فاروق هۆمه‌ر

لەسەر ڕووباری ئیسار


Loading

نمە خەریکی پێچانەوەی ئەو کەلوپەلانە بوو کە لەگەڵ خۆی هێنابوونی. چەکمەجەیێکی دەکردەوە و یەکی دی دادەخستەوە . هەموو دەرپێ کورتەکانی کۆکردنەوە . سوخمەی مەمک و پێڵاوەکانی بە تووڕەییەوە فڕێدەدانە ناو ساکەکەی . تاقمی سووراوەکەی هەموو لەبەردەم ئاوێنەکە هەڵگرت و لە ساکێکی چکۆلەتری نا و ئەویشی هاویشتە ناو ساکە گەورەکەیەوە . کەمێک لە شوێنی خۆی وەستا و ئەو فرمێسکانەی هەموو سڕینەوە لە چاوەکانیەوە دەهاتنە خوارێ. بەم لاولای ژوورەکەدا دەیڕوانی و دەیویست هیچی بیرنەچێت. من لەبەردەم هەنسک و غەمگینی ئەوا هیچم بۆ نەدەگوترا تەنیا ئەوەندە نەبێ لە پشتەوە باوەشم پیاکرد و پێمگووت :

 ” من درۆم کرد، نازانم بۆ . تکا دەکەم لە دڵەوە بمبەخشە ”

” بەڵام تۆ دڵت تەنگ کردم . وات لێکردم بە کوڵ بگریم ”

” نازانم بۆچی شتێکی ئەوتۆ لە خۆوە هاتە ناو ئەندێشەم، درۆیه‌کی خۆش بوو بۆمنەکرا خۆمی لێ وەشارم ”

” دەزانی چەند بەدیار ئەو گۆرانییەوە گریام، ئاخر لەبیرچوونەوەی گرانە. من جارێکی دی وەکو خۆمم لێنایەتەوە . چۆن بتوانم . تۆ پێم بڵێ ”

 

مۆدلیانی ؛ پۆرترێتی خۆی جین هاوژینی – ١٩١٩
Amedeo-Modigliani Portrait-of-Jeanne-Hebuterne-sitting-and Self -Portrait

نمە خۆی لە باوەشم ڕاپسکاند و ساکەکەی هەڵگرت و بەرەو دەرگای ژووری هوتێڵەکە ڕۆی. لەپێشی دەرگاکە وەستا و جانتاکەی کردە شانی، هێشتا پشتی لە من بوو . من وام هەست کرد پەشیمان بووبێتەوە لە ڕۆیشتن و لە درۆکەم بوورابێت، بەڕووخسارێکی تووڕەوە ئاوڕێکی لێمدایەوە و دەستی برد ئەڵقەکەی لە پەنجەی دەرهێناو بەرەو ڕووی منی فڕێ دا؛

” ئەوە ئەڵقەکەت . من نامەوێ ژنی پیاوێکی درۆزن بم ”

نمە چووە دەرێ و دەرگاکەی بە توندی داخست، داخستنی دەرگاکە درزێکی گەورەی لە ژیانما جێهێشت. بەجۆرێک ڕاچڵەکیم تەواو دڵنیابووم لەوەی نمە نەک هەر لە ژووری هوتێلێکا تەنیا جێیهێشتووم، بەڵکو بۆ ئێجگاری لە ژیانم چووتە دەرێ. من پێموابوو تەنها تووڕەبوونێکی سادە بێ و پاشی کەمێک، ڕۆژێک یان دووان خاوبێێتەوە و دەروونی هێمن بێتەوە . وا نەبوو ساڵ تێپەڕی و نمە وەڵامی سڵاو و تەلەفونێکیشی نەدامەوە.

