مه‌سعود بارزانی و نه‌وشیروان موسته‌فا

لەپێناو کێشانی پۆرترێتێکی سەرڕاستانەتردا بۆ نەوشیروان مستەفا


Loading

سیروان عه‌بدول

لەپێناو کێشانی پۆرترێتێکی سەرڕاستانەتردا بۆ نەوشیروان مستەفا

سیروان عه‌بدول – به‌شی دووهه‌م و كۆتایی

 

``دەستی هه‌لپه‌رستی  پشت تووڕەیی خەڵک، لەسەر سکی تێرە...“

 

 

 

 

زۆرێک دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە وەک کارێک لەپێناو پێداگریی لەسەر سازدانی دەوڵەتی حوکمی یاسا و کارکردن بە پڕه‌نسیپی هاوڵاتی یەکسان نیشاندەدەن. بەڵام ئەوانەی هەوڵدەدەن ئەو شانازییە بۆ ئەو پیاوە بپچڕن، بێگومان قورسایی گەورەیان دێتە پێش لە تەفسیری ئەوەدا؛ کە ئایا چۆنە ئەو بزوتنەوەیە لەلایەکەوە پێداگیریی سەرسەختانە لەسەر گەڕاندنەوەی عەدالەت بۆ سەردەشت عوسمان و ڕه‌دوویی یاسایی بکوژانی دەکات، بەڵام لەهەمانکاتدا دەتوانێت لەناو سەرکردایەتی خۆیدا جێگەیەکی ئامن لە سەرووی یاساوەی هەبێت بۆ سالار عەزیزی بکوژی بەکر عەلی شاعیر؟

 ئەم نیفاقە تەنها بەوە دەکرێت تەفسیر بکرێت کە نەوشیروان مستەفا خەریکی شەڕی ناو خسومەتێکی تر بوو لەبەرامبەر پدک-دا، نەک شەڕی سەروەریی یاسا و پرەنسیپی یەکسانیی هەموو هاوڵاتییەکی هەرێم لەبەردەم یاسادا و پشتگیریی چالاکوانان و ڕەخنەگرانی ناو کۆمەڵگه‌ی مەدەنی. ئەوە مامەڵەیەکی وا ئۆپۆرتۆنیستییانەیە  (هه‌لپه‌رستانه‌یه‌) لەگەڵ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤدا کە بۆ شانازیی ناشێت. تەنها کەسانێک شایه‌ن بەوەن وەک خەباتکار بۆ دەوڵەتی یاسا لە مێژووی میللەتێکدا وەسف بکرێن کە بەبێ نیفاق، کۆنسیستێنت بووبێتن لە داواکردنی ڕه‌دوویی یاسایی گومانلێکراو و تاوانکاراندا.

 

هەر ئەم مامەڵە هەلپەرستانەیە لەگەڵ دۆزی گرنگدا کە ئەوە مومکین دەکات چەند ڕۆژێک پێش «حەڤدەی شوبات» بزوتنەوەی گۆڕان خەڵکی تووڕە لە دەسەڵات بشوبهێنێت بە شۆڕشگێڕەکانی مەیدانی تەحریر کە بۆی هەیە دەسەڵات ڕابماڵن، وە هانیان دەدات بێنە سەر جادە. بزوتنەوەکە ماوەیەکی زۆر لە هێڵی پشتەوە ده‌رهێنه‌ری تەواوی ڕووداوەکانی بەرەی پێشەوەیه‌، بەڵام هەر چەند هەفتەیەک دوای ئەوە خۆپیشاندەران بە «گێرەشێوێن» ناو دەبات و، کارتی بەهێزی ڕژانی خوێنی چەند گەنجێک لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ دانوستان لەگەڵ بکوژانەکانیاندا و، دەیگۆڕیتەوە بە دەستکەوت بۆ حیزب نەک بە دادپەروەریی بۆ کوژراوان و خانەوادەکانیان.

 

 

وریا ڕه‌ش (ڕه‌زاقی وه‌ستا وه‌هاب) گه‌نجێكی شۆڕشگێڕی دژی فاشیزمی به‌عس، ‌به‌ فه‌رمانی نه‌وشیروان و به‌ده‌ستی جه‌بار فه‌رمان به‌ته‌ور له‌شاخ و له‌هه‌شتاكناندا ده‌كوژرێت!

نەوشیروان مستەفا لە هەرکەس شارەزاتر بوو لەوەدا کە گەردەلول لە فنجانێکدا دروست بکات بۆئەوەی کۆنتڕۆڵی بەسەریدا هەبێت، تا هەرکات ئیشی خۆی کرد، دایمرکێنێتەوە. هەروەها دۆخی خامۆشییەکە وەک هەڕەشەیەک بۆ دووبارە دروستکردنەوەی سەغلەتی بەکاربهێنێت. هەڕەشەی «شەقام دەجوڵێنین» یان «تۆپەکەی گردەکە دەخەینەوە کار» مانای ئەوەیە کە بەڵێ تووڕەیی ڕەوای خەڵکی سەرکوتکراو و ناڕازیی هەمیشە لەوێدا مەوجودە، بەڵام ئێمە هەرکات پێویستمان پێی بێت، (نەک هەموو کات)، بە هەڵمەتی ڕاگەیاندن و پڕۆپاگەندە دەچینە پشت دۆزی ڕەوای ئەو خەڵکە ناڕازییە و چەند پێویست بکات ئەوەندە لەسەر شەقام ڕایاندەگرین.

