کیمیای ئەدیرناڵین
ڕێدار فەریق شێخانی
دەمەوئێواران،
سپێدەی ساڵحان،
لە قرچەی گەرما،
شەوە لێزمەکان.
ئەو ساتانەی حەسحەسەکان بەئاگان و
یان بێئاگان،
بە چنگەڕنێ و
بە سنگە خشێ…
دەتەوێ بەسەر ئەو دیوارە بەرزەدا هەڵزنێێ
ئەو شورا دێرینەی بەختەوەری
کە دەچێتەوە سەر دیوەکەی تری خۆت
وەلێ مەحاڵ،
بە دارێکی دەستی ئینزباتە کلێتە سوورەکانەوە
بە بێ دەربەست دەتخاتە خوار.
چەندان سی ساڵیی ئاوها تێپەڕیوەو
ئەم دەوارە شڕە
کە لە دووری چەند فرسەخێک
لە سنوورەکانی وەهم هەڵدراوە
گۆڕە یان مەنزڵ؟
یاخود چادری قەرەجەکان؟
لەمپایەکی زەیتیشی تیادا ناسوتێ،
هەموو جێنشینەکانی شەوکوێر-
بێ چاویلکە کتیبە سپییەکانی مۆدێرنە
دەخوێننەوە!
دەڵێی تۆو ئەو چارشێوە
قوماشێکن و بەبەرگی یەکا دووراون
دەڵێی تۆ و ئەو پۆشاکە قەترانییە
کفنێکن و
لە منداڵییەوە لە تەنیشت یەکدا دانراون…
دەڵێی ئەدیرناڵین-
کیمیایەکە
تەنیا هۆزەکانی ئەمازۆن
پێکهاتەکەی دەزانن!
یان مشتێ جادوی رەشە
لە بیری بەرهووت پەرتکراوە!
وا لە قووڵایی هزرا عاسی و
بە هیچ کلۆجێ جەم نەکراوە..
لەودیوو دیوارەوە دەنگێ دەڵی:
ڕەنگە بەختەوەری
زۆر نزیکتر بێ
لە گیزەی ئەو مێشەی
شەوێك لەسەر کۆڵی ڕووداوەکان
لە لووتت دەرهات
تێدا خەونت
بە پاشماوەکانی پاشەڕۆژەوە دەدیت.
دوای نەکەوتی!
تابزانی
سەر بە چ کونجێکا دەکا
لەوێ
فریشتەی بەختەوەری
بە پۆشاکێکی ئاوریشمینەوە
چاوەڕوانی چ دەکا؟