ژنه‌ كوژراوه‌كانی كورد - كوشتنی ناموسیی

جەستەی ژن لە نێوان ئاین و سیاسەت


Loading

نوسینی : ئازادی حاجی ئاقایی 

 

 

 –  لەوڵاتی ئێمەدا ژنان زووتر لە ڕۆژ هەڵدەستن، دواتر ڕۆژ سەر لە ئاسۆ دەردێنێ و ژنان ڕۆژ دێنن….پەندێکی پێشینیانی ئێزدی.[1]

 

ئایین و سیاسەت وەک دوو مژاری جیاواز و هەندێک جار ئاوێتەی یەکتر بەردەوام لە ڕێگای سیستەمی ئەخلاقی یان ئایدۆلۆژیکی خۆیانەوە هەوڵی داسەپاندنی خولیا و گەیشتن بە ئامانجە تایبەتیەکانی خۆیانیان داوە. لەم ناوەدا گوێڕایەڵکردنی سوبژێکتەکان و کۆنتڕۆڵی کردەی مرۆڤەکان بە هۆی دەستەمۆکردنی جەستە باشترین ڕێگا بووه‌ بۆ وەدیهاتنی مەبەستەکانیان. ئەم پێشگریمانەیە لە ڕەوتی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستەوە لەناو ئایینە ئیبراهیمیەکاندا و بە تایبەت لەناو لقی کاتۆلیسیزمی مەسیحی و ئیسلام بە تەفسیرە جیاوازەکانەوە بەڕوونی مۆرکی خۆی لەسەر کردەی مرۆڤەکان داناوە. بەڵام لەم ناوەدا بە هۆی ئەوەی، کە ژن لەناو ئەم دوو تێڕوانینەدا بەردەوام وەک تەواوکەرەوەی پیاو و نزمتر لە پیاو سەیرکراوە. بەردەوام لە ڕێگای ئامۆژگاری ئایینییەوە کراوەتە ئامانجی هێز.

 

هاوکات هەر چەشنە نافەرمانییەک لەم یاسایانە وەک بەرەنگاری و شۆڕش لە دژی بەهاکانی دەسەڵات یان ئایین نرخێندراوە. بەڵام لەو کاتانەی سیاسەتیش وەک بابەتێکی سێکیۆلار بەڕێوەچووە، ئەوە دیسان جەستەی ژن بە شێوازی جیاوازتر کاریگەری خراوەتە سەر و کراوەتە ئامانجی هێز و دەسەڵات.

 

بەم پێشگریمانەیە؛ ئەم وتارە بە پرسیارێکی سەرەکییەوە دەست پێدەکات؛ ئاخۆ ئایین چۆن جەستەی ژنی خستۆتە ژێر کاریگەری هێز و چۆن توانیویەتی لە ڕێگای ئایینەوە جەستە بە گشتی و جەستەی ژن گوێڕایەڵ و دەستەمۆ بکات؟ ئاخۆ سێکۆلاریزم توانیویەتی جەستەی ژن لە هێزی ئایین ڕزگار بکات؟ وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە، پرسیارێکی ‌تر دەورووژێنێت؛ لەلای ئێمە پەیوەندییەکانی ئاین و سیکۆلاریزم چۆن جەستەی ژنانیان کردۆتە ئامانجی خۆیان؟ ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لەژێر تیشکی ناتەباییەکانی دوو پرسیارەکەی پێشوو، ئامانجی سەرەکی ئەم وتارە بوو بێت. هەر بۆیە ئەم وتارە نیشاندەدا هەرچەندە سێکۆلاریزم ڕێگا بۆ هەناسەهەڵکێشانی ژنان دەکاتەوە بەڵام ئایین و سێکۆلاریزم وەک دیسکۆرس ڕەنگە نەتوانن ڕزگاریبەخشی ژن لە گەمەی سیاسی و نەریتی پیاوسالارانە بن. بۆیە بیرکردنەوەی ژنانە وەک چەمکێکی ڕزگاریبەخش دەتوانێت ڕێخۆشکەری دەربازبوونی ژنان لەناو گەمەکانی سیاسی ناو  كایه‌ی  گشتی بێ.

 

 

پێشەکی:

جەستەی مرۆڤ بەردەوام وەک خاڵی جەختکردنەوەی هێز و دەسەڵات مژاری سیاسەت و ئایدۆلۆژیا بووە، پەیوەندییەکانی هێز وەک کێلگەیەک بۆ وەبەرهێنان جەختیان لەسەر جەستە کردۆته‌وه‌، نیشانەیان لەسەر داناوە، ئەشکەنجەیان داوه‌،  یان بە مەبەستی بەجێهێنانی ئەرکەکان هێز و وزەیان بەسەردا سەپاندووە، دابونەریتیان پێی بەڕێوە بردووە و جیاکارییان بەسەردا سەپاندووە. ئەم جەستەیە بەدرێژایی مێژوو وەک مەکینەیەکی بەرهەمهێنەر و سوودمەند بۆتە جێگای جەختکردنەوە؛ ئەمەش وای کردوە جەستە وەک ڕوونکراوەیەکی کۆمەڵایەتی هەم جێگای نەخشاندنی هێز و مژاری دەستەمۆبوون و گوێڕایەڵی بێت؛ هەم سیستەمە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان  بۆ باڵادەستی خۆیان،  مۆرکی خۆیان لە جەستە بدەن.

 

لە لایەکی ‌ترەوە جەستە زۆر جار بە قەبوڵنەکردنی یاسا و ڕێسای هێزی باڵادەست بەرەنگاری باری باو بۆتەوە، بە سەرپێچیکردن لە تەکنیکەکانی هێز و دەسەڵات خۆی وەک خاڵی دژە هێز و باڵادەستی نیشانداوە. گەر بەم شێوازە جەستەی مرۆڤ  جێگای تێڕامانی هێز بووبێت، ئەوە بەڵگە مێژوویییەکان نیشانی دەدەن جەستەی ڕەگەزی دووەم، واتە ژن، بە شێوازێکی زۆر قووڵتر لەژێر کاریگەری ئەم تەکنەلۆژیایە دابووە؛  ئایین، داب و نەریت، ئایدۆلۆژیا، زانست، سیاسەت و دەوڵەت بەردەوام هەوڵیان داوە ئەم جەستەیە بە دانانی هەندێک کۆد، یاسا و ڕێسا و سیمبۆل زیاتر گوێڕایەڵ و دەستەمۆ بکەن. بێگومان ڕەوشی ژنان لە کوردستان بە هۆی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی-سیاسی خۆیەوە درکێنەری ئەم ڕاستییە پەردەپۆشکراوەیە.

 

لە ماوەی ده‌ ساڵی ڕابوردوودا هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری، پەروەردە، خۆشبژێوی ژیان … هتد گۆڕانی زۆری بە خۆوە بینیووە و ئەم گۆڕانکارییانە، بە تایبەت گۆڕانی ئابووری کاریگەری بەرفراوانی لەسەر کۆمەڵگه‌، توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگه‌، حەز و تاموچێژەکان، بە تایبەت ستایلی ژیان، داناوە. ئەمە لەگەڵ گەشەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وای کردووە ڕۆژانە بەبەردەوامی جەستە‌ی ژن بە شێوازی جۆاروجۆر لە ڕێگای ڕۆژنامە و گۆڤار، نێت و تەلەڤیزیۆنەکان نیشان بدرێت و سیمای ئایدیالی ژن لە ڕێگای نەشتەرگەری، جوانی و جوانکاری و سەرنجڕاکێشبوون بە شێوازێکی ئایدیالیزەکراو وێنا بکرێت.

 

 

هاوکات لەسەردەمی شەڕەکانیشدا سەرەنجێکی زۆرتر بدرێتە سەر ساغی و سه‌لامەتی جەستەی ژنان و زۆر جاریش جەستەی ژن وەک دایکی نیشتمان سێمبولیزەكراوه‌. بەڵام ئاخۆ ئەمە نواندنەوەی[2] سیمای ڕاستەقینەی ژنی لە وڵاتی ئێمەدا ئاشکرا کردووە؟ یان لەژێر ئەم دۆخە دەسەڵاتدارییە سیاسییەی کورد کە خۆی وەک (هێزێکی سیکیۆلار) دەناسێنیت، ژنان بەردەوام توانیویانه‌ بەپێی پێویست بێنە ناو پانتاییی گشتی؟ ئایا ئایین و سیاسه‌ت به‌رده‌وامن له‌سه‌ر فشاركردن له‌سه‌ر ژنان؟

 

 

 لە ماوەی ده‌ ساڵی ڕابوردوودا، گۆڕانکارییە ئابوری و گۆڕانکارییەکانی‌ تر بوونەتە هۆکاری بەهێزتربوونی مۆدێرنیتی -نەک مۆدێرنیزم- و چینی ناوەندیی کۆمەڵگه‌. بەڵام وەک ئەوەی لەناو تیۆرەکاندا چاوەڕوان دەکرێ، مۆدێرنیتی و ئەم چینە یان توێژە- کە پێویستە بەرهەمهێنەری ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی ناو کۆمەڵگه‌، خولقێنەری ئایدیای نوێ و نوێکردنەوەی بەردەوام بن،  وەک مارکس گووتەنی؛ ئەوەی ڕەق و توندوتۆڵ بێ بیکەن بە دووکەڵ و بۆ ئاسمانی بنێرن. ئه‌مانه‌ نەیان توانیووە دۆخی ژنان بە شێوازێکی بنەڕەتی بگۆڕن.