 

 

هه‌لپه‌رستی  واتە لە مەبدەئێکەوە نییە تووڕەیی پەنگخواردووی خەڵک بەسەر دەکەیتەوە و لە هەموو دۆزێکی وێکچوودا ئامادەیت بە هەمان جیدییەت کار بکەیت، بەڵکو ئەو باروتە بەکار دەهێنیت کە لەناو تووڕەیی ئەو خەڵکەدا هەیە بۆ ئەوەی گوللەی تۆپەکەت مەدایەکی زۆرتر بڕ بکات و سەغڵەتیی بۆ حیزبی نەیار دروست بکات و بەوە بیهێنیتە پای دانوستان لەگەڵتدا. دانوستان لەسەر ئەوەی پشتی تووڕەیی خەڵک بەر بدەیت، بێباک لەوەی کە ئەو پشتچۆڵکردنە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک ناچار بن بە دەستی بەتاڵ بەبێ جێبەجێبوونی داواکارییەکانیان بڕۆنەوە ماڵەوە.

 

بەڵێنی «چوار ساڵ ئارامیی» و گفتی پشتنەگرتنی هیچ ناڕەزایەتیی و ڕەخنەیەکی خەڵک لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا کە بۆی هەبێت حکومەت و حیزبە بەشداربووەکانی ناو حکومەت سەغڵەت بکات، نمونەی کۆنکرێتی ئەو مامەڵەیەیە. ئەو قسەیە خۆپێناسەکردنە وەک کەسێکی ئۆپۆرتۆنیست. بەڵێنێکی وا پیشاندانی پلەیەکی وا گەورەیە لە نابەرپرسیارێتیی و بێمەبدەئیی کە ئینسان سەری سووڕ دەمێنێت چۆنە نەوشیروان مستەفا و ڕاوێژکارانی نازانن کە کردنی ئەو قسەیە و پیشاندانی ئامادەیی لەو جۆرە ئابڕووبردنی خۆیەتی بۆ مێژوو.  ئەو قسەیە بێگومان دەبێت ئەرکی ئەوانەش تەواو سەخت بکات کە هەوڵدەدەن وێنه‌ی «باوکی چەوساوەکان» لە مێژووی کورددا بدەنە ئەو پیاوە، لەکاتێکدا ئەو ئامادە بووە نەک هەفتە و مانگ، بەڵکو بە چوار ساڵ سەنگەری خەباتی چەوساوەکان چۆڵ بکات و بچێتە ماڵەوە.

 

لێرەوەیە تۆمەتی «دەستی لەپشتەوەیە»ی دەسەڵاتداری گەندەڵ بەرامبەر بە خۆپیشاندانی ڕەوای خەڵک هێز وەردەگرێت. دەسەڵاتداری گەندەڵ دەزانێت بە ئاماژەکردن بەوەی کە دەستێک هەیە کە بە چوونەپشت تووڕەیی خەڵک خەریکی تێرکردنی سکی حیزب و کادیرە باڵاکانی خۆیەتی، دەتوانێت فۆکۆس لەسەر ڕەوایی داواکارییەکانی خەڵکەکە لابەرێت و بیباتە سەر ئەو شەڕی پۆست و دەسەڵات و حەساسییەتە شەخسییە منداڵانانەیەی  نێوان سەرکردەکانی خۆی و سەرکردەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا هەیە. بەوە دەتوانێت هەم کرێدیت لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکان وەرگرێتەوە و ئاسانتر سەرکوتیان بکات، وە هەمیش هەموو ئەوانە دڵسارد بکاتەوە و لە ڕیزی خۆپیشاندەران بیانتەرێنێتەوە کە بردنەوەی حیزبی  ده‌سته‌بژێری خۆیانیان لەو پەتکێشییەی نێوان حیزبەکاندا لە «مەعاشە جوانەکەی» خۆیان پێ گرنگترە.

 

 

بزوتنەوەی گۆڕان لە سەردەمێکدا هات و کادیرە جیدیی و دڵسۆزەکانی ناو کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی برد و کردنیە کادیری بەرچاوی ناو ئەو پەتکێشییە. نوخبەی سیاسیی ناو حیزبی سیاسیی، بە ڕابەرایەتیی نەوشیروان مستەفا، توانی لە کاتی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا بێتە ناو کۆمەڵگه‌ی مەدەنییەوە و، بێکاریی و بێپارەیی ژمارەیەکی گەورە لە کادیری پڕ پۆتێنسیاڵ لەو ناوەندە بقۆزێتەوە و بیانبات حیزبیان پێ ئیدارە بدات و بیانباتە ناو شەڕی نێوان نوخبەی سیاسییەوە.  ئەمە یەکێکە لە نهێنییەکانی ئەوەی کە کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی ئێستا ئیتر سازدانی خۆپیشاندان و هاتنەسەرشەقامی خەڵکی بەبێ پاڵپشتیی حیزبێک لە حیزبەکان لە توانادا نەماوە و، کەسی بۆ کۆ ناکرێتەوە، وە کاتێک حیزبیش دێتە پشت خۆپیشاندان و تووڕەیی پەنگخواردووی خەڵک دێتە سەر جادە، تەنها لە شارێکدا قەتیس دەمێنێت، وە ناتوانێت بەرەیەکی هاوبەش بەدەوری دۆزی هاوبەشدا لەگەڵ ناوچە یان شارێکی تردا دروست بکات.                             بەم مانایەیە ئێستا زۆرێک ڕایانوایە کە دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن بەرپرسانی حیزبیی ینک-ەوە کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی لە (وزەی گۆڕین و گۆڕانكاری )  بەتاڵ کردەوە و بەوە پرۆسەی دیموکراتیی لەو بڕە گەشەیە ڕاگرت کە مومکین بوو بیکات.

