بەرخۆدانی عەفرین

عەفرینییەکان جگە لە چیاکان هاوڕێی دیکەیان نییە!

380

عەفرین یەکێکە لە کانتۆنەکانی ڕۆژاڤا، دەکەوێتە سەر سنووری نێوان سوریا و تورکیا لە ناوەڕاستی چیای کورد. زۆرینەی دانیشتوانی عەفرین کوردن، بە بەرهەمی زەیتون بەناوبانگە. لە ئێستادا عەفرین ڕووبەڕووی هێرشی تورکیا و هاوپەیمانە جیهادیستەکانی بۆتەوە، لێرەوە ئەو پرسیارە زیت دەبێتەوە: بۆچی تورکیا هێرش بۆ سەر عەفرین دەکات؟

هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە کوردۆفۆبیا و لە نکۆڵیکردن لە بوونی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت. تورکیا هەر سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەرییەکی کورد لە هەر کوێیەک بێت چ لە ناوەوەی تورکیا و چ لە دەرەوە وەک هەڕەشە بۆ خۆی دەبینێت. بەدرێژایی مێژوو تورکیا نکۆڵی لە بوونی کورد کردووە و بەڕێی سیاسەتی تورکاندن، تواندنەوە (ئەسیمیلاسیۆن) و ئاوێتەکردن (ئینتیگرەیشن) هەوڵی داوە کورد لەناوبەرێت، بۆیە جگەلە لەناوبردنی فیزیکی بوونی کورد و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی هەر یاخیبوون و بەرگرییەکی کورد، تورکیا لە ڕێگەی تواندنەوە و لەناوبردنی کولتووری کوردییەوە هەوڵی لەناوبردنی کوردی داوە، چونکە بوونی کورد لەنێو کولتوور، زمان و مێژووی کورددایە. لە ڕێگەی قەدەغەکردنی کولتوور، زمان، جلوبەرگ و هتد کوردییەوە، تورکیا هەوڵی داوە شوناس، یادەوەری کورد و کوردبوون بسڕێتەوە و نکۆڵی لە بوونی کورد بکات. بۆیە جگەلە دانیشتوان و خەڵکی سیڤیلی عەفرین تورکیا شوێنەوارە دێرینەکانیش بۆردومان دەکات.

بۆ تورکیا شەڕی عەفرین تەنیا شەڕی سەربازی و سیاسی نییە، بەڵکو شەڕی هزر و جیهانبینی ڕۆژاڤایە. ئاخر لە کاتێکدا تورکیا دژی فرەیییە، فرەیی و پلورالیزم لەناودەبات، کوردەکان لە ڕۆژاڤا کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لەنێو فرەیی، پلوراڵیزم و پێکەوەژیان لەسەر بنەمای یەکسانی جێندەری و یەکسانی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان، دیموکراسیی خەڵك، ئازادی ژنان، و نوێنەرایەتیکردنی پڕی هەموو گروپەکانی نێو کۆمەڵگە بونیاد دەنێن. تورکیا ئەمە بۆ خۆی بە هەڕەشە دەزانێت، بۆ دەوڵەت-نەتەوە تۆتالیتار و ستەمکارەکەی کە لەسەر بنەمای یەک نەتەوە، یەک ئاین، یەک زمان و یەک ئاڵا بونیادنراوە. هەرەوەها ئازادی ژنان بە هەڕەشە دەزانێت لە کاتێکدا لە ئیدیۆلۆژیی پیاوسالاری ئیسلامیستی ئەردۆگان و ئاکەپەدا ژنان شوێنیان ماڵەوەیە و دەبێت ملکەچی فەرمانەکانی پیاوبن. هەروەها فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو گروپ و پێکهاتەکانی ڕۆژاڤا عەرەب، کلد و ئاشوری، کورد، ئێزیدی، دیانی… هتد تورکیا ئەمە وەک هەڕەشە بۆ سیاسەتی دژە-فرەیی و پێکەوەژیان لە تورکیا دەبینێت.

