فه‌رهاد پیرباڵ

پیرباڵ وەک سیمپتومی پیاوەکانی تر، بۆ دەبێت ڕێز لەمێشکی پیرباڵ بگرین؟


Loading

پیرباڵ هەر جارەی لە سیاقێکدا و بە فۆڕم و گوتاری جیاوازەوە دێتەوە بەردەممان، هەموو دەرکەوتنێکیشی دەبێتە مایەی گفتوگۆی هەمووان و دەنگدانەوەیەکی زۆریشی لێدەکەوێتەوە. جا چ ئەوانەی کە دەیدەنە بەر تانەو تەشەر و ناوناتۆرەی لێ دەنێن یان ئەوانەی کە سواڵی بەزەیی و شەفاعەتی بۆ دەکەن، هیچ کام لەمانە  ناتوانن پیرباڵ لە کۆنێکستە ڕاستەقینەکەی خۆیدا بیبینن.

دیارە من مەبەستم لە پیرباڵ نییە وەک نوسەر یان ڕۆشنبیر، کە زۆرێک وایدەبینن، بەڵکو زیاتر پیرباڵ وەک سیمپتومی ئەو سیستمە کۆمەڵایەتیە_ سیاسییە کە جگە لە پیاو بێ فۆڕم بێ شوناس هیچی تری لێ سەوز نابێت. هەڵبەت من لێرەدا تەنها ئاماژە بە  پیاو دەکەم نەک لەبەر ڕقێکی ژنانه‌ی‌ بێ بنەما بەرامبەر بە پیاو بەڵکو لەو ڕاستییەوە دێت کە ژن بوونی نییە و ئەوەی کە لەو سیستمەدا بەرهەمدێت بەتەنها پیاوە، ژن گەر هەشبێت بە نەستی پیاو دەڕوات بە ڕێوەو بۆ خۆی خاوەنی هیچ جەوهەرێک نییە.

پیڕباڵ سیمبولی ئەو کۆیلە پیاوەیە کە لە هیچ ناچێت بە مانا ئاپۆییەکەی،  وەلێ لە پەلەقاژێشدایە بۆ ئەوەی ببێتە شتێک. پیرباڵ هیچ نییە و لە هەمان کاتدا هەموو شتێکیشە، نە خۆیەتی نە ئەوانەی تریشە. پیرباڵ نوسەرە،مامۆستای زانکۆیە، سەرنوسەرە، ڕۆشنبیرە، شاعیرە، مێژوونوسە، ڕۆشنگەرە، گۆڕانبێژە، شێوەکارە کۆنزەرڤاتیڤە، ئاشقە، مەلا و قورئان خوێنە، شۆڕشگێڕە، تاوه‌كو دوا فۆڕمی کە دەبێتە سەگی بەر ماڵی بارزانی…پیرباڵ هەموو ئەم فۆڕمانەیە لە هەمان کاتدا ‌هیچیشیان نییە. دەبێت پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوە بێت ئایا شتێک ماوە بە ناوی پیرباڵەوە یان ئەمانە هەموو ئاماژەن تا درک بەو ڕاستییە بکەین کە پیرباڵ دەمێکە مردووە، ئەوەی کە ئێمە ئەزمونی دەکەین لە دەرکەوتنەکانی و بە فۆڕمە جیاوازەکانییەوە  مێژووی ئەو مردنەیە و هیچی تر. پیرباڵ مێژووی مردنی خۆی دروستکرد بەلام دڵنیا نیم لەوەی کە بە ئاگا بێت لەوەی چۆن کردوویەتی.

 

 ئەوەی بۆ من سەرنجە لە دەرکەوتنەکانی پیرباڵ گوتارە بێ سەرەبەرەکانی نییە، کە هیچی بە سەر هیچەوە نییە، وەک چۆنیش ئەو شوناس و ڕۆڵە سەیروسەمەرانە نییە کە هەر جارە لە فۆڕمێکە خۆی نمایشدەکات، لێ ئەوەی بۆ من گرنگە پیرباڵە وەک بونیادێکی نیرۆتیکی کە سێستمێکی نیرۆتیکی بۆتە هۆی دروستکردن و فۆڕمەلکەردنی هەر ئەو سیستمە خۆیشی بێشەرمانە دەیکاتەوە بە لێبوکێک بۆ گاڵتەجاڕی.

