فۆتۆ پەناهەندەکان - ئاژانسی ئاندۆڵ

لە هەڵهاتن لە تێکەڵاوبوونەوە بۆ هەڵپەکردن بۆی


Loading

حه‌سه‌ن حسێن – چیرۆكنوس

لە هەڵهاتن لە تێکەڵاوبوونەوە بۆ هەڵپەکردن بۆی

دوو ئەزموون دەربارەی تێکەڵاوبوون

حەسەن حسێن

 

 

وەکو کوردێکی ئێراق – باشووری کوردستان، دوو ئەزموونی جیاوازم لە بارەی تێکەڵاوبوونەوە هەیە:

 ئەزموونی یەکەم: تێکەڵاو بوون ، وەسفێک بۆ دەستەواژەیەکی ناو نەهێنراو

لە سەردەمی دەسەڵاتی تاکحزبیدا لە ئێراق، وەکو هەر وڵات و هەرێمێکی ‏تری ‏ژێر ‏دەسەڵاتی تاکحزبی، دەسەڵاتدارەکان هاووڵاتیانیان کردبوو بە دوو جۆری ‏باش ‏و ‏خراپەوە. ئاستەکانی سازانی هاووڵاتی لەگەڵ چوارچێوەی سیاسی، یاسایی ‏و ‏کەلتووریی ‏سەپێنراو لەلایەن دەوڵەتەوە، پێوەرەکانی باشی و خراپی ئەویان ‏دیاری ‏دەکرد. ئەوەیش کە ‏ئەم سازانەی پەسەند نەبووایە ئەوا بە جیاخواز ، وەکو هاووڵاتیانی ‏کورد، یا خود ‏خیانەتکار ‏تۆمەتبار دەکرا. ‏

لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی جووتحزبیشدا بە هەمان شێوە، هاوڵاتییان بۆ چەند تایپ یا گروپێك لە مرۆڤ دابەش کراون. ئەرك، ماف و ئیمتیازات لەسەر بنەمای سەر بەگروپبوون دیاری دەکرێت.  لێرەوە تاکێکی باش ئەو کەسە نییە کە ئەرکەکانی بە باشی ئەنجام دەدات، ئینتیمای هەیە و …هتد، بەڵکو پێویستە لە رێی خۆگونجاندن و سازانییەوە لەگەڵ دۆخە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە سەپێنراوەکەدا دەستبەرداری مافەکانی بێت؛ بەم حاڵەشەوە ئەو هێشتا دەبێتە شتێک لە خوار پلەی هاووڵاتیبوونەوە.

‏بە گوێرەی ئەم پێوەرانەی ئەوسا و ئێستای عێراق و کوردستان، من بوونەوەرێکی خراپ بووم (لێرەدا باسێک لە هاووڵاتیبوون نییە) ‏چونکە نەمتوانی و ‏نەمویست بسازێم .‏ ‏

‏ئەمە ئیدی تێکەڵاوبوونە‎ Integration ‎،جا با ناویشی نەهێنرا بێت، ئاراستەکەیشی بۆ ‏هەر ‏کەسێك ‏ویستبێتی یا بیەوێت بیگرێتە بەر،ڕوون بووە.‏ شکستهێنان لەم پرۆسەی تێکەڵاوبوونەدا لە لەیەن تاکەوە، جەمسەری پێچەوانەی شکستهێنانی پرۆسەی گرتنەخۆ و دروستکردنی ئینتیمایە لە لایەن دەوڵەتەوە، بە دەربڕینێکیتر سەرکەوتنی هێزی دەرپەڕاندنی تاکە بۆ دەرەوەی کۆمەڵگە.

 

ئەزموونی دووەم: تێكەڵاوبوون وەکو دەستەواژەیەکی وەسف نەکراو

حکومەت و ‏دامەزراوەکان لە ئەڵمانیا لە سیاسەتی پەنابەریی و کۆچکردندا، پرسی ‏تێکەڵاوبوونی ‏پەنابەرانیان لە سەرەوە داناوە. هەر بۆیە تێکەڵاوبوون، لە هەر پرسێکیتر ‏زیاتر بەر ‏پەنابەران دەکەوێت. بەبێ ئەوەی پەنابەر بزانێت دەبێت چ بکا، یا چ نەکات بۆ ‏ئەوەی تێکەڵاوبوون ‏مسۆگەر بکات،یا بە دەربڕینەکەی هانا ئارێنت بۆ ئەوەی ببێتە پەنابەرێکی باش و لەوێوە هەنگاو بۆ بوون بە هاووڵاتی باش هەڵگرێت.‏

