هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی - ١٥١٣ - مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌ Hieronymus Bosch, The Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

ڤیرۆس و ئیمونیزم


Loading

لەگەڵ تەشەنەسەندنی ڤیرۆسی کرۆنادا ئێمە تائێستا لەناو کایەی میدیایی و ڕۆشنبیریی کوردیدا سێ جۆر لێکدانەوەی جیاواز، لەوانەی شایانی باسکردن بن، دەربارەی بنەڕەت و ئامانجەکانی سەرهەڵدانی ئەم ڤیرۆسە لە جیهاندا شک دەبەین؛

 

یەکەمیان؛  ئەوەیە پێیوایە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لەوڵاتێکی زەبەلاحی ئابوری گەشەکردووی دژە خۆرئاوایی وەک چین دا، ڕێک پەیوەندی بە تیۆری موئامەرە و جەنگی بیۆلۆگییەوە هەیە و زلهێزەکان بۆ ئیفلیجکردنی ئەو گەشەکردنە ئەم ڤیرۆسە کوشندەیەیان وەکو جەنگاوەرێکی بیۆلۆگی فانتۆمئاسا بۆ ڕەوانە کردوون.

 

دووەمیشیان؛  ئەوەیە کە پێیوایە گەشەسەندنی تەوژمی کاپیتالیزم لە جیهاندا و لە چینیشدا بووەتە مایەی تێکدانی سروشت و ژینگەی مرۆیی و لەو وڵاتەشدا بێسنوور دەستکاری ئەو هاوسەنگییە دەکرێت کە دەبێت لەنێوان سروست و شارستانیەتدا هەبێت، ئەمە بووەتە مایەی سەرهەڵدانی تێکچوونی ئیکۆلۆگیا وبیۆلۆگیای ژیان و زیندەوەرەکانی ناوی بۆیە ڤیرۆسێکی کوشندەی وەک کۆرۆنای بەرهەمهێنا.

 

سێهه‌م؛  بەڵام لێکدانەوەی سێهەم وای دەبینێت ئەمە سزایەکی یەزدانییە بۆ مرۆڤە ناموسڵمانەکان.

 

 

 

هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The Temptation of St. Anthony (detail, left panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

 

 خۆ ئەگەر، ئەگەری یەکەم و دووەم هەر ڕاستی و ناڕاستێتییەکیان تێدا بێت، ئەوا لێرەدا هیچ مەسەلەیەک نییە بۆ ئێمە و ئەم نوسینە نادیدەیان دەکات و پتر تیغی نەشتەرگەری خۆی دەکات بە جەستەی ئەگەری سێهەمدا و هەوڵی توێ توێکردنی ئەم تێڕوانینە غەیبدۆستییە دەدات، کە پتر میتافیزیک دەیبزوێنێت نەک لۆجیکی زانستی.

 

ئەم تێڕوانینە ئەگەرچی لەسەرەتاکانی سەدەی بیستویەکەمدا خۆی لە بوارێکی زانستی هەڵدەقورتێنێت و بە ئامرازی غەیب و نادیار دیاگنۆزەی پەتاکە دەکات، هیچ نییە جگە لە سیمپتۆمێکی زەق بۆ هەژموونی ئەقلییەتی ئایینی نێو کولتوری ئیسلامی بەسەر تەواوی فەزای بیرکردنەوەی ئەو بازنە کولتورییەدا. بۆیە کاتێک کە کولتورناسێکی وەک (فوکۆ)  ئاین وەکو ئەقلی خەڵکانی بێ ئەقل پێناسە دەکات، ئەوا لێرەدا دەبێت خودی ئەم تێڕوانینە ئاینییە بە ئەقلی باوو زاڵی فەرهەنگی موسڵمانەکان تێبگەین. لەڕاستیشدا زۆر پێش فۆکۆ، چەندین کولتورناس و مرۆناسی ئەوروپی هەمان ئەو تێگەیشتنەنیان بۆ ئاین هەبووە. 

