فلوسەر؛ لەپێناوی فەلسەفەیەکدا بۆ ئاوارەیی

Loading

لڤیلەم فلوسەر

لەئەڵمانییەوە

مرۆڤ پەیوەستدارە بەشتەکانەوە. ئەو شتانەی کە پەیوەستدارن پێمانەوە دەتوانین پۆلێنیان بکەین. پۆلێک بۆ شتە سروشتیەکان و پۆلێکیش بۆ شتە دروستکراوەکان. واتە دەتوانین بڵێین؛ مرۆڤ بەو هەلومەرجەی سروشت  و کولتورەوە پەیوەستدارە، کە خۆی تێدا دەبینێتەوە. پەیوەستداربوون واتە، بەشتەکان دەورەدرا بین، ئەو شتانەی کە جووڵەی هەلومەرجەکان دەخەنە سەر ڕێگا جۆرایەتییەکان. مرۆڤ پەیوەستدارە، لەبەرئەوەی جوڵانەوەکانی لە شتە سروشتی و کولتورییەکانی دەوروبەرەکەیەوە بۆناو ڕێگا جۆرایەتیەکان دەهاژوێت. هەلومەرج بریتییە لە ڕوونکردنەوەی پەیوەستدارەکان، چونکە مرۆ لە هەلومەرجەکانەوە ئەو ڕێگایانە دەبینێت، کە هەلومەرجەکان بەرەو ئەوێ دەبەن، واتە پێشبینی ئەم جوڵەیە دەکات. مرۆڤ بەهۆی هەلومەرجە سروشتی و کولتورییەکانییەوە بوونەوەرێکی ڕوونکەرەوەیە.

بەڵام مرۆڤ تەواو پەیوەستداری شتەکان نییە. چونکە لەدەوروبەرەکەیدا شوێنێک هەیە کە هیچ شتێکی لێ نییە. ئەو ئا لەو جێگەیەوە دەتوانێت بڕوانێتە سەر دەوروبەرەکەی خۆی. خۆ ئەگەر ئەم جێگەیە نەبووایە، ئەوا ئەم چەند دێڕەی بەردەستتان نەدەتوانرا بنووسرێن. ئەو جێگەیەی کە خاڵییە لە هەموو شتێک، دەتوانین ناوی بنێین بە جێگە ئیرۆنییەکە. کاتێک مرۆڤ خۆی دەخاتە ناو ئیرۆنییەوە، ئەوسا دەتوانێت بڕوانێتە هەلومەرجەکانی. جووڵەی مرۆڤ بۆناو ئیرۆنی، وە هاتنەدەرەوەشی لەناو ئیرۆنییەوە بەهیچ جۆرێک ناتوانرێت لە هەلومەرجەکانییەوە پێشبینی بکرێت. مرۆڤ بەهۆی هەلومەرجەکانییەوە تەواو ڕوونکەرەوە نییە.

جووڵە بۆناو ئیرۆنی بریتییە لە یاخیبوون. بەم جووڵەیە مرۆڤ وەکو یاخییەک لەهەلومەرجەکەی دێتە دەرەوە. جووڵەی هاتنەدەرەوە لە ئیرۆنییەوە بریتییە لە پابەندبوون. مرۆڤ بەم جووڵەیە دەگەڕێتەوە نێوهەلومەرجەکانی خۆی، لەپیناوی ئەوەی بیانگۆڕێت. هەردوو ئەم جووڵەیەش پێیان دەگوترێت ئازادی.

مرۆڤ ئازادە، چونکە ئەو دەتوانێت بە جوڵەیەکی پێشبینی نەکراو و نائاشکرا لەدژی هەلومەرجەکان یاخی بێت و بیشیان گۆڕێت. ئەو لەڕێی ئەم توانستەوە بەشێوەیەکی دیدگایی (ڤیرتوئێل) ئازادە، بەڵام کاتێک دێتە دی، ئەوا بەکردەوە / و بەفاکت ئەو ئازادە.

