تابلۆی زەیتی؛ پلاتۆی پیر لەگەڵ ئەرستۆی گەنج - ئەکادیمیای یۆنانی

تێگەى میمێزیس لاى ئەریستۆتێلیس


Loading

                                                     پێشگۆتن

گریکەکانى ئەنتیکە بەهایەکى هونەریانەى مەزنیان بە میمێزیس دابوو، لێ پلاتۆن بۆ یەکەم جار واتاى ئەم تێگەیە وەردەچەرخێنێت(1)، ئەویش بەوە کە دەیخزێنێتە نێو چێوەى “دەروێنە”وە، واتا وەک لاسایى جیهانى ئەزموون (ئەمپیری) دایدەنێت. لێ ئەڕیستۆتێلیس (2)، بە پێچەوانەی پلاتۆنی مامۆستای، سەرلەنوێ واتایەکى مەزنى هونەریى پێدەداتەوە و لەپاڵ فەلسەفەدا دەیکات بە بوارێکى ئۆتۆنۆم.

ئەڕیستۆتێلیس بە تایبەتى لە نووسینى “پۆئێتیک”دا (“لەبارەى هونەرى هۆنینەوە”، “فن الشعر”) گۆڕان بە تیۆریى میمێزیس دەدات. تێگەى میمێزیس وەک هێڵێکى سوور وایە کە بەنێو سەرجەم “پۆئێتیک”دا درێژ دەبێتەوە. لێ ئەڕیستۆتێلیس بە هیچ شێوەیەک ئەم تێگەیە ڕوون ناکاتەوە، تاکو خوێنەر بزانێت داخۆ میمێزیس لای ئەو چە کرۆکێکی پێدەدرێت. بێگومان پرسیارانى وەک: داخۆ میمێزیس لاى گریکەکانى ئەو دەمە تێگەیەکى بڵاو بووبێت و لەبەر ئەم هۆیە ئەڕیستۆتێلیس بە پێویستى نەزانیبێت پێناسەى بکات، یان داخۆ “پۆئێتیک” موحازەرەیەکى ئەو بێت بۆ فێرخوازەکانى، ئەوانیش لە سەرەتاوە زانیبێتیان مامۆستاکەیان چە پێناسەیەکى بۆ میمێزیس هەیە، بە کورتی ئەمانە پرسیارى ئەوتۆن کە ئەمڕۆ شیاوى وەڵامدانەوە نین.

توێژەری “پۆئێتیک” ئەڕیستۆتێلیس هاوکات دەکەوێتە بەردەم دوو کێشەى کرۆکى: یەکەمیان ئەوەیە، کە ئەم کارە بە ناباشى لە شێوەى نەخشەى نووسینێکدا گەیەنراوە؛ دووەمیان ئەوەیە، کە ئەڕیستۆتێلیس لە “پۆئێتیک”دا دەبێژێت، گۆیا ئەو لە جێیەکى تایبەتیى (نووسینەکەى / موحازەرەکەى)دا خۆى بە کۆمیدیاوە خەریک دەکات. لێ ئێمە لە “پۆئێتیک”دا هیچ خۆتەرخانکردنێکى تایبەتیى ئەو بۆ کۆمیدیا نابینین، ئەم کەلێنەش توێژەرانى ئەڕیستۆتێلیسى بەوە گەیاندووە، کە ئەم بەشەى کۆمیدیا بە گومبوو دابنێن. ئەم کەلێنە کاریگەریى لەسەر تێگەیشتنێکى نزیکى پۆئێتیک و لێرەشەوە لەسەر تێگەى میمێزیس هەیە.

ئێمە لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەین لەسەر زەمینەى فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس لە تێگەیشتنى ئەو بۆ داڕشتنى میمێزیانە نزیک بکەوینەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەپاڵ نووسینى “پۆئێتیک”دا – کە بابەتى سەرەکى دەمێنێتەوە – نووسینى دیکەى فەلسەفەیى ئەو ڕەچاودەکەین.

ئێمە هاوکات گەرەکە ئاماژەیەک بۆ ئامانجى سەرەکیى ئەم توێژینەوەیە بدەین. لەم توێژینەوەیەدا دەمانەوێت لە لایەک ئەو ڕاستییە ساغبکەینەوە، کە میمێزیس لاى ئەڕیستۆتێلیس تەنیا لە ڕەوشی “دانەوەى ڕیالێتیى دراو”دا دەشێت بە لاسایى دابنرێت؛ ئێمە پێویستە لەم پەیوەندییەدا دانوستانى دوو شێوەى دیکەى میمێزیس بکەین کە بریتین لە ئیدیالیزەکردن و فیکسیۆن. ئەم دوو شێوەیەی میمێزیس هیچ پەیوەندییەکیان بە لاسایى ڕیالێتییەوە نییە، چونکە هونەرەکانى هۆنینەوە لەم دوو ڕەوشەدا لەژێر ڕکێفى یاساى تایبەت بە خۆیاندان و لەبەر ئەم هۆیە پتر واتاى “داڕشتن” دەگەیەنن. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ناتوانین میمێزیسی ئەڕیستۆتێلیس بە سانایى لە خانەى ڕیالیزمدا دابنێین. ئامانجێکى دیکەی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە ئێمە بەم کارە دەخوازین بناغەیەک بڕێژین و لەسەری هەوڵی کۆتاییهێنان بە تێگەیشتنى باوى کوردى بۆ پۆئێزیس (هۆنینەوە) بەربخرێت، واتا ئەو تێگەیشتنە کە هۆنینەوە وەک ڕێکخستنى وێنەکانى هەست یان تەنانەت وشەسازیی پلاستیکی دادەنێت و بە لاى “فۆرماندن”ى کەرەسەدا ناچێت، کە لە بنەڕەتدا پرۆسەی “بەهونەربوون”ە و بەبێ چالاکیى زەین پێشڤەناچێت. وەک دوا ئامانجی ئەم توێژینەوەیە دەخوازین پێشانی بدەین، کە هونەر هیچ پەیوەندییەکى بە ویژدانەوە نییە، وەک چۆن زۆر ئارەب و بەڕێی ئەوانیشەوە زۆر کورد لە هۆشی دینیی ئیسلامییەوە جەختی لێدەکەن، بەڵکو تەنیا لە خواستی مرۆڤەوە بۆ داڕشتن دێتەگۆڕێ و پاڵهێزەکەشى موئاناتە.

١- تێگەى میمێزیس لەنێو داوى فەلسەفەى ئیدێکانى پلاتۆندا

پلاتۆن لە بەشى دەیەمى نووسینە مەزنەکەیدا بەناوى “پۆلیتێیا” (دەوڵەت یان کۆمار) دێتە دەربڕین لەبارەى میمێزیس. ئەو لەوێدا دەبێژێت: داڕشتنى هونەرى بریتییە لە “لاسایى”. بە واتایەکى دى، پلاتۆن هونەر وەک “دەروێنە”ى جیهانى ئەزموون دادەنێت، ئەمەش ئەو جیهانەیە کە ئێمە تێیدا دەژین.

پلاتۆن لە نێوان دوو جیهاندا جیاوازى دەکات کە بریتین لە جیهانى ئەزموون (ئەمپیری) و جیهانى ئیدێکان. جیهانى ئەزموون دەروێنەى جیهانێکی دیکەی سەروێنەییە کە بریتییە لە جیهانى ئیدێکان. هەروەها جیهانی ئەزموون تەنیا بەڕێی بەشداریکردنییەوە لە جیهانى سەروێنەیی ئیدێکاندا واتایەک وەردەگرێت، لێرەشدا لایەنێک جەختە: جیهانی ئەزموون لەم بەشداریکردنەدا هەرگیز بە کامیلێتیی جیهانی ئیدێکان ناگات، نەخێر، جیهانى ئەزموون لە ئەو دەچێت، کەواتە هاوشێوەى ئەو نییە.

 لێ پلاتۆن لە جیهانى ئیدێکانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە شرۆڤەی مەئریفەوە، واتا لە جیهانى ئەزموونەوە دەردەچێت. ئێمە بەڕێى سێنسەکانمانەوە تەنیا دەرکی جیهانى ئەزموون دەکەین، لێ سێنسەکانمان هیچ شتێکمان لەبارەی ‘‘بوون‘‘ى شتە دەرککراوەکان پێڕاناگەیەنن. لەبەر ئەم هۆیە دەرککردنەکانمان زانین نین. سێنسەکان ناتوانن ببن بە بناغەى زانین، چونکە زانین تەنیا زانینى بوون ى دیاردەکانی جیهانی ئەزموونە، ئەمەش جیهانی سەروێنەیی ئیدێکانە و تەنیا بەڕێى ئاوەزەوە شیاوى ‘‘لێڕوانین‘‘ـە. گەر هۆش بییەوێت بە زانین بگات، ئەوا دەبێت ئاڕاستەى خۆى لە جیهانى ئەزموونەوە ڕووەو جیهانى ئیدێکان وەربگۆڕێت، لێرەشدا بەردەوام بە لێهزرینی شرۆڤەیی بۆ بوونی هەر دیاردەیەکی دەرککراو بگەڕێت، هەتا لە کۆتایدا بۆی دەلوێت لە باڵاترین ئیدێ بڕوانێت کە ئیدێى چاکەیە. کێ لەبارەی ئیدێى چاکە نەزانێت، ئەو یەکە هەرگیز لەبارەی داد و جوان و فەزیلەکانی دی هیچ نازانێت.

گرنگ پەیوەند بەم کێشەیەى ئێرەوە ئەوەیە کە جیهانى ئەزموون دەروێنەیەکى ناکامیلە، بە پێچەوانەوە جیهانی ئیدێکان سەروێنەیەکى کامیلە. ‘‘مێز‘‘ بۆ نموونە لەنێو هۆشى دارتاشدا فۆرمێکى کامیلى هەیە، لێ ئەو مێزە ماتەرییانە/مادییانە کە دارتاش لە تەختە دروستیان دەکات، ناکامیلن، چونکە دەروێنەى ئەو مێزانەن کە ئەو لەنێو دەروونی خۆیدا بینیونێتیەوە. دەروون پێش هاتنى بۆ نێو لەش، لە هەبوونە ئەوجیهانییەکەیدا، لەو ئیدێیەى مێزی ڕوانیوە و ئێستاش لە جیهانی ئەزمووندا دەیهێنێتەوە یادى خۆى. دارتاش لە مێزەکانى نێو هۆشى دەڕوانێت و پاشان بە کەرەسە (تەختە) لاساییان دەکاتەوە. لەبەر ئەم هۆیە مێزەکان ناکامیلن، واتا لە مێزەکانى نێو هۆشى دەچن، لێ هاوشێوەیان نین.