 

هەڵبەت ئاشکرایە کە کولتوری خۆرئاوایی کولتورێکی تەکنیکییە و ئەو پرۆسیسەی بۆ خۆمۆدێرنیزەکردن بڕی بەوەی بەناو بوارەکانی ئابوری و زانستی و تەکنەلۆژیدا تێپەڕی و بەمەش لە قۆناغی ئەقلی ئەفسانەیی و ئاینییەوە گەیشتنە قۆناغی ئەقڵی زانستی و تەکنیکی، شتێک کە فەرهەنگی ئیسلامی هێشتا نەک پێی نەگەیشتووە بگرە بە خۆیەوە نەدیووە.  بەڵام  وە نەبێت فەرهەنگی ئیسلامی هیچ تەکنیکێکی بەرهەمنەهێنا بێت، بەپێچەوانەوە ئێمە لەڕێی هەوڵە ئەنترۆپۆلۆژییەکانەوە، بەتایبەت ئەوانەی (کلۆد لیڤی شتراوس)  ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە هێچ کولتورێک نییە (بێ تەکنیک ) بێت، تەنانەت هۆزەکانی ناو دارستانەکانی ئەمازۆنیش داهێنەری تەکنیکەکانی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی سەریان بوون. تەکنیک خۆی چییە جگە لە هونەری بەئامرازکردنی تواناکانی مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەر دۆخێکدا.  بەنموونە لە دەمەتیغێک، مقاشێک، چەقۆ و شمشێر و دەڕنەفیس و گوللە و مووشەک و فڕۆکە تا دەگاتە بۆمبای ئەتۆمی ئەمانە هەمووی ئامرازی سەپاندنی تواناکان و دەستەڵاتەکانی مرۆڤن بەسەر جیهانی دەرەوەیدا.

 

خۆرئاوا بە پلەی نایاب پێشەنگی ئەو وەرچەرخانەیە کە تەکنیکی کردە تەکنەلۆژیا، واتە بە بوارێک تێیدا زانست کاربکات بۆ بەگەڕخستنی تواناکانی مرۆڤ لەپێناوی هەژموونکردنی سروشت و جیهاندا لەلایەک، وە لەلایەکی تریشەوە ئەم بەتەکنەلۆگیاکردنەی کولتور، خۆرئاوای لە هەژموونی ئەفسانە و غەیب گواستەوە بەرەو کولتوری تەکنەلۆژیا. شتێک  تا ئێستا تەنیا تایبەتمەندی هەندێک وڵاتانی خۆرئاوایە و بەس. تەکنەلۆژیا واتە ئەکتیڤکردنی توانا مرۆییەکان و پاسیڤکردنی توانا غەیبییە نادیارەکان. ئەمەش خودی ڕۆشنگەرییەکە مرۆڤی لەو گەمژەیەتییەوە ڕزگار کرد و خۆی پێکردە خودانی خۆی. لێرەوە چاخی نوێ بۆ کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان بووە مایەی ئازادبوونی مرۆڤ لە مەملەکەتی یەزدانی و مرۆڤی لەناو قەوارەیەکی سێکولاردا ڕێکخستەوە کە پێی دەگوترێت دەوڵەت. لەگەڵ لەدایکبوونی دەوڵەتدا گوتاری کەنیسە تا دەهات لاواز و پاسیڤتر دەکرا و تا دەهات ئیشاتۆلۆگی و شەریعەتی کریستیان لەناو دامودەزگا نوێکاتەکاندا دوور دەخرایەوە، وەک کارل شمیت دەڵێت سەردەمی نوێ بە بێلایەنکردنی ئیشاتۆلۆگی دەستی پێکرد.

ئەم بێلایەنکردنەش بەوە دەستیپێکرد دیدی ئەپۆکالیسی و قیامەتخوازییانەی ئاییندارەکان پووچەڵ بکاتەوە و پێیوا نەبێت مادام جیهان پڕی بووە لە هێزی شەڕانگێز و بەدکار ئیتر کۆتایی پێ دێت و یەزدان سزای کۆتاییهاتنی بەسەردا دەدات. بە پووچەڵکردنەوەی ئەم دیدە و دەرکردنی ئیشاتۆلۆگی لەبوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا وای لێهات دیدێکی جیهانگیرانە دەرکەوێت بەوەی باوەڕی بە کۆتایی ئەم دنیایە نەبێت و  سەرباری هەبوونی بەدکارانیش ئەم دنیایە هێشتا بەردەوام دەبێت.