ئەو بەرەبەیانییە من و نمە پێکەوە لەسەر ڕووباری ئێسار Isar پیاسەمان دەکرد، بەدەم بێدەنگییەوە سەرقاڵبووین بە تەماشای ئەو سروشتە قەشەنگەی شاری میونخەوە. هێشتا دونیا چۆڵ و هۆڵ بوو و لە پردێکەوە شۆڕبووینەوە خوارێ و نمەم خستە ژێر باڵمەوە. ماچێکم کرد و دەمم لەسەر لێوەکانی هێشتەوە . دەمویست بۆ درێژترین ماوە لێوەکانی بەرنەدەم. دەمویست درێژترین ماچی بکەم، درێژترین ماچی دونیا کە تا ئیستا مرۆڤ توانیبێتی بیری لێبکاتەوە و ئەویش لێوەکانی نابوو بە لێومەوە . لەوەدەچوو لەو هەستەم تێگەیشتبێ و ئاسوودە هاوبەشی ئارەزووەکەم بکات. ئەو خۆی پێوە نوساندبووم و لێوی دەخواردم منیش دەستم نابووە ناو قژییەوە و هێشتا دەممان گەرمی ماچ بوو . لەپڕ دەممی بەردا و بە هەناسەبڕکێوە گووتی؛ ” وای خەریکبوو بمرم ”

” مرۆڤ بە ماچ نامرێ ”

 لەسەر توولەڕێیەک بەرەو ناو دارستانێک دەچووین و ئەو لەژێر باڵما بوو، هەردوو پێکەوە تەماشای شینایی ئاسمانمان دەکرد و چەند هەنگاوێک لەولامانەوە خەریکبوو لەناو چڕی چڵوپۆپی درەختەکان دا بەتەواوی دیارنەدەما. هەموو درەختەکان لەناو ئاونگی بەیانی دا تەڕبوون هەر دەتگووت کەمێک لەمەوبەر باران باریووە . هەموو دونیا تەڕبوو. هەرچی لە پێش و دوامانەوە بوو دەبریسکایەوە، نمە تەماشای ناو درەختەکانی دەکرد و لە شتێک دەگەڕا. تەماشایێکم کرد و مەستانەلێمڕوانی…

” لەچی دەگەڕێی ؟ ” من لێم پرسی…

” دەڵێم ئەوانە هەموو چۆلەکەن بەسەر چڵەکانەوە دەجریوێنن، ئەی بولبولەکان لە کوێن ؟ ”

” بولبولەکان جارێ لە خەو هەڵنەساون، ئەوان ئەوەندە بێزەوق نین بەم بەیانییە زووە لەخەو ڕابن ”

نمە پێکەنی و توند باوەشی پیاکردم…

” نمە، بولبولەکان فڕەندەیێکی سەیرن، ئەوان ڕۆژانە بۆ تاوێکی کورت دێن و دەڕۆن . کەمێک لێرە بەنگ دەبن و دواتر دەڕۆن و نامێنن و کەس نازانی دوای ئەوە بۆ کوێ دەڕۆن. دێن و دونیا پڕدەکەن لە ئاواز. لەو ماوە کورتەدا ئەوەندە ئاواز دەخوێنن ئیدی بەشی ئەو ڕۆژەمان هەموو دەکات ”

لە نزیکی درەختێکی بچکۆلانەی کورتەباڵاوە هەردوو ڕاوەستاین، ئەو هێشتا لەژێر باڵما بوو…

” بۆچی ڕاوەستایت ؟ ”

” دەمەوێت جوانیت نیشان بدەم ”

نمە لەژێر باڵمەوە دەرفرته‌دەر و دەستێکی بەرزکردەوە و چڵێکی درەختەکەی گرت، خەریک بوو درەختەکە ڕابوەشێنێت، لەپڕ هاوارم لێکرد نەکەیت. دەستم برد و چڵێکی درەختەکەم بەوپەڕی نازکییەوە گرت، زۆر بە هێواشی تاوەکو ئەو نمە ئاوانە نەکەونە خوارێ کە بەسەر تووڵە باریکەکانییەوە گیرسابوونەوە .

 ” ئۆقرەت بێ لەبەیانییەوە خوداوەند بە فرمێسکی خۆی دڵی ئەو درەختانە ڕادەگرێت، تۆش دەتەوێت بە ڕاوەشانێک هەموو فرمێسکەکانی هەڵبوەرێنیت، بڕوانە ئەو نمانە چەند ناسکن ”

نمە کەمێک سەری هێنایە پێشێ و لەو دڵۆپە ئاوانە ووردبۆوە کە بەسەرتاپای درەختەکەوە بوون؛

” چەند جوانن ”

نمە تەلەفونەکەی دەرهێنا و یەک دوو وێنەی گرت، هەردوو لە وێنەکانمان ڕوانی، لەناو وێنەکان دا دڵۆپە ئاوەکان لە نمەی بەیانی نەدەچوون، هەر دەتگووت چرۆن و بە درەختەکەوە ڕوواون.

” دڵۆپە ئاوەکان دیارنین ”

” دەبێ زۆر لە نزیکەوە وێنەیان بگریت دەنا ڕوون دەرناچن ”

تەلەفونەکەم لە نمە وەرگرت و زۆر لە نزیکەوە وێنەی تەنیا یەک چڵی درەختەکەم گرت. کاتێک لە وێنەکەمان ڕووانی دڵۆپە ئاوەکان بە ڕوونی دیاربوون هەر دەتگووت چڵی درەختێکی خەمگینە و بە کوڵ گریاوە .

بەدەم گۆرانییەوە باوەشم بە نمەدا کرد و کەوتینەوە ڕێ…

 

مۆدلیانی – مۆدێل – زه‌یتی

دەستێکم لەسەر شانی نمە و دەستەکەی دیشم لە ئاسمان دا هەڵبڕی بوو و دەمگووت، با بچینە سەر وەیس … نمەش لە دوامەوە دەیگووته‌وه‌؛ وەیسی خۆمانە…دەستێکم بەرەو لای نمەوە درێژ کرد و گووتم؛ پرسیاری لێبکەین خەتای کاممانە… نمە لە شوێنی خۆی وەستا و چاوێکی پڕ لە پرسیاری لێبڕیم، دەمزانی لە چی پرینگایەوە و زۆر خێرا پەییم بەو ڕوانیینەی برد لە دوو گلێنە ڕەشەکانییەوە ڕژانە ناو گیانمەوە. هەر خێرا دەبوو ئەو ڕوانینەی بگۆڕم . نەهێڵم زۆری لا بمێنێتەوە، نەبادا دڵتەنگییەک لە خۆوە ڕوو بدات. ئاخر هیچ خەتایەک لەوێدا نەبوو، هیچ شتێک لەوێدا ڕووی نەدابوو من ئەو بۆ وەیس بۆ بەرم. تەنانەت ئەو دێرەشم لە گۆرانییەکە پچراندبوو کە دەیگووت؛ بابچینە سەر وەیس بۆ تۆبەکاری…من و تۆ بۆ خۆشی دەچینە سەر وەیس. جارێکی دی دەستێکم هەڵبڕی و گووتم؛ گەر خەتای من بوو بمکە بە تەیرێ… نمە چی دی لە دوامەوە وەڵامێکی نەبوو و بەڵام ئاسوودە بوو لەوەی دادوەرییەک نییە من و ئەوی لەبەردەما وەستابین، نەیدەزانی چی بڵێت. هەر بۆ خۆم بە فریای کەوتم و گووتم؛ گەر خەتای تۆ بوو بتکات بە کەپرێ…نمە پێکەنی…

” بۆ بە کەپرێ ؟ ”

” بۆ ئەوەی هەتا هەم بێم و لەسەرت بنیشمەوە و گۆرانیت بۆ بڵێم ”

 ” تۆ دەنگت خۆشە ”

” ئەوە دەنگم نییە خۆشە، ئەوە کامەرانییە لە قوڕگم دێتە دەرەوە، من دڵم پڕی کامەرانییە ”

من گۆرانیم دەچڕی و نمەش لەدوامەوە دەیگوتەوە . گۆرانی بەدوای گۆرانی دا هەردوو دەنگمان لێهەڵبری بوو. دەنگمان لەناو کشوماتی جیهان دا دەنگی دەدایەوە، بڕوادەکەم تا ئیستا هیچ کەسێک لە دونیادا لە هیچ شوێنێکا ئاوا دەنگی هەڵنەبڕی بێت. حەزمدەکرد ئەو شادییەی لەناو قووڵایی ئەو دارستانەدا ڕژابووە ناو دڵمانەوە بە فیڕۆ نەچێت، ئێمەش بتوانین سترانێک بدەین بە گوێی دارستان دا و پێی بڵێین خۆشمان دەوێی. سوپاسگوزارییەک بۆ هەموو درەخت و جۆگەلە و باڵندەکانی ناوی، بۆ خاک و قووڵایی ئەو پێکەوە ستران بچڕین…

” من خۆشم دەوێی ” نمە گووتی…

” منیش خۆشم دەوێی، خودا ئاگای لە دڵی هەردوکمانە پڕێتی لە خۆشەویستی ”

