“کەلتور مەگەزین” شکاندنی تابۆکان!

Loading

هەوڵێکی نوێە بۆ بڵاوکردنەوەی هزر و بیرکردنەوەی فەلسەفی. دوور لە ستیاشی بەڕێوبەرانی ماڵپەڕەکە دەتوانم بڵێم یەکەمین ماڵپەڕە بەشێوەیەک لەشێوەکان زۆر دەرگای داخراوی کردۆتەوە، هەڵبەت من لەچاوەڕوانئ ئەوەدام کە ئەم ماڵپەڕە زیاتر کار بۆ کرانەوەی فیکری و ڕۆشنبیری بکات. بابەتگەلێک بوروژێنێت کە لای کۆمەڵگەی کوردی و بگرە ڕۆشنبیرەکانی کورد بە بابەتێکی نامۆ و هێڵی سور هەژمار دەکرێن.بەڕێوبەرانی ئەم پرۆژەیە کە نووسەر و ڕۆماننوس (ئیسماعیل حەمە ئەمین) و (میران ئەبراهام) سەرپەرشتی دەکەن ئەزمونێکی باشیان هەیە لە بواری نووسین و وێنا کردنی واقیعی ڕۆشنگەری کوردی. ئەم ماڵپەڕە هەنگاوێکی نوێیە بۆ پڕ کردنی عەقڵی تاکە کەس بە هزری نوێ، بە هۆشیاریەکی سەردەمیانە وتاری فەلسەفە و هونەر و سیاسەت و ئەدەب بۆ ئێمە دەگوازنەوە، هەرچەندە بەکارهێنانی دەستەواژەی بیانی بۆ ئەم ژانرانە ڕەنگە شتێکی نوێ بێت بۆ خوێنەری کوردی بەڵام ئەمەش خاسڵەتێکی تری گۆڤارەکە نیشان دەدات کە هەوڵ دەدرێت وشەی بیانی تر بێتە زمانی کوردی لە سنوری خزمەتکردن بە نووسین. لەهەمان کاتیشدا ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندیش دەتوانێت ئەم گۆڤارە بە سەرچاوەیەکی کەلتوری کوردی دابنێت، بەو پێییەی سەرچاوەی بابەتەکانیان لەشوێنی باوەڕ پێکراو وەردەگرن.

Skærmbillede 2015-05-28 kl. 20.38.01یەکێک لە گرنگترین مەسەلەی کەلتوری کوردی وتاری فیمینیستیە کە دەتوانم بڵێم کەلتور مەگەزین هێڵێکی ڕاستی کێشاوە بەو ئاڕاستەیە. هۆشیاری فیمینیستی کە زۆربەی نووسەرانی ئەم هاوپۆلە خانمانن بەڵام جوانە کە دەستەواژەی هۆشیاری فیمینیستی بەکارهێنراوە، چونکە ئێمە بێزار بوین لە وتاری ژنان و ئافرەتان و هتد، ئێمە بە هەردوو ڕەگەزمانەوە پێویستیمان بە هۆشیاری هەیە، بزانین مێ چی دەوێت؟ چۆن خۆی ئامدەدەکات بۆ ئازادی خۆی؟

خاڵێکی تر کە بە جیاکەرەوەی گۆڤار و ماڵپەڕەکانی تر دادەنرێت، شرۆڤەی ڕادیکاڵی ئیسلامی و عەقڵی داخراوی ئەو ڕەوتەیە، دانانی کاریکاتێرکانی گۆڤاری ”شارلی هابیدو” بوێری و تایبەتمەندی کەلتورمەگەزین دەردەخات.
Skærmbillede 2015-05-28 kl. 20.09.12

بە بڕوای من کەلتور مەگەزین بە شێوازێکی نوێ دەیەوێ لە پرسی ئێستا بڕوانێت، نوسینی فەلسەفە بەشێوەیەکی تر پێشکەش بە ئێمە دەکات، بەجۆرێک حەزی گەڕان و تێفکرین لەلامان دروست دەکات.

ئەوەی لای من پێویست بووە لەم گۆڤارە بوێرە هەبێت ئەوەیە کار لەسەر نوسینی جەستە بکات، جەستە وەک بەشێکی گرنگ لە هونەر و شانۆ و سینەما و تەنانەت کار بۆ شێوازەکانی ئاماژەکانی جەستەش بکات لە گشت بوارەکان، لەو باوەڕە دام کە بەڕێوبەرانی ئەم گۆڤارە بایی ئەوەندە بوێرن کە بتوانن باس لە  پرسێکی وەک جەستەی ڕووت بکەن و خوێندەوەی تایبەتی بۆ بکات.

ڕەنگە من لە خاڵێکدا بوەستم و بیر لەوە بکەمەوە دەکرێت ئەو گۆڤارە زیاتر پاڵپشت بکرێت لەلایەن خوێنەرانی خۆی، لەلایەن نوسەرەکانیەوە و هەوڵی فراوانکردنی چالاکیەکانی بدات، بانگهێشتکردنی کەسایەتیە تایبەتمەندەکانی کەلتور و بە کوردی کردنی بیر و ڕا نوێکانیان بۆ دیدی خەڵک.

ڕێگای شکاندنی تابۆکان دوور و سەختە بەڵام هەمیشە دەستپێکی ڕۆشنگەری لە یەکەم هەنگاوی خۆنەویستیەوە هاتووە، ئومێدی پێشکەوتن و زیاتر بەردەوامیان بۆ دەخوازم.