پلاتۆن هەمان دوالیزمى (دوانەتى) جیهانى ئەزموون و جیهانى ئیدێ بەسەر هونەردا بەکار دەهێنێت. هونەر بریتییە لە میمێزیس، واتا بریتییە لە لاسایى، بێگومان نەک لاسایى ئیدێکان وەک لاى دارتاش (پیشەگەر)، بەڵکو لاسایى شتەکانى جیهانى ئەزموون یان لاسایى بابەتەکانى پیشەگەران (هونەرمەند وێنەی مێزەکەی دارتاش بە بۆیە دەسازێنێت). لەم ڕوانگەیەوە هونەر لاى پلاتۆن پلەیەکى نزمى سێیەمین لە پشتى جیهانى ئەزموونەوە وەردەگرێت. هونەر دەبێت بە ‘‘سێبەر‘‘ى ئەمدنیا. بە واتایەکى دی: گەر جیهانى ئەزموون بریتی بێت لە دەروێنەى جیهانى سەروێنەیى ئیدێکان، ئەوا هونەر وەک دەروێنەى جیهانى ئەزموون دەبێت بە دەروێنەى دەروێنە. پلاتۆن لێرەوە داواکاریى مۆرالى بەرز دەکاتەوە: لەبەر ئەوەى هونەرمەند ڕوو ناکاتە جیهانى ئیدێکان و خەریکى لاسایى بابەتەکانى جیهانى ئەزموون یان لاسایی بابەتەکانى پیشەگەرانە، ئەوا میمێزیس “گەمەیەکى پڕمەترسییە بە ئیدێنتیتێ و لەبەر ئەم هۆیە دەبێت ڕێى لێبگیرێت. داڕشتنى میمێزیانە بۆى دەبێت بە مایەى خەم بۆ ئیدێ و دەوڵەت” (3)

بێگومان ئەم نرخاندنە نزمەى هونەر لاى پلاتۆن واتایەکى ئەوتۆ ناگەیەنێت، کە ئەو چاوپۆشى لە هەندێک هونەر نەکات و هەموو شێوەیەکى هونەر یاساغ بکات. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ دا، کێشەکە لێرەدا وەرگۆڕینى ئاڕاستەى هۆشە ڕووەو ئیدێکان، ئەمەش بە واتاى: “نرخاندنى هونەر لاى پلاتۆن بەندە بە ڕێژەى بەشداریکردنى هونەرەوە لە مەئریفەی ئیدێکاندا”(4). پلاتۆن لە لایەک میمێزیسى تراژیدیا یاساغ دەکات و هونەرمەندانى ئەم جۆرەى (ژانرەى) هونەر لە دەوڵەتەکەیدا ‘‘نەفى دەکات‘‘، چونکە تراژیدیا بە بڕواى ئەو ‘‘هەڵە‘‘ى تێدایە و بە ‘‘سانسۆر‘‘ ڕاست ناکرێتەوە. لێ پلاتۆن لە لایەکى دی تا ڕادەیەک چاوپۆشى لە ئەفسانەکان دەکات. “ئەفسانە هەرچۆنێک بێت بە هۆنینەوە کرۆکی چاک و ئەزەلیى خودایەتیمان بۆ دەردەبڕێت، لێ تراژیدیا بە پێچەوانەوە تەنیا بزوێنەرى گلەیى و گریان و نەسازییە و دەبێت بەهۆى ترس لە مردن. تراژیدیا سامناکییەکانى جیهانى ژێرەوە (هادێس، دۆزەخ – ن) دەڕازێنێتەوە” (5). لێ میمێزیسى ئەکتەر گەورەترین مەترسییە کە لە سەرجەمى مەترسییەکانی دی تێپەڕدەکات. بۆ ئەوەى سەربازەکان (ی نێو دەوڵەتەکەى پلاتۆن) لە ئەرکەکانى سەرشانیان تێبگەن و بە باشى بەدییانبهێنن، ئەوا نابێت جگە لە ئەرکى سەربازى هیچ کارێکى دی ئەنجام بدەن یان لاسایى هیچ شتێک بکەنەوە، لێ گەر پێویست بوو لاسایى بکەنەوە، ئەوا دەبێت هەر لە منداڵییەوە فێربکرێن، کە تەنیا لاسایى پیاوى دلێر و هۆشسەنگین، ئیماندار و نەفسبەرز بکەنەوە (6).

کەواتە گەر هونەر لاسایى جیهانى ئەزموون بێت، ئەوا هونەرمەند زانینى نییە و هونەرەکەى پڕمەترسییە بۆ چاکى و دەروونپاکى. لێ گەر هونەر پێویست بێت و ببێت بە مایەى چاککردنى مرۆڤ، واتا رۆڵێکى پەروەردەیى لە پێناوى سەنگینیی دەروون و ئیمانداریدا وەربگرێت، ئەوا دەشێت ڕێ بەم جۆرە هونەرە بدرێت (7).

٢- چالاکییە هونەرییەکانى مرۆڤ لە روانگەى فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیسەوە

فەلسەفەى ئەڕستۆتێلیس تەواو پێچەوانەى فەلسەفەى پلاتۆنە. کاتێک پلاتۆن جیهانى ئیدێکان بە جیهانى سەرمەدییانەی بوون دادەنێت و جیهانی ئەزموونیش (دەرککردنیش) دەخاتە پەیوەندیی بەشداریکردنەوە لەو جیهانەی بووندا، ئەوا ئەڕیستۆتێلیس بە پێچەوانەوە جەخت لەوە دەکات کە ئیدێکان (ئەم ئێستا ناویان دەنێت فۆرمەکان) هیچ بوونێکى ڕەهاى سەرمەدییان نییە، بەڵکو لەنێو جیهانی ئەزمووندان. لێرەدا ڕەخنە کرۆکییەکەی  ئەڕستۆتێلیس لە پلاتۆن دەردەکەوێت. ئەم دەبێژێت: پلاتۆن ئەدگارێکى سەروێنەیی بە ئیدێکان دەدات و شتە تایبەتەکانى یان تاکەکانی ئەم جیهانەی ئەزموونیش دەخاتە  پەیوەندیى “بەشداریکردن”ـەوە لە ئیدێکاندا، لێ ئیدێکان بەهۆى بوونە سەرمەدییەکەیانەوە هەموو ڕۆڵێک بۆ هەبوونى (ئەکزیستێنسى) شتە تاک و زۆر و پەرشەکانى جیهانى ئەزموون دەدۆڕێنن. ئەم فەلسەفەیەی پلاتۆن، وەک ئەڕیستۆتێلیس دەبێژێت، هیچ شتێک لەبارەی ‘‘ئاوەڵابوون‘‘، واتا لەبارەی ‘‘بەنێوداهەڵهاتن‘‘ و ‘‘دروستبوون‘‘ لەنێو جیهانى ئەزمووندا ڕوون ناکاتەوە.

ئەڕیستۆتێلیس دژی هزرینی دوالیستییە، واتا گریمانەی دوو جیهان ناکات. ئەم سەرجەم جیهان و کەرتەکانى وەک گەوهەر (زوبستانس) دەبینێت. لێ ئەڕیستۆتێلیس لە نێوان گەوهەری یەکەم و دووەمدا، واتا لە نێوان کەرەسە و فۆرمدا جیاوازی دەکات و هاوکات دەبێژێت، کە هەردووکیان خۆیان لە پەیوەندییەکى نێوخۆییدا دەبیننەوە. فۆرم تەنیا لەنێو یەکەم گەوهەردا ڕیالیزە (تەهقیق) دەبێت، واتا بەنێویدا دەئەنگوتێت، بەنێویدا فۆرم وەردەگرێت. فۆرم بریتیە لە هەقیقەتى کەرەسە. ماتەری/مادە کەرەسەیە، فۆرم شێوەوەرگرتنی ئەوە. لە نێوان هەردووکیاندا پەیوەندییەکى تێلیۆلۆژیانە هەیە و ئەڕیستۆتێلیس ناوى دەنێت ئێنتەلەشى، واتا: هەموو شتێک لە سروشتی ژینداردا ئامانجەکەى لەنێو خۆیدایە و بەنێو خودی شتەکەدا ئاوەڵادەبێت، یان دەسازێت؛ هەموو شتێکی سروشتی ژیندار بریتییە لە هۆ و ئامانج یان لە هۆئامانج. سەرجەمى ماتەری لە سروشتییەوە کۆشش دەکات بۆ ئەوەی فۆرمە نێوخۆییەکەى ڕیالیزە بکات (تەهقیق بکات). هەر شتێک فۆرمی نەبێت، هەقیقەتیشی نییە.

بێگومان بۆ هەڵهاتنى فۆرم بەنێو کەرەسەدا پاڵهێزێک گەرەکە، تاکو ئەو کەرەسەیە بکات بە کەرەسەیەکى فۆرمپێدراو. ئەڕیستۆتێلیس دوو جۆر پاڵنان (پاڵهێز) دیارى دەکات: یەکەم، پاڵنانى سروشت، واتا ڕیالیزەبوونى سروشتى بەهۆى پەیوەندیى هۆئەنجامییانەی کەرەسە و فۆرمەوە (پێگەیشتنى تۆوێک و بوونی بە درەخت)، دووەم، دروستکردن یان بەدیهێنان لە لایەن مرۆڤەوە. ئەم دروستکردنە بەڕێى هونەرەوە (تێشنێ) بەدیدەهێنرێت. مرۆڤ بەوەدا لە سەرجەم زیندەوەرەکانى دى جیادەبێتەوە، کە ئەو لە ناخییەوە توانستێکى سروشتیى وەک پاڵهێز هەیە و دەیبزوێنێت بۆ کۆششى گەیشتن بە مەئریفە. مرۆڤ بەگشتی دەرککردنە سێنسییەکانى خۆى خۆشدەوێت، لێرەشدا بەتایبەتى دەرککردنی سێنسى بینین. لێ لەبەر ئەوەى ئەم سێنسە پتر جیاوازیى نێوان شتەکان بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت، ئەوا پتر لە سێنسەکانى بیستن و بۆنکردن، چێژتن و گرتن یاریدەى ئەو دەدات بە مەئریفەى شتەکان بگات.

دەرککردن وەک توانستێکى سروشتیى مرۆڤ سەرەتاى پرۆسەى مەئریفەیە. شتى دەرککراو لەنێو هۆشدا ‘‘دەمێنێتەوە‘‘ و بەم رێیەوە شیمانەیەک بۆ چێبوونى ‘‘یادەوەرى‘‘ و ‘‘وێنا‘‘ دێتە ئاراوە. لێ کاتێک زیندەوەرەکانى دى بە پێشبینى و یادەوەریەکانیان دەژین، ئەوا بە پێچەوانەوە سیماى سەرەکیى دەرککردنى مرۆڤ ئەوەیە، کە بە مانەوەى بابەتى دەرککراو ‘‘ئەزموون‘‘ چێدەبێت. هۆی چێبوونی ئەزموونیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ دەتوانێت بە لێهزرین خەریکی دەرەنجامگیری بێت. ئەوجا گەر مرۆڤ لە ئەزموونى زۆرەوە بە هزرێک بگات و لەم هزرەوە تێگەیەک لەسەر ‘‘هاوشێوە‘‘ چێبکات، ئەوسا شیمانەى هونەرى (تێشنێ) لە لا دێتە ئاراوە – هونەر لە واتا گشتییەکەیدا (8).

ئەزموون لاى ئەڕیستۆتێلیس وەک کلیلێک وایە بۆ سەرجەم گۆڕانە هۆشیەکانى دی. ئەو دەبێژێت: “لە ڕووى کردارەوە ئاوها دەنوێنێت هەروەک ئەزموون هیچ جیاوازییەکی لە هونەر نەبێت. ئێمە زۆر بەچاکى دەبینین، کە پیاوانى ئەزموون زووتر ڕاست دەهەنگێون لەو پیاوانە کە تێگەیان هەیە و ئەزموونیان نیە (هۆى ئەمە لەوەدایە کە (…) ئەزموون زانینی شتە تاکەکانە و هونەر زانینى گشتێتییە…). (…) ئێمە سەرەڕاى ئەوە زانین و تێگەیشتن پتر لە هونەردا  دەبینین وەک لە ئەزمووندا و هونەرمەندان بە داناتر لە پیاوانى ئەزموون دادەنێین (…). ئێمە بۆیە ئەمە دەکەین، چونکە یەکێکیان (هونەرمەندان – ن) هۆکە دەزانن و ئەوانى دیکە (پیاوانى ئەزموون – ن) نایزانن. پیاوانى ئەزموون تەنیا ‘‘سەرەنجامەکە‘‘ دەناسن و ‘‘بۆچى‘‘یەکە ناناسن. لێ هونەرمەندان ‘‘بۆچى‘‘ و ‘‘هۆ‘‘کەش دەزانن” (9).

بێگومان ئێمە ناتوانین ئەم تێڕوانینەى ئەڕیستۆتێلیس ئاوها وەربگرین، هەروەک ئەو ئەزموون و مەئریفەى گشتێتى، سەربارى جیاوازیى تێگەییان، بەڕەهایى لە یەکدی جیابکاتەوە. ئێمە گەرەکە لەو دەربڕینە ئاوها تێبگەین، کە ئەو جیاوازی لە نێوان کەسانى تەنیا ئەزمووندار و کەسانى تێشنێگەردا (هونەرمەنددا) دەکات، تاکو مۆرکە سەرەکییەکەى تێشنێگەران دیاربهێنێت. لە بنەڕەتدا تێشنێگەریش لەپاڵ مەئریفەى گشتێتیدا ئەزموونى هەیە و بە تێگەکانى پوختترى دەکاتەوە.

ئێمە لە سەرەوە گۆتمان، کە لای ئەڕیستۆتێلیس دوو جۆر پاڵهێز لە دروستبوونەکاندا کاریگەرن: پاڵهێزى سروشتى و مرۆڤى. تێشنێ بەو ڕێیەوە لە بەدیهێنانى نێو سروشت جیادەبێتەوە، کە ئەو وەک هونەر لەنێو شتەکەدا (درەختەکەدا) نییە، بەڵکو لەنێو تێشنێگەردایە (هونەرمەنددایە) و ئەوجا وەک تێشنێ ‘‘گۆڕانێک‘‘ لەنێو شتێکى دیکەدا بەردەخات (10). سەرەڕای ئەوە سروشت و هونەر کاریگەرییەکى لێکچوویان هەیە، بۆیە تێشنێگەر دەبێت بزانێت، داخۆ ئەو کەرەسەیە کە ئەو بۆ بابەتەکەى گەرەکییەتى، کەوتۆتە ژێر رکێفى چە یاسایەکەوە. ئەو هەروەها دەبێت ئامرازەکانى کارەکەى بناسێت، چونکە وەک تێشنێگەر بزووتنێک بەڕێى ئامرازەکانى کارەکەیەوە بەردەخات. کەرەسە و ئامرازى کار لەژێر ڕکێفى یاساکانى سروشتدان و تێشنێگەریش دەبێت بییان ناسێت تاکو بتوانێت مەبەستەکەى بەدیبهێنێت (11).

لێ تێشنێ (هونەر) هاوکات دواى مەبەستەکانى مرۆڤ دەکەوێت. مەبەستى تێشنێ بریتییە لە دروستبوونى بەرهەمێک کە شتێکى بەرجەستەیە و لەبەر ئەم هۆیە بوونێکى سەربەخۆى لە کەسى تێشنێگەر هەیە. (12) ئەڕیستۆتێلیس لەم ڕوانگەیەى مەبەستەکانەوە جیاوازیى لە نێوان هونەرەکاندا دەکات. مەبەستی هەندێک هونەر دروستکردنى بابەتە پێویستەکانى ژیانە (بۆ نموونە مێز و کورسى، کەوچک و پێڵاو و هتد)، هەندێکى دیکەیان ڕوو دەکەنە شادى و چێژ و درەنگتر لە هونەرە پێویستەکانی ژیان هاتونەتە ئاراوە. ئەم جۆرە هونەرانە بۆ ئەڕیستۆتێلیس ‘‘دانایانەتر‘‘ن لە هونەرە پێویستەکانی ژیان، چونکە مەئریفەکەیان گرنگى بە ‘‘کەڵک‘‘ نادات.

هەروەها میمێزیز بریتییە لە شێوەیەکى تێشنێ، کە لە هونەرى هۆنینەوەدا (پۆئێزیسدا) کایەی کردار و موئاناتی مرۆڤ پێشان دەدات. کەواتە ئێمە لێرەش بەندین بە چالاکییەکەوە، لێ چالاکییەک کە “بەرهەم ناخاتەوە”، بەڵکو لە ناخەوە “دادەڕێژێت” یان “دەداتەوە”، ئەوجا ئەو شتە کە میمێزیس دەیداتەوە، بەرهەم نییە، بەڵکو “ناوەرۆک”ى داڕشتنەکەیە، هەروەها ئەم ناوەرۆکە “لە شتێکەوە” دروستناکرێت (لە تەختەوە بۆ مێز)، بەڵکو “لەنێو شتێکدا” دیاردەهێنرێت. بەم شێوەیە پرسیارى “لە چییەوە” دەبێت بە “لە چیدا”، واتا بە مێدیوم (نێوەند) (13).

کەواتە میمێزیس وەک هونەر جیاوازە لە ‘‘بەرهەمهێنان‘‘. کاتێک پلاتۆن هونەرمەند بە پیشەگەر بەراورد دەکات، ئەوا ئێستا هونەرمەند لاى ئەڕیستۆتێلیس ئەوە دەداتەوە، کە سروشت هێناوییەتە ئاراوە. ئاخر دەرککردن، وەک کلیلی میمێزیس، ڕاستەوخۆ فۆرم و کەرەسەی لەخۆگرتووە. مرۆڤ لە دەرککردنی درەختێکدا تەنیا دیاردەی ئەو درەختە وەرناگرێت، بەڵکو هاوکات دەرکی فۆرمێک دەکات. ئەم فۆرمە کە جارێ بێگومان پسیکۆلۆژییانەیە، واتا جارێ مەحسوسە، لە ڕووی تیۆریی مەئریفەوە بۆ فەیلەسوف بەس نییە، بەڵکو ئەو گەرەکە بیکات بە بناغەی لێهزرینی دی و لێوەی فۆرمی پەتی دەربکێشێت، لێ بۆ هونەرمەند بە پێچەوانەوە بابەتی فۆرمپێدانی هونەرییە، بابەتی هۆنینەوەیە. ئێستاش ئەڕیستۆتێلیس ڕەخنەییانە لەدژی پلاتۆن دەبێژێت، کە داڕشتنی هونەرییانەی میمێزیسڤان کارێکی بەجێیە و تەکنیکەکانى داڕشتنیش، کە ئەو بۆ مەبەستە هونەرییەکەی دەیانخاتە گەڕ، ‘‘ڕاست‘‘ـن. ئاخر مرۆڤ لە سروشتەوە ‘‘حەز‘‘ى لە داڕشتنە، ئەم حەزەیش دژبەرى ژیانى چاک نییە، بە پێچەوانەوە، حەز ڕوو دەکاتە ژیانى چاک، “ئەمەیش گونجاوە لەتەک سروشتى مرۆڤدا، واتا لەتەک سروشتى ئەو زیندەوەرەدا کە هەمیشە لە کانگاى ناخییەوە کۆشش بۆ مەئریفە دەکات و تەنیا بەڕێی ئەم کۆششەیەوە لە زیندەوەرەکانى دی جیادەبێتەوە” (14). بە واتایەکى دی: ئەڕیستۆتێلیس وەک پلاتۆن “پێورى مۆرالى لە نرخاندنى هونەردا” دانانێت. نەخێر. ئەڕیستۆتێلیس دەبێژێت: “تەنانەت شکست، یان تەنانەت ئەوە کە لە ڕووى مۆرالییەوە شایانى لۆمەکردنە”، دەشێت وەک کەرەسەی ئەنجامدانی کاری هونەری وەربگیرێت، لێ ئەمە بەو مەرجە کە “میمێزیس لێرەدا بتوانێت کرۆکی هەقیقەت دابڕێژێت” (15). میمێزیس بریتى نیە لە خستنەوەی دەروێنە، بەڵکو بریتییە لە سازاندنی/فۆرماندنى کەرەسە، ئەمەش پلەیەکى سێیەمین لە پشتى جیهانى ئەزموونەوە بە هونەر نادات، بەڵکو بە پێچەوانەوە داڕشتنى میمێزییانە پلەیەکى تایبەت و سەربەخۆى هەیە.