تێڕوانینی باو لەلای زۆربەی پەنابەران دەربارەی مانای تێکەڵاوبوون، تەنها لە ‏فێربوونی ‏زمان و دۆزینەوەی کاردا چەقی بەستووە و لەمەدا ئەوان گرفتێکیان لەگەڵ ئەم تێگەیشتنەدا نییە و بگرە بە لایانەوە باشیشە، دواتر هۆکاری ئەمە روونی دەکەمەوە. حکومەت و دامەزراوەکانیش، بە ‏فۆکۆس خستنە ‏سەر ڕەهەندی ئابووریی لە کۆرسەکانی زمان و تێکەڵاوبوون، یا لە بەخشینی ‏هەلی مانەوە بەو ‏پەنابەرانەی داواکارییەکانیان ڕەتکراوەتەوە و بەڵام کاریان دەستکەوتووە و باج دەدەن، بە ‏شێوەیەکی پەنامەکی ‏پشتیوانیی ئەم تێڕوانینە دەکەن.‏

لەگەڵ ئەو بایەخە گرنگەی هەریەکە لە پەنابەران و ئەڵمانەکان بە تێکەڵاوبوونی دەدەن، و سەرباری دووبارەکردنەوەی زۆری وشەکەش؛ بەڵام هەتا ئێستا ئەم ‏دەستەواژەیە لە ‏لای زۆربەی پەنابەران وەکو مەتەڵێك یا کۆدێك ماوەتەوە، کە هەر ‏کەسە و بە پێی تێگەییشتنی ‏خۆی ڕاڤەی دەکات.

بۆیە دەبینین، ئەم دەستەواژەیە بێ کێشە نییە و تەنانەت هەندێكجاریش ‏رووبەڕووی ‏بەرەنگاری دەبێتەوە. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە، کە هەتا ئێستا تێکەڵاوبوون، ‏وشەیەکی ڕەق ‏و تەقی بێ پێناسە و وەسفێکی ڕەسمییە و دەسەوسانیشە لە خستنەڕووی ‏دیدگایەکی ڕوون و ‏چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ هەر کەسێك خوازیاریی چوونە ناوی بێت.

 

لە شۆکی بەلەمەوە بۆ شۆکی ڕیشەکێشبوونی کەلتووری

جگە لە جەنگ و تێکچوونی باری ئەمنی و کیشەی هەژاری کە دەبنە هۆی دروستبوونی لێشاوی بە کۆمەڵی کۆچبەر و پەنابەران، بە گشتی پەنابەری پرۆسیسێکە پەیوەندی بە هەڵنەکردنی تاكەوە هەیە  لەگەڵ ستەمی سیاسی و نەبوونی مافە بنەڕەتییەکان، ستەمی سێکسی، ئایینی و کەلتووری کۆمەڵایەتیدا؛ پرۆسیسێکە پەیوەندی راستەوخۆی بە دەرپەڕاندنەوە هەیە. مرۆڤ  ئەو کاتەی بڕیاری ناچارانەی سەفەری رێی هات و نەهات دەدات گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە ئیدی رێگەی گەڕانەوە بۆ ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و سیستمی پەیوەندییەکانی بە تەواوی لێ بەستراوە. لێرەوە هەڵهاتن یا دەرپەڕاندن لەوەی پێی دەووترێت زێدی خۆ دەست پێ دەکات و بە دەربڕینە ژیژەکییەکە، وەکو دزێک بە رۆژی رووناک ملی شوێنێک دەگرێت کە هێشتا روون نییە کوێیە و ڕوون نییە کە رەت ناکرێتەوە و وەدەر نانرێت. ئیدی دەکەوێتە ناو پرۆسیسێکەوە بە لەمرۆخستنی تەواو دەست پێ دەکات و بە ناشوێندا تێ دەپەڕێت. لەوێدا ئایینەکان و وتەکانی یەزدانەکان، فەلسەفەکان و وتەی فەیلەسوفان، مافەکانی مرۆڤ و قسە باق و بریقەکان هێزی بەڵێنی قاچاخچییەك، نەڕەنەڕ و جنێوی مزری بەلەمەوانێك، شەق و شریخەی گولـلەی ژاندارمێکی تورک و سەربازێکی بولگاری و رۆمانی و هەنگارییان نییە. ئەوەی تۆ لەوێدا سەرفراز دەبیت بە تەنها وابەستەی رێکەوت و دەستەبەربوونی چەند هۆکارێکە. لێرەدا ناشوێن، هەر بەتەنها دەریاکان و سنوورە وشکانییەکانی نێوان وڵاتان نییە. ناشوێن هەموو ئەو شوێنانەن کە شوناسی چەسپاو یا دیاریکراوی تیا نییە، مێژوو تیایاندا سیمایەکی دیاری نییە، نە پەیوەندی قووڵی تیا دروست دەکرێت و نە پەیوەندییەکان تیایاندا بەردەوامن. ناشوێن کەمپەکانی ئاوارەکانە کە مرۆڤ لە دەرگای چوونە ژوورەوەیاندا لە گشت شوناسەکانی دادەماڵرێت بە تەنها یەك شوناسی پێوە دەلکێنرێت، ئەویش داواکارێکی مافی پەنابەریی( طالب حق اللجوء) یا ئاوسلاندەر(بیانی)یە.{ئەگەرچی ئاوسلاندەر وشەیەکی فەرمییە، بەڵام لە دۆخی نافەرمیدا هەندێك لە هاوڵاتییانی ئەڵمان لە ئاخاوتنیاندا لەگەڵ پەنەباران خۆیان لە بەکارهێنانی راستەوخۆی ئەم وشەیە دەپارێزن، چونکە ئیحایەکی جیاکارییانەی تێدایە}.