 

 

هاوینی ساڵی (٢٠٠٩) کاتێک لیستی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندرا و بڕیار بوو لە یەکەم هەڵبژارندا بەشدار بێت، من لەڕێگەی وتارێک بەناوی (پۆپۆلیزم و ئەفسانەی گۆڕینی وڵات لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە) و لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەیەکدا هەوڵمدا ڕۆشنبیران لەوە ئاگادار بکەمەوە کە دامەزراندنی حیزبی ئۆپۆزیسیۆن ئامڕازە دروستەکە نییە بۆ کردنی گۆڕانکاریی و پێشبردنی پرۆسەی دیموکراتیی لە هەرێمی کوردستاندا، وە پاڵپشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ووزەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک دەرخواردی پۆپۆلیستییەتی حیزبێک دەدات. بەڵام لەو سەردەمەدا دڵگەرمیی ڕۆشنبیران و خەڵک بەئەندازەیەک سەرتاپاگیر بوو کە هەموو ڕەخنەیەک لەو بزوتنەوەیە وەک ناڕەوا و پاڵپشتیی دەسەڵات چاو لێدەکرا و، زۆر کەس لەسەر ڕەخنەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەوتنە ژێر گوشاری گەورەوە.

 

من بەهیوا بووم ڕۆشنبیران و خەڵک ئەو هەموو هیوایە لەسەر دروستبوونی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن هەڵنەچنن، لەبەر سێ هۆکار:

 

یەکەم:  چونکە لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی دیموکراتیی لەڕێگەی دروستکردنی حیزبی سیاسییەوە ناکرێت. سیاسەتی هەرێمی کوردستان بە جۆرێکە کە لەئێستادا بونیادنانی دیموکراتییەت لەسەرەوە بۆ خوارەوە تیایدا مومکین نییە سەربگرێت، وە هەر هەوڵێکی وا هیچ ناکات جگە لەوەی کە حیزب کادیرانی ناو کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی بۆ خۆی دەدزێت و دەیانکاتە «مەسئول» و ڕۆشنبیر و ئەکادیمیستی حیزب و، بەوە پرۆسەی دیموکراتیی ئەوەندەی تر ئیفلیج دەکات.

 

دووەم: چونکە ململانێی  سەرەکیی لە هەرێمدا زۆرانبازی  نێوان میحوەری ئۆتۆریتار و میحوەری ئازادییخواز نییە، یان نێوان سەڵتەنەتخواز و سەڵتەنەتنەخواز نییە، تاوه‌كو  سیاسەتی هەرێم وەک دوو ئەڵتەرناتیڤ ببینیت و پێتوابێت ئەگەر حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی نییەتپاک هەبن دەتوانن «بلۆکێکی مێژوویی» لە حیزبی ناسوڵتانیی لەبەرامبەر بلۆکی نامێژوویی سوڵتانەکاندا دروست بکەن. ئێمە بینیمان چۆن ئەو. دابه‌شمه‌ندییه‌ هەڵە دەرچوو و دوای هەڵبژاردن هەردوولا دەنگی خەڵکیان خستە سەبەتەی حکومەتێکی دژە خەڵکەوە.

 

سێهەم: چونکە ڕابردووی نەوشیروان مستەفا شایەتیی لەسەر سیاسەتمەدارێک دەدات کە ئێتیکی بەرز و سەرڕاستیی لە کارکردن بۆ گەشەی دیموکراتیی دوایین شتێکە کە لەدوای بەرژەوەندییە شەخسیی و حیزبییەکانەوە بۆی گرنگ بووبێت.

 

 

نەوشیروان مستەفا بە دانپیانانی خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت؛ ئەوەندە زانیاریی و بەڵگەنامەی کاری دزیی و گەندەڵیی و جاسوسیی و سکانداڵی بەرپرسانی کوردستانی لا بووە کە بەشی ئەوە بکات حکومەتی گەندەڵ و نفوزتێکراوی پدک و ینکی پێ بڕوخێنێت،  بەڵام بۆ هەمشە بۆی شاردنەوە؟!   ئەمە بۆ ئەوەی هەمیشە وەک هەڕەشە بەسەریانەوە بیهێڵێت و لە وەلائی دەرنەچن، ئەگەرچی ئەو زانیارییانە موڵکی خەڵکن و کەشفکردنیان گرنگیی گەورەی هەیە بۆ ڕاگرتنی نەزیفی گەندەڵیی و پێشخستنی پرۆسەی بەدیموکراتیزه‌‌كردنی هەرێم. و شاردنەوەیان لەلایەن هەر کەسێکەوە، لە ئەهوەنترین وەسفدا، نابەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە خەڵکی کورد و ئەزمونی حوکمی خۆیی لە هەرێمدا.