 

٣- زەمینەى ئەنترۆپۆلۆژیانەى گۆڕانى هونەرەکانى هۆنینەوە

مرۆڤ لە سروشتەوە کۆشش بۆ گەیشتن بە مەئریفە دەکات. هەر ئەم مەئریفەخوازییەی مرۆڤە کە وا دەکات، مرۆڤ تەنانەت شادی لە بینینى وێنەى ئەو “شتانە” ببینێت، کە ئەو لە “ڕیالێتیدا بە ناحەزیەوە لێیان دەڕوانێت”، بۆ نمونە “داڕشتنى ئاژەڵ و لاشەى ئەوپەڕى قێزەوەن” (16). “مرۆڤ حەزى لە بینینى وێنەیە، چونکە لەکاتى ڕوانیندا هەوڵدەدات شتێک فێر ببێت” و لەوە بهزرێت، کە داخۆ هەر یەکەی ئەو وێنانە چى بێت یان داخۆ هەریەکەیان “چى”ی داڕشتبێت (17).

بەم پێیە میمێزیس بە تێگەیشتنى ئەڕستۆتێلیس دوو هۆى هەیە: یەکەم، مرۆڤ لە سروشتەوە تواناى داڕشتنى میمێزیانەى هەیە، دووەم مرۆڤ لە سروشتەوە شادی لە ڕوانینى ئەو شێوانە دەبینێت، کە کەسانى دی دایانڕشتوون. کەواتە لاى ئەڕیستۆتێلیس لێڕوانەر (بە گشتى جمهورى هونەر) ڕاستەوخۆ سەر بە کایەى هونەرە. لێ هەردووکیان، واتا چە داڕشتنى میمێزیانە و چە شادیبینین لە کارە هونەرییەکان، “ڕەگیان لەنێو یەک ڕەمەکدا (غەریزەدا) هەیە کە حەزى مرۆڤە لە مەئریفە و فێربوون …”. ئەم “ڕەمەکە کە جووتەنییانە دەرکەوتووە”، بریتییە لە سەرچاوەی سەرجەم هونەرە میمێزییەکان (18).

لێرەدا پرسێکی گرنگ پەیوەند بە وەرگرەوە (جمهورەوە) ئەوەیە، کە ئەو نەک تەنیا حەزى لە داڕشتنى بابەتى جوانە، بەڵکو هاوکات حەزى لە داڕشتنى ئەو بابەتانەیە کە لە ژیانى ڕۆژانەیدا بە ناحەزیەوە لێیان دەروانێت. کەواتە ئەڕیستۆتێلیس “دەرفەت بە داڕشتنى ناشرینى دەدات”، لێ گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە وەرگر ئاستەکانى کارى هونەرى جیا دەکاتەوە نەک کارەکان خۆیان ئەمە بکەن (19). ئاخر “نەک تەنیا فەیلەسوفەکان”، بەڵکو بەگشتى سەرجەم مرۆڤان بە “ڕوانین لە هونەر شتێک فێر دەبن و ئەوجا هەوڵ دەدەن لەوە بهزرێن”، کە داخۆ ئەو بابەتە داڕێژراوە چی بێت (20). گەر بابەتە داڕێژراوەکە بە لێڕوانەر نامۆ بوو، “ئەوسا کارەکە وەک میمێزیس نابێت بە مایەى شادى، بەڵکو بەهۆى ئەنجامدانیەوە یان ڕەنگەکانیەوە یان هەر سیمایەکى دیکەیەوە” (21). لێ ئەو کاریگەرییە ڕاستەقینانە کە وەرگر دەهەنگێون و دەیهەژێنن، لاى هەر جۆرێکى هونەرەکانى هۆنینەوە بە شێوەیەکە. تراژیدیا گەرەکە ‘‘ترسان و ڕاچڵەکین‘‘ لە لێڕوانەردا بهێنێتە گۆڕێ، پاشان ‘‘کاتارزیس‘‘ (خاڵیبونەوەى خۆى لێڕوانەر)، کە بەهۆى ئەو دوو هەستەى ترسان و ڕاچڵەکینەوە هەڵدەچێت، لێ ئەڕیستۆتێلیس بۆ کۆمیدیا داواى ‘‘سوکێتى‘‘ و ‘‘شایانى پێپێکەین‘‘ دەکات.

گەرچى ڕەگى میمێزیس لە حەزى فێربوونى مرۆڤدایە، لێ لەنێو سەرجەم مرۆڤاندا تەنیا کەسانى “بەهرەمەند” لە بوارى هونەردا پێشدەکەون و کاری هونەرى دەهێننە ئاراوە (22). ئێمە لێرەدا بەندین بە لایەنى ئەفراندنی هونەرییەوە. جیاوازیى سەرەکى لە نێوان هونەرمەند و وەرگردا ئەوەیە، کە هونەرمەند “توانستى ئەندێشە”ى بەهێزە و “سروشتێکى موئاناتاوی”ى هەیە، هەروەها “ئازایەتی”ی خۆدەربڕین و “مەئریفەی گشتێتى” یان “تێگە”ی هەیە (23). ئەمانە ئەدگارە کرۆکییەکانى هونەرمەندن و لە فەیلەسوف نزیکى دەخەنەوە. لێ داڕشتنى یان ئەفراندنى هونەرى لەسەر یەک ئاڕاستە ڕەت نابێت، هۆى ئەمەش بە دیدى ئەڕیستۆتێلیس بۆ “کارەکتەر”ى هونەرمەندان خۆیان دەگەڕێتەوە: هەندێکیان “مەزن” و “جددی”ـن، هەندێکى دیکەیان “نزم” و “ئاسایی”ـن: هونەرمەندانى مەزن ئەوانەن کە کردارى “چاک”، واتا “جددى” دادەڕێژن، بۆ نموونە نووسەرانى ئێپیک و تراژیدیا، لێ هونەرمەندانى ئاسایى ئەوانەن، کە کردارى “نزم” دادەڕێژن، بۆ نموونە نووسەرانى کۆمیدیا و هۆزانى گاڵتەجاڕى (24).

ئاشکرایە هونەرەکان بە جارێک نەهاتوونەتە ئاراوە، بەڵکو مێژووى سەرهەڵدانیان هەیە. لە نێوان سەرەتاکانى هونەر و سۆفۆکلێسدا، لە نێوان هۆمێر و ئەڕیستۆفانێسدا، میانەیەکى مێژوویى بەرین هەیە. بێگومان لەم پەیوەندییەدا لایەنێک جەختە: جۆرەکانى هونەرى هۆنینەوە یەک ڕەگى سەرهەڵدانیان هەیە، کە حەزى مرۆڤە لە داڕشتن و لێڕوانینی هونەرە داڕێژراوەکان. لێ کارە هونەرییەکان سەرەتا کرچ و ناتەواو یان کەمایەسیدار بوون، کە ئیدی هونەرمەندانى نوێ هەمیشە لە نوێوە پتر گۆڕانیان پێدەدان. سەرەڕای ئەوە ئەڕیستۆتێلیس پەیوەند بە گۆڕانی هونەرەکانەوە یەک پرنسیپ دەچەسپێنێت کە بریتییە لە داڕشتنى کرداری چاک و ناچاک، جددی و رواڵەتی یان نزم. گەرچى لە نێوان هۆمێر و سۆفۆکلێسدا میانەیەکى مێژوویى درێژخایەن هەیە، هەروەها گەرچی یەکێکیان ئێپیک و ئەویدیکەیان دراما دادەڕێژێت، سەرەڕای ئەوە هەردووکیان لە داڕشتنى مرۆڤى چاکدا/جددیدا یەکدەگرنەوە. ئەڕیستۆتێلیس لێرەدا ئاڕاستەیەکى وەرگرتووە و تێیدا گەیشتنى هونەر بە ‘‘فۆرمى کامیل‘‘ دەبینێت. بە دیدی ئەو هونەر لەژێر دەستى دوو نووسەردا بە فۆرمی کامیل گەیشتووە و بریتین لە سۆفۆکلێس و یۆریپیدێس. لێ کەندکە مێژووییەکە بریتییە لە هۆمێر: کاتێک هونەرمەندان هەتا هۆمێر بەگوێرەی کارەکتەری خۆیان خەریکى داڕشتنى کردارى چاک یان نزم بوون، ئەوجا ئەوانەى یەکەمیان ئێپیک و تراژیدیا، ئەوانەى دووەمیان کۆمیدیا و هۆزانى گاڵتەجاڕیان هێنایە ئاراوە، ئەوا هۆمێر پلەیەکى سێیەم لەم گۆڕانەى هۆنینەوەدا دەهێنێتە ئاراوە، کە ئاڕاستەیەک ڕووەو هەردوو لایەنە دژبەرەکەى هونەرى هۆنینەوە وەردەگرێت: هۆمێر لە ئیلیاس و ئۆدیسێدا کردارى چاک دادەڕێژێت، لێ لە مارگیتێسدا (بەرهەمێکى گومبووى هۆمێر) کردارى ناچاک. هۆمێر ئەم داڕشتنانەى خۆى بە شێوەیەک جۆرداوە، کە تێیاندا توخمە سەرەتاییەکانى هەردوو جۆرەکەى دراما، واتا تراژیدیا و کۆمیدیا، کریستالە بوون، کە ئیدی بە گۆڕانێکى درێژخایەن هەمیشە پوختتر کراونەتەوە و فۆرمى گونجاوتریان پێدراوە، هەتا پاشان لە کۆتاییدا بە کامیلى گەیشتوون.

کەواتە ئەڕیستۆتێلیس گۆڕانى ئەدەب و هونەر لەنێو ‘‘پرۆسەیەکى ئامانجدار‘‘دا دەبینێتەوە. لێ ئەو پرۆسەیە بە دیدی ئەو ‘‘تەواوکراوە‘‘. هەر لێرەوەیە کە ئەو دەرفەت بە خۆى دەدات، بە شێوەی تیۆری-مەئریفەیی ڕووبکاتە کارە تەواوکراوەکانى ئەو هەقیقەتە ئەدەبى و هونەرییە، کە ئەو لە “بەردەم” خۆیدا دەیبینێتەوە، ئەوجا لە گۆشەنیگای فەلسەفە هۆئەنجامییەکەی خۆیەوە ڕێسایەک بۆ دروستکردنی کاری هونەری دابنێت (25).

ئاكادیمای پلاتۆن – پلاتۆنی پیر و ئه‌رستۆی گه‌نج به‌پێوه‌ له‌ناوه‌ڕستدا و دیۆگین له‌سه‌ر قادرمه‌كان دانیشتووه‌ – نیگاركێش ڕافائیل ١٥٠٩- ١٥١١ – – ئارستۆ  گه‌نجه‌كه‌ی ته‌نیشت پلاتۆن ی پیر.

٤- کێشەى سازاندن لە هونەرەکانى هۆنینەوەدا

ئەڕیستۆتێلیس بە یاریدەی تێگەى میمێزیس پرسى ،،هونەرەکانى هۆنینەوە،، (پۆئێزیس) ئاوەڵا دەکات. جۆرە (ژانرە) تایبەتییەکانى هۆنینەوە، واتا ئێپیک و دراما، موزیک و سەما، لەوەدا یەکدەگرنەوە کە هەموویان خەریکی داڕشتنى میمێزیانەن، ئەمەش سەربارى جیاوازییان لە دەستوێژ و ئۆبژێکت و شێوازى داڕشتندا. لێ ئەڕیستۆتێلیس هاوکات وێنەسازی وەک جۆرێکى دیکەى هونەری دیارى دەکات. ئەم جۆرەی هونەر تەنیا ڕەنگ و فۆرم وەک دەستوێژ بەکاردەهێنێت (26). جیاوازیی هونەرەکانى هۆنینەوە لە وێنەسازی ئەوەیە، کە ئەو هونەرە ناوبراوانە مرۆڤى ‘‘کردارنوێن‘‘ لە ‘‘ڕەوتى کات‘‘دا دادەڕێژرین.

شێوە جیاکانى میمێزیس بەتایبەتى پەیوەست بە خۆجۆریى داڕشتنەکانیانەوە دیاردەدەن. بۆ ڕوونکردنەوەى ئەم شێوە جیایانەى میمێزیس پێویستە ڕووبکەینە جیاوازییەکانیان لە دەستوێژ و ئۆبژێکت و شێوازى داڕشتندا.

یەکەم: هونەرەکانى هۆنینەوە بە دەستوێژەکانى ڕیتم و زمان و میلۆدى خەریکى میمێزیس دەبن، لێ هەر یەکەی ئەم هونەرانە دەستوێژەکانى خۆى سەربەخۆ لە هونەرەکانی دی دەخاتە گەڕ، لێرەشدا دەشێت دەستوێژەکە بەتەنیا بەگەڕبخرێت یان چەند دەستوێژێک پێکەوە بلکێنرێن. بۆ نموونە هونەرى فلوت تەنیا میلۆدى وەک دەستوێژ بەکاردەهێنێت، یان سەما تەنیا ڕیتم بەبێ میلۆدى بەکاردەهێنێت و سەماکەر بە دەستوێژى ڕیتم هونەرەکەی ئەنجام دەدات، واتا کارەکتەر و موئانات و کردار دادەڕێژێت (27). لێ ئەو جۆرەى میمێزیس کە زمان وەک دەستوێژ بەکاردەهێنێت، دەتوانێت هونەرەکەی بە پەخشان یان بە ‘‘بەیت‘‘ بەدیبهێنێت، هاوکات لە ڕەوشی هۆزاندا دەشێت یەک کێش بەکاربهێنرێت یان چەند کێشێک تێکەڵ بە یەکدی بکرێن. بە هەر حاڵ، گرنگ بۆ ئەم کێشەیەى میمێزیس پەیوەست بە دەستوێژەکانى داڕشتنەوە ئەوەیە، کە هونەرەکان هەوڵى ‘‘هاوشێوەیى‘‘ لەتەک ئۆبژێکتەکەدا دەدەن، بە واتایەکى دى، هەر هونەرێک دەیەوێت بە دەستوێژی کارکردنی خۆی ئۆبژێکتەکە وەکو خۆى ‘‘بداتەوە‘‘. بۆ نموونە گەر ئۆبژێکتی میمێزیسی سەما بریتی بێت لە ڕەوشێکی شاد یان ناسۆرێک، ئەوا سەما گەرەکە بە دەستوێژەکەی کە ڕیتمە، شادییەکە یان ناسۆرەکە بداتەوە. ڕیتمی ئۆبژێکتێکی شادمانی جیاوازە لە ڕیتمی ئۆبژێکتێکی ناسۆری. ئەمە هەروەها چواندنی بۆ هونەرەکانی دیکە هەیە. میمێزیس لەم ڕووەی دەستوێژی کارکردنەوە لە واتاى لاساییەکى ڕیالیستى نزیک دەکەوێتەوە. لێ گەرەکە سەرلەنوێ جەخت لەوە بکەینەوە کە ئێمە لێرەدا خۆمان تەنیا لە بەردەم پرسی دەستوێژی هۆنینەوەدا دەبینینەوە نەک ڕووەکانی دیکەی مێمێزیس.

 

دووەم: داڕشتنى میمێزیانە پەیوەست بە ئۆبژێکتەوە جیاوازە: میمێزیسکەران هەمیشە مرۆڤى کردارنوێن دادەڕێژن، لێرەشدا ئەڕیستۆتێلیس کردارى چاک و خراپ وەردەگرێت، واتا دوو جۆرى کردار، کە “لە ڕووى ئێتیکەوە بەواتان” (28). لەبەر ئەوەى میمێزیسکەران هەمیشە کردارنوێن دادەڕێژن، ئەوا کردارنوێنەکان “چاکن یان خراپن”، “چاکترن یان خراپترن لە ئێمە”، یان “وەکو ئێمە”ن (29). ئاشکرایە تەنیا داڕشتنى ئەو کردارنوێنانە کە وەکو ئێمەن، دەشێت وەک میمێزیسى ڕیالیستى (لاسایى) پێناسە بکرێت، لێ نەشیاوە داڕشتنى ئەو کردارنوێنانە کە لە ریالێتیدا نین، ناوبنرێت لاسایى. میمێزیس لێرەدا پتر واتاى ‘‘داڕشتن‘‘، “هێنانەگۆڕێ” یان “دروستکردن” دەگەیەنێت، بێگومان داڕشتنێک یان دروستکردنێک کە “ئیدیالیزە یان کاریکاتێریزە دەکات” (30).

ئەڕیستۆتێلیس ئەم جیاوازییە بەتایبەتى پەیوەند بە دوو جۆرەکەى دراماوە ڕووندەکاتەوە: تراژیدیا مرۆڤى “چاکتر لە ئێمە” دادەڕێژێت، واتا مرۆڤى ئاسایى دەخاتە سەر ئاستێکی ئیدیال (نموونەی باڵا)؛ بە پێچەوانەوە کۆمیدیا مرۆڤى “خراپتر” لە ئێمە دادەڕێژێت، واتا خەریکی کاریکاتێریزەکردنە. بێگومان لێرەدا پرسێک جەختە: هۆنەر لە ڕەوشى داڕشتنى مرۆڤى چاکتر یان خراپتردا سەروێنە (نموونە) وەرناگرێت و پاشان لاسایى بکاتەوە. هونەرێک کە مرۆڤى کردارنوێن دابڕێژێت و کردارنوێنەکە لەم چەشنەیدا لەنێو ڕیالێتیدا نەبێت، ئەوا ئەو هونەرە لەژێر ڕکێفی یاساى تایبەت بە خۆیدایە. ئەڕیستۆتێلیس سەرەڕاى ئەوە هۆنەر پابەند ناکات بە شێوەیەکى داڕشتنەوە. هۆنەر بەگوێرەی مەبەستەکەی، هەروەها بەگوێرەی سروشتی ئۆبژێکتی میمێزیسەکەی، دەتوانێت بڕیار بۆ شێوەی بە خۆ تایبەتی داڕشتن بدات یان دوو شێوەی داڕشتن پێکەوە بلکێنێت. ئەڕیستۆتێلیس ئەم کێشەیە بەتایبەتى بە نموونەى تراژیدیا ڕووندەکاتەوە: لەبەر ئەوەى تراژیدیا داڕشتنى ئەو مرۆڤانەیە کە لە ئێمە چاکترن، ئەوا هۆنەرى تراژیدیا دەبێت لەسەر ڕێساى وێنەسازە باشەکان بڕوات: ئەمانیش لە وێنەسازیدا دەشێت شێوەى تایبەتى شتە تاکەکە بدەنەوە و وێنەکەى وەکو خۆى بسازێنن، لێ هاوکات دەشێت جوانتر لە خۆى بیدەنەوە (31). هۆنەر لەم ڕەوشەدا داڕشتنى ڕیالیستى و ئیدیالیزەکەر پێکەوە دەلکێنێت. هێشوویەک ترێ وەک ئۆبژێکتی هونەری دەشێت کتومت، بە گوێرەی گەورە و بچووکی دەنکەکانی، ڕەنگەکانی و ڕووناکی و سێبەر، بدرێتەوە، لێ دەشیت هێندە جوان بدرێتەوە کە لێڕوانەر بەسەهوودا بەرێت و بە هێشووی ڕاستەقینەی دابنێت. لەم ڕوانگەیەوە هونەرمەند لە لایەک پەیوەستە بە ڕیالێتیەوە، لێ لە لایەکی دی دەرفەتى هەیە کە لە هونەرەکەیدا ‘‘فیکسیۆن‘‘ چالاک بکات.

