ئێڤا ئیللۆز تهمهنی پهنجاو نۆ ساڵە کۆمەڵناسی بەناوبانگی ئیسرائیلیە، کە مامۆستای زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆیder École des hautes études پاریسە. دوابەرهەمی بە ناوی “Das Glücksdiktat” لە ساڵی ٢٠١٩ چاپ بووە.
– ئەم وتووێژە لە لایەن (ئێلیزابێت ڤۆن تادێن) وەک بەشێک لە پرۆژەی ڕۆژنامەی ئاڵمانی ( زهمهن – دی تسایت) بە ناوی “ئێستا بیر لە چی دەکەنەوە” کە زنجیرە وتووێژێکە لەگەڵ زانایانی بواری جیاواز لە زانستە مرۆڤایهتی و کۆمەڵایەتیەکان، دەربارەی ڤایرۆسی کرۆنا و دەرکەوتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی و لایهنه جیاوازهكانی.
ئێڤا ئیللۆز*؛ ژنان زیاتر ئاگایان لە مرۆڤەکان و باشکردنی دۆخی ژیانیانە. لە بەرئەوەی ههر ئەوانن دەتوانن لە ڕووی ئابووریی و دەرمانی و کۆمەڵایەتییەوە دوور و بڕ بڕوانن و ژیرانە بجوڵێنەوە.
دی تسایت: ئێستا بیر لە چی ئەکەنەوە؟
ئێڤا ئیللۆز: ڕاستت دهوێت، هاوکات بە زۆر شتەوە سەرقاڵم و حەزیش ناکەم هەموویان لە بابەتێکدا کورتبکەمەوە. لانیکەم پێنج پرس هەن کە من بیریان لێدەکەمەوە، ئەگەر ڕات لەسەر بێت ئەمەوێ گشتیان لێرە (بەجیا) بخەمە بەر باس.
دی تسایت: بە دڵنیایەوە
ئیڤا ئیللۆز: یەکەم بابەت ئەو ئاڵۆزیەوە و تێکەڵ و پێکەڵییەی بواری سیاسی و دەرمانەیە پێکەوە. دهبوایه ئەم دوو بوارە لە ڕاستیدا لەیەکتر جیا و سەربەخۆ بوونایە، بهڵام ئیتر ئەم شتە لە ههندێك وڵاتدا وا نەماون. من ئەم هەڵمەت و پاشاوڵەی سیاسەت لە نێو زانست دا بەتایبەت لە (ئیسرائیل) بە (ژههراویکردن) یاخود پیسکردنێکی میکرۆبی دەشوبهێنم. ئەم شوبهاندنەشم تەواو بە ئانقەست هەڵبژراد.
لە ئیسرائیل زۆر کەس پێی وایە ؛کە (نەتانیاهوو) ئەو قەیرانەی لە بەرژەوەندی خۆی بەکار هێناوە. ئەمەش لەگەڵ خۆیدا بێ بڕوای جەماوەر دژ بە هیزی بەرێوەبەری وڵاتی لێدەکەوێتەوە. بەڵام وڵاتی وههاش هەیە کە زۆرینەیان لە لایەن ژنانە بەرێوە دەچن، بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پەتایەدا کردووە.
دی تسایت: ئەمە پرسی دووهەمە؟
ئیللۆز: لە ڕاستیدا جێی سەرنجە کە لە وڵاتانی وەکوو ئیسلەند، نهروێژ، ئهڵمانیا، تایوان یان فێنلاند، خەریکن تاوهكو رادیەک، بە باشی و وریاییەوە رووبەڕوی ئەم قەیرانە دەبنەوە. سەرۆکی حکومەتی ئەو وڵاتانەش گشتیان ژنن.
خەڵکی ئەم وڵاتانە زوو ئاگادار و هۆشیار کرانەوە، کە ژیانی گشتی بە شێوازێکی ڕوون وبە وریاییەوە بەرەو داخران دەچێت. ڕێوشوێنی هەمەلایەنەیان تا ئەو شوێنەی دەکرا زوو گرتە بەر. ههربۆیە، لەو شوێنانە حاڵەتی مردن تا ڕادیەک لە پلهیهكی نزمدایه.
ئەم قەیرانەی ئێستام وەکو تاقیگەیەک هاتە بەرچاو کە تێدا شێوازێکی بەڕێوەبەری ژنانەی لێ دەرکەوتن کە ڕێک بە پێچەوانەی حاڵەتە پیاوانەوەکەیەوە بوو، كه زۆری پێ چوو تا لە ڕژدی باردودۆخەکە تێگەیشتن یان حاشایان لێدەکرد.
(شی جینپینگ) هەوڵیدا ماوەیەک ئەمە بشارێتەوە، (ترامپ) بە داهێنانی دیمۆکراتەکانی (ڕکابەری) لە قەڵەمدهەدا، (مەکرۆن) لە شازدهی مارسدا بۆ خۆنواندن و وەکو ئەوەی هیچ لەگۆڕێدا نەبێت سەردانی شانۆی ئەکرد. (نەتانیاهوو) بە شەودا دادگاکان و یاسای ڕائەگرت و (بۆلسۆنارۆى دەیگووت؛ خەڵکەکەی لەبەرانبەر ڤایرۆس دا بەهێزن!… بەڕاستی سەرم لەم جیاوازیە رەگەزیە سوڕماوە.
دی تسایت: چۆن ئەتوان ئەو شتە شیبکەنەوە کاتێک ئەم راستیە لەبەرچاو بگرین کە ئەمانە هەموو وڵاتی بەتەواوی جیاواز و بە ئابووری جیاوازیشەوەن؟
ئیللۆز: من نامەوێ شرۆڤەیەکی ورد و بنچینەیی بۆ بکەم، بهڵام من تێگەیشتم، کاتێک (مەکرۆن) چوو بۆ شانۆ بۆئەوەی بڵێت؛ کە ئەرێ، مرۆڤ دەتوانێت بە دڵنیاییەوە ماڵەکەی خۆی بە جێبێڵێت، ههر ئهو كاته مێرکێل ڕایگەیاند؛ کە ئەم بارودۆخە جدیە و دەبێ بە جدیش وەربگیرێت و دەشێ تاوهكو حهفتا لە سەدی خەڵکیش تووشی (ئەم پەتایە) بن.
ژنان ئاگایان لە مرۆڤەکانە و هەوڵیان بۆ باشتر کردنی دۆخی ژیانیانە، کەچی لای پیاوان تەنیا ئابووری گرنگه. لەم ڕووە وە ژنان دەتوانن هاوکات ڕووبەرووی قەیرانی تەندروستی و ئابووریش ببنەوە. ئەوان بەمجۆرە (سوسیالیزە – بوون) کە هاوکات مشووری زۆر شتی جیاواز بخۆن: دۆخی هەنووکەیی دەریخست کە شێوازی بەرێوەبەری ئەوان شێوازێکی (پێڕاگەیشتنی) هاوکاتی “ئەم و ئەویش”ە. ئەوان بە وریایی و ژیریەوە بە لایەنە ئابووری، دەرمانی و کۆمەڵایەتیەکان ڕ ادەگەن. وادیارە ژنان دەتوانن لە بەستراوەیی دوولایەنەی ئەم فاکتەرانە باشتر لهیهكتر تێبگەن.
دی تسایت: ئەی سێهەمیان؟
ئیللۆز: ئێمە خەریکین شکستێکی ئانترۆپۆلۆژی لە پهیوەند بە؛ ڕەنج، مردن و مەرگەوە ئەزمووندەکەین. من لەوە نیگەرانم کە چۆنە ئێمە ئاوا بە ئاسانی ملمان دا بەو ڕێسایانەی، کە ئەو خەڵکانهی ئازار دەکێشن و ئەوانەی لەسەر مەرگن، بە تەنیا جێهێڵین.
ئێمە ئەوانمان لەپڕ لە هاودڵی، پرسە و پشتیوانی دەور و دراوسێیان دابڕاندووە. تاوهكو ئەو ئاستەی کە مردووەکان تەنیا و تەریک ئەسپەردەی خاک دەکرێن. ئەوانەی لە سەرەمەرگن ناتوانن لە دواساتەکانی ژیانیان لە نێوچاوانی مرۆڤەکان بڕوانن. ئەوەی ئەوان دواجار دەیبینن تەنیا هێندێک مرۆڤ لە پشت جامی پارێزراو و لە بەرگی پارێزراودایە. ئەمە واتایی خاڵێکی وەرچەرخان و هاوکاتایش ئەو ڕاستیە دەدرکێنێت کە ئێمە ئەم رووداوەمان زۆر بە سانایی قبوڵ کردووە. پێموایە کۆمەڵگهکانی ئێمە تراومایەکی بهردوام ئەزمووندەکەن لە ئاستی سیاسەت دا، بەڵام من سەرقاڵی بیرکردنەوەیەکی تەواو جیاوازترم…
دی تسایت: … واتە چوارەم بەشی بیرکردنەوەتان
ئیللۆز: … ئەویش چۆکدادانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە لە بەردەم (وڵاتی چین) و پرسی شاردنەوەکەیەتی. دەوڵەتی چین هیچ بەرپرسیارێتیەکی بۆ دژکردەوەی سیاسی زۆر درەنگی خۆی، بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە وڵاتانی تر لە ئەستۆ نەگرتووە. ڕێژیمی سەرەڕۆی چین تا ئێستاش بەردەوامە لە کۆنترۆڵ و دەستچینکردنی ڕادە و جۆری ئەو زانیاریی، شیکاری و دەرەنجامانەی کە دەبێت خەڵکی دونیا دەستیان پێ ڕابگات. ڕۆژئاوا نابێت ئەم هەڵسووکەوتە نابەرپرسانەیەی ڕژێمی چین قبوڵ بکات. ئەم ڕەفتارانە دەتوانێت زۆر ئاکامی دیكهی لێ بکەوێتەوە.
دی تسایت: ئێوە بە (کۆمەڵناسی هەست) ناسراون. ئەم قەیرانهی ئێستا له چ شوێندا كاریگهری لە سەر ژیانی تایبەتی و پهیوەندییه نێوهكییهكان دەبێت؟
ئیللۆز: ئەوە خاڵی پێنجەم بوو کە من پێوەی سەرقاڵ بووم؛ چەند چهمكێكی وەک ؛ ماڵەوە، جیهانی تایبەتی یاخو ئەوەی پیی دەڵێن هۆم home,یان سویت هۆم (ماڵی شیرینم) sweet home بە هۆی ئەم داخرانە گشتیەوە بووە بە یەکێك لە تاڵترین شوێنەکان بۆ پێکەوەژیانی ژن و پیاوەکان.
ئێستاکە دەیبینین بنەماڵە و هاوژینەکان چیان بەسەرهاتووە، کاتێک دونیای دەووروبەر هیچ بیچم و سترۆکتۆرێک بە ماڵەوە ناهێڵێت. ژیانی کۆمەڵایەتی و پیشەیی (دەروەی ماڵ ) بە زۆری هەلی بۆ پێکەوە ژیانی زۆر کەس ڕەخساندووە. تەنیا لە باروودۆخی ئاوههاییە کە زۆر کەس بهرگهی ئهوه دهگرێت كه له ماڵدا بژی و وەک شوێنێكی بەریەککەوتن (یان پێکەوەبوون). لەم کاتەدا، کە ژیانی دەرەوەی ماڵ پەکیکەوتووە، پێکەوەبوونەکان زۆری توشی گرفت دەبن و دەشێت بۆ دۆخی بەکاربردنی تووندوتیژیش بگۆڕدرێت. کاتێک ڕێوشوێنی داخستنی گشتی لە پارێزگای (هووبا)ی چین شلتر بوویەوە، ژمارەی داخوازی جیابوونەوە بە خێرایی بەرەو تۆمارکردنی پێوانەیەکی بەرزبۆوه.
نموونەیەکی تر قوتابخانەیە. کاتێک دادەخرێن زۆر بنەماڵە بێ دەرەتان دەبن. حکومەت لەڕێگای قوتابخانەکانەوە لە زۆر ڕێگای نەبینراوەوە، قوتابخانه وەکو ستراکتۆر و بیچمی پارێزەر بۆ بوونی خێزان دهبینێت. ههروهها بهسهربردنی كاتی ئازاد و بهتاڵی خهڵكی كاریگهریهكی بونیادی ههیه، لهو كایه ڕهخساوانهی وهك چوونە سینەما، وەرزش یان هاتووچۆی دۆستانە. ههموو ئهمانه، كاریگهریان ههیه و شێوه و فۆرم دەداتە لایەنی گەرم و گوڕی پێوەندییه كۆمهڵایهتهكان
دی تسایت: ئەگەر بیتوو هەموو ستراکتێر و بیچمەکانی دونیای دەووروبەرمان پەکیان بکەوێت، بڵێی ئەو کاتە ماڵە خنجیلانەکانمان ڕووخساری(راستەقینە) خۆیان دەربخەن؟
ئیللۆز: خانمه فەیلەسوف (هانا ئاڕێنت) لە ئەندیشەی خۆیدا جیاوازیەکی (ئەرەستووتی) لە نێوان بواری تایبەت و گشتی دا دێنێتە بەر باس؛ ئەرەستوو بواری تایبەتی کە تێدا ژن و منداڵ و کۆیلەکان دەژین، بە کەم بایەختر دەبینێت. (بە ڕای ئەو) تەنیا لە بیاڤی گشتیدا (كایهی گشتی) یە کە ئازادی دەردەکەوێت تاوهكو (مرۆڤەکان) پێکەوە هەڵسوکەوت بکەن.
ئارێنت دێ لە دژی ئەم مێتۆلۆژییه مێینیه ئهرستووییه دەوەستێت، کە تێیدا دەبێت پەری و فریشتیهك بێت و زامەکانی جیهان تیمار بکات. ئەوەی ئێمەش لەم پەتایەدا ئەزموونی دەکەین ڕێک دەچێتەوە سەر ڕەخنەکەی ئارێنت: ماڵەوە تاقەت پڕوکێنەرە گەر بێتوو مرۆڤ نەتوانێت لە دونیای دەرەوە بە جێبهێڵێت، خۆ ئهگەر هاتوو ئینتهرنێت نەبوایە، ئهوا ماڵەوە ڕێک وەکو دۆزەخی لێ دەهات.
-تهواو
سەرچاوە:
https://www.zeit.de/kultur/2020-04/corona-pandemie-frauen-lockdown-soziologin-eva-illouz
بۆ زیاتر لهمهڕ دۆسیهی كۆڕۆنا ٢٠٢٠. – كولتور مهگهزین فهرموون؛ دۆسیهی كۆرۆنا ٢٠٢٠