فەیلەسوفی ئەڵمانی ڤیلهم فلوسەر
فەیلەسوفی ئەڵمانی ڤیلهم فلوسەر

توانستی جووڵە بۆناو ئیرۆنی و هەروەها هاتنە دەرەوە لێیەوە مرۆڤ لە شتەکانی دەوروبەرەکەی جیادەکاتەوە. ئەم توانستە بریتییە لە شکۆی ئەو هەموو ڕوونکردنەوەیەکی مرۆڤ، جا لە هەلومەرجە سروشتییەکانەوە بێت یان لە هەلومەرجە کولتورییەکانەوە بێت، واتای لە شکۆخستنی مرۆڤ. بەڵام ڕوونکردنەوەی مرۆڤ لە سروشتەوە ئەو پتر لەشکۆدەخات وەک ڕوونکردنەوەی لە کولتورەوە، چونکە ئەوە ئاماژەیە لەسەر بێهوودەیی یاخیبوون. ئەوە شتێکی بێهوودەترە، کاتێک من وەکو ئاژەڵێکی شیردەر لەدژی هەلومەرجەکانم یاخی بم، وەک لەوەی من ئەوە وەکو هاوڵاتییەک لەدژی هەلومەرجەکانم بکەم. ئەگەرچی من هەردووکیشیانم، ئاژەڵی شیردەر و هاوڵاتی، بەبێ ئەوەی کەس پرسیاری ئەوەی لێ کردبێتم، داخۆ خۆم دەمەوێت ببمە ئەوە یان نا. واتە هەردووکیان لە شکۆی من دەخەن. بەڵام من لەوەدا دەرفەتم زیاترە  لەدژی هاوڵاتیبوونم یاخی بم وەک لەدژی ئاژەڵیبوونم، ئەوسا من دەتوانم ئەوە بگۆڕم. لەبەرئەوەیە ڕوونکردنەوە فاشیستئامێزەکەی مرۆڤ سەرزەنشتکارترە وەک لە ڕوونکردنەوە سۆسیالئامێزەکەی. هەڵبەت هەردووکیان ڕوونکردنەوەی هەڵەن، چونکە هەردووکیان سووکایەتی بە شتە نادیار و ڕووننەکراوەکەی مرۆڤ( کە شکۆکەیەتی)  دەکەن.

من دەشتوانم جووڵەی یاخیبوون بۆناو ئیرۆنی ناوبنێم ئاوارەبوون  Emigration ، وە دەشتوانم جووڵە پێچەوانەکە لەئیرۆنییەوە (پابەندبوون)  Engagement  ناوبنێم کۆچ Immigration.

من بەم دەستەواژە زانستییە نوێیە کێشەکە کەمێک دوا دەخەم، بگرە بە دوو شێوازیش دوای دەخەم: من بەیاخیبوونەکەم لە هەلومەرجێک هەڵدێم، بۆئەوەی هەڵبێمە نێو دانەیەکی ترەوە، ئەم دەرچوونەدەرەوەیەشم هەر یاخیبوون نییە، بەڵکو هەڵهاتنیشە. ئەوسا دواخستنی کێشەکە ڕەچاو دەکرێت.

من لەوەدا دەتوانم هەلومەرجەکانم بگۆڕم، کاتێک دەیانگۆڕمەوە. چونکە گۆڕینەوەش بریتییە لە گۆڕان، لەبەرئەوەی هەلومەرجە بەجێهێڵراوەکان لەڕێی بەجێهێشتنەکەی منەوە دەبنە شتێکی تر، و ئەو هەلومەرجانەشت دەچمە ناویانەوە لەڕێی چوونەناوەوەکەی منەوە دەبنە شتێکی تر.  بەڵام ئەم جۆرە گۆڕانکارییە دەچێتە نێو میزاجێکی ترەوە وەک لە گەڕانەوە بۆ ناو هەلومەرجە بنەڕەتییەکە، واتە بۆناو میزاجی هەڵهاتن. من لەیەکەم هەلومەرجیاندا وەکو هەڵهاتوویەک واز دەهێنم و لەدووەمیاندا خۆم ڕزگار دەکەم.

ئایا ئەمە بەمانای ڕاستەقینەی وشە، یاخیبوونە یان پابەندبوونە؟ ئایا چیتر لێرەدا شتێکی ڕێ پێدراوە لەبارەی ئازادییەوە قسە بکرێت؟ ئایا لەبەرئەوەی مرۆڤ دەتوانێت هەڵبێت، ئیتر ئەو ئازادە؟ پێموایە دەکرێت بەشێوەیەکی بنچینەییانە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێنەوە.