 

 

ئاكادیمای پلاتۆن – پلاتۆنی پیر و ئه‌رستۆی گه‌نج به‌پێوه‌ ڕافائیل ١٥٠٩- ١٥١١ –

ئەڕیستۆتێلیس لە جێیەکى دیکەى “پۆئێتیک”دا تێڕوانینێکى دیکەمان لەبارەی میمێزیس پێدەدات: ئەرکى هۆنەر ڕاگەیاندنى ئەو شتانە نییە کە بەڕاستى ڕوویانداوە، بەڵکو ئەوەیە، کە شتێکى “شیاوى ڕوودان” لەسەر ڕێساکانی “ڕەنگەیەتى و زەروورە” ڕابگەیەنێت. کاتێک ئەرکى مێژوونووسین ڕاگەیاندنى پەخشانیانەى فاکتەکانە، ئەوا ئەرکى هونەرى هۆنینەوە داڕشتنى “شیاوێکە”. مێژوونووس دەتوانێت لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتێک بنووسێت، کە پاشان چۆن لە ماوەیەکی کورتدا دەڕوخێنرێت و سەرۆکەکەی لە نێوجەرگەی پایتەختەکەیدا لەداردەدرێت، لێ ئەمە بۆ هونەری هۆنینەوە سادەیە. هۆنەر بۆ نموونە لەم ڕەوشەدا دەتوانێت بەسەر ڕیالێتیدا سەربکەوێت، دەوڵەتە دامەزراوەکە لە ژیاندا بهێڵێتەوە، بەڵێ زاڵی بکات بەسەر دەوڵەتانی دیکەدا، لێ هاوکات پێشانی بدات کە چۆن لەتەک ئەو دەوڵەتەدا شێخ و خان و میرزا و دەرەبەگ دەکەونە ڕووتاندنەوەی وڵات و چەوساندنەوەی هاوڵاتیان. ئەمەیە کە دەترسێنێت و ڕادەچڵەکێنێت. لەبەر ئەم هۆیە ئەڕیستۆتێلیس هۆنینەوە بە فەلسەفییتر و جددیتر لە مێژوونووسین دادەنێت(32). ئاخر هۆنینەوە هاوشێوەی فەلسەفە “گشتێتى” (تێگە) ڕادەگەیەنێت، لێ ئەرکی مێژوونووسین بە پێچەوانەوە ڕاگەیاندنی تایبەتێتییە. “گشتێتى لەوەدایە، کە مرۆڤێکى خاوەن ئەدگارێکى تایبەتى بەگوێرەی ڕەنگەیەتى و زەروورە شتى تایبەتى دەبێژێت یان دەکات – هەر ئەمەیشە ئامانجى هۆنینەوە (…). لێ تایبەتێتى لە پرسیارى وەک ئەمە پێکدێت: ئایا ئەلکیبیادێس چیى کرد یان چیى بەسەردا هات” (33). کەواتە پرسیارەکە ئەوە نییە کە داخۆ ئەلکیبیادێسی ژەنەرال دەشێت چیی لە ناکۆکییە جەنگییەکاندا بکردایە، بەڵکو پەیوەند بە مێژوونووسینەوە ئەوەیە کە ئەو لەو ناکۆکییەدا بەڕاستی چیی کرد و چیی بەسەردا هات. بە هەر حاڵ، هونەر لە داڕشتنی “شیاوێک”دا هیچ پەیوەندییەکی بە پەرچاندنى ڕیالێتییەوە (انعکاس الواقع) نییە، چونکە هونەر لێرەدا ڕووداوە ڕاستەقینەکان ناپەرچێنێت، بەڵکو بەگوێرەی ڕەنگەیەتى و زەروورە زنجیرە ڕووداوى شیمانەیى ،،دەهێنێتە گۆڕێ،،.

بەراوردێکى دیکەی نێوان هونەرەکانى هۆنینەوە و وێنەسازی لە “پۆئێتیک”دا بەڕوونی پێشانی دەدات کە ئێمە ناتوانین لاى ئەڕیستۆتێلیس یەک جۆر میمێزیس، بۆ نموونە ڕیالیزم، دیارى بکەین و بەمەش بگەین بە وەڵامێکى دوایەمین لەسەر تێگەی میمێزیس. ئەو لەو جێیەی “پۆئێتیک”دا دەبێژێت: لەبەر ئەوەى هۆنەر هاوشێوەى وێنەساز خەریکى داڕشتنە، ئەوا دەبێت لە سێ شێوە تایبەتییەکەى میمێزیس هەمیشە ڕێگەى یەکێکیان بگرێتە بەر: هۆنەر شتەکان ئەوها دادەڕێژێت، وەک شتەکان خۆیان چۆنن یان چۆن بوون، یان ئەوها، هەروەک چۆن ئەو شتانە دیاردەدەن، یان ئەوها، هەر وەک چۆن گەرەکە ئەوان دیاربدەن (34).  کەواتە ئەڕیستۆتێلیس بڕیارەکە بۆ هونەرمەند خۆى جێدەهێڵێت: ئەوە کێشەى هونەرمەند خۆیەتى، کە بەگوێرەی مەبەست و ئاڕاستەکەى، بەگوێرەی ئۆبژێکتى هونەرەکەى، پەیوەندیى نێوان خۆی و هونەرەکەى دیارى بکات. سەرەڕای ئەوە دەتوانین گریمانە بکەین کە ئەڕیستۆتێلیس پتر پێشتری بە داڕشتنی شیمانەیی دەدات، ئەوەش بە تایبەتی پەیوەند بە تراژیدیاوە ڕووندەبێتەوە.

سێیەم: هونەرەکانى هۆنینەوە لە شێوازى میمێزیسدا جیاوازن لە یەکدی. هۆنەر دەتوانێت بە یاریدەى هەمان دەستوێژ هەمان ئۆبژێکت یان ئۆبژێکتێکی شیمانەیی دابڕێژێت، ئەمەش بە شێوازى جیا: ئەو دەتوانێت خەریکی گێڕانەوە بێت، لێرەشدا دەتوانێت رۆڵى کەسێکى دیکە وەربگرێت یان ڕاستەوخۆ وەک هەمان کەس چیرۆکەکە بگێڕێتەوە، واتا “من” وەک داڕێژەر هەڵببژێرێت. لێ هۆنەر هاوکات دەتوانێت فیگورەکانى وەک کردارنوێن بخاتە چالاکییەوە. سۆفۆکلێس لە ڕوویەکەوە وەک هۆمێر خەریکی داڕشتنە، واتا هەردووکیان مرۆڤى چاک دادەڕێژن، لێ لە ڕوویەکى دیکەوە وەک ئەڕیستۆفانێس، چونکە هەردووکیان مرۆڤى کردارنوێن لە چالاکیدا دادەڕێژن.

 

٥- تراژیدیا وەک داڕشتنى کامیلى هونەرى هۆنینەوە

بۆ ئەوەى پتر لە کێشەى میمێزیس لاى ئەڕیستۆتێلیس نزیک بکەوینەوە، ڕوو دەکەینە داڕشتنى میمێزیانەى تراژیدیا، چونکە تراژیدیا بۆ ئەو تاکە فۆرمێکى هونەرییە کە تێیدا سەرجەم کایەکانى یان دەستکەوتەکانى هونەرەکانى هۆنینەوە یەکدەخرێن.

تراژیدیا لاى ئەڕیستۆتێلیس بریتییە لە داڕشتنى میمێزیانەى “کردار” نەک “مرۆڤ”. داڕشتنى کردار فۆرمدانە بە ڕووداوەکان بۆ سەرجەمێکى هونەرى کە “سەرەتا و نێوەند و کۆتایى” هەیە و بە “زمانێکى جوان” داڕێژراوە. لێ نووسەر بەم سازاندنەی کەرەسە هێشتا هەر تراژیدیایەکى مەزنى نەنووسیوە. تراژیدیا دەبێت سەرەنجام بخاتەوە، واتا دەبێت لاى لێڕوانەران “ترسان و ڕاچڵەکین” بخاتەوە و لە بەدحاڵەتە ناخەکییەکانیان “پاکیان بکاتەوە” (35). گەر نووسەرى تراژیدیا ئەم مەرجانەى بەدیهێنا، ئەوسا دراماى مەزنى نووسیوە.

داڕشتنى کردار فۆرمدانە بە “کەرەسە”ى سەرچاوەیى، بە واتایەکى دى فۆرمدانە بە ڕووداوەکان. کەواتە میمێزیس لای ئەڕیستۆتێلیس بە دەستوێژى “میموس بەدیناهێنرێت، بەڵکو بە دەستوێژى درامى. ،،میموس،، توخمى ئافرێنەرانەی درامایى لە خۆ ناگرێت. ئەدگارە دابڕاو و دیارەکەى میموس وای لێدەکات کە تەنیا دەرەقەتى ڕووداوەکانى ژیانى ڕۆژانە یان دەرەقەتی ئەزموونى مرۆڤى مامناوەندى بێت (…). چێوەى داڕشتنى میموس بریتییە لە سیێنى تاک تاک، شێوازى داڕشتنەکەی بریتییە لە ڕیزکردنى ئاسایى سیێنەکان” (36). لەم ڕوانگەیەوە تراژیدیا لاى ئەڕیستۆتێلیس بە نواندنی لەسەر شانۆ نابێت بە میمێزیس. هۆنەرى تراژیدیا لەنێو پرۆسەی نووسینەکەیەوە، واتا هۆنینەوەى تراژیدیایەکەیەوە، میمێزیسی ئەنجام داوە.

ئەوە پەیوەندییەکى بەتایبەتى ڕێکخراى کردەکێتییە کە دەبێت بە بابەتى داڕشتنى میمێزیانەى تراژیدیا (7). کارەکتەر بابەتى تراژیدیا نیە، بەڵکو کردار. لێ کردار دەبێت سەرجەمى بێت، واتا سەرەتا و نێوەند و کۆتایى هەبێت کە لەسەر ڕێسای ‘‘ڕەنگەیەتى و زەروورە‘‘زنجیرەئاسا لە یەکدییەوە چێدەبن. لەم ڕوانگەیەوە هۆنەرى تراژیدیا کەرەسەکەى سەرجەمییانە دادەڕێژێت و لە ‘‘کاتێکى داخراو‘‘دا دەیسازێنێت، یان فۆرمی پێدەدات. لێ گەر کاتى تراژیدیا داخراو بێت، ئەوا تراژیدیا خۆیشى فۆرمێکى داخراوى هەیە. هەروەها گەر تراژیدیا داڕشتنى کردار بێت و سیێنەکان لەسەر ڕێساى ڕەنگەیەتى و زەروورە یەکدی بشێنن، ئەوا دەبێت ئەو پەیوەندییە تایبەتییە کە تراژیدیا دایدەڕێژێت، هاوکات پەیوەندییەکى تایبەتیى هونەرى بێت و هونەرمەند بە شێوەیەکى هونەری ‘‘بیبینێت‘‘ (38). ئاخر لە پرسى میموسدا بینیمان، کە ڕووداوە ئاساییەکانى ژیانى ڕۆژانە دەکرێن بە بابەتى نواندن. لێ ڕووداوى تراژیدیا ڕۆژانەیی نییە، بەڵکو “پاشینەیی”ـە و لەبەر ئەم هۆیە نەشیاوە “ڕاستەوخۆ ڕابگەیەنەرێت”، بەڵکو تەنیا “بەڕێى ئەکتێکى ئافرێنەرانەی دراماتیکەکەیەوە و بەگوێرەی یاسامەندییەکانى خۆى ڕادەگەیەنرێت” (39). لێرەوە دەتوانین ببێژین، کە ئەڕیستۆتێلیس لە داڕشتنى تراژیدیادا پتر پێشتری بە میمێزیسى ئیدیالیزەکەر دەدات. ئێمە هەوڵ دەدەین بە یاریدەی رۆڵى ‘‘کەرەسە‘‘ لەم پرسیارە نزیک بکەوینەوە.

