی منداڵە ترسنەکانی زەمەنی نوێ. لە هیاتوسەکانەوە، لە دەلاقەکانەوە، تۆوویی ئەوان بەسەر زەویدا پەرتدەبێتەوە، بەشێکی بێ توانان لە پەیوەندی خزمایەتی و بنەچەیی  و بەشێکی تر لەم وەچەیە کەم تا زۆر دەیانەوێت بنەچەیان هەبێت لەگەڵ دایک و باوکە پڕ کێشەکانیان[2]“  لەم هیاتوسەوە، لەم دەلاقە زەمەنی و مێژووییەوە، ئەوروپا دەبێتە کیشوەری ئەو زۆڵانەی  کە باوکیان ونن بەڵام لە شەڕی دۆزینەوەی شوێنایەکدان لە ناو جیهاندا. ئەمانە نە لە بنەماڵەی گەورەوە هاتوون و نە خاوەن باوکێکی شەرعین و نە لقێکن لە درەختێکی بنەماڵەیی و خانەوادەییەکی گەورە. نەخێر، ئەمانە ئەو مرۆڤە تەنها بێ باوک و پشت و پەنایانەن کە لەناو کولتورەکاندا دەبنە ئەکتەری سیاسی و ڕۆحی و میلیتاریستی گرنگ، بەجۆرێک  ئێرای زۆڵەکان لە ڕێنسانسەوە دەبێت کەشوهەوای زاڵی جیهان.

خەیاڵی مرۆڤ، خەیاڵێکی زۆڵانەیە، خەیاڵێکە ئالوودەیە بە زۆڵبوون، چونکە باستارد و ئازادی دووشتن لەیەکتری جوادا ناکرێنەوە. ئازادی و ئازاریش بەهەمان شێوە لەیەکتری دانابڕێن. سەرەتاکانی مرۆڤیش بە گەڕانەوە بۆ چیرۆکی خواوەندەکان و ئاینەکان، سەرەتای ئەو `زۆڵانەن` کە خواوەندەکان لە بەهەشت و ئاسمانەکان فڕێیاندەدنە جیهانێکی سارد و پڕ نەخۆشی و کارەساتی سروشتی و سەرما و گەرماوە. خواوەندەکان هەم بەرگەی مرۆڤ ناگرن و هەم لەسەرێکی ترەوە وەک چیرۆکی ڕفاندنی شازادە فینیقیەکە لە زەوی سووریا بەرەو دوورگەی کریتا و لاقەکردنی و خستنەوەی سێ کوڕ لێیی چیرۆکی کیشوەرێک دەستپێدەکات کە چیرۆکی کیشوەری ئەوروپایە. لەم خەیاڵدانەوە ئەوروپا هیچیتر نییە، جگە لە کیشەوەری `خێڵە باستاردەکان` نەبێت، کە سەرەتاکەی  سێ کوڕەکەی زۆیسن `مینۆس، ڕادەمێنتیس، سارپیدۆن – Minos, Rhadamanthus, and Sarpedon `[3] دەبنە پاشا و حوکمی چەندەها مەملەکەت دەکەن و لەدوایشدا کە دەمرن زۆیس کوڕە ناشەرعیەکانی دەکاتە دادوەر لە دادگای جیهانی مردنی هادێسی خواوەندی مردندا…

تەواو

 

 

 

 تێبینی: ئەم چوار بەشەی ئەم لێکۆڵینەوەیە، سێ بەشن لە چاپتەرێکی کتێبێکی هزریی و کولتورناسییە، لەگەڵ چەندەها تابلۆی  جۆراوجۆری کلاسیک،  لەداهاتوودا گەر دەرفەت و  زەمەن  یار بێت، چاپدەبێت.

 

 

پەراوێزی بەشی شەڕی خواوەند و مرۆڤەکان؛

[1] Karl Kerenyi, Mythologie der Griechen, Klett-Cotta Verlag 1997, S82-83.

پەراوێزی بەشی زۆڵەکان لێرەو لەوێ:

 

[1] Modernity as a Culture of “Bastards”  Peter Sloterdijk (2014(

[2] Peter Sloterdijk, Die schrecklichen Kinder der neuen Zeit, Shurkamp 2014, S392.

[3]  Minos, Rhadamanthus, and Sarpedon.

سەرچاوەکان 

  1. Peter Sloterdijk, Die schrecklichen Kinder der neuen Zeit, Shurkamp 2014.
  1. unituebingen.de/uni/Eckstein_Suendigen/Lateinisch.pdf.
  1. Martin Heidegger, Sein und Zeit, Max Niemeyer Verlag Tübingen 2006.
  1. Rüdiger Safranski, Das Böse oder das Drama der Freiheit, Fischer Verlag 2015.
  1. https://www.britannica.com/topic/Cronus
  1. Hesiod, Theogonie, Gerichisch / Deutsch, Reclam Verlag 1999.
  1. Robin Hard, Handbook of Greek Mythology, London 2004.
  1. Platos complete Works, editied by Jhon M. Cooper, Hacket Publishing 1997.
  1. Stephen Scully, Hesiod’s Theogony: from Near Eastern Creation Myths to Paradise Lost, Oxford University 2015.
  1. Karl Kerenyi, Mythologie der Griechen BI-BII, Klett-Cotta Verlag 1997.
  1. Modernity as a Culture of “Bastards” Peter Sloterdijk (2014 ( youtube.com/watch?v=O1YGGEDDV8M
  1. Homers, Ilias, Dichtung der Antike, Johan Heinrch Voss, Vollmerverlag, Berlin, Jahr?
  1. Peter Sloterdijk, Sphären I, Balsen, Surkamp Verlag 1998.
  1. http://www.perseus.tufts.edu/Herakles/boar.html
  1. http://www.perseus.tufts.edu/hopper/
  1. Hesiod, Tehogony Works and days, edited and translated by Glenn W. Most, Harvard Colleg 2006.

 

 

بۆ کۆی بەشەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە فەرموون کرتە بکەن سەر ئەم بەستەرەی خوارەوە: 

http://cultureproject.org.uk/kurdish/category/فهلسهفی/سندوق/خواوەندە-زۆڵەکانی-ئاسمان-و-زەوی-bastardism/

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