بۆ ئەوەی باس لە پیرباڵ بکەم وەک بونیادێکی نیرۆتیکی( کە دەشکرێت لە ڕێی ئەم بونیادەوە تەواوی ئەو سیستمە بخوێنرێتەوە کە پیرباڵی دروستکردەوە)، پێویستە بگەڕێمەوە سەر ژنە فەیلەسوفی فەڕەنسی  و زانا لە بواری نیرۆبایەلۆژییدا (کاثرین مالابۆ)  ئەم خانمە فەیلەسوفە لە کتێبی (دەبێت چی لە مێشکمان بکەین ٢٠٠٨) باس لە دوالیزمەی ( ڕۆح/ جەستە) ی هیگڵ دەکات و دەیکاتە بنەمایەک بۆ داهێنانی چەمکی پلاستیکیبوونی مێشک. مالابۆ دەڵێت: بۆ یەکەم جار ئەم تێرمەم لە پێشەکی کتێبی (فێنۆمێنۆلۆجیای ڕۆح)ی هیگڵدا بەرچاو کەوت. ‌

هیگڵ پێیوایە؛ کە سوبێکت نە لاستیکییە وە نە نەرمونیانیشە بەڵکو پلاستیکیە…مالابۆ زیاتر ئەم چەمکە شیدەکاتەوە دەڵێت: گەر لە فەرهەنگی زماندا بگەڕێت، ئەم وشەیە بە مانای سیفەتی ماددە دێت، کە لە هەمان کاتدا شلۆکە بەڵام توانای بەرگریش و وەستانەوەی هەیە، هەرکات دروستبو و فۆرمەلە بوو ئیتر ناتوانێت بچێتەوە سەر دۆخەکەی جارانی خۆی. گەر بگەڕینەوە سەر مانا گریکیەکەشی ئەوا سیفەتی پلاستکیبوون بە مانای وەرگرتنی فۆڕم و بەخشینی فۆڕم دێت. کەواتە باسکردن لە سیفەتی پلاستیکیبوونی مێشک ئەو گریمانەیەمان دەداتێ کە مێشک سیستمێکە قابیلی فۆڕموەرگرتن و فۆڕمبەخشین هاوکات گۆڕانیشە. پلاستیکیبوون لە سیستمی نیرۆتیکیدا بەو گۆڕانە دەوترێت کەلە بونیاد و وەزیفە مێشکی مرۆڤدا ڕوودەدات کە بە هۆی گۆڕانکاری، ئەزمون یان برینداریەوە دروستدەبێت. مالابۆ دەڵێت: بەڵام نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت کە پلاستیکبوون لە جەوهەری خۆیدا شتێک لە تەقینەوە و توندوتیژی لە گەڵدایە بەو مانایەی کە دەتوانێت فۆڕمێک بە تەواوی لە ناو ببات لە بری ئەوە فۆڕمێکی تری تەواو نوێ و جیاواز دابهێنێت و دروستبکات. وەک دەبینین پلاستیکیبوون بە دوو جۆر خۆی نمایشدەکات، بە دیوێکدا جوان و نەرمە ئەویش وەرگرتنی فۆڕمە(پەیکەرسازی)، بەڵام بە دیوەکەی تردا  مەحفکرنەوەی فۆرمەکانی ترە(تەقینەوە).

بە ڕای مالابۆ گرنگە بزانین کە مێشکی مرۆڤ سیستمێک نییە یەک جار دروستبێت  و تەواو، ڕاستە هەندێ بونیادی ئاناتۆمی مێشک هەیە کە بە شێوەیەکی بۆ ماوەیی پرۆگرام دەکرێت و دەمێنێتەوە بەڵام هەندێ بەشی گرنگی تری ئەو سیستمە نیرۆتیکیەی مێشک کراوەیە لە بەردەم جیهانی دەرەوە و بە بەردەوامی کاریتێدەکرێت. ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە بەشێکی گرنگی بونیادی مێشکی تۆ دەوەستێتە سەر ئەزمون، پەیوەندیت بەوانی ترەوە و شێوازی ژیانت.

مالابۆ ئاماژە بۆ کتێبێکی تری خۆی دەکات بە ناوی ( برینە نوێیەکان) و دەڵێت: هەندێ زام و برین هەیە کە مێشکی مرۆڤ دووچاری دەبێت و پێوەی دەناڵێت تا ئێستاش دەروونشیکاری نەیتوانیووە بە هەند وەریانبگرێت، بۆ نمونە ( نەخۆشەکانی ئەلزاهەیمەر، پارکینسۆن یان تراوما بە گشتی) هەموو تراوما کۆمەڵایەتیە_ سیاسیەکان  دەچنە دەرەوەی تێگەشتنی فرۆید و ئەوەی کە ئەو پێدەڵێت؛ ( لە دەرەوەی پرنسیپی چێژ) فرۆید شکستی ‌هێناوە لەوەی کە باس لەو شتانەش بکات کە دەکەوێتە دەرەوەی ئەم پرنسیپی چێژەوە و تێدەپەڕێنێت، ئەو زام و برینانە  هیچ پەیوەندیەکیان بە چێژەوە نییە. خۆشەویستی و ڕق یان ململانییەکانی ناوەوەی مرۆڤ ناتوانن شیکاری ئەم جۆرە لە زام و برینانە بکەن، هەر بۆیەش زانستێکی وەک نیرۆبایەلۆژی پێویستە تا وەڵامی ئەم جۆرە لە داڕمانی مێشک و ئازارکێشان بداتەوە. مالابۆ دەڵێت گەر هایدگەر پێوابێت کە مردن لە هەموو ساتێکدا ئەگەرێکە. ئەوا نیرۆبایەلۆژی وامان لێدەکات بە ئاگا بین لەو ڕاستییەی کە مەسخ بوونی مرۆڤ لە دوای داڕمانی مێشک لە هەموو ساتێکدا ئەگەرێکە، بە مانایەکی تر، شکان و داڕمانێک هەیە کە سوبێکت دووچاری دەبێت بۆ خۆی مردن نیە بەڵام ئەگەرێکی ترە!

بۆ نمونە،کاتێک وەک سوبێکت دادەڕمێیت و ئازارئەکێشی بە هۆی جەڵدەیەکی میشکەوە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ بوویت بە کەسێکی تر. ئەگەری ئەوەی ببیت بە کەسێکی تر لە هەموو ساتێکدا بۆ هەموو کەسێکیش وەک یەکە بێ جیاوازی( هەر چەندە هەندێ کەس زیاتر ڕیسکی ئەوەیان هەیە ببنە قوربانی ئەم جۆرە لە داڕمان)، بەڵام ئێمە دەزانین ئەگەری ئەوە هەیە کە هەموو مرۆڤەکان دووچاری ئەم جۆرە لە داڕمان و شکاندن ببن. ئەمەش ئەوەمان بۆ پشتڕاسدەکاتەوە کە خود شتێکی ئەبەدی و موقەدەس نییە بەڵکو پلاستیکیە، ئەگەری ئەوەی کە لە هەموو ساتێکدا ببیتە کەسێکی تر و شتێکی تر پێمان دەڵێت کە خود و خودگەراییش لە هەموو ساتێکدا ڕیسکی ئەوەی هەیە کە خۆی لە دەستبدات. کێشەکەش ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ نامەنەوێت باوەڕ بەم جۆرە لە گۆڕان بکەین و خۆشمانی بۆ ئامادە ناکەین.

ئەوەی بۆ من گرنگە لە تێزەکەی مالابۆ تاوه‌ك  بتوانم بیشیبەستمەوە بە دەرکەوتنەکانی پیرباڵەوە، بەشە نێگەتیڤ و وێرانکارییەکەی پلاستیکیبوونی مێشکە وەک بونیادێکی نیرۆتیکی. مالابۆ ئاماژە بۆ مەسخەکەی کافکا دەکات و دەڵێت دەعباکەی کافکا شتێکی لەم جۆرەیە نمونەیەکی زۆر جوان و سەرکەوتوانەی پلاستیکبوونی وێرانکارانەی میشکە،  کاتێک گریگۆر بەیانی ‌هەڵدەسێت و دەبێتە کەسێکی تر کە لە خۆی ناچێت. ئەم مەسخبوونە خۆی دەلالەتە بۆ بوون.

کێشەکە ئەوەیە هەموو ئەوانەی باس لە پیرباڵ دەکەن جا ئەو گروپەیان بێت کە داویەتیە بەر تانەوتەشەر و ناوناتۆرەی ناشرین یان ئەوەی تریان کە بە قوربانی دەیبینێت و شەفاعەتی بۆ دەکەن، هەموو دەیانەوێت پیرباڵ لە خۆی بچێت و بچێتەوە سەر خۆی. ئەوان بێ ئاگان لەوەی کە لەو سیستمە داخراوە، نیرۆتیکیە،ئەوتیستیە و ماتریاڵیستیەدا مرۆڤەکان هەموویان لە یەک دەچن و هەمووشیان هەر وەک پیرباڵ مەسخن، تەنانەت بەوانەشەوە کە ئەو سیتەمەیان بە جێهێشتووە،کەسی لە خۆی ناچێت تا پیرباڵ بچێتەوە سەر خۆی. هەمووی ئەو (من)ە ی بە جێهێشتوە کە ڕۆژێک هەیبووە ئێستا خاوەنی چەندەها(من)ە. جیاوازیەکە تەنها لەوەدایە کە پیربال سپەیسێکی هەیە بۆ گێڕانەوە و باسکردن و فەزحکردنی هەموو (من)ەکانی.

 

 لە کاتێکدا زۆربەمان ئێستاشی لە گەڵدا بێت موچڕکەمان پیا دێت هەر کات گوێمان لە ناوی کافکا و مەسخەکەی دەبێت، وەک تێکستێکی ئەدەبی بە یەکێک لە شاکارەکانی دادەنێین و هاوسۆزین لەگەڵ گریگۆرەکەی کافکا، هەر چەندە ئەو هەرگیز بۆمان باس ناکات کە چۆن بوو بەو دەعبایە و ناشزانین پێش ئەوەی مەسخ بێت چۆن بووە، بەڵام ترسێکی لە دڵماندا بە جێهێشتووە، ترسی ئەوەی ئەی ئەگەر ئێمەش رۆژێک نەمانتوانی بەرزبینەوە. کەچی پێمان سەیرە و قبوڵمان نییە پیرباڵ بووبێت بە سەگ لە گەڵ ئەوەیشدا ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن بووە بە سەگی بەر قاپی ماڵی بارزانی وە هەموویشمان بە ئاگاین لەوەی کە چۆن بووە بەو سەگە! ئەمەیش هەر مەسخ نییە؟ یان ئێمە ئەم مەسخەی پیرباڵمان قبوڵ نییە چونکە سەگی(مەسخ)ی ناو ئاوێنەکەی خۆمان بیر دەخاتەوە. بیری ئەو ئازارەنەمان دەخاتەوە کە لە غیابی ئازاردا دەیکیشین و دەینۆشین، یان بیری ئەو فۆڕمەی (من)ەی دوێنێی خۆمانن دەخاتەوە کە ئەمڕۆ نامۆیە پێمان و نایناسینەوە.

 

دیارە بەکار‌هێنانی من بۆ ئەم تێرمە و لەم سیاقەدا بۆ ئەوە نییە کە پاساو بۆ ڕەفتارەکانی پیرباڵ بهێنمەوە بەڵکو زیاتر قسەکردنە لەسەر پلاستیکیبون و ئازادی مێشک وەک بونیادێکی نیرۆتیکی بە پلەی یەکەم ئازادیکردنی مەفهومی ئازادی خۆیەتی، وەکچۆنیش جەختکردنەوەیە لە سەر ئەو ڕاستییەی کە هەرچەندە مێشک ئازاد بێت و پلاستیکی بێت بەڵام هەر وەک مالابۆ دەڵێت؛ هێشتا  بە کۆت پێوەندی ئەو سیستمە نیرۆتیکیە کۆمەڵایەتییە- سیاسیەوە گرێدراوە کە تیایدا دروست دەبێت. پیرباڵ بەرهەم و سیمپتومی سیستم و پیاوەکانی ئەو سیستمەیە کە دروستیانکردو هەرخۆشییان کردیانەوە بە قۆشمە.

 

من ڕەخنە لەو کولتورە و سیستمە ئەوتیستە دەگرم کە مرۆڤی ئەوتیستت بۆ بەرهەم دەهێنێت، مرۆڤێکی تاکڕەهەند کە ناتوانێت دونیا دیاردەکان لە دەرەوەی ئەو دیدە ئەوتیستیە ببینێت، واتە دونیا لای ئەمانە یان سپییە یان ڕەشە،مرۆڤ یان قوربانییە وەیان جەلادە، نازانن کە زۆنێکی ڕەساسی لە نێوان ئەو دوو ڕەنگەدا هەیە، ئا لەویادا تۆ دەتوانیت شتەکان بگۆرێت و سپەیسێک بۆ ئازادی دروستبکەیت.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.