کەرەسە دەشێت لە لایەن هۆنەر ‘‘ببینرێتەوە‘‘ یان ئەو خۆى ‘‘بیدۆزێتەوە‘‘. بینینەوەی کەرەسەیەک بۆ نموونە داستانێکی یان ئەفسانەیەکی میللییە. بە پێچەوانەوە دۆزینەوە ئەو واتایە دەگەیەنێت کە هۆنەر خۆی گۆڕان بە کەرەسەیەک دەدات و دەیکات بە بابەتی فۆرمپێدانی هونەری. لێ ئایا کەرەسە ڕاستەوخۆ دەبێت بە بابەتى داڕشتن؟ واتا لەو شێوەیەدا کە هۆنەر زیرەکانە تەکنیکەکانى دراما بخاتە گەڕ و  بەسەر کەرەسەکەیدا بەکاریان بهێنێت؟ سەرەتا گەرەکە پەیوەند بەم پرسیارەوە ببێژین کە گومانی تێدا نییە هۆنەر مەئریفەی پۆئێتۆلۆژیى پێویستە و هەروەها دەتوانێت تەکنیکییانە کار لە ئۆبژێکتەکەیدا بکات. سەرەڕای ئەوە نەشیاوە تراژیدیا بەو جۆرە بنووسرێت. ئێمە دەتوانین بە یاریدەى تێگەیشتنی ئەڕیستۆتێلیس بۆ دەرککردن لەم کێشەیە نزیک بکەوینەوە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ دا، ڕووداوى تراژیدیا پاشینەییە و هۆنەر دەبێت دەرکى بکات، لێرەشدا ئەو لە خۆیەوە ناکەوێتە گەڕان بەدووى کەرەسەیەکدا و ئەوجا لەسەر ڕێسای درامایى بیکات بە تراژیدیا. نەخێر. سەرەتا دەبێت کەرەسە(یەک) هۆنەر بهەنگێوێت، کەواتە دەبێت دەرکی بکات، دەرککردنیش تەنیا وەرگرتنی دیاردەی ڕووداوێک نییە، بەڵکو لە هەر پاژێکی ڕووداوەکەدا کەرەسەیەک و فۆرمێک پێکەوەن (ژنێک ڕەدووی خۆشەویستەکەی دەکەوێت و بەرە بەیان بە نهێنی گوندەکەیان جێدەهێڵن)، بێگومان هێندە نەبێت کە جارێ ڕووداوەکە وەک سەرجەم فۆرمی ترژیدیای پێنەدراوە، واتا جارێ ڕووداوەکە هەقیقەتی نییە. گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە کەرەسە وەک شتێکى دەرککراو لەنێو هۆشی هۆنەردا ‘‘شتێک‘‘ پێکدەهێنێت و ئەم شتە موڵکى ئەو خۆیەتى. ئێستا ئەم شتە دەبێت بە بزوێنەرى ئەندێشە، واتا هۆنەر ئازادانە ‘‘وێنا‘‘ى ئەو شتە دەکات کە لەنێو هۆشی خۆیدا گەڵاڵەبووە. بێگومان ئێستا هۆنەر لە کارەکتەرە چالاکەکانى نێو کەرەسەکەی ناڕوانێت، بەڵکو لە ڕووداوێک دەڕوانێت لە شێوەى ‘‘کارەسات‘‘دا کە بەسەر کردارنوێنێکدا دێت، لێ ئەمیش – بەگوێرەی کرۆکی تراژیدیا – لەژێر ‘‘زەبر‘‘ى بەخت و بەدبەختیدا. کەواتە ناوەرۆکى تراژیدیا بریتى نییە لە داڕشتنى “کردار، بەڵکو بریتییە لە داڕشتنى کردارنوێنى، لێ کردارنوێنى بریتى نییە لە داڕشتنى کردارى مرۆڤ، بەڵکو بریتییە لە داڕشتنى کردارى مرۆڤ پەیوەست بە بەخت و بەدبەختییەوە. کردارنوێنى داڕشتنى پەیوەندیى کارەساتە بەڕێى پێکەوەبوونى مرۆڤ و بەخت و بەدبەختییەوە” (40).

گومانى تێدا نیە، ئەو کارەساتە کە بەسەر مرۆڤێکدا دێت، شتێکە کە لە دەسەڵاتى ئەودا نییە. ئاخر کارەساتەکە تووشى ئەو دەبێت، یان بەسەریدا دێت. ئەم “شتە”یە کە لێڕوانەر دەترسێنێت و ڕادەچڵەکێنێت. ئەڕیستۆتێلیس ئەو ‘‘زەبر‘‘ـە، کە تووشى مرۆڤ دەبێت و تەنیا بەڕێى کردارەکەى خۆیەوە دیاردەدات، ناودەنێت “تیشێ”. ئەوە کە تیشێ بەسەر مرۆڤیدا بهێنێت، ڕوودەدات. هۆنەر گەرەکە داڕشتنەکەی بە چەشنێک ئەنجام بدات کە ئیدی لێڕوانەران بە چاکی دەرکی ئەم زەبرەى تیشێ بکەن. هۆنەر دەبێت “سامناکى” دابڕێژێت. لێ ئەمە هێشتا هەر نابێت بە کەرەسەى هۆنەر. ئەڕیستۆتێلیس سنوورى ئەم داڕشتنە بەڕوونی دیارى دەکات: ئەرکى هۆنەر بریتییە لە داڕشتنى “ئەوپەڕى سامناکى” (41).

سیمایەکى کرۆکیی تراژیدیا لاى ئەریستۆتێلیس ئەوەیە کە وەرچەرخانێک لە بەختەوە بۆ بەدبەختى یان بە پێچەوانەوە ڕوودەدات. لێ لە تراژیدیادا زەبرى بەدبەختى سەروەرترە. ئەڕیستۆتێلیس هۆى ئەم وەرچەرخانە بۆ ‘‘هەڵە‘‘یەک دەگەڕێنێتەوە کە مرۆڤێک بەبێ شیمانەى قوتاربوون لێى دەیکات. هۆى تەنینەوەى بۆگەناو و چێبوونى ژان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هەڵەیە. بۆ نموونە ئۆدیپى پاشا لاى سۆفۆکلێس دەکەوێتە هەڵەیەکى بەم چەشنەوە. زەبرى تیشێ لاى ئۆدیپ شێوەى ئەوپەڕى سامناکیى وەرگرتووە: ئۆدیپ لە چارەى نووسراوە، کە باوکى خۆى بکوژێت و دایکى خۆى مارە بکاتەوە، ئۆدیپیش ئەمانە بە کردار دەنوێنێت: باوکى خۆى دەکوژێت و دایکى خۆى مارە دەکاتەوە. ئەم هەڵەیەى ئۆدیپ لە ڕادەیەکی ئەوتۆدایە، کە ئیدی “ناخاوێنییە بێگوناهەکەى وا دەکات کە چە مرۆڤ و چە خودا و خوداوەندى” بکەونە مەترسییەکى هەرگیز نەبینراوەوە، واتا “مەترسى”ى “نەمانى پیرۆزى و پاکبوونەوەى جیهان لە خودایەتى” هەڕەشەی داڕزان لە جیهان دەکات (42). لێرەوە ڕوون دەبێتەوە، ئەوە بە ڕێکەوت نیە، کە ئەڕیستۆتێلیس لە “پۆئێتیک”دا داواى داڕشتنى ئەو ڕووداوانە دەکات کە بە چڕى لە نێوان کەسانى زۆر نزیکدا ڕوودەدەن، بۆ نموونە دایک و باوک و منداڵ.

کەواتە پەیوەندیى نێوان هۆنەر و کەرەسە بە چەشنێکە، کە ئەو دەبێت تێیدا بژى. گەر هۆنەر خۆى بۆ ڕوودانە پاشینەیى و ئەوپەڕى سامناکەکان تەرخان بکات، ئەوا دەبێت سەرەتا ئەو ڕووداوانە وەک بابەتێکى تراژیدیایى لەنێو هۆشى خۆیدا بسازێنێت، یان فۆرمیان پێبدات. بەڵێ زۆرتر لەمەیش: کەرەسە فۆرمپێدراوەکە لەنێو خۆى هۆنەردا دەچێتە فۆرمى قەوارەیەکى زمانییەوە و هۆنەریش بە نووسینەوەى تەنیا لەنێو هۆشى خۆیەوە دەرى دەدات.

ته‌واو

 

 

پەراوێزەکان

  1) پلاتۆن (بە ئەرەبى ئەفلاتون) ساڵى 427 پ.ز. لە ئەسینا هاتۆتە جیهانەوە و ساڵى 327 پ.ز. جێى هێشتووە.

  2) ئەڕیستۆتێلیس ساڵى 384 پ.ز. لە ستاگیرا هاتۆتە جیهانەوە و ساڵى 322 پ.ز. مردووە.

 

3) Lehmann، Hans-Thies: Theater und Mythos. S. 150.

4) Kohl، Stephan: Realismus. Theorie und Geschichte. S. 26.

5)  Platon: Der Staat. 386c. In: Lehmann، Hans-thies، a.a.O.، S. 149f.

6) Platon: Der Staat. 392c-296a. In: Lehmann، Hans-Thies، a.a.O.، S. 149f.

 

7) لە بنەڕەتدا ئەم هەڵوێستەى پلاتۆن لەبارەی هونەر هەتا ئەمڕۆ هەڵوێستى هەندێک ئایینى ئاسمانى و “رژێمى دیکتاتۆرى”یە. بێگومان ئەمە ئەو واتایە ناگەیەنێت، کە ئێمە پلاتۆن بۆ ئەم جۆرە هەڵوێستانە بەرپرسیار بکەین. ئاخر کێشەکە لێرەدا پتر بەندە بە هونەرەوە وەک دەربڕێکى هەقیقەت، هەر ئەمەیشە کە زۆر ڕژێم و ئاینی ئاسمانی دەسڵەمێنێتەوە. لێ دەبێت پەیوەند بە پلاتۆنەوە لە لایەک ببێژین، کە ئەو تا ڕادەیەک بەهۆی کارەساتە سامناکەکانى خودی جیهانى مێژووییەوە هۆشى خۆى لەو جیهانەوە ڕوووەو جیهانى ئارامیى ئیدێکان وەرچەرخاند، واتا: ڕووخانى دێمۆکراسى لە ئەسینا، خۆکوشتنى سۆکراتێس، کە دەبێت بە یەکێک لە گرنگترین پاڵهێزەکانى شەڕى هزرمەندانەی نەبڕاوەى پلاتۆن لەدژی جیهان، پاشان گیرانى پلاتۆن خۆى بە کۆیلە لە سیراکۆس. سەرەڕای ئەوە دەبێت لە لایەکی دی جەخت لەو هەقیقەتە بکەین، کە پلاتۆن هەر لە منداڵیەوە کوڕێکى ئیماندار بوو و درەنگتریش وەک فەیلەسوفی کامڵ جیهانى ئارامیى ئیدێکانی بە جیهانى هیوا دادەنا، ئەوەش تەنیا بۆ خاترى دەروونپاکى و چاکبوونى مرۆڤ.