کاتێک من یەکەمین هەلومەرج بەجێدەهێڵم، تاوەکو لەسەر هەمان ئاست بچمە ناو هەلومەرجی دووەمەوە، ئەوا من پەنابەر و هەڵهاتووم. واتە لەمەدا من نەیاخی بووم و نە پابەندیش بووم، بەڵکو من تەنیا جووڵاوم. لەناو ئەم هەلومەرجە پێشبینیکراوەشمدا هیچ شکۆیەک بوونی نییە. بەڵام کاتێک من یەکەمین هەلومەرجم بەجێدەهێڵم بۆناو ئیرۆنی و خۆشم لەم ئیرۆنییەوە دەخەمە نێو ئیرۆنییەکی دووەمەوە، ئەوا بەمە من هەم یاخی بووم و هەم پابەند بووم و،  شتەکەش شکۆمەندانە بوو.

جیاوازی تیۆرییانەی نیوان هەڵهاتن Flucht و ئاوارەبوونی Emigration ڕاستەقینەدا، هەروەها لەنێوان ڕزگاربوون Rettung  و کۆچکردن Immigration  دا تاڕادەیەک ئاسانە. بەڵام جیاوازییە پراکتیکییەکە شتە قورسەکەیە. لە پراکسیس دا هەموو ئاوارەبوونێک جۆرێک هەڵهاتن زامن دەکات، وە هەموو کۆچکردنێکیش ڕەگەزێکی ڕزگاربوونی تێدایە. بەپێچەوانەشەوە هەموو هەڵهاتنێک شتێک لە ئاوارەیی تێدایە، ئەمە ئەگەر هەموو ڕزگاربوونێکیش لەخۆیدا شتێک لە پابەندبوونی تێدا نەبێت. بەڵام هەندێک نیشانە هەن، کە کۆمەکی ئەوەمان دەکەن لە پراکسیسەکەدا جیاکارییەکە ئەنجام بدەین.

کەواتە چی ئاوارە لە هەڵاتوو((پەنابەر)) جیا دەکاتەوە؟

هەڵاتوو، پۆزەتیڤ بێت یان نێگەتیڤ، ئەو کەسەیە کە گیرۆدەی هەلومەرجە بەجێهێڵراوەکانێتی. ئەو لەگەڵ خۆیدا بۆ دەرچوونەکەی ڕاکێشی دەکات، وە بگرە بە شێوەیەکی تێکەڵە لە کینە و خۆشەویستییەوە. بەڵام ئاوارە خۆی بەسەر هەلومەرجە بەجێماوەکاندا بەرزکردۆتەوە. ئەو بەم یاخیبوونەی خۆی، چی بوێت، ئەو دەتوانێت شتێکی تری لێ دابڕێژێت. بەڵام ئەی چی جیاکاری دەکات لەنێوان کۆچبەر و پەنابەردا؟ پەنابەر، خۆی لەناو هەلومەرجە بەجێماوەکانیدا مەڵاس دەدات و بۆ شتە نوێکان بەداخراوی دەمێنێتەوە. ئەو نە شتێکی هەیە بیدات بەو هەلومەرجە نوێیانە، وە نەدەتوانێت شتێکیشیان لێ بسەنێت. بەڵام کۆچبەر بەرامبەر بە هەلومەرجە نوێکان بەکراوەیی ڕادەوەستێت، واتە لەو جێگایانەی کە، هەلومەرجە بەجێهێڵراوەکان بەشێوەیەکی ئیرۆنی ئافەرۆزکراون.  ئەو لەو جێگایانەدا دەتوانێت خۆی لەناو هەلومەرجە نوێکەدا بتوێنێتەوە و هەلومەرجە نوێکانیش لەناو خۆیدا بتوێنێتەوە. هەروەهاش ئەو دەتوانێت لەو جێگایانەیدا کە ئەو بە ئاگاییەوە هەلومەرجە کۆنەکانی تێدا دەپارێزیت، کاریگەر بخاتە سەر گۆڕانکاری هەلومەرجە نوێکان.

هەروەها جۆرێکی تریش هەیە کە پێی دەگوترێت، ئاوارەبوونی نێوەکی. نوسەری ئەم چەند دێڕە خۆی ئەزموونی نەکردووە و ناشتوانێت هەڵی بسەنگێنێت. ئەو ئاوارەیەکی ئەوروپییە و کۆچی بۆ بەرازیل کردووە. ناشبێت نکوڵی لەوە بکرێت، کەوا سترەکتوری هەلومەرجە بەجێهێڵراوەکان و هەلومەرجە نوێکان کاریگەرییان هەیە لەسەر ئاوارەبوون و کۆچکردن.