 

لێرەدا گنۆستیکەکان ڕؤڵی گرنگیان وازی کردووە، ئەمان وەک تەوژمێکی ناسینگەری پێیانوابووە ئەگەر جیهان خراپە بێت ئەوا دەبێت خالقێکی خراپەکار دروستی کرد بێت، بۆیە لەڕێی ناسینی ناوەوەی خۆمانەوە دەبێت بەدوای خالقدا لەهەناودا بگەڕێین. هەوڵەکانی ئاوگوستینوس ولایبنتس بۆ ئەوە درا کە (ڕزگارکردنی دنیا) بەلەناوبردنی مەحروم بکات. واتە چیتر نابێت وا بیربکەینەوە بەهاتنی ڕۆژی قیامەت ئیتر دنیا ڕزگاری دەبێت. چونکە لەناوبردن چاککردنەوە نییە.

 

لایبنتس چەمکی تیۆدیزی لە ساڵی ١٧١٠ دا دادەهێنێت وەکو دادێکی خودایی کە پاساو بۆ ڕەوایەتیدان بە خودا دەهێنێتەوە سەرباری بەدکاری جیهانیش. تیۆرێزی وایکرد لەسەردەمی نوێوە تاوەکو ئەمڕۆ ڕۆڵی ئیشاتۆلۆگی بێلایەنتر بکرێت و ئەم شەریعەتە مەسیحییە قیامەتبینییە ڕۆڵی لایەنداری بۆ کایەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتی نەبینێت. واتە ئەو دیدە خۆی لە زانست و پزیشکایەتی و ئابووری و سیاسەت و دەسەڵات هەڵنەقورتێنێت و وەکو گوتارێکی بێلایەن بمێنێتەوە.  مۆدێرنیزەبوونی خۆرئاوا بەوە دەستی پێکرد ئەو ئیمونیتێتەی مرۆڤ لە میتافیزیکەوە وەری دەگرت وەلا بنێت و خۆی بگەیەنێتە نێو ئیمونیتێتێکی ڕاست و بەرچاو. سلۆتەردایک ئەم وەرچەرخانە ناو دەنێت بە گواستنەوە لە ئیمونیتێتی پەنهان بۆ ئیمونیتێکی ئاشکرا. لیرەدا ناچارم ئاماژەش بەوە بدەم کە من ڕەنگە تاکە کەس بم کە پێش پتر لە پانزە ساڵێک لەمەوبەر چەمکی ئیمون سیستەمم لەنووسینەکانمدا بۆ خوێندنەوەی تەکنیکەکانی مانەوەی کورد لەبەردەمی هەڕەشەکاندا بەکارهێنابێت.

 

نوێکات بەهۆی سەرهەڵدانی دەوڵەت، زانست، ئابوری و تەکنەلۆگیاوە بەوە دەناسرێتەوە کە کێشەکانی ژیانی لە شەریعەت دەرهێناو بەخشییە هەلومەرجەکانی ڕیال. لەناو هیچ کام لەو بوارانەدا موقەدەس ڕۆڵی پێ نەدراوە. نوێکات چاخێکی پڕ کێشمەکێشی فیکری و فەلسەفی و ئاینی و زانستی و سروشتیش بوو. چاخێک ڕۆسۆ جارێکیتر پەشیمان دەبێتەوە و تووشی ڕەشبینییەکی کولتوری دەبێتەوە و پەنادەباتەوە بەر سروشتی خاڵی لە کولتور و شارستانیەت. چاخێک زەمینلەرزەکەی لیسابۆن تەواوی تێڕوانینی ئەوروپییەکان قڵپدەکاتەوە و هەندێک لە کولتورناسان دەستپێکی مۆدێرنەی خۆرئاوا دەبەستنەوە بەم ڕووداوە سروشتییەوە. چاخێک ئیمانۆئیل کانت هەموو شتێک دەبەستێتەوە بە ئەقڵەوە وبەس.