هەروەها بڕوانە:

 

Hoffman, Ernst،  Platon، S. 18.

8) Aristoteles. Metaphysik, A1، 980 (a21) – 981 (a12).

9) Ebenda, A1 981 (a 13-30).

10) Aristoteles. Metaphysik 1025 b 18 ff. Gen. Anim. 740 b 28. In: Neschke, Ada B.: Die Poetik des Aristoteles, S. 82.

11) Neschke، Ada B., a.a.O.، S. 82.

12) Ebenda, S. S. 82f.

13) Ebenda, S. 84.

14) Neschke, Ada B، a.a.O., S. 85.

15) Kohl, Stephan, a.a.O., S. 30.

16) Aristoteles: Poetik. Übersetzt von Manfred Fuhrmann. K.4, S. 11.

17) Ebenda, K. 4, S. 11f.

18) Vahlen, Johannes: Beiträge zu Arisroteles Poetik. S. 10.

19) Fuhrmann, Mannfred: Einführung in die antike Dichtungstheorie. S. 10.

20) Aristoteles: Poetik. K.4, S. 13.

21) Ebenda, K.4, S. 13.

22) Ebenda, K4, S. 13.

23) Ebenda, K 17, S. 55.

24) Ebenda, K 4, S. 13.

25) Fuhrmann, Mannfred, a.a.O., S. 13.

26) Aristoteles: Poetik, K 1, S. 5.

27) Ebenda, K. 1, S. 5.

28) Fuhrmann, Mannfred, a.a.O.، S. 7.

29) Aristoteles: Poetik, K. 2, S. 7.

30) Fuhrmann, Mannfred, a.a.O., S. 7.

 

 

هەروەها بڕوانە

 

 

Söffing, Werner: Deskriptive und normative Bestimmungen in der Poetik des Aristoteles, S. 42.

31) Aristoteles: Poetik, K. 15, S. 49.

32) Ebenda, K. 9, S. 29.

33) Ebenda, K. 9, S. 29f.

34) Ebenda, K. 25, S. 85.

35) Ebenda, K. 6, S. 19.

36) Boschor, Ernst: Über das griechische Drama, S. 25.

37) Mann, Otto: Poetik der Tragödie, S. 14.

38) Ebenda, S. 14.

39) Buschor, Ernst, a.a.O., S. 23.

40) Mann, Otto, a.a.O., S. 13.

41) Siehe Neschke, Ada B., a.a.O., S. 134.

42) Schadewald, Wolfgang: Der Gott von Delphi und die Humanitätsidee, S. 121.

سەرچاوەکان

1) Aristoteles:

 – Poetik. 1- Reclamausgabe griechisch-deutsch, Stuttgart 1991. 2- In: Hauptwerke, Ausgewählt und übersetzt von Wilhelm Nestle, Stuttgart 1968.

 – Metaphysik. Übersetzt von Friedrich Bessenge, Berlin 1990.

2) Bröcker, Walter: Aristoteles, Frankfurt a.M. 1964.

3) Buschor, Ernst: Über das griechische Drama, München 1979.

4) Fuhrmann, Manfred: Einführung in die antike Dichtungstheorie, Darmstadt 1979.

5) Gadamer, Hans-Georg: Idee und Wirklichkeit in Platos Timaios, Heidelberg 1974.

6) Gessi, Viviana: Erkennen und Handeln in der Theorie des Tragischen bei Aristoteles Frankfurt a.M., 1987.

7) Hoffmann, Ernst: Platon, Zürich 1959.

8) Kohl, Stephan: Realismus. Theorie und Geschichte. München 1977.

9) Lehmann, Hans-Thies: Theater und Mythos. Die Konstitution des Subjekts im Diskurs der antiken Tragödie. Stuttgart 1991.

10) Lesky, Albin: Die griechische Tragödie, Stuttgart 1968.

11) Mann, Otto: Poetik der Tragödie, Bern 1958.

12) Natrop, Paul: Platos Ideenlehre. Eine Einführung in den Idealismus. Leipzig 1920.

13) Nebel, Gerhard: Sophokles‘ König Ödipus. Dichtung und Wirklichkeit. Frankfurt a.M. 1964.

14) Neschke, Ada B.: Die Poetik des Aristoteles I. Interpretation. Frankfurt a.M. 1980.

15) Platon: Der Staat. Magnus.

16) Schadewaldt, Wolfgang: Der Gott von Delphi und die Humanitätsidee, Frankfurt a.M. 1975.

17) Söffing, Werner: Deskriptive und normative Bestimmungen in der Poetik des Aristoteles, Amsterdam 1981.

18) Vahlen, Johannes: Beiträge zu Aristoteles Poetik, Berlin 1914.

فەرهەنگۆک

 

دراما: کردار، شانۆنامە

دراماتیک: (گ/لا) هونەرى هۆنینەوەى درامایى؛ تەوژمى ناخەکى کە وەک بزووتن لەنێو درامادا سەروەرە.

ئێپیک: (گریکی، ئیدی لە خوارەوە: گ) هونەری چیرۆک.

ئێنتەلەشى: (گ) لەنێو ئەم واژەیەدا وشەى تێلۆس هەیە، واتا: هۆئەنجام. فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس ئێنتەلەشییانەیە، واتا هۆئەنجامییە.

ئێتیک: كردارناسی، ڕەفتارناسی، ئەخلاقناسی. بە ئارەبی “علم الاخلاق”.

فاکت: (لا) دراوى هەقیقى، بۆ نموونە هینى رووداوێک، ڕەوشێک.

فیکسیۆن: (لا) دۆزینەوە یان هەڵهێنجانى شت و ڕووداوى نەبوو بەڕێى هۆشەوە، بۆ نموونە دۆزینەوەى ڕووداوێک لە لایەن نووسەرێکەوە، کە پاشان بۆ چیرۆکێکى هونەرى فۆرمی پێدەدات.

ئیدێ: (گ) وێنە، کە تەنیا بە چاوی هۆش نەک جەستەیی لێیدەڕوانرێت؛ سەروێنە.

ئیدێنتیتێ: (لاتینى، لە خوارەوە: لا) یەکانگیرییەکى یان هاوشێوەییەکى ڕەها، شوناس.

ئیدیالیزەکردن: هەڵزناندن لە ئاستی ئەمپیرییەوە یان دەرککردنەوە بۆ ئاستی هۆشەکی یان ئیدیال.

کردەکێتی: (Wirklichkeit) یان ڕیالێتی، واتا سەرجەمی پەیوەندی و ڕەوشەکانی نێو ژینجیهان، کە بەسانایی لەگۆڕێن. پێچەوانەکەی بریتییە لە “شیمانەیی”.

لێڕوانەر: بە کوردى “بینەر” بەکاردەهێنرێت، کە ڕاست نییە، چونکە بینین پاسیڤە، لێ لێڕوانەرى تابلۆیەک یان شانۆگەرییەک هەڵوێستێکى چالاکى هەیە و ڕوانینى خۆى “لە” بابەتەکە خستۆتە “گەڕ”.

میموس:(گ/لا) میم واتاى نواندن دەگەیەنێت. میموس لە ئەنتیکەدا بریتى بوو لە نواندنى ژیانى رۆژانە لەسەر شانۆ.

ماتەری: (لا) مادە، کەرەسە.

ئۆبژێکت: دانراو، بابەتی تەرخانکراو بۆ کارتێداکردن.

پۆئێزیس:(گ) دەبێت بە واتاى وشە وەک “هۆنراوە” یان “هەڵبەست” لێى تێبگەین. هۆشى هونەرمەندانە توخمی وێنەیی بۆ سەرجەمێکى هونەرى دەهۆنێتەوە، چڕدەکاتەوە، کە پاشان ناو دەنرێت هۆنراوە و دەشێت هۆزان (شیعر) یان چیرۆک، سەما یان موزیک بێت.

پۆئێتۆلۆژى:(گ) زانستی هونەرەکانى هۆنینەوە.

سیێن: (گ/لا) وشەکە واتاى خەڵوەت یان چادر دەگەیەنێت. سیێن وەک تێگە شوێنى نواندنى شانۆگەرییە، کەواتە شانۆ. لەم پەیوەندییەى ئێرەدا واتاى “یەکە”ى دراما دەگەیەنێت، بە ئارەبى “مشهد”.

سەرمەدی: (فارسی) سەرکاتی، سەرسروشتی.

سێنس: (لا) بریتییە لە ئۆرگانی دەرککردن لەنێو مرۆڤ و ئاژەڵە پێشکەوتووەکاندا. لە کوردیدا “هەست”ى بۆ

بەکاردەهێنرێت ( پێنج هەستەکە) کە هەڵەیە.

تێشنێ:(گ) وەک لە نووسینەکەدا ڕوونکراوەتەوە، واتاى دروستکردنى هونەرى یان خودى هونەر دەگەیەنێت. بە زمانى مۆدێرن دەکرێت بە تەکنیک.

ئەکت: (لا) ڕەوت، کردار، چالاکى؛ بۆ نموونە ئەکتێکى نواندن لەسەر شانۆ، ئەکتێکى جەماوەرى.

ئەنتیکە: کۆن، کۆنباو. لێرە مەبەست لە قۆناغێکی مێژوویە لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاستدا کە لە 800 پێش زایین تا 600 پاش زایین دەخایەنێت.

ئەزموون: بە ئارەبى “تەجروبە”.

ئەم توێژینەوەیە سەرەتا لە گۆڤاری زانکۆی کۆیە، ژمارە 5، ساڵی 2006 بڵاوکراوەتەوە.

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین