مەسعود بارزانى میراتى شۆڕش و شاخ و موخابەرەتەکان و هەڵگری ڕۆحى مەلا موستەفا و زەرورەتى مێژوویی بۆ دەستبەسەراگرتنى هەژموونى بنەماڵەی بارزانى بەسەر تەواوى هەر چوار پارچەى کوردستان. عومەرى سەید على میراتى نەوشیروان مستەفا و ناچارییەک بۆ ئەوەى گردەکە و بزووتنەوەى گۆڕان هەر هیچ نەبێت بەم دۆخەى ئیستاوە بمێنێتەوە و پارچە پارچە نەبێت.
لە ڕووى جەماوەرییەوە بارزانى کارئەکتەرێکى کاریزمى سەرەکى ناو ڕووداوە میژووییەکان و سەرکەوتنى شۆڕشەکانە (تکایە دەڵێین لە ڕووى جەماوەرییەوە، نەک واقیع). ئەمە شەرعییەتى شۆڕشگێڕییە، سەرکەوتنى شۆڕشیش پەیوەستە بەو کارئەکتەرەى ئێستا لە گۆڕه‌پانی سیاسیی‌دا هەر وەکو بکەرى سىەرەکى هەیە، ئەمە دانەبڕانە لە شاخ و شۆڕش بۆ کۆمەڵگەکەمان گەورەترین مه‌ترسی مێژووییە و ئێستا لەناو باجەدانى ئەو دۆخەین.
ئەم دانەبڕانە لە دۆخى شۆڕشگێڕی چەندە خەتاى شۆڕشگێڕەکانى دوێنێیە، چەندە خەتاى بارزانییە، دەیان ئەوەندە خەتاى فەزاى ڕۆشنبیرییە، چونکە فەزاى ڕ‌ۆشنبیرى و نوسەران نەیانتوانی تەنانەت دواى شەڕی ناوخۆش گومان لە شۆڕش بکەن، شرۆڤه‌ی بۆ شۆڕش بکەن، ئایا بە جدى ئەوانە شۆڕشگێڕبوون؟ ئایا ئەوە شۆڕش بوو؟ ئایا ئەوە چ شۆڕشێکە لە ساڵى پەنچاکان و شەستەکان لەناو گەرمەى دۆخى بەرەنگارى بەعس، خۆت کەلتورى بەعس بەکاربهێنیت؟ ئایا ئەو چ شۆڕشێکە دەرئەنجامەکەى نزیکەى ٢٠٠هەزار شەهید و ئەنفال بێت؟ ئایا ئەوە چ شۆڕشێکە نیشتیمانێک خوێنى لەبەر بڕوات و دواى خۆت بێیت و شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسێنی؟ ئەگەر گریمانەیەک دابنێین شۆڕشی کوردى نەکرایە بەعس چەندى لی دەکوشتین؟
ئەم پرسیارانە نەکرا، بۆیە هەر زوو شۆڕش بە سەرکەوتنى یەکجار گەورە تەفسیر کراو کارئەکتەرەکانیش بە دۆخێکى (پاڵەوان و هێزێکی ئایدیالى خواوەندى) هاتنە ناو نەوەى نوێ و شار، دۆخێکى لەو شێوەیە کە هەرگیز تا مەرگیان ناتوانین تێ‌یان پەڕێنین.

بەڵێ، بارزانى لە ڕووى دۆخى پۆپۆلیستییەوە خاوەنى ئەو مێژووە پاڵەوانەیە، خاوەنى حیکایەتى گەورە گەورەى هەم ڕابردووە، هەم شۆرشە. هەرچى عومەرى سەید عەلییە یەکێکە لە کارئەکتەرەکانى شۆڕش بەڵام بۆ (دۆخى جەماوەریی) خاوەنى هیچ حیکایەتێکى گەورەى ڕابردووی شۆڕش نییە، ئەم پیاوە وەکو باوکم لەوانەیە خاوەنى دەیان داستانى مێژووی گەورەى شۆڕشیش بێت، بەڵام داستان و حیکایەتەکان نەگەیشتووەتە دۆخێکى سایکۆلۆژى جەماوەریی.