 

ئاوەها هەم نائومێدی بە کولتور سەریهەڵدا و هەمیش ڕزگاربوون لە غەیبدۆستی برەوی پێ درا. ئەمەش درێژەی کێشا تا سەدەی نۆزدەهەم  کە لە وتە ناودارەکەی نیتچەدا ( خودا مرد) دا ئیتر بەتەواوەتی ترانسێندێنتالبوونی ژیانی غەیبی کۆتایی هات و ئەو مرۆڤی بەستەوە بە خودی زەوییەوە و بەس، ئیتر بەمە مرۆڤ وەهمە بەرزەکە ناپەرستێت، بەڵکو خۆی بەرزەمرۆڤە. خودا مرد واتە ئیتر ئێمە ئیمونیتێتی پەنهانمان نییە و ئیتر مرەۆڤ دەژی، مرۆڤیش خودانی ئیمونیتێتێکی بەرجەستەیە، بۆیە نیتچە وەک ئەرێکەری ژیان جەغدی لە بیۆلۆگیای ژیان دەکردەوە و خۆیشی بە پزیشکی کولتور دادەنا.

 

 

 

 

هیرۆنیمۆس بوش
Christ Before Pilate, ca. 1520,

هەنووکەی جیهانی ئیسلامی لەهەندێک ڕووی تایبەتەوە هاوبەشی زۆری لەگەڵ سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپادا زۆرترە وەک لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆماندا. کۆمەڵگە ئیسلامییەکان لەمڕۆدا بەدەست تیۆدیزییەکەوە دەناڵێنن کە هەرچییەکیان بەسەردا دێت بێ هیچ لێکدانەوەیەکی زانستی و ئەقلی ڕاستەوخۆ دەیبەستنەوە بە خودای غەیبەوە و گرنگترین بەرپەرچدانەوە کەسی موسڵمان پیشانی هەڕەشەکانی دەرەوەی بدات ئەوەیە بڵێت: با خودا وەکیلم بێت. حسبی اللە و نعم الوکیل. لە دیدی موسڵماندا خودا جیهانێکی خراپی دروست نەکردووە، بگرە جیهانێکی زۆر بەرکەماڵی ئەفراندووە و ئەوەی کە خراپە مرۆڤ و زەمانەکەیەتی نەک خودا. بۆیە هەر چییەکی بەسەردا بێت ئەوا خودا لێی غافڵ نییە، بەڵکو ئەو بە شێوازی خۆی سزای مرۆڤەکان دەدات، وەک لافاو و زریان و ئاگرکەوتنەوە و زەمینلەرزە و کارەساتی تری سروشتی. لە دیدی ئاینیدا چاککردنەوەی جیهان لەڕێی لەناوبردنیەوە دەبێت. ئامادەبوونی ئەم تیۆدیزییە، کە پاساو بۆ خراپەکارییەکانی زەوی بەوە دەهێنێتەوە کە خودا لێی بێ بەرییە،  کاتی خۆی سۆفیسزم و غنوسیەتی ئیسلامی نەرێیان کردۆتەوە. ئەوان توند بەرپەرچی ئەوەیان داوەتەوە خودا بەرپرسیارێتی بەرامبەر ئەو ناڕەوایەتی و کارەساتانە هەڵنەگرێت، بۆیە لای موسڵمانی سونەتی ئەوانە وەکو هێرتیک و کافر و زەندیق تەماشاکراون. هەڵبەتە تاکە شۆڕشی فیکری گەورە و ڕەسەن لەناو دنیای ئیسلامدا هەبوو بێت ئەوانە نوێنەرایەتی دەکەن نەک ڕیفۆرمیستە ئیخوانچییەکان. من وای دەبینم هەوڵەکانی ئەوان بۆ ئەوە بووە شەریعەتی ئیسلام بێلایەن بکەن لە مەسەلەکانی تری ژیان و خودا بکەنە بوارێکی ناسین بۆ گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ ناو خۆی. لای ڕۆمی و حەلاج و ئیبن عەرەبی و سوهرەوەردی و تادەگاتە سەدەی نۆزدەهەم لە مەحوی شاعیردا ترۆپکی سۆفیزم بەرجەستە دەبێت. لەناو کارەکانی ئەو فیگورانەدا ڕۆحی ئەو کەسانە دەبینینەوە کە نامۆن بە سەردەمەکەی خۆیان و توند ڕەخنە لە گوتاری باوی مۆڕاڵ و لە سیستەمی ژیانی دینی ئەو کات دەگرن. ئەمانیش بە جۆرێک ویستوویانە ئیمونیتێتی یەزدانی نادیار بخەنە ناو ئیمونیتێتی هەناوی مرۆڤەوە و لەوێدا خودا و هەقیقەت ببیننەوە.