 

 

خەباتکاری ڕێگای شۆڤینیزمی سلێمانی 

بەشداریی سیاسی نەوشیروان مستەفا لە دوای ڕاپەڕینەوە وا پیشان دەدرێت کە گوایە لەپێناو ئەو دادپەروەرییەدا بووبێت کە ئیدارەی لامەرکەزیی لە دابەشکردنی خێراتی کۆمەڵایەتییدا بەسەر شارە جیاوازەکاندا مومکینی دەکات.  پدک ئەو مۆنۆپۆلە بە ڕێژە زۆرەی هەیەتی بەسەر داهاتی نیشتیمانییدا، وەک چەکێکی سیاسیی (بەد- ئیستیفادە)  لێدەکات بۆ خزمەت بە حیزبی خۆی. لەبەرامبەر ناپاکییەکی لەم چەشنەدا، بێگومان ئەوە خەباتە لە ڕێگەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییدا ئەگەر هەوڵ بۆ ئەوە بدەیت خزمەتگوزارییە ”دەوڵەتیی” و شەهردارییەکان بۆ هەموو شار و شارۆچکەکان وەک یەک بن و، کار بۆ ئەوە بکەیت ڕێگە نەدرێت شارێکی هەرێم لەسەر حیسابی شارەکانی تر ئاوەدانتر بکرێتەوە.

 

نەوشیروان مستەفا وەک خەباتکار بۆ ئەم دادپەروەرییە کۆمەڵایەتییە پیشان دەدرێت. بەڵام ڕاستیی ئەوەیە کە ئەو تەنها لە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و دابەشکردنی نایەکسان لەسەر دەستی پدک تووڕە بوو و، تەنها لەسەر تەوەری ”شاری سلێمانیی-زۆنی زەرد” لە هەوڵی دابەشکردنی دادپەروەرانەدا بوو. ئەگینا قەت دۆزێک نەبووە بۆ نەوشیروان مستەفا کە بۆ نموونە؛ عەربەت و سەیدسادقیش، بەئەندازەی ڕێژەیی، ئەوەندەی شاری سلێمانیی ژێرخانی ناوەکییان بۆ بهێنرێتەوە سەر یەک و، بەوە هەلی کار بۆ دانیشتوانیان زیاد بکرێت، و  بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی گەشەکردنی ڕۆشنبیران و هونەرمەندانیان، دەزگای ڕۆشنبیریی و چالاکیی ڕۆشنبیریی تیایاندا تەمویل بکرێت. نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕان قەت دۆزێکی سیاسیی نەبووە بۆیان بڵێن گەشەپێدانی لاسەنگ و نایەکسانی ستراکتۆری ناوەکیی لەنێوان شاری سلێمانیی و شاری دەربەندیخاندا گرفتێکی دیموکراتیی و دادپەروەریی گەورەیە و، فەزڵدانی سلێمانیی بەسەر شارەکانی تردا، پێشێلکردنی كرده‌یی  مافەکانی مرۆڤی لێکەوتۆتەوە و نەتەوە بەو جۆرە نەک دروست ناکرێت بەڵکو بنکۆڵ دەبێت.

 

ئەمساڵ کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر بەربڵاو لە دەربەندیخانی دا و هەڕەشەی گەورە بوو بەسەر دانیشتوانەکەیەوە، خەستەخانەکان بەتاڵ بوون لە هەر ئامێرێکی پێویست، وە دەسەڵاتدارانی تەندروستی شار سێ ڕۆژ چاوەڕوان بوون تیمێک لە سلێمانییەوە بێت و کار بۆ ناردنی نەخۆشەکان بکەن بۆ سلێمانیی.

ئەوەی کە نەخۆشێک لە کەلار یان کفری چارەسەرێکی زیاتر لە چارەسەری سەرەتایی پێویست بێت، دەبێت بچێت بۆ سلێمانیی و زۆرجاریش لە ڕێگە دەمرێت، ئەوە گرفتێکی سیاسیی زۆر گرنگتر و گەورەتری کۆمەڵگه‌ی کوردستانە تا ئەوەی کە ئایا بۆچی هەولێر جادەی سەدمەتریی بۆ دروست دەکرێت و بۆ سلێمانیی ناکرێت؟ ئەوەی یەکەم گرفتێکە سەبارەت بە مافی ژیان، وە بێباکیی دەسەڵات لەئاستیدا پێشێلکردنی مافی مرۆڤە. بەڵام نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەکەی هەمیشە ئەو جۆرە گرفتەی دووەم زیاتر سەرقاڵی کردوون.  هەر پارەیەکیشیان لە دەستی زۆنی زەرد کردبێتەوە، بە نازهەڵگرتنێکی زیاتری شاری سلێمانییەوە بە بەراوورد بە هەر یەکەیەکی ئیداریی تری ناوچەی سەوزەوە خەرجکراوە. تەنانەت کادیرە گەرمیانییەکان و پشتدەرییەکان و شارەزورییەکانی ناو ڕابەرایەتیی ئەو بزوتنەوەیەش قەت نەیانوێراوە ئەم دۆزە گرنگە کە سەبارەت بە دیموکراتییەت و دادپەروەریی و گەشەی خوار و جیاوازیی کوالیتیی ژیانی نەوەکانی داهاتووی ناو شارە جیاوازەکان  بکەنە بابەتی دیبەیتێکی سیاسیی و بیکەنە دۆزی خۆیان و ڕەنگڕێژی سیاسەتی حیزبی پێ بکەن، چونکە هەمیشە زانیویانە کارێکی وا لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا هەم گوێگری نابێت و لە جه‌ماوه‌رخوازیان  دەدات، هەمیش بەختی پۆستوەگرتن و پلەبەرزبوونەوە و بەختی ڕێگەدان بۆ بوونیان بە کاندیدی حیزب لە هەڵبژاردنەکاندا کەمدەکاتەوە. لە ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنەکانی بزوتنەوەکەدا ڕیپۆرتاژی جۆرەکانی سەموون لە فڕنەکانی شاری سلێمانییدا بەختی بڵاوبوونەوەی زیاترە لە ڕیپۆرتاژی دیاردەی منداڵڕفاندن لە کەرکوک.

 

ئەوانەی لە نزیکی نەوشیروان مستەفا بوون شایەتیی ئەوە دەدەن کە زیاتر سەرقاڵی کاروباری شاری سلێمانیی و بەدەستهێنانی خزمەت بۆی و ڕێکخستنی ناڕێکییەکانی ئیدارەدانی شارەکە بوو تا سەرقاڵی گرفتە گەورەکانی شارەکانی تری هەرێم بەگشتیی. نەوشیروان مستەفا تەنانەت لە چاوپێکەوتنێکدا خۆی ڕۆشن دەڵێت؛ کە ئەو کار بۆ چەسپاندنی «مافی چارەی خۆنوسینی پارێزگا جیاوازەکان» دەکات. تێبینیی ئەوە بکە کە ئەو قسەیە قسەی سیاسەتمەدارێکی نوێنەری گروپێکی ئەتنیی یان ئاینیی جیاواز نییە لەناو وڵاتێک یان هەرێمێکدا سەبارەت بە مافی جیابوونەوەی گروپە ئەتنی و ئاینییەکان نییه‌، بەڵکو داکۆکییە لە مافی جیابوونەوە لەسەر بنەمای ناوچە.

 

 

مه‌سعود بارزانی و نه‌وشیروان موسته‌فا

 

هەروەها ئەوە قسەکردن نییە سەبارەت بە لامەرکەزییەتی ئیداریی یان مالیی بۆ دەربازبوون لەو بەدئیستیفادەیەی پدک دەیکات لەوەی کە بەشی گەورەی داهاتی نیشتیمانیی و دابەشکردنی ئەو داهاتەی لەژێر دەستدایە. ئەوە قسەکردنە لەسەر بڕیاری ماڵجیاکردنەوەی ناوچەیەک لە نەتەوەیەک (نەتەوە بە مانای کیانی سیاسیی نەک گروپی ئەتنیی) ئەگەر بارودۆخی ئیدارەی سیاسیی نەتەوەکە گرفتی هەبوو و حوکمڕانییەکی ئۆتۆریتاریی و سەرکوتگەری تیایدا زاڵ بوو. قسەیەکی وا لە عەمەلدا مانای ئەوەیە کە ئەگەر هاوڵاتییانی، بۆ نموونە، هەولێر یان دهۆک هەر ئێستا لەژێر سەرکوتکاریی پارتی دیموکرات و بنەماڵەی خاوەنییەوە زەلیل کراون و ئیهانە دەکرێن، یان هەڵەبجە و هەورامان جارێکی تر بکەونەوە بەر بەربەرییەتی ئەنسارولئیسلام و ئەلقاعیدە و ژیانیان لێ تاڵ بکرێت، من ئیشکالییەتێکی تیا نابینم لە کاتێکی وادا شارەکانی تر لەپێناو خودموختاریی ئیداریی و ماڵیی یان لەپێناو خۆدەربازکردن لە سەرکوتکاریی و حوکمی خەلافەتدا، ئیستیقلال ڕابگەیەنن و خەریکی کاروباری ”وڵات”ی تازەی خۆیان بن و ئەو شارانە لەژێر ڕەحمەتی سەرکوتکارییدا بەتەنیا جێبهێڵن.

کاراکتەرێکی سیاسیی بەو ڕوانگەیەوە بۆ قورساییەکانی بەردەم نەتەوەیەک و بۆ هاودڵیی و ناسنامەی هاوبەشی نێوان هاوڵاتییانی ناوچەکانی، قەت شایان بەوە نییە لە مێژووی بیستوشەش ساڵی هەرێمی کوردستاندا ناوی وەک خەباتکارێک و خەمخۆرێک بۆ دروستکردنی نەتەوە و هاودڵیی نەتەوەیی تۆمار بکرێت.

ناوبردنی ئەو هاوڵاتییە کوردە گەرمیانییانەی کە لە نەوەدەکاندا لە شاری سلێمانییدا نیشتەجێ ببوون بە «دابەستە» لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە، دەلیلی ئەوە بوو کە بۆ ئەو خۆشگوزارانیی شار و قورسنەبوونی ئەرکی ئیدارەدانی، دۆزێکی گرنگتر بوو تا دۆزی ئاوارەبوونی خەڵکانێکی کورد لەسەر ئینتیمایان بە نەتەوەی کوردەوە. بۆ ئەو ئەوە مەسەلەیەک نەبوو کە دۆزی ئاوارەبوون و نیشتەجێبوونی خەڵک لەناو شارێکی تر دۆزێکە سەبارەت بە ئازادیی نیشتەجێبوون، یان بەشێکە لەو گرفتانەی کە نەتەوەی کورد ئەوکات لەسەر دۆزەکەی ڕووبەڕووی دەبووەوە. ئەگەرچی نزیک بە سەرجەم ئاوارەکانی ناو شار کاریان دەکرد و بەوە ئابوورییان دەبووژاندەوە و ببوونە بەشێکی سروشتیی دانیشیتوانی شارەکە، بەڵام بۆ نەوشیروان مستەفا ئاسان نەبوو بتوانێت خەڵک بە دابڕاو لە شوێنی لەدایکبوون و جۆری زاراوە و دیالێکت ببینێت و پێیوانەبێت خۆی لە کوالیتییە باشەکەیە. ئەم شۆڤینییەتی شار و ناوچەیە تەنانەت لەناو ینک-دا ڕۆڵی لە ناکۆکیی نێوان سەرکردەکانیدا و لە ڕەسمکردنی ئەو باڵ و ئینشیقاقانەدا هەبوو کە دواتر کەوتە ناو حیزبەکە.

 

 

شۆڤینیزم واتە ئەوەی گروپێکی دیارییکراو وێنەیەکی فووتێکراوی لەسەر خۆی هەیە و ئەوە وەهمێکی وای لا دروست کردووە کە گروپەکانی تر بە کەمزانتر و کوالیتیی-خراپتر ببینێت. شۆڤینیزمی سلێمانیی ڕەنگە ئاسانترین و بەرچاوترین نموونە بێت لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەر کەسێک بیەوێت نمونەیەکی ڕۆشنکەرەوە بهێنێتەوە. ئەو شۆڤینیزمە لە زیهنی نەوشیروان مستەفادا تا ئەو پلەیە جێکەوتە ببوو کە بتوانێت ڕێگە بە خۆی بدات ئەو زیادەڕۆییە بکات شاری هەولێر بە «گەورەترین گوندی سەر ڕووی ئەرز» وەسف بکات. سیاسەتمەدارێک بەو ناسنامە و ئەجێندا لۆکاڵییەوە، جێگەی سەرسوڕمان نییە کە حیزبەکەی نەیتوانی لەو شارەدا ڕەگێک دابکوتێ.

 

 

شۆڤینیزمی شار لەئێستادا تۆختر بۆتەوە لە کوردستاندا، بە جۆرێک کە سیاسەتی پێوە دەکرێت و ڕۆڵ لە ڕەسمکردنی سیاسەتی کوردییدا دەبینێت. سەیرکردنێکی کۆمێنتەکانی ژێر هەر هەواڵ یان وتارێک سەبارەت بە شارێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کافییە بۆ ئەوەی بینیت چۆن ناسنامەی ئینتیما بە شار و حەساسییەت لەئاستیدا زۆر زیاتر لەناسنامەی نەتەوەیی دەگەیەنێت. خەڵکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنە لە شارەکەی لەلایەن کوردێکی شارێکی ترەوە زۆر زیاتر توڕەی دەکات و دەیهێنیتە قسە تا دزینی چەندین ملیار دۆلار لە بەرهەمی نیشتیمانی و یارییکردن بە ئاسایشی نەتەوەیی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە.

 

ئەو وەهمە شۆڤینییەی لە سلێمانییدا هەیە، ئەگەرچی ڕۆڵی گەورەی لە ڕەسمکردنی سیاسەتی پەنجا ساڵی ڕابردووی کۆمەڵگه‌ی کوردییدا بینیوە، بەڵام لەبەر بەهێزییەکەی، ئێستاشی لەگەڵ بێت، دەگمەن ڕۆشنبیرێک یان سیاسەتمەدارێکی ئەو شارە جورئەت بکات دەستی بخاتە سەر و ڕەخنەی بکات. ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر ڕێگەیەک هەبێت بۆ دروستکردنی نەتەوە لە هەرێمدا ئەوا ئەو ڕێگەیە بەناچاریی بەسەر ڕەخنەکردنی ڕیشەیی و کارکردنی جیدیی بۆ ڕیشەکێشکردن و بەتاڵکردنەوەی ئەو وەهمە شانازییبەخشەدا دەڕوات.

