هونەر لە نێوان بابەت و فۆرمى دووبارە دا، پرۆژەى (مێینە ) بە نموونە
زامواداراغا
بەرایی
بۆ هەموو کارێکى هونەرى چەند بیرۆکە و بابەتەکە گرنگە ئەوەندەش فۆرم و مەتریاڵ و تەکنیک و شێوازى نمایشکردن گرنگە، بۆ بەدەست هێنانى کارێکى سەرکەوتوو دەبیت ئەم توخمانە هەموویان هاوتەریب و هاوسەنگ بن وە هیچ بەشێکیان زاڵ نەبێ بە سەر بەشەکانى تردا.
ڕاگرتنى ئەم باڵانسە دەبێتە هۆى دروست بوونى کارێکى هونەرىپیشکەوتوو بەبێ ئەوەى بگەرێتەوە بۆ بەکارهێنانەوەى ( کۆپى ) ئەو فۆرمانەى کە لە زاکیرەماندا بونیان هەیە و پیش تر کارى پێکراوە و بەکار هاتووە هەم وەک زاکیرەى بینەر وە هەم وەک مێژووى هونەر.
گەورەترین كێشە کە تووشى هونەرمەند ئەبیتەوە کارکردنە لە سەر ئەو بابەتانەى کە ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە کۆمەڵگەکەوە هەیە وە زاکیرەیەکە دەستە جەمعى بۆ دروست بووە، ئەم بابەت و ڕووداوانە بارگاوى بووە بە ئەخلاق و ئاین و نەتەوە و پیرۆزى و دابونەریتى کۆمەڵایەتى. ئێمەى کورد نموونەمان زۆرە لەم بابەتانە وە بەردەوام هونەرمەندان کارى لەسەر ئەکەن، بۆ نموونە: کارەساتى هەڵەبجە ، ئەنفال ، شەنگال وەک نموونەیەکى نەتەوەى هەروەها `جێندەر و فیمیتستى و توندوتیژى و سێکس` وەک نموونەیەکى کۆمەڵایەتى هەروەها دژە ئاین و دژە پیرۆزیەکان و ئازادى تاک ئەمانە و زۆر بابەتى تر، کە لە ڕێگەى هونەرەوە بە چەنئاین شێوە بەکاردەهێنرێت.
بەتایبەتى ئەم بابەتانە کەلە ناو کۆمەڵگەى ئێمەدا وەک کارى هونەرى پێش نیازئەکرێت وە لە ناو ( پۆبلیکدا و سپەیسى گشتى ) دەخرێتە ڕوو، واتە لە سەر شەقامەکان و شوێنە گشتیەکانى ناو شارەکان دادەنرێت وەک شوێنێک بۆ نمایش، ئیتر قسە و باسێکى زۆرى لێ ئەکەوێتەوە کە زۆربەى بەبێ بنەماى هونەرى لە خۆیانەوە شیکارى بۆ ئەکەن، خەڵکەکە دەبن بە دوو بەرەوەو بەرى داکۆک و بەرى دژ وە هەردووکیان زۆر ڕادیکالانە مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن بەبێ باگڕاوندێکى هونەرى وە زۆربەیان لە بێ ئاگای دژایەتى یان داکۆکى لە کارە هونەریەکە ئەکەن. بابەتەکە بەلا ڕێدا دەبەن و دوورئەکەوێتەوە لە هونەر.
لێرەوە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەم جۆرە لە بابەتانە بەتایبەتى لە هونەرى شێوەکاریدا کە لە بنەڕەتا هونەرێکى (بینراوە ) پشتى بە فۆرم و پانتایى و ڕەنگ و دەنگ و کێش و قەبارە و (دەستلێدان) و شوێن بەستووە، بۆ بەرهەمهێنانى کارێکى هونەرى ( بەرجەستە ) کە بینەر لە ڕێگەى بینینى ئەو فۆرمەوە ئەڕواتە ناو بایەتەکەو بۆ تێگەیشتن لە ماناى کارەکە.