کاتێکیش محەمەدی پێغەمبەر دەڵێت: دنیا زیندانی باوەڕدارەکانە و بەهەشتی بێباوەڕەکانە. مەبەست لەوەیە هی گنۆستیکەکانە. کەسی گنۆستی ئەوەیە کە جیهان تاوەکو هەر ئەوە بێت کە لە ئێستا و ئێرەدا دیارە، ئەو بە مەنفی و نامۆیی تێیدا دەمێنێتەوە. کەسی ناسیار بە خودا، گنۆستیک، شۆڕشگێڕێکی وجودی و مۆڕالییە و لە دژی فشارەکانی سیستەمی باو کاردەکات. بەڵام ئەم وەرچەرخانە لەناو کولتوری موسڵمانەکاندا ڕووی نەدا و فیگورەکانی هەر زوو پووکانەوە و ئەمڕۆش چ وەچەیەکیان شک نابەین، بەڵکو ئەوانەی لەمڕۆدا هەژموونێکی سیاسی و کولتورییان هەیە ئەو دەنگە ئاینییە غەیبدۆستانەن کە بۆ هەر ڕووداوێکی سروشت و هەر کارەسات ولێقەومانێکی سروشتی ومۆرالی مرۆڤ گوناهبار و تەکفیر دەکەن بەوەی بێباوەڕبوون و ئەمەش سزای ڕەوای خودایە بۆیان.

ئەم دەنگەی تیۆدیزییانە کە ڕەوایەتی بۆ خودایەک دەهێننەوە کە هیچ کاتێک نەبەباش نە بەخراپ ئامادەگی نەبووە. خودا ئەگەر هەبێت دەبێت وەک ئەفرێنەرێکی چاکەکار دنیایەکی چاک دروست بکات، بەڵام گەر دنیاکە بەرکەماڵ و چاک نەبوو گوناه گوناهی مەخلوقەکان نییە، بەڵکو هی ئەو خالقەیە کە پێرفێکت نەبووە لە خولقاندنی دنیایەکی چاک و مرۆڤێکی چاک دا. ئەم تێڕوانینە بە کفر وەردەگیرێت، لەکاتێکدا ئەم تێڕوانینە زۆر مرۆدۆستییە و بگرە نەرێی خودا ناکاتەوە، بەڵکو ناسینێکی تری یەزدانمان تێدا دەئەفرێنێت کە لێوەی سیستەمی بەرگری و ئیمونیتێی خۆمانی پێ دادەمەزرینێت.  بەزاڵبوونی ئەم عەقلە ئەفسانەیی و میتۆلۆگیە، لەم سەدەیەیەدا ئێمە نیشانەکانی سەرهەڵدانی وا زووی عەقلی زانستی و تەکنەلۆژی زۆر زۆر کز و دوور دەبینین. بەبێ ڕوودانی وەرچەرخان لە مرۆڤی پێشمۆدێرنەوە بەرەو مرۆڤی مۆدێرنە ئەوە ئێمە هێشتا هەر لەناو تێگەیشتنی میتافیزیکیدا بە چەقیوی دەمێنینەوە ، تێگەیشتنێک هەر ڕووداوێکی سروشتی و هەموو کارەسات وخراپەکارییەکی سەر زەوی دەبەستێتەوە بە سزایەکی نادیار و پەنهانەوە، لێرەشەوە ناچارمان دەکات بەوەی مادام هەڕەشەکە لەخودای نادیارەوە دێت بۆمان ئەوا هەموو بەرگری وئیمونیتێتێکمان دەبێت هەر بە پشتبەستن بەو نادیارە بێت. واتە ئەوەی بەسەرمان دێت هەر خودا بەرگریمان لێ دەکات. بۆیە پەنابردنە بەر یەزدان مەعنەویات و ئیمونیتێتمان بەرز دەکاتەوە. بەمەش ئێمە هەر وەکو مرۆڤی بەرمۆدێرنە دەمێنینەوە و ناتوانین  خۆمان لە شەریعەتە غەیبانییەکە ڕزگار بکەین و ببینە ئەو مرۆڤە ئازاد و ئەفرینەرانەی لەڕێی دەزگاکانی دەوڵەت و تەکنەلۆژیا و سروشتناسیی و بیولۆگیاوە بتوانین ئیمون سیستەمی خۆمان پتەو بکەینەوە. بۆیە شۆڕشی ئەقلی بە پلەی یەکەم بریتییە لە گواستنەوە لە ئیمونیتێتی غەیبەوە بۆ ئیمونیتێتی بەرجەستە.

بەڵام کاتێک لە گوتاری موسڵمانەکانەوە گوێبیستی ئەوە دەبین کەوا هاتنی ئەم پەتای کۆرۆنایە بریتییە لە سزای خودا بۆ بێباوەڕەکان، وە لەهەندێک دەنگی ترەوە ئەوە دەبیستین کە ئەوەی بە پەتا بمرێت شەهیدە، ئەم دەنگانە جەخت لەوە دەکەنەوە کەوا مادام سزاکە خواییە، ئەوا بەرگرییەکەش هەر دەبێت خوایی بێت. ئەم گوتارە پێمان دەڵێت؛ تا ئێستاش ئیمونیتێتی ئێمە تەنیا بەو هێزە غەیبییەوە بەستراوە. دەنگێکی لەم جۆرەش لەناو کولتوری خۆرئاوادا بەر لە سێ سەد ساڵێک هەبوو، بەڵام بە هێنانەدەرەوەی شەریعەت و بە بێلایەنکردنی ئاین مرۆڤ بووە خودانی ئیمونیتێتی ڕاستەقینەی خۆی، بەمەش مۆدێرنیزەکردنی خۆرئاوا ڕوویدا. بەڵام لە فەرهەنگی موسڵماناندا هێشتا ئەو بێلانکردنەی شەریعەت ڕووینەداوە و هێشتا ئێمە ئیمونیتێتی غەیبیمان هەیە و لەبەردەمی هەموو مەترسییەکیشدا دەڵیین خودا کەریمە، سواری فڕۆکە دەبین  و متمانەمان بە تەکنەلۆژیا نییە و دەڵێین ئینشائەڵلا هیچ نابێت، دەچینە بەردەم پزیشکی نەشتەرگەر و متمانەمان بە پزیشکایەتی نییە و دەڵێین پشت بەخوا هیچ نابێ…ت. ئاوەها لەناو سایکۆلۆژیای ئێمەدا هانابردن بۆ هێزە غەیبیەکە لە هاتنی خودی هێزە چارەسەرکەرەکەی بە هانامانەوە هاتووە بە گرنگتر و لەپێشتر دەزانین. بەم پێیە چیتر مێژوو بریتی نییە لە ململانێی چینایەتی ئەوەی مارکس دەیگووت، بەڵکو وەک سلۆتەردایک دەڵێت: هەموو مێژووی مرۆڤایەتی بریتییە لە مێژووی ئیمونیتێت.

 

 

لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستانیش، سەرباری ئەوەی لەلایەن فەرمانگەکانی تەندروستی هەرێمەوە ڕێکار و ڕێنمایی گرنگ و بایەخدار پێشکەشی هەموو لایەک کراوە و مەترسی و هەڕەشەکانی ئەم ڤیرۆسەیان زۆر باش بەپێی توانستە شیاوەکانی بەردەستیان گەیاندۆتە هەموو هاوڵاتییان، کەچی ئەو دیمەنە زانستیی وپزیشکایەتییە لەلایەن دیمەنە غەیبدۆستەکەوە تووشی بەگژداهاتنەوەیەکی سامناک بووە، کە وەکو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی هەوڵی دروستبوونی ئیمونیتێتی بەرجەستەیی، مرۆڤە باوەڕدارەکان پێداگری توند دەکەن لەسەر خۆبەستنەوەی مرۆڤەکان بە ئیمونیتێتە یەزدانییە نادیارەکە و خەڵاتی شەهیدبوونیشیان بەسەر هەموو ئەوانەدا بەخشییەوە کە بەو پەتایە دەمرن، وەک ئەو نوێژە جەماعییەی لەبەردەم مزگەوتە داخراوەکاندا دایدەبەستن.

 

 ئێستا ئێمە ساتەوەختێکی زۆر یەکلاکەرەوە دەژین، بارێکی نائاساییە کە دەشێت  بڕیاری یەکلاکەرەوەی تێدا بدرێت لەسەر ئەکتیڤکردنی یەکێک لەو دوو ئیمونیتێتە، یان ئیمویزمی یەزدانی، لەمەشدا نابێت هیچ ڕێکار و ڕێنماییەکی زانستی قبوڵ بکەین، یاخود ئیمونیزمی بەرجەستە ئاشکرا مرۆییەکە، لەمەشدا پزیشکایەتی هانمان دەدات پشت بە ئیمونیتێتی ئۆرگانیزمی جەستەیی خۆمان ببەستین، ململانییەک، کە من پێشتر لەوتاری باری نائاساییدا باسم لێوەکردووە، لێوەی یان بەرەو مۆدێرنیزەکردنی کولتورەکەمان دەبات یاخود هەر لەناو  بەرمۆدێرنەدا دەمانهێڵێتەوە. ئەوەشی گرنگە لەم دۆخەدا تێگەیشتمانە لەوەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئۆرگانیزمی هەموو ئەو چانسانەی لەخۆیدا هەڵگرتووە کە ئیمونیتێتی پێ پتەو بکات، تەنانەت گەر غەیبیش نەبێت، چونکە وەک دەزانین غەیبیش هەر تەکنیکێکی بەرگریکردنە و ڕۆژگارێک بووە مرۆڤ خۆی لە بێتەکنیکیدا ئەفراندوویەتی.

جیهانی ئیسلامی لەئێستادا لەرووی ئەقڵی و سایکۆلۆژییەوە بەدەست نەتوانینی ئەنجامدانی مۆدێرنیزەکردنی کولتورەکەیەوە دەناڵینێت، هۆکاری یەکەمی بریتییە لەو خۆبەستنەوە وەهمییە میتافیزیکییەی بۆ شوناسەکەی هەیەتی، هۆکارێکی تری بریتییە لەوەی ئەم جیهانە سەرباری هەبوونی مێژوویەکی پتر لە سێسەدساڵی شۆڕشی تەکنەلۆژی لە جیهاندا ئەو هیچ بەشدارییەکی تەکنەلۆگی پێشکەش نەکردووە. هەڵبەت تەکنەلۆگیا لێرەدا بەمانا هایدێگەرییەکەیەتی کە بریتییە لە کراونەوە وئاشکراکردن، بریتییە لە هونەری خۆ خستنە ناو جیهانەوە لەڕێی ئامرازەوە. نەک ئەو تەکنەلۆگیایەی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاکستان بۆ سەپاندنی هەژموونی ڕەگەزییانە و ئاینزاییانەی خۆیان جبەخانەی ئەتۆمی دادەمەزرینن و کەچی بەردەوام لەناو ڕیتوالێکی غەیبزەدەگیدا دەژین.

 

 

 

هیرۆنیمۆنی بوش؛ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی سانت ئه‌نتۆنی – ١٥١٣ – مۆزه‌خانه‌ی لیشبۆنه‌
Hieronymus Bosch, The
Temptation of St. Anthony (central panel), ca. 1513, Museu Nacional de Arte Antigua, Lisbon.

 

 

مۆدێنیزەبوون واتە مرۆڤ لەناو مزگەوتەکانەوە تەماشای جیهان نەکات و بەپێی بانگخوازەکان سەرچاوەکانی مۆرال وەرنەگرێت و مەلاکان نەبنە زمانحاڵی مۆڕال و ئەوان پێوەری چاکە وخراپەی بۆ دانەتاشن، بەڵکو تاقیگەکان و ڤیرۆسناسەکان ڕێنمایی بۆ پتەوکردنی سیستەمی ئیمونمان بکەن، دەستووری دەوڵەت ببێتە سەرچاوەیەکی مۆرال و نەریتە کۆمەڵایەتییە ئەزموونکراوەکانیش ببنە پرینسیپەکانی پێکەوەبوونمان. هاتنی ڤیرۆسێک کە بە پلەی یەکەم هەڕەشەیە لەسەر ئەو کەسانەی ئیمون سیستەمیان لاوازە، مانای ئەوە نییە ئەو کەسانە ئیمونیتێتی خوداییان لاوازە بۆیە زووتر دەبنە قوربانی، بەڵکو مانای ئەوەیە ئەو قوربانییانە هێشتا دەرکیان بەوە نەکردووە کە خودی مرۆڤ بریتییە لە جەستەیەک ئەنتی ئیفلیج بوون و ئەنتی پووکانەوەی خۆی هەر لەناو خۆیدا بەرهەم دەهێنێت نەک لە غەیبەوە.

 

هاتنی ڤیرۆسیک و تەشەنەسەندنی وەک  پەتایەکی کوشندە  باری ژیانی ئاسایی کۆمەڵگەکانی خستۆتە نێو بارێکی نائاسایییەوە، ئێستا جۆرێک تۆقین و پانیک زاڵبووە بەسەر مرۆڤەکاندا کە دەشێت مرۆڤەکان فێری ئەوە بکات لەکاتی باری ئیمیرجێنسیدا جگە لە هانابردن بۆ فریادرەسی ئاسمانی دەکرێت چ جۆرە تەکنیکێکی تر دابهێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە. لەناوەڕاستی سەدەی چواردەهەمدا ساڵانی ١٣٤٨ بۆ ١٣٥٠ ئەوروپا تووشی تاعونێکی ڕەش بۆوە و نزیکەی سێیەکی دانیشتووانەکەی کردە قوربانی، ئەو پەتایەش دیسانەوە وەک ئەمەی ئەمڕۆ کەشتییە ئیتالییەکان هەر لە وڵاتی چینەوە لەگەڵ خۆیاندا هێنابوویان، ئەوساکەش هێشتا میکرۆبناسی و ڤیرۆسناسی ناسراو نەبوون، مرۆڤەکان لەترسی تووشبوون زۆر لەیەکتری جیا دەبوونەوە، مەرگەسات وئافاتی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێنا. نووسەرێک هەبوو ناوی بوکاشیۆ بوو، دەستی کرد بە دوواندنی ئەو کەسانەی کە کەسێکی نزیکیان بە پەتاکە مرد بوو، گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتە ئازاراوییانەی تۆمار و ئەرشیڤ کرد، بەم دوواندنە خەڵکەکە جۆرێک لە ئاهێکی پیادا دەهاتەوە و ورەی بەرزتر دەبۆوە، واتە ئیمون سیستەمی پتەوتر دەبوو، سلۆتەردایک لێرەدا ئاماژە بەوە دەدات کە چۆن ئەدەب دەتوانێت سیستەمی بەرگری مرۆڤ چالاک بکاتەوە، هەر لەم گێڕانەوانەشەوە نۆڤێلی ئەوروپی لەدایک بوو.  من دەپرسم: داخۆ لەم سەردەمەی ئێمەدا چ جۆرە تەکنیک و چ دیزاینێک دەتوانێت بەرگریمان پتەو بکاتەوە، مزگەوتەکان یاخود کەرەنتینەکان؟

یەکێک لەو دووانە چارەنووسی مۆدێرنیزەبوونمان یاخود مانەوەمان لە بەرمۆدێرنەییدا یەکلادەکاتەوە.

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی  وكو لتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