” من بڕوات پێدەکەم . بۆچی دەتەوێ خودا بە شاهێد ڕابگریت ”

” خودا بە شاهێد ڕاناگرم، خودا لێرەیە لەناو دڵی هەردوکمان دایه‌، خودا لە هەموو شوێنێکە ”

” سەرنجم داوە تۆ زۆر باسی خودا دەکەیت ”

” ئاخر هیچ شتێک بێ ئارەزووی خودا نابێت، خودا کامەرانییە لەناو دڵی ئادەمیزاد ”

” خودا چۆن دەبێت کامەرانی بێت لەکاتێکا کامەرانی کورتە و تێدەپەڕێت ”

” هەموو شتێک کورتە، ئەگەر بۆ هەتا هەتایە کامەران بین ئەودەم لە کامەرانیش بێزار دەبین، ئێمە لەناو زنجیرەیێک چرکەساتی لێکنەچووی کورت کورتاین، تاوێک کامەران و تاوێک خەمگین دەبین. بۆئەوەی لە غەمگینی نەترسێین، ئەوسا خودا دێت و دەبێت بە غەمگینی. ئەو بۆ هەمیشە لە نزیکمان دەمێنێتەوە . ڕۆژگارێک مرۆڤە بچکۆلەکان خودایان نەدەناسی، وایان دەزانی دەبێ خودا لە ئاسمان بێ،  ئەوان هاتن و خودایان هێنایە خوارەوە بۆ ناو کڵێسا، خوداش لەگەڵیان هات و پێیوابوو ماڵێک بۆ ئەو خراپ نەبێ . قەشەیەک بەناوی خوداوە قسەی دەکرد و ئامۆژگاری دەبەخشییەوە، لەپڕێک و ناوە ناوە قەشەی چڵمن بەسەر خەڵکەکەدا دەیگرماند و لێیان تووڕەدەبوو و بەناوی خوداوە خەڵکانی دەبردە دۆزەخ…خودا لەوێدا ئێستێکی کرد و زۆر بەداخ بوو، بەڵام هیچی نەگووت، خودا سەبرێکی زۆری هەیە بەڵام بۆ ئەو خەڵکە دڵی پڕ بوو لە نیگەرانی. موسڵمانەکان بەو زویربوونەی خودایان زانی و هێنایانە ناو مزگەوتەوە، خودا لەگەڵ ئەوانیشدا هات، خودا لەوێ دڵی خۆش بوو… زۆری نەبرد و ڕووانی مەلایه‌كی پاشەڵ پیس لەوێ زۆر خراپتر لەو قەشە دڵ وێرانە، لە خەڵکان تووڕەدەبێ و نەک هەر بۆ دۆزەخیان دەبات لەناو ئاگریش دەیانسوتێنێ. ئیدی خودا زۆر خراپ تووڕەبوو، ئەو لە ئینسان تووڕە نەبوو و لەو کەسانە تووڕەبوو بەناوی ئەوەوە ترس و نیگەرانی و چاوسوورکردنەوەیان دەبەخشییەوە ”

نمە بەدەم سەرسورمان و بەخۆداچوونەوەیەکەوە لێمی ڕوان، زانیم تەواو کارم تێکردووە، ئەو گووتی؛ ” ئەی خودا بۆ کوێ چوو ؟ ”

من لە نمە دوورکەوتمەوە و لەسەر بنجکی درەختێک دانیشتم، نمە لە پشتەوە باوەشی پێما کردبوو…

” خودا لەناو کتێب و ماڵی بەردین و ئاڵتونی چووە دەرەوە و جارێکی دی نەگەڕایەوە. ئیستا خودا لێرەیە، لە هەموو شوێنیک . لەناو سنگی باڵندەیەکدا کە بێ لە خوێندن چی دی نازانێت. لەناو سەوزایی و زەردبوونی درەختدا ” دەستێکم هەڵبڕی و ئاماژە بەرەو ئەو جۆگەلە ئاوەی لە پێشمانەوە بوو گووتم :