بە گەییشتنی بۆ وڵاتی داڵدەدەر( پەنابۆهێنراو)، پەنابەر یەکێك لە گرنگترین رەگەزەکانی شوناسەکەی، کە زمانە، لەدەست دەدات. زمان نە تەنها وەک ئامڕازیکی پەیوەندی لە نێوان خێزانێکی سادە و بچکۆلەدا، بەڵکو وەک ئامڕازێکی بەهێزی دەربڕین لە نێو سیستمی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و فراوانتردا، وەکو ئامڕازێك بۆ دەربڕینی قووڵی ئایدیا و هەستەکان. وەکو ئامڕازێك بۆ دروستکردنی پەیوەندی و تۆڕبەندی کۆمەڵایەتی. سادەبوونەوەی رستە و دەربڕینەکان لە نێوان پەنابەران بە پەنابەرانی نەتەوە جیاوازەکانیشەوە لە لایەکەوە، و لە نێوان پەنابەران و کۆمەڵگەی خانەخوێدا لە لاکەی ترەوە، سیمای کارەکتەری پەنابەر بە تەواوی دەشێوێنێت و لە مرۆی خاوەن ئایدیا، دیدگا و هەستی ئاڵۆزەوە دەگۆڕێت بۆ مرۆی سادە و ساکاری تا ئاستی گێلێتی.

سەرباری ئەو  ئیزافاتانەی کۆچ دەیخاتە سەر مەعریفە، کەلتوور و ئەزموونەکانی مرۆڤ؛ بەڵام بۆ هەندێك کەس دەبێتە مایەی شڵەژانی دەروونی. ئەویش بە هۆی ئەو گۆڕانکارییە ورد و درشتانەوەیە کە بەسەر ژیانی پەنابەردا دێت؛ هەر لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە هەتا بەها و پێودانگەکان، لە کەلتوور و زمانەوە تا داب ونەریت و شێوازی ژیان، لە ژینگە و ئاو و هەواوە  تا بەرکەوتنی فیعلی بە جیاوازی کات و زەمەن .

هەموو ئەو شتە تازانەی مرۆی کۆچبەر( پەنابەر) لە کۆمەڵگە نوێیەکەدا رووبەروویان دەبێتەوە، سەرەتا دەیخەنە دۆخێکی سەرسامبوونەوە. بەڵام ئەم سەرسامبوونە هەر زوو بە هۆی ئاڵۆزی و سەختی پرۆسیسە یاساییەکانی مانەوە و سەختییەکانی بەردەم پرۆسیسی خۆگونجاندن و تێکەڵاوبوونەوە، بە راچڵەکینێکی توندی زهنی و دەروونی کۆتایی دێت. راوەستان لەسەر لێواری بۆشاییەکی گەورەی نێوان کۆمەڵگەی پێشوو و کۆمەڵگەی نوێ، جیاوازی نێوان پێوادنگ و پێوەرەکان، دروستکردنی پەیوەندی نوێی کۆمەڵایەتی، هەموو ئەمانە پەنابەر دەخەنە نێو پرۆسەیەکی ناچارانەی فێربوونەوەی وجودییانەوە( إعادة التعلم الوجودي  Existential relearning  ) کە ئەمەش پەنابەر دووچاری شۆکی کەلتووری دەکات.

 جگە لە حاڵەتە باوەکانی وەکو خەمۆکی، تێکچوونی مەزاج، گرێی هەست بە کەمیکردن، فشاری تووندی دەروونی ‏، هەستکردن بە ماندووێتی، ئەلکهولیزم و ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر کە دەشێت هەریەکە وەکو حاڵەتی جیا دەرکەون یا لە شێوەی (کۆنیشانەکانی ئۆلیسیس)دا خۆیان بنوێنن، کە هەندێک جاریش پێی دەوترێت کۆنیشانەکانی کۆچکردن و فشاری چەندبارە و درێژخایەن    The immigrant Syndrome with Chronic and Multiple Stress . هەروەها ‏هەندێك لە زانایانی دەروونناسی لە توێژینەوەکانیاندا دەربارەی پەنابەر وکۆچبەران گەییشتوون بەوەی کە، سەختییەکانی بەردەم فێربوونی زمان و دەربڕینی بیر و هەستەکان ، ناتوانایی لە پێشخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان خود و کەسانی دەوروبەر و تێنەگەییشتن لێیان، دەبنە هۆی دروستبوونی شۆکی ڕیشەکێشبوونی کەلتووریی ( Déracinement).

کاتێک پەناهەندە چیرۆکی خۆی بۆ لێکۆڵەری فەرمانگەی پەناهەندە دەگێڕێتەوە

 

ناهاوڵاتییەکان لە کۆمەڵگەی هاوڵاتیبووندا ‏

کوردێکی – عێراقی، ناکۆکییەکی بەردەوامی هەیە لەگەڵ ئیتیماکانیدا. ‏دۆخەکانی کوردبوون لە ‏عێراقدا، هەمیشە رێگر بوون لە دروستکردنی ئینتیما و ئەوەی پێی ‏دەووترێت شوناسی ‏نیشتیمانی. مرۆی کورد بەردەوام ئینتیمایەکی شاراوەی ‏هەبووە بۆ دەوڵەتێکی کوردی ‏گریمانەکراو . بەڵام ژیانی نزیک بە سی ساڵی ‏ژێر دەسەڵاتی کوردی، ئیدی ئەو ئینتیما ‏شاراوەیەشیان لای مرۆی کورد کاڵ ‏کردۆتەوە یا نەهێشتووە. ناکۆکییەکانی نێوان ئەم ئینتیمایانە و ‏وردبوونی شوناسەکەی، یا ‏ئەوەی پێی دەووترێت قەیرانی ئینتیما و شوناس، برینێکی قووڵیان ‏لە ناخی مرۆڤی کورددا ‏دروستکردووە؛ کە نە بە مانەوەی لە کوردستاندا ساڕێژ دەبێت و نە ‏بەهەڵهاتنیشی لێی ‏چارەسەر دەبێت. بۆیە رەنگە پەنابەری کورد، غەریبترین مرۆڤەکانی ئەم ‏هەسارەیە بێت لە ‏ژیانی تاراوگەدا.‏

بە پێی روپێوییەکی بەشی عەرەبی ئیزگەی بی بی سی و دەزگای توێژینەوەی (ئەرەب ‏بارۆمیتەر) لە زانکۆی بریستۆن کە لەگەڵ بیست وپێنج هەزار کەسدا ئەنجام دراوە، لە ‏هەندێک وڵاتی عەرەبیدا رێژەی ٥٢% ی کەسانی تەمەن ١٨-٢٩ بیر لە کۆچکردن دەکەنەوە. ‏لە عێراق ٣٨% ی خەڵک ئامادەن بە بێ هیچ بەڵگەنامەیەک کۆچ بکەن *. ‏

ئەگەر بیرکردنەوە لە سەفەر یەکێک بێ لە نیشانەکانی قەیرانی ئینتیما، ئەوا ساتەوەختی ‏سەفەر ترۆپکی دەستبەرداربوون و هەڵهاتنە، ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت، ‏لە هەموو ‏ئینتیماکان. خۆناساندنی پەنابەران لە کاتی دەستگیرکرانیان لە لایەن پۆلیسەکانی سنوورەوە بە ‏هاووڵاتیی ‏وڵاتانی تر و نکوڵی کردن لە رەگەزنامە راستەقینەکانی خۆیان، یا شاردنەوەی ‏شوناسی راستەقینەی خۆیان لە کاتی چاوپێکەوتنەکاندا، هەر بە تەنها رێوشوێنێک نین بۆ ‏دەربازبوون لە دیپۆرتکردنەوە یا بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری. بەڵکو مانایەکی ‏رەمزی ‏قووڵتریان هەیە و دەربڕی هەڵهاتنی تەواون لەو ‏شوناس و ئینتیمایانەی پێشوویان، کە ‏بەتاڵ و دەسەوسانن لە پێدانی هەر جۆرە هەستکردنێک بە ئارامی و ئاساییش و تەنانەت ‏رووبەرێکی کەمیش لە ئازادی .‏ ئەو هاوارەی (شێرکۆ بێکەس) کە دەڵێت: ‏