 

 

 

عه‌فرین یانواری ٢٠١٨ – ڕۆژانی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین

 

تورکیا لە ئێستادا بەرنامەی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین هەیە و خەون بە گەڕانەوەی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانییەوە دەبینێت؛ ئەردۆگان خۆی وەک سوڵتانێکی عوسمانی دەبینێ، بۆیە هێرش دەکاتە سەر عەفرین چونکە عەفرین و مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیی ڕۆژاڤا وەک ئاستەنگ و لەمپەڕ لەبەردەم خەونە سوڵتانییەکانی خۆی و نوێ-عوسمانیزم دەبینێت.

تورکیا پێشتر لەسەر بنەمای ئیدیۆلۆژی کەمالیزم و سێکولاریزم دامەزرابوو و لە ڕێگەی ئەم ئیدیۆلۆژییەوە ڕەوایەتی بە لەناوبردنی کورد دەدا، ئێستا لەسەر بنەمای ئیدیۆلۆژی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم ڕەوایەتی بە هێرش کردنە سەر عەفرین و لەناوبردنی کورد دەدات. تورکیا بۆیە هێرش دەکاتە سەر عەفرین، چونکە وەک هەڕەشە بۆ سەر ئیدیۆلۆژی ئیسلامیزمی خۆی دەیبینێت. هەر بۆیە تورکیا ئەگەر پێشتر بەنهێنی یارمەتی داعش و گروپە جیهادی و تیرۆریستییەکانی وەک ئەلقائیدە و جەبهەت الشام و جەبهەت النوصرەی دابێت ئەوا  دوای بەرخۆدانی کۆبانێ سیاسەتی دەرەوەی تورکیا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و پتر بەئاشکرایی هاوپەیمانی داعش و گروپە تیرۆرستییەکانی دیکە لە سوریادا دەکات. ئەگەر پێش ئازادکردنی ڕەقە تورکیا لە ڕێگەی داردەستەکانییەوە، لە ڕێگەی داعش و ئەلقاعیدە و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکەوە هێرشی کردبێتە سەر ڕۆژاڤا و هەوڵی لەناوبردنی مۆدێلی ڕۆژاڤا و داگیرکردنی ڕۆژاڤای دابێت، ئەوا دوای ئازادکردنی ڕەقە و بێهیوابوونی لە کەوتنی کۆبانێ و ڕۆژاڤا؛ ئێستا تورکیا خۆی ڕاستەوخۆ هێرش بۆ سەر عەفرین دەکات. ئاخر تورکیا بە سەرکەوتنەکانی شەڕڤانان و ڕۆژاڤا توشی هیستریا بووە.

ئەمە پتر لە سێ هەفتەیە سوپای تورکیا و هاوپەیمانە جیهادیست و گروپە تیرۆریستییەکان هێرش دەکەنە سەر عەفرین، بەبێ ئەوەی بتوانن پێشڕەوی بکەن، ئاخر شەڕڤانان بوێرانە بەرگری دەکەن. ئەوەی جێی سەرنجە تاکو ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و … هتد بەگشتی بێدەنگ و بێهەڵوێستن. بۆیە گەرەکە ئەو پرسیارە بکەین، داخۆ بۆچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بێدەنگە؟ چونکە ڕۆژاڤا مۆدێلێکی ئەلتەرناتیڤە نەک تەنیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەڵکو بۆ سەرجەم جیهان. مۆدێلێکی ئەلتەرناتیڤە بۆ سیستەمی سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوە، و سسیتەمی پیاوسالاری کە ئەمڕۆ سەروەری بەسەر سیستەمی سیاسی جیهانی و پەیوەندی نێودەوڵەتیدا هەیە. ڕۆژاڤا مودێلێکی ئەلتەرناتیڤە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیانی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بێگومان دەوڵەتە زلهێزەکان، کۆلۆنیالیست و ئیمپریالیستە خۆرئاواییەکان ئەمەیان ناوێت، بۆیە مۆدێلی ڕۆژاڤا وەک هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان دەبینن. هەروەها ڕۆژاڤا مۆدێلێکی دیموکراسی ڕاستەقینە و دیموکراسی خەڵکە، کە لەسەر بنەمای فرەیی و یەکسانی جێندەری و ئازادی ژنان بونیادنراوە، ئەمەش کۆتایی بەم وەهمە دەهێنێت کە خۆرئاوا بەناوی بەدیموکراسیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناڤینەوە ڕەوایەتی بە داگیرکردنی دەدات، بۆیە ڕۆژاڤا وەک هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان دەبینن.

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project

You might also like More from author

Comments are closed.