گۆران سماقوڵی؛ گەنیو -نەبوون

Loading

گۆران سماقوڵی

 تۆ تێکەڵەیەکی لە شێتی، وەختێک بە شەقامەکاندا قاقا دەکەی، مرۆڤ سەیری لێت دێ.. دەمێکیش یەکشەممە دێت، ھێند گورج پۆستاڵەکەت دەبەستی و تفنگەکەت دەکەیتە شان… لە نیشتمانپەروەرێکی بێھاوتا دەچیت. ھەمیشە ئەوەشت لەبیرە بەجیا گولـلەیەک بخەیتە گیرفانە بچوکەکەی لای چەپی کۆڵەپشتەکەت و دانەیەکی تریش لە گولە خۆشەویستەکەت بخەیتە ناو گیرفانی کۆمەندۆکەتەوە، تا ئەگەر جانتاکەشت لا نەبوو دەرفەتی مردنت لە کیس نەچێت. بەر لەوەی بڕۆیت بۆ جەنگ، دوو تاکە گولەکەت بۆندەکەیت… بەشێوەیەک بۆنیدەکەیت، وەک بڵێی ئەمجارە ئاواتەکەت دێنیتە دی و بەڕووی خۆتدا دەی تەقێنیت.

سواری پاسە بیست و یەک نەفەریەکە دەبیت. لە شەقامی سەرەکی وێستگەی وەزارەت، چل پاس، بەدوای یەکەوە وەستاون، ھەموویان لە چاوەڕوانی ئەوەدا پڕ بن لە سەرباز و بەڕێ بکەون بۆ جەنگ، لەوێشەوە پاسەکان پڕ بکەنەوە لە سەرباز و بگەڕێنەوە. لەم چوون و ھاتنە، تۆ یەک جیاوازی بەدی دەکەیت، ھەموو ئەوانەی دەڕۆن ساغلەمن، بەڵام ئەوانەی دەگەڕێنەوە زۆربەیان لاشەی مردوون، یان برینی سەخت لەجەستەیاندا ھەیە، بەحاڵ چەند کەسێک دەبینین بێ برین بن و مابن.

پاسەکان بەڕێدەکەون و تۆش یاری بە گولـلەیەک…ئەم دەست و ئەو دەستی پێ دەکەیت. سەری گولـلەکە ماچ دەکەیت و لە دەمتی دوور ناخەیتەوە. لەبەرخۆتەوە دەڵێیت؛ “دەبێ سەری ئەم گولەیە لەکوێوە بچێتەوە ناو جەستەم و ڕوحم ئازاد بکات، لە دەمم، یان چاوم…چاکتر نییە لە نێوچاوانمەوە سەرم بپرژێنێت ) گولەکە دەخه‌یتەوە گیرفان.. دوای چوار خولەک، دەری دەھێنیت و ماچی دەکەیتەوە، بە ڕووی گوللـە گووەکە دەڵێیت: “ئەوانەی لە ڕێی تۆوە دەمرن؛ مردوون، بەڵام من بەدەستی خۆم نەمریت لێ ھەڵدەچنم. لە تۆوە بەشوێن خۆمدا دەگەڕێم)  نازانم کام گولـلە تۆی فێری نەمریی کرد.  گولـلەکەی ھێمێنگوای! یان مردنی تر ھەیە لە شێوەی خودامردووەکەی نیتچە. ئانکوو موژدەی مردنی مرد لە پەیڤەکانی خوداوە!

بیرت ماوە یان لە نامەیەکدا بیرت بخەمەوە، چەندان جار تۆ گووتووتە: “من دەبێ بمرم.. دەبێ بمرم تا بتوانم ئەم چیرۆکە بگێڕمەوە، کە تا ئێستا نەمگێڕاوەتەوە. دەبێ بمرم بۆ ئەوەی نیشانی ھەمووانی بدەم نەمریی چییە؟ ھەر دەبێت شتێک لە مندا بمرێت بۆ ئەوەی نەمرم.. دەبێ بێتھۆڤن، مۆدلیانی و مۆزارت چیان لە خۆیاندا مراندبێت، کە نەمرن. دەبێت من بمرم.. ھەر دەبێ بمرم”.

گولـلەکە بۆن دەکەیتەوە و دەڵێیت: مردن سەرەتا و دەستپێکردنەوەیەکی ترە… دەگەیتە گۆڕەپانی جەنگ و پێتوایە گەیشتووی بە ژیان و ھاوار دەکەیت: بۆیە جەنگ ھەڵگیرساوە  تاکو بمرین بۆ ئەوەی مانا بە ژیان و مانەوە بدەین…فیشەکەکەی ناو کۆمەندۆکەت بەرز دەکەیت و ماچ بارانی دەکەیتەوە. دڵخۆشیت بەوەی ھێندەت نەماوە بمریت.  وا ڕەفتار دەکەیت لە ھەمان شێتی دەم بە قاقاکەی کۆڵانی خۆتان دەکەیت. پێتوایە جوانیی، بلیمەتی، نوسین و نەمریی، مردنێکیان گەرەکە.

