بالدین له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه له كۆی ئه‌و كه‌ش و هه‌وا كۆمه‌ڵایه‌تی و فیزیكییه ده‌ڕوانێت كه جوڵه‌ی ڤیرۆسێك له جیهاندا دروستیكردووه. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت؛
`` كۆرۆنا مرۆڤه‌كانی كردووه به هونه‌رمه‌ندی پێرفۆرمانس كه له ڕێگه‌ی جه‌سته و جوڵه و پۆشینی ماسك و ده‌ستكێشه‌وه، ئه‌وان پێرفۆرمانسێكی نوێ نمایشده‌كه‌ن، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند بن“
بالدین پێیوایه كه ئه‌م پێرفۆرمانسه نوێیه چه‌نده‌ها پێكهاته‌ی نوێ له خۆی ده‌گرێت؛ جه‌سته و مێژوو و كولتوره‌كان و پرسی ئازادییه‌كان. هه‌موو ئه‌مانه، جارێكی‌تر پرسیان خرایه سه‌ر، هه‌موو ئه‌مانه فه‌زایه‌كی نوێیان بۆ خوڵقا كه جیاواز بوو له كایه‌كانی پێشوویان.
لێره‌وه جه‌سته له‌گه‌ڵ ئازادییدا كه‌وته ململانێیه‌وه، به‌وه‌ی جه‌سته ئازادییه‌كانی خۆی له ده‌ستده‌دات، نه‌ك به‌هۆی سانسۆری ئاین یان سیاسه‌ته‌وه، یاخود گوتاری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڵكو وه‌ك بالدین ده‌ڵێت؛
“ به‌هۆی كۆرۆناوه ده‌بێت جوڵه‌مان دیاری بكه‌ین، جوڵه‌مان ده‌بێت لانیكه‌م له بازنه‌یه‌كی بچو‌وكدا بێت. مه‌تر و نیوێك ئه‌و سنووره‌یه كه ڤایرۆسه‌كه بۆ جوڵه‌مان له‌ناو فه‌زادا ئازادیی كردووه، له‌وه زیاتر ده‌چینه سنووربه‌زاندنی ئازادیی ئه‌ویتره‌وه، بێگومان گه‌ر هاتوو خۆمان و ئه‌ویتر نه‌خه‌ینه مه‌ترسییه‌وه“
جه‌سته و كۆنسێپتی جه‌سته ته‌نها ناكه‌وێته ململانێی سه‌ختی داپۆشین و ده‌رخستن، به‌ڵكو ده‌كه‌وێته كێشه‌یه‌كی قووڵی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، چیتر وه‌ك وه‌ك بالدین ده‌ڵێت؛
“ باوه‌ش و ته‌وقه و ماچكردن بوونی نامێنێت، له‌گه‌ڵیشیدا ئه‌و كایه كۆمه‌ڵایه‌تییه به‌هۆی مه‌تر و نیوهكهوه ده‌توێته‌وه و پڕ ده‌بێت له نیگه‌رانی. لێره‌وه به‌كارهێنانی جه‌سته‌ی خۆم له كاری هونه‌ریدا له‌و كۆنسێپته‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرتووه، كه جه‌سته‌ی تاك پڕه له نیگه‌رانییه‌كانی جیهان، پڕه له نیگه‌رانییه‌كانی ده‌وروبه‌ر. له‌م گۆشه نیگایه‌وه من جه‌سته‌ی خۆم ده‌كه‌مه پێرفۆرمانسی ئه‌م ئاڵۆزییه“
به‌ڵام كۆی ئه‌م ئاڵۆزییه‌ی جه‌سته له‌ناو گوتاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕێنماییه ته‌ندروستییه‌كان پابه‌ندن به شوێنه‌وه، شوێن له كیشوه‌ری ئه‌وروپاوه ده‌گۆڕێت بۆ دوورگه‌ی بریتانیا و كیشوه‌ری ئه‌مریكا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا. ئاوا وه‌ك بالدین گووته‌نی؛
“ شوێن پابه‌ندن بهوڵات، كیشوه‌ر، هه‌ڵكه‌وته‌ی كه‌ش و هه‌وا و جوگرافی، هه‌روه‌ها فۆرمه‌كانی ده‌گۆڕێت له ژووره‌وه بیگره تاوه‌كو واگۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و دانیشتنی نه‌فه‌ر له‌ناو تاكسی و پاس و ترامدا. ته‌نانه‌ت شوێن له زه‌مه‌نی كۆرۆنا دا پێرفۆرمانس و نمایشی جه‌سته ده‌گۆڕێت له شوێنێكه‌وه بۆ ئه‌ویتر. بۆ نموونه؛ چیتر لهترامهكاندا مرۆڤه‌كان له‌ته‌نیشت یه‌كه‌وه دانانیشن، به‌ڵكو دوور له‌یه‌كه‌وه. چیتر مرۆڤه‌كان ڕوویان له‌یه‌كتری نییه و هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌ر یه‌كه و ڕووی له ئه‌ویتر وه‌ربگێڕێت. چیتر له شوێنه‌كاندا ده‌موچاو دیار نییه، به‌ڵكو داپۆشراوه به ماسك و ده‌سته‌كانیش به ده‌ستكێشی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ؛ سپی، شین، سه‌وز، گۆشتی… ئاوا شوێن ئه‌و فاكته‌ره‌یه كه تێكه‌ڵی فاكته‌ره‌كانی ئه‌م دیكه ده‌بێت“
من پێموایه بالدین ده‌مێكه فیگوریی به‌ربوونه‌وه‌ی نمایشكردووه، به‌ربوونه‌وه‌یه كه هێشتا له‌ناو فهزادایت، له (ڕاوم) دایت به ههڵواسرایی و نێزیكیت لهبهربوونهوه، به‌ڵام بهرنهبوویتهوه. بۆنمونه؛ تابلۆی چۆله‌كه ته‌نهاكه‌ی كه سه‌ره‌وخوار لهبهربوونهوهدایه به‌ڵام به‌رنه‌بۆته‌وه، هێشتا وه‌ك خۆی گووته‌نی `` هێشتا له فهزادایه و به‌رنه‌بۆته‌وه“ له په‌یكه‌ری (ئه‌حمه‌دی ده‌لاك)* دا سه‌ری ئه‌حمه‌دی ده‌لاك به بزهكهیهوه كه له فه‌زایه‌كی فراواندا به‌رنه‌بۆته‌وه سه‌ر زه‌وی و له‌سه‌ر كورسیه‌كی شلۆق گیرساوه‌ته‌وه كه ده‌شێت به‌ربێته‌وه. لێره‌وه بالدین ده‌ڵێت؛
“ لهكۆرۆنادا هه‌موومان پێرفۆرمانسین، هه‌موومان له بهربوونهوهداین، به‌ڵام هێشتا نازانین به‌ر ته‌نه ڕه‌قه‌كان ده‌كه‌وین یان نا؟ بهردهكهوین یان چه‌ند ساڵێكی تر به‌هۆی ئه‌م په‌تایه‌وه له‌م فه‌زایه‌دا ئاوا له‌نێوان مردن و ژیاندا ده‌مێنینه‌وه“
* بابه‌تی په‌یوه‌ست به كاری هونه‌ری (بالدین ئه‌حمه‌د) – كو‌لتور مه‌گه‌زین (په‌یكه‌ر و ڕۆح)
په‌یكه‌ر و ڕۆح، تێڕامانێك له بزه‌ی په‌یكه‌ری ئه‌حمه‌دی حه‌لاق