هەندێک جار هونەرمەندەکە دەکەوێتە داوى بایەتەکەوە، ئەو باڵانسە لە دەستدەدات لە نێوان (بابەت و فۆرم) دا بەبێ ئاگایى هونەرمەندەکە، بابەتەکە زاڵ ئەبێت بە سەر کارە هونەریەکەدا و لەسەر حسابى فۆرم و مەتریاڵ، ئیتر فۆڕمەکە لاواز دەرئەکەون تواناى گوزارشت کردنى نامێنێت لەلاى بینەر. هەندێک جار هونەرمەندەکە بە ئاگایەیەکى تەواوە لە بەر هەندێ هۆکارى کەسی و بەرژەوەندى تاکە کەسى خۆى و خۆدەرخستنى وەک ( شۆوێک ) بۆ بە (پاڵەوان – بوون) ئەم بابەتانە بەکاردەهێنرێت،. یاخود لەبەر کەمی توانا هونەریەکانى پاڵ ئەباتە بەر ئەم جۆرە لە بابەتانە کە پیش وەخت ئەزانێ چۆن خەڵک بهارووژێنێت ( تیزیان کات) تا بتوانێت کەم و کورتیەکانى کارە هونەریەکە بشارێتەوە لە ژیر گەورەیى بابەتەکەدا.
بەمشێوەیە ڕەخنە گرتن لە کارە هونەریەکە (ڕەخنە گرتنە لە بابەتەکە) کە لەلاى زۆربەى خەڵک پیرۆزە یان قێزەوەندە، ئیتر تۆى ڕەخنە گر دەچیتە خانەى دژەوە ئەکەویتە ناو توونێلێکەوە کە ئەوسەرى دیار نەبێت، ئەوە دروست دەبێت لە قسەکردن لە سەر کارە هونەریەکە ئەبێتە گوتارێکی سیاسى یان ئاینى یاخود نەتەوەى یان سونەتى دژ بە یەک. بە دیوەکەی تردا ئەوانەى وەسف و پیاهەڵدان ئەکەن بۆ کارە هونەریەکە زیادەڕۆیی زۆر دەنوێنن بەبێ بنەماى مەعریفى وە زۆربەى وەسفەکان سۆزدارى لە پشتەوە کە دوورە لە واقعى کارەکەوە. بەمشێوەیە ئەوەى کە کەس باسى ناکات و گرنگى پێنادات ( کارە هونەریەکەیە ) وە کاریگەرى ئەم کارە هونەریە لەسەر کایەى هونەرى بەگشتى و کاریگەرى هونەر لەسەر کۆمەڵگە کە تواناى تێگەیشتنمان هەبێت بۆ ئەم جۆرە لە کارى هونەرى. بابەتەکە دەکەن بە بابەتێکى گەورە وە تەجریدی ئەکەن لەو فۆرمەى کە هەیە لەسەر ئەرزى واقع، بەبێ خوێندنەوەیەکى واقعیانە و شیکاریەکى بابەتیانە لەسەر کارە هونەریەکە وەک خودى کارەکە. شەڕەکە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکى تر وە کەس حساب بۆ کارە هونەریەکە ناکات کە لە بنەڕەتدا ئەم کارە هونەریەیە کە ئەم ( بابەتەى خوڵقاندووە و کردوێتى بە بابەتى ڕۆژ لە ناو کۆمەڵگەدا ).
بە ئەرکى خۆم ئەزانم بتوانم لە ڕێکەى ئەم نوسینەوە بۆجونێکى جیاواز پیشنیازبکەم، کە تواناى ئەوەى هەبێت لایەنى کەم شیکارى بۆ کارە هونەریەکە بکەم، لەو گیژاوە دەریبهێنم و رووتى کەمەوە لە خیتابى سیاسى و گۆمەڵایەتى ، وەک کارە هونەری شێوەکارى بە دوور لەو ژاوەژاوەى کە ئیستا ڕوو ئەدات لەسەر ئەم پڕۆژەیە.
پڕۆژەى ( مێینە ) شێوەکار خاتوو ( تارا عبدوڵا ) ئەنجامى داوە
تابلۆکە ( 4800 ) مەترە بە بەژداری ( 99،678 ) مێینە لە کوردستاندا، هەر مێینەیەک بە پارچەیەک جلوبەرگ بەشداربووەکە توندوتیژی بەرامبەر کراوە. تابلۆکە لە باخچەی نالی یەوە هەڵواسرابوو هەتاوەکو بەردەم دادگای سلێمانی.ڕیکخراوى گەشەپێدانى مەدەنیە- CDO جیەبجێ کار و شەرپەرشتى و بەرهەمهێنەرى پرۆژەکە بووە.