بە بەرچاوتەوە موشەکێک بەر ھاوڕێکانت دەکەوێت و دەبێ بە ھات وھاوار، کەچی تۆ پێتوایە مردنێک بانگتدەکات بۆ نەمریی. جەستەی بێ پەلوپۆ کەوتوون، سەر لە جەستە جیا بۆتەوە، ئەو ناوە لە تابلۆیەکی خوێناوی دەچێت، دەشێ بە دەستی نەخوێندەوارێک کێشرا بێت. وەلێ تۆ ھەلھەلەی مردنێک لێدەدەیت و تاقانە فیشەکە نەمرییەکەت ماچدەکەیتەوە و دەیخەیتە ناو فیشەکدانی دەمانچەکەی بەر پشتت… سواری دەکەیت، پاشان لوولەی چەکەکەت لە دەمت نزیک دەکیتەوە و دەیخەیتە سەر نێوچەوانت، لەتەنیشتەوە لوولەکە بەسەرتەوە دەنووسێنیت، دیسانەکە ماچی سەر لوولەی چەکەکەت دەکەیت و بەبەر خۆتەوە قسان دەکەیت. مۆڕە دەکەیت و خێسە لەو سەربازانە دەکەیت، کە خۆت لێیان پەرێز داوە و بە بەردەمتدا ڕەت دەبن. موچڕکێک دەکەیت و بێ ئەوەی پێبزانی خەڵک دەبیستێت یانە نا لە تر دەدەیت، دەڵێیت: ھاکا مردن گەیشت… ئیتر دەمرم و ئەم چیرۆکە دەنوسمەوە کو تائێستا نەنوسراوە! وەلێ دیسانەکینێ خاو دەبیتەوە و تیلە چاوێک دەگریتەوە فیشەکەکەی ترت.

                                         سلڤادۆر دالی ؛ خەوتن ١٩٣٧ – سوریالزم

بۆنی دووکەڵ و تەپوتۆز، باڕووت و خوێنی لاشە مردووەکان وا مەستیان کردوویت، ھەنگاوەکانت گورجتر دەکەیت بۆ مردن. ھاڵاویی گەرمی جەستە زامدارەکان، کەیف خۆشت دەکەن. مردنەکەی مردن و دوا ڕۆژەکانی ئالان پۆ و چارەنوسی نیچە، چەکە دوو لوولەییەکی ھەمینگوای دێنیتە بەرچاو. گوتافی من دەبێ بمرم بۆ ئەوەی هەقیقەتی بوون و ڕەسەنایەتی خۆم بدۆزمەوە دەڵێیتەوە. دەستێک بە پاشەسکووردت دادێنیت.. فیشەکەکە لە چەکەکەت دەردێنیت و دواین ماچی دەکەیت. نائاگا بۆ جاری سێیەم دەیخەیتەوە ناو چەکەکەی دەستی چەپت. ھەم دیسان لوولەی تفنگەکە ماچ دەکەیتەوە، دەڵێی: دەبێ شتێک لەمندا بمرێ بۆ ئەوەی شتێک بنوسمەوە.

دەتویست ببیت بە قاتیلی گیانی خۆت و شانازیت بەم قاتیلبوونەوە دەکرد، وەک چۆن دواجار خودا دەبێت بە قاتیلی خودی مردن و مرۆڤەکانیش بە بکوژی خودا.

دەنگی گولـلەیەک دێتە بەرگوێت، ئاوڕ دەدەیتەوە.. .بەردێک بەر جامی پەنجەرەی ژوورەکەت کەوتووە و تەپڵەکەی بەردەمت شکاوە، سیگارەکە ھەڵدەگریتەوە. ھەناسەیەک ھەڵدەمژیی و دەڵێیت: گەر خودی مردن ڕۆژێک بمرێت، ئەی دەبێ نەمریی چۆن بەدەست بێت؟ لەودەست بۆ ئەودەست فیشەکەکە.. فیشەکەکە دەکەوێت. بێتاقەتیت لێدەچۆڕێت و تینی خۆرەکەش لەولا بووەستێت. چاوت دەکەوێتەوە بەر پەنجەرە شکاوەکە، خۆشیت لە ھاوێشتی ئەو بەردە نایەت، کە تەنیایی پچڕاندی، ئاخر بۆ تۆ تەنیایی زەنگینییە. گولـلەکەی گیرفانت دەردێنی و لە تەنیشت تیانووسەکەتی دادەنێیت. پاشان ھەڵدەستیە سەرپێ و سڵاو لە بێ ئومێدییە ھەمیشەیەکەت و تەنیایەکەت دەکەیت. پەنجە بۆ پێکردنی سۆناتایەک دەبەیت و ئینجا دەست بە تەواوکردنی ئەم نوسینە دەکەیت، کە خەریکیت. لەگەڵ بیستنی موسیقاکە گرژبوونێک دەقەومێت، دەپەشۆکێیت، پەنجەت دەکەوێتە سەر پلاپیتکەی دەمانچەکەت و ئاخێکت دەبیستی، نووزەیەک دێت: نەمریی نەمریی…

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی