میتافیزیکای منداڵ
((شازادەی بچکۆل
نووسینی ئەنتۆن دی سانت ئۆکسەپیری
وەرگێرانی لەفەرەنسییەوە بۆ ئەڵمانی پیتەر سلۆتەردایک))
چیرۆکی ئەم ڕۆمانە باسی بەسەرهاتی کەسێک دەکات کە حەز بە نیگارکێشان دەکات، بەڵام خەڵکی لەکارەکانی ڕازی نین و ئامۆژگاری دەکەن پیشەکەی بگۆڕێت. وا دەکات شوێن حەز و خولیایی سەردەمی منداڵی دەکەوێت کە ببێتە فڕۆکەوان.
خۆی فێری فڕۆکەوانی دەکات و لە گەشتێکیدا بەناچاری دەبێت لە بیابانێکدا بنیشێتەوە. لەوێ کەسەرقاڵی چاککردنەوەی فڕۆکەکەیەتی، لەپڕێکدا ئەم شازادە بچکۆلەیەی لێ پەیدا دەبێت و شازادە دەست دەکات بە گێڕانەوەی هەموو بەسەرهاتەکانی خۆی لەڕێی گەشتەکانیەوە بۆ هەسارەو ئەستێرەکانی تر، لەڕێی ئەزمونکردنی بارودۆخی جیاواز جیاواز و ناسینی کارەکتەری جیاواز جیاوزەوە سەرنجمان بۆ ئەو گەشتانەی ڕادەکێشێت.
ڕۆمانەکەواناسراوە بۆ منداڵانە، بەڵام لەڕاستیدا بۆ ئەو گەورانەیە کە هێشتا لەناویاندا منداڵێک هەیە.. چیرۆکەکە بەزمانێکی شیعری نووسراوە، بەڵام زۆر تێما و بابەتی فەلسەفی خستۆتە ڕوو..
ئەو تێما سەرەکییانەی لێرەدا دەشێت ئاماژەیەکی خێرایان پی بدەین بریتیین لە:
یەکەم: ڕۆح.. ئەوەیە کە مانا دەدات بەژیان..
دووەم: ڕامکردن و پەروەردەکردن، بریتین لە نهێنی دۆستایەتی و خۆشەویستی.
سێیەم: ژیان گەشتێکە بۆ فێربوون.. ئامانجی ژیان بریتییە لە فێربوون.
چوارەم: ڕەوشت، بریتییە لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەیەکتری و بەرامبەر بە جیهان.
پێنجەم: هۆشیاری هەڵەی پێشکەوتن.
شەشەم.. گەورەبوون دنیایەکی سەیرە.
لێرەدا ناکرێت شوێن ڕاڤەکردنی ئەم خاڵانە بکەوم و لێ دەگەڕێم بۆ دەرفەتێکی تر. ئەوەی لەم کورتە نووسینەدا دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، بریتییە لەو وەرگێڕانە تازەیەی فیلۆسۆف پیتەر سلۆتەردایک بۆ ئەم ڕۆمانە کردوویەتی، کەبەر لەم دوو وەرگێڕانی تری هەیە. سلۆتەردایک پاشەکیەکی ووردیشی بۆ ئەم کتێبە نوسیووە و گلەیی لەوە دەکات کە لەبواری ئەدەبیاتدا ئەم ڕۆمانە وەکو چیرۆکی منداڵان ڕیزکراوە. لەکاتێدا ڕۆمانەکە بۆ گەورەکانە زیاتر، یاخود بابڵێین بۆ ئەو مناڵەی ناوەوەمانە کە تا تەمەنی پیریش هەڵی دەگرین.