لە ئێستادا گەورەترین مه‌ترسی بۆ باشوور و دۆخى سایکۆلۆژیا تاک و سۆسۆلۆژیای کۆمەڵگە ئەوەیە سەرکردەیەکى مێژوویی بێت، بەڵام خاوەنى مێژوو نەبێت. ئەم مه‌ترسیه ئەوەیە بەشى زۆرى کۆمەڵگەى کوردى تا ئێستاش، لەناو ئه‌قڵیه‌تیان له‌ناو میراتى کولتورى شۆڕشگێڕى شاخاویی و حیکایەتى گەورەى لە مێژینە ڕزگاری نەبووە، ئەم بەشە تا ئێستاش ناتوانن بێ بوونى پێغەمبەرێک خۆیان ببینن، ناتوانن بێ بوونى سەرکردەیەکى کاریزمى، چاک و خراپ لێک بدەنەوە.
هەرچى بەشی دووەمى کۆمەڵگەى کوردیش لەناو دۆخى نوێگەران و میراتى شۆڕشگێڕی ڕەتدەکەنەوە، ئەمانە بەشى زۆرى گەنجانى دواى نەوەدەکانن، حەز دەکەن ئەو پیرو پەکەوتانە نەبینن، ئەوەى تایبەتە بە (عومەری سید عەلی) نە خاوەنى میراتی شۆڕشگێڕیی و حیکایەتى گەورەیە بۆ بەشێکى ئەو کۆمەڵگەیە باسمان کرد. نە خاوەنى دۆخە بایالۆژییە گەنجانەکەیە بۆ نەوەى نوێ.
لە دۆخى سۆسۆلۆژیایی کۆمەڵگەى کوردی‌دا تا ڕادەیەکیش لە جیهاندا دوو بنەماى سەرەکى دەبێتە جەوهەرى بوون بە سەرکردە.
یەکەمیان: کاریزمابوونێکى پۆپۆلیستى.
دووهەمیان: کاریزمابوونێکى ئەقڵانى.
ئەم دووە لە بنه‌ڕه‌ته‌وه دژى یەکن، بەڵام دەبێت ئاگاداربن ئێمە باسى سەرکردایەتى سەرکەوتوو دەکەین. بارزانى گەورەترین سەرکردەیى کاریزمی پۆپۆلیستییە، بۆیە ئەو سەرکەوتنە گەورەى هەیە چونکە خۆشى بە ئەندازیارى دۆخى دروستکردنى دۆخى پۆپۆلیستى دادەنرێت. هەرچەندە دیوە ئەقڵانییەکەى لە غیابێکى گەورەدایە، بەڵام چونکە لە دۆخى پۆپۆلیستى کاریزمایەکى ئاسایی نییە دۆخی عەیبە ئەقڵانییەکەى شاردۆتەوە.
هەرچى (نەوشیروان مستەفا )بوو، خاوەنى هەردوو (کاریزما- بوون) بوو، بەڵام گەورەترین کێشەى نەوشیروان مستەفا ئەوەبوو هەرگیز وەکو سەرکردەیەک مامەڵەى نەدەکرد، هەرگیز دیووە کاریزمابوونە پۆپۆلیستییەکەى بەکارنەدەهێنا.
بە ڕاى ئێمە لەم سنورانەى ڕۆژهەڵاتدا دەکرێت کاریزمابوونێکى ئەقڵانیت نەبێت، بەڵام هەرگیز ناکرێت کاریزمابوونێکى پۆپۆلیستیت نەبێت، یەکەمیان گەر نەشتبێت دەتوانرێت بەڕاویژکار و پیاوانى دەووروبەرت پڕبکرێتەوە، بەڵام دووەهەمیان دۆخێکى سروشتى ئینسانە و ئه‌سته‌مه بتوانیت چاکى بکەیت، یان ئەو نەقسە پڕبکرێتەوە.