 

پدک لە دوای سی و یەکی ئابەوە، بۆ ئیستیفادەکردن لە وەهمی شۆڤینیزم و دروستکردنی چاڵێکی قوڵتر لەنێوان هەولێر و سلێمانییدا و بەو جۆرە هێشتنەوەی شارەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا، کاری لەسەر گەشەپێدانی شانازییەکی لۆکاڵیی لەناو خەڵکی هەولێردا کرد، کە ساڵانێکی زۆر بەر ئەو زیادەڕۆییە شۆڤێنییەی سەرەوە کەوتبوون و بریندار کرابوون، تا ئەو ئاستەی ئێستا زۆرێک لە نوخبەی ئەو ناوچەیە دەستیان پێ کردووە «سی و یەکی ئاب»، کە پێشتر ڕەوایانە ڕەخنەی توندیان لێی هەبوو، وەک ڕووداوێکی گەش لە مێژووی هەرێمدا قسە لێدەکەن. گەشەپێدانی زیاتری شاری هەولێر بە بەراوورد بە سلێمانیی لەو پێناوەدا بوو. مۆدێرنیزەکردنی دراماتیکیی شاری هەولێر لە درێژەدا ئەوەندە ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا کە زۆرێک جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە ینک وەک ئاکامی تووڕەیی ئەو لە بێباکیی سەرانی تری ینک لەئاست ئەو تەفرەقەکردنەدا و درێژەدانیان بە هەمکاریی لەگەڵ پدک-دا، لێک دەدەنەوە.

 

هەر ئەو ناڕەزایەتییانە بوو لە تەفرەقەی نێوان هەولێر و سلێمانیی کە ئەو بڕیارە عەبەسییەی بەدوای خۆیدا هێنا کە شارێک بە یاسا و بە شێوەیەکی دائیمیی وەک «پایتەختی ڕۆشنبیریی» دەستنیشان بکرێت. بەڵێ کارێکی وا وەک نوکتەیەک دێتە بەرگوێ، بەڵام سیاسەتمەدارانی کوردستان بە هەموو جیدییەتێکەوە کردیان و هیچ ڕەخنەیەکی واش نەهات لەئاستیدا کە ببینرێت.

 

ناونانی ڕەسمیی شاری سلێمانیی بە «پایتەختی ڕۆشنبیریی» و بڕینەوەی بودجەی تایبەت بۆ گەشەپێدانی چالاکیی ڕۆشنبیریی تیایدا وەک موستەحەقاتێکی دوای ئەو بڕیارە، یەکێک لە بڕیارە هەرە نادیموکراتیی و خراپەکانی ناو مێژووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانە کە زەمینە بۆ گەشەیەکی خواری خەتەرناک ساز دەکات لە کۆمەڵگه‌ی کوردییدا. ئەو بڕیارە خراپە یەکێک لەو «دەستکەوت»انەیە کە بۆ ڕازییکردنی ئەو دیسکۆرسە سیاسییە هات کە شۆڤینیزمی سلێمانیی پەیامی سەرەکییە لەناویدا و، نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەکەی بە هەموو سەنگێکەوە لە پشتی بوون.

 

 

مردووپەرستییەک کە زیندووکوژیی لێ دەکەوێتەوە

حیزب لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بەچەشنی خێڵ، لەپێناو کۆکردنەوە و ڕاگرتنی ئەندامەکانیدا بەدەوری ئینتیمایەکدا کە جێگەی شانازیی بێت، زیاتر لە سیاسەتکردنی دەستپاکانە و بەرپرسانە، پێویستی بە دروستکردنی وەهمێکی وا هەیە کە ڕێکخراوەکەی ماڵێکی خاوەن ڕابوردوو و خاوەن ڕابەرێکی مردووی تەواو بێخەوشە کە ڕێبازێکی ڕوونی وەک دەلیل لەدوای خۆی بەجێ هێشتووە.

 

بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی دروستکردنی مەزار و عەرزکردنی ناڕەخنەیی ڕابوردووی نەوشیروان مستەفاوە، شانبەشانی پدک بۆ مستەفا بارزانیی و ینک بۆ جەلال تاڵەبانیی، خەریکی ئەم کارەیە. گرفتی ئەم مامەڵەیە لەگەڵ ڕابوردووی سیاسەتمەداراندا ئەوەیە کە سیگناڵێکی خەتەرناک بۆ بەرپرسانی سیاسیی دەنێرێت و پێیان دەڵێت: ترسی ناو و شۆره‌تی  خۆتان نەبێت لە مێژوودا، هەرچییەک بکەن، دوای مردن خەڵک (نا- ڕەخنەییانە)  شیوەنتان بۆ دەکات. بە داڕشتنەوەیەکی تر؛ ئەمە  به‌رپرسیارێتی  و خۆ-بەبەرپرسزانین لەلای بەرپرسان و سیاسەتمەداران لاواز دەکات. نەمانی هەستکردن بە به‌رپرسیداریی  لای سیاسەتمەدار واتە سیاسەتمەدار واتێدەگات دەتوانێت «سواری سەری خۆی بێت» و هەزار و یەک کەتن و پێشێلکاریی و تەنانەت قەتڵیش بکات بەبێ ئەوەی ترسی لە عاقیبەت هەبێت.

 

 

پرۆسەی دیموکراتیی و دۆزی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان ئەگەر تاکە گرفتێکی هەبێت ئەوا گرفتی نەبوونی هەستی ئەکاونتابیڵیتیی (به‌رپرسیارێتی) و ترس لە دادگا و لە مێژووە لای دەسەڵاتبەدەستان و نوخبەی سیاسیی. سەیری کەتنی دەستبردن بۆ ڕیفراندۆم و سەیری ڕەشیی مەلەفی مافی مرۆڤ بکەن لەژێر ڕابەرایەتیی مەسعود بارزانییدا. ئەو ئەگەرچی خۆی لە گوتارێکدا دەڵێت ئەگەر دەرکەوت هەڵە بوو سازدانی ڕێفراندۆم لەو کاتەدا، ئەوا دەتوانن بە سیاسەتمەدارێکی فاشیل و هیچ نەزانم بزانن کە سواری سەری خۆم بووم و هەر ملم نا، بەڵام زۆر باش دەزانێت سبەی کە مرد چۆن لە خەڵکی کورد دەکرێتە سیاسەتمەداری حەکیم و دڵنەرمی مێژووی کورد و، چۆن هەموو بەها و نۆرمێکی حوکمداریی باش دەدرێتە پاڵ «ڕێبازی سیاسیی» ئەو و خەڵکیش باوەڕ دەکات.

 

 

 

كادێره‌ باڵاكانی گۆڕان به‌چه‌كه‌وه‌ له‌كاتی پاراستنی مه‌زاه‌ی نه‌وشیروان موسته‌فادا

لەم پێناوەدایە کە پێویست دەکات جورئەتمان هەبێت دەست بۆ باڵانسدانەوەی وەسفە موبالەغەپێکراوەکان ببەین و بە دەستنیشانکردنی فاکتی مێژووی پێداگریی لەسەر بەرچاوخستنی سەرڕاستانەی بایۆگرافیای سیاسیی سیاسەتمەداران بکەین.  کورد وا خۆی پێناسە دەکات؛  کە میللەتێکی زیندووکوژی مردووپەرست بێت. ئەو زیندووکوژییەی ئەوان مەبەستیانە پشتگوێخستنی کەسانێکە کە شایان بە ڕێزن سەروەختێک کە لە ژیاندان. بەڵام ئەو مردووپەرستییە نا-ڕەخنەییەی کۆمەڵگای کوردیی لەئاست سیاسەتمەدارانیدا پیشانیدەدات ئەوەندە خەتەرناکە کە بۆی هەیە زیندووکوژیی فیعلیی گەورەی لێ بکەوێتەوە. هەر ئێستا مەحمود سەنگاویی دڵنیایە کە کاتێک دەمرێت مەراسیمێکی وا پڕ فوغان و هەرای بۆ دەکرێت کە دەنگی ئەوانە دەکاتە ژێرەوە کە لەو کاتەدا باسی کاوە گەرمیانیی دەهێننە پێشەوە.

بەم جۆرە دیموکراتییەت نایەتەوە سەر یەک. لەم ڕۆژانەدا تەنانەت ڤیدیۆی پیاهەڵدان بۆ مستەفا چاوڕەش دروست کرابوو و وەک خەباتکارێکی ناو مێژووی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەی کورد پیشان درابوو، لەکاتێکدا ئەو پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینیش دۆستی ژێربەژێری حکومەتی بەعس بوو و فایلدار بوو.

لەئێستادا جڵەوی دەزگای ئەمنیی و زانیاریی و حیزب و حکومەت کەوتۆتە دەست نەوەیەکی تازە کە بە هەر چوار دەوردا کەتن دەکەن و مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن. جوانکردنی ڕابوردووی ناشیرینی سیاسەتمەداران خەتەرناکترین ئەکتی هاندەرانە دەبێت بەبەرچاوی ئەوانەوە مومارەسە بکرێت. نەوشیروان مستەفا لە شتێکدا لە هەموو بەرپرسەکانی تری ناو ینک و پدک زیرەکتر بوو. ئەو ئەوەی کەشف کردبوو کە ڕۆشنبیری ڕەخنەگری کورد ئینتیگریتیی (ڕاستگۆیی) شلە و بۆ دوورخستنەوەی ڕەخنەکانی لە خۆت پێویست ناکات بیکوژیت، بەڵکو کافییە ببیتە دۆستی یان وێنەیەکی لەگەڵ بگریت.

 

ئێستا حیزب و ئەو هەوادارانە، بە هاوکاریی ئەو میدیا و میدیاکارانەی کە لە دوو دەیەی ڕابوردوودا قەت ئامادە نەبوون ڕەخنەیەکی کاریگەر لەسەر نەوشیروان مستەفا لایان بڵاو بێتەوە، توانیویانە لە زیهنی خەڵکی کورددا بایۆگرافیایەکی بێخەوش بۆ بەشداریی سیاسیی نەوشیروان مستەفا جێ بخەن. ئەو کارە وایکردووە خەڵکێکی زۆر پێیانوایە کە نەوشیروان مستەفا ڕابوردوویەکی جێگەی شانازیی هەیە و، پێیانوایە ڕۆڵی گرنگی لە گەشەيپێدانی دیموکراتییەت لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە و، پێیانوایە نەوشیروان مستەفا شایان بە ڕێزە.  بێگومان من سه‌ر به‌وجۆره‌  خەڵکە نیم.

 

ته‌واو

 

 بۆ به‌شی یه‌كه‌می گوتاره‌كه‌ فه‌رموون ؛ به‌شی یه‌كه‌م 

لەپێناو کێشانی پۆرترێتێکی سەرڕاستانەتردا بۆ نەوشیروان مستەفا

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