سلاڤۆى ژیژك له كتێبى< توندوتیژى> دا سه‌رنج ڕاده‌كێشێت بۆ سێ جۆرى سه‌ره‌كى له توندوتێژى، كه ئه‌وانیش: توندوتیژى ڕه‌مزى (سیمبۆلى) – توندوتیژى ڕێكخراو (سیسته‌مى) – توندوتیژى خودى (كه‌سى).
(ژیژك) به‌م پۆلێنكارییه‌ى ده‌یه‌وێت فێڵى سیسته‌مه‌كان و دۆخه كۆمه‌ڵایه‌تییه زاڵه‌كانمان بۆ ده‌ربخات به‌وه‌ى زیاتر ئیش له‌سه‌ر یه‌ك جۆریان ده‌كه‌ن، كه ئه‌ویش (توندوتیژى خودییه) كه بكه‌رێكى دیارى هه‌یه و، جۆره‌كانى ترمان لێده‌شارنه‌وه. كه به ده‌زگاییكراون و بكه‌ره‌كانیان نادیارن.
له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێت له‌به‌ر ڕۆشناى ئه‌و پۆلێنكارییه‌ى سه‌ره‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كى كورت بكه‌م بۆ ئه‌و حاڵه‌ته توندوتیژى و تاوانكارییانه‌ى كه له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ى ڕابردوودا * له به‌رامبه‌ر ژنان ئه‌نجامدران ، بکەم. ده‌مه‌وێت سه‌رنجتان ڕابكێشم بۆ شێوازه‌كانى تر‌ى توندوتیژى كه ڕۆژانه مرۆی ئێمه به‌گشتى و ژنان و كچان به تایبه‌ت ڕووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه:
1. توندوتیژى ڕه‌مزى (سیمبولى):
پێكدێت له هه‌موو ئه‌و مانا سه‌پێنراوانه‌ى نێو زمان كه ئێمه ڕۆژانه به‌كاریانده‌هێنین، كه تێیدا نادادپه‌روه‌رییه‌كى گه‌وره‌یان تێئاخێنراوه به‌رامبه‌ر به مێینه و مێینه‌یی. به‌شێوه‌یه‌ك كه ته‌واوى جه‌سته و بوونى ژن ده‌كرێت به شه‌رم و هه‌ر له ڕێى زمانیشه‌وه وێنه و ماناگه‌لێكى بێشومارى ناڕه‌وا به‌سه‌ر بیركرنه‌وه و گفتوگۆى خودى ژنانیش زاڵده‌كرێت، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ى كه وا له ژنان ده‌كات شه‌رم له بوون و جه‌سته و سێكسواڵى خۆى بكەن.
ژنان له هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا له ڕێگه‌ى زمان و ماناوه ڕامده‌كرێن و داگیرده‌كرێن و، پاشان قۆناغه‌كانى تر‌ى تێكشكاندنیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێت. سه‌ربارى ئه‌وه‌ش، توندوتیژى ڕه‌مزى له هه‌موو كۆده ڕه‌فتاریی و جێنده‌ریی و مۆڕاڵییه‌كانمان ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه، كه ئێمه ڕۆژانه په‌یڕه‌وییان لێده‌كه‌ین، نمونه‌یه‌كى ساده: ئه‌و هه‌موو ئیمتیازاتانه‌ن كه كوڕان، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى نێرن، پێیانده‌به‌خشرێت. له‌وانه كوڕان بۆیان هه‌یه ڕۆژانه پیاسه‌ى ناوشار بكه‌ن و تا دره‌نگانێكى شه‌و له كافێ و چایخانه‌كاندا له‌گه‌ڵ هاوڕیكانیان بن، به‌ڵام كچان بۆیان نییه. كوڕان بۆیان هه‌یه سه‌فه‌ربكه‌ن، به ته‌نها، كچان بۆیان نییه.
كۆڕان ده‌رفه‌تى كارى جۆراوجۆریان هه‌یه له ناو بازاڕ، كچان نه‌خێر. بۆ كوڕان ده‌شێت تاڕاده‌یه‌ك به‌ئاشكرا باس له‌ئاره‌زوو و خه‌ونه‌كانیان بكه‌ن، له به‌رامبه‌ردا كچان ڕێگه‌پێنه‌دراون، هتد. له هه‌مووشى كاره‌ساتبارتر ئه‌وه‌یه، سیسته‌مى سزاى كۆمه‌ڵایه‌تیمان زۆر دڵڕه‌قتر و نالێبورده به‌رامبه‌ر ژنان به‌راورد به پیاوان. ئه‌م جۆره له توندوتییژى بكه‌رێكى دیاریكراوى نییه به‌ڵكو هه‌موومان تیایدا هاوبه‌شین و هه‌مووشمان تاوانبار.
2. توندوتیژى ڕێكخراو (سیسته‌مى):
ئه‌مه‌ش پێكدێت له هه‌موو توندوتیژییه‌ى كه هه‌ر سیسته‌مێكى كۆمه‌ڵایه‌تى، سیاسى یاخود ئابورى هتد.. به‌كاریده‌هێنێت بۆ پارێزگاریكردن له خۆیی و هێشتنه‌وه‌ى دۆخى زاڵ و به‌رپێگرتنى هه‌رجۆره گۆڕانكارییه‌ك.
ئه‌م جۆره توندوتیژییه، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك بكه‌ریكى دیار و خاوه‌ن ده‌موچاوى نییه. به واتایه‌كى تر، توندوتیژییه‌كى مونه‌زم تر و ده‌زگایی تره، به‌و ڕاده‌یه‌ى كه زۆرینه‌ى خه‌ڵك هه‌ست به بوون و كاریگه‌رییه‌كانى ناكه‌ن. له نمونه‌ى ئه‌و ده‌زگایانه‌ش كه توندوتیژى ڕێكخراو موماره‌سه ده‌كه‌ن: دادگا، پۆلیس، یاسا، كۆمپانیا، خێزان، خێڵ و، مزگه‌وت…هتد. هه‌ریه‌كه‌یان له‌لاى خۆیه‌وه جۆرێك له بیركردنه‌وه و نه‌ریتیگه‌ڵێكى دیاریكراو به‌زه‌برى ئه‌و توندوتیژییه نه‌رم و له‌سه‌رخۆیه ده‌سه‌پێنێنێت و كار له‌سه‌ر ئاسایكردنه‌وه و نۆرمه‌ڵایزه‌كردنیشیان ده‌كات. ئه‌م شێوازه توندوتیژییانه، شاراوه‌یه و كه‌متر ده‌بینرێن، به‌ڵام به‌رده‌وام هاوه‌ڵمانن و هه‌رگیز به جێمانناهێڵن. ئه‌م هێزانه تێكڕا به‌شێكى گرنگى ده‌سه‌ڵاتى “ئه‌ویدى گه‌وره‌ى” لاكانین به‌سه‌ر ژیانمانه‌وه. نمونه‌یه‌ك: ڕۆڵ و زه‌برى به‌شێك له‌و ده‌زگایانه له هێشتنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى پیاوسالارى و به‌ژێرده‌سته‌هێشتنه‌وه‌ى ژنان تائێستا.
3. توندوتیژى خودى:
ئه‌م جۆره‌شیان بریتییه له چه‌شنه فیزیكییه‌ى توندوتیژى كه به پێچه‌وانه‌ى توندوتیژى ڕه‌مزى و ڕێكخراو، بینراوه و بكه‌رێكى دیارى هه‌یه، واته كه‌سێك یاخود خودێك هه‌یه كه ئه‌نجامده‌رێتى.
ژیژیك پێیوایه؛ ئه‌م جۆره له توندوتیژى به‌زۆرى ده‌رئه‌نجام و كاردانه‌وه‌ى دوو جۆره‌كه‌ى سه‌ره‌وه‌یه. به‌ڵام سیسته‌م و فه‌زاى زاڵ نایانه‌وێت ئێمه ئه‌م هه‌قیقه‌ته ببینین، هه‌ربۆیه گه‌لێك جار هه‌وڵده‌ده‌ن هۆكارى حاڵه‌ته توندوتیژییه خودییه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه بۆ دۆخێكى ده‌روونى یاخود كۆمه‌ڵایه‌تى تایبه‌ت، نه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌رئه‌نجامێكى سروشتى نه‌زمه كۆمه‌ڵایه‌تیی وسیاسى و ئابورییه‌كه بێت.
سیسته‌م و ده‌زگا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نایه‌نه‌وێت حاڵه‌ته‌كه ببه‌سرێته‌وه به ڕۆڵ و كاریگه‌رییه توندوتییژییه‌كانى خودى ئه‌و ده‌زگایانه. هه‌ر بۆیه له ئێستادا ده‌بینین پاسه‌وانانى خێڵ و مزگه‌وت و نه‌ریت و پیاوسالارى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و توندوتیژییانه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوو ده‌كه‌ن و، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌نین ئه‌و حاڵه‌تانه وه‌ك ده‌رئه‌نجامێكى ئاسایی ئه‌و توندوتیژیانه قبوڵبكه‌ن كه ئه‌وان به‌هه‌ردوو شێوازى ڕه‌مزى و ڕێكخراو به‌رده‌وام موماره‌سه‌ى ده‌كه‌ن. ئه‌وان نایانه‌وێت ئێمه وێنه‌یه‌كى گه‌وره‌تر و ڕونتر ببینین. كه‌واته به هه‌ڵه‌دا ده‌چین ئه‌گه‌ر پیمان وابێت ئه‌و حاڵه‌تى توندوتیژیانه ڕێكه‌وت و پێشبینینه‌كراوبوون!
له كۆتایشدا ڕووى ده‌مم ده‌كه‌مه هه‌موو ئه‌وپیاوانه‌ى (به‌خۆیشمه‌وه) كه هاوسۆزبوون له‌گه‌ڵ قوربانییه‌كان و، ئه‌پرسم: ئایا ئێمه ڕۆژانه و به به‌رده‌وامى به‌شێك نین له‌و توندوتیژییه ڕه‌مزى و ڕێكخراوه‌ى كه به‌رامبه‌ر به ژنان ئه‌نجامده‌درێت؟ هه‌ر خودى ئه‌وه‌ش نییه كه سه‌رده‌كێشێت بۆ توندوتیژى خودى و كه‌سى و كه‌وتنه‌وه‌ى قوربانى له‌و شێوه‌یه؟ هه‌ر وه‌لائات و ملكه‌چى ئێمه نییه بۆ ئه‌و ده‌زگایانه‌ى سه‌ره‌وه، كه‌بۆته هۆكارى به‌رده‌وامبوونى توندوتیژى و سته‌مكارییه‌كانیان؟ بۆیه گه‌مژه‌ییه‌كى گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر پێمانوابێت ته‌نها بكه‌ره دیار و به‌رجه‌سته‌كه‌ى تاوانباره و ئێمه بێ تاوانین و به‌شێك نین له كرده‌كه. له ڕووداوه‌ى له‌م چه‌شنه‌دا بكه‌ره دیاره‌كانى توندوتیژى گرنگ نین، به‌ڵكو بكه‌ره نادیار و ڕێكخرا و به ده‌زگاییكراوه‌كان مه‌ترسى هه‌ره گه‌وره‌ن چونكه هةر ئه‌وانن بة ناديارى له‌پشت هه‌زاران بكه‌رى دیارى توندوتیژییه‌وه وه‌ستان!
سه‌رچاوه:
1. S. Zizek. (2008) Violence. P. 1-10.
- ڕووداوی سووتانی (ساوين نۆبتەدار) کەباوکی تۆمەتبەبارکرا بەسووتاندنی کچەکەی، تۆمەتەکە بەپێی لیژنەی مافی مرۆڤی پەڕلەمانی کوردستان ، لەبەرئەوە بووە دڵدارەکەی هاتۆتە خوازبينی و باوکی ڕازینەبووە و لە جڕکەساتيکی توڕەییەدا ماڵەکەی بەکچەکەی و کوڕەکەیەوە سووتاندووە! دیاره کوڕەکەی نامريت و بەسووکی دەسوتيت . (ساوێن) لەبەر ترسناکی سووتانەکەی لە خەستەخانە کۆچی دوایی دەکات. باوکی ساوين دوای ماوەیەک بيدەنگی شکاند و گووتی ؛ من کچی خۆم بەکريکاری بەخێو کردوە چۆن کاری وەهادەکەم . ئاوەها مەسەلەی سووتانی ساوين و مردنی بۆته مشتومرێك له‌نێوان په‌رده‌پۆشی و ڕاستی مه‌سه‌له‌كه‌دا ، مردنی ئه‌م خانمه گه‌نجه به‌ته‌مومژی ماوه‌ته‌وه!