هەرچى تایبەتە بە (عومه‌ری سید عەلی) بە ڕای ئێمە هیچ دیوێکى کاریزمابوونەکانى تێدا نییە. نە ئەو کاریزما بوونە ئەقڵانییە کە هۆشیارى هەبێت لەسەر تەواوەى تۆڕە جەنجاڵ و جاڵجاڵۆکەکەى دەسەڵات کە زۆر بە نادیارى و شەیتان ئاسا خۆی بەسەر تەواوى کۆمەڵگە دەسەپێنێت، نە دیووە ئیشکردنە ئیقلیمى و نیودەوڵەتێکەى کە هەر لە موخابەراتەوە دەستپێدەکات تا دۆخى ئابورى و دۆخى پەیوەندی لە میژینەیی بۆ ئیش‌کردن.
ئەگەر ئەم دیوە ئەقڵانییە ئەم ڕاستیانە نەبینێت و لەناوى نەبێت چۆن دەتوانێت ڕووبەڕووى دەسەڵات بێتەوە و دۆخى بەرەنگارى دابڕێژێت؟ لە لایەکى تریشەوە دیوە کاریزمابوونە پۆپۆلیستێکە ئەوەیە کە (لینین) دەڵێت: دەبێت ئایدیاى شۆڕش لەگەڵ میزاجى جەماوەر یەکبگرێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوەى دیوە ئەقڵانییەکە تێکەڵ بە میزاجى جەماوەر و کۆمەڵگە بکات بۆ ئەوەى بتوانێت کۆمەڵگە بەرەو لەخەو هەستان ببات، چونکە کاریزمابوونى پۆپۆلیستى (بارزانى) ساڵانێکە کۆمەڵگە دەکوژێت و دەخەوێنێت، دەبێت لەبەرانبەردا کاریزمابوونێکى پۆپۆلیستى تر هەبێت کە دۆخە ئەقڵانێکە بگەیەنێت و بتوانێت کۆمەڵگە لەو خەوە قوڵە و ئەو هەموو دواکەواتووییە هەیە ڕزگار بکات.
بارزانى بەهۆى ئەو کاریزمابوونە پۆپۆلیستییەى هەیەتى دەتوانێت بە جوڵەیەک، بە تاکتیکێکى سیاسی خراپترین بارودۆخى خۆی و حزبەکەى بگۆڕێت بۆ باشترین بارودۆخ، بەڵام (عومه‌ری سید عەلى) بەهۆى نەبوونى کاریزمابوونى پۆپۆلیستى ناتوانێت باشترین بارودۆخى خۆى و بزووتنەوەکەشى بگەیەنێت و مانفێستى بکات.
بۆ نمونە: دۆخى هەڵبژاردنەکانى نێوخۆى گۆڕان، ئەگەر سید عەلی کاریزمابوونێکى پۆپۆلیستى هەبایە دەیتوانى بەو گوتارەی دواى هەڵبژاردن دەیدات، مێژوویەک بۆ بزووتنەوەکە بنوسێتەوە و گەورەیی و هەستانەوەى گۆڕان دواى مەرگى کاریزمابوونەکەى کە لەم ڕۆژهەڵات دەگمەنە مانفێست بکات. بەڵام چونکە ئەو کاریزمابوونەى نییە، چونکە حەماسەتى وتاردانی نییە، چونکە دەستەکانى ناتوانێت ڕابوەشێنێت تا ئاماژەى گەورەى دیبلۆماسى و ڕەمزى گەورەى سیاسی بدات چونکە (دەست دەتوانێت دەستکاری دونیا بکات*)، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنەکانیش هەستانەوە و گەورەیی بزووتنەوەى گۆڕان و سەرکەوتن بێت بەو گوتارە و نەبوونى گوتاری کاریزمابوون سەرەکەوتنەکان بچوکدەکاتەوە تا ئاستێک کە نەک گرنگی نییە بەڵکو دەبێتە بارێک و عەیبێک بەسەر بزووتنەوەکە.
لە پارتیدا سەرۆک یەکسانە بە حزب، بە دەوڵەت بە حوکمەت، بە تەواوى ئۆرگانەکان، واتە بێ بیرکرنەوە لە مانەوەى سەرۆک و خزمەتى سەرۆک و خێزانەکەى هەموو کارەکان دەچنە خانەیەکى پووچەوە. هەرچی لە گۆڕانە سەرۆکایەتى لەسەر بنچینەیەکى دیموکراسى بونیادنراوە، ڕۆڵێكی کاریگەرى نییە، بەڵام ئەم دۆخى بۆ پارتى چەند هەڵەیەکە هەموو شتێک یەکسان بکەیت بۆ خۆت لەسەر ئەساسى ئەو دەورەى (کاریزمابوونەى پۆپۆلیستى و دۆخى پۆپۆلیستى کۆمەڵگە) دوو ئەوەندى مه‌ترسیدارتر لەوەیە ڕێكخەر یان سەرۆکێک ڕۆڵێكی گاریگەرى نەدرێتێ، چونکە کۆمەڵگەى کوردى لەناو دۆخى (خیتابى سەرکردە) فریادڕەسى سەرکردە، ئایدیالى سەرکردەیە و تا ئێستاش نا‌توانیت بێ بوونى پێغمبەرێکی سەرکردە و فریادرەسى دەستى سەرکردە خۆى ببینێتەوە، ئەمەیان دەیان ئەوەندى چەمکە قەبەکانى دیموکراسى و ئازادى و مۆدیرن سوودی زیاترە، بۆ گۆڕان زۆر باشە ئەم چەمکانە بوونى هەبێت، بەڵام ناکرێت لەسەر حسابی سەرکردەیەکى کاریزمایی بێت.
هەڵبژاردنەکانى بزووتنەوەى گۆڕان بۆ ئەوە نەبوو سەرکردەیەک، یان قاعیده‌یه‌ك دابنرێت بۆ ئەوەى ڕووبەڕووى پارتى بێتەوە، بۆئەوەى ڕووبەڕووى ئەو هەموو تایبەتمەندییە (دواکەتووەى) کۆمەڵگەى کوردى بێتەوە. بەهۆى ئەو هەموو تایبەتمەندییە (دواکەوتووەى) کە لە بەشى پێشتر باسمانکرد و ئەو دۆخە (ناپەروەردەییەى) لەناو بزووتنەوەکە هەبوو هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەبوو، گۆڕان بمێنێتەوە، گۆڕان پارچە پارچە نەبێت. گۆڕان بەردەوام بێت، لەسەر ئەم مانەوە و بەردەوامییە و وەفابوون بۆ ڕۆحى (نەوشیروان مستەفا) ڕێكخەر هەڵبژێردرا. عومه‌ری سید على توانى گۆڕان بهێڵێتەوە، توانى نەهێڵێت گۆڕان پارچە پارچە ببێت.
لە هەندێک بارودۆخێکدا گەورەترین سەرکەوتن ئەوەیە نوشست نەخۆیت، بەڵام ئەمە حاڵەتە بەردەوامییە و (بەرگرییە) لە سیاسەت قبوڵ نییە. سید عەلى هاوشێوەى ئەو پێشمەرگەیه بوو كه‌هاوڕێ بریندارەکەى ڕزگار دەکات، بەڵام کە ڕزگارى کرد ناتوانێت چارەەسەرى بکات، بەڵکو چارەسەر بە دکتۆر دەکرێت.
دۆخى ڕزگاربوون بدەنە سەید عەلى، بەڵام دۆخى چارەسەر بە ئەو ناکرێت، لە ئێستا گۆڕان لە بریندارى ڕزگارى بووە بەڵام پێویستى بە چارەسەرە. لە نوشستى ڕزگاری بووە، بەڵام پیویستى بە بە سەرکەوتنە، لە بەرگى ڕزگارى بووە، بەڵام پیویستى بە هێرشە.
ئەمەش بە چى دەبێت، بە سەرکردەیەک کە هەموو دیوو و یارییە شەیتانییەکانى دەسەڵاتى فاشیزم بخوێنێتەوە، بە سەرکردەیەک بۆ ئەوەى نەبێتە بەشێک لە فاشیزم هۆشیارى بەرانبەر دەمامک و بەرگى جیاواز و ڕەنگی نوێی فاشیزم هەبێت کاتێک دەیەوێت خۆى نوێبکاتەوە. سەرکردەیەک هۆشیارى هەبێت بەو هەموو ئەو (دواکەتوویی و گێلى و نەفامى و خیانەت و بەکرێگیراو و ئایدۆلۆژیانە)ى کە فاشیزمی پارتى کۆمەڵگەى کوردى تووشکردووە، لەبەرانبەردا دۆخى ڕزگارى لەدەستى فاشیزم دابڕێژێت، سەرکردەیەک دۆخى کاریزمابوونى پۆپۆلیستى ئەوەندە کاریگەر بێت، بتوانێت کۆمەڵگەى کوردى لەو خەوە قوڵە هەڵبستێنێت. ئەگەر سەرکردەیەکى لەو شێوە باسمانکرد بوونى نەبێت لە جیاتى ئەوەى سەرکردەکە دۆخى ڕزگارى دابڕێژێت خۆى دەبیتە بارێکى گران بە دەست ئەوانەى دەیانەوێت ئیش بکەن بۆ دۆخى ڕزگاریی لە زیهنیتى و دەستى فاشیزم .
په‌راوێز
-
(دەست دەتوانێ دەستکاری دونیا بکات). سەرچاوەکەم بیر چووە. – کتیبی شیعری، مرۆڤێک لە نزیکمانە، شیعری پیاوێک هەمیشە لێمان نزیکە ، تەیب قادر، ساڵی چاپ ۲۰۱۷.

تێبینی سه‌رنوسه‌ری* (كو‌لتور مه‌گه‌زین) له‌مه‌ڕ ئه‌م گوتاره :
یه‌كه‌م: هه‌رگیز پۆپۆلیستی ناتوانێت گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا دروستبكات، چونكه كۆی پۆپۆلیزم لێدان و گه‌مه‌كردنه به‌پرنسیبه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو، لێره‌وه نازیزم و فاشیزم باشترین نمونه‌ن. برێكست له‌بریتانیان كه‌له‌لایه‌ن UKP كه‌پارتێكی راستڕه‌وی پۆپۆلیسته ڕابه‌رایتی كرا، توانی برێكست (چوونه ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له‌یه‌كه‌ی ئه‌وروپی) بكاته ئامانج و خه‌ڵك ده‌نگی بۆبدات، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا گرفتی گه‌وره‌ی ئابووری بۆ بریتانیا هێناوه.
له‌ڕووی فیكریشیه‌وه پۆپۆلیزم ده‌نگێكی ماسكۆلینیزمی پیاوگه‌رایه، كه‌باز به‌سه‌ر جێنده‌ر و ڕه‌گه‌زدا ده‌دات، به‌ڵكو ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ئه‌نتی جێنده‌ری و ئه‌نتی ژنی له‌ناو پۆپۆلیزمدا كولتوره. هه‌ره‌ها ده‌بێت ئاوڕ له‌پۆپۆلیزم بده‌ینه‌وه له‌شۆڕشی فه‌ڕه‌نسیدا كه‌كۆی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی به‌ره‌و كه‌سی (ڕۆپسپێر) برد، چونكه ڕۆپسپێر ده‌یتوانی جه‌ماوه‌ر هاندبدات، مێگه‌لی جه‌ماوه‌ری یان مۆبی دروستكرد، ده‌رئه‌نجام ڕۆژانه پاریس سێ سه‌د سه‌ری به‌ناو نه‌یارانی شۆرشی ده‌په‌ڕاند. شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر له‌دواجاردا بوو به‌ده‌وڵه‌تێكی ترسناكی كه‌خاوه‌نی به‌ندیخانه‌ی گه‌وره‌بوو كه به‌گولاك ناسرابوون، نمونه‌یه‌كی پۆپۆلیزمه كه‌دواجار له‌ئه‌زمونی ده‌وڵه‌تدا هه‌ره‌س دێنێت.
دووهه‌م: تێبینیمان ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیری كوردی به‌درێژایی ئه‌م ساڵانه نه‌یتوانیووه ڕه‌خنه له‌شۆڕش بگرێت. ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بۆ گۆڤاری بوون، ئازادی ، ڕه‌هه‌ند ، كۆنسێپت، و ئه‌و نوسه‌رانه‌ی ساڵانێكه تێزه‌كانی وه‌ك (كاكردن له‌ڕبوردوو) و فاشیزم، دیالۆگی كۆمنیكاتیڤانه، ئه‌نفال ، جه‌لاد و قوربانی ، ده‌سه‌ڵات وه‌ك دیسكۆرسیان هێنایه ناو فه‌زایه‌كی رۆشنبیری كه‌پڕی بوو له‌جوینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی به‌رگری و ئایدۆلۆژی و دۆگماتیزم . خۆیان له‌ناو شۆڕشدا بوون و نه‌وه‌ی جه‌نگ بوون، ئاوه‌ها له‌ڕێگه‌ی چه‌نده‌ها چه‌مكی ئاوه‌ها دونیای كوردیان شرۆڤه كردووه، لێره‌وه ئه‌م گوتاره ڕه‌هاییه‌كی گه‌نجانه‌ی تێدایه كه‌تێگه‌یشتنمان هه‌یه بۆی.
سێهه‌م: به‌ڕێز (عومه‌ری سه‌ید عه‌لی) كاركته‌ره‌كی سیاسی و ئه‌قڵێكی پلاندانانی سیاسییه. پیاوێكی ساده و ساكار، به‌ڵام پشكی شێری له‌سامانی شۆرشگێڕی به‌رده‌كه‌وێت، له‌وانه‌یه له‌زۆر خاڵی سیاسی‌دا له‌گه‌ڵیدا جیاواز بین، به‌ڵام مرۆڤێكه نه‌رمتر له‌مه‌سه‌له‌كه‌نا ده‌ڕوانێت، ده‌زانێت كه پۆپۆلیزم جۆرێكی دیكه‌ی به‌عسیزمه. ئه‌م پیاوه كه‌خۆی له‌پشته‌وه داده‌نیشێت، نایه‌وێت ببێت به‌قائیدی زه‌رووره ده‌یه‌وێت، مۆدێلێكی سیاسی پێشكه‌ش بكات، كه‌له‌وانه‌یه له‌زۆر ڕووی فیكرییه‌وه له‌گه‌ڵیدا ناكۆك بین، به‌ڵام له‌ڕووی ئه‌وه‌ی كه‌ده‌یه‌وێت به‌و ساده‌ییه‌ی له مۆدێله كۆنه‌كه بدات، خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی كولتورییه، له‌پاشه‌ڕۆژه كریستالیزه ده‌بێت.
وه‌كیتر سوپاسی نوسه‌ری بابه‌ت كاك (ڕزگار عه‌لی) ده‌كه‌ین كه‌هه‌موو جارێك گفت‌و گۆی جیدی له‌مه‌ڕ ئه‌قڵی سیاسی كوردی ده‌هارووژێنێت.
*ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مه‌ین
ته‌واو