” خودا وا لەناو خزینی ئاودایه‌،  ئاوێک بەردەوام بە سازگاری خۆی دەڕوا و هاژەی دێت. خودا وا لەناو دڵی ئاشقانەی من و تۆدایه‌. خودا چوو بۆ ئەفەریکا و چووە ناو جەستەی منداڵێکی ڕووتی ڕەشەوە تا لەوێ هەژاری خۆی نیشانی جیهان بدات. خودا چی دی لەناو دڵی دزێکدا نییە، لەناو گیانی جەنگاوەرێکی خوێڕی دا نییە کە ئارەزوو دەکات هەموو دونیا کاول بکات ”

 

مۆدلیانی؛پۆرتره‌تی ژان كۆكتۆ ١٩١٦
1916,_Modigliani,_Jean_Coct

 لە شوێنی خۆم هەستام و  باوەشێکم بە نمەدا کرد و توند نوساندم بە سنگمەوە, دیاربوو ئەو لە خودا دەگەڕا و هێشتا خودای نەدۆزیبۆوە.  بۆ ئەوەی ئومێدێک لەناویدا چەکەرە بکات و خودای نیشان بدەم ماچێکم کرد و لەوێدا وەستاین . دوێنێ لە هەمان جێگەدا بوو، یاخود لە جێگەیێک لەو نزیکانە بولبولێک بە گەرمی دەیخوێند، منیش بۆ بولبولەکە دەگەڕام، بەدوای دا فیکەیەکێکم کێشا، ئەویش جارێکی دی لەدوامەوە دەستی کردەوە بە خوێندن…نمەش لەگەڵ من دا چاوی بۆ دەگێڕا بیدۆزێتەوە، لەپڕ نمە هاواری کرد و گووتی؛ ئەوەتا، بولبولێکی سوور بوو لەسەر لقی درەختێکی ڕووت هەڵنیشتبوو، دیاربوو درەختەکە توانای ژیانی نەمابوو هەرچی سەوزاییە لە گیانیا وشکی کردبوو…من فیکەم دەکێشا و ئەویش لەدوامەوە وەڵامیدەدامەوە. چاوم لە چاوی بولبولەکە بڕی و بولبولەکەش بەبێ ئەوەی بسڵەمێتەوە تەماشای دەکردم …نمە گووتی؛ بولبولەکە سەیرت دەکات…منیش گووتم؛ تۆ بڕوانە ئەو بولبولە لەناو ئەو دارستانە سەوزەدا چۆن بەسەر ئەو درەختە ڕووتەوە نیشتۆتەوە. تۆ بڕوا دەکەیت ئەو بولبولە بچکۆلانەیە کە هێندەی پەنجەیێکم دەبێ هەست وسۆزی هەبێت و ئەو دەنگە خۆشەی لێوە بێتەدەر، هەست بەوە  نەکات ئەو درەختە مردووە!  ئەو دەیەوێت بە دەنگی پڕ لە ئاوازی خۆی سەوزی بکاتەوە، بەسازگاری ئاوازی ناو ئەو گیانە بچکۆلەیەی خۆی چڵ و پۆپی لێ بڕوێنێ… نمە تەلەفونەکەی دەرهێنا و ویستی ئاوازی بولبولەکە تۆمار بکات، دیاربوو بولبولەکە ترسابوو، من هەر فیکەم بۆ دەکێشا و ئەو بێدەنگ بوو. ئیدی هیچی نەگووت . ووووووو . وووووو . هەرچیم کرد بولبولەکە دەنگی نەکرد و هەروا بێدەنگ لێیدەڕوانین، دواتر بەرزبۆوە و فڕی…

” دوێنێ لێرەدا بوو بولبولەکە دەیخوێند ” …لەپڕ درەختە وشکەکەم بیرکەوتەوە، بەدووی دا چووم، درەختێکی وشکم لەوناوە نەدۆزییەوە . نمە لەو نزیکانەوە درەختێکی وشکی نیشاندەکرد و منیش درەختێکی دی…

” من فیلمێکم لەبەری گرتووە، پەلە مەکە ئیستا شوێنەکەی دەدۆزینەوە ” نمە گووتی…

نمە تەلەفونەکەی دەرهێنا و تەماشای فیلمەکەمان کردەوە، درەختەکە چەند هەنگاوێک لە خواری ئێمەوە دوور بوو…

” دەزانی دوێنێ ئەو فیلمەم بۆ خوشکەکەم نارد بۆ مەهاباد، ئەو گووتی تۆ خراپ بۆ ئەو بولبولەت فیکەکێشاوە بۆیە وا ترساوە و هەڵفڕیوە، ئەو نەیدەزانی ئەوە دەنگی تۆیە ”

”دەبوو پێت بگووتیایەئەو دەنگی یاری ئازیزمە، یارە شێتەکەم. لەم دونیایەدا بێ لەئەو کێ هەیە ئاوا دڵم ڕابگرێت. هەر ئەوە بەردەوام وەکو بولبول بۆم دەخوێنێت ” چەند هانگاوێک لە نمە دوورکەوتمەوە و دەستمکرد بە گۆرانی. ویستم جارێکی دی وەکو بولبول بۆ نمە بخوێنم، دوێنێ بولبولێک مانی گرتبوو تەنیا ئاوازێکی کورتیشی بۆ بخوێنێ. ئارەزووم بوو پێی بڵێم؛ تەنیا بولبولێک لەم دونیایەدا منم کە دەشێ هەموو کات بێ ماندووبوون بۆت بخوێنێ…

” زەمانە گوڵێکی دامێ لێیستاندم، بۆنم پێوە نەکرد لێیهەڵپساندم ”

” ماملێ ؟ ”

” خودا وا لەناو دەنگی ماملێ دایه‌، ئەو پیاوەی تا شێت بوو و ماندوو نەبوو لەوەی بۆ ئێمە بخوێنێ، ئەو گۆرانی شێتی کرد ”

” ئەو گۆرانییە زۆر غەمگینە ”

” ئەوە گۆرانی دکتۆر شیرازییە، ئەو پیاوەی کیژۆڵەیێکی پێشەوا قازی دەستگیرانی بوو ”

” کچی پێشەوا، تۆ دڵنیایت ؟ ”

” زۆر . ناوی هیسمەت خانم بوو. دکتۆر شیرازی لە تاران لە زیندان دەبێت،  کاتێک شیرازی پتەو وەکو پۆڵا بەڕووی داگیرکەران دا دەوەستێتەوە، دوژمن ترسێک دەنیشێتە دڵیان. ئەو پیاوە زۆر بە وورەبوو، ئیدی سوپا بڕیاردەدات بە جۆرێکی دی وێرانی بکەن. بەدزی شیرازییەوە هەواڵدەدەن بە هیسمەت خانم گوایە ئەو لە زیندان چۆکی داداوە و پاکانەی کردووە. هیسمەت خانم زۆر نیگەران دەبێت و  لە قوڵایی دڵەوە وێران دەبێ و دەڕمێت، خراپ دەڕمێ. ئەو پێشتر مەرگی باوک و مامەکانی تەواو پەرێشانی کردبوو، پەنا دەباتە بەر پەرداخێک ژەهر و خۆی دەکوژێت ”

نمە بڕوای نەدەکرد، دڵی خەریک بوو دەکەوتە خوارەوە، هەر دەتگووت بۆ خۆی هیسمەت خانمە و بیر لەوە دەکاتەوە ئازایەتییەک بنوێنێ .

” هیسمەت خۆی کوشت ؟ ”

” هیسمەت خۆی کوشت ! ”

” ئەی دوایی ؟ ”

” ئێ دوایی مرد. ئەو دەمەی شیرازی لە زیندان دێتە دەر ئاگای لە گوڵی خۆی نەبووە تووشی چ کارەساتێک بووە. ئیدی بەو ئومێدەوە دەگاتەوە ماڵێ کە داهاتوویه‌کی جوان لەوێ خۆی بۆ هەڵگرتووە. کاتێک بە مەرگی هیسمەت دەزانی، بە دەم گریانەوە بەو هۆنراوەیە کوڵی خۆی دەرژێ ”

” ئەی بۆ تا ئیستا کەسێک باسی مەرگی هیسمەتی نەکردووە ؟ ”

” مەرگی ژن لە دونیای ئێمەدا هیچ مانایه‌ک دروست ناکات، نابێت ژن پاڵەوان بێت . ڕەنگە ڕووشیان نەهاتبێت بڵێن کیژی پێشەوا خۆی کوشتووە، تەنیا ئەوەندە دەزانم ئەو ڕووداوەیان وا پەردەپۆش کردووە خەریکە وەکو هەقیقەتێکیش نامێنێ ”

من و نمە تازە هاوسەرگیریمان کردبوو، دەمانویست گەشتێک بەناو شارە گەورەکانی ئەوروپادا بکەین. ئەوە سێهەم شەومان بوو لە میونخ بمێنینەوە . شەوێکی زۆر ئەفوسوناوی بوو . هەر ئەوەندەی لە گەشتێکی بچکۆلانەی سەر ڕووباری ئێسار گەڕاینەوە، دەرگای ژووری ئوتێلەکەم داخست و باوەشم پیاکرد و لێوەکانیم هەموو لێسایەوە، کڵاوەکەیم لەسەری فڕێ دایە خوارەوە و ملپێچەکەیم لە ملی کردەوە. دەمم گەیشتبووە ژێر گەردنی و هەر کاتێکیش لێوەکانم بەر گوێچگە بچکۆلەکانی دەکەوتن بە خۆی نەبوو دەیدایە قاقای پێکەنین و پێکەنینەی دەڕژا و نەدەگیرسایەوە. یەک یەک قۆپچەکانی کراسەکەیم ترازاند و مەمکەکانیم گرتن، بەدەم باوەشەوە پانتۆڵەکەیم هێنایە خوارێ و ڕووت و قووتم کردەوە،  بەوپەڕی پەرۆشییەوە هەڵمگرت و لەسەر جێگاکەم پاڵخست، مەمکەکانیم دەمژی و دەستم لەناو قژی نابوو یاریم پێدەکرد. ئەو دەیزانی من هەر تەنیا شەیدای مەمکی ژن و یاری کردنم بە قژی، گەر لێمگەڕی تا مردن هەر مەمکەکانیم دەلێسایەوە و یاریم بە قژی دەکرد .

مۆدلیانی؛ ڕووتێكی پالكه‌وتوو – ١٩١٧ -١٩١٨ له‌ پێشانگای پاریس نمایسكراو وه‌ك حه‌یاچوون له‌قه‌ڵه‌مدرا- له‌ نۆڤمبه‌ری ٢٠١٥ به‌ حه‌فتا ملیۆن دۆلار فرۆشرا – مۆدلیانی به‌هه‌ژاری ژیا و له‌ ١٩٢٠ كه‌ده‌چوو بۆ پێشانگاكه‌ی جه‌رده‌ ڕووتان كرده‌وه‌ و كوشتیان.

لەولامانەوە دەنگی گۆرانی کەمێک بە کپی دەهاتە گوێمان، ماملێ گۆرانی دەچری و لە ئاوازێکەوە بۆ ئاوازێکی دی وەکو بولبولێک لە هەزار تەرزە دەیخوێند . لەپڕ ماملێ لەناو ئاوازێکی غەمگینەوە گووتی ” زەمانە گوڵێکی دایە دەستم لێی ستاندم ” بۆ ئەوەی ئارەزووەکەمان خامۆش نەبێت دەستم برد و بە خێرایی گۆرانییەکەم کوژاندەوە، هەستم کرد ماملێ نەدەبوو لەو کاتەدا ئەو گۆرانییە بڵێ،  شوێنەکەی هەڵەبوو …

” بۆ گۆرانییەکەت کوژاندەوە ”

” گوڵەکەم، بە کەڵکی ئەو ساتەی ئیستامان نایەت ”

” ئەتوانی پەنجەیێکی پیا بنێیت و گۆرانییەکە داگیرسێنیتەوە ”

” دەکرێ کە تەواوبووین بچینە تارمەکە و بەدەم خواردنەوەی دوو پێک شەرابەوە گوێی بدەینێ ”

” چی دی ئارەزووم نەما، من ئیستا دەمەوێت گوێ لەو گۆرانییە بگرم ”

پەنجەیەکم نایە سەر دوگمەی تۆمارەکە و ماملێ بێئاگا لەوەی چی لێرە دەگوزەرێ بە هەمان غەمگینی خۆیەوە گووتی ” بۆنم پێوە نەکرد بوو لێیان هەڵپساندم ”

 

نمە هەستا و شاڵێکی لە خۆوە پێچا و لەپاڵمەوە دانیشت، هەموو قژە ژاکاوەکەی بەسەر شانوملی دا هاتبوونە خوارێ، دەستێکی برد و قژی ڕێکخستەوە. من هێشتا هەر لە شوێنی خۆم ڕاکشابووم و ئەو ئارەزووەی تاوێک لەمەوبەر هەمبوو خەریکبوو خاو دەبۆوە …