کەواتە هەڵبەتە مرۆڤ بەشێکی هەر بوونەوەرێکی پەیوەستداری هەلومەرجەکانە. سترەکتوری هەلومەرجە ئەوروپییەکانیش بریتییە لەو جۆرەی کە، یاخیبوون بۆ ئاوارەی کراوە ئاسانتر دەکات. لەکاتێکدا سترەکتوری هەلومەرجە بەرازیلییەکە لەو جۆرەیە کە، پابەندبوون بۆ کۆچبەری کراوە ئاسان دەکات. کەچی بڕیاردان هەمیشە سەختە، چونکە پەتەکانی هەلومەرجەکان بەمرۆڤەوە نووساون. دیارە هەمیشە ئاسانترە هەڵاتوو/ پەنابەر بیت و هەڵاتن بە چەمکی دڵسۆزی و وەفا ڕووپۆش بکەیت. دڵسۆزی ڕاستەقینەش بریتییە لە پابەندبوون بە هەڵبژاردنیکی ئازادانەوە.  واتە چەمکی دڵسۆزی لە چەمکی ئازادی جیا نابێتەوە. دڵسۆزیی پەناهەندە دڵسۆزییەکی هەڵەیە. دڵسۆزبوونی هەلومەرجە ئەوروپییەکان لە بەرازیل دا ، بریتی نییە لەوەی کە شتە سکلاڤییەکانی بپارێزێت، بەڵکو بریتییە لەوەی کە هەوڵی ئەوە دەدات بەشێکی  هەلومەرجەکانی بەرازیل بگرێتە خۆی، تەنانەت گەر ئەو هەوڵەش لە پابەندبوونێکییەوە بە بەرازیلەوە سەرچاوەی گرت بێت نەک لە شتێک بەئەوروپاوە.

جەخت لەوە دەکەمەوە، کە دەبێت فەلسەفەیەک بۆ ئاوارەیی بنووسرێت. چونکە کاتیگۆرییەکانی هێشتا تەمومژاوین. بەڵام هەر گەرەکە ئەو فەلسەفەیە بنووسرێت. چونکە ئەوە نەک هەر بۆ ئاوارەبوونی کردەیی بەڵکو بۆ ئاوارەبوونی دیدگایی و ڤیرتوئێلیش واتای خۆی دەبێت. یەکێکیش لە ئەرکەکانی دەشێت بریتی بێت لەوەی، چەندێک بکرێت ئاوارەبوون لە هەڵهاتن جیا بکاتەوە.       

 

ڤیلەم فلوسەر

لەدایکبووی ١٩٢٠ لە پراگ، ساڵی ١٩٩١ لە ڕوداوێکی ئۆتۆمبیل دا لەسەر سنووری ئەڵمانیا و چیک مرد. ساڵی ١٩٤٠ لەبەر نازییەکان هەڵهات بۆ لەندەن و دوای ماوەیەک ئەوێش بەجێ دەهێڵێت و کۆچ دەکات بۆ بەرازیل. تا ساڵی ١٩٧٢ لە سان پاولۆ دەمێنێتەوە و لەوێ وەکو پرۆفیسۆر وانەی فەلسەفەی کۆمیونیکاسیۆن دەبێژێت. ساڵی ١٩٧٢ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپاو لە گوندێکدا ژیانی بەسەر دەبات، بەڵام بەردەوام لە زانکۆکانی ئەوروپادا بەڕێوە دەبێت بۆ وانە وتنەوە. فلوسەر خاوەنی چەندەها کتێبی فەلسەفی گرنگە لەسەر تیۆری کۆمیونیکاسیۆن، کۆچ و ئاوارەیی، مرۆڤبوون و سوبیەکت،،، ئەو زۆر لەژێر کاریگەری هایدێگەردا دەبێت ئەگەرچی توانیشی هایدێگەر تێپەڕێنێت. بەیەکێک لە فیلۆسۆفە وجودییە دیارەکانیش ناوزەد دەکرێت.

سەرچاوە..

Vilem Flusser

Von der Freiheit des Migranten

Einsprüche gegen Nationalismus

EVA 2007