شوێنى نمایش
شەقامى سەرەکى شار شەقامى سالم بەتایبەتى نێوان عەموودەکان.
گەر ئێمە بگەڕێنەوە بۆ مێژووى ئەم وڵاتە وە بە تایبەتى شارى سلێمانى دەبینین لە سەردەمى حوکمى مەلیکایەتى ئیراقەوە تا دوا هەمین هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان ئەم شوێنە بە بەردەوام تەنراوە بە ( لافیتە و ئاڵا و دروشمەکانى حیزب و ریکلامى بازرگانى و حکومى و رێکخراوە مەدەنیەکان ) هەروەها لە ڕۆژى بۆنە و ئاهەنگەکاندا دووبارە بە سەدان لافیتەى قوماش هەڵدەواسرا لەم شوێنە دا. وە لە سەردەمى ڕژێمى بەعسى فاشى دا بە سەدان لافیتە هەڵواسرابوو بۆ ستایشى سەرۆکى فەرماندە و حیزبە کەى. بەهەمان شێوە لە دواى ڕاپەرینەوە سەر شەقامەکان دووبارە پڕ بووبون لە لافیتەى پرسەى شەهیدانى نەتەوە، دووبارە شەقامەکان پڕ بوونەوە لە ستایشى سەرۆکى حیزبەکان. یادەوەری خەڵکى ئەم شارە پڕبووە لەم شێوازە لە هەڵواسین و بە زۆر نمایشکردنى دروشم و ستایشى سەرۆکەکان و ڕیکلامە ناشرینەکان بەبێ خواستى خەڵکەکە دەچن بە چاویاندا هەتا وای لێ هات بوو بە ( شەڕە پەڕۆ ) لە شەقامەکان و شوێنە گشتیەکان.
لێرەوە دەبێ بپرسین ئایا بۆ پڕۆژەى ( مێینە ) لە هەمان شوێن نمایشکرا وە بە هەمان شێواز دانرا، بەبێ دەستکاریکردن و بەبێ گۆڕینى شێوازى هەڵواسینەکە (لێرەدا مەبەستم بە هەمان شێوەى لافیتە و ئاڵا و دروشمەکانى سەردەمى مەلیک بۆ دوا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان) ئایا هونەرمەندەکە بەبێ ئاگایى ئەم کارە دووبارە ئەکاتەوە؟ یان بە ئاگایەیەکى زۆرەوە ویستویەتى بەهەمان شێواز کە هەیە بکاتەوە؟
گەر سەرنجى کارە هونەریەکە بدەین دەبینین شێوازێکى ناڕێک لە بەرزى و نزمیدا وە لە هەندێک شوێندا شۆڕبووبۆتەوە و دەستى خەڵک دەیگاتێ! لە درێژى دا ناڕێک دەردەکەوێت لە نێوان عەموودەکان، لە هەندێ شوێن کورت لە هەندێ شوێن درێژ، لە هەندێ شوێندا ڕێڕەوەکەى گۆڕدرابوو لە جیاتى لە ناوەڕاستى شەقامەکە بێت هاتووتە لاى قەراغ شەقامەکەوە، کە ئەمانە هەمووى جێگەی پرسیارن پەیوەندى ڕاستەو خۆیان هەیە بە فۆڕمى کارەکەوە.
ئەم شێوەیە لە هەڵواسین بۆ کارێکى هونەرى وە بەو قەبارە گەورەیە کێشەیە، کێشەیەکە لەوەدایە شەقامەکە داگیر دەکات وە بەرکەوتەى ئەبێت لەگەڵ تاک بە تاکى خەڵکەکە بەڵام هەڵگرى هیچ فۆرمێکى تازە نییە لە شیوەى فۆڕم و هەڵواسیندا کە خەڵکى ئاسایی ئەتوانیت بەهەمان شێوە هەڵیواسێت بەبێ بیرکردنەوە و ڕاڤە کردن.
کەواتە ئەکرا ئەم کارەکە لە هەموو سووچێک و قووژبنێکى شارەکە بەهەمان شێوە هەڵبواسرایە و نمایش بکرایە! چونکە تایبەتمەندى پێوە دیار نییە بۆ شوێنەکە ( شەقامى سالم ) بەم شێوەیە حساب بۆ فۆرم و قەبارە نەکراوە لە شوێن و فەزا و سپەیسى ، شەقام و عەمودەکانى بڕیاریان داوە کە کارە هونەریەکە لە کۆتایدا ( چ فۆرمێک ) وەرگرێت نەک هونەرمەندەکە بڕیارى دابێت کە چ فۆرمێک دەبێت وەرگرێت بۆ خزمەت کردنى بابەتەکە.
بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت (شوێن، ڕاوم، سپەیس) لەم کارەدا لاوازە ئەوە کە بەهەند وەرنەگیراوە. چۆن زۆرترین خەڵک ئەم کارەى ( بەرکەوێت ) نەک ( بیبینت ) واتە لێرەدا گرنگى نەدراوە بە ( بینین ) لە ناو سپەیسى گشتی دا! ئەوەندەى گرنگى دراوە بەوەى کە خەڵک بەلای دا ( تێپەڕێت ) لێرەدا ( تێپەرین ماناى بینین نابەخشێ ) بە هەمان شێوە کە لافیتەى ستایشى سەرۆکى فەرماندە هەڵدەواسرا بۆ بینین و خوێندنەوە نەبوو ئەوەندەى کە ناوى سەرۆکى فەرماندە بەر خەڵک بکەوێت ( دنەیان ) بکات .
مەتریاڵى کارەکە
جلى بەکار هاتوو وە بە تایبەتى جلى ئەو ژنانەى کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە کە خۆى لە ( 99،678 ) ژن دەبینیەوە. بە باوەڕى من جل و پۆشاک ئامرازێکە بۆ ( پاراستن ) واتا ئێمەى مرۆڤ بە گشتى جل و پۆشاک وەک ئامڕازێکى بەرگرى یان پاراستن بە کار ئەهێنین لە ( سەرما و گەرما و شاردنەوەى ئەو جێگایانەى کە گۆمەڵگە حرامی کردوە وەک ئەندامى زاوزێ و قنگ و مەمک)، بەڵام لەم کارەدا جل و پۆشاک بە کار هێنراوە وەک ڕەمز بۆ ئەو ژنانەى کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوەن هەر لە لاقەکردن و لێدان و سووتانى جەستەیان و ئازاردان خۆی ئەبینێتەوە. لەم حاڵەتەدا ئەوانەى کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە هەڵدەستن بە شاردنەوەى ئەو شوێنانەیان کە شوێنەوارى توندوتیژی پێوە دیارە بە لە بەرکردنى جلوپۆشاکى بۆ ئەوەى شوێنەوارى ئەشکەنجەدانەکانیان بشارێتەوە وە لە زۆربەى کاتدا ( ژنان پەنا ئەبەن بۆ باڵا پۆشى ) ئەم جلوپۆشاکانە وامان لێ دەکات کە نەتوانین ئەم توندوتیژیە ببینین بە پیچەوانەوە دەبیت بە ( ماسکێکى جوان و ڕەنگاو ڕەنگ ) بۆ شاردنەوەى ئەو توندوتیژیە.
کەواتە جل وەک مەتریاڵ لەم کارەدا زۆر لاوازە وە هەندێ جار ئەمانخاتە (گومان) وە کە ئایا بەڕاستى ئەم جلانە جلى ئەو کەسانەن کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە؟ واتە ئەو جلانە هەڵگرى تایبەتمەندى ناسنامەى تایبەتى نییە بۆ کەسێک کە توندوتیژى بەرامبەر کرابێت بە پیجەوانەوە جل و پۆشاک هەمیشە ماسکێکى درۆزنە بۆ جەستە و شیوازى ژیانمان.
گەر سەرنجى جلەکان بدەین دەبینین هیچ جۆرێک لە ئاسەوارێکى توندوتیژى لە سەر جلەکان بە دى ناکرێت، واتە جلەکان پەڵە خوێن یان دڕاندن و شێواندنى پێوە دیار نییە، تاوەکو بینەر لە رێگەىجلەکانەوە ئەو توندوتیژیەى بۆ بەرجەستە بیێت کە خاوەن جلەکاندا چ دڕەندەیەکیان بەرامبەر کراوە.
شێوازى دورین و بەیەکەوە بەستن
گەر سەرنج لە شێوازى دورینەکەى بدەین بۆمان دەردەکەوێت لە بنەڕەتدا هیچ کارێکى تایبەتى تێدا نەکراوە واتە ( هونەرمەندەکە هیچ گۆڕانکاریەک لە فۆرمى جلەکاندا نە کردوە) تەنها کارى دروومانەکە بۆ بەیەکەوە نوساندنى جلەکان کردوە. پارچەکان بە شێوەیەکى هەڕەمەکى بەبێ ڕێکخستن و جیاکارى نە لە ڕەنگەکان نە لە شێوە و قەبارەى جلەکاندا هیچ تێبینیەکی وردى بۆ نەکردووە. ئەم فۆرمە فۆڕمێکى بینراو و دووبارەیە لە زۆربەى دووکانەکانى تابیەت بە جل ئەبینرێت، هیچ داهێنانێکی هونەرمەندەکەى نابینرێت کە جودای بکاتەوە کە ئەم جل لانە جیاوازە لە جلى تر.
ئەوەى ئەبینرێت لە بەشى سەرەوە بە پەتێک تێ هەڵکێشراوە لەسەر ئاستى ئاسۆیى یە خەتێکى ڕاست یان لە هەندێ شوێندا بە شێوەى جەماوەى وەک (تەنافى جل)، بەڵام ئەم پەتە کارى تەنافى جل ناکات! کارى شتن و پاک کرنەوەى جلەکان ناکات، کە ئاماژە بێت بە دواى ڕووداوى توندوتیژیەکە کە بەرامبەر بە خاوەن جلەکان کراوە.
بەشى خوارەوەى کارەکە جۆرى جلەکان شێوازەکەیان دەستنیشانکردوە ، نەک هونەرمەندەکە بە ویستى خۆى شێوەى کارەکەى دانابێت! واتە کارى بڕینى تێدا نییە! هونەرمەندەکە هیچ جۆرێک لە بڕین وکەمکردن و زیاد کردنى بۆ نەکردوە، بەپێى ەورە و بجوکى جلەکان شێوەى خوارەوەى کارەکە دروست بووە، لێرەدا هەمان پرسیار دووبارە ئەبیتەوە؛ ئایا ئەمەش بەبێ ئاگایى کراوە یان بە ئاگایەکى ئەقلانى و پلان داڕشتنێکى پیشوەختانە کراوە و مەبەستى لە پشتەوەیە؟
ئەمەش وایکردوە لە کاتى نمایشەکەدا ڕەشەبا بیجوڵێنێت و( بیدڕێنێت) کە ئەمەش لە ڕووى کوالیتیەوە زۆر لە ئاستێکى نزمدایە، بە جوڵاندنەوەى کارەکە لە کۆتایدا لول ئەبێت شێوە ڕاستەقینەکەى خۆى لە دەست دەدات، ئەمەش خۆى بۆ خۆى خاڵێکى لاوازە، بینەر ناتوانێن هەموو ئەو پارجە جل لانە ببینێت کە دووراون بەیەکەوە. فۆرمەکە بە بەردەوامى لە جوڵە و کۆراندایە کە ئەمەش بە هەمان شێوە دمخاتەوە سەر هەمان پرسیار؛ کە ئایا ئەمە بە مەبەست کراوە یان بەڕێکەوت دروست بووە و بەهەند وەرگیراوە.
سەرەتاى کارەکە وە کۆتایى کارەکە
سەرەتای کارەکە لە باخچەى نالی یەوە بۆ باڵەخانەى دادگا. بەڵام زۆربەى کێشەکانى توندوتیژى وە بەتابیەتى ئەوەى کە بەرامبەر بە ژنان کراوە و ئەکرێت لە ناو دادگاکاندا چارەسەر ناکرێت، لە ئێستادا دادگاکانى هەرێمى کوردستان لاوازن و دەسەڵاتى دادوەرى چۆتە ژیر پرسیارەوە وە بگرە هەندێ لەو یاساکان کە پەیڕوەى پی ئەکەن دژى مافەکانى ژنن، لە زۆربەى حاڵەتدا لە بەرژەوەندى پیاودایە. لە ماوەى ( 30 ) ساڵى حوکمڕانى دەسەڵاتى کوردیدا ڕێژەى توندوتیژى سەد هێندە زیادیکردوە وە ساڵ بە ساڵ دادگاکانی ئەم هەرێمە بەرەو لاوازى و بێ دەسەڵاتى ئەڕۆن… لەم کارەدا ئەوەى زۆر سەیرە بەلای منەوە کۆتایى کارەکەیە کە لە باڵەخانەى دادگاى شار کۆتایى پێ دێت! وەک چارەسەرێک بۆ کێشەى توندوتیژى ژنان لە نێو کۆمەڵگەى ئێمەدا.
وەک بڵێت؛ با ( یاسا سەروەر بێت) بەڵام قەت یاسا سەروەر نەبووە لە سەر کەیسى توندوتیژى بەرابەر بە ژنان وە هەموو کاتێک ژنان باجى ئەو ناعەدالەتەیان داوە.
گەڕانەوە بۆ خاڵى سفر
جلى هەموو ئەو ژنانەى کە ڕووبەڕووى توندوتیژى بوونەتەوە بە ناو شەقامى سەرەکى شاردا هەڵواسراوە بۆ ئەوەى خەڵکى ئەو هەموو ناعەدالەتیە ببینێت لە ناو ئەم هەرێمەدا ، دۆزى ژن ببێت بە دۆزێکى بەهێز وە شەقام بڕیاردەربیت لە سەر ئەم هەموو تاوانە کە ئەکرێت بەڕامبەر بە ژنان. بەڵام لە کۆتایی کارەکە دەچێنەوە بەردەم بالەخانەى دادگا وە دادگا خۆى بڕیاردەربێت لەسەر ئەو کەیسانە کە تایبەتن بە توندوتیژى، کە بە بڕواى من ئەمە دژى بیرۆکەى کارەکەیە، کە تاوان لێکراوەکان دەبیتەوە بۆ ژیر دەستى تاوانبارەکان کەلە ژێر ئەو عەدالەتەدا ئەو هەموو ناعەدالەتیە کراون،ئیتر چ پیویستى ئەکرد لە باخچەى نالی یەوە بە درێژى ( 4800 ) مەتر کارەکە نمایش بکەین؟! دەکرا هەموو جلەکان لە بەردەم باڵەخانەى دادگاى سلێمانى نمایش کرایە وەک ( چالاکیەکی هونەرى بۆ توندوتیژى ژنان )
ئەوەى لێرەدا گرنگە کە دووبارە جەختى لەسەر بکەمەوە، ئەو هەرایەى کە ڕووىدا لە سەر ئەم کارە هونەریە تەنها ( زریانێکە لە ناو فنجانێکى قاوەدا ). بەمانای بەهیچ جۆرێک پەیوەندى بە هونەر و کولتور و فەرهەنگى کولتورى یەوە نییە. شەرێکە بە ناوى هونەرەوە ئەکرێت کە لە دواجاردا زەرەرمەندى یەکەم هونەرە وە بەتایبەتى هونەرى شێوەکارى.
بە باوەرى من ئەم پرۆژانە هەوڵێکى باشە بۆ دەرخستنى تواناکانى گەنجان، بە مەرجێک وەک خۆى وەرگیرێن نە بچوکبکرێتەوە وە نە وەلا بنرێت، و نە لە قەبارەى خۆى زلتربکرێت، و بارگاوى نەکەین بە شتى لاوەکییەو. قسە کردنمان لە سەر کارە هونەریەکان پاڵپشتبێت بەزانیارى ڕیالستی و لە چوارچێوەى زانستى هونەردا بمێنێتەوە دووربێت پیاهەڵدانى ڕووکەشى و شکاندنى بەرامبە و پاکتاوکردنى پەیوەندیە شاراوەکانى ناو کەس و گروپەکان .
زامۆئا داراغا 2020