” ئەو گۆرانییەت یاد ماوە ”

” زۆرجار گوێمان لێگرتووە ”

” هەر ئەوەندە ”

” شتێکی دیم یاد نەماوە ”

” چیرۆکی هیسمەت خانم، ئەوە دوێنێ بوو . چۆن لەیادت چوو. تۆ ئاگات لێبوو من بەدوای ئەوەدا چەندێک گریام . چەندێک بۆ کڵۆڵی ئەو ژنە بەدبەختە ڵاڵامەوە ”

” من درۆم کرد، نازانم بۆچی . ئەو ئەندێشەیە لە خۆوە هات و بۆمنەکرا بەری بێبگرم ”

” درۆت کرد ؟ ”

” درۆم کرد ! ”

من هەر لە منداڵییەوە ڕاهاتبووم لەتاو تەنیایی خۆم دا چیرۆکم هەڵدەبەست، هیچ نەبوو خۆمی پێوە سەرقاڵ بکەم . لە شتێک دەگەڕام کە هەرگیز ڕووینەدابێ و بۆ خۆم یەکەمجارم بێ بیخوڵقێنم. هەندێکجار شتێکم دەهێنا و تا لێی بێزار دەبووم و شتێکی دیم دەدۆزییەوە، بۆ ماوەیه‌ک خۆم پێوە خەریک دەکرد. دەچووم لە دوکانی کۆنە، جووتێک پووتم دەهێنایەوە ماڵێ و دەمگووت؛ ئەو پووتانە هی ناپلیۆن بۆناپارتن، لە زۆربەی شەڕەکانی خۆی دا ئەو پووتانەی لەپێ کردوون و هەر ئەو پووتانەش نهێنی ئەو هەموو سەرکەوتنەی ئەو بوون. جارێکیان بە ڕێکەوت پووتەکانی لە شوێنێک دادەکەنێ و ئیدی نایدۆزێتەوە، لەوێوە بۆناپارت زۆر بە خراپی نیگەران دەبێ و شەڕ لە دوای شەڕ هەرەس دەهێنێ و دواجار لە خەمی لە دەستدانی پووتەکانی بە تەنیایی سەردەنێتەوە …

شەوان پووتەکانم لە نزیکی خۆمەوە دادەنا نەوەکو کەسێک بێ و بەدەردی بۆناپارتم بەرێ. پەرداخێکی شکاوم لە شوێنێک دەبینی و دەچووم هەڵمدەگرتەوە و لە ژوورەکەم دادەنا و لێی وورد دەبوومەوە و بەرلەوەی چیرۆکێکی لە دووا بنێم من چیرۆکی بۆناپارت و پووتەکانیم لە یاد چوبۆوە…

 

” من لەو گۆرانیەوە تۆم خۆشویست،  بیرت دێ باسی هیسمەت خانمت بۆ کردم ”

 ” هیسمەت خانم کێیە ؟ ”

” کچەکەی پێشەوا، ئەوەی خۆی کوشت ”

” ناشێ باسی ئەو چیرۆکە بکەی دوێنی لە دارستانەکە بۆم گێڕایتەوە ؟ ”

” گەڕانەوەی دکتۆر شیرازی لە زیندان ”

” تەنیا ئەندێشە بوو ”

” هیچی تر ؟ ”

” هیچی تر ! ”

 

من لە ژووری هوتێڵێک تەنیا مابوومەوە، جگەرەیه‌کم داگیرساند و لەو شەوە پڕ لە غەمگینییەی میونشن دا چوومە تارمەی ژوورەکەم و ڕوانیمە دەرەوە، تەماشای درەختە ڕەشەکانم دەکرد. بەدووی خودادا دەگەڕام و نیگەرانی ئەوەبووم دەشێ ئەویش لە ئیستادا بۆ من دڵی پڕی بێ لە غەمگینی.

ته‌واو

 

 

 تابلۆكان: مۆدلیانی Amedeo Clemente Modigliani  12. Juli 1884 in Livorno; † 24. Januar 1920 in Paris

كولتور مه‌گه‌زین. ژماره‌  ٢ – ساڵی ٢٠١٧ – ئه‌م چیرۆكه‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