 

من چیم دەویست لە نیشتمان

جــگـه لـەوەی کـەنـانـێـک و

کــەکـونـجـێـکی دڵـنـیـایـی و

گـیـرفـانـێـکی بـەحــورمــەت و

مـشـتـێ هـەتـاوی ئـارام و

‏ بـارانـێـکی خـۆشـەویـسـتـی و

پـەنـجـەرەیـەکـی کـراوەی سـەر ئـازادی و عـەشـقـم بــاتـێ

مـن چـیـم ئـەویـسـت لــەوە زیــاتــر و نــەی دامــێ

بــۆیـه ئـیـتـر نـیـوە شـەوێ

دەروازەکــەیـم شـکـانـدوو چــوومـەدەرێ

بــەیـەک جـاری چـوومەدەرێ ‏

 

زایەڵەی دەنگی مرۆڤێکی دەرپەڕێنراوە، کە ستەم و نادادپەروەری تەنگیان پێ هەڵچنیووە، یا ‏حەرام کردنی عەشق و کۆتکردنی جەستەی، ژیانیان لێ تاڵ کردووە و ئیدی ئەو سەرزەمینە بە ‏وڵات و نیشتمانی خۆی نازانێت و ئینتیمای بۆی نەماوە.‏ ئەمە لەو قۆناغە راگوزەرەدا کە ‏مرۆڤ دەبێتە هەڵگری ناوی (داواکاری مافی پەنابەریی) زۆر روون و زەقە. چونکە لێرەدا ‏مرۆڤ لە پێکهاتە سەرەکییەکانی شوناسەکەی بە تەواوی ‏دادەماڵرێت؛ ئیدی هەستکردن ‏بەکەمی و رووتبوونەوە، کاردانەوەی جۆراو جۆری لا دروست دەکەن، کە دەشێت ئامادە بێت ‏بۆ ئەوەی ببێتە هەڵگری هەر جۆرە شوناسێک، وەکو ئەوەی پێی دەووترێت توانەوە لە ناو ‏کەلتوورە رۆژئاواییەکەدا. یا بە پێچەوانەوە کەسی پەنابەر لە کاردانەوەیدا هەموو جۆرە ‏شوناسێک رەت دەکاتەوە، بەردەوام بە هۆ و بێ هۆ بە شوێن زەقکردنەوەی شوناسەکەیەتی. ‏شوناسێک، کە لێی هەڵهاتووە، بەکار دەهێنێت بۆ داپۆشینی خۆی و دەربازبوون لەو ‏رووتبووەنەوەیە. ئا لێرەدا بیری ئیسلامی و کەلتووری لۆکاڵی نەتەوەی خۆ، زەمینەیەکی ‏باشیان بۆ دروست دەبێت کە هێندەی تر گەمارۆی بیرکردنەوەکانی پەنابەر بدەن و جەخت ‏لەسەر ناکۆکی نێوان کەلتوور و(سەوابیتەکانی) نەریتەکەی خۆی و کەلتوور و نەریتی ‏کۆمەڵگەی داڵدەدەر بکەنەوە. دوو هۆکاریش یارمەتی ئەمە دەدەن، یەکەمیان کۆمەڵایەتییە و ‏دووەمیش یاسایی. ‏

لە باری کۆمەڵایەتییەوە، زۆر جار پەنابەر و کۆچبەر لە سەر بنەمای ئایینی هاوبەش یا ‏هاوزمانی کۆ دەبنەوە و هەر ئەو دووبنەمایەش بۆ دەستکەوتنی کار بە کار دەهێنن، بە تایبەت ‏ئەوانەی دەیانەوێت کار بکەن، بەڵام زمان نازانن. ئا لێرەدایە وەکو پێشتر ئاماژمان پێیدا ‏بەشێکی زۆر لە پەنابەران لە پرسی تێکەڵبووندا،‏ کێشەیان لەگەڵ فۆکۆسی حکومەت لەسەر ‏رەهەندی زمان و کارپەیداکردن نییە؛ چونکە لەمەدا پاراستنی کەلتوور، دابونەریت و ‏شوناسەکەی خۆیان دەبیننەوە. بە گشتی ئەمە بە بەشێکی کۆچبەر و پەنابەرە تورک و ‏عەرەبەکانەوە دیارە. ‏

تۆخکردنەوەی ڕەهەندی ئابووری یا ئەوەی پێێ دەووترێت تێکەڵاوبوونی وەزیفی ( الاندماج ‏الوظیفي) لەسەر حسابی کاڵکردنەوەی تێکەڵاوبوونی کەلتووریی و تێکەڵاوبوونی ‏پێوەریی ‏لەلایەن حکومەت و دامەزراوەکانەوە لە لایەکەوە، بەکارهێنانی بەرژەوەندخوازانەی ‏چەمکی ‏ئینتیگراسیۆن لە لایەن بەشێک لە ‏راستڕەوەکانەوە و بردنی تا ئاستی ‏تواندنەوەی ‏پەنابەران لە ناو ‏کۆمەڵگە نوێیەکەدا لە لایەکیترەوە، تێنەگەیشتنێکی گشتی لە نێو پەنابەران – ‏کۆچبەراندا دروستکردووە، کە سەرچاوەیەکە بۆ ترس لە چەمکی تێکەڵاوبوون و ئەم چەمکە ‏بە توانەوە لە نێو کۆمەڵگەی نوێدا یا بە (رۆژئاواییبوون) تێ بگەن. خۆ قەتیسکردنی پەنابەر ‏لە نێو بازنەی نەریتە چەسپاوەکان و ‏گیرخواردن لە ناو روانینێکی تەسک و بچووک بۆ ‏شوناس و ئینتیماکانی پێشوو، زەقکردنەوە و شانازیکردن بە شوناسی خۆ لە فەزای گشتیدا، ‏گەڕانەوە بۆ (ڕەسەنایەتی) و …هتد چەندە پەیوەندی بەو وێنایەوە هەیە کە نازیست، راستڕەو و ‏دژە بیانییەکان بۆ پەنابەرانی دروست دەکەن، هێندەش پەیوەندی بەو ترسەوە هەیە کە پەنابەر ‏لە چەمکی تێکەڵاوبوون هەیەتی. ترسێك، هیچی کەمتر نییە لە ترسی سەفەرە دەریاییەکەیان؛ ‏ئەگەر لە دەریادا ترسەکە فیزیکی بێت و ترس بێت لە خنکان و مەرگ، ئەوا لە کۆمەڵگە ‏نوێیەکەدا ترسەکە نابەرجەستە و مەعنەوییە، ترسە لە ون بوون و بێسەروشوێن بوون. ترسە ‏لەو ‏ کەلێن(گاپ)ەی لە نێوان ‏پەنابەر- کۆچپەران و کۆمەڵگە نوێیەکەدا هەیە.‏

لە باری یاساییشەوە، وەرگرتنی مافی پەنابەری، یا ئەوەی بە زمانی باو پێی دەووترێت ئیقامە، هێشتا ئەو ناکاتە هاووڵاتییەکی خاوەن کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازات و هەر وەکو ‏مرۆڤێکی پەتی(ئەبستراکت) دەمێنێتەوە. دەشێت ئەمە هۆکارێک بێت ‏بۆ نائامادەیی هەندێك پەنابەر بۆ پەسەندکردنی وەرگرتنی رەگەزنامە، چونکە ئەزموونی ژیانی رۆژانەیان بەو ‏ئەنجامەیان دەگەیەنێت، کە ئەگەر ببنە خاوەنی رەگەزنامەش، بەڵام دواجار لە دیدی هاووڵاتی کۆمەڵگەی ‏خانەخوێیەوە ئەوان هەر بێگانەن، چونکە خەڵکی رەسەنی وڵاتەکە نین و ناکەونە نێو سێیانەی ‏دەوڵەت – نەتەوە – خاکەوە. گەلێک پەنابەر هەن دوای وەرگرتنی ئیقامە، هەموو مەرجەکانی وەرگرتنی ‏رەگەزنامەشیان هەیە، بەڵام رەتی دەکەنەوە رەگەزنامە وەربگرن و نایانەوێت ببنە هاووڵاتی، لە هەمان کاتیشدا مانەوەیان لە وڵاتەکەدا ئەمان دەخاتە پێگەی ناهاووڵاتییەوە. ئاگامبین لە وتارێکیدا بە ناوی ( ئێمەی پەنابەران) ەوە سیمایەکی ئاییندەی ئەم کۆمەڵگەیانەمان نیشان دەدات، کە نەك لەسەر بنەمای دەوڵەت / نەتەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای دەوڵەت/ مرۆی پەتی دادەمەزرێت.

 

لە دەرگاوە پێشوازی لێ بکە و لە پەنجەرەوە بیکە دەرێ

سیاسەتی سنوورە واڵاکان بۆ پەنابەران، کە پێش چەند ساڵێک هەندێک ‏حکومەتی ‏ئەوروپی ‏پەیڕەویان دەکرد؛ ئەمڕۆ لە ئاست هەڵکشانی شەپۆلی پۆپۆلیزمی ‏ڕاستڕەودا، لە ‏پاشەکشەدایە. ‏ئەو پێشوازییەی حکومەتەکانی ئەم وڵاتانە لە بەرگی مرۆدۆستیدا ‏لە لێشاوی ‏پەنابەرانیان ‏دەکرد، ئەمڕۆ لە فۆرمێکی یاساییدا گۆڕاوە بە پشت تێکردن.‏

ئەوەی هەندێک لە کەسایەتی سیاسی و پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا لەم ماوەیەی پێشوودا دەیانگوت دەبێ ‏چیتر ‏هەلو ‏مەرجی ژیانی پەنابەران بە جۆرێک بێت، کە حەزی خەڵکانی وڵاتانیتر بۆ ‏کۆچکردن ‏بۆ ‏ئێرە نەوروژێنێت، پەسەندکردنی هەندێک یاسای لێ کەوتنەوە، کە مەرجەکانی ‏پێدانی ‏مافی ‏پەنابەری توندتر و سیاسەتی کۆچبەری ( واتە کێشکردنی هێزی کار)ئاسانتر دەکەن.

 

نیونازیەکانی شاری خیمنیست لەدژی پەنابەران خۆپیشاندانی توندوتیژی ئەنجام دەدەن

 

پێشتریش پەڕلەمانی ‏ئەڵمانیا ‏بە ‏بڕیارێک هەندێک وڵاتی ئەوروپای رۆژهەڵات وباکووری ئەفریقای وەکو وڵاتگەلی ‏ئارام ‏ناساند، ‏مانا کردارییەکەی ئەم بڕیارەش، ئەوەیە رێگری لە پەنابەری ئەو وڵاتانە ‏بکات ‏لەوەی رێگەی ‏ئەوروپا بکوتن. بەڵام گرفتە سەرەکییەکە لە بنکەکانی ‏دەستبەسەرکردندایە کە ‏پێشتر لە ئەمریکا و ‏ئێستاش لە سنووری نێوان ئەڵمانیا و نەمسا ، ‏دروستکراون و ‏پەنابەرانیان تیادا گل دەدرێتەوە چاوەڕوانی یەکلا بوونەوەی دۆسییەکانیان دەبن؛ کە پاش ‏پەسەند کردن ‏ئینجا دەنێردرێن بۆ کەمپی دیکە. ‏خۆ ئەگەر رەتیش بکرێنەوە، ئەوا ‏دەنێردرێنەوە بۆ ئەو ‏وڵاتانەی لێوەی هاتوون. هەندێک ‏گرتەی ڤیدیۆیی لەو کەمپانەوە لە ‏ئەمریکا دزەیان کردووە، ‏ژیانێکی پڕ لە رەزالەت و ‏ناهەمواری پەنابەران نیشان دەدەن ” ‏پێویستە ئەوە لە بیر نەکەین کەمپە سەرەتاییەکانی دەستبەسەرکردن لە ئەوروپا بۆ ‏کۆنترۆڵکردنی پەنابەران دروستکران، ئەوەش کە دواتر دەگۆڕێن بۆ کەمپەکانی ‏دەستبەسەرکردن لە لایەن نازیزمەوە و پاشان کەمپەکانی جینۆساید، پەیوەندییەکی راستەقینەی ‏نزیك پێک دەهێنێت” (جۆرجیۆ ئاگامبین، ئێمەی پەنابەران).

ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر ‏سیاسییەکی راستڕەوی دانیمارکی داوای جیاکردنەوەی پەنابەرانی لە گیتۆکاندا دەکرد، ئەمڕۆ ‏نەك هەر لە کەمپەکانی پەنابەراندا بەڵکو لە سەر سنوورەکانی ئەمریکا، سەر سنوورەکانی ‏فەڕەنسا، لە شارەکانی ئەسینا و بەرلینیشدا خەریکە دەبنە ڕاستییەکی ئاشکرا. فۆکۆسکردنی ‏هەندێک لە میدیاکان لەسەر حاڵەتەکانی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لەم گیتۆ ‏دانپیانەنراوانەدا هێندەیتر زینۆفۆبیا (تۆقین لە بێگانە) و وتاری دژە بێگانەی راسیستەکان ‏بەهێز دەکات. ‏

کاتێك سیاسییەکی ڕاستڕەو یا نیونازیست دەڵێت؛ بە هاتنی پەنابەران بۆ وڵاتەکەمان رێژەی ‏تاوانکاری ‏زیادی کردووە؛ دەیەوێت بڵێت، توندوتیژی لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا بوونی نییە ‏و ‏ئەوە پەنابەرانن توندوتیژییان لەگەڵ خۆیان هێناوە. ئەوان نایانەوێت ئەو توند و ‏تیژییە ‏سیستماتیک و بەرچاوە ببینن کە فڕۆکە و سەربازانی خۆیان لە وڵاتانی ‏پەنابەران ئەنجامی ‏دەدەن یا بە چەکە فرۆشراوەکانیان بە حکومەتەکان ‏دەرهەق بەو مرۆڤانە ئەنجام دەدرێت کە ‏دواتر پەنا بۆ وڵاتەکانیان دەهێنن. ئەوان بە ‏پەردەپۆشکردنی ئەو توندوتیژییەی هەر لەم ‏کۆمەڵگایەنەدا بەرامبەر بە پەنابەران ‏دەکرێت، لە ڕێی پێدانی ئەو کارانەوە کە هاوڵاتییەکی ‏ئەوروپی نایانکات، لە رێی ‏دانانی فشاری دەروونی لەسەر پەنابەران بەوەی هەرچۆنێك بووە ‏و سەرباری ‏هەموو کێشەکانی تریان پەلەیان بێت بۆ فێربوونی زمان و پەیوەستبوون بە ‏بازاڕی ‏کارەوە هەتا پێیان نەوترێت پەنابەران تەمەڵن و چاویان لە سۆسیاڵە! لە ‏بنەڕەتەوە ‏بابەتەکە دەگۆڕن.‏

زۆر جار لە میدیاکانەوە راستڕەوەکان دەربارەی پەنابەران دەڵێن، ئەمانە پەنابەری ‏سیاسی ‏نین بەڵکو پەنابەری ئابوورین. بەمەش دەیانەوێت پێمان بڵێن، پەنابەران هاتوون تا لە خێر وبێری ‏وڵاتەکەماندا شەریكە بەش بن. ئەوان نایانەوێت ددان بەو راستییەدا بنێن، ‏کە پایەیەکی بینای ‏خێر و بێر و کامەرانیی ئەم وڵاتانە لەسەر بە تاڵانبردنی سامانی ‏وڵاتانی پەنابەرە، لەسەر ‏نەهامەتی و شەڕ و کاولکارییەکانی ئەو ‏وڵاتانەیە. ‏

فەیلەسوفی فەڕەنسی برۆنۆ لاتۆر لە وتارێکیدا  ئەم زەویە شۆڕشدەکات و ئەم زەویەی ژێرپێمان گووم دەبێت ‏Der Planet rebelliert. Der Boden ‎unter unseren Füßen schwindet‏ پێیوایە:

“گەلانی ئەوروپا لایەنی کەم لە سەدەی ‏هەڤدەوە لەسەر زەوی خەڵکانی دی خۆیان دەژێنن و بە دوای ئەمەشدا هەموو گەلانی دیکە، یا ‏لایەنی کەم گەلە دەوڵەمەندەکان، ئەمەیان پەیڕەو کرد. ئەمەش بە جۆرێک گەورە بووەوە هەتا ‏بەم ئاستە ترسناکەی نەمانی یەکسانی گەییشت“ (1). ‏

‏ئەمەش خۆی نیشاندەری ناکۆکییەکی قووڵە لە چۆنیتی مامەڵەکردن لەتەك چەمکی ‏تێکەڵاوبووندا؛ لە لایەك پێداگریی لەسەر پەیوەستبوونی پەنابەر بە بازاڕی کار دەکەنەوە ‏و لە لایەکی ترەوە تانە لە کەیسی پەنابەران دەدەن و دەیان کەن بە کۆچبەری ئابووری، کە بەشە ‏نەگووتراوەکەی ئەوەیە بەوەدا تۆ پەنابەری ئابووریت، کەوایە مافی مانەوەت نییە لەم وڵاتەدا ‏و نابێت لێرە بیت.

 

 

پەراوێز:

سەرچاوەکان:

١. الاندماج الاجتماعي و الدیمقراطیة، نحو مقاربة سوسیولوجیة، فوزي بو خریص.

٢. سیکولوجیا المهاجرین، استراتیجیات الهویة و استراتیجیات التثاقف‏، عزام امین.

٣. نحن اللاجئون، جورجیو ئاگامبین

٤. هانا ئارندت، نحن اللاجئون.

  1. https://sasapost.co/translation/arab-world-turns-its-back-on-religion/

  • پوختەی ئەم وتارەم لە سیمینارێکدا رۆژی ١٨.١٢.٢٠١٨ لە ئەنجوومەنی پیرانی بەرلین بۆ تێکەڵبوون و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی Senatsverwaltung für Integration, Arbeit und Soziales خوێندەوە.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