 

هاوتەریبی ئاڵو‌گۆڕەکانیش زۆربەی پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان وەک دامەزراوەی سیاسی و مەدەنی، هاوکات لەگەڵ ڕێزیان بۆ بەها ئاینییەکان، زۆرتر خۆیان وەک دامەزراوەی سێکیۆلار ناساندووە. لە نوسراوە فەرمییەکانیاندا هیچ نیشانەیەکیان بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعەت نیشان نەداوە. تەنانەت هەندێکیان ڕاشکاوانە خۆیان وەک سێکۆلار ناساندووە و هەندێکی‌ تر بە شەرم و کەمێک دوورەپەرێزییەوە خۆیان سەبارەت بەم چەمکە نەبان نیشانداوە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە سەڕەرای ئەوەی نموونەی کردەوەکانی داعش (ISIS) و مەترسی سەلەفیزمیان لە پەنا ماڵەکانی خۆیانەوە هەست پێکردووە، هێشتا سێکیۆلاریزم وەک بڤە و تابۆیەک ماوەتەوە، نەیان توانیووە ئەم چەمکە بەرەو ناخی کۆمەڵگه‌ شۆڕکەنەوە. ئەم دۆخە وای کردووە بەگشتی لەژێر کاریگەری یاسا و نۆرمەکانی شەریعەت و نەریتی کۆمەڵگادا بمێننەوە و ڕۆژانە بەردەوام هەواڵی پەیوەندیدار بە توندوتیژی و کوشتنی ژنان ببیسرێت. هه‌روه‌ها لەژێر کاریگەری ئایینی سەدەی بیست و یەکەم، واتە سیستەمی سەرمایەداری، تووشی چەشنە چەوسانەوەیەکی ‌تر ببنەوە. لەم هەر دوو دۆخه‌كه‌دا و بەگشتی لەم دۆخە پارادۆکسیکاڵەدا، جەستەی ژنان کراوەتە ئامانجی هەر دوو سیستەم و لە زۆر حاڵەتدا ئەم دوو سیستەمە دژ بەیەکە بۆ دەستەمۆکردنی جەستەی ژن کەوتونەتە پێکهێنانی چەشنە سازانێک. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە ئاڵۆزە و پێشگریمانەی سەرەکی ئەم وتارە- سیکیۆلاریزم وەک چاکەی گشتی[3]  لە یەکەم هەنگاودا، ئەم وتارە پێی وایە بەشێک لە تێگەیشتنی ئێمە سەبارەت بە پەیوەندی سێکیۆلاریزم و ژن لە هەرێمی کوردستانەوە تووشی بەلاڕێداچوونێک بووە و ئەمە وای کردوە بەشێک لە هەوڵدانەکان نەگەن بە ئامانج.

 

هەر بۆ ئەم مەبەستە لە بەشی یەکەمدا هەوڵدەدرێت بە ئاماژەیەکی کورت، تێڕوانینە ئاینییەکان سەبارەت بە جەستەی ژن، ئاماژەبکرێتە سەر کورتەیەک لە کردەکانی ئاین سەبارەت بە جەستەی ژن. بەپێچەوانەی بەشی یەکەمەوە، ئەم وتارە لە دووەم بەشدا، بە دژە نیگایەک دەڕوانێتە تێڕوانینی باو بۆ سیکیۆلاریزم و ئەم پرسیارە دەورووژێنی؛ ئێمە چۆن لە پەیوەندی نێوان سێکیۆلاریزم و جەستەی ژن تێگەیشتوووین؟ ئەم بەشە پارادۆکسێکی زەق لەگەڵ بەشی یەکەمدا نیشان دەدا، گەر ئایین لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە بۆ کۆنتڕۆڵی جەستەی ژن کەوتە ڕاوی ژنان، ئەوە لەسەردەمی ڕۆشنگەریشدا ژنان بە هۆی شێوازی تێڕوانینی پیاوان بۆ جەستەیان، لەناو پانتاییی گشتی-سیاسی پێگەی شیاویان وەدەستنەهێنا. ئەمە دەتوانێ ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتیمان بکاتەوە؛ چۆن  ئاین و سیکیۆلاریزم بەردەوام ژنیان بە پێی جەستەیان کردبێتە ئۆبژێکتی خۆیان؟

 

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بنەڕەتییە من جیاوازییەک لە نێوان دوو لایەنی چەمکی سیکیۆلاریزم دادەنێم؛ سیکیۆلاریزم وەک جیایی ئایین لە دەوڵەت، نەک جیایی ئایین لە سیاسەت.  لە لایەکی ‌ترەوە سیکیۆلاریزم وەک دیسکۆرس. ڕەنگە یەکەم پێناسە تا ڕادەیەکی زۆر ڕوون بێت و مەبەست بێلایەنی دەوڵەت سەبارەت بە ئایین بێت، بەڵام سیکیۆلاریزم وەک دیسکۆرس ناڕوونی پێوە دیارە؛ مەبەست لە دیسکۆرسی سیکیۆلاریزم کردەیەکی دیسکۆرسیڤی هێزە کە پێویستە کاریگەرییە بەرهەمهێنەرەکانی بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە و لە بەستێنی مێژوویی خۆییەوە تاقی بکاتەوە. (Scott, 2018, p. 4) سەرەڕای هەندێک دەرەنجامی ناشاز- کە نوسەر پێی وایە هەندێک جار دەبێتە مایەی خوێندنەوەیەکی زۆر ئۆریێنتالیستی (ڕۆژهه‌ڵاتناسی) لە پرسی ژنان لە کۆمەڵگه‌ ئیسلامییەکاندا- بەڵام ئەم تێڕوانینە دەرفەتی پرسیارێکی بنەڕەتی دەخولقێنێت کە ئاخۆ سێکیۆلاریزم توانیوویەتی ژن وەک ڕەگەز و جەستە لە گەمەی سیاسی و نەریتی پیاوسالارانە، تەنانەت لە کۆمەڵگای کوردستان و تەنانەت لە خۆرئاواش  بپارێزێت؟

 

 جێگیربوونی جەستە لەناو مێژوی فکردا ڕەنگە بە مارکسەوە دەست پێکرابێت و لەسەر دەستی میشێل فوکۆ بەگشتی کرابێت. مارکس پێی وابوو؛  جەستە گرێدراوی چینە ئابوورییەکەیەتی و ئەمەش کاریگەری خۆی لەسەر ئەزموونەکانی ژیان  دادەنێت. فوکۆش نیشانی دەدا جەستە خاڵی ناوەندی و سەرەکییە بۆ ڕاڤەی بێچمگرتنی هێز (١٩٧٧). ئەم تێڕوانینەی مارکس و فوکۆ دەری دەخات؛ فۆرمگرتنی جەستە لە بنەڕتەوە سیاسییه.‌

 

ئەم دوو ڕوانگەیە وەک سەرەداوی سەرەکی ئەم باسە، یەکێک لە پێشگریمانەکانیتری ئەم باسە پێکدێنن. لە ئاکامدا ئەم وتارە پێی وایە؛ گشت ئایدۆلۆژیا یان سیستەمەکان لە هەوڵی ئەوەدان جەستەی مرۆڤ و بە تایبەت ژنان بکەن بە ئۆبژێکت یان بیخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. ئەم (کردە دیسکۆرسیڤە)  لەسەردەمی ئێستاکەدا بە هاوئاهەنگی ئایین و سەرمایەداری بە شێوازی جیاجیا سەرلەنوێ بەرهەمهاتۆتەوە و زۆر جار بە ڕووکەشی مۆدێرنیتی، یاسا و ڕێسای بازاڕ لەگەڵ نەریتەکان سەرلەنوێ جەستەی ژنیان کردۆتە ئامانجی دەستەمۆکردن. دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستانیش لە دەرەوەی ئەم بازنەیەدا نییە؛ بەڵام سەڕەرای هەندێک پێشکەوتن تێڕوانینی ئایینی، نەریتی بەردەوام جەستەی ژنی کردۆتە ئامانجی خۆی.

 

 

 

تێڕوانینی ئاین سەبارەت بە جەستەی ژن

فەلسەفەی نەریتخوازانه‌ی  ئاینی، زۆرتر ئایین وەک دەق، نەک وەک ئەزموونێکی ژیانکراو سەیر دەکات. دەقەکانیش وەک سیستەمی بەڵگەهێنانەوە و مژاری پێویست بە خوێندنەوە بۆ ڕاڤەی فەلسەفی بەکاردەهێنرێن. تەنانەت ئانترۆپۆلۆژی، مێژوو یان کۆمەڵناسی ئایینیش تاڕادەیەک لەم چەشنە تێڕوانینە نزیک بوونەتەوە.

بەڵام بەپێچەوانەی ئەم میتۆدۆلۆژییە دەق-تەوەرە، ئایین وەک مژارێکی کاریگەر لەسەر جەستە و مژارێکی ناو جەستە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتە. مەبەست لەم چەشنە تێڕوانینە کردەوەکانی جەستە و ئەو هەست و سۆزانەن کە بەگوێره‌ی ئایین، ئاقارەکانی کردەوەی جەستەی مرۆڤ ڕێنوێنی دەکەن. واتە بە هۆی ئەوەی جەستەی مرۆڤ هەڵگری باوەڕ، ویست، کردە و مانای ئایینە، بۆ ئایینەکان خاوەن گرینگییەکی تایبەتە، جەستە ئایینییەکان ئەکتەری نواندنەوەی خودی ئایینن . (Ahlbäck, 2011, p. 208)

 

ئەم کاریگەرییە لەسەر بنەمای دەقە ئایینییەکان، یاسا و ڕێساکانی شەریعەت بەسەر جەستەدا ده‌سه‌پێنرێت و باوەڕمەندان وەک هەڵگری ئەم کۆد یان یاسایانەی شەریعەت بە جەستەی خۆیانەوە لە کردەوەدا شەریعەت بەجێدێنن و هەر کاتێک لەم ڕێنوێنییە ئایینییانە لابدەن، یان کردەوە ئایینییەکان بەجێنەهێنن ئەوە سزایان بەسەردا  جێبه‌جێ ده‌كرێت. هەربۆیە لە زۆربەی ئایینەکاندا، ژن و جەستەی ژن گرینگییەکی زۆرتری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و زمانی دەکارهاتوو لەلایەن ئەم دەقانەوە ژن خاوەن پێداگرییەکی زۆرتری دەستەمۆبوون و گوێڕایەڵبوون بووە.

 

به‌ڵام ئەم پێداگرییە لەسەر جەستەی ژن و بەربەستکردنەوەی ژنان تەنیا تایبەت بە ئاینە ئیبراهیمییەکان نەبووە و دەکرێت ئەمە لە یاسا ئایینییەکانی (مانۆی)  هیندوسییەکانیشدا ببینرێت کە بە هۆی مەترسی، ژنیان لە بەشداریکردن لە دابونەریتە ئایینییەکان بێبەش دەکرد. (برەهمەنە) خاوەن بڕواکانیش هەرگیز لە هیچ دابونەریتێک کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەچووبایە بەشداریان نەدەکرد . (Crandall, 2012, p. 41)

لەناو ئایینە ئیبراهیمییەکاندا ئایینی جوولەکە زۆر لەسەر ژنان دواوە؛ تەورات و تەلمود- لەلایەن ڕەببیەکانەوە لە پێنجه‌مین  سەدەی یەکەمی دوای زایینەوە نوسراوەتەوە- هەڵگری یاساکانی – Halakhah  بەڕێوەبردنی تەواوی لایەنەکانی ژیانی جوولەکەکانە. بەپێی تەورات و تا پێش نوسرانەوەی تەلمود؛  ژنان بۆیان هەبوو بڕۆنە ناو کەنیشتە (سیانگۆگ-(Synagogueی جووله‌كه‌‌ و پەرستشگاکان؛ بەڵام دواتر بە هۆی ئەوەی ژنان وەک ناپاک سەیرکران یان بە هۆی ئەوەی کە لە کاتی پاڕانەوە و نوێژەوە ڕەنگبوو سەرەنجی پیاوان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن بۆیان نەبوو بڕۆن بۆ شوێنە پیرۆزەکان. پیاوان مافی هێنانی چەندان ژنیان هەبوو، مافی تەڵاقیان بە دەستەوە بوو. کچان مافی هاوئاستی براکانیان بۆ خوێندن نەبوو، مافی شایەتیان لە دادگاکاندا نەبوو  (Crandall, 2012, p. 102)

 

ژنان پله‌یه‌ك  لە پیاوان هه‌ژمار ده‌كران، ژنان خەڵکانێکی جیاواز بوون و تەنیا پیاوانی جوولەکە لە پەیمانی ئاینی خۆیاندا وەک شەریک یان هاوڕێی خوا سەیر دەکران. ئەم پەیمانە بە خەتەنەی پیاوانەوە مۆر کرابوو. هەر بۆیە ژنان پەراوێزخرابوون. دایکایەتی یەکەمین و سەرەکیترین ئەرکی ژنانی جوولەکە بوو، پاراستنی بنەماڵە خاوەن گرینگییەکی زۆر بوو. تا ڕادەیەک ئەمە هاتە ناو پانتاییی حەز و ویستی پیاویش؛ پیاو ڕێگای پێدرابوو تام و چێژی نێرینەی خۆی بەتەواوی لە ژن وەگرێت، بەڵام ئەمە بۆ ژن ڕێگا پێنەدراو بوو. بەپێی ئاینی جوولەکە ڕەگەزی مێینەی ژن بۆ پیاو مەترسییەک بۆ پاراستنی یەکگرتوویی بنەماڵە بوو، پێویست بوو کۆنتڕۆڵ بکرێ. ئەمانە گشتیان جەستەی ژنیان دەکردە بنەمای تێڕامان و کردەی ئایینی و جیهانی خۆیان لەسەر بنەمای ڕەگەزی مێینەی ژن و جەستەی ژنان دادەمەزراند.

 

دوابەدوای نوسینەوەی Baraita de Niddah کە دەقێکی پیرۆزی ئایینی جوولەکەکان بوو، لە سەدەی شه‌شه‌م  و حه‌وته‌مدا نوسرایەوە و  جەستەی ژن زۆرتر کرایە ئامانج. بۆ نموونە لابردنی نینۆکی ژنانە وەک شتێکی گڵاو، پێویست بوو زوو کۆ بکرێتەوە نەکا مێرد یان منداڵەکان پێی بەسەردا بنێن! لەبەر ئەوەی کە لەسەر ئەم بڕوایە بوون گڵاوە و دەبێتە هۆکاری برین و دواتر مردن. بەپێی ئەم کتێبە؛ گەر دایک، ژن یان یەکێک لە ئەندامانی ماڵی قەشەیەک لە سووڕی مانگانەدا بوایە، بۆی نەبوو دوعا بۆ خەڵکی بکات، چونکە ڕەنگبوو دوعاکانی ببن بە نەفرین. گەر کەسێک خواردنی دەستی ژنێکی بخواردایە کە لە سووڕی مانگانەدا بوایە، تووشی لەبیرچونەوە -ئالزایمەر- دەبێ!

دواتر ڕێنوێنییەکانی ئەم دەقە بە نوسینی کتێبی Shulhan Arukh واتە یاسای کلاسیکی ڕەبەنەکان ڕێگه‌یدا بەو ژنانەی کە لە سووڕی مانگانەدا بوون،  دەست لە تەوارت بدەن یان ئەم کتێبە بخوێننەوە. بەپێی بیروڕای موسای  ئیسرائیل، نوسەری سەدەکانی شازده‌؛ ژنان بۆیان هەبوو بڕۆنە ناو کەنیشتەکان  (synagogue)دوعا بکەن و ناوی خوا بێنن و دەست لە کتێبی پیرۆزی حیبرو بدەن . (Crandall, 2012, p. 93)

بەڵام ئەوەی لەم ناوەدا گرنگ بوو و بۆ تەواوی ئایینەکانیش ڕەنگە ڕاست بێت،  تێکەڵاوبوونی ئایین  بووه‌ لەگەڵ دابونەریته‌كان. هەر پەیوەست بەم ئایینە، دابونەریتی جوولەکەکان دیسان ڕێگەی بە ژنان نەدەدا، هیچ کام لە ڕێنوێنییە ئایینییەکان بەجێبهێنن. تەنانەت دواتر جیاکردنەوەی ژنان و پیاوان لە کەنیشتەکان لە ڕێگای پەردە یان بالکۆن لەسەر بنەمای یاساکانی تەلمود بوو. کردەوەیەکی لەم چەشنە تەنانەت لەسەردەمی ئێمەشدا لە زۆر جێگا و لەناو ئایینەکانی ‌تری ئیبراهیمی پەیڕەو دەکرێت. جەستە بە هۆی ژنبوونەوە یان پەراوێز دەخرێت یان فۆکۆسی زۆری دەخرێتە سەر. دوابەدوای هاتنی ئایینی مەسیح جەستەی ژن بە هەمان ڕەنگ بەڵام لەژێر کاریگەری دامودەزگای ‌ترەوە، بەشێوازێکی ‌تر کرایە ئامانج و کەوتە ژێر چاوەدێری بەردەامی کڵێساکانەوە.

 

 کڵێسا‌  لە ساڵانی سەرەتایی خۆیدا ئاگاداری کاریگەری جەستەی ژن لەسەر پیاوان بوو و کریستیانەکانیش وەک جوولەکەکان لە ساڵانی سەرەتاییدا ژنەکانیان لە کاتی نوێژکردن و بەجێهێنانی دابونەریتی ئایینی لە پیاوان جیا دەکردەوە یان هەوڵیان دەدا بە باسکردن لە جەستەی ژن وەک مژارێکی عەیبە و شەرمە، لایەنی سەرنجڕاکێشی و هێزی ئێرۆتیکی ژنانە تێکبشکێنن. ئەمەی دووەم بە تایبەت لەلایەن کاستێکی پیاوسالارەوە پەرەی پێدەدرا. (مێری کاندێرن) لە کتێبەکەی خۆیدا لەژێر ناوی شەیتان و فریشتە[4](1989)  لەسەر ئەم بابەتە بەوردی دەدوێت و ئاماژە دەکاتە سەر ئەو خاڵەی،  كە کڵێسا ئەوەندە لەسەر جەستەی ژن ورد دەبێتەوە و  دەست دەکات بە فه‌توادان و وردەکارییەکانی پێکەوەبوونی ژن و پیاو، ته‌نانه‌ت چۆنییەتی ئەم پێکەوەبوونە و تەنانەت کات و شوێنی ئەمەش دیاری دەکات.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی (سیلڤیا فێدریچی)  چاوەدێری لەسەر جەستەی ژن لە سەدەی دوانزه‌  بەدواوە زۆرتردەبێ و تەنانەت جەستەی ژن دەبێتە  بابه‌تێكی  تەواو سیاسی. (Federici,   (2004, p.38 ئەم سیاسیبوونەی جەستەی ژن دەگەڕایەوە سەر پەیوەندی جەستە و دۆخی ئابووری. واتە ئایین، ئابووری و نیگای پیاوسالارانە سەبارەت بە جەستەی ژن، تەنانەت مافی ژنیان بۆ کۆنتڕۆڵی جەستەی خۆی بەربەست دەکردەوە. بۆ نموونە لە فەرمانێکی نوسراوەی ساڵی ١٠١٠ی زایینی  Burchard گەورە قەشەی worms ئەو ژنانەی منداڵەکانیان لەبار دەبرد یان ڕێگه‌چارەی بەرگری لە دووگیان بوونیان لەبەردەستدابوو، بە تاوانکار ناو دەبران . (Federici, 2004, pp. 39-40)

Caliban and the Witch: Women, the Body and Primitive Accumulation, By Silvia Federici

 

بڕیاری لەم چەشنە دواتریش درا و ئەمە بەتەواوی لەگەڵ دابەزینی حەشیمەتی ئەو ناوچانەی تووشی تاعون ببوون پەیوەندیدار بوو. لەبەر ئەوەی لە ماوەی ساڵانی ١٣٤٧-١٣٥٢ زۆرتر لە یەک لەسەر سێی دانیشتوانی ئەوروپا لەناوچوبوون. هەر ئەم سەردەمە لە مێژووی ئەوروپادا وەک سەردەمی (کوشتنی ژنه ‌جادووگه‌ره‌كان) بەناوکراوە و دەزگای ئەنگیزاسیۆنی کڵێسا لەم ماوەیەدا ئەو ژنانەی منداڵیان لەبار دەبرد وەک  ژنه‌جادووگه‌ر و لەژێر ناوی گوناهه‌، سزای دەدان.

 

لە سەدەی ١٦ و ١٧ بە دامەزراندنی دەوڵەت لە ئەوروپا پەیوەندییەکی‌ تر لە نێوان سیاسەتی کڵێسا و دەوڵەت سەری هەڵدا؛ کرانەوەی جێگای لەشفرۆشی لەلایەن دەوڵەت و بەفەرمی ناسینی ئەمە لەلایەن کڵێسا. کڵێسا ئەمەی وەک داکۆکیکردن لە بنەماڵە لێکدەدایەوە. لە لایەکی ‌تر دەوڵەت باجی دەخستە سەر ئەم شوێنانە. هەر لەم سەردەمەدا، هاوکات لەگەڵ بەهێزبوونی پرۆتیستانتەکان و ڕ‌وانگە پێشینییەکانیش سەبارەت بە ژن هەر بەردەوامبوون. بەڵام ڕوانینی ئابوورییانە بۆ جەستەی ژن شێوازی ئەمەی گۆڕی؛ پرۆتیستانەکان پێیان وابوو؛  لاوازی و کێماسی ژنانە هەرچەندە زۆریش بێت، دیسانیش ژنان خاوەن فەزیلەیەکن کە دەتوانێ تەواوی ئەم کێماسییانە قەرەبوو بکاتەوە، ئەویش ئەوەیە؛ ژنان خاوەنی منداڵدانن و دەتوانن منداڵیان ببێ  (Federici, 2004, p87) .بەڵام ئەمە وەک شەڕێکی گەورە لە دژی ژنان و بە مەبەستی لەناوبردنی کۆنتڕۆڵی ژنان بەسەر جەستەیاندا دەکرا. واتە هەر شێوازێک لە کۆنتڕۆڵ و بەرگری لە منداڵبوون یان پەیوەندییەکی سێکسی لە دەرەوەی ئامانجی منداڵبوون وەک کردەوەیەکی شەیتانی نیشاندەدرا.

 

هاوکاری کڵێسا قابیلەکانیش لە دەورخران یان لە هەندێک شوێنی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا لەلایەن دەوڵەت و کڵێسا وەک سیخوڕ بەکارهێنران و ناچارکران ڕاپۆرتی ئەو کەسانەی دووگیانن، یان ئەوانەی بەدزییەوە منداڵیان بووە یان ئەوانەی بەدزییەوە منداڵیان لەبار بردووە بدەن بە دەسەڵاتداران. بە بڕوای فێدریچی ئاکامی ئەم چەشنە سیاسەتە بۆ ماوەی دوو سەدە، یەخسیرمانەوەی ژنان لەناو چێوەی سیاسەتی زاوزێدا بوو. جەستەی ژن پانتایییەکی گشتی[5] بوو و بەپێی ڕێنوێنییەکانی دەوڵەت و کڵێسا کۆنتڕۆڵ دەکرا و لەم ڕێگەیەوە جەستەی ژن، زاووزێی ژن کەڵەکەبوونی سەرمایەداری لێدەکەوتەوە. دۆخی ژنان، ڕاوی ژنان لەژێر ناوی ساحیرە، پێناسەکردنیان وەک گیانلەبەرێکی شەڕانی، ئیهانە و بوختان و سووکایەتی پێکردن کاریگەرییەکی نەبڕاوەی لەسەر سایکۆلۆژیای گشتی ژنان و هەستی ژنان سەبارەت بە تواناکانیان دانا.

 

فێدریچی ئەم ڕەوتە و بە تایبەت کوشتنی ساحیرەکان هاوشان لەگەڵ داڕمانی سەردەمی دایکسالاری دەنرخێنێ. چونکە کوشتنی ساحیرەکان تەواوەتی جیهانی چالاکیی ژنانە، پەیوەندییە گشتییەکان و سیستەمی زانایی ئەو ژنانەی لەناو برد کە بنەمای هێزی ژنانی لە ئەوروپای پێش سەرمایەداری پێکدەهێنا و پێویستی بەرەنگاربوونەوەی ئەوان لە شەڕ دژی فیۆدالیزمەوە بوو (Federici, 2004, p. 102) بەڵام لە تەواوی ئەو سەردەمەدا ژنان بە بەرەنگاری لە دژی ئەم سیاسەتانە، یان ڕاستەوخۆ لە دژی دەسەڵات و بڕیارەکان وەستانەوە یان بە درێژەپێدانی کاروچالاکی خۆیان جەستەیان کردە خاڵی بەرەنگاری.

 

 

سووتاندنی سێ ژن له‌ژێر ناوی جادووگه‌ری له‌لایه‌ن كڵێساوه‌ – له‌ناوچه‌و بادنی سویسرا له سه‌ده‌ی شازده‌ – ‌ چواری نۆڤمبه‌ری ١٥٨٥ – ئه‌رشیفی كتێبخانه‌ی ناوه‌ندی زیوریخ
Hinrichtung von drei Hexen am 4. November 1585 in Baden (Schweiz), Abbildung aus der Wickiana (Sammlung des Johann Jakob Wick, Zentralbibliothek (central library) Zürich)

 

مەبەست لە ئاماژەپێدانی ئەم باسە گۆڕانی جەستە لە پێکهاتەیەکی ئۆرگانیک بەرەو مەکینەیەکی بەرهەمهێنان و دواتر جەستەیەکی هەڵگری سیمبۆلەکانە؛ جەستەی ژن وەک ئامانجی هێزی ئایین و نەریت، دواتر ئایین و نەریت و دەوڵەت وەک خاڵی دەستەمۆبوون و دواتر بەرەنگاریش خۆی نواندۆتەوە. لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا هاوکات لەگەڵ لەدایکبوونی بورژوازی، فەلسەفەی ئەم دیاردە نوێیە هەوڵی ئەوەی دەدا جەستە بە مەبەستی بەعەقڵانیکردنی هێز و تواناکان، پۆڵینبەندی بکا، جیا بکاتەوە، هەڵاواردن بکا یان جەستە سووک و ڕیسوا بکا. بۆ نموونە لەو سەردەمەدا دێکارت لەسەر ئەم بڕوایە بوو مەکینە (جەستە) ڕێک وەکوو مەکینەیەکی ئۆتۆمات وایە و هەر بۆیە پێویست ناکات مەرگی جەستە زیاتر لە شکانی ئامرازێک ببینرێت و ببێتە مایەی تازیەباری. لەژێر تێگەیشتنێکی لەم ڕەنگەدا جەستەی ژن هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرمایەداری دەبێتە جەستەیەکی مەکینەئاسا بۆ بەرهەمهێنانی هێزی کار. ئاوێتەبوونی سەرمایەداری لەگەڵ بنەما ئایینییەکانی پەیوەندیدار بە جەستەی ژن وەک دزێوی، لەدایکبوونی جەستەیەکی لێکەوتەوە کە بەردەوام هەڵگری نیشانەکانی چین، ڕەگەز، شوناس و نەریتەکان بوو. بەپێی ئەم گۆشە نیگایەوە جەستە لەم ڕوانگەیەوە وەک یەکەیەکی بایۆلۆژیک ون دەبێ و لەجیاتی ئەمە، جەستە دەبێتە بەرهەمی ڕوونکراوەیەکی کۆمەڵایەتی کە تا دوا ڕادە نەرم و کراوە و زۆر ناسەقامگیرە.

 

 

دژە ڕوانینێک بۆ ڕوانینی باو سەبارەت بە سێکیۆلاریزم

بەر لە هەموو شتێک و پەیوەندیدار بە جەستەی ژن، سیکیۆلاریزم لێدوانێکی ئۆبژەکتیڤ لەسەر دامەزراوە و سیاسەت نییە، بەڵکو دەستەواژەیەکی جێی مشتومڕە و ماناکەی لەو بەستێنە جیاوازانەی کە تێیدا بەکار دێت، دەگۆڕێت. هەر بۆیە پێویستە پرسیار سەبارەت بە سێکۆلاریزم ئەوە نەبێ مانای پریمۆردیالی ئەم دەستەواژەیە چییە و لە کوێ دەکرێ سێکیولاریزم بدۆزرێتەوە؟ بەڵکو دەبێ بپرسین سێکۆلاریزم لە بەستێنی جیاوازی دیرۆکیدا چی کردووە؟ چۆن تێگەیشتنی ئێمەی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆی و بە کام کاریگەری و بە چ مەبەستێک؟ هەر بۆیە پێویستە بزانین ئەمڕۆکە کاتێک باس لە بەرابەری و هاوشانی ژن و پیاو وەک بەردی بناخەی سێکۆلاریزم دەکرێ، ئەم هاوشانییە بە هیچ شێوازێک لە یەکەم بەکارهێنانەکانی ئەم چەمکەدا بوونی نەبووە (Scott, 2018, p. 3) لەسەر ئەم بنەمایە من لێدوانێکی نزیک لە ڕوانگەی باوی لای خۆمان سەبارەت بە پەیوەندی سێکیۆلاریزم و ژن دێنمەوە و ئەم نموونەیە دەکرێتە هەوێنێک بۆ دژە ڕوانینێک سەبارەت بە تێروانینی باو بۆ سێکیولاریزم.

 

هەندێک فێمینیستی فەڕەنسی وەک ئێلیزابێت بادینتێر[6] پەچەیان بۆ ژنان وەک سیمبولێکی ترسناکی گوێڕایەڵی و تەسلیمبوون لە هەمبەر ئەمپریالیزمی ئایینی دەسنیشان کردووە و پێیان وایە لە هەمبەر ئەمەدا دەوڵەتی سێکیولار بۆ دژایەتی و شەڕ لەگەڵ ئیمپریالیزمە ئایینییەکان دروستکراوە (Fessenden, 2013, p. 29). ئەم چەشنە لێدوانانە لە ناخی خۆیاندا زۆر وەک پێشگریمانەی باوی سیکیۆلارەکانی لای ئێمە سەبارەت بە سێکیۆلاریزم دەچن کە پێیان وایە سێکیۆلاریزم لە بنەڕەتەوە دژی هەڵاواردن، گوێڕایەڵی و دژایەتی ژنان بووە؛ کەچی دەکرێ سەرەڕای ئەوە سێکیولاریزم وەک چاکەی گشتی بنرخێندرێ، بەڵام دەستەبەرکردنی پێگەی هاوشانی ژن لەگەڵ پیاو ئامانجی سەرەکی ئەو کەسانەی کڵێسا و دەوڵەتیان لێک جیا کردۆتەوە نەبووە.

 

گەر بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە سەیری بۆچوونی ئەو کەسانەی خوازیاری لە پێشدانانی سیکیۆلاریزم بە سەر ئاییندا بکەین ئەوە بەڕوونی دەکرێ ڕوانگەیەکی زاڵ لەسەر بنەمای هێڵیبوونی گۆڕانی مۆدێرنیتی ببیینین، لەم ڕوانگەیەوە تەفسیرگەلی زۆر دەبینین کە ئایدیالی چەمکی سێکیۆلار هاوواتای پێشکەوتن، ڕزگاری و ئازادی لە دەمارگرژی ئایینی دامەزراوە لەسەر بنەمای نەریتخوازی نرخێندراوە. بۆ نموونە دەکرێ ڕوانینێکی لەم چەشنە لە وتەی کەسێکی وەک ژاک ژولیارد-دا ببینرێت کە لاییستییە وەک پێشکەوتنێکی زۆر ڕوون نە تەنیا بۆ شارستانییەتی ڕۆژئاوایی بەڵکو بۆ  تەواوی مرۆڤایەتی دەبینیێت. بەڵام گەڕانەوە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری و شەنکردنی مێژووی ئەو کات واقیعێکیترمان نیشان دەدات.

 

لە پرۆسەی سیکیۆلاریزاسیۆنی ڕۆژئاوادا ژنان گرێدراوی ئایین و باوەری ئایینی بوون. بەڵام لە یەکەم جومگەبەندییەکانی ئایدیالی سێکیۆلاردا پەراوێزخستنی ژن و ئایین بۆ پانتاییی تایبەت[7] پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە بەیاسا و رێساکردنی سێکسواڵیتەی ژن لەناو ئایینەوە نەبوو. بەڵکوو ئایینداری ژنان وەک هێزێک سەیر دەکرا کە دەیتوانی مەترسییەک بۆ پچڕانی رەوتی عەقڵانییەتی سیاسی یان لاوازکردنی ئەو کردەوانە بێ کە سیاسەت پێکدێنن. سێکسواڵیتی ژن یەکێک لەو مەترسییانە بوو کە نەک وەکو دیاردەیەکی ئایینی بەڵکو وەک دیاردەیەکی سروشتی دەنرخێندرا. کاتێک سێکیولاریستەکان خوایان وەک خوڵقێنەرێکی وشیار و سەرەکی وەلا نا و سروشتیان لەجیاتی خوا دانا، ئەوە سروشت نەک تەنیا وەک هێزێکی دەرەکی بەڵکو وەک جەوهەرێک سەیر کرا کە دەیتوانی تەواوی گیانلەبەرەکان بە مرۆڤیشەوە لەناو خۆیدا جێکاتەوە. فیلۆسۆفە سیاسییە سەرەکییەکانی سەدەی ١٧ پێیان وابوو ئەکتەرە سیاسییەکان دەبێ پیاو بن. ئەوان هیچ لێدوانێکی ئایینیان سەبارەت بە ژنان نەدۆزییەوە بەشداری کاری سیاسیان بکات. لەجیاتی ئەوە ئاماژەیان کردە سەر ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە جیاوازییە بێمەرجە بایۆلۆژیکە ڕەگەزییەکانەوە سەرچاوە دەگرن. تۆماس لوکوێرە[8] بەپێی دۆکیۆمێنتە پزیشکییەکان ئەمەی هێنایە ناو تیۆرە سیاسییەکانەوە؛ ڕاستینەی بایۆلۆژی جێگای ڕاستینەی هیرارکییە فەرمانپێدراوەکانی پەروەردگار یان دابونەریتە کۆنەکانی وەک بنەمایەک بۆ خوڵقاندن و دابەشکردنی هێز لە پەیوەندی نێوان پیاوان و ژنان گرتبۆوە. (Laqueur, 2003, p. 193) تەنانەت گەر سەیری بانگەشەی فیلۆسۆفە سەرەکییەکانی سەردەمی ڕۆشنگەریش بۆ ئازادی و هاوشانی مرۆڤ بکرێ دەبینرێ پرسی ژنیان بە ئاراستەی سیکیۆلاریستیەوە نەخستۆتە ناو تەوەری باسەکانی خۆیانەوە.

 

ئەم مژارە لە سەردەمی شۆرشی فەرەنساوە ئاقارێکی دیکەی بڕی؛ لە کاتێکدا شۆرشگێرانی فەڕەنسی هەوڵی دەستەمۆکردنی کڵێسای کاتۆلیکیان دەدا، ژنانیان لە میتینگە سیاسییەکان دوور کردەوە؛ ئەم کردەوەیەش لەسەر بنەمای بایۆلۆژیی ژنان ڕاوەستابوو. ئەو ئەرکە تایبەتیەی ژنان بە هۆی سروشتی خۆیانەوە بایەخیان پێدەدا پەیوەندیدار بە ڕێکوپێکی و تەکوزی کۆمەڵگا بوو. بە بڕوای ئەوان تەکوزی کۆمەڵگا دەرەنجامی جیاوازی نێوان ژن و پیاوە و هەر ڕەگەزێک بۆ ئەو کارەی بۆی گونجاوە دانراوە. مەبەست لەم ئاماژەیە ئەوەیە سێکیولاریزم لەو ساتە سەرەکییەی خۆیدا، لە هەر دوو فۆرمی دیموکراتیک و کۆماریخوازییەکەیدا، هاوشانی نەبەخشیە ژن و پیاو. جیاوازی ڕەگەز وەک زەمینەیەکی لەبار و ڕەوایی پێبەخشراو بۆ ناهاوشانی سەیرکرا. هەر بۆیەش لەناو چێوەیەکی سیکیۆلاریسیتیدا جیاوازی ڕەگەزەکان بوو بە جیاوازی سیاسی. جیاوازی ڕەگەزی، جیاوازی نێوان ئازادی و دەستەمۆبوون و گوێڕایەڵی بوو. هەر لە ئەمەریکاش تا ساڵی ١٩٢٠ ژنان مافی دەنگدانیان نەبوو و سەرەرای ئەوەی لە شۆرشی فەرەنساوە کڵێسا وەک ژێر دەستی دەوڵەت دانرا؛ ئەو یاسایەی ئەمڕۆ وەک  laïcitéدەناسرێ تا ساڵی ١٩٠٥ پەسەند نەکرا و ژنان تا ساڵی ١٩٤٤ مافە مەدەنییەکانیان بەتەواوی پێ نەبەخشرا .(Fessenden, 2013, p. 32)

 

ئەم ڕەوتە لە بەستێنی جیاوازی دیرۆکی و جوگرافیدا ڕەنگە ئاقاری دیکەی بەخۆوە گرتبێ. هەر بۆیەش ناکرێ ئەم ڕەوتە وەک ڕەوتێکی نەگۆڕ سەیر بکرێت. ئەمە چەند خاڵی سەرەکی بۆ تێفکرین بە دوای خۆیدا دێنێ. یەکەم؛ شێوازی فۆڕماسیۆنی دەوڵەت لە ڕۆژئاوا و کێشە و ململانێ بۆ هێز و دەسەڵات، واتە کاریگەرییەکانی تایبەتیکردنی ئایین پێویستیان بە تێڕامان هەیە. دووەم؛ بڵاوبوونەوەی ئایدیالە سێکیولارەکان لە هەموو شوێنیکدا. مێژووی سێکیولاریزاسیۆن لە ڕۆژئاوادا پەیوەستە بە وەدیارکەوتنی دەوڵەت-نەتەوە و جیابوونەوەی سیاسەت لە دەوڵەت. لە کاتیکدا ڕۆژئاواییەکان ئامانجیان ئەوە بوو کێشە و ململانێ گروپی و تاییفیەکانی خۆیان بە مەبەستی ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە دەستی قەشە و مەلاکان دەربێنن و لە دەرەوەی گۆڕەپانی سیاسەتە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان داێبنێن و هەر لەم ڕێگایەوە هێزی کڵێسا بخەنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت. ئەمە لە مێژووی دەوڵەت لە ڕۆژئاوادا وەک نیشاندانی پەیوەندی دامەزراوەکانی کڵێسا و دەوڵەت و بە ئاماژەیەکی زۆر کەم بە پەیوەندی نێوان ژن و پیاو ناسراوە.

 

لەسەر ئەم بنەمایە دەکرێ ئاماژە بکرێتەوە سەر دواڵیزمێ پانتایی گشتی-پانتایی تایبەت و لێرە جیاوازی سیاسەت لە ئایین. سێکیۆلاریزم لە سەدەی ١٩ بە دواوە کە خۆی وەک دیسکۆرسێک نیشاندا، خۆی لەسەر بنەمای تێگەیشتنەکانی پێشوو بە جۆرێک ئۆرگانیزە کرد کە ئایین ڕەت کاتەوە یان ئایین وەک پاشماوەی نەریتە پێشووەکان نیشان بدات. ئەمە گەیشتە ئەو ئەنجامەی پانتایی گشتی لە پانتایی تایبەت جیا بکرێتەوە، ئایین لە سیاسەت جیا بکرێتەوە، جیاوازی نێوان دوو چەمکی نەریت و مۆدێرن، دەوڵەت لە بنەماڵە، پیاوەتی لە ژنێتی و نێر لە مێ. بەڵام ئەوەی خاوەن گرینگییە هیچ کام لەم جیاکارییانە هەڵگری هاوشانی ڕەگەزی و جێندەر نەبوون، بە پێچەوانەوە بناخەیان لەسەر ناهاوشانی دوو ڕەگەز و دوو جێندەر دادەنا. قەبوڵکردنی ناهاوشانی بەم شێوازە، تەنیا بەردەوامی کێشەکانی پێشوو نەبوون. بەڵکوو جیاوازی ڕەگەزیی بە مەبەستی ڕەوایی بەخشینی ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگای نوێ بوو .(Scott, 2018, p. 25) واتە ئەمە دیسکۆرسێکی داهێنراوی نوێ لەلایەن مۆدێرنیتی بوو. جیایی ئایین لە دەوڵەت ئایینی دەکردە چەمکێکی ژنانە و تایبەت و بە داکۆکیکردن لەسەر لایەنی هەست و سۆزی ژنان بە بەراورد لەگەڵ لۆژیک و عەقڵی پیاوانە، ژنانی دەبردە ناو بەرەی ئایینەوە. هەر بۆیەش لە ساڵانی دەسپێکی سەدەی بیستەمدا دەبینین ژنان زۆر کەم کەوتنە ناو پانتایی گشتی، یان سیاسەت و ئابووری. زۆرتر لە ناو ماڵەکان و لەناو کڵێسا پێگەی سروشتی خۆیانیان پاراست. ئەم جیاکارییە بەتەواوی لەگەڵ نۆرمەکانی ژیانی بۆرژوازی و شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە سەدەی نۆزدەوە گونجانی هەبوو.

 

هەر بۆیە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان سیکیۆلاریزم و ژن، بە پێچەوانەی زۆرێک لە پیشگریمانە باوەکانی لای خۆمان، پێویستە پرسیارێکی سادە و ساکار بێتە ئاراوە؛ هۆکارەشی ڕەنگە ڕوون بێ. پۆڵێنبەندییەکانی پیاو-ژن، نێرینە- مێیینە، دوو لایەنەن و لەناو بەستێنی تایبەت بە خۆیاندا، لەناو [پرۆسەی] نەتەوەسازی، شوناس، پەروەردەی ئایینی و بزاڤە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا پێناسە دەکرێن .(Scott, 2018, p. 179) جێندەر، ڕەگەز و سێکسوالیتی دەستەواژەگەلێکن بە هۆی ئەوەی ئاماژەیەکن بۆ کێشە سایکۆلۆژییەکان مانای نەگۆریان نییە. جێندەر ڕۆڵی کۆمەڵایەتی خۆی لەسەر بنەمای پێویستییەکانی جەستەی فیزیکییەوە پێناسە ناکات، بەڵکو هەوڵدانێکی دیرۆکی و کولتورییە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی تۆڕێکی جێگای تێڕامان بۆ ڕەگەز لە سەروی ڕەگەز و جەستە. دەسەڵات یان سیستەمە سیاسییەکان- ئایینی یان سێکییولار- بە مەبەستی ڕەوایی بەخشینی نابەرابەری هێز و دەسەڵات، لەسەر ئەم خاڵە پێداگری دەکەن کە جێندەر بابەتێکی نەگۆڕە. هەر ئەمەش وا دەکا جیاوازییەکانی ڕەگەزی بە شێوازێکەوە سەقامگیر بکرێن تاکو پەیوەندییەکانی سیاسەت و ڕەگەز باسیان لەسەر نەکرێت.

 

ئەم تێڕوانینە دژەباوە سەبارەت بە سێکیولاریزم لەم چەند ساڵەی دواییدا بە بنەماگرتنی میتۆدۆلۆژیای فوکۆ، بەرهەمەکانی تەلال ئەسەد، سەبا مەحمود و جۆن واڵاک سکۆت هەوڵیان داوە تێروانینێکی دژەباوی کولتوری ڕۆژئاوا سەبارەت بە پەیوەندی ژن و ئایین و سێکیۆلاریزم پێشکەش بکەن، سەرەڕای ئەوەی ئەم تێڕوانینە دەکەوێتە ناو چێوەی خوێندنەوەیەکی ئۆریەنتالیستی و بێگومان ڕەنگە هێزەکۆنەپارێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاری بێنن، بەڵام لەبەر ئەوەی دەتوانێ تێگەیشتنی ئێمە سەبارەت بە ڕەوتی بیچمگرتنی سێکیۆلاریزم و ڕۆڵی ژنان، جەختکردنەوە لەسەر لایەنی ژنانە بەڕوونی نیشان بدات و ببێتە هەوێنی خوێندنەوەیەکی واقعیانەتر سەبارەت بە سیکیۆلاریزم، خاوەن گرینگی بێ، بە تایبەت گەر ڕۆڵی ئایینی سەدەی ٢٠-٢١ واتە سەرمایەداری لەسەر ژنان و وردبونەوەیان لەسەر جەستەی ژن وەک ئامرازێکی بەرهەمهێنان و وەک کاڵایەک زەق بکرێتەوە. بۆ نموونە؛ کاتێک دەبینین لە سەدەی ٢١، لانیکەم لە بەشێکی زۆری ڕۆژئاوا جیاوازی نێوان پانتایی گشتی و تایبەت لەناو چووە و ئەو وێنایەی لە ژنانی ڕۆژئاوایی نیشان دەدرێت بەتەواوی لە بواری جەستەوە ئازادە، ئەمە دەبێتە پێوەرێک بۆ سێکیۆلاریزم؛ بەڵام ڕوون نییە دەستەواژەی دیموکراسیی سێکسی، هەوڵوێستەی دژە ئایین و کراوەبوونی جەستە چۆن دەتوانێ ببێتە مایەی هاوشانی؟ هەر بۆیە ئەم ڕوانگە دژە باوە سەبارەت بە سێکیۆلاریزم، ناتوانێ قەبوڵی بکات چەمکی ئازادی ڕەگەزی، بە ئاکام گەیشتنی ئازادییەکی یونیڤیرساڵ بێ، بەڵکو دەتوانێ وەک ڕوونکراوەییەکی مێژوویی، وێنەی چینی ناوەندی ئەوروپی لە ئازادی بێ کە ناتوانێ وەک حەتمیەتێک وەدیهێنەری هاوشانی و بەرابەری بۆ ژنان بێ.

 

 

لە نێوان نەریت و سێکیولاریزمدا؛ کوشتنی ژنان لەسەر شەرف

لەسەر بنەمای ئەم تێروانینە ئاماژە پێکراوانە، جەستەی مرۆڤ بەگشتی و جەستەی ژن بە تایبەت، ئۆبژێکتێک بووە بەردەوام ئایین و سیاسەت بە مەبەستی سەپاندنی هێز و دەستەمۆکردن، جەختیان لەسەر کردووە و گرینگیان پێداوە. هەر لەم ڕووە دەکرێ جەستە وەک وەرگری مانای کۆمەڵایەتی و سیمبۆلی کۆمەڵگا بناسرێت و جەستەی مرۆڤ وەک وێناکردنێک دابنرێت کە زۆر بەهاسانی ئامادەی وەرگرتنی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان بێ. لەسەر ئەم بنەمایە جەستە لە سەرووی هەموو شتێکەوە میتافۆرێکی کۆمەڵایەتییە. ئەو کاتەی مرۆڤ و بە تایبەت ژن لە دەرەوەی کۆدە کۆمەڵایەتی یان سیاسییەکاندا هەڵسوکەوت دەکا ئەوە جەستەی کۆمەڵایەتی گوشار دێنێ جەستەی فیزیکی چۆن بناسرێت، چۆن ئەزموون بکرێت و چۆن لە ڕێگای گوشاری جەستەی کۆمەڵایەتی سەرلەنوێ نۆرم و بایەخە باوەکان ڕەچاو بکات. گەر لەسەر بنەمای ئەم تێفکرینە و بە لەبەرچاوگرتنی بوونی سیستەمێکی کەم و زۆر سێکیولار-سیاسی لە کوردستاندا پرسی ژن و بە تایبەت کوشتن و ئەشکەنجەدانی ژنان وەک سیاسەتی جەستە تاوتوێ بکرێت بە چ ئاکامێک دەگەین؟

 

ڕەنگە گرینگترین بابەتێک کە لەم ناوەدا بتوانێ هەر دوو تێڕوانینی ئەم وتارە، هەم کوشتنی ژنە ساحیرەکان و هەمیش ڕوانینی دژە باوە بۆ سێکیولاریزم لە هەرێمی کوردستان وەڵام بداتەوە. کوشتنی ژنان لەژێر ناوی ناموس یان شەرەف بێ، کردەوەیەکی کەم و زۆر هاوشێوە لە بەستێنێکی کەم و زۆر سێکیولار جەستەی ژن وەک نیشانەی تاوان دەخاتە ژێر کاریگەری خۆی و بەردەوام لە ڕێگای دابونەریت، تێڕوانینی پیاوانە، کۆد و یاسا کۆنەکان بەڕێوەی دەبات و یاسای بە ڕواڵەت سێکیولاریش لە کۆتاییدا بە سازانی دەرەوەی یاسا دەخرێتە پەراوێزەوە. بێ هیچ گومانێک کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەف یان ناموس، نیشاندەری سیاسەتی دابونەریت، کۆد و یاسا ئایینییەکان و دۆخی ئابووری بووە، واتە سیاسەتێک کە کاریگەری تایبەتی لەسەر تەواوی جەستەی ژن هەبووە.

 

بەپێی راپۆرتێکی بڵاوکراوە لە لایەن دەزگای خێرخوازیWADI[9] ئەو هۆکارانەی دەبنە مایەی کوشتنی ژنانی هەرێمی کوردستان لەژێر ناونیشانی کوشتنی شەرەف، بریتین لە بەشودانی زۆرەملێ، نەخوێندەواری، بەشودان لە سەردەمی منداڵی .(Abbas, 2011, p. 68) لەژێر تیشکی تێروانینەکانی ئەم وتارە، دەکرێ هەرکام لەم کردەوانە وەک سیاسەتێکی جەستەیی ئاماژەیان پێ بکرێت ڕەگەزی ئافرەت بە هۆی جەستەیەوە دەخاتە پەراوێزەوە یان تووشی ئازاری سایکۆلۆژیک یان جەستەیی دەکات یان وەک کاڵایەک سات  و سەودای خۆی بەسەردا دەکات. نەریتی ژن بە ژنە وەک چەشنە بازرگانییەک لەگەڵ جەستەی ژن ڕوونترین بەڵگەی ئەم کردەیەیە.

بەپێی ئەو توێژینەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینەكه‌وە سەبارەت بە کوشتنی ژنەكان لەژێر ناوی شەرەف یان ناموسەوە ئەنجامدراون و وەک بەشێک لە کاریگەری هێزی نەریت لەسەر جەستەی ئافرەتانەوە خوێندراوەنەتەوە، پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ لە نێوان بەشودانی زۆرە ملی و کوشتنی ناموسی نیشان ئەدەن. بەڵام ناکرێ ئەم کردەوەیە بۆ سەر تاقە یەک هۆکار دابەزێنرێت. زەقبوونەوەی جەستە لەناو کۆمەڵگا و ویستی کوشتنی، تەنیا وەک دەرەنجامی توندوتیژییەکی تایبەت نابینرێت، بەڵکو ئەمە دیاردەیەکی جیاوازە و لەناو پارامێترەکانی خۆیدا دەژیت.

 

 

پلاكات: بیست ساڵ له‌ حكومڕانی هه‌رێم و بیست هه‌زار ژنی كوژراو و بیست هه‌زار ژنكوژی ئازاد – سه‌رچاوه‌ ویكیپیدیای كوردیی

 

ئەم جۆرە کوشتنە بەپێی بڕیاری لە پێشینە و گەڵاڵە داڕێژراوی گشتی ئەنجام دەدرێت و لە بەرژەوەندی بەردەنگێکی تایبەتدایە. میکانیزمەکانی ناموس و شەرەف وەک دیاردەی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دەنگۆ و قسەوباسی خەڵکی بەڕێوەدەچن و هەر ئەمەش وا دەکا جەستە لە کاتی لە دەستدانی شەرەف ببێتە مایەی شەرمی گشتی، هەر بۆیە لە جێگایەکی خاوەن مەعریفەی گشتی بەربڵاو سەبارەت بە ڕیسوایی و بێئابڕوویی، گەڕانەوەی ئابڕوو و حەیا دوو گروپ وەک بەردەنگی سەرەکی خۆی وەردەگرێ. یەکەم؛ ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایەی ئاگاداری بێ شەرەفی جەستە هەن پێویستە سەرلەنوێ بایەخەکانی بنەماڵەیی بگەرێننەوە؛ دووهەم پێویستە جەستەکانی‌تر بۆ پرینگانەوە لەکردەوەی لەم چەشنە چاوترسێن بکرین. ڕادەی تیگەیشتن و مەعریفەی کۆمەڵگا لە گەڕاندنەوەی شەرەفی لە کیسچووی جەستە لە ڕێگای تووندوتیژی، تێگەیشتنی کۆمەڵگا لە شەرەفی گریمانە بۆ کراوی لەدەستچووی خۆی نیشان دەدا.

 

لەلایەکی‌ترەوە، سەیرکردنی هەندێک لە دیمەنەکانی کوشتنی ئافرەتان نیشانی دەدا جەستە پێویستە بێتە ناو کایەیەکی گشتییەوە، بۆیە زۆر جار کوشتنەکە لە جێگایەکی شاراوە ئەنجام نادرێت، بەڵکوو لەناو مێژووی توندوتیژییەکی گشتیدا بەڕێوە دەچێ. جەستە وەک ئەکتەرێک کە دەبێ لینچ بکرێت، گەورەترین ڕۆڵ دەگێرێت بەڵام ئەم ڕۆڵە ڕۆڵێکی پاسیڤە، بەڕێوەچوونی ئەم کردەیە گشتییە، وەک شانۆیەک وایە، یەکڕیزییەک لەناو توێژی زۆردارەوە بەدی دێنێت، سزای هەر جەستەیەک دەدات گوێڕایەڵ نەبێت، سزای هەر جەستەیەک دەدات سەرپێچی کردبێت، ئەم کردە گشتییە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی نۆرم و بایەخەکانی خاوەنی سەرەکی جەستەیە لە هەمبەر هەر دەستەمۆنەبوونێک. چونکە جەستەی ئافرەت بەشێک لە دارایی پیاو سەیر دەکرێت، یان بە زمانی بۆردیۆیی، خواستی وەدەستهێنانی سەرمایەی سیمبولیک یان سەرمایەی کۆمەڵایەتی کەم و زۆر، کاتێک دەلوێ کە ژنان وەک دارایی پیاو سەیر بکرێن و  لە هەر چەشنە دزی یان گومانێک بپارێزرێن، یان بتوانن سەرمایەیەکی سیمبولیک بەرهەم بێنن. لەم ناوەشدا جەستە تەنیا لە ڕێگای گوێڕایەڵی بۆ نەریت، کۆدە ئایینییەکان و پاکی دەتوانێ وەک سەرمایەیەک سەیری بکرێت.

 

تەنانەت لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، چەمکی شەرەف یان ناموس، خۆی نیشاندەری جەمسەربەندی هەندێک کڵێشەیە کە لەسەر بنەمای جەستەی ئافرەتەوە ڕوونراوە. گەر بە تێڕوانینێکی ئەدەبییەوە سەیری بەکارهێنانی ئەم چەمکە بۆ ژنان بکرێت ئەوە نیشاندەری چەشنە پاسیڤ بوونیکە؛  گوێڕایەڵی، پاکی، سەبر و دەستەمۆبوونێکی زۆرتر و خزمەتگوزاری زۆرتر لە بنەماڵە و بۆ بنەماڵە دەنوێنێتەوە. بەڵام کاتێک ئەم چەمکە بۆ پیاو بەکار دێت بێگومان مانای پۆزەتیڤ بە خۆیەوە دەگرێت و وەک بە جموجۆڵبوون، بڕوابەخۆبوون، بەهێزبوون خۆی دەنوێنێتەوە. گەر ژن ناموس یان شەرەفی خۆی لەدەست بدات، ئەوە لەدەسچوونێکی هەتاهەتاییە، بەڵام گەر پیاو ناموس یا شەرەفیشی لە دەست بدات، ئەوە دەتوانێ سەرلەنوێ قەرەبوی کاتەوە و ببێتە جێگای شانازیش. بۆیە دەکرێ بۆ هۆکارەکانی توندوتیژی سەبارەت بە ژنان، زمانیش وەک نواندنەوەی بەشێک لە جیهانی جەستەیی مرۆڤی کورد تاوتوێ بکرێت.

 

دەرەنجام

هەوڵی سەرەکی ئەم وتارە نیشاندانی بەردەوامی و دابڕانێک لە تێگەیشتنەکانی ئێمە سەبارەت بە پەیوەندی جەستەی ژن و سێکولاریزم هه‌بوو. بەم پێشگریمانە سەرەکییە کە لە بنەڕەتەوە ژن لەناو ئایینییە جیاوازەکانەوە بە هۆی جەستەیەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەری و لە لایەکی دیکەشەوە بە پێچەوانەی تێڕوانینی باو سیکیۆلاریزم نەیتوانیوە وەک پێویست ژنان لە پانتایی گشتیدا بکا بە خاوەن ماف.

سەرەڕای ئەوەی لە قۆناغە جیاوازە مێژووییەکانیدا ژنان بەرەنگاری ئەم دۆخە بوونەتەوە بەڵام لە سەردەمی مۆدێرنەشدا بەشێک لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان سەرلەنوێ بەرهەم هاتنەوەی نەریت و کۆد و یاسای پیاوسالارانەیان لێ کەوتۆتەوە. تەنانەت سێکیولاریزم کە بەلای زۆر کەسەوە وەک تاقە دەرفەتێک بۆ هاوشانی ژن و پیاو سەیرکراوە، بەپێی هەندێک وردەکاری و سەرنجی زۆرتر نەیتوانیوە بەتەواوی وەدیهێنەری ئەم مافە بۆ ژنان بووبێت. جەستەی ژن لەناو ئایدۆلۆژیا جیاوازەکاندا بۆتە مایەی هەڵاواردن و وای کردووە ژن بە هۆی جەستەی بەردەوام لە پانتایی گشتی دوور کەوێتەوە.

لەم ناوەدا ئەوەی لە ڕووی خوێندنەوەیەکی ئەزموونکارانە دەتوانێ بۆ ژنان خاوەن گرینگی بێ، تێگەیشتنی ئەم ڕاستییەیە لەناو سیاسەتدا هێز بەردەوام مەیلی پاوانخوازانەی هەیە، سێکیولاریزم توانیویەتی وەک جیایی ئایین لە دەوڵەت دەرفەتێک بۆ هاوشانی لە نێوان ژن و پیاو بەدی بێنێ، بەڵام سێکیولاریزم وەک دیسکۆرس نەیتوانیووە مەودای پان و بەرینی ناهاوشانی نێوان ژن و پیاو پڕ بکاتەوە، بۆیە پێویستە بەرپرسیارێتی سەرەکی چارەسەرکردنی کێشەی ژن بەدەستی ژنانەوە، بە نوسینی ژنانە و ڕێکخستنبوونی ژنانەوە بەڕێوە بچێت. ئەگەر تەنیا وشەی ژنانە بتوانێ بە باشترین شێواز تەعبیر لە جەستەی ژنانە، بیری ژنانە و جیهانی ژنانە بکات. لایەنێکی دیکەی ئەم پەزڵە؛ گۆڕینی جیهانی پیاوانە. دیسکۆرسی سێکیولاریزم نیشانی داوە زۆر جار پیاوان ئەم تیڕوانینەشیان هەر بە مەبەستی هێز و باڵادەستی خۆیان، بە جۆرێکی بەبه‌لاڕێداچوو نیشانداوە.

 

 

 

 

Bibliography

  • -Abbas, M. M. I. &. T. ed., 2011.Honour, Violence, Women and Islam. New York: Routledge.

  • Ahlbäck, T., ed., 2011.Religion and the body. Pargas, Finland: Donner Institute for Research.

  • Crandall, B., 2012.Gender and Religion: The Dark Side of Scripture. 2 ed. london: Continuum International Publishing Group.

  • Federici, S., 2004.Caliban and the Witch: Women, The Body And Primitive Accumulation. Brooklyn: Autonomedia.

  • Fessenden, L. E. C. &. T. ed., 2013.Religion,The secular and the politics of Sexual difference. NEW YORK: Columbia University Press .

  • Laqueur, T., 2003.Making Sex: Body And Gender From The Greeks to Freud. 3 ed. Cambridge: Harvard University Press.

  • Monro, S., 2005.Gender Politics. l.:Pluto Press.

  • Scott, J. W., 2018.sex and secularism. New Jersey: Princeton University Press.

  • Shilling, C., 1993.The Body and Social Theory. London: SAGE Publications Ltd.

 Foucault, M. 1977. “The Eye of Power.” In Power/Knowledge, edited by C. Gordon, 55–62. New York, NY: Pantheon.

Beasley, C. (1999) what is Feminism? An Introduction to Feminist Theory.London: Sage.

[1] دکتۆرای هزریی سیاسی

[2]Representation

[3]Public good

[4]Serpent and the Goddess

[5]Public sphere

[6]Elisabeth Badinter

[7]Private sphere

[8]Tomas loqyeure

[9]Verband fürKrisenhilfe und solidarische Entwicklungszusammenarbeit

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كولتور مه‌گه‌زینی ژماره‌ ٥ دا بڵابۆته‌وه‌

كولتور مه‌گه‌زین – ژماره‌ ٥

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